ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی بارانبارین و ڕێگریكردن لە لافاو لە هەولێر چڕ دەکرێنەوە، بە دروستکردنی بەنداو، پۆند و ئاوەڕۆی نوێ توانای بەرگەگرتنی شاری هەولێر بۆ ڕێژەی بارانبارین بەرز کراوەتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ ئامادەکاری لە وەرزی نوێی بارانبارین و ڕێگری لە لافاو، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەتەوە و پێداچوونەوەیان بە پلانەکاندا کردووە، ساڵی ڕابردوو لە سەنتەری هەولێر 700 ملیمەتر باران باریوە، بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان ئەمساڵیش ڕێژەیەکی زۆری باران دەبارێت کە لە سەرەتای مانگی 11ـەوە دەستپێدەکات و لە ناوەڕاستی مانگدا بارانی باش دەبارێت.
دوای لافاوەکەی ساڵی 2021 کە قوربانیی لێکەوتەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بە دروستکردنی بەنداو، چەندین پۆند، خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنی کەندە سروشتییەکان و دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی و لوولەیی، توانای هەولێر زۆر زیادی کردووە، بە جۆرێک پێشتر ئەگەر لە کاتژمێرێکدا سەرووی 10 ملم باران بباریایە لافاو دروست دەبوو، بەڵام ساڵی ڕابردوو لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە 30 ملم باران باری و لافاو دروست نەبوو.
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، مەترسییە کەشوهەواییەکان گەرەنتییان نییە، بەڵام ئامادەکاریی تەواو کراوە و لە سەنتەری هەولێریش تەنیا سێ خاڵی لاواز ماونەتەوە بۆ ئەوەی شارەکە بە تەواوی لە مەترسیی لافاو دەربازی ببێت، ئەو پرۆژانەش ڕەزامەندییان هەیە، بەڵام بەهۆی دۆخی داراییەوە هێشتا جێبەجێ نەکراون.