جیهان

بە چەکەوە دەستگیرکرا و دەڵێت: گوێم لە دەنگێکە فەرمانی کوشتنی ترەمپم پێدەکات

07-11-2026
بە چەکەوە دەستگیرکرا و دەڵێت: گوێم لە دەنگێکە فەرمانی کوشتنی ترەمپم پێدەکات
قەبارەی نووسین:
A A 21px

لە نزیک کۆشکی سپی و لەنێو ئۆتۆمبیلێکدا گومانلێکراوێک بە چەکەوە دەستگیرکراوە، گومانلێکراوەکە لە لێکۆڵینەوەی بەرایی و یەکەم دانپێدانانیدا گوتوویەتی "گوێم لە دەنگێکە و لە مێشکم دەزرینگێتەوە و فەرمانم پێدەکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکوژم".

دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمنیی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاویکردووەتەوە، گومانلێکراوەکە ناوی رۆنی کرینووسە و ئێوارەی پێنجشەممەی رابردوو لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەستگیرکراوە و دوای پشکنینی دەرکەوتووە سێ پارچە چەکی جیاواز و دەیان فیشەکیشی پێبووە.

دەزگاکە ئاشکرای کردووە، گومانلێکراوە دەستگیرکراوەکە کۆچبەرە و بە رەچەڵەک خەڵکی ڤێنێزوێلایە و لە ئاداری 2024ـەوە بە رێگەی قاچاخ لە مەکسیکەوە ئاودیوی ئەمریکا بووە، رۆنی کرینووس بە ئەفسەرانی لێکۆڵینەوەی گوتووە "دەنگێک لە مێشکم دەزرنگێتەوە و بەردەوام گوشارم لێدەکات، بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بکوژم.

بەگوێرەی میدیاکانی ئەمریکا، کۆشکی سپی لە بارەی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە هیچ راگەیەندراوێکی بڵاونەکردووەتەوە، هاوکات وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکاش هێشتا هیچ تۆمەتێکی نەخستووەتە پاڵی، تەنیا خستوویانەتە زیندان و لە دەستبەسەریدا هێشتوویانەتەوە. 

هەروەها مارکوین مۆلین، وەزیری ناوخۆ راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، بە هەوڵی ئەفسەرە بوێرەکانی دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمنیی، توانراوەسێکی بیانی قاچاخ و نیشتەجێی نایاسایی ئەمریکا لە نزیک کۆشکی سپی دەستگیر بکەن، کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا سێ پارچە چەک دۆزراونەتەوە، بەر لەوەی زیان بە هیچ کەسێک بگەیەنێت.

دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی ژیانی سیاسیدا لە 2016 تاوەکوو ئێستا رووبەڕووی چەندین هەوڵی کوشتن، پیلان و هەڕەشەی تیرۆر بووەتەوە. هەرچەندە ئامارێکی تەواو نییە، بەڵام دیارترین هەوڵەکان ئەمانەن:

13ـی تەممووزی 2024 - رالی باتڵەر - پێنسیلڤانیا

تۆماس ماتیو کروکس تەمەن 20 ساڵ لەسەر باڵەخانەیەکەوە بە چەکێکی جۆری AR-15 تەقەی و گولـلەیەک بەر گوێی راستی ترەمپ کەوت و برینداری کرد. بەڵام هێرشکەرەکە لەلایەن هێزی دژە تیرۆرەوە کوژرا. 

15ـی ئەیلوولی 2024 - یاریگای گۆڵف لە وێست پاڵم بیچ - فلۆریدا

رایان وێسلی راووس تەمەن 58 ساڵ، بە چەکەوە لە نزیک یاریگای گۆڵفی ترەمپ خۆی مەڵاس دابوو. دوای ئاشکرابوونی و دەستگیرکردنی لەلایەن پاسەوانانی یاریگاکە بە هەوڵی تیرۆر سزای تاهەتایی درا.

22ـی شوباتی 2026 - دوورگەی پاڵم بیچ - فلۆریدا

ئۆستن تاکەر مارتین 21 ساڵ، بە چەکێکی شۆتگن و گازی فرمێسکڕێژ لە دەروازەی باکووری کۆشکی ناوازە مێژووییەکەی مار ئە لاگۆ، کە دەکەوێتە دوورگەی پالم بێچ - فلۆریدا، چاوەڕێی تێپەڕبوونی ترەمپی دەکرد، بەڵام بەر لەوەی دەست بکاتەوە، لەلایەن دژە تیرۆرەوە کوژرا.

25ـی نیسانی 2026 - میوانداریی رۆژنامەنووسانی کۆشکی سپی

کۆڵ تۆماس ئالێن 31 ساڵ، هەوڵیدا بە چەکەوە خاڵی پشکنینی ئەمنی پاسەوانانی کۆشکی تێپەڕێنێت، دەستگیرکرا و بە تۆمەتی هەوڵی کوشتنی ترەمپ درایە دادگا.