ئابووری

بەهای 100دۆلار دەگاتە 170 هەزار دینار؟

07-10-2026
بەهای 100دۆلار دەگاتە 170 هەزار دینار؟
قەبارەی نووسین:
A A 21px

بەهای دۆلار ئەمڕۆ نرخێکی پێوانەیی تۆمار کرد و 100 دۆلار 163 هەزار دیناری تێپەڕاند. بەجۆرێک لە ساڵی 2023 ەوە دۆلار بەم ژمارەیە نەگەیشتووە.

بەهای دۆلار لەم ڕۆژانە زۆر خێرا بەرزدەبێتەوە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا هەر 100 دۆلارێک سێ هەزار دیناری چۆتە سەر. د. مستەفا مەلا حەسەن، پسپۆڕی ئابووریی ئاڤا دەڵێت، چەند هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هەیە:

- یەکەم: بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دەستكاریكردنی بەهای فەرمی دینار بەرامبەر دۆلار لە پرۆژە یاسای بوودجە و جێگیركردنی 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار. دووەم: كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان و سەنگەرگرتنی بەشێکی سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان لە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران.

- سێیەم؛ کەمکردنەوەی نرخی نەوت لە پڕۆژە یاسای بودجە، بەرمیلێک نەوت بە 58 دۆلار دانراوە. چوارەمیش کەمبوونەوەی متمانەی خەڵک بە دینار، ئەمەش بەهۆی دەنگۆی لابردنی سفرەکان و گۆڕینی شێوەی دینار.

 بەگشتی دینار بەرامبەر دۆلار دۆخی خراپە، لەبارەی پێشبینییەکانیش بەهای 100 دۆلار بەفەرمی بکاتە 150 هەزار دینار، ئەوا دۆلار زیاتریش بەرزدەبێتەوە و دەگاتە 170 بۆ 175 هەزار دینار.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، ئەو هەواڵە ڕاستە کە دەڵێن لە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە بەهای 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار دیاریکراوە، ئێمە وەکو بانکی ناوەندی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و حکومەتی عێراق ڕێککەوتنمان لەسەر کردووە لەبەر دوو هۆکار:

- یەکەم: حکومەتی عێراق پارەیەکی زۆری بانکی ناوەندی قەرزارە و ئەمساڵ بۆ مووچە پارەی یەدەگی ڕاکێشاوە، تواناشی نییە پارەکە بداتەوە. تەنها ئەمساڵ یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق لە 106 ملیار دینارەوە دابەزیوە بۆ 79 ملیار دینار، واتا 27 ملیار دۆلاری خەرج کردووە.

- دووەم: لە بودجەی ساڵی داهاتوو کورتهێنانێکی زۆر هەیە و بە 64 تریلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت، بودجەی 2027 بە نزیکەی 218 تریلیۆن خەمڵێنراوە، کەچی مەزەندە دەکرێت حکومەت تەنها 154 تریلیۆنی دەست بکەوێت.

بۆ دانەوەی قەرزی بانکی ناوەندی و پڕکردنەوەی کورتهێنان پەنا بۆ بەرزکردنەوەی بەهای فەرمیی دۆلار دراوە، چونکە عێراق کە نەوت دەفرۆشێت پارەکە بە دۆلار وەردەگرێت، لەم رێگەیەوەش لە هەر 100 دۆلارێک 18 هەزار دینار قازانج دەکات، لە ملیارێک دۆلار قازانجەکەی 180 ملیار دینار دەکات. جگە لەم هەنگاوە، حکومەتی عێراق کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی و خاوەن داهاتی داوەتە بانکی ناوەندی، بۆ ئەوەی پارەی ئەم پڕۆژانە بۆ خۆی ببات لەجیاتی قەرزەکە.

 ئینجا بەرزکردنەوەی بەهای دینار بڕیاری کۆتایی نییە، پڕۆژە یاسای بودجە دەچێتە پەرلەمان و لەوێ مشتومڕێکی زۆری لەسەر دەکرێت، بڕگە بە بڕگە دەبێت پەرلەمانتاران دەنگی پێ بدەن و پەسەندی بکەن، بۆیە جارێ کەس نازانێت بەهای دۆلار چی لێدێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان خۆیان بەدوور بگرن لە کڕین و فرۆشتن بە دینار، باشترین ڕێگەچارەش ئەوەیە پارەکە نیوە بە نیوە هەڵبگیرێت، دەفتەرێکت هەیە 50 وەرەقەی با دۆلار بێت ئەوەی تریشی بکە بە دینار.