شاندێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری ئولانباتاری پایتەختی مەنگۆلیا بەشدارییان لە 17ـەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون (COP17) کردووە و زنجیرەیەک دیدار و ڕێککەوتنی نێودەوڵەتییان کردووە.
ماوەی شەش ڕۆژە شاندێکی هەرێمی کوردستان لە ئولانباتاری پایتەختی مەنگۆلیا بەشدارن لە کۆنفرانسی جیهانیی COP17. لە کۆنفرانسەکەدا شاندەکە ئاڵنگارییە جددییەکانی هەرێمی کوردستانیان پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا، وشکەساڵی و کێشەی ئاوە سنووربڕەکان خستووەتەڕوو، هاوكات کار دەکرێت بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆڵبارین.
فازڵ ئیبراهيم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆنفرانسەکە هەماهەنگیمان لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی جیهانی دروستکردووە، لەوانە لەگەڵ کۆمەڵەی عەرەبی و ڕێکخراوی فاو (FAO) گفتوگۆمان کردووە لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی تایبەت بەو وڵاتانەی زیانمەندن لە شەپۆلەکانی خۆڵبارین.
٠ ئامانج لەم هاوپەیمانییە دروستکردنی پلاتفۆرمێکی هاوبەشە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی داتا و زانیارییەکان و پێشبینیکردنی پێشوەختەی شەپۆلەکانی خۆڵبارین، ئەمەش هەنگاوێکی ستراتیژی و زانستیی گرنگە بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ژینگەیی وکەمکردنەوەی مەترسییەکانی بیابانبوون، داڕمانی خاک
17مین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیابانبوون "COP17" کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیی گرنگە، بەپێی کارنامەی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکان کارەکانی بۆ ماوەی 12 ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە 17ـی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە.