جیهان

ماڵپەڕی ئیتلاعاتی ئێران هاک کرا

23-10-2022
ماڵپەڕی ئیتلاعاتی ئێران هاک کرا
قەبارەی نووسین:
A A 21px

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی ڕابردوو لە ئێران، بە ئیدانەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی، بە دەستی پۆلیسی رەوشتی تاران، گرووپی هاککەری "Anonymous" بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ماڵپەڕە حکومییەکانی ئەو وڵاتە.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 23-10-2022 ، گرووپه‌کە رایگەیاند، کە ماڵپه‌ڕی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی ئێرانیان هاك كرد.

دوای هاککردنەکە پەیامێکی ڤیدیۆییان بۆ گەلی ئێران بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا دووپاتی دەکەنەوە کە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانیان هاککردووە.

"ئۆپەراسیۆنی ئێران"
جێگای ئاماژەیە کە ئەم گرووپە مانگی ڕابردوو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاندبوو، کە "ئۆپەراسیۆنی ئێران"یان دەستپێکردووە، کە بووە هۆی پەکخستنی زۆرێک لە ماڵپەڕەکانی ڕژێمی ئێران، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە کوژرانی ژینا ئەمینی.

لەو کاتەوە تا ئێستا زۆرێک لە ماڵپەڕە فەرمییەکانی ئێران تووشی هێرشی ئەلیکترۆنی گەورە بوون، وەک ماڵپەڕی وەزارەتی پەیوەندی و تەکنەلۆژیای زانیاریی ئێران، ماڵپەڕی دەستەی کاروباری باج، ماڵپەڕی ڕێکخراوی تەکنەلۆژیای زانیاریی ئێران و… ماڵپەڕی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی و وزەی ئەتۆمی.

هەروەها ماڵپەڕی وتەبێژی حکومەت و ماڵپەڕە فەرمییەکانی میدیاکان دابەزینیان بەخۆوە بینیوە.