Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
18-08-2025

یەکەم کاروانی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا دەستیپێکرد

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی ئەمڕۆ دووشەممە، دەستپێکردنی یەکەم قۆناغی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراقەوە بە ئاراستەی خاکی سوریا ڕاگەیاند. بەغدا و واشنتن لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی وادەیەکی فەرمی بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە وڵاتەکەدا.  بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی، یەکەم کاروانی سەربازیی ئەمریکا کە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدی بەجێهێشتووە، لە چەندین بارهەڵگر پێکهاتبوو، پێشبینیش دەکرێت یەکەم وێستگەی کاروانەکە بەرەو خاکی سوریا بێت.  قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە لە مانگی ئەیلوولی   2025 ـەوە دەستپێدەکات و بریتییە لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و بارەگای نێردەی هاوپەیمانان لە بەغدا، بەشێک لە هێز و کەرەستە سەربازییەکان دەگوازرێنەوە بۆ هەولێر و بەشەکەی دیکەش بۆ وڵاتی کوێت. قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە، کشانەوەی سەربازیی تەواوەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت کە لە مانگی ئەیلوولی 2026 دەستپێدەکات و ژمارەی هێزەکانی هاوپەیمانان کە پێشتر نزیکەی دوو هەزار سەرباز و ڕاوێژکار بوو، بەشێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ بۆ کەمتر لە 500 کەس کەمدەکرێتەوە و لە هەولێر جێگیر دەکرێن.   بنکەی عەین ئەسەد لە دوای بنکەی بەلەد بە دووەم گەورەترین بنکەی ئاسمانی لە عێراقدا دادەنرێت  و وەک بارەگای سەرەکیی فیرقەی حەوتی سوپای ئەمریکا کار دەکات، بنکەکە دەکەوێتە ناحیەی بەغدادیی سەر بە پارێزگای ئەنبار.

هەواڵ
17-08-2025

کاتی ناردنی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت ڕاگەیاندرا

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، مووچەش خەرج دەكرێت. دووپاتیشی كردەوە مووچەی هیچ مانگێك نافەوتێت و سەرجەمی خەرج دەكرێتەوە. ئەمڕۆ لە شاری كەركووك، مەراسیمی خەڵاتكردنی یەكەمەكانی پارێزگاكە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دوای مەراسیمەكەش قسەی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن كرد. د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە ڕایگەیاند، بەربەستی گەورەی بەردەم ڕێككەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغدا، پرسی هەناردەكردنەوەی نەوت بوو، حكومەتی فیدراڵی خۆی دانی ناوە بەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتی بەرهەمهێنراوی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردووە و ئێستا تەنیا پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەکە ماوە كە هیچ پەیوەندییەكی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە. ڕوونیشی كردەوە كە پێشبینی دەكرێت دوای گفتوگۆكانی نێوان توركیا و عێراق، بە گرێبەستێكی نوێ هەناردەكردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆڕیی بەندەری جەیهان دەستپێبكاتەوە. بە گوتەی د.شاخەوان عەبدوڵڵا، پرسی داهاتی نانەوتی لەم یەك دوو ڕۆژە چارەسەركراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكاری زۆری بۆ حكومەتی فیدراڵ كرد بە ئامانجی ڕێككەوتن، بەڵام هێشتا بەشێك لە دەقی یاساكان گرفتی گەورەن لەبەردەم دیاریكردنی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان، كە یاساكان بە ئەقڵیەتێكی مەركەزی نووسراون، سەرەڕای ئەوانەش لێتێگەیشتنی باش هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

هەواڵ
14-08-2025

ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەکێتی

پارتی و یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا لەدوای کۆبوونەوەیان دەڵێن، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاسایی خۆی بکات و هەنگاوەکانی دیکەی پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوام بن. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ی ئابی 2025، لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر، هەردوو شاندی دانوستاندکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامییان بە کۆبوونەوەکانیان دا. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هاوبەش، "هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان کردەوە کە؛ لەژێر رۆشناییی ئەو بنەما و پڕنسیپانەی لە دیدگەی هاوبەشی نێوان هەردوولادا رێککەوتنی لەسەر کراوە و ئەو هەنگاوانەی نراون لە پێناو رێکخستنی کاری هاوبەش بۆ قۆناخی داهاتووی حوکمڕانیی کوردستان، بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها باس لە هەنگاوە کردەییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە کرا. لە راگەیێندراوەکە دا هاتووە: "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی لە ئارادان، بۆ رێزگرتن لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان و ئەو بەڵێنانەی هەردوولا بە جەماوەری خۆیان دابوو و دەرئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و پارێزگاری لە پێگەی یاسایی و سیاسیی هەرێمی کوردستان." ئەوە لەکاتێکدایە، لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە. لە کاتی ئاساییدا، بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی مادەی 51ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان "رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە تایبەت دەبێت بە دانیشتنی پەرلەمان"، بەڵام لە هەشت مانگی رابردوودا پەرلەمان هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە. هاوکات، تاوەکو ئێستا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێندراوە. 

هەواڵ
13-08-2025

ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتوون. "50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ دەبێت." رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کۆنووسی رێککەوتنەکە لەلایەن "23 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە کە 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون." بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکان لە 17ـی تەممووز دەستیانپێکردووە و لەو ماوەیەدا سەردانی تەواوی کیڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە.  وەزارەتەکە دەڵێت، دوای هەڵسەنگاندنی کێشە هونەرییەکان، 11ـی ئاب رێککەوتن لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، 50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ گل دەدرێتەوە و ئەوەی دیکە بەگوێرەی بەرهەمی رۆژانە رادەستی سۆمۆ دەکرێت.  سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوە ماوە حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی تورکیا قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت. رۆژی 17ـی تەممووز حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر نەوت و مووچە رێککەوتن.  رێککەوتنەکە بەمجۆرە بوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بکات، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک 16 دۆلار بداتە کۆمپانیاکان.  ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە هەمان رۆژدا بڕیاری لەسەر ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دا، ئەویش لە بەرامبەر رادەستکردنی 120 ملیار داهاتی نانەوتی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە.  بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 130 هەزار بەرمیلە، ئەمەش بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی نەوتی عێراق.  رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەکاتێکدایە، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە. 

هەواڵ
13-08-2025

سێ وڵاتی زلهێزی ئەوروپا هۆشداری دەدەنە ئێران

ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە ئامادەیی خۆیان بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر تاران نەگەڕێتەوە بۆ دانوستان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.  ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە نامەیەک ئاماژەی کراوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتی بەناو ترۆیکای ئەورووپی ڕۆژی سێشەممە، نامەیەکیان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیوە و ئاماژەیان بە ئەگەری "پاراستنی" سزاکان کردووە ئەگەر ئێران هەنگاو نەنێت. لە نامەکەدا وەزیرەکان ڕایانگەیاندووە، "ئێمە ڕوونمان کردووەتەوە، ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت پێش کۆتایی مانگی ئابی 2025 بگاتە چارەسەرێکی دیپلۆماسی، یان دەرفەتی درێژکردنەوەی درێژکردنەوەکە نەقۆزێتەوە، ئەوا E3 ئامادەیە میکانیزمی سناپباک دەستپێبکات". هۆشدارییەکەی E3 دوای دانوستانی "جددی، ڕاشکاوانە و ورد" دێت لەگەڵ ئێران لە مانگی ڕابردوودا لە ئیستانبوڵ، کە یەکەم کۆبوونەوەی ڕووبەڕوو بوو لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران.  تاکوو ئێستا پێنج خولی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمەریکا سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی، بە نێوەندگیری عومان، ئەمساڵ بەبێ ئەنجام کۆتایی هات، بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و ئەو هێرشانەی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامیاندا. هەروەها نوێنەرانی "ترۆیکای ئەورووپی" (بریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا) لەو کاتەدا دانوستانیان لەگەڵ تاران ئەنجامدا، بەڵام نەیانتوانی ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕن لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران.

هەواڵ
11-08-2025

چەند گەڕەکێک بێ ئاو دەبن

ئەمشەو جارێکی دیکە بۆریی ئیفراز سێ شکا، بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو گەڕەکانەی ئاویان لەسەر ئەو پڕۆژەیە سبەی ئاویان پێ نادرێت. بەرپرسێکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر گوتی: "بۆرییەکە لە گەڕەکی هەولێر نوێ شکاوە و بەهۆیەوە پڕۆژەکە لە کارکردن وەستاوە". تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە شوێنی شکانی بۆرییەکەن و سەرقاڵی چاککردنەوەین. بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر: "چاککردنەوەکە چەند کاژێرێکی دەوێت، دوای چاککردنەوەش بۆرییەکان چەند کاژێرێکیان دەوێت بۆ پڕبوونەوە لە ئاو، بۆیە سبەی ئەوەی ئاوی لەسەر ئەو پڕۆژەیە بێ ئاوی پێ نادرێت". شەشی ئەم مانگە جارێکی دیکە بۆریی ئاوی ئیفراز سێ شکابوو، دوای کەمتر لە 24 کاژێر بۆرییەکە چاککرایەوە. پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە، کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە. جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان و هێڵی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری هەولێر دەبەستێت، کە 20ـی تەمموزی ئەمساڵ کرایەوە. هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە، ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.

هەواڵ
10-08-2025

لینکی خۆ تۆمار کردن بۆ حەج چالاک کرا

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێ، لەمەودوا ناوتۆمارکردن بۆ خوازیارانی حەج لە رێگەی مۆبایلەوە دەبێ و تۆمارکردنەکەش بێ بەرامبەرە. ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "مەبەست لە راگەیاندنی ئەم لینکە، یەکسانی نێوان خوازیارانی حەجە و وەڵامەکەیشی بە تیروپشکی ئەلیکترۆنی بۆ هاونیشتمانی دەگەڕێتەوە. پێشتر ناونووسین لە رێگەی فۆرمێکەوە بوو و بڕێک پارە وەردەگیرا، بەڵام ئێستا ئەم لینکە بێ بەرامبەرە." هەر ئەمڕۆ کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەم لینکە تایبەتە بە ناوتۆمارکردنی خوازیارانی حەج لە هەرێمی کوردستان. هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت لە رێگەی ئەم لینکەوە ناوی خۆی تۆمار بکات." شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا گوتی: "ئەم سیستمە ئەلیکترۆنییە بۆ رێکخستن و یەکسانیی زیاترە لەنێوان خوازیارانی حەج. هاوکات سیستمێکە بۆ زیاتر شەفافکردنی پرۆسەی حەجکردن و لەبەرچاوگرتنی ئەو کەسانەی چەندین ساڵە ناویان تۆمار دەکەن." لەبارەی ماوەی کارابوون و تۆمارکردنی ناوی خوازیارانی حەج، شێخ نیاز نەقشبەندی گوتی: "لەمڕۆوە ناوتۆمارکردن لەو سیستمە ئەلیکترۆنییە بۆ حەجی ساڵی 2026 دەستپێدەکات و تاوەکو 20ی 9ی 2025 کە دەکاتە 40 رۆژ، بەردەوام دەبێت." بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "دوای تۆمارکردنی ناوەکان لەو سیستمە ئەلیکترۆنییە، ناوتۆمارکردن رادەگیرێ و لە 1ـی 10ـی 2025 تیروپشکیان بۆ دەکرێت. ئەوانەی پێشتر حەجیان کردووە، ناویشیان تۆماربکەن سیستمەکە رەتیان دەکاتەوە." شێخ نیاز نەقشبەندی گوتیشی: "ئەو ناوانەی پێشتر لە ساڵی 2017ـەوە تاوەکو 2023 تۆمارکرابوون، لەو سیستمەدا نییە و پێویستە هاونیشتمانییان دووبارە ناویان تۆماربکەنەوە."

هەواڵ
04-08-2025

سەرۆك بارزانی: دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت

ڕۆژی دووشەممە 4ی ئابی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە كریستیەن هۆهمەن باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كرد.   لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی ئەڵمانیا بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو و ئاڵبێرت ڤۆن ویتكێ کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا ئامادەییبوو، سەرۆک بارزانی سوپاسی ڕۆلی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ پشتگیری لە قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان. سەرۆک بارزانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ئاماژەی بەوەدا، گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت باشترین چارەسەرە و ئێمە دەمانەوێ دەستور جێبەجێ بکرێت.  سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوەدا کە ئێمە شتێکی زیاتر لە چوارچێوەی دەستورمان داوا نەکردووە، بەڵام بە کەمتریش لەوە رازی نابین کە دەستور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی،  لە بارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا ، دوای کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ئومێدەوارین پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت.  هەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی ئەڵمانیا سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆل و پێگەی سەرۆک بارزانی هەبوو، پشتیوانی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپای بۆ پێگەی دەستوریی قەوارەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بوونی ژمارەیەکی بەرچاوی کونسوڵخانە لە هەرێم، پەیامێکە کە دەبێت قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزگاری و بەرگریی لێبکرێت، هەروەها ئاماژەی بە ئەو سەرکەوتنانە دا كە هەرێمی کوردستان بۆ ژێرخانی ئابوری و ئارامی و سەقامگیری هەیەتی،  ئومێدی خواست لە شوێنەکانی دیکەی عێراقیش بێتەدی و هیوای خواست کە ئەو نمونە بەرچاوەی لە بوارە خزمەتگوزارییەکاندا لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە کایەوە بە تایبەت لە پرسی ئاو و کارەبا، لە عێراقیش هەمان ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.  بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و عێراق و جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەبوون.

هەواڵ
04-08-2025

پەیامی مەسرور بارزانی بۆ بیستەمین ساڵیادی دەزگای خێرخوازیی بارزانی

لە بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و گشت کارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم و هیوای بەردەوامبوون و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. هەروەها دەستخۆشییان لێ دەکەم بۆ ماندووبوون و کارکردنی بەردەوامیان لەپێناو یارمەتیدانی خەڵکی هەژار و لێقەوماو. دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خاوەنی پێگەیەکی دیار و سەنگینە لە کاری بەخشین و خێرخوازیدا و بەبێ هیچ جیاوازیکردنێک، خزمەتێکی شایستە و بەرچاو پێشکەشی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و لێقەوماوان دەکات نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دەروبەر و جیهانیش.ڕێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ هەموو خێرخواز و بەخشەر و هەموو ئەو لایەن و ئاژانس و ڕێکخراو و دەزگا خێرخوازییانە هەیە، کە هاریکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەن و کار و چالاکی و پرۆژەی هاوبەش ئەنجام دەدەن.ساڵیادی دامەزراندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پیرۆز بێت و هیوادارام هەمیشە نموونەیەکی گەشی کاری مرۆیی و خێرخوازی بێت. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2025/8/4

هەواڵ
03-08-2025

120 ملیار دینارەکە ئامادەیە

120 ملیار دینار لە بەرامبەر مووچەی مانگی حوزەیران ئامادەیە و هۆکاری نەناردنی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەگەڕێتەوە بۆ "چاوەڕێکردنی رێککەوتن لەبارەی نەوت یان وەرگرتنی گەرەنتی لە بەغدا بۆ ناردنی مووچە". ئەمڕۆ یەکشەممە 3-8-2025 دوو سەرچاوە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، ئەو بڕە پارەیە کە دەبێ وەک داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق بکرێ کە بریتییە لە 120 ملیار دینار، ئامادەیە.  رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دوو تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێ. یەکێکیان پەیوەندی بە داهاتی نانەوتییەوە هەیە و ئەوی دیکەشیان پەیوەندی بە نەوتی بەرهەمهێندراوەوە هەیە.  17ی مانگی رابردوو هەولێر و بەغدا لەسەر رادەستکردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای سۆمۆ رێککەوتن، بەڵام هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان هەبووە و بەرهەمەکەیان دابەزاندووە.  ئێستا لیژنەیەک لە هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی بزانن هەولێر دەتوانێ چەند نەوت بەرهەم بهێنێ و چەندی رادەستی سۆمۆ بکرێ.  دوو سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتیان، ئەگەر کاری ئەو لیژنەیە تەواو بوو و رێککەوتن کرا کە ئێستا چەند نەوت رادەست بکرێ و لەسەر ئەو بنچینەیەش پارەی مووچەی مانگی حوزەیران دەنێردرێ، ئەو کاتە 120 ملیار دینارەکەش دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.  سەرچاوەیەکی دیکەی حکومەتیش گوتی، ئەگەر حکومەتی عێراق گەرەنتی بدات کە پارەی مووچە دەنێرێ، ئەو کاتە ئامادەن 120 ملیار دینارەکە بخەنە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، تەنانەت ئەگەر بەم زووییەش رێککەوتنی تایبەت بە نەوتەکە یەکلایی نەبووەوە.

هەواڵ
03-08-2025

پەیامی مەسرور بارزانی لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان

لە ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆریستانی داعش دەکەینەوە کە زام و برینێکی قووڵ و ساڕێژ نەبووە لە مێژووی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی. لە یادی ئەم کارەساتەدا ، پێویستە بەڕێزەوە یادی گیانفیدایی و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بکەینەوە کە بە سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی، شنگال و دەوروبەریان ئازاد کرد، هەروەها سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارێزگەی دهۆک و دەڤەری بادینان بەتایبەتی دەکەین لە بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان. حکومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵ و کارکردنی بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ڕفێندراوانەی کە تا ئێستا ئازاد نەکراون و دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان. هەروەها درێژەدان بە پاڵپشتیی داراییی ڕزگاربووان و هاوکاریکردن و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەوانەی بەهۆی ئاسایینەبوونەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، هێشتا هەر لە کەمپەکاندا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕینەوە ناوچەکانیان. لەم یادە خەمگینەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خۆی جێبەجێ بکات و خوشک و برا ئێزدییەکانمان قەرەبوو بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی هێزە چەکدار و ملیشیاکان لە دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە. کە بە داخەوە بەهۆی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە دوای ئازادکردنیەوە بەسەر شنگالدا سەپێنراوە، نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەشی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکرێت. لە ساڵیادی جێنۆسایدی شنگالدا، سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و گشت شەهیدانی کوردستان. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2025/8/3

هەواڵ
02-08-2025

مووچەی بەشێک لە پەرلەمانتاران دەبڕدرێت

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: ئەو پەرلەمانتارانەی کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ نەکردووە، هەر یەکەیان بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزا دەدرێن. ئەمڕۆ شەممە 2ـی ئابی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ بڕیاردان لەسەر نۆ پرۆژە یاسا کۆبووەوە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، داوای کرد ناوی ئەو کەسانە بڵاو بکرێتەوە کە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکردووە. جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، گوتی: ئەو پەرلەمانتارانەی کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ نەکردووە، هەوڵ دەدەین بڕی یەک ملیۆن دینار لە مووچەکانیان ببڕین. ئەمە لە کاتێکدایە پێنجشەممە 31ـی تەممووزی 2025، کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڵاو کرایەوە، کە  یەکێک لە بڕگەکانی کارنامەکە پرۆژە یاسای ئازادی ڕادەربڕین بوو.

1 2 ... 97 98 99 ... 1143 1144