Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
31-08-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە كونسوڵى گشتيى نوێی ئه‌مه‌ريكا ده‌كات

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 8/31، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ وێندی گرين، كونسوڵى گشتيى نوێی ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد. له‌ دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی ده‌ستبه‌کاربوونی لە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا کرد و هه‌موو پشتيوانييه‌كی بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى دەربڕی.سەرۆکی حکومەت، هەروەها سوپاسى هاوكارى و پشتگيريى ئه‌مه‌ريكاى بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ هەموو بوارەکاندا کرد. كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا، خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان نیشان دا و ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەردوولا کرد و خواستی وڵاتەکەی بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماژەی بە هاتنی شاندێکی بازرگانیی ئەمەریکی کرد کە بەم نزیکانە سەردانی هەرێم دەکەن.کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، هەروەها ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بە تایبەتی ئاماژەی بە گرنگیی هەردوو پڕۆژەی ( ڕووناکی ) و ( هەژماری من ) کرد. پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کودستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.

هەواڵ
30-08-2025

حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە 'تای خوێنبەربوون' تۆمار کرا

حاڵەتێکی نوێی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمارکرا و وەزارەتی تەندروستیش هۆشداری دەدات. شەممە، 30ـی ئابی 2025، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، حاڵەتێکی نوێی نەخۆشی 'تای خوێنبەربوون' لە پارێزگای دهۆک تۆمار کراوە، کە پیاوێکی تەمەن 43 ساڵی دانیشتووی شاری 'سێمێل'ـە و پیشەی گۆشتفرۆش (قەساب)ـە.  بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی، پیاوەکە دوای بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو، گومانی نەخۆشییەکەی لێ کراوە و نیشانەکانی تای خوێنبەربوونی تێدا دەرکەوتووە. دوای ئەنجامدانی چەندین ڕێکاری پزیشکی بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی، ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکیدا لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و باری تەندروستیی جێگیرە. ڕێنمایی و ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و لە کاتی بوونی گومان یان دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشی لەسەر ئاژەڵ، تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگادار بکەنەوە. هەروەها، ئەو هاووڵاتییانەی کە ئاژەڵ بەخێو دەکەن یان مامەڵە لەگەڵ بەرهەمەکانی ئاژەڵ دەکەن، لە کاتی هەستکردن بە هەر نیشانەیەکی ناتەندروست، دەستبەجێ سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن و دوا نەکەون. لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کردووە، لەمساڵدا، دوای بەدواداچوون و پشکنین بۆ چەندین حاڵەتی گومانلێکراو، تەنها نۆ حاڵەت بە تای خوێنبەربوون پشتڕاستکراونەتەوە "بەداخەوە، دوو لەم حاڵەتانە بەهۆی ناجێگیریی باری تەندروستییان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام حاڵەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچوون." تای خوێنبەربوون: پاشخان و هۆکارەکانی تای خوێنبەربوون (Crimean-Congo Hemorrhagic Fever - CCHF) نەخۆشییەکی ڤایرۆسی مەترسیدارە کە بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی گەنە (Tick) و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خوێن یان شانەی ئاژەڵی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە. پیشەوەرانی قەسابخانە و شوانکارەکان و ئەو کەسانەی لە کێڵگەکان کار دەکەن، زیاتر لە مەترسیدان. نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە تای بەرز، ژانەسەر، ژانەماسی، سکچوون، ڕشانەوە، و لە هەندێک حاڵەتدا خوێنبەربوون لە ناوەوە و دەرەوەی جەستە. لە ساڵانی ڕابردوودا، عێراق و هەرێمی کوردستان چەندین جار ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە بوونەتەوە. بۆ نموونە، لە ساڵی 2022 عێراق ژمارەیەکی بەرزی حاڵەتەکانی CCHFی تۆمار کرد، کە گەیشتە زیاتر لە 600 حاڵەت و چەندین گیانلەدەستدان. ئەمەش وای کرد وەزارەتەکانی تەندروستی و کشتوکاڵ ڕێوشوێنی توندی خۆپارێزی بگرنەبەر، لەوانە هەڵمەتەکانی ڕشاندنی ئاژەڵان بە دژە گەنە، هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان، و چاودێریکردنی بازاڕەکانی فرۆشتنی ئاژەڵ و گۆشت. پسپۆڕانی تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕێکارەکانی وەک پۆشینی دەستکێش و جلوبەرگی پارێزەر لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ، کوڵاندنی گۆشت بە باشی، و دوورکەوتنەوە لە خواردنی گۆشتی نەپشکێنراو، ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بەم نەخۆشییە.

هەواڵ
26-08-2025

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوایەک لە خەڵکی سلێمانی دەکات

بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانیی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا لە کەسوکاری بێسەروشوێنبووانی شەڕەکەی لالەزار دەکات لەلای ئەوان سکاڵا تۆماربکەن، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ چارەنووسیان بکەن. سابیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەی نووسینگەی سلێمانیی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئەمڕۆ سێشەممە 26-08-2025 گوتی، "ئاسایشی سلێمانی پێیانگوتووین هاوکاریتان دەکەین بۆ ئەوەی لە هەواڵی ئەوانە ئاگادار بن، کە هەواڵیان نییە ئاگاداربن." ئەو بەرپرسەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت: "هەر کەسێک کەسی نزیکی ون بووە، دەتوانێت سەردانمان بکات و وێنە و زانیاری کەسە ونبووەکەمان بۆ بێنێت، ئێمەش لە رێگەی ئاسایشەوە بەدواداچوون بۆ زانیارییەکان دەکەین، سۆراخی کەسەکەی بۆ دەکەین، کە ئایا گیراوە یان نا، لە ژیاندا ماوە یان نا." بەرەبەیانی رۆژی 22-08-2025 هێزەکانی دژە تیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایشی سلێمانی، بۆ دەستگیرکردنی "چەند داواکراوێک" هەڵیانکوتایە سەر هوتێل لالەزار لە شاری سلێمانی، دوای سێ کاژێر رووبەرووبوونەوە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی دووپشک دەستگیرکران. لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی دووپشک، سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژران و باس لە کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی دووپشک دەکرێت.

هەواڵ
25-08-2025

ڕاگەیەنراوێک لە مەکتەبی سیاسیی پارتییەوە لەبارەی ڕووداوەکەی لالەزار

مەکتەبی سیاسیی پارتی راگەیاندراوێکی لەسەر شەڕ و پێکدادانەکانی لالەزار بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کە پێویستە چارەسەرکردنی جیاوازی و کێشەکان بەڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بێت، هەر کار و کاردانەوەیەک کاریگەریی خراپی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی کوردستان هەبێت بەباشی نازانین دەقی ڕاگەیاندراوەکە: ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسيی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە: ئەنجام و لێکەوتەکانی ڕووداوەکەی بەرەبەیانی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی، کە بەداخەوە چەندین قوربانی لێکەوتەوە، بونە هۆی نیگەرانی خەڵکی سلێمانی و تەواوی هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووریی و بەرهەمی تێکۆشان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستانە و خاوەنی دامەزراوەی شەرعی و یاساییە، جەخت لە سەروەری یاسا و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری شاری ئازیزی سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمەکەمان بەگشتی دەکەینەوە. پێویستە چارەسەرکردنی جیاوازی و کێشەکان بە ڕێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بێت، هەر کار و کاردانەوەیەک کاریگەري خراپی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیان و ناوبانگی هەرێمی کوردستان هەبێت بەباش نازانین. لە نیگەرانی و دڵە ڕاوکێی خەڵک تێدەگەین و، لە پێناو هەرێمەکەمان و ئارامی دەروونی هاووڵاتیانی هێژا، داوامان لە هەموو لایەک ئەوەیە دانبەخۆیان دابگرن و پارێزگاری لە سەروەری یاسا و دامەزراوەکان بکەن و، هەر جۆرە گرژی و هێرشێکی میدیایی خزمەت بە هەرێمی کوردستان ناکات و پێویستە ڕابگیرێت. هاوكات، سه‌ره‌خۆشى له‌ خانەوادە و كه‌سوكارى سەرجەم قوربانیيەكان دەكەین و هاوخه‌میانین، هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌یش بۆ برينداران ده‌خوازين. مەکتەبی سیاسيیپارتی دیموکراتی کوردستان٢٥ـی ئابی ٢٠٢٥

هەواڵ
23-08-2025

بریکارەکانی ئارد و خۆراک لە هەولێر ئاگادار دەکرێنەوە

بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر ئاگادارییەک دەداتە بریکارەکانی ئاردو خۆراکی پارێزگای هەولێر و داوایان لێدەکات بەزووترین کات چەند ڕێکارێک جێبەجێ بکەن. شەممە 23ـی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر بریکارەکانی ئارد و خۆراکی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکاتەوە بەزووترین کات ئەپڵیکەیشنی (واتس ئاپ و تیلیگرام) لەمۆبایلەکانیان دابەزێنن، چونکە لەم مانگەوە لیستی ئاردو خۆراک لەڕێگای گروپێکی (واتس ئاپ و تیلیگرام)ەوە بۆیان دەنێردرێت. بۆ لەمەودوا هاووڵاتییان لەڕێگەی ئەپڵیکەشنێکی تایبەت بەخۆراک، ئاگاداری هاتنی بەشەخۆراک و ئاردی مانگانەیان دەبن، هەروەها لە گۆڕانکارییەکانی ماددەکانی بەشە خۆراکیش ئاگاداردەکرێنەوە. بە گوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی بارزگانیی هەرێمی کوردستانیش، لە 83%ـی هاووڵاتییانی هەرێم پسولەی خۆراکیان کردووەتە ئەلیکترۆنی. هەروەها بە پشت بەستن بە ئامارەکان، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە ڕێژەی 88%، هەولێر 85%، دهۆک سلێمانی 84% و دهۆک 79%ـی هاووڵاتییان پسولەی خۆراکیان کردووەتە ئەلیکترۆنی.

هەواڵ
22-08-2025

ڕاگەیەندراوێک لە نووسینگەی مەسرور بارزانیەوە

هێرشی دوێنێ شەوی سەر لالەزار لە لایەن هێزەکانی ینک ئەنجام دراوە و کێشەیەکی نێوان ینک و بەرەی گەل بووە و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم ئاگادار نەبووە تا دوا ساتەکانی گەمارۆدان و پەلامار دان. سەرەڕای هەوڵی زۆری سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادان ڕوو نەدات، بەڵام زۆر بە داخەوە هێڕشەکە ئەنجام درا و کوژراو برینداری لێ کەوتەوە.زۆر نیگەران و دڵگرانین بەو ڕووداوە و ئێستاش، پێویستە یاسا ببێتە جێگرەوەی بڕیاری حزبی و توندوتیژی و چیتر شەڕ و ئاژاوە، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەخاتە مەترسییەوە. نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2025/8/22

هەواڵ
22-08-2025

پەیامێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی شەڕەکەی لالەزار

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی لالەزار دەڵێت، "پێویستە سەرجەم كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان به‌ ياسا و دوور له‌ تووندوتيژى يه‌كلايى بكرێنه‌وه‌." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "جه‌خت له‌ سه‌روه‌ريى ياسا و پاراستنى ئاسايش و ئاراميى شار و پاراستنى سه‌ر و ماڵى هاووڵاتييان ده‌كه‌ينه‌وه‌. پێویستە سەرجەم كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان به‌ ياسا و دوور له‌ توندوتيژى يه‌كلايى بكرێنه‌وه‌." دەقی پەیامەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: په‌يامێك له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ دوابەدوای‌ ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌کەی به‌ره‌به‌يانى ئه‌مڕۆى سلێمانى كه‌ به‌داخه‌وه‌ ژماره‌يه‌ك قوربانیى لێكه‌وته‌وه، جه‌خت له‌ سه‌روه‌ريى ياسا و پاراستنى ئاسايش و ئاراميى شار و پاراستنى سه‌ر و ماڵى هاووڵاتييان ده‌كه‌ينه‌وه‌. پێویستە سەرجەم كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان به‌ ياسا و دوور له‌ توندوتيژى يه‌كلايى بكرێنه‌وه‌. هاوكات، سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌سوكارى سەرجەم قوربانیيەكان دەكەین و هاوخه‌میانین، هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازين. سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

هەواڵ
21-08-2025

وەزارەتی ناوخۆی هەڕێم بۆ حکومەتی عێراق: بەپەلە ئەم بڕیارە ڕابگرن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21/8/2025 وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی چەند “پێشهاتێکی نادەستووری” هۆشداری بە حکومەتی عێراق دەدات و داوا دەکات بەپەلە ڕایبگرن. ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆیە: لە پێشهاتێکی نا دەستووری و دژ بە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیان، لێژنەی باڵای ئیغاسە و بە سەرپەرشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران، دەستی داوەتە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتەکانی مەسیحی و ئێزدی، کە خەڵکە ڕەسەنەکەی بە ناچاری لە کەمپەکان دەژین. بە هۆی شەڕی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان، بە تایبەت لە پێکهاتەی مەسیحی و کوردانی ئێزیدی، بە پاڵپشتی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاری ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە کەمپەکان گیرساونەتەوە و تاوەکو ئێستا ١٨ کەمپی تایبەت بە ئاوارەکان لەهەرێمی کوردستانن و زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئاوارە نەیاتوانیووە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چاوەڕێی دۆخێکی ئارام دەکەن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی و سەربەرزانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. لە بری پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و بەشداریکردن لە زەمینە خۆشکردن بۆ دۆخێکی سەقامگیر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران و لێژنەی باڵای ئیغاسە کۆبوونەوە دەکەن بۆ ئەوەی ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکەن و بێ دیراسە و راوێژکردن لەگەڵیان ناچاریان دەکەن وەکو نیشتەجێی دەرەوەی زێدی خۆیان بمێننەوە. ناچارکردنی ئاوارەکان بە تێکەڵبوونی زۆرەملێ لە ناوچەکانی دەرەوەی زێدی خۆیان، دۆخی دیموگرافی نوێ دروست دەکات کە دژی دەقەکانی دەستوور دەبێت و جۆرێکە لە جۆرەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی بە شێوەی نایاسایی. ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراقە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێچەوانەی بنەماکانی ڕەفتاری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی کۆچی ناوخۆیی دەبێت و هەروەها دژ دەبێت بە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و ڕێکەوتننامەکانی ژنێڤ کە پشتگیری لە گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بە شێوەی خۆبەخشانە و سەلامەت و کەرامەتمەندانە دەکەن، نەک بە بڕیارە ئیدارییەکان یان بە خشتەی کاتی سەخت و ناواقیعی. بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، داوا دەکەین بەپەلە: یەکەم: حکومەتی فیدراڵ ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران ڕابگرێت و جێبەجێ نەکرێت. دووەم: نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارانە. دووەم: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شەنگاڵ، و دیاریکردنی قائیمقامێکی نوێ، و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لە چارەسەری یاسایی کێشەکان کە بەستراوەتەوە بە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەربەرزانەی ئاوارەکان وبە ویست و ئازادی خۆیان و دڵنیا بوون لە ئێستا و ئایندەیان لە رووی ئاسایش و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پاراستنی موڵک و ماڵیان. چارەسەری ئەو دۆخە بە خۆدزینەوە لە ڕێگاچارەی دروست و مامەڵەکردن لە گەڵ هۆکارەکان ناکرێت و ئەوەی لە کۆبوونەوەکە بڕیاری لێ دراوە، خۆدزینەوەیە لە واقیع و بەرپرسیارێتی بنەڕەتی چارەسەرکردنی کێشەکان. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٢١ی ئابی ٢٠٢٥

هەواڵ
21-08-2025

تێچووی هەر دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق چەندە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئامارەکان تێچوویەکی خەیاڵی ئاشکرا دەکەن کە لەسەر بودجەی گشتیی وڵات کەوتووە. بەپێی بەدواداچوونێک، کۆی خەرجییەکانی ئەم خولەی پەرلەمان لە ماوەی سێ ساڵ و نیودا گەیشتووەتە زیاتر لە ترلیۆنێک و 910 ملیار دینار.  بەپێی بەدواداچوون و خەملاندنی تۆڕێکی میدیایی عێراقی، تێچووی دارایی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە کانوونی دووەمی 2022ـەوە دەستی پێکردووە تا ناوەڕاستی ساڵی 2025، گەیشتووەتە زیاتر لە ترلیۆنێک و 910 ملیار دیناری عێراقی.  لەو ماوەیەدا، پەرلەمان 134 دانیشتنی کردووە. بە دابەشکردنی کۆی خەرجییەکان بەسەر ژمارەی دانیشتنەکاندا، دەردەکەوێت کە تێچووی هەر دانیشتنێکی پەرلەمان زیاتر لە 14 ملیار دینار لەسەر خەلکی عێراق بەکوردستانیشەوە کەوتووە تێچووی هەر پەرلەمانتارێک لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووی ئەم خولەدا گەیشتووەتە 5 ملیار و 100 ملیۆن دینار.  هەموو ئەم بڕە پارانە خەرجییەکانی نیوەی دووەمی ساڵی 2025 ناگرێتەوە، چونکە خولی پێنجەمی پەرلەمان هێشتا بەردەوامە و لە 15ـی مانگی 10ـی ئەمساڵ کۆتایی دێت

هەواڵ
21-08-2025

بەرهەمهێنان لە دوو کێڵگەی نەوت دەستی پێ کردەوە

بەرهەمهێنان لە دوو کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردەوەکۆمپانیای DNOـی نەرویجی رایگەیاند، دەست کراوەتەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی تاوکێ و فیشخابور و لە ڕۆژێکدا 55 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت.ڕۆژی پێنجشەممە، 21ـی ئاب، کۆمپانیای DNOـی نەرویجی لە راپۆرتێکدا ڕایگەیاند:  ''سەرەڕای بوونی نیگەرانییە ئەمنییەکان دەربارەی هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە، دەست کراوەتەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخابور''.لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەچارەگی دووەمی ئەمساڵدا بەرهەمی رۆژانەی نەوت لە هەرێمی كوردستان 56 هەزار و 100 بەرمیل بووە.ئاماژەی بەوەش كردووە، دوای هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر كێڵگەكانی سەر بە (DNO) لە كوردستان، بەرهەمهێنانی نەوت لەم گێلگانە بە ڕێژەی 75٪ کەم بووەتەوە بەڵام ئێستا كۆمپانیاكە كۆی بەرهەمهێنانی لەسەر بنەمایەكی ئەزموونی  زیاد كردووە بۆ  (55) هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.

هەواڵ
20-08-2025

20 هەزار فەرمانبەری تر زەوی وەردەگرن

سه‌ربه‌ست مه‌ولود، به‌ڕێوه‌به‌ری یاسایی له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ڕایگه‌یاند" پرۆسه‌ی ناردنی ناوی فه‌رمانبه‌ران بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران گه‌یشتووەته‌ قۆناغی كۆتایی، ئێستا ته‌نیا 20هه‌زار ناوێك ماوه‌، ئه‌ویش ئه‌وانه‌ن كه‌ پێشتر فۆرمه‌كانیان ته‌واونه‌بوون و له‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كانن، به‌ڵام له‌و 20هه‌زاره‌ی ماوه‌ زیاتر كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی ناوخۆن، ئه‌وانیش ڕه‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێن بۆ پێدانی ڕه‌زامه‌ندی." له‌باره‌ی ناوی پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی گوتی "كۆتا لیستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، شانزده‌ هه‌زار و 500 پێشمه‌رگه‌ی تێدایه‌، له‌ یه‌كه‌كانی 70 و 80 و لیواكان، واته‌ ڕه‌زامه‌ندییان هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی زه‌وی، دوای ڕێكاره‌كان ڕه‌وانه‌ی شاره‌وانییه‌كانیان ده‌كرێت به‌مه‌به‌ستی پێدانی زه‌وی." سه‌ربه‌ست مه‌ولود ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد "له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانبه‌رانه‌ی پێشتر كه‌م و كوڕییان هه‌بوو له‌ فۆرمه‌كانیان كۆتایی به‌ پرۆسه‌كه‌ دێت، هه‌ركه‌سێك مه‌رجه‌كانی تێدا بێت سوودمه‌ند ده‌بێت له‌ بڕیاری سه‌رۆكی حكوومه‌ت بۆ وه‌رگرتنی زه‌وی."

هەواڵ
18-08-2025

لە كابینەی نۆیەمدا چەند پرۆژە جێبەجێ كراون

لە ماوەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، لە تەواوی هەرێم 564 پرۆژەی جیاجیا بە بەهای زیاتر لە 24 ملیار دۆلار لە سێكتەری وەبەرهێنان جێبەجێ كراون و ئەوەش هەموو كەرتەكانی ئەو بوارەی گرتووەتەوە.لە بواری پیشەسازیدا 142 پرۆژە بە بەهای 3 ملیار و 649 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون، هاوكات لە كەرتی بازرگانیدا 142 پرۆژە بە گوژمەی ملیارێك و 194 ملیۆن دۆلار جێبەجێ كراون.لەڕووی گەشتیارییەوە 78 پرۆژە بە گوژمەی 7 ملیار و 559 ملیۆن دۆلار و لە كەرتی نیشتەجێبوونیش 60 پرۆژە بە گوژمەی 4 ملیار و 868 ملیۆن دۆلار ئەنجام دراون.هەرچی پرۆژەی سێكتەرەكانی دیكەی وەبەرهێنانە، بەمشێوەیە جێبەجێ كراون: فێركردن: 49 پرۆژە بە بەهای 417 ملیۆن دۆلار تەندروستی: 34 پرۆژە، بە بەهای 366 ملیۆن دۆلار كشتوكاڵ: 21 پرۆژە، بە بەهای 561 ملیۆن دۆلار وەرزشی: 14 پرۆژە بە گوژمەی 84 ملیۆن دۆلار هاوبەش و بیانی: 11 پرۆژە، بە گوژمەی 5 ملیار و 154 ملیۆن دۆلار خزمەتگوزاری: 8 پرۆژە بە گوژمەی 100 ملیۆن دۆلار هونەری: 3 پرۆژە بە گوژمەی 76 ملیۆن دۆلار بانكەكان: 2 پرۆژە بە گوژمەی 19 ملیۆن دۆلار لەم چوارچێوەیەدا لە كابینەی نۆیەمدا بە بەهای زیاتر لە 24 ملیار و 53 ملیۆن دۆلار پرۆژەی وەبەرهێنان جێبەجێ كراون.كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان قۆناغێكی گرنگی لە گەشەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە هەموو كەرتەكاندا بڕیوە و پرۆسەكەش بەردەوامە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری

1 2 ... 96 97 98 ... 1143 1144