كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئاژانسی جيهانی وزەی ئەتۆم، ڕایگه‌یاند، "به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر بڕی به‌هه‌مهێنراوی یۆرانیۆم له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌سكه‌وتووه و بۆ ئه‌و مه‌به‌ستهش داوایان لە بەرپرسانی ئه‌و وڵاته کردووە، ڕوونکردنەوە له‌باره‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌وه بده‌ن." ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 12ی تشرینی دووه‌م، ئاژانسی جیهانیی وزه‌ی ئه‌تۆم، ڕاپۆرتێكی بڵاوكرده‌وه و ڕایگه‌یاند، "مانگی ئابی ئەمساڵ، ئێران بڕی 2 هەزار و 105 کيلۆگرام يۆرانيۆمی هه‌ڵگیراوی هەبووە، به‌ڵام دواتر مانگی تشرينی دووەمی ئەمساڵ زیادی كردووه بۆ 2 هەزار و 442 کيلۆگرام يۆرانيۆم." ئاژانسه‌كه، ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه، "زيادکردنی ئه‌و بڕه به‌هه‌مێنراوه‌ی يۆرانيۆم لەلایه‌ن ئێرانه‌وه، دوای کشانەوەی ئەمريکا بووه ساڵی 2018 لە ڕێککەوتنی ڤیه‌ننا." ساڵی 2015، ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە شاری ڤييەنای پایته‌ختی نه‌مسا لەنێوان ئێران و پێنج ئەندامە هەميشەييەکەی نەتەوە يەکگرتووەکاندا واژۆکرا، كه به "ڕێككه‌وتنی وڵاتانی 1+5" ناسراوه، بەپێی ئه‌و ڕێککەوتنە ئێران دەتوانێت ته‌نها 202 کيلۆگرام یۆرانیۆمی هه‌ڵگیراوی هەبێت.
لەسەر پەسەندکردنی پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرز لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند،ئێمە ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە بێ ڕەچاوكردنی بنەماكانی شەراكەت و ڕێككەوتنەكان دەری کردووە، بە بابەتێكی سیاسی و بۆ گوشارهێنان لەسەر هەرێم و سزادانی خەڵكی كوردستانی دەبینین كە پێچەوانەی بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە و جۆرێكە لە تەنگپێهەڵچنین و شەڕفرۆشی. دەقی پەیامەکەی بارزانی: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان زۆر بەداخەوە جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە شیعە و سوننەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەنجەریان لە پشتی گەلی كوردستان دا و، بودجە و ڕزقی خەڵكی كوردستانیان وەك كارتێك بۆ گوشارهێنان بۆ هەرێمی كوردستان بەكار هێنایەوە. ئەوە لە حاڵێكدایە كە لە ماوەی ڕابردوو چەندین جار ڕێككەوتن لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ئیمزا كراوە، بەڵام ڕێككەوتنەكان جێبەجێ نەكراون. ئێمە ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە بێ ڕەچاوكردنی بنەماكانی شەراكەت و ڕێككەوتنەكان دەری کردووە، بە بابەتێكی سیاسی و بۆ گوشارهێنان لەسەر هەرێم و سزادانی خەڵكی كوردستانی دەبینین كە پێچەوانەی بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە و جۆرێكە لە تەنگپێهەڵچنین و شەڕفرۆشی. دەریشكەوت كە ئەوان پێشوەختە بڕیاری خۆیان لەسەر دژایەتیكردنی هەرێم داوە و هەمیشە بەو لۆژیكە مامەڵە لەگەڵ دەستوور و ڕێككەوتنەكان و ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان دەكەن. لێرەدا پێزانینم هەیە بۆ یەكدەنگیی نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا كە بە هەڵوێستێكی هاوبەش دژی ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەستانەوە و ئەو هەڵوێستەیان جێگەی سوپاس و دەستخۆشییە. داواش لە سەرۆكایەتیی هەرێم و پارلەمان و حكوومەت دەكەم كە لەگەڵ نوێنەرانی كوردستان لە بەغدا و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، پێكەوە لەسەر ئەم بابەتە كۆببنەوە و بگەنە بڕیارێكی هاوبەش. بڕیارێك بدەن كە لە ئاست بەرپرسیارێتی بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لە هەمانكاتیشدا كەرامەتی میللەتەكەمان بپارێزرێت و سنوورێك بۆ ئەو ڕەفتارانە دابنێت كە مەبەست لێی سزادانی گەلی كوردستانە. مەسعود بارزانی12ـی تشرینی دووەمی 2020
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی توشبوون و چاكبوونه‌وه و مردنی به كۆرۆنا بڵاوكرده‌وه و ڕایگه‌یاند، "لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، هەزار و 170 كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون." ئاماژەی به‌وه‌شكردووه، "471 توشبووش لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە و 29 كه‌سی تریش ببه كۆرۆنا گیان له‌ده‌ستداوه." به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاهره‌تی ته‌ندروستی، تائێستا 87 هەزار و 770 کەس لە هەرێمی كوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 54 هەزار و 47 کەسیان چاکبوونەتەوە و 2 هەزار و 760 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسەندکرد، ئەو بڕیارە کوردی نیگەران کرد، چونکە بێبەشی دەکات لەو بەشە پارەیەی کە لەسەری رێککەوتوون بۆ مووچەی فەرمانبەران.بەپێی دەقی یاساکە ، بڕی ئەو قەرزەی رێگەدراوە وەزیری دارایی عێراق لە ناوخۆ و دەرەوە بیکات، لە 41 تریلیۆن دینارەوە بۆ 12 تریلیۆن کەمکراوەتەوە، بەو مەرجەی ٪20ـی ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بێت. یاساکە هەروەها ژمارەیەکی هەمواری لیژنەی داراییشی تێدایە، لەوانە خەمڵاندنی بڕی داهاتی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ بە 10 تریلیۆن و 500 ملیار دینار، لیژنەی دارایی هەروەها کۆی گشتی خەرجییە پێویستەکان لەو چوار مانگەدا بە 22 تریلیۆن و 500 ملیار دینار دەخەمڵێنێت، بڕی داهاتی خەمڵێنراوی نانەوتیش لەو چوار مانگەدا بە 2 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە .لە ماددەی یەکەمی یاساکەدا هاتووە: بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ چوار مانگی کۆتایی ساڵی 2020 بە 19 تریلیۆن و 719 ملیار و 483 ملیۆن و 139 هەزار دینار دەخەمڵێنرێت، لەسەر بنەمای هەناردەی بەرمیلێک نەوتی خاو بە نرخی 40.51 سەنت، تێکڕا هەناردەش 3 ملیۆن و 33 هەزار و 273 بەرمیل بێت. لەگەڵ 250 هەزار بەرمیل لە نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان.محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی، ئەگەر هەموو داهات و خاک و میلەتیش تەسلیمی عێراق بکرێت، عێراق ئاماده نابێت بودجه و مووچه و مافی گەلی کوردستان بدات .وتیشی" ئەمڕۆ زیاتر ماھیەتی عێراقیەکان دەرکەوت، سوننه و شیعه لەگەڵ ئەو هەموو دوژمنایەتییەی هەیانه، هەردووکیان هەر عەرەب بوون و پێکەوه بە یەک دەنگ داوای بڕینی بودجه و مووچەی هەرێمی کوردستانیان کرد".کاکە حەمە پێی وایە، سێ رێگە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا هەن، یەکەم: چیتر داوای پاره و بودجه و مووچه له عێراق نەکرێت. دووەم: کورد له بەغدا بکشێتەوە. سێیەم: ئەو داهاتەی هەیه له کوردستاندا رێکی بخەنەوە و بە شێوەیەکی گونجاو هەموو (۳٠) سی رۆژ جارێک مووچە بدرێت، بۆ ئەوەی چاوەڕێی بەغدا نەبن و چیدی کورد لە بەردەم بەغدا و عەرەب زەلیل نەکەن.کازم سەیادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراق دەڵێ" من داوام لە یەک بە یەکی پەرلەمانتاران کردووە جێگەی کورد لە قەرزەکەدا نەکەنەوە و ئەگەر پشکی تێدا بوو دەنگی پێ نەدەن". ئەم قسەیەی سەیادی بەو مانایە دێت، کە هەموو فراکسیۆنە عەرەبییەکان، بە سوننە و شیعەوە دەنگیان لە دژی کورد داوە. دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، کاتژمێر 12ی شەوی رابردوو دەستیپێکرد و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو. دوای دەنگدان لەسەر پێنج ماددەی یەکەمی یاساکە (ماددەی یەکەم تاوەکو شەشەم، جگە لە ماددەی پێنجەم کە سڕایەوە)، مشت‌ومڕ و دەمەقاڵێ لە نێوان ژمارەیەک نوێنەری کورد و نوێنەرانی شیعە دروست بوو، فراکسیۆنە کوردستانییەکان دانیشتنەکەیان بایکۆتکرد، دەنگدان لەسەر ماددەکانی دانیشتنەکە بەڕێوەچوو و یاساکە پەسەندکرا.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش شەماڵ بێواری، وتەبێژی پۆلیسی سۆران، ڕایگه‌یاند، "دوو جۆرە مۆبایل به فه‌رمانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، قه‌ده‌غه‌كراوه." ئاشكراشی كرد، "موبایله‌كان ئێڵ 8 ستارن و ماوەی 8 مانگە هاوردەی هەرێمی كوردستان کراون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگی پیاو ده‌گۆڕێت بۆ ئافره‌ت، بۆیه كرین و فرۆشتی قه‌ده‌غه‌كراوه." ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "تائێستا هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی به‌و موبایلانه دروست نه‌بووه و هیچ هاوڵاتییه‌كیش سکاڵای تۆمار نەکردووه." موبایله قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش بەهۆی زیادکردنی چه‌ند ماددەیه‌ك بۆ پرۆژه‌یاسای قه‌رز له دژی حکومەت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی کورد بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد و پەرلەمانی عێراقیش به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ كورد، ته‌واوی مادده‌كانی پرۆژه‌یاساكه‌ی په‌سه‌ندكرد. بەشێکی زۆری په‌رله‌مانتارانی شیعە و سوننه له پەرلەمانی عێراق له دژی کوردستان یەکیان گرت، به‌پێچه‌وانه‌ی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداش کە پێشووتر کراوە، لەناو پرۆژەیاساکەدا داوایان کرد حکومەتی هەرێم تەواوی داهاتی خۆی ڕادەستی بەغدا بکات، ئه‌وكات شایستە داراییەکانی له حكومه‌تی عێراق وەربگرێت. به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی میدیایی باڵكێش، له‌دانیشتنه‌كه‌دا دەمەقاڵێ لەنێوان نوێنەرانی کوردستان و لایه‌نه شیعەكان دروستبووە و به‌وهۆیه‌وه نوێنەرانی کوردستان دانیشتنەکەیان بایكۆت كردووه.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه، 11ی تشرینی دووه‌م، شوانێك كوژرا و كه‌سوكاره‌كه‌شی "ئاسایش"یان به كوشتنی تۆمه‌تباركرد، ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانیش ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت، "تۆمەتباری کوژراو 2 فەرمانی گرتنی هەبووە" ده‌شڵێت، "تۆمەتباری کوژراو دوو فەرمانی گرتنی هەبووە لە دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ، بە ماددەکانی 446 و 442 و یەک فەرمانی گرتنیشی هەبووە لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی بە ماددەی 422." ئاسایش ڕوونیشیكردووه‌ته‌وه، "پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بەمەبەستی دەستگیرکردنی، تۆمەتبارەکە بە ئۆتۆمبێلێک خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوادا و تەقە دروست دەبێت تۆمەتبار هەڵدێت و سەرەنجام لە بازگەی ڕێدار بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە."
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 12ی تشرینی دووه‌م، له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌وه، تاوه‌كو ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه، زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌مشێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 282 ھەزار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 330 ھەزار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 378 ھەزار دینارە.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئاژانسی هه‌واڵی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویكرده‌وه، "ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووه‌م، ئاسایشی تورکیا 18 گومانلێکراوی داعشش لە باشوری توركیا ده‌ستگیر كردووه." ئاسایشی ناوچەیەكه‌ش ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت، "ئەو گومانلێکراوانە لەچوارچێوەی هەڵمەتێکی دژە تیرۆردا بووە، دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر چالاکی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی."ئاشكراشی كردووه، "دژە تیرۆر توانیویانه دەست بەسەر دوو دەمانچە و دوو بیکەیسیدا بگرن، لەگەڵ چەند ئاڵا و دروشمێکی داعش."ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، "گومانلێکراوەکان گوازراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە."
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرجەکانی تەندروستی و هەبوونی بڕێکی زۆر گۆشتی گومان‌لێکراو و جگەری بەستووی خراپبوو، کەڕوو کردوو، خواردەمەنی "کۆدۆ" لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە)ی شاری سلێمانی داخرا. فریال عوسمان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی 4ی قایمقامیه‌تی سلێمانی، ڕایگه‌یاندووه، بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرجەکانی تەندروستی و هەبوونی بڕێکی زۆر گۆشتی گومان‌لێکراو و جگەری بەستوی خراپبوو، کەڕوو کردوو، خواردەمەنی "کۆدۆ"مان لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە)ی شاری سلێمانی داخستووه. فریا عوسمان دەشڵێت: "بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی خواردەمەنی کۆدۆ دادەخرێت و ئەو گۆشت و جگەرە بەستووەش كه دەستی بەسەرداگیراوە، ڕەوانەی بەرێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری دەکرێت بۆ لەناوبردن و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە."
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 12ی تشرینی دووه‌م، دامەزراوەیەكی "عه‌ین"ی خێرخوازیی سه‌ربه مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان، 100 ئۆتۆمبێلی نوێی بەسەر 100 خێزانی شارەكانی عێراقدا دابه‌شكرد. دامەزراوه خێرخوازییه‌كه ڕایگه‌یاندووه، "ئه‌مڕۆ 100 ئۆتۆمبێلی نوێمان بەسەر 100 خێزانی هەژاردا دابه‌شكرد، كە پێشتر لە شاره‌كانی عێراق ناویان تۆماركراوە و نرخی هه‌ر ئۆتۆمبێلێكیش نزیكەی 10 ملیۆن دیناره."ئەوەشی خستوه‌تەڕوو، "ئەم كاره‌مان به‌مه‌به‌ستی خۆبژێوی ئەنجامداوە، بۆ ئه‌وه‌ی ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ ئه‌و خێزانه هه‌ژارانه و بتوانن بژێوی خۆیانی پێ دابین بكه‌ن و ئاشكراشی كردووه، كه پاره‌ی ئۆتۆمبێله‌كان له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دارێكی خێراخوازه‌وه دراوه."
عومەر محه‌مه‌د، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران، ده‌ڵێت: "كێشەی پرۆژەی نیشتەجێبوونى كرێكاران و پیشه‌وه‌رانى كه‌لار کە لە نێوان خاوەن قیستەکان و کۆمپانیاکەیە، تائێستا چارەسەر نەبووە." كێشه‌كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه، به‌شداران كێشه‌یان له پێدانى قیسته‌كانیان هه‌یه و كۆمپانیاكه‌ش فشاریان لێده‌كات، تا ده‌گات به‌وه‌ى وه‌ك ده‌وترێت، هه‌ڕه‌شه‌ى لێسه‌ندنه‌وه‌ى یه‌كه‌كان بكه‌ن. ده‌رباره‌ى چاره‌سه‌كردنى كێشه‌كه‌ش، عومه‌ر محه‌مه‌د ده‌ڵێت: "ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەبوو، خاوەن قیستەکان دەتوانن خانووه‌کانیان بهێننەوە و ئێمە بیبەخشین بە بەشداربوویەکی تر و به‌دوری نازانێت پرۆژه‌كه ڕابگیرێت و كارى تێدا نه‌كرێت.