كاروان كه‌لاری/ باڵكێش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، تویتێكی كردووه و ده‌ڵێت: "پشکی کوردستان لە بودجەی حکومەتی فیدراڵی، پاداشت نییە، بەڵکو مافێکی خۆمانە." ده‌شڵێت: "پێشتریش باسمان کردووە، پەیوەندی ھەولێر و بەغدا پێویستە لە سەر بنەمای داننان بە ماف و ئەرکی ھەر لایەک بێت بەپێی دەستور." ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، "ئەو پێشھاتە مەترسیدارە، پێویستە بە زووترین کات ڕاست بکرێتەوە و ھێشتاش دەرفەت ماوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ستەمەی ئەنجام درا."
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مریكی ئاشكرای كردووه، مۆسادی ئیسرائیل (ئه‌بو محه‌مه‌د میسری)، كه‌سی دووه‌می ڕێکخراوی قاعیدەی لەناو تارانی پایتەختی ئێران‌دا کوشتووە. ناوبراو ته‌مه‌نی 58 ساڵه و به جێگرەوەی ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی ئێستای ڕێكخراوی قاعیدە دادەنرێت، تۆمه‌تباره به هێرشی سەر دوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کیشوەری ئەفریقا له‌ساڵی 1998 و چه‌ند هێرشێكی تر بۆ سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌و وڵاته و ڕۆژی 7ی ئابی ئه‌مساڵ، له‌لایه‌ن مۆسادی ئیسرائیله‌وه له‌سه‌ر ماتۆڕسكیلێك ته‌قه‌ی لێكراوه و كوژراوه. چەند ساڵێکە ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكا (ئێف بی ئای) چاودێری نابرا و ده‌كات لە ئێران و 10 ملیۆن دۆلاریشی د‌یاریكردبوو بۆ هەرکەسێک بتوانێت بەشداری بکات لە دەستگیرکردنی نابراودا. ئەبو محەمەد میسری، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ڕێكخراوی قاعیدە و کچێکیشی پێشتر هاوسەری حەمزە بن لادنی کوڕی ئوسامە بن لادنی سه‌رۆكی پێشووی ڕێكخراوی قاعیده بووه. نیویۆرک تایمز ئاشكراشی كردووه، كه (ئەبو محەمەد میسری) ساڵی 2003 لەلایه‌ن ئێرانه‌وه دەستبەسەرکراوە، بەڵام دواتر تا 2015 لە دەوروبەری تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا ژیاوه.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کەشناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان، پێشبینییەکانی کەش و هەوای ئه‌مڕۆ و سبه‌ی بڵاوکردەوە و ڕایگه‌یاند، ئاسمانی زۆربەی ناوچەكانی هەرێم ساماڵ و نیمچە هەور دەبێت. بەپێی پێشبینییەکانی که‌شناسیی، ئەمڕۆ پله‌ی گه‌رمای هه‌ولێر 22 پلە و سلێمانی 19 پله و دهۆک 20 پله و کەرکوک 25 پلە دەبێت. سبەینێش، هەولێر 21 پلە و سلێمانی 19 پلە و دهۆک 19 پله و کەرکوکیش 24 پله دەبێت.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 14ی تشرینی دووه‌م، ڕێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمانی کوردستان له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئاشکرای کرد، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 35 پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان توشی کۆرۆنا بوون." له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشه‌وه، وتی: "پێشهاتی بابه‌تی مووچه‌ی مووچه‌خۆران به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت و ته‌مویلی كورتهێنانی مووچه له عێراق له‌ڕێگه‌ی یاسایه‌كه‌وه پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندنه و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌ڕوانگه‌ی په‌رۆشییان بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت ئه‌م بابه‌ته به‌هه‌ند وه‌ربگرن و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌مری واقیعدا بكه‌ن." وتیشی: "پێویسته گفتوگۆ بكه‌ین و چاره‌سه‌ر بدۆزینه‌وه، چونكه بابه‌تێكی گرنگه و سبه‌ی له‌سه‌ری كۆده‌بینه‌وه و پێویسته په‌رله‌مانی كوردستانیش ئه‌ركی خۆی ڕاپه‌ڕێنێت و دانیشتنی بۆ ئه‌نجام بدات، ئه‌وكات بڕیاری په‌رله‌مان ئاشكرا ده‌بێت له‌وباره‌یه‌وه." باسی له‌وه‌شكرد، "ڕاسته كورد پێكهاته‌یه‌كی گرنگه له عێراق، به‌ڵام له عێراق زۆرینه و كه‌مینه هه‌یه و له هه‌رێمی كوردستانیش به‌هه‌مان شێوه‌یه و ئه‌و بابه‌ته‌ش بووه به یاسا و پێویسته مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یاسا و ئه‌مری واقیعدا بكه‌ین." كاتی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانیشی ئاشكرا كرد، وتی، "هه‌ركاتێك ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی كه تووشی كۆرۆنا بوون، چاكبوونه‌وه، ده‌ست به دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه." بڕیاره سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه، 15ی تشرینی دووه‌م، سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا له‌باره‌ی تێپه‌ڕاندنی یاسای ته‌مویلی قه‌رزی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه كۆببنه‌وه، كه كۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه به‌بێ ده‌نگی نوێنه‌رانی كورد تێپه‌ڕێندرا و تیایدا بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕدرا.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئەمڕۆ 236 ساڵ بە سەر دامه‌زرانی شاری سلێمانیدا تێدەپەرێت، به‌ڵام هاوڵاتیانی ئه‌م شاره نیگه‌رانن له كه‌می خزمه‌تگوزاری و بێكاری و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م شاره. مێژووی دروستبوونی شاری سلێمانیپێش ئەوەی بابانییەكان بیر لە دروستكردنی شاری سلێمانی بكەنەوە، ئیمارەتەكەیان لە گوندی (قەڵاچوالان) بوو، لەگەڵ بەرفراوانبوونی ئیمارەتەكە جموجوڵی ئاوەدانكردنەوەو بنیاتنانی شارستانی لە ناوچەكەدا دەستیپێكرد، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بابان‌دا ململانێ و توندوتیژی لەنێوان فارسەكان و عوسمانییەكاندا هەبوو، شوێنی جوگرافیای قەڵاچوالانیش لەبەر نزیكی لە سنووری ئێرانەوە شوێنێك بوبووە مەترسی شەڕو پێكدادانی نێوان لەشكری فارس و عوسمانییەكان، بۆیە هەریەكە لە "نادر شا‌و سوڵتان مەحمودی یەكەم" لەهەوڵی ئەوەدا بوون ئیمارەتی بابان بەلای خۆیاندا رابكێشن. كێشمەكێشی ناوخۆیش لەنێو بنەماڵەی بابانییەكان و ئیمارەتە كوردییەكاندا بۆ كورسی و دەستەڵات ئەوەندەی دیكە مەترسی لەسەر ناوچەكە دروستكردبوو، ئەمەش وایكرد مەحمود پاشای بابان ساڵی (1781)ی زاینی بیری لەوە كردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێكی تر، بۆیە سەرای حكومەتی لەنزیك گوندی مەڵكەندی دروستكرد، دواتر ئیبراهیم پاشای بابان لە ساڵی (1783)دا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەكەی گرتەئەستۆو دەستیكرد بە دروستكردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی (1784)دا لە دروستكردنی شاری سلێمانی كۆتایی هات، لەهەمان ساڵدا بابانییەكان پایتەختی ئیمارەتەكەیان گواستەوە سلێمانی. لە ساڵنامەی (1955)ی سلێمانیدا كە لە رۆژنامەی" ژین"دا بڵاوكراوەتەوە هاتووە: "ئیبراهیم پاشای بابان خۆی حوكمداری شاری قەڵاچوالان بووە، لەبەر ناخۆشی و تەنگی شوێنەكە و لەترسی هێرشی دوژمن بەتایبەتی لە نادر شای حوكمداری ئێران كە گەلێ جار ویستویەتی هەڵمەت بەرێتە سەری دەستبەسەری بكات، بە ناچاری شاروشوێنی هەڵسوڕانی كاروباری وڵاتەكەی گواستەوە ئەم شوێنە كە ئێستا شاری سلێمانییە". شوێنی شاری سلێمانیشاری سلێمانی دەكەوێتە نێوان هێڵی پانی (34–36) پلە لەسەر هێڵی كەمەرو هێڵی درێژی (45–46) پلە لە رۆژهەڵاتی هێڵی گرینویجی گۆی زەوییەوە، واتە دەكەوێتە باشوری رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا‌و باكوری خۆرهەڵاتی كوردستانی عیراقەوە. سلێمانی لە باكوری خۆرهەڵاتەوە بە زینجیرە شاخی ئەزمڕ كە (1702م) و گۆیژە (1524م) بەرزن و قەیوان دەورەدراوە، لە باشوورەوە چیای بەرانان كە (1373م) بەرزە دەورەدراوەو لە رۆژهەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەستپێدەكات كە درێژییەكەی (45كم) و پانییەكەی (15كم) لە رۆژئاواشەوە شاخی تاسڵوجە كە (911م) بەرزییەتی گەمارۆی داوە، شارەكەش (853م) لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزەو ئاووهەواكەی بە دەریای ناوەڕاستەوە كاریگەرەو لە زستاندا سارد‌و باراناوییەو هاوینیشی وشك و گەرم و بێبارانە، جیاوازییەكی زۆریش لەنێوان پلەكانی گەرمای شەو رۆژو وەرزەكانی ساڵیدا بەدیدەكرێت. لە یەكێك لە ژمارەكانی رۆژنامەی ژین‌دا ساڵی 1955 بەمجۆرە باس لە پێگەی جوگرافیای شاری سلێمانی كراوە:"شاری سلێمانی مەركەزی لیوای سلێمانیە، لەسەرویەوە شاخی گۆیژەو ئەزمڕ لە خواریەوە روباری تانجەرۆو زنجیرە شاخی گڵەزەردە دەوریداوە، پانایی روەكەی (20) ملیۆن و (250) هەزار مەترەو ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە (60) هەزار كەس و خانووەكانی نزیكەی (7) هەزارە، شەش گەڕەكی سەرەكی تیایە (كانی ئاسكان، گۆیژە، مەڵكەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن) گەڕەكی جولەكانی جارانیش ئێستا خراوەتەسەر گەڕەكی سەرشەقام". هەر سەبارەت بە شاری سلێمانی رۆژنامەكە نوسیویەتی "لەناو شارەكەدا نەخۆشخانەیەكی گەورەو دوو موستەوسەف و شوێنی پاراستنی ساوایان هەیە (40) مزگەوت و (6) ئوتێل و (35) لۆقنتەو كەبابخانە (5) چایخانەی گەورەو بچوك، (13) دەلاكخانە، (10) حەمام، نزیكەی (2) هەزار دوكان لەگەڵ (3) بانكی تیایە (بانكی زراعی، عەقاری، رافیدەین). گەڕەك و شوێنە مێژووییەكانیشاری سلێمانی چەندین گەڕەك و ناوچەی مێژوویی لەخۆ دەگرێت، دیارترین گەڕەكە مێژووییەكانی شاری سلێمانی گەرەكی كانی ئاسكان، گۆیژە، مەڵكەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەكی جوولەكانە، لە دیارترین شوێنە مێژوییەكانی شاری سلێمانیش، بەردەركی سەرایە كە میرەكانی بابان لەگەڵ دروستكردنی شاری سلێمانی جێگەیەكیان تەرخانكردووە بۆ بارەگای بەڕێوبردنی دەسەڵاتەكەیان كە بە سەرا ناسراوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی مەلیك مەحمودیشدا، سەرای سلێمانی لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دروستكراوە كە پێكھاتووە لە دوو نھۆم و 43 ژوور، چەندین جار كاری چاكسازی تیادا كراوە و پاشان تەرخانكراوە بۆ پێگەی ئیداری پۆلیس و قائیمقامیەت، ئێستاش لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی شۆێنەواری سلێمانییەوە نۆژەنكراوەتەوە و بۆتە یەكێك لە دیارترین شوێنە مێژویییەكانی سلێمانی . شوێنە گەشتیارییەكانیسەرباری بوونی چەندین شوێنی گەشتیاری و ھاوینە ھەوار لە شاری سلێمانیدا، بەڵام ھەریەك لە سەیرانگای سەرچنار و ھاوینە ھەواری دوكان، لە دیارترین ھاوینە ھەوارەكانی شارەكەن و ساڵانە سەدان ھەزار كەس لەناوخۆ و دەرەوە سەردانیان دەكات، باخی گشتیش یەكێكە لە شوێنە مێژووییەكانی سلێمانی كە دەكەوێتە خۆر ئاوای شارەكەوە و یەكەم باخچەی میرییە كە لە ساڵەكانی (1937-1939) لەلایەن مەجید یەعقوبی موتەسەریفی ئەو كاتەی سلێمانییەوە دروستكراوە. شاری سلێمانی لە ھەرێمی كوردستاندا بە شاری رۆشنبیری دەناسرێت ئەوەش بۆ دەوری بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەكیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، كە ھەموو مەلا و زاناكان شاعیر و نووسەر بوون و رۆڵی مزگەوت و حوجرەش كەم نەبووە لەو بوارەدا، سێ كوچكەی بابان، "نالی و سالم و كوردی" قوتابحانەی شیعری بابان-یان دروستكردووە و تا ئەمڕۆش كاریگەری گەورەیان لەسەر زمان و ئەدەبیاتی كوردی ھەیە. جگە لەوەش زۆربەی نوسەر و ئەدیب و شاعیرانی كورد لە سلێمانیدا بوون كە دیارتینیان نالی، سالم، كوردی، مەولانا خالید، گۆران و تایەر بەگی جاف، وەلی دێوانە، زێوەر، ئەحمەد موختار جاف، مەلا عەزیزی موفتی، پیرەمێرد، بێخود، جەمال عیرفان و بێكەس و شێركۆ بێكەس و چەندین نووسەر و شاعیری گەورەی ترن. سلێمانی پێشەنگە لەرووی گرنگیدان بە میدیا و رۆژنامەگەریشەوە شاری سلێمانی لە پێشەنگی شارەكانی ھەرێمی كوردستاندایە ھەر لە سەردەمی شێخ مەحمودی نەمرەوە سلێمانی شوێنی دەرچوونی چەندین رۆژنامە بووە، لەئێستاشدا دەیان دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی تێدایە و چەندین رۆژنامە و گۆڤاری لێوە دەردەچێت و ژمارەیەكی زۆریش رادیۆ و تەلەفزیۆن و سەتەلایتی تێدا پەخش دەكرێ، لەم شارەدا چەندین گرووپی شانۆ و مۆسیقا و نیگاركێش و ھونەرمەندی شێوەكار ھەیە و بەبەردەوامیی لەم شارەدا چالاكییە ھونەرییەكان بەرێوەدەچن. لەرووی گرنگیدان بە خوێندنیشەوە، شاری سلێمانی ھەمیشە پێشەنگ بووە و مێژوو ئەو شایەتیەی بۆ دەدات كە دروستكردنی یەكەم زانكۆ لە ھەرێمی كوردستاندا لە شاری سلێمانی بووە كاتێك بۆ یەكەمجار لەساڵی 1968 زانكۆی سلێمانی دامەزرا، سەرەتا تەنھا سێ كۆلێژی تێدا بوو، بەڵام ساڵانی دواتر ژمارەی كۆلێژەكان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد، لەساڵی 1981 رژێمی بەعس ئەم دامەزراوە ئەكادیمییەی راگواست بۆ شاری ھەولێر و ناوەكەشی گۆڕدرا بۆ "زانكۆی سەڵاحەدین". لەساڵی 1992 جارێكی تر زانكۆی سلێمانی دامەزرێندرایەوە لەئەنجامی ھەوڵ و كۆششی زۆری رۆشنبیران و زانستخوازانی كورد و خەڵكی دڵسۆزی شاری سلێمانی و لە ڕۆژی ١٤ی تشرینی یەكەمی 1992 دا زانكۆ جارێكی تر كرایەوە، لە ئێستاشدا چەندین زانكۆ و كۆلێژی جیاواز لەناو شاری سلێمانیدا دامەزراون. لە ئێستاشدا دوای تێپەڕبوونی 236 ساڵ بەسەر دامه‌زراندنی سلێمانیدا، هاوڵاتیانی ئه‌م شاره نیگه‌رانن له نه‌بوونی خۆمه‌تگوزاری و بێكاری و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه و له‌سه‌ر ئاستی زۆرێك له بواره‌كان چه‌قی به‌ستووه.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 14ی تشرینی دووه‌م، لە كەناراوی شارەكانی خۆمس و سورمانی لیبیا، دوو یەخت نوقمبوون كه 100 كۆچبه‌ریان هه‌ڵگرتووه و گیانیان له‌ده‌ستداوه. ڕێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی بڵاویكرده‌وه، لە كەناراوی شارەكانی خۆمس و سورمانی لیبیا، دوو یەخت نوقمبوون كه 100 كۆچبه‌ریان هه‌ڵگرتووه و گیانیان له‌ده‌ستداوه. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "كه 47 كۆچبەر لە لایەن تیمەكانی ئاسایشی كەناراوەكان و ماسیگرانەوە ڕزگاركراون و تەرمی 31 كۆچبەریش دۆزراوه‌ته‌وه."
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 14ی تشرینی دووه‌م، له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌وه، تاوه‌كو ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه، دراوه‌كان له بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌مشێوه‌یه مامه‌ڵه‌یان پێوه ده‌كرێت. 100 دۆلار به 125 هه‌زار و 100 دیناره. 100 پاوەن بە 165 هەزار و 100 دینارە. 100 یۆرۆ بە 147 هه‌زار و 750 دینارە. 100ھەزار تمه‌نی ئێرانی به 5 هه‌زار و 200 دیناره. 100 لیرەی تورکی بە 15 هەزار دینارە.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 14ی تشرینی دووه‌م، له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌وه، تاوه‌كو ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه، زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌مشێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 285 ھەزار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 333 هه‌زار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 380 ھەزار دینارە.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 14ی تشرینی دووه‌م، سەعران ئەعاجیبى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە، "قسەکردن لەسەر سەربازی زۆرەملێ کارێکى ناواقیعییە، بەهۆى ئەو بارودۆخە سەختە ئابورییەى کە ئێستا عێراقى پێدا تێپەڕدەبێت." ئاماژەى به‌وه‌شکردووە، "هەڵبژاردنى پێشوەختە هیچ شتێکى نەهیشتووەتەوه تەواو بکرێت و تەمەنى کورت بووەتەوە و ئەو پرسەش پێویستى بە یاسایەک هەیە کە گفتوگۆى چڕوپڕى لەبارەوە بکرێت." ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، له‌ئێستا ڕێگرییه‌كانی به‌رده‌م ئه‌م یاسایه بریتییه له، دابینکردنى پارەیەکى زۆرى پێویست و تەرخانکردنى سەربازگه لە سەرجەم پارێزگاکان، سەربارى ئەوەش کڕینى کەلوپەلى سەربازى و چەک و تەقەمەنى بۆ مەشق و ڕاهێنان، بۆیه پرسێکى هەروا ئاسان نییە.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مشه‌و هه‌ینی، 13ی تشرینی دووه‌م، چه‌كدارانی داعش هێرشیانكرده سه‌ر بازگه‌ی نه‌قشبه‌ندی ناحیه‌ی گوڵاڵه و دوو سه‌ربازی عێراقیان كوشت و سێ سه‌ربازیشیان برینداركرد، كه یه‌كێكیان پۆلیسێكی گه‌رمیانه. به‌پێی زانیارییه‌كانی باڵكێش، داعش هێرشه‌كه‌ی له دوو ئاراسته‌وه ئه‌نجامداوه و سه‌ره‌تا هاوه‌نی گرتووه‌ته بازگه‌كه و دواتر هێرشی كردووه. باڵكێش وێنه و ناوی یه‌كێك له سه‌ربازه كوژراوه‌كانی ئه‌مشه‌وی ده‌ستكه‌وتووه، كه كه‌سێكه به‌ناوی (فەلاح حوسێن کازم زوھێری)یه و خه‌ڵكی شاری حله‌یه و پۆلیسی فیدراڵییه. بازگه‌ی نه‌قشبه‌ندی سه‌ر به ناحیه‌ی گوڵاڵه‌ی سه‌ر به قه‌زای خانه‌قینه، پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی گه‌رمیان و سوپای عێراقی تێدایه، چه‌ند جارێكه داعش هێرش ده‌كاته سه‌ر ئه‌م بازگه‌یه و هه‌وڵده‌دات ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت، چه‌ند جارێكیش به چه‌ند سه‌د مه‌ترێك دووری بازگه‌كه بۆسه و بازگه‌ی وه‌همییان داناوه و هاوڵاتی مه‌ده‌نییان كوشتووه و ڕفاندووه.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش له‌نزیك مزگه‌وتى گه‌وره‌ى سلێمانى، شه‌ڕه چه‌قۆ له‌نێوان 5 گه‌نجدا ڕوویداوه و به‌هۆیه‌وه دوو كه‌س كوژراون و دووانی تریش بریندارن. محه‌مه‌د عه‌لی حه‌مه، په‌یامنێری باڵكێش له سلێمانی وتی، "كاتژمێر 10:30 خوله‌كی ئه‌مشه‌و شه‌ڕه چه‌قۆ له‌نێوان پێنج گه‌نجێكدا ڕوویداوه و به‌هۆیه‌وه دووان له گه‌نجه‌كان كوژراون، كه ته‌مه‌نیان 22 ساڵ و 23 ساڵه." وتیشی: "ده‌ستبه‌جێ پۆلیس گه‌یشتوونه‌ته شوێنی ڕووداوه‌كه و ته‌رمی كوژراوه‌كانیان گواستووه‌ته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شار و دوو گه‌نجی تریشان ده‌ستگیركردووه، به‌ڵام یه‌كێكیان هه‌ڵاتووه و تائێستا ده‌ستگیر نه‌كراوه و لێكۆڵینه‌وه ده‌ستیپێكردووه."
دەستەی یانەكانی پرێمەرلیگ ناوی باشترین یاریزانی مانگی ئۆكتۆبەری لە خولەكە ئاشكرا كرد.پێگەی فەرمی یانەكانی پرێمەرلیگ لە تویتەر ئاشكرای كرد، سون هیونگ مین ئەستێرەی یانەی تۆتێنهام هۆتسپێر بەباشترین یاریزانی مانگی رابردووی خولەكە دەست نیشان كراوە، دوای ئەوەی ناوبراو لە مانگی رابردوو 4 گۆڵی تۆمار كرد لەگەڵ رەخساندنی دوو دەرفەتی گۆڵ بۆ هاوڕێكانی.یانەی تۆتێنهام خانەی دووەمی پرێمەرلیگی گرتووە بە كۆكردنەوەی 17 خاڵ و بە جیاوازی تەنیا یەك خاڵ لە دوای یانەی لیستەر سیتی پێشەنگ دێت.