Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
20-09-2025

مەسرور بارزانی: سەرەڕای قەیرانەکان بەڵام پڕۆژەكانی ئاوەدانی لە کوردستا...

ئەمڕۆ شەممە 9/20، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، جووتسايدی شێخان-لالش-ی لە پارێزگەی دهۆک کردەوە. لە ڕێورەسمەکەدا کە حازم تەحسین بەگ، میری ئێزیدییان و شێخ عەلی شێخ ئیلیاس بابە شێخ و ئەنجومەنی ڕووحانی و ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ناوچەکە ئاماده‌ى بوون، سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا، دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار کرد، کە بەشێوەیەکی پێشکەوتوو پڕۆژەکەیان جێبەجێ کردووە و پیرۆزبایی لە خەڵکی دەڤەرەکەش کرد و هیوای خواست سوود و کاراسانییەکی باشیان بکات لە ژیانی ڕۆژانەیاندا. ئەمەش دەقی گوتارەکەیە: بە ناوی خودای گەورە و دلۆڤانخوشك و برایانی هێژائامادەبووانی قەدرگرانبەخێرهاتنێكی گەرمی هەمووتان دەكەمبە تایبەت سوپاسی ئامادەبوونی بەڕێزان میر حازم و بابە شێخ و جڤاتی رۆحانی و كەسایەتییەكانی ئۆلی ئەم دەڤەرە دەكەم كە لەم بۆنەیەدا بەشدارن.پێش ساڵێك ئێمە لێرە بووین و بەڵێنمان دا كە جادەی شێخان بۆ لالشی پیرۆز دەكەینە جووتساید، سوپاس بۆ خودا پاش ساڵێك گەڕاینەوە و ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ كردنەوەی ئەم جادەیە.بێگومان هەر كارێك ئێمە بكەین، بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیيانی خۆمان، ئەركی ئێمەیە، بە تایبەت ئەم دەڤەرە كە دەڤەرێكی زۆر گرنگە لەلایەنی مێژوویی و ئایینی و پێكەوەژیان و شۆڕشگێڕیی مێژووی گەلی ئێمەدا و خەڵكێكی زۆر شۆڕشگێڕ لەم دەڤەرە هەن، ئەركی ئێمەیە خزمەتی ئەم دەڤەرە بكەین، بۆیە هەر كارێك بكەین ئێمە بە ئەركی دەزانین و خۆشحاڵین كە ئەمە یەكێكە لەو پڕۆژانەی لەم دەڤەرە ئەنجام دراوە و بێگومان ئەم پڕۆژانەش بەردەوام دەبن لەسەر ئاستی پارێزگا و لە شوێنی دیكەش. خوشك و برایانی ئێزدی بەشێكی ڕەسەنی كوردستانن و هەروەك جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمووی، كوردی ڕەسەن ئێزدینە. لەبەر ئەوە بە هیچ جۆرێك ئێمە لێك جیا ناكرێینەوە. من دەزانم ئەم دەڤەرە، چەندە گرنگە بۆ خوشك و برایانی ئێزدی و زۆر خەڵك لە سەرانسەری جیهان دێنە ئێرە و سەردانی لالشی پیرۆز دەكەن، پاش چەند رۆژێكی دیكەش وەك ئێمە بیستمان دیسان زیارەتكار دێنە ئێرە. هیوادارم ئەم خزمەتگوزارییە، ئاسانكاری بكات بۆ هاتووچۆی خوشك و برایانمان و هەروەها ئەم شەقامە خزمەتی خەڵكی دیكەش بكات كە ئەم دەڤەرە پێكەوە گرێ دەدات. پڕۆژەی دیكەش هەن كە ئەوانیش ئەنجام دەدرێن، ئەمانەش هەموویان پێكەوە گرێ دەدرێن و بەهۆیانەوە بابەتی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتیيان ئاسانتر دەكات و ڕووداوی نەخوازراوی هاتوچۆ كەمتر دەكەنەوە و بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیيان زۆر باشتر دەبێت. هیوای من ئەوەیە كە هاووڵاتیش كارێكی وا بكەن ڕەچاوی ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ و پۆلیسی هاتوچۆ بكەن بۆ سەلامەتیی خۆیان و كەسوكار و هاووڵاتیيانی دیكەش. چەند ئێمە بتوانین خزمەتی میللەتی خۆمان بكەین، پێكەوە دەتوانین بەختەوەرتر ببین. ئێمە دەمانویست پشتیوانییەكی زیاتر لەسەر ئاستی حكومەتی فیدرالی بۆ هەرێمی كوردستان بكرابایە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی كە ئێمە بینیمان، دیسان پڕۆژەكانی ئاوەدانی لێرە ڕانەگیران، بەشێكی زۆری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كە باوەڕێكی زۆریان بە حكومەتی هەرێم هەیە و ئەم پرۆژەیان جێبەجێ كرد، جێی دەستخۆشییە. لەبەر ئەوە من پێمخۆشە سوپاسێكی تایبەتی كۆمپانیای جێبەجێكار بكەم بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە كە بەڕاستی بە ماوەیەكی زۆر كەم و بە ستانداردێكی جیهانی و نێودەوڵەتی ئەم جادەیەیان جێبەجێ كرد. دەستخۆشییان لێ دەكەم و هیوادارم بەردەوام بن لە خزمەتكردن و جێبەجێكردنی پرۆژەی دیكەش لە هەر شوێنێك كە ئەم ئەركەیان پێ بسپێردرێت. من پێم خۆشە لێرە باسی بابەتی خوشك و برایانی ئێزدی بكەم كە ساڵانێكە ڕووبەڕووی ناخۆشی و نەهامەتی بوون، بەڵام هەموو كاتێك بەهێزتر مانەوە و لەسەر پێی خۆیان وەستانەوە و ڕووبەڕووی پیلانی دوژمن و ناحەزان بوونەوە. من یەكێكم لەو كەسانەی كە وەك شاهێد كاتێك لە خزمەتی جەنابی سەرۆكدا بووین لەو كاتەی داعشی دڕندەی تیرۆریست هێرشی هێنایە سەر شنگال، جەنابی سەرۆك ئەوكات فەرمانی كرد یان شنگال ڕزگار دەكەین، یانیش دەبێ ئێمە هەموومان خۆمان لەسەری دابنێین. بە پشتیوانیی خودا، جەنابی سەرۆك، سەركردایەتیی لەشكری كوردستانی كرد بۆ ئازادكردنی شنگال و پاش سەد ڕۆژ، بەڵێنی جەنابی سەرۆك بەجێ هێندرا. ڕاستە ئێمە سەدان شەهیدمان دا، بەڵام ئێمە نەمانهێشت ئیرادەمان بشكێندرێت، جەنابی سەرۆك سەربڵندیی خوشك و برایانی ئێزدیی لە هەموو شتێك بەلاوە گرنگتر بوو كە جارێك لەسەر چیای شنگال فەرمانی كرد و گوتی ئێستا ئێمە لێرەین و سەری دوژمنانی خوشك و برایانی ئێزدیی لەبن پێی ئێمەدایە. ئەم پێكەوەژیانەی كە لە كوردستاندا هەیە و ئەم پەیوەندییە ڕەسەنەی لەنێوان ئێزدی و ئێمەدایە، ئەمە بە هیچ شتێك لێك جیا ناكرێتەوە، هەرچەندە هەوڵی زۆر دەدرێن بۆ ئەوەی خوشك و برایانی ئێزدیی ئێمە لە شنگال دوور بخەنەوە. ئێمە هەوڵێكی جددیمان دا بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی شنگال لەگەڵ حكومەتی فیدرال جێبەجێ بكرێت، بەڵام دیسان هەتا ئەم كاتەش ئەم ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە، بەهۆی هەندێك هێزی لەیاسادەرچوو لەوانەی خۆیان سەپاندووە. داخوازیی ئێمە لە حكومەتی فیدرالی ئەوەیە كە هەنگاوی جددی بنێن و ئاسانكاری بكرێت تاوەكوو خوشك و برایانی ئێزدی بە سەربڵندی بگەڕێنەوە شنگال، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیانی ئێمە، چ ئێزدی بن، موسوڵمان بن، عەرەب بن، توركمان بن، كریستیان بن، بە سەربڵندی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لەو دەڤەرەی كە بەداخەوە لەبەر هێرشی دڕندانەی تیرۆریستان بەجێیان هێشت، پێویستە هەر بگەڕێنەوە و هیچ پیلانێكی سیاسی ناتوانێت ئێمە لە ئاو و خاکمان جیا بکاتەوە. حەز دەكەم باسی ئەوە بكەم كە گفتوگۆی ئێمە لەگەڵ حكومەتی فیدرالیش لەسەر بابەتی دابینكردنی بودجە و مووچە بەردەوامن، زۆرجار ئێمە گوتوومانە كە هیچ ئاستەنگێك نەماوە، بەڕاستیش لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە هیچ جارێك هیچ ئاستەنگێك دروست نەكراون، هەموو جارێك هەر بیانوویەك هەبووبێت، ئێمە هەوڵمانداوە لایببەین بۆ ئەوەی بابەتی شایستەی دارایی خەڵكی كوردستان دابین بكرێت. لە دوایین گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا، ئێستا وەك ئەوەی من ئاگادار كراومەتەوە كە لەنێوان كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدرالی دیارە تێگەیشتن و ڕێككەوتنێك هەیە، ئەمە دەبێتە دەستپێكێكی زۆر باش بۆ نەهێشتنی ئەو ئاڵنگاری و ئاستەنگەی كە هەتا ئێستا ماوەتەوە. هیوای من ئەوەیە كە لە ڕۆژانی داهاتوو ئەم ڕێككەوتنە ببێتە واقیع و ببێتە جێی ڕەزامەندیی هەموو لایەك و حكومەتی عێراقیش پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە ماف و هەقی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات و چیدی بابەتی مووچە نەبێتە سەردێڕی هەواڵی ڕۆژانە. بۆیە هیوادارم لە ماوەیەكی نزیكدا، بگەینە ئەنجامێكی ئەرێنی.

هەواڵ
18-09-2025

وەزیری بەرگری عێراق گەیشتە لای سەرۆک بارزانی

ڕاگەیەنراوێک لە بارەگای بارزانییەوە: سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوپەیمانێتیی حەسم و هاوپەیمانێتیی نەینەوا بۆ خەڵکەکەی دەکات ڕۆژی پێنجشەممە 18ی ئەیلوولی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی هاوپەیمانێتیی حەسم و هاوپەیمانێتیی نەینەوا بۆ خەڵکەکەی بە سەرۆکایەتیی بەڕێز سابت عەباسی کرد. لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ کرا و بیروڕا لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لەسەرهەماهەنگیی لایەنەکان بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتە سیاسییەکان کرایەوە.

هەواڵ
18-09-2025

پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ چووه‌ته‌ ناو كۆبوونه‌وه‌كانی...

پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ چووه‌ته‌ ناو كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران. له ‌بڕیارێكدا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هاتووه،‌ یه‌كه‌ی ژمێریاریی (یه‌كه‌ی 70 و 80) له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و هه‌ردوو هه‌ژماره‌كه‌ ده‌خرێنه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه،‌ به‌م شێوه‌یه‌ له‌ وه‌زاره‌ت یه‌ك هه‌ژماری پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات پرۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ خێرا ببێت. له‌مباره‌وه‌، لیوا عوسمان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی راگه‌یاندن و هۆشیاری له ‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ گوتی: "هه‌فته‌ی رابردوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، فه‌رمانی كردووه‌ پەلە بكه‌ن له‌ پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌، ئێستا فه‌رمانده‌یی ده‌ڤه‌ری یه‌ك ئاماده‌یه‌، ئومێد ده‌كه‌ین فه‌رمانده‌یی ده‌ڤه‌ری دووش كاره‌كانی خۆی ته‌واو بكات، له ‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا راگه‌یاندنی كۆتایی بڵاو بكەینەوە كه‌ هه‌ردوو فه‌رمانده‌یی بكه‌ونه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌". راشیگه‌یاند: ”یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بە پلەی یەكەم ویستی سه‌رۆك بارزانی و ویستی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و ویستی خۆمانه‌‌ كه‌ ویستوویانه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ ببن به ‌یه‌ك هێز، پرۆسه‌ی یه‌كگرتن قۆناغی خۆی هه‌یه‌، پرۆسه‌یه‌كه‌ به‌رده‌وامه،‌ له‌ ماوه‌ی 3 بۆ 4 ساڵی رابردوودا كه‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌ستی پێكردووه،‌ زۆر له‌و خاڵانه‌ چالاك بوون‌ و كاریان له‌سه‌ر كراوه‌ كه‌ پێشووتر وه‌ك نه‌خشه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ دانرابوون، ژماره‌یه‌ك خاڵ ماونه‌ته‌وه‌ كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت، له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ زۆر جه‌خت له‌وه‌ ده‌كرێته‌وه‌ په‌له ‌بكرێت له‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هێزه‌كان و متمانه‌یه‌كی زۆریان پێمان هەیه‌، هاوپه‌یمانان داوایان لێكردووین له ‌هه‌فته‌ی ئاینده‌وه‌ پلانی نوێ دابنرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی مه‌شقی دوو فرقه‌ی دیكە بێته‌وه‌ پێشه‌وه‌، ئومێد هه‌یه‌ پێش واده‌ی ده‌ستنیشانكردنی كۆتایی یه‌كگرتنه‌وه‌ی یه‌كه‌ی 70 و 80، بتوانین بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن و كۆتایی به ‌پرۆسه‌كه‌ بێت، له‌ئێستاوه‌ تا كۆتایی ساڵ ئومێد هه‌یه‌ هه‌ردوو فه‌رمانده‌یی ده‌ڤه‌ر ته‌واو ببن.“

هەواڵ
17-09-2025

ئەنجومەنی وەزیران داوایەکی بەپەلە لە حکومەتی فیدڕال دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە بڕگەی یەکەم، دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم و تاووتوێکردنی میکانیزم و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پابەندیی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا و لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی پەسەندکرا لەلایەن هەردوو لاوە. سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە و هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستانە تەکنیکییانەی کراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە، ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مافێکی یاسایی و ڕەوای خۆیانە مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت. ئینجا ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا، وردەکاریی دواپێشنیاری هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی خستەڕوو سەبارەت بە پەلەکردن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، پەسەند کرا و ڕەوانەی بەغدا کرا. بە پێی ئەم لەیەکگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیری لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا، کە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات ( جگە لە بڕی بەکارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناخەش لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانووستانەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەو بینیوە و وا چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو ڕێککەوتننامەیە گەڵاڵە بکرێت. تا کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵیش، هەرێمی کوردستان بەشەنەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دەکات، بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتیيەکان و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد ، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش لە بەرانبەردا، پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بکات. سەبارەت بە دۆسیەی داهاتی نانەوتی و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر تێڕوانینی دەستووری و یاسایی خۆی لەسەر پۆڵێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی کە پشت بە ماددەکانی (12/دووەم-د) و (21/دووەم) لە یاسای بوودجەی فیدڕاڵیی و ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی و بڕگەی سێیەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە 224 لە 2024/2/21 دەبەستێت کە ئەمانە هەمووی یاسا و بڕیاری فیدڕاڵیین و بە دەقی ڕوون و ئاشکرا، پۆڵینی داهاتە ناوخۆییەکانی کردووە و بەشی هەر یەک لە گەنجینەی فیدڕاڵیی و هەرێمێیشی دەستنیشانکردووە وەک لە دوا یادداشتی حکومەتی هەرێمدا هاتووە و بە فەرمی پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵ کراوە. دواتر هەریەک لە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار، وردەکاریی زیاتری گفتوگۆکانی ئەم دواییە و لایەنە تەکنیکی و یاساییەکانیان خستەڕوو.دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیکردن لە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا، جەختی کردەوە کە ئیتر لە بەرامبەر ئەم بەرەوپێشچوونانە، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دەستبەجێ مووچەی مانگی تەممووز و ئابی ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات و بۆ لەمەودواش، هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، تەواوی مووچەکانیان لە کاتی خۆی وەربگرن. لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بابەتی هاوئاهەنگیی تایبەت بە ڕێکارە داراییەکان لە ناویشیاندا بابەتی باجەکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرد، ئەویش بە ڕەچاوکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستووریەکانی هەرێم وەک لە دەستووری هەمیشەیی عێراق جێگیر کراوە، لەمبارەیەوە کەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میریی هەرێمی کوردستان کە بۆ ئەم بڕگەیە میوانداریی کۆبوونەوەکە کرابوو، چەند پێشنیار و ڕاسپاردەیەکی هاوبەشی تایبەت بە ڕێکار و ڕێنماییەکانی باج و ڕێژەکانیان خستەڕوو کە پێشتر لەگەڵ دەستەی گشتی باجەکانی عێراق گفتوگۆیان لەسەر کردووە.ئەنجومەنی وەزیران هاوئاهەنگیی و هاریکاریی فەرمانگە و دامەزراوەکانی باجی لە حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بە گرنگ زانی و پشتیوانی لێ دەکات. لە هەمان کاتدا، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی، مافی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییە داراییە دەستووریەکانی خۆی هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی وئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکانی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە بەم ئاراستەیە و لە چوارچێوەی دەستوور، پەرە بە هاوئاهەنگیی و هاریکاریی و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ بدەن. پاشان ئالان حەمە ساڵح وەزیری پەروەردە، ڕاپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2025 لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.لەمبارەیەوە وەزیری پەروەردە، ئاماژەی بە ئامادەکارییەکانی تایبەت بە چاپکردنی کتێب و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و قوتابخانەکان و گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن کرد و چەند پێشنیارێکیشی خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەرخستنی پلانی وەزارەت لەم بارەیەوە.ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری پەروەردە و سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەر و کارمەندانی وەزارەتەکەی بۆ بەردەوامیدان بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەڕای نالەباری بارودۆخی دارایی و ئابووری ئەم چەند ساڵە، بە تایبەتیش کێشەی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە، بەڵام وەزارەتی پەروەردە بە هەموو پێکهاتە و هێزی مرۆییی وەزارەتەکە، بە پشتیوانیی حکومەت و ڕێکخراوە نيودەوڵەتی و ناوخۆییەکان و پشتیوانیی کەرتی تایبەت، بەرەوپێشچوونی باشی لە ڕووی ڕاهێنانی مامۆستایان و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزاریی فێرکردن و چاپکردنی کتێبی نوێ وکردنەوەی قوتابخانەی نوێ و نۆژەنکردنەوەیان و زیادکردنی ژوورەکانی پۆلی خوێندن و ڕێکخستنەوەی میلاکات ئەنجام داوە.لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران ، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی گوندی سۆریا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ڕێز و شکۆوە ، یادی شەهیدانی ئەو کارەساتەی کردەوە کە ساڵی 1969 ، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق، خەڵکی گوندەکە لە کریستیان ( کلدان) و موسڵمان، کومەڵکوژ کران. داواش لە حکومەتی فیدراڵ کرا کە قوربانیيانی ئەم تاوانە و هەموو قوربانیانی دیکەی دەستی ڕژێمی عێراق، قەرەبوو بکاتەوە.

هەواڵ
17-09-2025

چەند بەرچاو ڕونییەک لەبارەی پرسی نەوت و موچە

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ورد و درشتی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای ئاشکرا کرد و دەڵێت: هەموو هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم لەو پێناوەیە کە هیچ موچەیەکی موچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت. ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەکەی پێشەوا هەورامانی: *لەکۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ٤۸ کاتژمێر دراوەتە وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەوەی بابەتی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت. *کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت ڕازیبوون بەوەی بەپێی یاساکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دەستبەرداری ئەو بابەتە بوون کە بە یاسا بیانییەکان مافی ئەوان پارێزراو بێت. *حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوی فەرمیکردووە کە بەشە نەوتی خۆی ڕادەستی سۆمۆ بکات. *پێویستە لەگەڵ ڕادەستکردنی نەوت موچەی مانگی ۷ و مانگەکانی دواتری موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت. *لە ئەسڵی بابەت،هیچ کام لەم ڕێوشوێنانە پێویست نەبوون، هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەناردنی موچەی هەرێمی کوردستان و تەنها یاساکانی بودجەو یاسای کارگێڕی دارایی ودەستور ببنە ناوبژیوان ئەوا یەک هۆکاریش نامێنێت بۆ خەرجکردنی موچە لەپاڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی،حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییەکان و ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردون و نەناردنیموچە بێ موبەریرە! *ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایبوونەوە چووەو ڕۆژانە بڕی ۲۳۳ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت، دەستپێکردنی ناردنە دەرەوەی نەوت لە خزمەت دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت. هەموو هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەو پێناوەیە کە هیچ موچەیەکی موچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت. *لەبابەتی داهاتی ناوخۆش یاسا چی بۆ ئێمە دیاریکردووە پێوەی پابەندین بێ زیاد و کەم پێشەوا هەورامانیوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
17-09-2025

دوو پڕۆژە، هێزی 31 ملیۆن دار

حكومەتی هەرێم دوو دارستانی ستراتیجی بنیات دەنێت…یەكێكیان بینراو و ئەوی تریان نەبینراو لە کاتێکدا دنیا ڕووبەڕووی قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا بووەتەوە، حكومەتی هەرێمی کوردستان بە دیدێکی ستراتیجى و دووڕەهەند، هەنگاوی کردەیی دەنێت بۆ پاراستنی ژینگە و دابینکردنی داهاتوویەکی تەندروست بۆ هاووڵاتییانی. ئەم ستراتیجییە تەنیا لە چاندنی داردا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە دوو ڕێڕەوی هاوتەریبدا کار دەکات:یەکەمیان، دروستکردنی "سییەکی سەوزی بەرجەستە" لە ڕێگەی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێرەوە. دووەمیان، بنیاتنانی "دارستانێکی نەبینراو" لە ڕێگەی لەناوبردنی گەورەترین سەرچاوەی پیسبوونی هەوا "نەهێشتنی موەلیدەكان"، کە ئەویش پڕۆژەی ڕووناکییە.یەکەم: دارستانی بینراو – حەوت ملیۆن دار باوەش بە پایتەختدا دەکات. پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر تەنیا پڕۆژەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو شۆڕشێکی سەوزە کە سیمای پایتەخت بۆ هەمیشە دەگۆڕێت، پلانەکە ئەوەیە کە بە درێژایی 92 کیلۆمەتر و پانیی دوو کیلۆمەتر، وەک دایکێکی بەسۆز باوەش بە هەولێردا بکات و بیپارێزێت. لەم پڕۆژە ستراتیجییەدا، حەوت ملیۆن نەمامی بەرداری وەک زەیتوون و فستق دەچێنرێت، ئەم ژمارە گەورەیە نەک تەنیا ڕێژەی سەوزایی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە، بەڵکو دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری و هەلی کاریش دەڕەخسێنێت. بەپێی ئامارەکان، ئەم دارستانە دەستکردە کە ڕووبەرەکەی دەگاتە 184 کیلۆمەتری دووجا، توانای هەڵمژینی نزیکەی 210 هەزار تۆن گازی ژەهراویی دووانە ئۆکسیدی کاربۆنی دەبێت ساڵانە. ئەمە بەشە "بینراو" و بەرجەستەکەی پلانەکەیە کە تێیدا هەر هاووڵاتییەکی هەرێم دەبێتە خاوەنی دارێک. دووەم: دارستانی نەبینراو – هێزی ژینگەیی پڕۆژەی ڕووناکیهاوتەریب لەگەڵ دارستانە سەوزەکە، حكوومەتی هەرێم خەریکی دروستکردنی دارستانێکی تری "نەبینراو"ە کە کاریگەرییەکەی لەوەی یەکەم کەمتر نییە. پڕۆژەی ڕووناکی، بە کوژاندنەوەی هەزاران مۆلیدەی ئەهلی، ساڵانە بڕی 600 هەزار تۆن گازی ژەهراویی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوای هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە. بۆ ئەوەی لە قەبارەی ڕاستەقینەی ئەم دەستکەوتە تێبگەین، دەبێت بیگۆڕین بۆ زمانی سروشت؛ بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، دارێکی پێگەیشتوو ساڵانە نزیکەی 25 کیلۆگرام گازی CO2 هەڵدەمژێت، بە ئەنجامدانی کردارێکی ژمێریاریی سادە، کەمکردنەوەی 600 هەزار تۆن CO2، هاوتایە لەگەڵ ئەو کارەی کە 24 ملیۆن دار لە ماوەی ساڵێکی تەواودا ئەنجامی دەدەن. ئەم 24 ملیۆن دارە "گریمانییە" بۆ چاندن پێویستیان بە ڕووبەرێکی نزیک بە 240 کیلۆمەتر چوارگۆشە هەیە، کە لە ڕووبەری شاری سلێمانی گەورەترە. کەواتە، پڕۆژەی ڕووناکی بەبێ چاندنی یەک دار، کاریگەریی دارستانێکی لە شاری سلێمانی گەورەتری بۆ ژینگەی کوردستان دروست کردووە. دەرەنجام: هێزی 31 ملیۆن دار لە خزمەت ژینگەی کوردستاندا.کاتێک کاریگەریی هەردوو پڕۆژەکە کۆ دەکەینەوە، قەبارەی ڕاستەقینەی دیدە ستراتیجییەکەی حكوومەت ئاشکرا دەبێت:پشتێنەی سەوزایی: حەوت ملیۆن داری ڕاستەقینە.پڕۆژەی ڕووناکی: هێزی ژینگەیی 24 ملیۆن داری گریمانەیی. کۆی گشتیی ئەم دوو پڕۆژەیە، هێز و کاریگەریی ژینگەیی زیاتر لە 31 ملیۆن دار دەبەخشێتە هەرێمی کوردستان، ئەمە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کە حكوومەت نەک تەنیا یەک دارستان، بەڵکو دوو دارستانی گەورە لە یەک کاتدا دروست دەکات؛ یەکێکیان بە چاو دەبینرێت و ئەوی تریان لە پاکیی هەوادا هەستی پێ دەکرێت. ئەم دوو هەنگاوە تەواوکەرن، هەرێمی کوردستان دەکەنە پێشەنگی ناوچەکە لە بواری ژینگەپارێزی و وەبەرهێنان لە داهاتوویەکی سەوز و تەندروستدا.

هەواڵ
16-09-2025

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئاکۆ عەباس ئاغا دەکات

سەرۆک بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، بۆ کۆچی دوایی ئاکۆ عەباس ئاغا سەرەخۆشی خۆی بە عەباس ئاکۆ عەباس ئاغا کوڕی خودالێخۆشبوو و خانەوادەکەی و کەسوکاری گەیاند. ڕۆژی سێشەممە 16ـی ئەیلوولی 2025 بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سەرۆک بارزانی لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە عەباس ئاکۆ عەباس ئاغا ئاکۆیی کوڕی خودالێخۆشبوو ئاکۆ عەباس ئاغا کرد. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە عەباس ئاکۆ عەباس ئاغا و خانەوادەکەی و کەسوکاری گەیاند بۆ کۆچی دوایی ئاکۆ عەباس ئاغا و هاوخەمیی خۆی بۆیان دەربڕی.

هەواڵ
15-09-2025

پڕۆژەیەكی دیكەی کابینەی نۆیەم تەواو كرا

بەگوژمەی زیاتر لە 26 ملیار دینار پڕۆژەیەكی رێگاوبان لە پارێزگای دهۆك تەواو كراو و دەخرێتە خزمەتی خەڵكەوە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری ، بڵاویكردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی جووتسایدی شێخان- لالشی تەواو کرد و لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەچێتە خزمەتی خەڵکەوە. ئاماژەی بەوەش داوە، پرۆژەی جووتسایدی شێخان - لالش لە پارێزگای دهۆک، بە درێژاییی 9 کیلۆمەتر و پانیی 25 مەتر بە شێوازێکی ستاندارد تەواو کرا. ئاشكراشی كردووە، گوژمەی پرۆژەکە زیاتر لە 26 ملیار دینار بووە و هەموو بنەما پێشکەوتووەکانی ڕێگەوبانێکی باشی تێدا ڕەچاو کراوە. جەخت كراوەتەوە، ڕێگاکە بە شێوازێکی سەردەمییانە و بە دەستی کاری ناوخۆیی دروست کراوە و هێڵکاریی تەواوی بۆ ئەنجام دراوە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەشی راگەیاندووە: "کاروانی ئاوەدانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەردەوامە و خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، لە پێشینەی کارەکانیەتی".

هەواڵ
15-09-2025

مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی گرینگ دەکات

* بڕیاردرا هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاریی و داراییەوە. * پێویستە حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق. ئەمڕۆ دووشەممە 9/15، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی ڕێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی کرد. سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لەو پێشکەوتنانە کرد کە تا ئێستا لە پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە ئەنجامدراون و جەختیشی لە پێویستیی تەواوکردن و سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە. لەمبارەیەوە ژمارەیەک بڕیاری گرنگ بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دران، لەوانە یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاریی و داراییەوە، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە داراییەکان. هەروەها بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و بەیکەربەندیی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە درا بە جۆرێک کە لەگەڵ چاکسازییەکانی حکومەت بگونجێت. تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ئاسانکاریی لە ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە کە پێویستە بەرژەوەندی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت ، لەمبارەیەوە سەرۆکی حكومەت، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەکان و جەختی کردەوە کە نابێت کێشە یاسایی و تەکنیکیەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەکانیان. کۆبوونەوەکە داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت.

هەواڵ
15-09-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی ئاشووريی ئه‌مه‌ريكا دەکات

ئه‌مڕۆ دووشەممە‌ 9/15، مەسرور بارزانى سه‌رۆکی حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی له‌ ژمارەیەک کەسایەتیی ئاشووريی نیشتەجێی ئه‌مه‌ريكا به‌ سه‌رۆكايه‌تيى سام ده‌رمۆ، سه‌رۆكى دامه‌زراوه‌ى ئاشوورييه‌كان له‌پێناو دادوه‌ريدا كرد.لە دیدارەکەدا ، شاندەکە ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ئازادیی لە هەرێمی کوردستان کرد.سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە پاراستنی مافی گشت پيکهاتەکان و پەرەپێدانی زیاتری کولتووری بەیەکەوەژیان و ئازادی ئایینی لە هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

گشتی
15-09-2025

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی شاری هەولێر فرا...

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە یاوەری لەگەڵ سەرپەشتیاری هونەری و پلان و سەرۆکی بەشی هونەری و سەرۆکی بەشی پلاندان، پڕۆژەی خزمەتگوزاریی باغڵوومنارەی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ ئەندازیاران  و سەرپەشتیارانی پڕۆژەکە بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کارەکان کرد . لە بەسەرکردنەوەکەدا،” سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، جەختی لە خێراکردنی کارەکانی پڕۆژەکە کردەوە و هەروەها ئەندازیاران و سەرپەشتیارانی ڕاسپارد کە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە و هەرچی زووە کارەکانی کەرتی باغڵوومنارە تەواو بکرێت و ئاوەدانیی زیاتر بخرێتە ناوچەکە، لە خزمەتی هاووڵاتیان و دانیشتوانی هەولێر.

هەواڵ
13-09-2025

حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بوو لە كەمكردنەوەی ڕووداوی هاتوچۆ

كامێرای چاودێریی خێرایی و چاككردنی ڕێگەوبانەكان لە دیارترین هۆكارەكانن لە كاتێكدا پێشتر گیان لەدەستدان بەهۆی رووداوەكانی هاتوچۆ لە دیارترین هۆكارەكانی كۆچی دوایی مرۆڤەكان بوون لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ئەنجامی چەند پرۆژەیەكەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بوو لە كەمكردنەوەی قوربانییانی رووداوەكانی هاتوچۆ. ئەمڕۆ شەممە 13ی ئەیلوولی 2025، ڕووداوێكی هاتوچۆ لە شەقامی بازنەیی ناو شاری كەركووك رووی دا و بەهۆی شەش كەس گیانیان لەدەست دا و چەندان كەسیش بریندار بوون. بەم هۆیەشەوە هەر لە شوێنی رووداوەكەوە عەقید عامر نەریمان، بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی كەركووك بە میدیاكانی راگەیاند كە تەنیا چارەسەر بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوی هاتوچۆ، دانانی كامێرای چاودێریی خێراییە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان. ئامارەكانی رووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان بەپێی بەدواداچوون، پێشتر رووداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان زۆرترین كەسیان دەكردە قوربانی، بە جۆرێك كە لە ساڵی 2018دا لە شارە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان 4.476 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە و بەهۆیەوە 5.879 كەس بوونەتە قوربانی كە 705 كەسیان گیانیان لەدەست داوە. تەنیا لە ساڵی 2022، بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان 445 كەس گیانیان لەدەست داوە. تەنانەت لە حەفت مانگی یەكەمی ساڵی 2023شدا تەنیا لە پارێزگای سلێمانی، 92 كەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە. هەر بە گوێرەی بەدواداچوون، ژمارەی رووداوەكانی هاتوچۆ لە ساڵی 2024دا بەراورد بە ساڵانی پێشتر، ئێجگار كەم بووەتەوە، بە جۆرێك كە لەو ساڵەدا لە تەواوی هەرێمی كوردستان 779 رووداوی هاتوچۆ روویان داوە و لە ئەنجامدا 98 كەس گیانیان لەدەست داوە، بەم جۆرەش بەراورد بە ساڵی 2022، ژمارەی قوربانییەكان بۆ كەمتر لە یەك لەسەر چوار دابەزیوە. پێشبینیش دەكرێت لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەی قوربانییەكان زیاتر كەم ببێتەوە. پلانەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو بوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پلانێكی هەمەلایەنەوە، سەركەوتوو بوو لە كەمكردنەوەی ژمارەی قوربانیانی رووداوەكانی هاتوچۆ كە بەم جۆرە كاری لەسەر پلانەكەی كردووە: دانانی كامێرای هاتوچۆ: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە نێو شار و لە دەرەوەی شارەكانیش ژمارەیەكی زۆری كامێرای چاودێری و پێشكەوتووی بۆ چاودێریكردنی خێرایی ئۆتۆمبێلەكان داناوە، ئەمەش وایكردووە كە شۆفێران پابەند بن بەو خێراییەی بۆیان دیاریكراوە، كامێراكان لە هەموو شار و شارۆچكەكان كاران، تەنانەت كامێرای نێوان شارەكانیش بە سیستەمی (خاڵ بۆ خاڵ) كار دەكەن كە ئەمەش وایكردووە شۆفێران لەو شوێنانەش كە كامێرا نابینن، نەتوانن خێراییان زیاتر بكەن لە خێرایی رێگەپێدراوی شەقامەكە، ئەمەش هۆكارێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ. باشتركردنی ژێرخانی ڕێگەوبان لە هەرێمی كوردستان: بەپێی بەدواداچوون، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی دروستكردنی شەقامی نوێ و نۆژەنكردنەوەی شەقامە كۆنەكان و بە جووتسایدكردنی شەقامەكان، هەروەها دانانی هێمای هاتوچۆ و باشتركردنی رووناكیی شەقامەكان، ڕۆڵێكی گەورەی گێڕاوە لە كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ. هەر لەم چوارچێوەیەدا لە بواری رێگەوباندا ⁠717 پرۆژەی تەواو كردووە، ⁠402 پرۆژەش لەژێر جێبەجێکردندان. ⁠2,618 کیلۆمەتر ڕێگای نوێی لە دەرەوەی شارەکان دروست كردووە و ⁠نزیکەی 2,000 پرۆژەی دروستكردنی شەقامی ناوخۆییشی جێبەجێ كردووە. بە گشتی، بە بەهای زیاتر لە شەش ترلیۆن دینار وەبەرهێنانی لە بواری ڕێگەوباندا كردووە، ئەمەش ڕۆڵێكی سەرەكی گێڕاوە لە كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ، چونكە بەشێكی بەرچاوی رووداوەكانی هاتوچۆ پێشتر بەهۆی خراپیی رێگەوبانەكان روویان دەدا. چاوەڕوان دەكرێت لە ئاییندەدا، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانەی دیكەش كە لەژێر دروستكردندان، رووداوەكانی هاتوچۆ زیاتر كەم ببنەوە. زیادكردنی سەروەریی یاسا لە بواری چاودێریی هاتوچۆ: حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی پۆلیسی هاتوچۆوە هەوڵی ئەوەی داوە كە سەرپێچییەكانی هاتوچۆ زیاتر كەم بكرێتەوە، سەرپێچیكاران سزا بدرێن، سیستەمی پشكنینی ساڵانە بۆ ئۆتۆمبێلەكان دابنرێت كە بەهۆیەوە كەموكوڕیی ئۆتۆمبێلەكان كەمتر بووەتەوە، ئەمانەش رۆڵیان هەیە لە كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆوە. بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی شۆفێران: حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانێكە لە ڕێگەی بەرنامەی جۆراوجۆرەوە هەوڵی هۆشیاركردنەوەی شۆفێران دەدات، ئەم هەوڵانە هەم لە قوتابخانەكان و ناوەندەكانی خوێندنەوە فێری خەڵك دەكرێن، هەم لە ڕێگەی بەرنامەی تەلەڤزیۆنی و میدیاییەوە، ئەمەش وایانكردووە كە شۆفێران لە مەترسییەكانی خێرا لێخوڕین هۆشیار بن و سوودەكانی خۆبەستنەوە و پابەندبوون بە سیستەمی هاتوچۆ تێبگەن و پابەندی بن. لە ڕێگەی ئەم هۆكارانە و چەندان هۆكاری دیكە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەركەوتوانە توانیویەتی رووداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان كەم بكاتەوە و قوربانیانی ئەم جۆرە رووداوانەش بە هەمان شێوە كەم بكاتەوە.

1 2 ... 93 94 95 ... 1143 1144