Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
12-10-2025

مەسرور بارزانی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی ز...

ئەمڕۆ یەکشەممە 10/12، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەنیسەی (ئوم ئەلنوور)ی لە قەزای عەنکاوە كردەوە.لە گوتارێكدا كە لە ڕێورەسمی كردنەوەی كەنیسەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت هیوای خواست كە خوشك و برایانی كریستیان سوود لەو كەنیسەیە وەربگرن كە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینيی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دروست كراوە. ئەوەشی خستە ڕوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵەكانی بۆ كۆتاییهێنان بەو بارودۆخە سەپێندراوەی دەشتی نەینەوا بەردەوام دەبێت، تاوەكوو خوشك و برایانی كریستیان بتوانن بگەڕێنەوە نێو ماڵەكانی خۆیان. ئەمەش دەقی گوتارەكەیە: بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان قەداسەتی پاتریارک مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەم قەداسەتی پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ بەڕێزان ، ئامادەبووانی هێژا زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم ڕێورەسمەدا بەشدارم کە کردنەوەی کەنیسەی (ئوم ئەلنوور)ــە کە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینيی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە. ئەم کەنیسەیە بە ناوی (ئوم ئەلنوور) کراوە واتا دایکی ڕووناکی، کە یەکێکە لە ناسناوەکانی حەزرەتی مەریەمی پاکیزە (دروودی خوای لەسەر بێت). حەزرەتی مەریەم نەک تەنیا لە ئایینی کریستیان، بەڵکوو لە ئیسلامیش، پێگەیەکی زۆر تایبەتی هەیە و لە قورئانی پیرۆزدا، لە دەیان ئایەتدا، بە ڕێزێکی زۆرەوە ناوی هاتووە. لە کۆمەڵگەی کوردیشدا، خانمی زۆرمان هەن کە بەو ناوە ناو نراون. هیوادارم ئەم کەنیسەیە، ببێتە شوێنێکی گرنگی خواپەرستيی خوشک و برایانی کریستیان لە عەنکاوە و ببێتە مەڵبەندێکی پەرەپێدانی زیاتری برایەتی و دۆستایەتی نێوان ئایینەکان و گەشەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کوردستاندا. لەم ساڵانەی دواییدا، بە تایبەتیش دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و موسڵ و دەشتی نەینەوا، هەزاران خوشک و برای کریستیان لەو شوێنانە، ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ بهێڵن و پەنا بۆ هەرێمی کوردستان بهێنن، بە تایبەتیش لە عەنکاوە نیشتەجێ ببن و بە ئاشتی و ئارامی بژین. ئەم کەنیسەیەش، دیارییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو خوشک و برایانەی کە وەک بیستم، بەشێکی زۆریان لە ئاوارەکانی دەشتی نەینەوان کە بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەكەیان، هەر لێرە ماونەتەوە و سوود لەم کەنیسەیە وەردەگرن و خواپەرستی تێدا دەکەن. بەڕێزان :حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی خۆی بۆ كۆتاییهێنان بەو بارودۆخە سەپێندراوەی دەشتی نەینەوا و بۆ دروستكردنی كەشێكی ئارام و سەقامگیر، بۆ ئەوەی خوشك و براكانمان بتوانن بە سەربەرزی و بە ئارەزووی خۆیان بۆ ماڵەكانیان و كەنیسەكانیان بگەڕێنەوە. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، پڕۆژەیەکی ڕێگەوبانمان لە نزیک پەرستگەی لالش کردەوە کە ئاسانکارییەکی زۆر بوو بۆ خوشک و برایانی ئێزیدیمان. هەر ئەمڕۆش دوای کردنەوەی ئەو کەنیسەیە، بەردی بناخەی پەیمانگەی ئایینی ئەزهەر دادەنێین و هەروەها بەشداری لە ئاهەنگی دەرچوونی پەیمانگەی پێشنوێژ و وتارخوێنان لە هەولێر دەکەین. ئەمە هەمووی بەڵگە و نیشانەی هەمەڕەنگیی کۆمەڵگەی کوردستان و گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە هەموو ئایینەکان و بە قووڵکردنەوەی زیاتری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی لە هەرێمی کوردستان. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە سەرخستنی پەیامی ئاشتی و بەیەكەوەژیان و ڕێزگرتن لە هەموو ئایینەكان نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دووبارە پیرۆزبایی کردنەوەی ئەم کەنیسەتان لێ دەکەم و خودای مەزن کوردستان بپارێزێت و هەمیشە بە خۆشی و برایەتی و تەبایی بژین.جارێكی تر سوپاس

هەواڵ
11-10-2025

شاقامێکی ٦٠ مەتری لە هەولێر دروستدەکرێت

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی تشرینی یەکەم،  بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی دروستکردنی شەقامێکی 60 مەتریی دووساید لە شاری هەولێر دانرا. ئەم پڕۆژەیە هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەکەوێتە نێوان گوندی ئارام یەک و شاری ئاتکۆنز و نزیک کەڕک. ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکە بەڕێوەچوو. زانیاری سەبارەت بە پرۆژەکە: گوژمەی تەرخانکراو: زیاتر لە 36 ملیار و 300 ملیۆن دینار. سەرچاوەی بودجە: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار. ماوەی تەواوبوون: 15 مانگ (کۆمپانیای جێبەجێکار بەڵێنی خێراتر تەواوکردنی داوە).  ڕێژەی تەواوکردن: 25%ی پڕۆژەکە پێش ئێستا تەواو بووە و کارکردن تێیدا بەردەوامە. ساسان عەونی ڕایگەیاند، لە ماسته‌رپلانی هه‌ولێردا چه‌ندین شه‌قامی تیشكی هه‌ن،‌ ئه‌م دوو رێگه‌یه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ ئەم شەقامە یەکەمین شەقامی 60 مەترییە کە لە ماستەرپلانی شاری هەولێردا هەیە و سوودێکی زۆری بۆ ناوچەکانی وەک شاری ئارام، کەڕک، گردجووتیار، ئارام یەک، و ئارام دوو، دەبێت. هاوكات یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ڕێگەکانی هەولێر-بەحرکە، هەولێر-پیرمام، و هەولێر-کۆیە. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێریش، جەختی لە گرنگی پڕۆژەکە کردەوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە دانیشتوانی ناوچەکە و سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ بەردەوامبوون لە پڕۆژەکانی ئاوەدانی سەرەڕای ئاڵنگارییەکان.

هەواڵ
09-10-2025

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

پێنج ساڵ بەسەر واژۆکردنی ڕێکەوتنی شنگال تێدەپەڕێت و هیچ کام لە تەوەرەکانی ئیداری، ئەمنی و بونیادنانەوە جێبەجێ نەکراون. ئەو ڕێکەوتنە نەخشەڕێگەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالە بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئۆقرەیی و گێڕانەوەی متمانە بۆ ئاوارەکان، تا بە ئازادی و سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان. بۆیە جێبەجێکردنی کرایە بەشێک لە ڕێکەوتنی سیاسیی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی ئێستا و بەرنامەی کاری وزاریی حکومەتی فیدراڵ. هەر دوو حکومەتی هەولێر و بەغدا هەوڵیانداوە تەوەرەکانی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام هەندێ هێز و کەسایەتیی دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، کە خۆیان لە سەرووی یاسا و ڕێکەوتن و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبینن، بەربەستی سەرەکیی بەردەم جێبەجێکردنن. ئەمەش بووەتە هۆکاری بەردەوامیی نەهامەتیی ئاوارەکان و بێئومێدی و کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆریان بۆ دەرەوەی وڵات. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتاوە ئامادەبووە ئەرکی سەرشانی جێبەجێ بکات بۆ زەمینەسازیی گەڕانەوەی خوشک و برایانی ئێزدی و هاووڵاتییانی دیکەی ڕەسەن بۆ زێدی خۆیان. بە نیگەرانییەوە لە بەردەوامیی نەهامەتییەکانی ئاوارەکان دەڕوانین و ئۆباڵی هێشتنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە لەو بارە نائاساییە خراپە دەخەینە ئەستۆی ئەوانەی بە ئاشکرا ڕێگرن لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شنگال. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان٩ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥

هەواڵ
09-10-2025

سەرۆک بارزانی لەسەر ئەرکی خۆی پاڕکێکی بە دیاری بۆ هەڵەبجە دروست دەکات

بە پێی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کە لە ڕێکەوتی 6ـی تشرینی یەکەم دەرچووە و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی بەسەرەوەیە، هاتووە: “لە پێناو بەرژوەندیی گشتی و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاراستنی ژینگەی پارێزگای هەڵەبجە، وەک دیارییەکی سەرۆک بارزانی بۆ هاووڵاتییانی ئەم پارێزگایە، پارکێک دروست دەکرێت.” لە نووسراوەکەدا داوا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە، بۆ دروستکردنی پارکێکی شایستە لەسەر ئەرکی سەرۆک بارزانی، لە سنووری هەڵەبجە، ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەرد و بۆ ئەم مەبەستە کاری پێویست ئەنجام بدرێت بە دەستنیشانکردنی شوێنێکی گونجاو و ئامادەکردنی دیزاین و دەرخستەی پێویستی پڕۆژەکە.

هەواڵ
09-10-2025

مەسرور بارزانی کێشەی کەم ئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9/10/2025 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیەنراوێکدا پرۆژەیەکی گەورەی ڕاگەیاند و گوتی: ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵی دیكە كێشەی كەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەكات. ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەکەیە:ڕۆژی یەكشەممە ١٢/١٠/٢٠٢٥ گرێبەستی پڕۆژەی ئاوی دووكان سلێمانی3 لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار واژوو دەكرێت -بە بڕیاری مەسرور بارزانی پڕۆژەی ئاوی دووكان-سلێمانی٣ بە گوژمەی (٤٢٣،٨٩٠،٠٠٠) چوار سەد و بیست و سێ ملیۆن و هەشت سەد و نەوەد هەزار دۆلار جێبەجێ دەكرێت -ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵی دیكە كێشەی كەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەكات -مەسرور بارزانی بڕیاری دا گوژمەی پڕۆژەكە لە (٣٩٨،٤٨٦،٠٠٠)دۆلار بۆ (٤٢٣،٨٩٠،٠٠٠) چوار سەد و بیست و سێ ملیۆن و هەشت سەد و نەوەد هەزار دۆلار زیاد بكات ڕۆژی یەكشەممە ١٢/١٠/٢٠٢٥ لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرێبەستی (پڕۆژەی ئاوی دووكان-سلێمانی٣) لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای جێبەجێكار واژوو دەكرێت.دوای ئەوەی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە نووسراوی ژمارە (١١٤٤٣ لە ٢/٩/٢٠٢٤) گرنگی ئەم پڕۆژەیە بۆ سەرۆكایەتیی دیوان بەرز كرایەوە و دوای گرنگی خستنەڕووی ناوەڕۆك و گرنگی ئەم پڕۆژەیە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەجێ ڕەزامەندی دا بە جێبەجێكردنی بە نووسراوی (١٣٩٤ لە١٨/٩/٢٠٢٥). هەروەها بەمەبەستی باشتر جێبەجێكردنی پڕۆژەكە و گەیاندنی زۆرترین خزمەت بە خەڵكی شاری سلێمانی، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە زیادكردنی گوژمەكە لە (٣٩٨،٤٨٦،٠٠٠)دۆلار بۆ (٤٢٣،٨٩٠،٠٠٠) چوار سەد و بیست و سێ ملیۆن و هەشت سەد و نەوەد هەزار دۆلار.

هەواڵ
08-10-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا و باڵیۆزی ئەڵمانیا ل...

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/8 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەجیا پێشوازی لە هەریەک لە کلێمێنس زێمتنەر باڵیۆی نوێی یەکێتیی ئەوروپا و دانيێل كرێبه‌ر، باڵيۆزى نوێى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق كرد. لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی لە باڵیۆی نوێی یەکێتیی ئەوروپا، و باڵيۆزى نوێى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق كرد، کە هەردوو باڵیۆز تازە لە عێراق دەستبەکاربوونە. لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی، جەختی لە گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کردەوە. چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دوایین ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکان بوو. لایخۆیەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە. بەردەوامبوونی پشتیوانیی پێشمەرگە، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.

هەواڵ
08-10-2025

مەسرور بارزانی: ئەگـەر پـارتی نەبـووایە ئێسـتا شـتێک نـەمابوو بـە ناوی...

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/8, مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر ، لەگەڵ کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێبەرانی عێراق کۆبووەوە.لە کۆبوونەوەکەدا ، جێگری سەرۆکی پارتی، داوای لە کاندیدانی پارتی کرد کە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان و بەشێوەیەکی شارستانی ، بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن و نموونەیەکی باش و ڕەوشت بەرزیی کادیرانی پارتی بن .جێگری سەرۆکی پارتی دووپاتی کردەوە کە پارتی بەهێز بێت کوردستان بەهێز دەبێت و مافەکانی خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبن. گوتیشی پارتی نەک تەنیا داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بەڵکوو پشتیوانیی لە مافەکانی گشت پێکهاتەکانی عێراق دەکات.جێگری سەرۆکی پارتی ، جەختی کردەوە کە ئەگـەر پـارتـی نـەبـووایـە ئێسـتا شـتێک نـەمـابـوو بـە نـاوی هـەرێـمی کوردستان ، چونکە زۆر لایەن داوایان دەکرد کە سازش لە سەر مافەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت، بەڵام پارتی بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی بـە هــەمــوو هــێزێــکەوە، بــەرگــری لــە مــافــە ڕەواکــانــی خــەڵــکی کــوردســتان کــرد و لــە ژێـــــــر هـــــــیچ فـــــــشارێـــــــک ، ئـــــــامـــــــادە نـــــــەبـــــــوو ســـــــازش لـــــــە مـــــــافـــــــە نـــــــەتـــــــەوەیـــــــی و نیشتمانییەکانمان بکات، چونکە پارتی هەرگیز پاشکۆیەتی قبوڵ نەبووە و قبووڵیش ناکات.‎جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەشدا کە عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە نەک مەرکەزی و هەرێمی کوردستانیش، هەرێمێکی فیدراڵی و دەستوورییە و دەبێت لەو چوارچێوەیەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام بە داخەوە .‎لە عێراق دەستوور پێشێل کراوە و بە شێوەیەکی سیستەماتیکی ڕۆڵی کورد کەمکرایەوە بەڵام ئێمە هەرگیز ڕازی نابین مافەکانمان پێشێل بکرێن و دەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.جێگری سەرۆکی پارتی، دووپاتی کردەوە کە ئەندامان و کاندیدانی پارتی بە سەربەرزییەوە دەتوانن بە خەڵک بڵێن کە ئێمە خاوەنی بەڵێنەکانی خۆمانین و خاوەنی دەستکەوت و پڕۆژە گەورەکانی کوردستانین ، خاوەنی پێشکەوتنی هەمەلایەنە و ئاوەدانیی کوردستانین .ئامادەییشی دەربڕی کە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و بنتاتنانی ژێرخانی ئابووری و ڕێگەوبان و دابینکردنی ئاوو کارەبای بەردەوام و کاراترکردنی سیستەمی بانکی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان ، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هاوبەش بکەین و لەم ڕووەوە ، هاوکاربین لە باشکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

هەواڵ
08-10-2025

مەسرور بارزانی 29 قوتابخانە و باخچەی ساوایانی کردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/8، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوتابخانەی بنەڕەتيی (گوندی ئارام)ی لە شاری هەولێر كردەوە، كە یەکێکە لەو 29 باڵەخانەی باخچە و قوتابخانە تازانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شارەكاندا دروستکراون. لە سەرەتای ڕێورەسمەکەدا، سەرۆكی حكومەت سەرجەم بەشەكانی قوتابخانەكەی بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە، گفتوگۆی لەگەڵ مامۆستایان و قوتابیيان كرد و ئامادەی هەندێك لە چالاكییەكانی نێو قوتابخانەكە بوو. دواتر لە گوتارێكدا كە لە بەردەم مامۆستایانی قوتابخانەكە پێشكەشی كرد، دڵخۆشی بە دروستكردنی قوتابخانەكە بەو ئاستە بەرزە دەربڕی و هیوای خواست کەرتی تایبەت بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی وەزارەتی پەروەردە و قوتابخانەی هاوشێوە دروست بكەن. ئەمەش دەقی گوتارەكەیە: بە ناوی خودای گەورە و میهرەبانبەڕێزان من زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ ئامادەم لێرە بۆ كردنەوەی ئەم قوتابخانەیە، لەگەڵ چەندین قوتابخانەی تر كە سەرجەمیان دەبێتە 29 باخچەی ساوایان و قوتابخانە لە سەرانسەری كوردستان، بەڵام ئەمڕۆ وەك نموونە ئێرەیان هەڵبژاردووە كە بێین سەردانتان بكەین. پێشەكی پیرۆزبایی لە قوتابییە خۆشەویستەكان و مامۆستایانی ئازیز دەكەم، پیرۆزباییان لێ دەكەم، دەستخۆشییان لێ دەكەم بۆ ماندووبوونیان، بۆ پشوودرێژییان و بۆ ئەو خزمەتەی كە دەیكەن بۆ نەوەی داهاتووی گەلەكەمان. بەڕاستی ئەوەی ئەمڕۆ بینیم جێی دڵخۆشییەكی گەورەبوو كە قوتابخانەیەك بەم ئاستە جوان و بەرزە دروست كراوە، جێی خۆیەتی من سوپاسی كاك شوان زراری بكەم، كە ئەركی دروستكردنی ئەم قوتابخانەیەی كێشاوە، هیوادارم نموونەی زۆر بێت، برادەرانی تر، سەرمایەدارانی تر، ئەوانیش بتوانن هاوشێوەی ئەم قوتابخانەیە، یارمەتیی وەزارەتی پەروەردە بدەن، بۆ ئەوەی قوتابخانەی هاوشێوە لە سەرانسەری كوردستان دروست بكرێت. جێی دڵخۆشی بوو كە بینیم هەم قوتابییەكان زۆر دڵخۆشن، هەم مامۆستایان دڵخۆشن و ئاستیان زۆر بەرزە، بەو رەوشتە بەرزە ئێستا من زۆر زۆر دڵنیام كە داهاتووی وڵاتەكەمان لە دەستێكی ئەمیندایە، ئەو قوتابییە چاوگەشانە، ئومێدی زۆرم پێیانە كە دەتوانن دەستكەوتی زۆر گەورەتر هەم بۆ خۆیان و هەم وڵاتەكەیان بێتە دەست.من جارێكی تر سوپاسی وەزارەتی پەروەردە دەكەم بۆ ئەو ئەرك و ماندووبوونەی كە كێشاویانە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردە لە سەرانسەری كوردستان. قسەمان دەكرد كە ئایا چەند قوتابخانە لە هەرێمی كوردستان لەم ئاستەدایە؟ دیارە هەندێك قوتابخانەی ئێمە پێویستيیان بە نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی قوتابخانەی نوێتریشە، بەڵام لەم ماوە كورتەدا توانیومانە كە ئاستی قوتابخانەكان بە جۆرێكی زۆر زۆر باش بەرز بكەینەوە، نەك تەنیا وەكوو باڵاخانە و قوتابخانە، بەڵكوو سیستەمی پەروەردە و فێركردنیش و خوێندن لە جۆری دیجیتاڵكردن و (ئی پەروەردە)، ئەمە كاریگەرییەكی زۆری كردووە و بەردەوامیش دەبین لە پشتیوانیكردنی وەزارەت بۆ پێشخستنی كەرتی خوێندن و پەروەردە.جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم، پیرۆزباییتان لێ دەكەم، هەر سەركەوتوو بن. زۆر زۆر سوپاسیش جارێكی تر بۆ مامۆستایانی بەڕێز و خۆشەویست.

هەواڵ
07-10-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتالیا دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە10/7، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد لە دیدارەکەدا، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانیی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراجۆرەکاندا کرا ، بە تایبەتی لە هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێ کرا.

هەواڵ
07-10-2025

مەسرور بارزانی پێشانگەی HITEX 2025 كردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 10/7، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگەی تەکنەلۆژیا HITEX 2025 لە شاری هەولێر كردەوە.سەرۆكی حكومەت بەشەكانی پێشانگەكەی بەسەر كردەوە كە زیاتر لە 120 كۆمپانیای ناوخۆ و دەرەوە بەشدارییان تێدا کردووە.سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی؛ چەند ساڵێكە من دێم بەشدار دەبم، هەموو ساڵێک دەبینم پێشكەوتنی زیاتر هەیە و خەڵكێكی شارەزا لە كوردستان هەڵكەوتووە، گەنجانمان خۆیان توانیویانە هەم داهێنان بكەن هەم بەشدار بن لەم پێشكەوتنە تەكنەلۆژیایەی كە لە سەرانسەری جیهان هەیە، ئەمەش جێی دڵخۆشییە و ئومێدم زۆرە كە كوردستان ئاییندەیەكی گەشی دەبێت.

هەواڵ
05-10-2025

مەسرور بارزانی: داوا لە گەنجانی کوردستان دەکەم وڵاتەكەیان خۆش بوێت و ب...

ئەمڕۆ یەكشەمە 10/5، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئیڤێنتی تێدێکس نیشتمان (TEDx Nishtiman) لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو. سەرەتا سەرۆكی حكومەت بەشەكانی ئیڤێنتەکەی بەسەر كردەوە، دواتر لە گوتارێكدا كە بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری گەنجان و چالاكانی بوارە جیاوازەكان پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكومەت باسی لەو پرۆژە و خزمەتانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە لە ماوەی رابردوودا پێشكەشی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی كردووە، داواشی لە گەنجانی هەرێمی كوردستان كرد كە شانازیی بە خۆیانەوە بكەن، چونكە سەرجەم ئەم دەستكەوتانەی حكومەت، لە سایەی رەنج و هەوڵەكانی گەنجان پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كراون. داواشی لە گەنجان کرد کە وڵاتەكەیان خۆش بوێت و بڕوایان بە خۆیان هەبێت. ئەمەش دەقی گوتارەكەیە: بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان گەنجانی خۆشەویست ئامادەبووانی هێژا زۆر خۆشحاڵم كە بانگهێشتتان كردم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشدار بم لەم بۆنە گرنگە، بە تایبەتی كە لە لایەن گەنجانەوە ڕێكخراوە، ئەم گەنجانەی كە ئومێد و ئاییندەی وڵاتەكەمانن. من دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی (تیدێكس نیشتمان) دەكەم، هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن، ئەمە چەندین جارە ئێوە ئەم جۆرە بۆنانە ئامادە دەكەن و كارێكی وا دەكەن هەم گەنجان زیاتر ئومێدیان بە خۆیان بێت، هەم ئێمە زیاتر ئاشنا بین بە توانای گەنجەكانمان. دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هەمیشە هەر سەركەوتوو بن. جێی خۆیەتی سوپاس و دەستخۆشی لەو گەنجە خۆشەویستانەش بكەم كە لە دەرەوە تەشریفیان هێناوە و بەخێرهاتنێكی گەرمیان بكەم، هەرچەندە پێشتر من لە خزمەتیان بووم و چەندین قسەشمان بە یەكەوە كردووە، بەڵام ئەوانیش ئامادەن لێرە، لە وڵاتانی ئەورووپاوە سەردانی كوردستانیان كردووە، ئەمەش بەشێكە لەو هەڵمەتەی كە ئێمە توانیمان كارێكی وا بكەین سپۆنسەریی گەڕانەوەی ئەم خۆشەویستانە بكەین بۆ ئەوەی بێن لە نزیكەوە ئاشنا بن هەم بە گەنجانی وڵات و هەم بە نیشتمانەكەی خۆیان و خۆشیان لەو وڵاتانەی كە لێی دەژین، توانا و ئەو زانستەی كە تێیدا فێر بوون، بگەڕێنەوە بۆ وڵات و ئەو پەیوەندی دروستكردنە لە نێوان ئێرە و هەندەران، دەبێتە هێزێكی تر بۆ وڵاتەكەمان، بۆ گەنجە خۆشەویستەكانمان و بۆ ئەو گەنجە بەڕێزانەی كە لە كوردستاندان. پەیاممان بۆ ئەو گەنجە خۆشەویستانەش ئەوەیە كە ئێوە دەتوانن هەموو خەونێك بكەن بە ڕاستی. دەمەوێ ئاماژە بە هەندێك لە كارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەم كە من لە ماوەی رابردوودا ئەگەر بە پێداگیری و بڕوا و متمانە بە خۆبوونی گەلەكەمان نەبوایە، لەوانەیە زۆر زۆر ئەستەم بوو بتوانین ئێستا ئێمە بگەینە ئەم قۆناغە لە پێشكەوتن لە چەندان سێكتەر و بواردا. هەموو لایەك هەوڵی ئەوەیان دەدا كە پاشگەزمان بكەنەوە، بێ ئومێدمان بكەن، بێ هیوامان بكەن كە ئێمە ناتوانین وڵاتی خۆمان بەرەوپێشەوە ببەین، ئاستەنگیان بۆ دروستكردین، ئاڵنگاریی زۆریان بۆ دروست كردین، ڕێگرییان كرد، بودجەیان لێ بڕین، كێشەی سیاسییان بۆ دروست كردین، تووشی كێشەی ئەمنی و ئاسایشیان كردین، بەڵام بە خۆڕاگریی ئەم گەلە خۆشەویستە و بە پشوودرێژیی هەموو هاونیشتمانییانی بەڕێز، ئێمە توانیمان رووبەڕووی هەموو ئەو تەحەدیاتانە بوەستینەوە و نەك تەنیا ئەم قەیرانانە یەك لە دوای یەك تێپەڕێنین، بەڵكوو هەنگاویش بەرەو ئایندەیەكی گەشتر بهاوێژین و لە چەندین بواردا بتوانین سەركەوتنی گەورەش بەدەست بهێنین. پێش هەموو شتێك داوام لە گەنجانی خۆشەویست ئەوەیە كە ئێوە پێویستە زیاتر لە هەموو شتێك وڵاتەكەتان خۆش بوێت. پێش ئەوەی بێمە ئێرە، دوو گەنج ڕێگەیان لێ گرتم و گوتیان ئەگەر دوو ئامۆژگاریمان بكەیت، چی دەبێت ئەو ئامۆژگارییانە؟ ئامۆژگاریی یەكەمم ئەوە بوو كە وڵاتەكەتان خۆش بوێت. هی دووەم، بڕواتان بە خۆتان هەبێت. سەیری وڵاتانی پێشكەوتووی دونیا بكەین، هیچ كەسێك نەچووە وڵاتەكەیان بۆ دروست بكات، بەڵكوو توانای گەنجەكانی ئەوان بووە كە وایان كردووە وڵاتەكەیان رۆژ بە رۆژ بەرەو پێشكەوتن هەنگاو بنێت، ئێمە هیچمان لەم وڵاتانە كەمتر نییە. بەرامبەر بەم هەستە نیشتمانپەروەرییە، بەرامبەر بەم خۆشەویستییە بۆ وڵات و بۆ خەڵكی ئەو وڵاتە، هێزێكی تری نامۆ هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە كە گەنجەكانمان نائومێد بكەن، روو لە هەندەران بكەن، بڕوایان بە وڵاتەكەی خۆیان نەبێت، هیچ خۆشەویستییان بۆ ئەم خاكە نەمێنێت. وەڵامی ئێمە بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە دەیانەوێ گەنج و وڵات لە یەكتر داببڕن ئەمەیە كە گەنجەكانمان زیاتر لە هەموو كەسێك قەدری ئەم خاكە دەزانن، چونكە دەزانن بست بە بستی ئەم خاكە شوێنی خوێنی شەهیدەكانمانە و بست بە بستی ئەم خاكە پیرۆزە. خۆشحاڵم كە دەبینم ئەمڕۆ بە سەدان گەنجی بە توانا و بەهرەمەند لێرەدا كۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی بیرۆكەكانیان لەگەڵ یەكتر ئاڵوگۆڕ بكەن، بۆ ئەوەی دەستكەوتەكانیان پێشانی ئێمە بدەن و پێمان بڵێن كە ئاییندەی ئێمە لە دەستێكی ئەمیندایە. من دەمەوێ ئاماژە بە چەند دەستكەوتێكی ئەم ماوەیەی حكومەتی هەرێم بدەم كە بێگومان ئەمەش هەر بە پاڵپشتی و پشتیوانیی ئێوەی خۆشەویست بووە، یەكێك لەو شتانەی كە توانیمان سەركەوتنی گەورەی تێدا ببینین ئەوە بوو كە گرنگی بە فرەچەشنكردنی ئابووریی كوردستان بدەین و تەنیا چاومان لە وزە یان نەوت و غاز نەبێت. كارێكی وامان كرد كە جووتیارەكانمان جارێكی تر بۆ زەوییەكانیان بگەڕێنەوە و بەرهەمی ناوخۆیی كوردستان بە ئاستێك بگەیەنن كە نەك تەنیا لە ناو خودی هەرێمی كوردستان سوودی لێ وەربگرن، بەڵكوو بۆ دەرەوەی كوردستانیش هەناردەی بكەین. بۆ یەكەمجار بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوەی كوردستان هەناردە كراوە و بەردەوامیشە ئەم پرۆسەیە، ئەمە جێگەی سەربەرزی و جێگەی شانازییە، بەڵام ئەگەر بڕوا بە خۆبوونی جووتیارەكانمان نەبوایە، بڕوا بە خۆبوونی ئەم گەلە نەبوایە، بێگومان ئێمە هەروا دەماین و هەر چاومان لەوە دەبوو خەڵكێكی تر بێ نانمان بداتێ. ئێستا كوردستان گەیشتووەتە ئاستێك و ئومێدمان وایە كە زۆر لەوە زیاتریش بكەین كە كوردستان ببێتە سەبەتەی خۆراك نەك تەنیا بۆ كوردستان، بەڵكوو بۆ هەموو ناوچەكە. پێشبینیی ئەوەمان دەكرد كە كەشوهەوا لەم ناوچەیەدا تێك بچێت و بینیمان كە لە ماوەی رابردوو چەندین ساڵ وشكەساڵی و باران نەبارین كێشەی ئاوی بۆ وڵاتەكەی ئێمە دروست كرد، هەوڵی ئەوەمان دا كە بەنداو و پۆند دروست بكەین، بۆ ئەوەی لەم قەیرانە ئێمە بتوانین باشترین سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگرین و چیتر پەنا بۆ ئاوی ژێرزەوی نەبەین كە بەداخەوە زەرەر و زیانێكی زۆری بە ئاوی ژێر زەویی وڵاتەكەمان گەیاندووە. چەندین جار هەوڵدرا لەگەڵ وڵاتانی بیانی، كۆمپانیاكانی بیانی كە قەیرانی ئاو لە شاری هەولێر چارەسەر بكرێت، بەڵام هەر ساڵێك بە بیانوویەك دوادەخرا، تاكوو گەیشتە ئەو ڕادەیەی كە ئێمە داوامان لە دڵسۆزانی ئەم وڵاتە كرد، خەڵكی شاری هەولێری خۆشەویست، ئەندازیارانی خۆماڵی كە خۆیان هاتن دیزایینێكیان كرد بۆ گەیاندنی ئاوی خێرا بە شاری هەولێر و نەك تەنیا 12 ساڵ، بەڵكوو بە 12 مانگ توانییان گەورەترین پرۆژە لەسەر ئاستی عێراق لە شاری هەولێر دروست بكەن بە باشترین شێوە و هەموومان بینیمان كە توانیمان لەم ماوەیەدا ئاو لە زێی گەورە بۆ شاری هەولێر بگوازینەوە. بەشی دووەمی پرۆژەكەش لە ڕێیە و ئینشەڵا لە ماوەیەكی نزیكدا ئەوەش دەكرێتەوە و شاری هەولێر و دەوروبەری سوودمەند دەبن لە گەیاندنی ئاو بۆ ئەم شارە. چەندین پرۆژەی هاوشێوە هەیە لە چەمچەماڵ، لە ئاكرێ و لە شوێنەكانی تری كوردستان كە دیسان هیوامان وایە بە كاتێكی زوو بتوانین ئەو پرۆژانەش تەواو بكەین و خەڵكی ئێمە ئیتر لە كێشەی بێ ئاوی رزگاریان ببێت. بەشێكی تری دەستكەوتەكانی ئەم حكوومەتە، دروستكردنی ڕێگەوبانە، لەوانەیە هەموومان بینیبێتمان و بەو رێگایانەدا هاتوچۆمان كردبێت و هەندێكجار ئەم ڕێگایانە بەداخەوە بوونەتە شوێنی مەرگ لەوەی كە بە شێوەیەكی ستانداردی نێودەوڵەتی دروست نەكراون یان لەبەر هۆكاری خێرا لێخووڕینی ئۆتۆمبێلەكان تووشی رووداوی ناخۆش بووین و چەندین كەسی ئازیزمان لەدەست داوە. ئەوەی لەسەر حكوومەتی هەرێم بووە ئەمە بووە كە ڕێگەكان بە ئاستێكی نێودەوڵەتی دروست بكات و لە ئاستی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ كە ڕێنمایی بۆ لێخووڕینی ئۆتۆمبێلەكان دەربكات كە چۆن هاووڵاتیان ئەگەر پابەند بن پێی، دەتوانین رێژەی رووداوەكان كەم بكەینەوە. لە خوا بەزیاد بێ دەبینین كە هەڵمەتی دروستكردنی ڕێگەوبانەكان، هی رێگەی خێرا لە نێوان شارە گەورەكان و لە نێو خودی شارەكانیش، كۆڵان و شەقامەكان هەموویان قیڕتاو كراون، شەقامی زۆر باش دروست كراون، ڕێگەی خێرای زۆر باش دروست كراون، هیوادارم هاووڵاتیان هەم سوودمەند بن لێی، هەم ئەم رێنماییانە لەبەر چاو بگرن بۆ سەلامەتیی خۆیان و هەموو هاووڵاتیانی تر. ئەمەش دەستكەوتێكی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە كە كۆتایی نەهاتووە و بەردەوام دەبین لە دروستكردنی ئەم ژێرخانە گرنگە بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیان و سوودوەرگرتنیان لەم پرۆژانە. بەشێكی تری گرنگ كە زۆر هەوڵمانداوە بۆ ئاسانكاریكردن بۆ هاووڵاتیان، ئەوە بووە كە كەرتی بانكی یاخود سیستەمی دارایی لە كوردستان بە شێوەیەكی ستانداردی نێودەوڵەتی بەرەو پێشەوە ببەین، بەداخەوە بەشێك لەم كەرتە لە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان نییە و پێویستە ئێمە پابەندی هەندێك ڕێنمایی لەسەر ئاستی حكوومەتی فیدرالی بین، بەڵام بە هەموو شێوەیەك هەوڵمان داوە كە رەزامەندیی حكوومەتی فیدرالی و بە تایبەتی بانكی ناوەندیی عێراقی وەربگرین تاوەكوو كەرتی بانكی لە هەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە ببەین. ئەم كەرتە بانكییە نەك تەنیا بۆ ئەوەیە كە مووچەی هاووڵاتیان لە بانكەكان بدرێ، بەڵكوو بانكەكان ببن بە شوێنێك كە یارمەتیی هەموو هاووڵاتیەك بدەن بۆ ئەوەی بتوانن قەرزی گەورە و بچووك بە هاووڵاتیان بدەن، تاوەكوو ئەوانیش بتوانن لە بەرژەوەندیی پرۆژەكانی خۆیان بەكاری بێنن. دروستكردنی سێكتەری بانكی و پێشخستنی سێكتەری دارایی لە هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە وەرچەرخانە گەورەكانی ئەم حكوومەتە كە پێموایە لە ئاییندەدا دەتوانێت یارمەتیدەرێكی گەورەتر بێت بۆ راكێشانی وەبەرهێنەری بیانی و متمانەبەخشین بە وەبەرهێنەری ناوخۆیی، هەموو هاووڵاتیانی كوردستانیش بتوانن سوودمەند بن وەكوو هەموو كەسێك لە هەموو وڵاتانی جیهان، لە وڵاتانی جیهانی پێشكەوتوو كە زۆر زۆر سوود دەبینن لەم سێكتەرە، ئێمە دیسان لێرەدا هەنگاوی باشمان بڕیوە و دەستكەوتی باشمان بەدەست هێناوە، بەڵام هێشتا ماوە و ئومێدەوارم بە بوونی ئێوەی خۆشەویست، بتوانین زۆر زۆر لەمە زیاتریشمان دەست بكەوێت. هەر لەبەر ئەمەشە كە دەمەوێ ئاماژە بەم خاڵە بدەم، چونكە زۆربەی ئەم كارانەی كراون، بە دەستی گەنجی ئەم وڵاتە كراون. ئەم پرۆژانەی كە من باسیان دەكەم، هەموویان گەنجی ئەم وڵاتە، گەنجی خۆشەویستی ئەم وڵاتە كە زۆر لایەن بە تەمابوون نائومێدیان بكەن، پێیان بڵێن ئێوە هیچتان پێ ناكرێت، هەر ئەم گەنجانە رووبەڕووی ئەم پروپاگەندانە بوونەتەوە، هەر ئەم گەنجانە ویستیان بێن و خزمەتی وڵاتەكەیان بكەن، لەسەر ئێمە بوو رێگەیان بۆ خۆش بكەین، پشتیوانیان بین. ئەوەی لەسەر ئێمە بوو، رێگەمان بۆ خۆش كردن، پشتیوانیمان كرد و داوامان لێیان كرد كە بێن یارمەتیدەری ئێمە بن و خۆیان وڵاتەكەی خۆیان دروست بكەن، ئەم دەستكەوتانەی كە ئەمڕۆ دەیبینن، بەرهەمی خەبات و رەنجی ئەو گەنجە خۆشەویستانەیە. بە دیجیتاڵكردنی سیستەم و خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێكی ترە لەو خزمەتگوزارییانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویست دەیكات، ئەمە بێگومان پێویستیی بە زانست و شارەزاییە، ئەو گەنجە خۆشەویستانەی كە لەگەڵ زانست و تەكنەلۆژیای سەردەمدا توانیویانە زیاتر خۆیان پێ بگەیەنن، هەر ئەو كەسانەن كە دەتوانن لە هەموو روویەكدا وڵاتەكەمان بەرەوپێش ببەن و ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانەش ئەوان دەتوانن باشتر و باشتری بكەن. من ئەم شانەی كە عەرزی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستی دەكەم، بۆ ئەوەیە كە پێتان بڵێم ئەمانە بەڵێن نین، شتێك نین كە لە داهاتوودا كە گومانمان هەبێت ئایا دەكرێن یان نا، ئەمانە هەموویان ئەو بیروباوەڕانە بوون كە لە سەرەتاوە پێش چەند ساڵێك هەمانبوون و لەگەڵ ئێوە قسەمان كرد، گوتمان ئێمە دەتوانین بە یەكەوە هەموو ئەو دەستكەوتانەمان هەبێت، ئەمڕۆ ئێمە لێرە شاهێدی بەدەستهێنانی هەموو ئەو دەستكەوتانەین، ئەمە بەرهەمی خۆتانە، ئەمە بڕوابەخۆبوونی ئێوەیە. لەمڕۆشەوە بۆ داهاتوویەكی گەشتر، بۆ كوردستانێكی سەقامگیرتر، بۆ كوردستانێكی پێشكەوتووتر، بڕواتان بە خۆتان هەبێت، ئەوەی خوشك و براكانی ئێوە كردیان، ئێوەش دەتوانن بیكەن و لەوەش زیاتر دەتوانن بكەن، بۆیە بڕوام پێتانە، دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو بن، رۆژ بە رۆژ سەركەوتنی گەورەتر تۆمار بكەن، هەر ساخ و سەلامەت بن، كوردستانمان هەر ئاوەدان بێت. دەمویست ئەوەش بڵێم كە پرۆژەی رووناكیش یەكێك بووە لەو پرۆژانەی كە باوەڕ بكەن كەس بڕوای نەدەكرد ئێمە بتوانین لە ماوەیەكی وا كەمدا بتوانین كارەبای 24 كاتژمێری لە كوردستاندا دابین بكەین. هەر بۆ بەراوردكردن، حكومەتی فیدرالیی عێراق، زیاتر لە ٢٠٠ ملیار دۆلاری تەرخان كردووە بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، بەڵام تاوەكوو ئێستا نەیانتوانیوە ئەم كارە بكەن، ئەمەش بە هەوڵ و كۆششی گەنجە خۆشەویستەكانی ئێمە كە شەو و رۆژ خەریك بوون و یارمەتیدەری وەزارەتی كارەبا بوون لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی تر كە بتوانن كارەبای ٢٤ كاتژمێری دابین بكەن، شكور بۆ خوا ئەمڕۆ هەموو سەنتەرەكانی شارە گەورەكانی كوردستان خاوەنی كارەبای ٢٤ كاتژمێرین، پارێزگای هەڵەبجە بە شانازییەوە یەكەم پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق كە كارەبای 24 كاتژمێری لە سەرتاسەری پارێزگاكە هەیە و تا كۆتایی ساڵی 2026، هەموو كوردستان بە هەموو گوند و شار و لادێیەكەوە دەبێتە خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێری، ئەمەش دەستكەوتێكی گەورەیە، هەقە شانازیی بە خۆتانەوە بكەن، چونكە ئەمەش دەستكەوتی خۆتانە.  جارێكی تر سوپاستان دەكەم.

هەواڵ
05-10-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی گەنجانی ڕەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئ...

ئەمڕۆ یەکشەممە 10/5، مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان, پێشوازی لە شاندێکی ڕەوەندی کوردستانی نیشتەجێی ئەوروپا کرد کە لە سەد گەنجی کورد و ژمارەیەک گەنجی بیانی پيکهاتبوو. سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا وێڕای بەخێرهێنانیان، ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات کرد لە ناساندنی زیاتری پرسی کورد و پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان. سەرۆکی حکومەت داواشی لە گەنجانی کورد کرد کە پارێزگاری لە کولتوور و زمان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەن و ببنە پردی پەیوەندیی لەگەڵ کوردستان ، هەروەها داواشی لێکردن کە نموونەیەکی باش و جوان و سەرکەتوو بن لە نێو ئەو کۆمەڵگانەی تێیدا دەژین و سوود لەو دەرفەتانە وەربگرن کە لە دەرەوە هەن بۆ خۆپێگەیاندن و پێشخستنی تواناکانیان. سەرۆکی حکومەت هەروەها تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەرتەکاندا لەپێناو بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری لە هەرێمی کوردستان .

1 2 ... 89 90 91 ... 1143 1144