Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
24-10-2025

مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە حەیدەر عەبادی دەکات

ئەمڕۆ هەینی 10/24، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرسەنامەیەکدا، سەرەخۆشی لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانيی نەسڕ و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق کرد بۆ کۆچی دوایی دایکی.لە پرسەنامەکەدا هاتووە: بە داخەوە هەواڵی کۆچی دوايیی دایکی بەڕێزتانم بیست، پرسە و سەرەخۆشیتان لێ دەکەم و هاوخەمتانم، خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییتان پێ ببەخشێت.

هەواڵ
24-10-2025

مەسرور بارزانی پرسەنامیەکی بڵاوکردەوە

پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزی ، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری ناسراو محەمەد عه‌زيز دەکەم و هاوخەمیانم . خودای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە هەمووان ببەخشێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 24 تشرینی یەکەم 2025

هەواڵ
23-10-2025

مەسرور بارزانی دوو پڕۆژەی ڕێگاوبانی بەسەر کردەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو پڕۆژەی دووسایدی هەولێر-کۆیە و پڕۆژەی دووسایدی کەسنەزان-گۆمەسپان-ی بەسەر کردەوە. سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکارانی پڕۆژەکان کرد و دووپاتی کردەوە کە پێویستە لە کاتی خۆی و بە باشترین شێوە تەواو بکرێت. دووسایدی هەولێر- کۆیە پڕۆژەیەكی ستراتیژی و گرنگی ڕێگەوبانی سنووری پارێزگای هەولێرە و بە گوژمەی 560 ملیار و 443 ملیۆن دینار، لەلایەن كۆمپانیاى ئوزان بە درێژيی 37 كیلۆمەتر كاری تێدا دەكرێت و ڕێگەکە، سێ لەین ڕۆیشتن و سێ لەین هاتنە و پانی هەر لەینێکی 12مەترە. هەروەها 6 ئۆڤەر پاس، 5 ژێر پرد و پردێکی گەورەی بە درێژی 250 مەتری تێدایە، جگە لە دروستکردنی 160 ئاوبڕی کۆنکرێتی. پرۆژەی دووسایدی کەسنەزان- گۆمەسپان، درێژیی شەقامەكانی 15 كیلۆمەترە و پانی هەر سایدێك زیاتر لە 10 مەترە و دوو ڕێڕەوی سەرەكی و ڕێڕەوێكی فریاگوزاریی دەبێت، كە لە كۆتایی شەقامی كەسنەزان دەست پێ دەكات و لە دەربەندی گۆمەسپان كۆتایی دێت. پڕۆژەکە لە 4 پرد و 1 ئەندەرپاس و 40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژی جۆراوجۆر، پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆی پێكدێت.

هەواڵ
23-10-2025

مەسرور بارزانی: پاراستنی ئاو و ژینگەی کوردستان ئەركی هەموومانە

* پێویستە بە باشترین شێوە سوود لە ئاو وەربگرین و بە فیڕۆی نەدەین ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/23، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ستراتیژیی ئاوی قوشتەپە و بێستانە و 72 گوندی دەوروبەری كردەوە. سەرۆكی حكومەت سەرەتا بەشەكانی پرۆژەكەی بەسەر كردەوە، پاشان لە گوتارێكدا كە لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی پرۆژەكەدا پێشكەشی كرد، ئاماژەی بەوە كرد؛ لەگەڵ گەورەبوونی شار و دێهاتەكانی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەستی بە پێویستیی دابینكردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان كردووە و بۆ ئەم مەبەستەش، چەندین پرۆژەی ئاو دروست كراون. ئەمەش دەقی گوتارەكەیە: بە ناوی خودای گەورە و میهرەبانئامادەبووانی هێژاخوشك و برایانی ئازیز زۆر زۆر بەخێر بێن، بەیانیتان باش، خوای گەورە دەفەرموێ: بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ (وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ) كە واتا هەموو شتێكی زیندوومان لە ئاو دروست كردووە، لە كوردەواریی خۆشمان دەڵێین ئاو و ئاوەدانی، كەواتە هەرچی ژیانە بەستراوەتەوە بە ئاو، بەبێ ئاو ژیان نابێت، زۆر گرنگە ئێمە ئەو ئاوە و ئەو نیعمەتەی كە خوا بە ئێمەی داوە بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرین و بەفیڕۆی نەدەین و دەستی پێوە بگرین. ئێمە ماوەیەكی زۆرە هەستمان بەوە كردووە كە بە فراوانبوونی شارەكان و زیادبوونی داواكاریی خەڵك بۆ ئاو، پێویستیمان بەوەیە كە پرۆژەی ئاو پێویستە بە هەموو شار و شارۆچكە و گوند و دێهاتەكانمان بگات، هەم بۆ ئەوەی خەڵكی ئێمە ئاسوودە بن، هەم بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگرین و نەهێڵین ئاوی ژێرزەویی بیرەكان، بەو شێوەیە بەداخەوە ئەوەندە ئاوی ژێرزەوی بچێتە خوارەوە، كەواتە زۆر گرنگە ئێمە بتوانین بەو پرۆژانە، زیاتر ئاوی سەرزەوی بەكار بهێنین. ئەم ئاوە هەم بۆ خواردنەوە، هەم بۆ كشتوكاڵ، هەم بۆ باشتركردنی ژیانی هاووڵاتییان زۆر زۆر گرنگ دەبێت. پێش ماوەیەكیش پرۆژەیەكی تری گەورەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر ئەنجام درا و بە كۆتایی گەیشت، ئەویش هەر دیسان بەشێك بووە لەو پرۆژە و بەرنامانەی كە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمانبووە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی هاووڵاتییان بكەین. ئەمڕۆش لێرەین بۆ ئەوەی پێتان بڵێین كە بەڵێنێكی تریشمان جێبەجێ كرد و ئەم پرۆژەیەشمان بە ئەنجام گەیاند، پیرۆزە لە هەمووتان. دەستخۆشی لە كۆمپانیای (ئاوزان) دەكەم كە بەڕاستی لە كاتێكی پێوانەییدا و بە دڵسۆزی و ماندووبوونێكی زۆرەوە، توانییان لە كەمتر لە ساڵێك ئەم پرۆژەیە بە ئەنجام بگەیەنن، سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی شارەوانیش دەكەم كە بە هەمان شێوە پاڵپشت و هاوكار بوون بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەم پرۆژەیە و سوپاسی پارێزگا و قایمقام و هەموو فەرمانبەرانی حكومەتیش دەكەم كە هەموویان هاوبەش بوون و هەمووشیان هاوپشكن لە سەرخستنی ئەم پرۆژانە، دەستخۆشی لە هەموو لایەكتان دەكەم. پاراستنی ئاو ئەركی هەموومانە، پێویستە هەموومان زۆر بە وریایی ئاوەكەمان و ژینگەكەمان بپارێزین. لە ساڵانی ڕابردوو باران كەم باریوە و ڕووبارەكان لە زۆر شوێن وشك بوون، كاریگەریی كەمیی باران لە عێراق زۆر دیارە، ئێمەش لەوە بێبەش نابین، بەداخەوە ئێمە تەنیا دەتوانین زەرەر و زیانی كەمئاوی لەسەر خۆمان و ژینگەكەمان كەم بكەین، هیوادارین ئەمساڵ وەك ساڵانی ڕابردووش نەبێ و خوا بارانی ڕەحمەتمان بەسەردا ببارێنێ و تووشی كەمئاویی لەوە زیاتر نەبین، بەڵام ئەو پێشبینییانەی كە كردمان و بەم پرۆژانە، دڵنیام كە ئێمە ناگەینە قۆناغێك كە ناچار بین بە كۆچكردن، چونكە بێگومان كاریگەریی كەمئاوی لەسەر خەڵك زۆر زۆرە و عێراق یەكێكە لەو شوێنانەی كە بە شێوەیەكی دژوار تووشی ئەم گرفتە بووە. مەترسیی كەمئاوی، مەترسیی تریشی لەگەڵ دێ، مەسەلەی كۆچكردنی هاووڵاتییان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر، چونكە ژیانی مرۆڤ وایە بە دوای ئاو و ژیاندا دەگەڕێ، لە شوێنێك ئاو نەبێت، بەبیابانبوون دروست ببێ، خەڵك ڕوو لە شوێنێكی دی دەكات كە ژیانی تێدایە. ئێمە هەوڵێكی جددیمان داوە لەگەڵ دۆستەكانمان لە دەرەوەش كە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ئەم كێشەیە، كێشەی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهانی ئێستا بووەتە كێشەیەكی جددی كە هەوڵ بدەن چارەسەری بكەین و ئێمەش بەشێك بین لەو چارەسەرییە و ئەو ڕوئیایەی ئێمە هەمانبووە لە كوردستان، بەش بە حاڵی خۆمان، بەرنامەكانی خۆمان جێبەجێ كردووە و لە خواش بەزیاد بێ دەبینین كە كاریگەریشی هەبووە و خەڵكی ئێمەش تا حەدێكی زۆر توانیویانە ئاسوودە بن. جگە لەم پرۆژانە، ئێمە چەندین پرۆژەی تریشمان لەبەر دەستن، هەندێكیان جێبەجێ كراون، هەندێكیان خەریكن جێبەجێ دەكرێن و هەندێكیش پلانیان بۆ داڕێژراوە لە ئاییندەیەكی نزیكدا جێبەجێ بكرێن، تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بڕیارمان لەسەر دروستكردنی پرۆژەیەكی گەورەی ئاوی دووكان - سلێمانی دا كە ئەوەش بێگومان بابەتی قەیرانی ئاو لە سلێمانی كۆتایی پێ دەهێنێت. پرۆژەكانی دیكەش هیوادارم لە كاتێكی زوودا بە ئەنجام بگەن، بۆ ئەوەی هیچ شوێنێك لە كوردستان نەمێنێت كە تووشی گرفت و قەیرانی كەمئاوی ببێت. من داوایەكیشم هەیە لە هەموو خوشك و برایانی خۆشەویست، لە قوتابخانەكان، بە تایبەتی لە مامۆستایانی ئایینی، لە ڕۆشنبیران كە ڕێنماییمان بكەن، ئامۆژگاریمان بكەن، بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەدرێ، دەست بە ئاوەوە بگرین، نیعمەتێكی گەورەیە، بەڵام با بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرین، ئێمە بێگومان دەتوانین زۆر زۆر وڵاتەكەمان خۆشتر بكەین، ئەگەر بزانین چۆن سوود لەو نیعمەتە وەربگرین كە خوا پێی بەخشیوین. بابەتی هۆشیاركردنەوە بابەتێكی گرنگە، داوا دەكەم نەك تەنیا بابەتی ئاو، بەڵكوو ژینگەپارێزی بە شێوەیەكی گشتی با ببێتە كولتوورێك هەموومان پێیەوە پابەند بین. كاری زۆرمان كردووە بۆ ئەوەی لە ئاستی ئەو متمانەیە بین كە خەڵك بە ئێمەی داوە و خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵك دابین بكەین، نەك تەنیا ئاو، بەڵكوو پرۆژەی ڕووناكییە، ڕێگەوبانە، بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانە، كەرتی تەندروستییە، كەرتی پەروەردەیە، ئەمە هەموویشی ئەركی ئێمە بووە و هیچ منەتێكی تێدا نییە و هەمیشەش ویستوومانە بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین، خزمەتكردن بەڕاستی ئیرەیی ناوێ، تەنیا دڵسۆزی دەوێ، ئەوەی بیەوێ خزمەت بكا، ئەوەندەی بەسە دڵسۆز بێت و دەتوانێت خزمەت بكات. سامانی نیشتمانی، سامانی هەموو خەڵكی كوردستانە، موڵكی شەخسیی هیچ كەسێك نییە و پێویستە ئەم سامانە بۆ خەڵك بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگیرێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی ئێوە، تاوەكوو ئێوە متمانەتان پێمانە، بە سەربەرزییەوە، بە شانازییەوە خۆمان بە خزمەتكاری ئێوە دەزانین، هیوادارین بەردەوام بن لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، هەر تەندروست و سەلامەت بن، خوای گەورە سەلامەتتان بكات و كوردستانیشمان ئاوەدان بكات.زۆر سوپاس.

هەواڵ
22-10-2025

مەسرور بارزانی نەخۆشخانەی (شۆرەش-هێتیت)ی لە دێرەلووک كردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/22، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەخۆشخانەی (شۆرەش-هێتیت)ی گشتی لە شارەدێی دێرەلووک لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگەی دهۆک كردەوە.سەرۆكی حكومەت سەرجەم بەشەكانی نەخۆشخانەكەی بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە هەموو ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییانەی بینی كە لە نەخۆشخانەكەدا پێشكەش بە خەڵكی دەكرێن.پاشان سەرۆکی حکومەت لە گوتارێكدا ئاماژەی بەوە كرد کە لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك، پێویست بوو ئێمە خزمەتێكی زیاتری خەڵكی ئەم دەڤەرە بكەین، جگە لەوەی ئەمە داخوازیی خەڵكی ئەم دەڤەرە بوو كە نەخۆشخانەیەك دروست بكرێت، چونكە زۆرجار بە تایبەتی لە وەرزی زستان و لە كاتێكدا بەفر هەبووایە، نەخۆش نەدەگەیشتنە نەخۆشخانەی دیكە لە ئامێدی و ، دهۆک یان هەولێر، بۆیە بڕیار درا ئەم نەخۆشخانەیە دروست بکرێت، لەو كاتەوە تا ئێستا كارێكی زۆر باش كراوە، من سەردانی هەموو بەشەكانی ئەم نەخۆشخانەیەم كرد، بەڕاستت بە شێوازێكی زۆر سەردەمیانە و بە ئامێری زۆر پێشكەوتوو ئامادە كراوە، لەو باوەڕەدام كە پزیشك و نۆژدار و پەرستاری زۆر باشیشمان هەن و زۆر باش چاوی خۆیان دەدەنە خەڵكی ئەم دەڤەرە و چیتر ناچار نابن بۆ نەخۆشی سەردانی شاری دیكە بكەن.“هاوكات دەستخۆشیی لە خەڵكی دەڤەرەكە كرد و گوتی: ”بەڕاستی شایانی هەموو خزمەتێكن كە بۆتان بكرێت، چونكە دەڤەرێكی قوربانیدەر بووە و بەردەوام شۆڕش لەم دەڤەرە هەبووە و ئێستاش رۆڵی ئێمەیە خزمەتێكی زیاتری خەڵكی ئەم دەڤەرە بكەین.“نەخۆشخانەکە گشتیی 100 قەرەوێلەییە و لە چوار نهۆم پێکهاتووە و 43 ملیۆن دۆلاری تێچووە.

هەواڵ
21-10-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئیماراتی دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 10/21، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا ناسر لوتاە، یاریدەدەری وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و کێبڕکێ کرد. سەرۆکی حکوومەت، پێزانینی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیمارات و بە تایبەتی سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان و جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیران شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم دەربڕی بۆ ئەنجامدانی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی حکومی و بەشداریکردنی شارەزاییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان. لە میانەی گفتوگۆکاندا، جەخت لە بەهێزکردنی هاریکاریی لە نێوان هەردوولادا کرا و زیاتر لە 30 دەستپێشخەرییان ڕاگەیاند بە سوود وەرگرتن لە شارەزایی ئیمارات لە بوارەکانی، سیستەمی بەڕێوەبردن و بەرزکردنەوەی ئاستی حکومی، کە داشبۆردێکی ناوەندی بۆ حکومەتی هەرێم دابین دەکات بۆ چاودێریکردنی پێشکەوتنەکان لە هەموو وەزارەتەکاندا، هەروەها بڕیاردان باشتر و بەرپرسیارییەتی بەهێز دەکات. دەستپێشخەریی کۆدنووسانی کوردستانیش ڕاگەیەنرا، کە ئامانجی ڕاهێنانی 30 هەزار گەنجە لە بواری کۆدنووسین، زیرەکی دەستکرد و شارەزایی دیجیتاڵی، کە توانای نەوەی داهاتووی داهێنەر و خاوەنکارانی کوردستان بەهێزتر دەکات. شاندی ئیماراتی تیشکیان خستە سەر ئامانجی سەردانەکەیان کە دەستنیشانکردنی بوارەکانی هاوکاری دوولایەنەیە، لەوانە ستراتیژی دیجیتاڵکردنی حکومەت، پێشبینی داهاتوو، وەبەرهێنان و ئابووری، چاودێری تەندروستی، گۆڕانی کەشوهەوا، فڕۆکەوانی، و پێشخستن و بنیاتنانی توانا مرۆییەکان و بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە.

هەواڵ
21-10-2025

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی باڵای سەربازی عێراق كرد

تاوتوێی بارودۆخی ئەمنی و هەماهەنگیی سوپای عێراق و پێشمەرگە كرا ئەمڕۆ سێشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2025، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپاساڵاری عێراق و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک پلەداری باڵای سەربازی و ئەمنیی عێراق. لەو دیدارەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا بە تایبەت و هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی هەردوولا لە پێناو پاراستنی ئاسایشی عێراق بە گشتی و ناوچە سنوورییەکان بە تایبەتی. هەروەها هاوکاری و هەماهەنگیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە و پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەمنیی دوولایەنە و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بارودۆخی ئەمنیی سووریا و سنوورەکانی لەگەڵ عێراق تاوتوێ کران. هەر لەو دیدارەدا باس لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش کرا کە هێشتا مەترسیی گەورەن بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە، لەم پێناوەدا پێویستی بەردەوامیی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ سوپای عێراق و پێشمەرگە و پتەوکردنی هاریکاریی هاوبەشیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە گرنگ زانرا. کۆتاییهاتن بە ئەرکی هاوپەیمانان لە ئەیلوولی ساڵی داهاتوو و مەترسی و ئەگەرەکانی بارودۆخی دوای ئەو قۆناغە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەبوون.

هەواڵ
21-10-2025

“کاری سەرەکیمان لە خولی نوێ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەبێ”

پارتی دیموکراتی کوردستان رژدە لەسەر گۆڕانکاری  لە سیستمی هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی حیزبەکە دەڵێت، لە خولی نوێ کار بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەین، دەبێت یاساییەکی سەردەمیانەش بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت.  جەعفەر ئیمینکی بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند:”دوای هەڵبژاردن یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی نوێنەرانیان بە هاوبەشی لەگەڵ فراکسیۆنی دیکەدا کارکردن دەبێ لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.” لەبارەی پشتیوانی سیاسییەوە بۆ هەوڵەکەیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، جەعفەر ئیمینکی دەڵێ: “دەردی ئێمە هاوبەشە لەگەڵ خەڵکی دیکە بۆیە تێگەیشتنی باش لەسەر بابەتەکە هەیە، چونکە هەموو سیستمەکانی دیکە لەم سیستمەی عێراق باشترە و ئەوەی ئێستا هەیە بێسەروبەرە.”  مەسعود بارزانی لە یەکەم پەیامی لە دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان یاسای هەڵبژاردنی ئێستای بە یاسایەکی نادادپەروەر ناوبرد و گوتی: “دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگۆڕدرێت.” بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کێشەکانی سیستمی ئێستای هەڵبژاردنەوە دەڵێ: “سەرچاوەی ئامارەکانی هەڵبژاردنەکە پسولەی خۆراکە، بەڵام پسولەی خۆراک دەستکاری زۆری تێداکراوە، دەکرا لەجیاتی سەژمێری گەشەسەندن، سەژمێری دیمۆگرافی بکرێت و ببێتە سەرچاوەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن.” هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە سیستمی فرەبازنەیی بەڕێوەدەچێت، عێراق بەسەر 18 بازنەدا دابەشکراوە، بە گوتەی جەعفەر ئیمینکی فرە بازنەیی بەبێ سەرژمێری ناکرێت: ”ئەگەر ئێستا پێداچوونەوە بکرێت چوار کورسی لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت. “ بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رەخنەی لە بەرپرسانی ئێستای عێراق گرت تاوەکو ئێستا عێراق بە کاتیی بەڕێوەدەبەن، بۆیە ئەو گۆڕانکاریانە ناکەن.  جەعفەر ئیمینکی لەبارەی دیزاینکردنی پێشوەختەی هەڵبژاردنیشەوە دەڵێ: “گومانی دیزاینکردنی پێشوەختەی هەڵبژاردن ناکەین، بەڵام لەو شوێنانەی چاودێرییان نییە رەنگە هەندێک لایەن بتوانن ساختەکاری بکەن.” دوایین هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان بە سیستمی چوار بازنەیی کرا، ئەوکاتیش پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانی سیستمی یەک بازنەیی کرد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی حیزبەکە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە گوتی: “بۆ  کوردستانیش پێویستمان بە یاسایەکی سەردەمییانە هەیە.” بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتی و 9ـی دیکەیان کۆتان.

هەواڵ
21-10-2025

لەسەر ڕاسپارەدی مەسرور بارزانی نزیکەی 11 ملیار دینار خەرج دەکرێت

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تووشبووانی تالاسیمیا ڕەوانەی وڵاتەکانی تورکیا و هیندیستان دەکرێن و چارەسەری وەردەگرن. بەرەبەیانی ئەمرۆ سێشەممە 21-10-2025، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، کاروانی سێیەمی نەخۆشانی تالاسیمیا بۆ نەشتەرگەری چاندنی مووخی ئێسک لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوای پشکنین و ئامادەکارییە پزیشکی و ڕێککارە زانستییەکان، 48 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە نەخۆشانی تالاسیمیا، بەخشەران و هاوەڵەکانیانن بۆ نەشتەرگەری چاندنی مووخی ئێسک، لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران، تەواوی خەرجییەکانی چوون و هاتنەوەیان، مانەوە و پشکنین، نەشتەرگەری و چارەسەرەکانیان بودجەی پێویستی بۆ دابینکراوە. لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان 140 توشبووی تالاسیمیا دەنێرێتە وڵاتانی دەرەوە و بودجەی تەواو بۆ نەشتەرگەری، مانەوە دابین دەکات کە نزیکەی 11 ملیار دینارە، نەخۆشخانەکانیش دەنێردرێنە ژمارەیەک نەخۆشخانەی خاوەن متمانەی نێودەوڵەتیی  JCI لە وڵاتەکانی تورکیا و هیندستان. لە ئێستادا 120 هاووڵاتی لە نەخۆشخانەکانن، لە ڕۆژانی داهاتووشدا کاروانی چوارەم 60 نەخۆش و هاوەڵەکانیان ڕەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.

هەواڵ
21-10-2025

مەسرور بارزانی پێشوازیی له‌ باڵيۆزى توركيا لە هەولێر دەکات

مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوای لە ئانڵ بۆرا ئينان، باڵيۆزى تورکیا کرد. ئه‌مڕۆ سێشەممە‌ 10/21 مەسرور بارزانى، پێشوای لە ئانڵ بۆرا ئينان، باڵيۆزى توركيا له‌ عێراق کرد، لە کۆبوونەوەدا کە ئەرمان تۆپچو، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، وێڕای جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ کرا. باڵيۆزى توركيا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆژە و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا لە سەرۆکی حکومەت کرد و بەتایبەتیش ئاماژەی بە پڕۆژەی ڕووناکی و پڕۆژەکانی پاراستنی ژینگە و پشتێنەی سەوزایی و دابینکردن و گەیاندنی خزمەتگوزاریی ئاو کرد. لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە ڕێککەوتنی سێلایەنەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرا و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە ببێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا.

هەواڵ
19-10-2025

زەوی بەسەر هێزەکانی پێشمەرگە دابەشدەکرێت

بەرپرسی بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی بە پێدانی زیاتر لە شەش هەزار پارچە زەوی بۆ هێزەکانی یەکەی 70 و 80 نیشانداوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەربەست مەولوود، بەرپرسی بەشی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندیی لەسەر پێدانی شەش هەزار و 300 پارچە زەوی بە هێزەکانی پێشمەرگە نیشان داوە، کە هەموویان سەر بە یەکەکانی 70 و 80ـن.  ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ناوانەی کە بە لیست هاتوونەتەوە، بە گوێرەی کارتی زانیاری، شوێنی نیشتەجێبوون و بە پێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جیا دەکرێنەوە، لە لایەن شارەوانییەوە نووسراویان بۆ دەکرێت، دواتر ڕەوانەی شارەوانییە پەیوەندارەکان دەکرێت بە مەبەستی تەرخانکردنی زەوی بۆیان.  باسی لەوەش کرد، مەرجی پێدانی زەوی بە هێزەکانی پێشمەرگە هاوشێوەی مەرجی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، دەبێت سوومەندبووەکە خزمەتی کەمتر نەبێت لە هەشت ساڵ، هاوکات نابێت پێشووتر سوودمەند بوبێت، ئینجا پارچە زەوییەکی 200 مەتری پێدەدرێت.  سەربەست مەولوود، ڕوونیشێ کردەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 88 هەزار فەرمانبەر لە سەرجەم وەزارەتەکان لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەزامەندی پێدانی زەویان بۆ دەرکراوە، گوتیشی: پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.  لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی. بڕیارەکەش لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.

هەواڵ
19-10-2025

مەسرور بارزانی: بەڵێنێکی دیکەمان جێبەجێ کرد

سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێگەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی کردەوە. سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دووسایدی گۆمەسپان-سماقووڵی گوتی: پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و خۆمان و ئێوەی بەڕێز دەکەم بۆ ئەم دەستکەوتە گەورەیە، بۆ ئەم پرۆژەیە نایابە کە بێگومان خزمەتێکی زۆری گەلی کوردستان دەکات. گوتیشی: دوای ساڵێک کە بەڵێنماندا ئەم پرۆژەیە جێبەجێدەکەین، ئێستا لێرەین کە بڵێین بەڵێنێکی دیکەمان جێبەجێکرد، سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و گرفتانەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، سەرەڕای ئەو هەموو گرفتانەی بۆ ئابووری کوردستان و پێشخستنی کوردستان دروست کران، ئێمە ئێستا وەستاوین بەرانبەر بەخەڵکی کوردستان و جیهان، کە پێیان بڵێین: ئەگەر ئیرادەی بەهێز هەبێت و نیشتمانپەروەری بەهێز هەبێت، هیچ شتێک مەحاڵ نییە. سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دەستکەوتە بەرهەمی ڕەنج و خەبات و دڵسۆزی ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتەیە، کە ئێستا دەیبینن، هیوادارم خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی بۆ مەبەستی گەشتوگوزار دێنە ناوچەکە، بکات. مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، ئەم دووسایدە بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر کە لەشاری هەولێر دەستپێدەکات، هەروەها ئەم دووسایدە ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، کە ئاسانکاریی بۆ هاتوچۆی ئەم دەڤەرە دەکات. گوتیشی: ئەم ڕێگەیە ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمدەکاتەوە. دەشڵێت: داوا لەهاووڵاتیان دەکەم ڕەچاوی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بکەن، کوردستان وڵاتێکی جوانە، ئەم جۆرە پرۆژانەش جوانتری دەکات، بەڵام لەسەرەخۆمانە ئەم جوانییە بە پاکیی و جوانی ڕابگرین، ئاماژەی بەوەشدا، چەندین جار داوام کردووە ژینگە و پاک و خاوینی ئەم وڵاتە بپارێزن، ئەرکی ئێمەیە ئەم ماڵە بپارێزین و بەجوانی ڕایبگرین، سەرەڕای ئەم هەموو بانگەوازییە، دەبینین هەندێک کەسی نابەرپرس گوێ بە ژینگە پارێزی نادەن. سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە، لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەسپێرم، کە پێویستە ڕێکاریی پێویست بەرانبەر ئەوانە بگرنەبەر کە ڕێز لە خاک و ژینگە و وڵاتی ئێمە ناگرێت، چیتر چاوپۆشیان لێنەکرێت و ڕووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.  مەسرور بارزانی گوتیشی: ماستەرپلانێکی گەورە دانراوە کە ئەم شوێنە ببێتە شوێنێکی گەشتیاریی گرنگ، کە خەڵکی هەولێر و خەڵکی هەموو کوردستان سوودی لێبینن، خەونی ئێمەش ئەوەیە کوردستان بەتێکڕا ببێت بەشوێنێک کە هەم خەڵکی کوردستان و هەم ئەوانەی سەردانی ئێرە دەکەن سوودمەند بن. دەشڵێت: بەرنامەی زۆرمان بۆ کەرتی گەشتیاریی لەم ناوچە و ناوچەکانی دیکەش هەیە، چەندین پرۆژەی دیکەشمان بەدەستەوەیە، ئینشائەڵڵا ئەوانیش بەزووترین کات ئەنجام بدرێت و بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان.

1 2 ... 87 88 89 ... 1143 1144