ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە گوێرەی 99.98%ـی ئەنجامەکان، ڕێژەی بەشداریی لە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیی پەرلەمانی عێراق، گەیشتووەتە 56.11% پوختەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق - 2025: کۆی گشتیی دەنگدەران (گشتی و تایبەت): 21,404,291 کەس. کۆی گشتیی بەشداربووان (گشتی و تایبەت): 12,009,453 کەس. ڕێژەی گشتیی بەشداری: 56.11%. یەکەم: دەنگدانی گشتی کۆی ژمارەی دەنگدەران: 20,063,773 کەس. ژمارەی دەنگدەرانی بەشداربوو: 10,904,637 کەس. ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتی: 54.35%. کۆی ژمارەی بنکەکانی دەنگدان: 8,703 بنکە. کۆی ژمارەی وێستگەکانی دەنگدان: 39,289 وێستگە. ڕێژەی بەشداریی دەنگدانی گشتی لە پارێزگاکان (لە بەرزترینەوە بۆ نزمترین): دهۆک: 76.07% هەولێر: 69.02% سەڵاحەدین: 66.44% ئەنبار: 65.93% کەرکووک: 64.12% نەینەوا: 64.07% سلێمانی: 56.87% دیالە: 55.49% بەغدا-کەرخ: 53.27% بەسڕە: 50.21% بابل: 49.82% موسەننا: 49.79% قادسییە: 48.39% زیقار: 47.94% واست: 46.76% کەربەلا: 46.13% نەجەف: 42.70% بەغدا-ڕەسافە: 41.55% میسان: 40.11% دووەم: دەنگدانی تایبەت * دەنگدانی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان: ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو: 1,313,980 کەس. ژمارەی دەنگدەرانی بەشداربوو: 1,084,289 کەس. ڕێژەی بەشداری: 82.52%. * دەنگدانی ئاوارەکان: ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو: 26,538 کەس. ژمارەی دەنگدەرانی بەشداربوو: 20,527 کەس. ڕێژەی بەشداری: 77.35%.
سوپاس بۆ خودای مەزن، پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرنی عێراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی دەکەم و سوپاسییان دەکەم کە بەشداریان لەم پرۆسەیەدا کرد و ماف و ئەرکی نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ کرد و نوێنەرەکانیان هەڵبژارد، هەروەها سوپاسی کۆمسیۆنیی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هێزە ئەمنییەکان لە ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە دەکەم بۆ سەرخستنی پرۆسەی دەنگدان و ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن. دەستخۆشی لە هەموو بریکار و چاودێرانی بیانی و ناوخۆیی دەکەم بۆ هاوکاری و چاودێریکردنیپرۆسەکە. هیوادارم بە ئەمانەتەوە، ڕێز لە دەنگی دەنگدەران بگیرێت. هەروەها ئەو نوێنەرانەی متمانەی دەنگدەران بەدەست دەهێنن ، نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک بن و داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشت هاوڵاتییانی عێراق بکەن . ئومێدەوارم سەردەمێکی نوێ لە عێراقی فیدراڵ و دیموکرات بۆ بەدیهێنانی هەموو مافە ڕەواکانی گەلەکەمان دەست پێ بکات و ئەنجامی هەڵبژاردن ببێتە هۆی باشتربوونی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق و بەهێزتربوونی پێگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان . مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان2025/11/11
وەزارەتی بازرگانیی عێراق هەلێکی بێ بەرامبەر بۆ 10 رۆژ دەداتە ئەو خێزانانەی تاوەکو ئێستا بە هەر هۆکارێک خۆیان لە پسووڵەی ئەلیکترۆنیی خۆراک تۆمارنەکردووە و دەرفەتەکەش ئەوەیە لە ئەمڕۆوە ئەپلیکەیشنەکە کارا دەبێت و دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بڕیارە لە ئەمڕۆ دووشەممەوە تاوەکو 20-11-2025 ئەپلیکەیشنەکە کارا بکرێتەوە تەنیا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی رابردوودا بەهۆی ئەوەی لە دەرەوە وڵات بوون یان دوورە دەست و بێ هێڵی ئینتەرنێت بوون یان بەهۆی نەشارەزاییان نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن." بەگوتەی نەوزاد شێخ کامیل، دوای تەواوبوونی ئەو قۆناخە، دەست بە قۆناخی دووەم دەکرێ. لە قۆناخی دووەمدا چەند خزمەتگوزارییەکی دیکە بەردەست دەبن، لەوانە خزمەتگوزاریی مامەڵەی هاووڵاتییان تایبەت بە تۆماركردنی ناوی منداڵ، سڕینەوەی ناوی مردوو و گواستنەوەی پسووڵە لە بریكارێکەوە بۆ بریكارێکی دیکە یان لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە یان لە شارێک بۆ شارێکی دیکە، هەروەها تۆماركردنی ئەو كەسانەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە و پسووڵەی خۆراكیان نییە. نرخی تۆمارکردن یان سڕینەوەی ناوی ئەندامانی خێزان 2 بۆ 3 هەزار دینار دەبێت، بۆ ئەوەش تەنیا کارتی نیشتمانیی منداڵی تازە لەدایکبوو یان بەڵگەنامەی مردنی مردووەکە هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا 87%ی هاونیشتمانییان خۆیان لە پسووڵەی ئەلیکترۆنیی خۆراک تۆمارکردووە. بەگشتی 5 ملیۆن و 380 هەزار خێزان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەهۆی کاراکردنی ئەپلیکەیشنی پسووڵەی خۆراکی ئەلیکترۆنییەوە نزیکەی 699 هەزار و 400 خێزان ماوەی دوو مانگە بەشە خۆراکی مانگانەیان بڕدراوە. ئەگەر ئەو خێزانانە لەو 10رۆژەدا خۆیان تۆمار بکەن، ئەوا لە مانگی داهاتووەوە بەشە خۆراکی مانگانە وەردەگرن، بەڵام بەشە خۆراکی ئەو مانگانەیان بۆ ناگەڕێندرێتەوە کە بڕدراوە". لەبارەی بەشە خۆراکی مانگانەوە نەوزاد شێخ کامیل رایگەیاند: "ئێستا سەرقاڵی دابەشکردنی بەشە خۆراکی مانگی حەوتین کە پێکهاتووە لە 3 کیلۆ ئارد، 1 کیلۆ شەکر، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، یەک لیتر رۆنی شل، نیو کیلۆ نیسک، نیو کیلۆ ئاری نۆک، هاوکات بەشە ئاردی مانگی نۆش دابەش دەکرێ کە بۆ هەر خێزانێک 9 کیلۆئاردە."
ئەمڕۆ یەکشەممە 11/9، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, پێشوازی لە ئانتی پوتکۆنین باڵیۆزی نوێی فینلاند لە عێراق کرد . سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆز کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ دەربڕی. باڵیۆزی فینلاند ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشان دا. چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دۆخی گشتیی عێراق و دوایین ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
یاریدەدەری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە، پاش هەڵبژاردن ڕاستەوخۆ شاندێكی هەولێر دەچێتە بەغدا. ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی نیشانداوە، 120 ملیار دیناری دیكە وەك داهاتی نانەوتیی هەرێم بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ، ئەگەرهاتوو بەغدا پێش هەڵبژاردن بڕیاری خەرجكردنی مووچەی مانگی 9 بدات. هەرچەندە پڕۆسەی هەڵبژاردن نزیک بووەتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی کوردستان بدات و دوای هەڵبژاردن ڕاستەوخۆ پارەکە ڕەوانە بکرێت. ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا پاساوەكانی بەغدای بۆ نەناردنی مووچە ڕەتكردەوە، و لەمبارەیەوە وتی، "لە عێراق قەیرانی دارایی نییە، چونكە مانگانە هەشت تریلیۆن دینار بۆ مووچەی وەزارەتەكانی حكومەتی فیدراڵ خەرج دەكرێت، كەچی كۆی مووچەی هەرێمی كوردستان تەنیا 960 ملیار دینارە كە هاوتای بڕی مووچەی یەك وەزارەتی عێراقە بەتەنیا، كەچی بڕیاری خەرجكردنی نادات." بۆ چارەسەرکردنی كێشەی مووچە، ڕێباز حەملان ئەوەی خستەڕوو، ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات. ڕێباز حەملان دووپاتیشی كردەوە كە هیچ گرفتێكی تەکنیکی لەنێوان هەولێر و بەغدا نەماوە و لیستی مووچە و میزان موراجەعە ڕەوانە کراون. ئەوەی لە بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت سیاسییە و ستەم و زوڵمە بەرامبەر خەڵکی کوردستان. لەپاڵ ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕادەستكردنی بڕی 120 ملیار دیناری دیكە وەك داهاتی ناوخۆی هەرێم، زیاتر لە حەوت ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە.
نزیکەی 16 هەزار پارچە زەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت. ئەمڕۆ شەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕایگەیاند، سبەی یەکشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2025، پرۆسەی دابەشکردنی نزیکەی 16 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکانی بنەسڵاوە، دارەتوو و کەسنەزان بەڕێوەدەچێت. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،دێت بۆ دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران و چین و توێژە شایستەکان. پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ بوو ڕاگیرابوو، بە بڕیارێکی مێژوویی سەرۆکی حکوومەت لە 27ـی ئاداری 2024 دەستیپێکردەوە. ئامانج لەم پرۆژەیە دابینکردنی زەویی نیشتەجێبوونە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کە پێشتر سوودمەند نەبوون. پرۆسەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە چەند قۆناغێک بەڕێوەچووە: قۆناغی یەکەم: لە 15ـی تەمموزی 2025، نزیکەی چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەوانیی بەحرکە دابەش کرا. لە مانگەکانی دواتردا، پرۆسەکە شارەوانییەکانی دیکەی وەک قوشتەپە و دارە شەکرانی گرتەوە و تا مانگی ئاب نزیکەی 8 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتبوو. هەروەها لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم، زیاتر لە 7 هەزار و 500 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سەنتەری شاری هەولێردا دابەشکرا. ئەم قۆناغە نوێیە کە سبەی یەکشەممە بەڕێوەدەچێت، سێ شارەوانیی سەرەکی لە دەوروبەری هەولێر دەگرێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، تەنها لە سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە نزیکەی پێنج هەزار فەرمانبەر پارچە زەوی 200 مەتری وەردەگرن. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەکارییەکان بۆ ئەم پرۆسەیە لە قۆناغی کۆتاییدان. پرۆسەی دابەشکردنی زەوییەکان لە ڕێگەی تیروپشکی ئەلیکترۆنی و سیستەمی کۆمپیوتەرییەوە بەڕێوەدەچێت بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت و دادپەروەری. بە گشتی، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر نزیکەی 42 هەزار فەرمانبەر، پێشمەرگە و خانەنشین لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی کابینەی 9ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی گوزەرانی فەرمانبەران و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ هاووڵاتییان.
شاندی دانوستانکاری پارتى دیموکراتی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: یەکێتى نایەتە پێش بۆ رێککەوتن تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراق. لە راگەیاندراوەکەی دانوستانکاری پارتى هاتووە: "لەتەواوى ماوەى دانوستانەکاندا پارتى بە نەفەسێکى درێژ و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى و هەستیارىى ئەم قۆناغە و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان هەموو توانایەکى خستەگەڕ و هەموو نەرمیەکى نیشاندا و، لەم پێناوەشدا جەنابى سەرۆک بارزانى بە پەرۆشیەکى زۆرەوە پشتیوانى لە هەنگاوەکانى بەڕێوەچوونى گفتوگۆکان کرد و ئامادەیی هەموو پشتیوانییەکى نیشاندا بۆ سەرخستنى پرۆسەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکى پتەو و زەمانەتى جێبەجێکردنى." دەقی راگەیاندراوەکە: ڕاگەیاندراوێک لە شاندی دانوستانکاری پارتى دیموکراتى کوردستانەوهسەڕەراى دروست کردنى کۆسپ و تەگەرەى زۆر لە بەردەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە ئامانج لێی ئەنجام نەدانى هەڵبژاردن یان لاوازکردنى پارتى بوو، بەڵام پارتى بە بڕوا بوون بە جەماوەر و دڵسۆزانی، بەشدارییەکى کاراى لە هەڵبژاردنێکى سەرکەوتوودا کرد کە براوەى یەکەم تیایدا هەرێمى کوردستان بوو، جارێکى تریش پارتى متمانەیەکى بەهێزى گەلى کوردستانى بەدەست هێنا. دواى پەسەندکردنى دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن، پارتى لە ڕوانگەى کارى پێکەوەیی و لە پێناو تازەکردنەوەى شەرعیەتى یاسایى بۆ دامەزراوەکانى هەرێم و رێزگرتن لە ئیرادەى گەلى کوردستان، هەروەکو بەڵێن درا کە دەرگای گفتوگۆ بۆ هەموو لایەنەکان لە سەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی کراوەبێت، شاندەکەمان دەستى بە سەردانى سەرجەم لایەنەکان کە کورسیان بەدەستهێناوە کرد.لە چوارچێوەی سەردان و گفتوگۆکان لەگەڵ یەکیتی نیشتیمانی کوردستان و لایەنە بەڕێزەکانی دیکە کە کورسی پەرلەمانیان بە دەستهێنابوو، بەشێک لەم لایەنانە بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد و ئێمەش ڕێزمان لەو بژاردەیە گرت. لە ڕێکەوتى 30/11/2024 لە شارى سلێمانى یەکەمین کۆبوونەوە لە نێوان شاندى دانوستانکارى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بەڕێوەچوو، لە میانەى چەندین دانیشتن بڕیار درا کە کاربکرێت لە سەر ئامادەکردنى دیدگایەکى هاوبەشى بۆ قۆناغى داهاتووى حکومڕانى لە هەرێمى کوردستان کە مەبەست لێى پتەوکردنى کارى دامەزراوەیی و هاوبەشىىى بێت لە ئەرک و دەستەڵاتەکان و خزمەتکردنى زیاترى هاونیشتمانیان بۆ بەهێزکردنى پێگەى هەرێمى کوردستان. لە چوارچێوەى ئەو دیدگا هاوبەشەدا رێککەوتن کرا لەسەر چەندین تەوەرى گرنگ لە بوارە جیاجیاکانى (سیاسى، یاسایی، کارگێرى، خزمەتگوزارى، دارایى و ئابوورى و، سەربازى و ئەمنى).هاونیشتمانیانى خۆشەویست دواى رێککەوتنى کۆتایی لەسەر دیدگاى هاوبەش لە ئایاری ٢٠٢٥ دەستمان کرد بە گفتوگۆ کردن لەسەر شێوازى بەشدارى هەردوولا لە ئەرک و دەستەڵاتەکانى حوکمڕانی لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە پارتیمان دوو بنەماى خستنەڕوو کە بریتى بوون لە رێزگرتن لە دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن و، ڕەچاوکردنى پێگەى هەردوولا و واقیعى هەرێمى کوردستان. لەگەڵ ئەوەى پارتى بە جیاوازییەکى زۆرەوە هێزى یەکەم بووە لەڕووى کورسى و دەنگەوە، لەسەر فەرمانى جەنابى سەرۆک بارزانى، بە نەفەسێکى درێژ و بە دەست کراوەیی بۆ بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان ئەو پەڕى نەرمیمان نیشاندا و زۆر زیاتر لە شایستەى دەنگ و کورسیەکانى یەکێتى ئامادەى رێککەوتن بووین بۆ دڵنیایی دان بە یەکێتى، هەم لە دیدگاى هاوبەش و هەم لە بەشدارى بەڕێوەبردندا پارتیمان ئامادەیی رێککەوتنى نیشاندا بە شێوەیەک کە: بەشدارییەکى هاوسەنگ لە سەرۆکایەتیەکان لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بکرێت بە جۆرێک کە ( سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و جێگرى سەرۆکى هەرێم و جێگرى سەرۆکى حکومەت لاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بن ) هەروەها لە کۆى ٢٢ وەزیرى حکومەتى هەرێم کە کابینە پێک دەهێنن، پێشنیارى پارتى وا بووە کە پێکهاتەکان بە ٢ وەزیر بەشدارى کابینە بن و (٨ بۆ ٩) وەزارەت لاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بن کە تیایدا وەزارەتى گرنگى بوارى(سەربازى، ئابوورى وداراییى و، خزمەتگوزارى) تێدایە، هەروەها بەشداریەکى کارا و کاریگەر لە بوارى ئەمنى و پۆستەکانى تریش لە دەستەکان و فەرمانگەکان.کوردستانیانى ئازیز لەتەواوى ماوەى دانوستانەکاندا پارتى بە نەفەسێکى درێژ و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى و هەستیارىى ئەم قۆناغە و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان هەموو توانایەکى خستەگەڕ و هەموو نەرمیەکى نیشاندا و، لەم پێناوەشدا جەنابى سەرۆک بارزانى بە پەرۆشیەکى زۆرەوە پشتیوانى لە هەنگاوەکانى بەڕێوەچوونى گفتوگۆکان کرد و ئامادەیی هەموو پشتیوانییەکى نیشاندا بۆ سەرخستنى پرۆسەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکى پتەو و زەمانەتى جێبەجێکردنى. لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا دەرکەوت کە یەکێتى نایەتە پێش بۆ رێککەوتن تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عیراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ئەوە لە بەرژەوەندى هەرێمدا نیە و پارتى ئەوە بە پەسەند نازانێت.لێرەدا دەمانەوێ دووپاتى ئەوە بکەینەوە کە پارتى هەمیشە بڕواى بە کارى پێکەوەیی هەبووە و هەیەتى و جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە ڕێز لە ئیرادەى دەنگدەران و خەڵکى کوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێک بە هەبوونى هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە ڕێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى تازەى حکومەتى هەرێم و هاوڵاتیانى کوردستان و دەنگدەرانى پارتى دڵنیا دەکەینەوە لە پێناو بەدیهێنانى ئەو ئامانجە و پارێزگارى لە پێگەى هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانى بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان و هیچ رێگریەک نابێتە کۆسپ لەبەردەم خزمەتکردنى زیاترى هەرێم و دابینکردنى ئایندەیەکى گەش و داهاتوویەکى رووناکتر بۆ خەڵکى خۆڕاگرى کوردستان. شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان6/11/2025
بەڕێوەبەری رێگەوبانی کۆیە رەخنەی تووند لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی کۆیە – تەقتەق دەگرێت و بە “کەمتەرخەم” و “زۆر سست” وەسفی دەکات. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە رێکاری یاسایی دژی دەگرنەبەر. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هاونیشتمانیانی سنوورەکە سکاڵایان لە هێواشیی کارەکانی پڕۆژەکە هەیە. ئەندازیار کۆسار حەمەساڵح، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی کۆیە، رایگەیاند، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی چاککردنەوەی رێگەی نێوان کۆیە و تەقتەق، کارەکانی “زۆر بە سستی” بەڕێوەدەبات و گوتی: “خۆم سەردانی رێگەکەم کردووە و لە نزیکەوە کارەکانی کۆمپانیاکەم بینیوە کە زۆر سستە.” بەڕێوەبەری رێگەوبانی کۆیە رایگەیاند، لەسەر ئەو کەمتەرخەمییە بێدەنگ نابن و گوتی: “هەر نووسراو ئاراستەی هەردوو قایمقامیەتی کۆیە و تەقتەق و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان دەکەین. نوێنەری کۆمپانیاکەش بانگهێشت دەکەین و ئاگاداری دەکەینەوە، رێکاری یاساییشی بەرامبەر دەگرینەبەر.” بە گوتەی ئەندازیار کۆسار، ئەو کۆمپانیایە سێ پڕۆژەی وەک یەک پاکێج بە گوژمەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار وەرگرتووە، کە بریتین لە: نۆژەنکردنەوەی رێگەی کۆیە – تەقتەق. رێگەی چنارۆک – هەیبەت سوڵتان و چاککردنی چاڵوچۆڵیی بەشێک لە رێگەی هەولێر – کۆیە. رێگەی کۆیە – تەقتەق درێژییەکەی 7 کیلۆمەترە. بەڕێوەبەری رێگەوبانی کۆیە دەڵێت، “لەبەر گرنگییەکەی و زۆریی داواکاریی هاونیشتمانییان، یەکەمجار دەستمان بەوە کرد.” سەبارەت بە پێدانی پارەی پێشینە بە کۆمپانیاکە، کۆسار حەمەساڵح روونیکردەوە: “کۆمپانیاکە هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناخەی پێشینەی بۆ خەرج بکرێت، چونکە کارەکانی لە سەرەتادایە.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11/6، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ماستەرپلانی پڕۆژەی بەنداوی دیوین-ی بەسەر کردەوە کە ئێستا لە دروستکردندایە. بەنداوی دوین کە 40 کیلۆمەتر لە باکووری شاری هەولێرەوە دوورە، ساڵی ڕابردوو لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بەردی بناخەکەی دانرا کە توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە گرنگیی پڕۆژەکە کرد وەکوو بەنداوێکی مامناوەند کە کاریگەرییەکی باشی لە ڕووی ژینگەیی و کەشوهەوای ناوچەکە و ڕۆڵێکی گرنگی لە گلدانەوەی ئاو و بەکارهێنانی لە بواری کشتوکاڵی و گەشتیاریی دەبێت و هەلی کاریش بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست دەکات. پاشان سەرۆکی حکومەت نۆژەنکردنەوەی قەڵای دیوین-ی بەسەر کردەوە کە شوێنەوارێکی گرنگ و گەشتیاریی ناوچەکەیە . سەرۆکی حکومەت لەبارەی گرنگی قەڵاکەوە گوتی ئەمە شوێنێکی مێژوویی و گەشتیاری ئێمەیە و پێویستە خەڵکی ئێمە بزانێت کە ناوچەکە بە چ سەردەمێک تێپەڕیوە کە قەڵای سەلاحەددین ئەییوبییە کە لە چەند سەردەمێکدا نۆژەنکراوەتەوە و ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە سەر نەخشەی کۆنی خۆی نۆژەنی دەکاتەوە کە بەشێکە لە بەرنامەکانمان لە بواری گرنگیدان بە شوێنەوار و ناوچە گەشتیارییەکانمان. هەروەها سەرۆکی حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندن لەبارەی بابەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی ” بابەتی مووچە بە سیاسیی کراوە. ئەمە چەندین جارە و هەمیشەش گوتوومانە، حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە؛ هەرچی پێویست بووبێت، بە زیادەشەوە کردوومانە. چاوەڕێ ئەوە بووین حکوومەتی فیدراڵیش لە ئاستی بەرپرسیارەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕەفتار بکات، بەڵام بەداخەوە هەموو کاتێک پێدانی مووچە دوادەخات بەڵام بەردەوام دەبین، بزانین ئەگەر توانیمان لە ماوەیەکی کەم، مووچەی مانگەکانی داهاتووش وەربگرینەوە. بەرپرسیارێتییەکە زياتر دەکەوێتە سەر شانی بەغدا و من داوا دەکەم، ئەو کەسانەی کە زۆر جار گلەییش دەکەن، با ڕووی گلەییەکانیان لە بەغدا بێت“.
لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا کێشەی مووچەی ئەو ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگانەی لە 2025/1/1 بە دواوە خانەنشین بوونە و مووچەیان لەلایەن حکومەتی فیدرالەوە خەرج نەکراوە چارەسەر بکرێت و وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد، بەیانی پێنجشەممە11/6 مووچەیەکیان وەک پێشینە لە سەر داهاتی ناوخوی هەرێم بۆ خەرج بکات و بە زووترین کاتیش چارەسەری ئەم بابەتە بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 11/4، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عوسمان بایدەمیر کەسایەتی و سیاسەتڤانی ناسراوی کورد و پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا کرد. لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی کوردستان و ناوچەکە و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا تاووتوێ کرا.
مەسرور بارزانی: دەمانەوێ خزمەتگوزاری بگەیەنینە هەموو شوێنێكی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 11/3، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووسایدی حاجی ئۆمەرانی كردەوە.لە گوتەیەکدا كە لە ڕێورەسمی كردنەوەی دوو سایدەكەدا پێشكەشی كرد، سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوە كرد كە حاجی ئۆمەران سەردەمێك پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول و شوێنەواری بارزانی نەمر بوو، شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە كە ئێستا ئێمە بەرهەمی دەستیان دەبینین و لە سایەی زەحمەت و ماندووبوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە، ئێستا كوردستانێكی ئازادمان هەیە. گوتیشی ، جێی دڵخۆشییە ئەمڕۆ لێرەین بۆ كردنەوەی بەشێك لەم ڕێگەیە كە بە شێوەیەكی سەردەمییانە و ڕێكوپێك دروستكراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان. بێگومان خەڵكی ئەم دەڤەرە، شایانی خزمەتێكی ئێجگار زیاتر لەوەن، ئەوەی لە دەستی حكوومەتیش بێت، بەپێی توانا لە خزمەتتان دەبین و پەرە بە گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەكەمان دەدەین. جەختیشی كردەوە: ئێرە شوێنێكی گرنگە، چونكە دەروازەیەكیشە لەگەڵ وڵاتی دراوسێی ئێمە (كۆماری ئیسلامیی ئێران) كە پێویستە گرنگیی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانكاریش بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان بكەین و لە ڕووی بازرگانییشەوە بۆ ئێمە گرنگە كە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین. هیوادارم ئەم ڕێگەیە و هەموو كارە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جارێكی تر بكەونەوە خزمەتی هاووڵاتیان و بژێویی ژیانی خەڵكی كوردستان و سەلامەتی و سەربەرزیی ئێوە، ئەركە بۆ ئێمە و ئاواتی ئێمەیە. لە دوای ڕێورەسمەکەش، سەرۆكی حكومەت لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ڕایگەیاند: دەمانەوێ خزمەتگوزاری بگەیەنینە هەموو شوێنێك لە كوردستان، هەروەك دەبینن ئێرە شوێنێكی سەختە و دوورە، بەڵام ڕێگەیەكی نێودەوڵەتیە كە پێویست بوو ئێمە گرنگیی بەم شوێنە بدەین، ئەمە بەشێكە لەو پلانانەی كە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە شێوەیەكی گشتی هەمانە. من دەستخۆشیی لەو كۆمپانیا جێبەجێكارە دەكەم كە توانیویەتی بە شێوەیەكی زۆر باش، ئەم پرۆژەیە دروست بكات و بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیان و شتی تریش لە ڕێیە، بەڵام با ئەوانیش دروست بكرێن ئەوكاتە ڕای دەگەیەنین.ڕێگەی دوو سایدی حاجی ئۆمەران، بە کوژمەی 35 ملیار و 150 ملیۆن دینار لە سەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لەلایەن کۆمپانیای نۆرس لایت لیڤینگ دروستکراوە و درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر و نیوە.