Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
02-12-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 12/2 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستۆفەر بۆوم، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە، بە تایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا تاووتوێ کرا. لەبارەی هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیش، سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە ئێستا هەلومەرجێکی نوێ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ هاتووەتە ئاراوە و پێویستە لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بێت. سەرکۆنەکردنی هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها دوایین گۆڕانکارییەکانی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.

هەواڵ
02-12-2025

کۆمپانیای 'دانە گاز' ڕوونکردنەوە دەدات

کۆمپانیای 'دانە گاز' ڕەتیدەکاتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کردبێت.  ئەمڕۆ سێشەممە، 02ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆمپانیای 'دانە گاز'ـی ئیماراتی لە ڕاگەیەنراوێکدا هەواڵێکی پێگەی "ئەلمۆنیتەر"ـی ڕەتکردەوە، گوایە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کردووە، تا کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەسەر هێڕشەکە؛ بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕابگیرێت و هەناردە نەکرێتەوە.  لە ڕاگەیەنراوی کۆمپانیاکەدا هاتووە "ئەوەی لە هەواڵەکەی 'ئەلمۆنیتەر'دا هاتووە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە. بە پێچەوانەوە، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ڕوونی جەختی لەسەر خواستی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە نزیکترین کاتدا کردووەتەوە." لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، دانە گاز سوپاسی سەرۆک وەزیران و تیمەکەی دەکات و ئاماژەی بەوە داوە: "ئێمە سوپاسگوزاری سەرۆک وەزیران و هەموو کارمەندانی نووسینگەکەیانین بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و پشتیوانیان لە پرسە ئەمنییەکان، هەروەها بۆ سەردانی دەستبەجێی بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی فیدراڵی بۆ کێڵگەی کۆرمۆر." کۆمپانیاکە هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە سوپاسگوزاری پابەندبوونی حکوومەتی عێراقن "بۆ دەرکردنی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە هێرشەکە و بەدواداچوونی هەموو ئەو بابەتانەی تێیدا هاتووە لە زووترین کاتدا." ئەمە لە کاتێکدایە، پێگەی هەواڵی 'ئەلمۆنیتەر' لە ڕاپۆرتێکدا، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە: "تووشی شۆک بووین لە بێباکیی سوودانی، کە داوای ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی گازی لە کێڵگەی کۆرمۆر کردووە، بێنە بەرچاوەکانت دۆخمان چۆن دەبوو، ئەگەر ئەو بە ئامانجەکەی خۆی بگەیشتایە؟ ئەو دەیویست هەرێمی کوردستان لە تاریکیدا بهێڵێتەوە." نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم، هێرش کرایە سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی.  بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و کارەبا، هێرشەکە بە "درۆن" بووە.  هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بووە هۆی کەمبوونەوەی 80%ـی بەرهەمهێنانی کارەبای گشتیی کوردستان.  دوای سێ ڕۆژ لە هێرشەکە، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسایبوونەوەی بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەکە ڕاگەیاند و کارەبای 24 کاتژمێریش گەڕایەوە دۆخی ئاسایی خۆی؛ بەڵام تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵی ناسنامەی ئەنجامدەرانی تاوانەکەی ئاشکرا نەکردووە، ئەمەش بەرپرسانی هەرێمی نیگەران کردووە. 

هەواڵ
02-12-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی له‌ شاندێکی ژاپۆنی دەکات

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 12/2، مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد بە سەرۆکایەتيی ماسامیشی سوگایا، بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە ئه‌كيرا ئيندۆ، باڵيۆزى ژاپۆن له‌ عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن ئامادەی بوون، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کرایەوە. شاندی ژاپۆنی هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان شەرمەزار کرد و هاوسۆزيی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی. شاندەکە هەروەها ستایشی ئارامی و پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمیان کرد و ئامادەیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشان دا. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ژاپۆن کرد و سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی حکومەتی ژاپۆنی کرد. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاووتوێ کرا. شاندەکە پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانیان لە سەرۆکی حکومەت کرد.

هەواڵ
29-11-2025

ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی ناوەخۆوە

راگەیاندراوێک لە وەزارەتی ناوخۆوە سەبارەت بە ئاژاوەگێڕییەکانی سەر رێگای گوێڕ-هەولێر ماوەیەکە لە لایەن چەند دەستێکی دەرەکی و بە فیتی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدرێت. نوێترین هەوڵی تێکدەرانە بە بەئامانجگرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستی پێکرد کە مەبەست لێی راگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم بووە. دوای ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان سووتەمەنیی شلی وەک جێگرەوەی غاز بۆ دابین کردنی کارەبا بەکارهێنا، بە هاندانی ناوخۆیی و دەرەکی، کۆمەڵە کەسێکی ئاژاوەگێڕ رێگای تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و هاووڵاتیانیان لە سنووری گوێڕ گرت و تەقەیان بە سەر خەڵک و رێبوارانی ئەو رێگایەدا کرد. لە ئەنجامی تەقەی ئەو کەسانەدا هاووڵاتییەک بووە قوربانی و گیانی لە دەستدا و ژمارەیەک کەسی تریش بریندار بوون. چیتر رێگە نادەین سوود لە نیازپاکیی دامو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان وەربگێرێت و سنوورێک بۆ ئەو کارە تێکدەرانە دادەندرێت. بۆ راگرتنی ئەو جۆرە ئاژاوەگێڕییانە، بە پێی یاسا بەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ کەسانی ئاژاوەگێڕ دەکرێت و کەس لە سەرووی یاسا نیە. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥

هەواڵ
29-11-2025

پەیامێک لە مەسرور بارزانیەوە

سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگرییان کە لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی چەند رۆژی ڕابردوو بۆ سەر ژێرخانی گازی هەرێمی کوردستان، تووشی کەمیی کارەبا بوونەوە. خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان بەگشتی ئەم هێرشەیان شەرمەزار کرد کە دژی بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییان بوو و بووە هۆی بڕینی کارەبای ملیۆنان کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا. ئەمڕۆ لەدوای ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، لەگەڵ کۆمپانیای دانا گاز گەیشتینە ڕێککەوتن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و گەڕاندنەوەی کارەبا لە چەند کاتژمێری داهاتوودا. لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە قسەم کرد و سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی و گشت کارمەندەکانم کرد بۆ خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزیان. ئەمە یازدەمین هێرشە بۆ سەر کێڵگەکە و ئامادەیی ئەوانیش بۆ بەردەوامبوون لەسەر کارەکەیان، نیشاندەری خۆڕاگرییانە. دڵنیاشم کردنەوە کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکان و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی لە داهاتوودا. لە هەمان کاتدا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان کار دەکەین لە پێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی پاراستنی گەلەکەمان و ژێرخانی ئابووری و وەبەرهێنانمان.ئەم هێرشە نابێت بەبێ لێپرسینەوە تێپەڕێت و نابێت هێرشەکان ببنە ڕووداوی ئاسایی. دیار بوو کە دوژمن و ناحەزان و بەکرێگیراوەکانیان چاویان بە پێشکەوتنی کوردستان و ئاسوودەبوونی خەڵک هەڵنایەت و بە شێوەیەکی ترسنۆکانە و نامەردانە، ئەم هێرشەیان کرد و دژی ڕووناکی وەستانەوە و هەوڵیان دا تاریکی بگەڕێننەوە. لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی باسمان کردووە کە دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە هەر لایەن و گروپێک بن و لە هەر کوێ بن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕادەستی یاسا بکرێن. ئەوە تاکە ڕێگرییە و چاوەڕوانین ڕێوشوێنی جیددی و کردارەکی بگیرێتەبەر. چونکە عێراق ناتوانێت وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت لە کاتێکدا میلیشیا و گرووپە چەکدارییە لە یاسا دەرچووەکان و مافیا گەندەلەکان بە بێ هیچ سزا و لێپێچینەوەیەک، هێرش بکەنە سەر ژيرخانی ئابووری وڵات و دڵیان بە ئازاری خەڵکی کوردستان خۆش بکەن. سوپاسی تیمی تەکنیکیی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا و هێزە ئەمنییەکان دەکەم بۆ کارکردن و ماندووبوونیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا. دووپاتی دەکەینەوە، ئەم هێرشە ترسنۆکانە لە باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان نامانوەستێنن. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن و درێژەدان بە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی حکومەتەکەیان. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
28-11-2025

ئەنجامی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێت

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو لیژنە باڵایەی بە فەرمانی محەممەد شیاع سودانی پێکهێنراوە، بە شێوەیەکی مەیدانی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستبەجێ کارەکانیان دەست پێ کردووە، جەختیش دەکاتەوە، لە ماوەی سێ ڕۆژی داهاتوودا دەرئەنجامی کۆتایی ڕادەگەیەنن. سەباح نوعمان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی ئاشکرای کرد، لیژنەکەی لێکۆڵینەوەکە بە مەبەستی وردبوونەوە لە وردەکاری و هۆکارەکانی ڕووداوەکە، سەردانی مەیدانییان بۆ کێڵگەی کۆرمۆر کردووە و دەستیان بە کۆکردنەوەی بەڵگەکان کردووە. بە گوتەی نوعمان، کارەکانی لیژنەکە زۆر بە چڕی بەڕێوەدەچێت و بەشێوەیەکی دەستبەجێ دەستیان بە ڕێکارەکان کردووە، بۆیە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوودا ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان ئامادە بێت و بۆ ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاشکرا بکرێت. ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ هەینی، وەزیرانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق وەک بەشێک لە لیژنە باڵاکە گەیشتنە کێڵگەی کۆرمۆر، هێرشەکە کە شەوی چوارشەممە بە درۆن ئەنجام درا، بووە هۆی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غاز و کەمبوونەوەی کارەبا، ئەمەش کاردانەوەی توندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێ کەوتەوە و حکوومەتی عێراقیش بەڵێنی داوە بە هاوکاریی هاوپەیمانان بکەرانی ئەم هێرشە ڕاوەدوو بنێت.

هەواڵ
26-11-2025

ئاماری دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی پارێزگاکان

ئاماری دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی پارێزگاکان و شار و گوند بڵاوکرایەوە، بەپێی ئامارەکان 32,363,649 کەس واتە 70.17٪ لە شار و 13,755,144 کەس، واتە 29.83٪ لە گوندەکان نیشتەجێن، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێریش پێش دانیشتووانی سلێمانی هەڵەبجە کەوتووەتەوە. بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، بەپێی دوایین سەرژمێری کە 20-10-2024 کرا، لە ژمارەی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 46,118,793 کەس. لەو ژمارەیە 39,599,664 کەس لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک دەژین و 6,519,129 کەسیش لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) دەژین. ژمارەی دانیشتووانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 14.13٪ی کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراقە. ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەپێی داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 6,519,129 کەس کە 3,284,668 کەس واتە بە رێژەی 50.39٪ لە رەگەزی نێرن و 3,234,461 کەس واتە 49.61% لە رەگەزی مێن. هەولێر زۆرترین دانیشتووی هەیە کە 2,517,534 کەسە، کە دەکاتە 38.62٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، دانیشتووانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 2,401,724 کەسە، کە دەکاتە 36.84٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان. هەرچی پارێزگای دهۆکە ژمارەی دانیشتووانەکەی 1,599,871 کەسە، واتە 24.54٪ی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان. ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر زیاترە لە سلێمانی و هەڵەبجە بەگوێرەی داتاکان، پێشتر ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی (بە هەڵەبجەشەوە) لە ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر زیاتر بوو، بەڵام بەگوێرەی دوایین داتای سەرژمێری، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر پێش ئەو دوو پارێزگایە کەوتووەتەوە. ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە 2,517,534کەس و ژمارەی دانیشتووانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە گەیشتووەتە 2,401,724 کەس، واتە ژمارەی دانیشتووانی هەولێر 115,810 کەسی زیاترە لە دانیشتووانی هەردوو پارێزگاکە. لە هەرێمی کوردستان 85٪ی دانیشتووان شارنشینن داتاکانی سەرژمێری دەریدەخەن کە 85٪ی تێکڕای دانیشتووانی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە شارەکان دەژین، تەنیا 15٪یان لە گوندەکان دەژین. بە گشتی 5,513,276 کەس لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و  1,005,853 کەسیش لە گوندەکان دەژین. لە پارێزگای دهۆک 1,273,546 کەس واتە 80٪ی دانیشتووانەکەی لە شارەکان دەژین، 326,325 کەسیش، واتە 20٪ی دانیشتووانەکەی لە گوندەکان دەژین. لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 2,137,095 کەس واتە 89٪ی دانیشتووان لە شارەکان دەژین، 264,629 کەسیش واتە، 11٪ی دانیشتووان لە گوندەکانی هەردوو پارێزگاکە دەژین. لە پارێزگای هەولێر 2,102,635 کەس واتە 84٪ی دانیشتووانەکەی لە شارەکاندا دەژین، 414,899 کەس واتە 16٪ی دانیشتووانەکەی لە گوندەکان دەژین. لە پارێزگاکانی عێراق 32٪ی دانیشتووان گوندنشینن لە پارێزگاکانی عێراق رێژەی ئەوانەی لە گوندەکان نیشتەجێن زیاترە لە رێژەی ئەو کەسانەی لە گوندەکانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دادەنیشن. لە پارێزگاکانی عێراق 26,850,373 کەس لە شارەکان دادەنیشن، کە دەکاتە 68٪ی دانیشتووان، هەروەها 12,749,291 کەس لە گوندەکان نیشتەجێن، کە دەکاتە 32٪ی کۆی گشتی دانیشتووانی هەر چواردە پارێزگاکەی عێراق و  پارێزگای کەرکووک. لە کەرکووک و پارێزگا سوننەنشینەکان رێژەی مێ لە نێر زیاترە بەپێی داتاکانی سەرژمێری، 50.22٪ی  دانیشتووانی عێراق لە رەگەزی نێرن و 49.78٪ لە رەگەزی مێن، بەڵام لە کەرکووک و هەریەک لە پارێزگاکانی نەینەوا دیالە، ئەنبار و سەلاحەددین رێژەی مێ لە نێر زیاترە. - لە کەرکووک 1,022,866 کەس لە رەگەزی مێ و 1,011,761 کەس لە رەگەزی نێرن. واتە رێژەی50.27  بە 49.73٪. - لە نەینەوا 2,134,758 کەس لە رەگەزی مێ و 2,127,222 کەس لە رەگەزی نێرن. واتە رێژەی 50.09٪ بە 49.91٪ . - لە سەلاحەددین 892,995 کەس لە رەگەزی مێ و 892,995 کەس لە رەگەزی نێرن. واتە  رێژەی 50.32٪  بە 49.68٪. - لە دیالە 967,334 کەس لە رەگەزی مێ و کەس 967,170 لە رەگەزی نێرن. واتە رێژەی 50.004٪ بە 49.996٪. ژمارەی دانیشتووانی بەغدا نزیک دەبێتەوە لە 10 ملیۆن کەس ژمارەی دانیشتووانی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەش خانەییەوە بوونەیە حەوت خانەیی، واتە سەرووی ملیۆنێک کەس. بەغدا زۆرترین دانیشتووی هەیە، کە 9,780,429 کەسە، هەرچی پارێزگای موسەننایە کەمترین ژماری دانیشتووی هەیە، کە 1,043,087 کەسە.  لە دوای بەغدا پارێزگای نەینەوا دێت لە رووی زۆرترین ژمارەی دانیشتوو، کە 4,261,980 دانیشتووی هەیە، لە پلەی سێیەمیش بەسرە دێت، کە 3,664,168 دانیشتووی هەیە. بە گوێرەی سەرژمێرییەکە هەولێر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان چوارەمین پارێزگایە لە رووی زۆری ژمارەی دانیشتووانەوە، سلێمانی لە پلەی حەوتەم و کەرکووک لە پلەی هەشتەم و دهۆک لە پلەی پازدەیەم دێت. ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەپێی پارێزگاکان: بەغدا: 9,780,429 کەس نەینەوا: 4,261,980 کەس بەسرە: 3,664,168 کەس هەولێر: 2,517,534 کەس زیقار: 2,499,468 کەس بابل: 2,482,324 کەس سلێمانی: 2,401,724 کەس کەرکووک: 2,034,627 کەس ئەنبار: 2,004,418 کەس نەجەف: 1,950,833 کەس دیالە: 1,934,504 کەس سەڵاحەدین: 1,774,542 کەس کەربەلا: 1,754,065 کەس واست: 1,643,406 کەس دهۆک: 1,599,871 کەس دیوانیە: 1,477,310 کەس میسان: 1,294,503 کەس موسەننا: 1,043,087 کەس کۆی گشتی: 46,118,793 کەس

هەواڵ
26-11-2025

سەرۆک بارزانی لیژنەیەکی بۆ یەکخستنی لایەنە سیاسییەکان پێکهێنا

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتى لیژنەیەکی بۆ یەکخستنی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان پێکهێناوە و ئەمڕۆ دەستیان بە سەردانەکانیان کردووە.  لیژنەکە پێکدێت لە هۆشیار زێباری، د. پشتیوان سادق و عەلی حوسێن.  بڕیارە لیژنەکەی پارتی، سەردانی هێز و لایەنە سیاسییەکان بکات و لە یەکەم سەردانیاندا ئەمڕۆ چوارشەممە، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی هەماهەنگی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و کارکردن بۆ دروستکردنی کۆدەنگییەکی پێکەوەیی لەسەر ڕووداو و پێشهاتەکان و پرۆسەی سیاسیی عێراق.

هەواڵ
26-11-2025

مەسرور بارزانی بەردی بناغەی کارگەیەکی گەورە دادەنێت

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، بەردی بناغەی بەردی بناخەی کارگەی (تەکنەلۆجیای زێڕین 2) دادەنێت. کارگەکە بە هاوکاریی شارەزایانی چینی و بەڕێوەبردن و دەستی کاری ناوخۆییەوە بەڕێوە دەبرێت و کاری بەرهەمهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و مۆبایلە.  کارگەی  تەکنەلۆجیای زێڕین 2 ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی پێنج هەزار مۆبایلی هەیە.

هەواڵ
25-11-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 11/25، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جانێت ئەلبێردا باڵیۆزی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق کرد.لە دیدارەکەدا کە ئەدریان ئایسلستین کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باڵیۆزی هۆڵەندا جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە و ئاماژەشی بە هاتنی شاندێکی بازرگانان و خاوەنکارانی هۆڵەندی دا کە ئێستا لە هەولێرن بەمەبەستی برەودان بە پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان . لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا ، هەردوولا هاوڕابوون لە سەر بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی تایبەت بە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە .هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان ، هەروولا جەختیان لە پێویستیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافەکانی ئافرەتان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە توندوتیژی و جیاکارییەک دژی ئافرەتان کردەوە.

هەواڵ
25-11-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 11/25، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا کە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هەوڵ و گفتوگۆ و ڕێکارەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا. هەروەها گفتوگۆ لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا. سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە هەلومەرجێکی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم هاتووەتە ئاراوە.

هەواڵ
22-11-2025

مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەکات

ئەمڕۆ شەممە 11/22، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کرد. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی عێراق دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هەوڵ و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ تاووتوێ کرا. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان.

1 2 ... 83 84 85 ... 1143 1144