Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
06-12-2025

هەولێر ئامادەکاری بۆ ڕووداوە نەخوازراوەکان دەکات

بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو بەهۆی باران بارینەوە، هەموو ئامادەکارییەک گیراونه‌ته‌ به‌ر ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 6.12.2925 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، له‌ دیوانی پارێزگا سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ ئامادەکاری بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراوی باران بارین كرد ..له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ جێگرانی پارێزگارو قائیمقام و بەرپرسانی فه‌رمانگه‌ خزمەتگوزارییەکان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاماده‌ی بوون، سەبارەت بە ڕەوشی کەش و هەوا و پێشبینیەکانی کەشناسی بۆ ئەو ڕێژە باران بارینەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر ببارێت ئاماده‌بوون. پارێزگاری هەولێر، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مساڵیش وه‌كو ساڵانی پێشوو هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چاوەڕوان نەکراو خراونه‌ته‌ ئاماده‌باشیه‌وه و ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ لایه‌ن تیمه‌ تایبه‌ت و په‌یوه‌نداره‌كان كاری ماندوو نه‌ناسانه‌ ئه‌نجام دراوه‌. له‌میانی قسه‌كانیدا پارێزگاری هه‌ولێر، ئه‌وه‌ی وه‌بیر هێنایه‌وه‌، كه‌ ئه‌و پلانه‌ له‌ دوو ئاستدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌و كاری پێشینه‌ی ستراتیژیان له‌سه‌ر كراوه‌، وه‌ك لێدانی پۆندو به‌نداوو رێره‌وه‌ سروشتییه‌كان و دروستكردنی چه‌ندین ئاوه‌رۆی لووله‌یی و سه‌ندوقی، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ هۆكاری راسته‌وخۆبوونه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی دروستبوونی لافاو له‌ ئه‌نجامی دابارینی زۆری باران.پلانی دووه‌م ئاماده‌كاریه‌ وه‌رزیه‌كانه، كه‌ ساڵانه‌ پلان و نه‌خشه‌ی وه‌رزی دیاری ده‌كرێ و به‌ گوێره‌ی پێویست پلانی بۆ ده‌كێشرێ .‌ هه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بودجه‌ی یه‌ك ملیار دینار وه‌كو فریاگوزاری بۆ فه‌رمانگه‌كان دابین كرا، تاوه‌كو له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی باران باریندا پێداویستیه‌كانی خۆیان دابین بكه‌ن ‌و داواكاری و پێویستیه‌ لۆجستیه‌كانی به‌رێوبه‌رایه‌تییه‌كان رایی بكه‌ن . پارێزگای هه‌ولێر، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو، رێزدار مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر كۆمه‌لێك بودجه‌ داوه‌و ئه‌و پرۆژانه‌ی پێ ئه‌نجام دراوه‌، كه‌ شایه‌نی باسكردن بوون و هۆكاری راسته‌وخۆ بوونه‌ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی باران بارینی زۆر . له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌رێوبه‌ری گشتی كه‌شناسی راپۆرتێكی تێرو ته‌سه‌لی ده‌رباره‌ی شێوازو رێژه‌و كاته‌كانی باران بارینی له‌شاری هه‌ولێرو ده‌ورووبه‌ری خسته‌ روو، كه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێ بارانێكی نه‌رم و مام ناوه‌ندی به‌رێژه‌یه‌كی باش له‌ نێوان رۆژانی یه‌كشه‌ممه‌ تاوه‌كو پێنجشه‌ممه‌ ببارێت …‌شایه‌نی باسه‌، وەک ئامادەکاری بۆ بارانبارین، چەند رۆژێكه‌ تیمەکانی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر و به‌رێوبه‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كان و پاراستینی رێگاو بانی هه‌ولێرو ئاودێری و ئاوو ئاوه‌رۆ و ژینگە پارێزی هەولێر، لە پاککردنەوەی مەجراکان و کردنەوەی مەنهۆڵەکان له‌ گه‌ره‌ك و شه‌قامه‌ گشتییه‌كان له‌ كاری به‌ره‌وامدان، داواش لە هاوڵاتیان دەکرا، لەکاتی بوونی هەر کێشەو گرفتێک راستەوخۆ پەیوەندی به‌و ژمارانه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ له به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌كانی سه‌ر به‌‌ پارێزگای هه‌ولێر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .

هەواڵ
06-12-2025

ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە

سەبارەت بەو ڕووداوەی هاتوچۆ کە لە شەوی ٤-١٢-٢٠٢٥ لە شەقامی ٤۰ مەتریی شاری هەولێر ڕووی دا و بە هۆیەوە ۲ هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا، بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین، دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی ئاماژەپێکراو لە بوونی ڕووداوێکی هاتوچۆ لە شەقامی ٤۰ مەتری لە بەردەم شوقەکانی (بولیڤارد) ئاگادار کراینەوە، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداو و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا - پیک اب دەبڵ قەمەرە) بە ژمارە (٥٤٢٧/ وەزارەتی پێشمەرگە) شوفێرەکەی بەناوی (م. ٲ. م) ماددەی کحولی بەکارهێنابوو و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس شوفێرەکەی بە ناوی (ھەژان هیوا عمر) لە بەردەم شوقەکاندا وەستاوە و قسەی لەگەڵ دوو کارمەندی سکیوریتی کردووە بە مەبەستی چوونەژوورەوە، لە ئەنجامدا هەردوو کارمەندی سکیوریتی بە ناوەکانی (محمد سردار محسن) و (احمد محمد شریف) بە هۆی پێکدادانەکەوە گیان لەدەست دەدەن و زیانێکی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس دەکەوێت.بەپێی هێڵکاری کە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئەنجامی داوە، شوفێری ئۆتۆمبێلێ جۆری (پیک اب) ١٠٠٪ کەمتەرخەم بووە، بۆیە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوە و شوفێری ئۆتۆمبێلی جۆری (پیک اب) بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە ٢٤ ی هاتوچۆ ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.

هەواڵ
06-12-2025

حیزبەکەی محەممەدی حاجی مەحموود لەسەر چوونی پێشمەرگە بۆ شرناخ هەڵوێستی...

ئاڵای کوردستانجگە لەشکۆو ڕەمزی نەتەوەیی کورد، ئاڵایەکی دانپێدانراوی دەستوریی عێراقەو دەبێت وەکو ئاڵایەکی فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت دوای سەردانەکەی بەڕێز مەسعود بارزانی بۆ شرناخ بەمەبەستی بەشداریکردن لەسیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی مەلای جزیری و دەرکەوتنی پاسەوانەکانی بەچەک و پۆشاکی فەرمییەوە، کە ئاڵای کوردستانی لەسەر جێگیرکراوە، کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە، ئێمە لەپارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەم چەند خاڵە دەخەینەڕوو:١. لەڕووی سیاسی و نەتەوەیی و کەلتوری و فەرهەنگی و ئەدەبییەوە سەردانەکە سەردانێکی گرنگ و مێژووییە.٢. بابەتی سەردانەکەو گرنگیدان بەفەرهەنگ و ئەدەبی کوردی و بەشداریکردنی کوردانی باشوور تیایدا مەغزاو دەرئەنجامی کەلتوری و فەرهەنگی گەورەی هەیە.٣. چوونی پێشمەرگەی کوردستان بەچەکەوە بۆ وڵاتی تورکیا بۆ جاری دووەم، ڕووداوێکی گەورەو گرنگی مێژووییە، جارێکیان بەڕەزامەندی و پشتیوانی ئەمریکاو هێزە هاوپەیمانەکان بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی ڕۆژئاواو پارێزگاریکردنی کۆبانێ، کە دڵی هەموو کوردێکی لەدنیادا خۆشکردو دەرئەنجامی باشی هەبوو. جارێکی تریان بۆ بەشداری لەسیمپۆزیۆمی مەلای جزیری و خزمەتی مێژوو و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی،ئەمەش ڕووداوێکی گرنگ و کاریگەرەو چاوەڕێ دەکەین دەرئەنجامێکی گەورەی فەرهەنگی و نەتەوەیی هەبێت.٤. پێشوازیکردنی گەرم و بەجۆشی کوردانی باکور بۆ بەشداریکردنەکە، جێگەی دڵخۆشی و گەشەی بیری نەتەوەیی و ئاسۆیەکی گەشە بۆ ئایندەی هاوبیریی و هاوئاهەنگی لەنێوان کورداندا.٥. توڕەبوون و ناڕەزایەتی دەسەڵاتدارانی تورکیا، ڕشدنەبوون و نەبوونی ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورکیا دەردەخات لەپرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا، بەتایبەت لەلایەن خودی دەوڵەت باخچەلییەوە، کە وەک خاوەن و هەڵسوڕێنەری پرۆسەی ئاشتیی دادەنرێت لەتورکیادا.٦. ئەم نیگەرانییە نیگەرانییەکی ناڕەوایە، چونکە ئاڵای کوردستان جگە لەوەی ڕەمزو شکۆی نەتەوەیی کوردە، ئاڵایەکی دانپێدانراوی دەستورییەو دەبێت وەکو هەموو ئاڵا دەستورییەکانی تر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. د.فەرهاد تۆفیق. وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

هەواڵ
05-12-2025

مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیمارات کۆبووەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 12/5 ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لە شاری ئەبوزەبی ، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیمارات شێخ عەبدوڵلا بن زاید کۆبووەوە. هەردوولا دووپاتیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان کردەوە.لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، دوایین دۆخی گشتیی عێراق و پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا.

هەواڵ
05-12-2025

مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ هەینی 12/5، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئیمارات، لە شاری ئەبوزەبی،لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرا. سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیری و هاریکاریی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە. هەروەها دانانی نێردەیەکی ئیماراتی، تایبەت بە کاروباری ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە هەموو بوارەکاندا.

هەواڵ
05-12-2025

ڕوونکردنەوەیەک لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێرەوە

مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر هەڕەمەکی دەستی بە ڕیزکردنی کۆمەڵێک ڕستەی بێناوەرۆک کردووە. دەمانەوێت دڵنیایان بکەینەوە کە بەتەواوی پشتگیریی سەروەریی یاسا و ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ دەکەین. هەموو ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن، تەنها لە ڕێگای یاساوە چارەنووسی تۆمەتەکانیان دیاری دەکرێت و ڕێگا لەبەردەم هەر لیژنەیەکی نێودەوڵەتی (نوێنەرایەتیی وڵاتان، کونسوڵخانەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ) کراوەیە بۆ بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەکاندا. بەلام ئایا ئێوەش پابەندن بەم پرەنسیپانە و بڕواتان بە ئەوە هەیە کە باسی دەکەن؟ئێوە بەبێ گەڕانەوە بۆ دام و دەزگا فەرمییەکان و وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەخت، هەڵکوتانە سەر هوتێل و کوشتنی خەڵک و گرتنی سەرکردە سیاسییەکان و لێدانی هاوڵاتییانتان کردووەتە نەریت.هاوکار جاف تیرۆر کرا و بەڵگەی پێویست خرانە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێوە داڵدەی بکەرانی ئەو کەیسەی تیرۆرکردنتان دا و جورئەتی ڕادەستکردنیان ناکەن بۆ ئەوەی ڕاستی تێوەگلانی بەرپرسەکانتان بشارنەوە.بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، تانک، زرێپۆش، درۆن و چەکی قورستان بەکارهێنا و هێرشتان کردە سەر هوتێل لالەزار. لەو هێرشەتاندا، لە ناو جەرگەی شار چەندین هاووڵاتی بوونە قوربانی، ماڵی هاوڵاتئیان و هونەرمەندانتان تێکدا بەبێ ئەوەی ڕەچاوی مافی مرۆڤ و یاساکان بکەن. لەبارەی تۆمەتبارانی ئاژاوەگێڕییەکەی چەند رۆژی ڕابردوو لە قەزای خەبات، ئەو کەسانەی کە دەستگیر کراون وەکوو تۆمەتبار مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. ئەگەر ئێوە خۆتان بە هاوبەش لە کردەوەکانیان دەزانن ئەوە جێگای نائومێدییە. وە ئەگەر تێوەنەگلاون دەبێت سوپاسگوزار بن و بە جێبەجێکردنی یاسا شپرزە نەبن. لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر2025/12/5

هەواڵ
04-12-2025

مەسرور بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئیمارات

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/4 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە ئەبوزەبی پایتەختی دەوڵەتی ئیمارات و لەلایەن سەعید ئەلهاجری وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پێشوازی لێکرا. سەرۆکی حکومەت لە سەردانەکەیدا کە چەند ڕۆژێک دەخایەنێت، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکات .

هەواڵ
04-12-2025

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە ڕێواز فایق دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری ڕێواز فایق سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کرد. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بەڕێز د. ڕێواز فایق سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی باوکی بەڕێزتانمان پێ گەییشت. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی ئێوە و خانەوادە و کەسوکارتان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم. لە خودای گەورە داواکارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت. انا لله و انا الیە راجعون مسعود بارزانی 

هەواڵ
03-12-2025

ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و شوێنی هێرشەکە ئاشکرابوو

لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەڵێت: هێرشەکە بە دوو درۆن کراوە، "یەکێکیان کێڵگەکەی پێکا و ئەوی دیکەیان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە، پاشماوەی هەردوو درۆنەکەش رەوانەی بەڵگەکانی تاوان کراون بەمەبەستی دەرهێنانی زانیارییەکانی نێو میمۆرییەکانیان." هەروەها دەڵێت، ئەو دوو درۆنەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە، لە باشووری کێڵگەکەوە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو هەڵدراون. ئەمە یازدەیەمین هێرشە کە لە ناوچەی ئاماژەپێکراوەوە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە. ئەوە بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە. لیژنەکە گەیشتووەتە ناوی ئەنجامدەرانی هێرشەکە کە لە چەند هێزێکی لە یاسادەرچوون، بەشێکیان فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت. لیژنەکە راسپاردەی بۆ چەند رێکارێک کردووە بۆ پاراستنی کێڵگەکە، کە حکومەتی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێیان دەکات، بەمشێوەیە: دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان لە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین، بەشێوەیەک کە هەر بۆشاییەکی ئەمنی پڕبکاتەوە و هەماهەنگی لەنێوان دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و هێزە جێگیربووەکان بەردەوام بێت و یەکێتیی فەرماندەیی مسۆگەر بکرێت. ئاگادارکردنەوەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی بۆ گۆڕینی فەرماندەکانی ئەو ناوچانە بە فەرماندەی بەتوانا. پەرەپێدان و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندیی هەواڵگری لەنێوان دەزگا هەواڵگرییە فیدراڵییەکان و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستان. وەزارەتی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کێڵگەکە بە سیستمی بەرگریی ئاسمانی تەیار بکات و پاراستنی مسۆگەر بکات. سەپاندنی رێوشوێنی تووند بۆ بەکارهێنان و گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە هەموو جۆرەکانیەوە، مەگەر بە رەزامەندیی فەرمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان نەبێت. ناردنی نووسراو بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەگەڵ ئاژانسە ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوونی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەکەدا.

هەواڵ
03-12-2025

مەسرور بارزانی: شانازی بە پەیوەندی و هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ ئەمەریکا دە...

ئەمڕۆ چوارشەممە 12/3، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایکڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کۆمەڵگەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر کرایەوە. لە ڕێورەسمەکەدا هەر یەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتاریان پێشکەش کرد. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە کردنەوەی ئەم کۆمەڵگە نوێیە، نیشانەی پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئەمەریکا و خەڵکی هەرێمی کوردستانە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها گوتی ئەمەریکا لە ڕابردوودا، بەردەوام پشتیوانیی ئێمەی کردووە و هەر کاتێک ئێمە پێویستمان پێیان بووبێت لەگەڵمان بوونە، لە ساڵی 1991 لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەوە، ئەمەریکا هاوکاریی ئێمەی کرد و نەوای ئارام و ناوچەی دژەفڕینیان بۆمان دروست کرد. باسی لەوەش کرد، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر چەند پارێزگەیەکی عێراق و بووە مایەی مەترسی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا جارێکی دیکە هات و هاوپەیمانی دروست کرد و هاوکاری کردین بۆ لەناوبردنی تیرۆر. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: هەر ئەمەریکا بوو هاوکاریی ئێمەی کرد بۆ بنیاتنانی ئەو وڵاتەی کە ئێمە تێیدا دەژین، بەبێ ئەمەریکا قورس بوو ئەو شتە ڕووبدات، ئەمەریکا بوو دڕندەترین ڕژێمی دیکتاتۆری لە عێراق لەناو برد. سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر سوپاسگوزارین بۆ هەموو ئەو شتانەی کە ئەمەریکا بۆ ئێمەی کردووە، شانازی بە هاوپەیمانێتیی ئەمەریکاوە دەکەین و بەردەوام دەبین لەگەڵ ئەمەریکا بۆ هەنگاو و قۆناخی داهاتوو. سەرۆکی حکومەت لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا گوتی؛ ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواومان هەیە و پاڵپشتیی سیاسەتی سەرۆکی ئەمەریکا، سەرۆک ترەمپ دەبین لە دابینکردنی ئاشتی لە ڕێگەی بەهێزبوون و برەودان بە بازرگانی، لە جیاتی شەڕ و ناکۆکی، لەم ڕووەوە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمەریکا و حکومەتی فيدراڵی عێراق بۆ بنیاتنانی وڵات. لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیشەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێستا کە نزیک دەبینەوە لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، دەمانەوێت حکومەتی داهاتوو، ڕێز لە دەستوور و مافەکانی هەموو پێکهاتە و ئایینەکان بگرێت کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەژین. جەختی لەوەش کردەوە، شانازی دەکەین هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەی هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە شوێنێکی ئارام بژین و لێرە مافەکانیان پارێزراوە. لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە هەر کاتێک پێویستمان بە ئەمەریکا بووبێت پاڵپشتمان بووە، ئێستا ئێمەش پاڵپشتی خەڵکی دیکەین کە پێویستیان بە هاوکارییە، پێکەوە دەتوانین وڵات و هەرێمێکی زۆر باشتر و داهاتوویەکی گەشتر دەستەبەر بکەین.

هەواڵ
03-12-2025

مەسرور بارزانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 12/3، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مایکڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە. جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرد و گوتی کردنەوەی کۆمەڵگەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، نیشانەی پابەندبوونی وڵاتەکەیەتی بە پەیوەندیی بەهێز و دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان. دووپاتیشی کردەوە کە خوازیاری پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەمەریکین لە کوردستان. سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای لە قۆناخە جیاجیاکاندا کرد و ئامادەیيی هەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە. هەردوولا بە توندترین شێوە هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان شەرمەزار کرد. دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

هەواڵ
02-12-2025

بارەگای بارزانی وەڵامی لێدوانەکەی باخچەلی دەداتەوە

بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە هەموو عورفێک و خزمەتی هیچ لایەک ناکات. قسەکانی باخچەلی لەحاڵیکدایە کە هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر بەپێی تەوافوقێکی پڕۆتۆکۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا هەمووجار لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیاش بۆ هەرێم یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێکڕووینەداوە. سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی ئیدعا دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا. گوتەبێژی بارەگای بارزانی2ی کانوونی یەکەمی 2025

1 2 ... 82 83 84 ... 1143 1144