Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13787 بابەت
هەواڵ
23-06-2021

سەفین دزەیی: پەکەکە خۆی بە جێگرەوەی حکومەتی هەرێم دەزانێت

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، گرژییەکان لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پارتی نییە، لەنێوان پەکەکە و حکومەتی هەرێمی کوردستانە. سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (BBCـی تورکی) راگەیاندووە: پەکەکە 30 ساڵە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بووە و خۆیشی بە جێگرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانێت. سەفین دزەیی هەروەها رایگەیاندووە:هێزی پێشمەرگە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، کە وەزارەتێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە کێشەکە لەنێوان پەکەکە و پارتیدا نییە، بەڵکو لە نێوان پەکەکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گرژییانەی لە ناوچە سنوورییەکان دروست بووە، پەکەکە لێی بەرپرسە. لە چەند رۆژی رابردوودا، چەکدارانی پەکەکە شەش پێشمەرگەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک شەهید کرد.

هەواڵ
23-06-2021

ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی بودجە کۆدەبێتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢١/٦/٢٣ی زایینی، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ: یه‌كه‌م: بەردەوامیدان بە گفتوگۆکردن لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١. دووه‌م: خستنەڕووی پوختەی کۆبوونەوەکانی بەڕێز وەزیرەکانی (دارایی و ئابوری، کاروباری پێشمەرگە، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان) و بەڕێز سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ لەگەڵ لیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری و لیژنەی دەسپاکی لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی ڕاپۆرتی دووەمی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی. سێیەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای (پەروەردە و فێرکاریی لە هەرێمی کوردستان - عێراق) کە لە (١٩٧) ماددە پێکهاتووە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری ٢٠٢١/٦/٢٣

هەواڵ
22-06-2021

ڕوونکردنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی کوژرانی جوانڕۆی باڵەبان

ەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی کوشتنی هونەرمەند جوانڕۆ کەریم ناسراو بە "جوانڕۆی باڵەبان" کە کارمەندێکی وەزارەتەکەیانە راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە و تێیدا هاتووە، "تەرمی ناوبراو بەدەستبەستراوی لە نزیک گوندی پەلکەڕەش کە دەکەوێتە نێوان کەسنەزان و دێگەڵە دۆزراوەتەوە." ئەو هونەرمەندە کە خەڵکی سلێمانییە، شەوی رابردوو لە هەولێر کوژراوە. نەقیبی هونەرمەندانی کوردستان دەڵێت، شەوی رابردوو بۆ نانخواردن چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، "ئەمڕۆش تەرمەکەی لە دێگەڵە دۆزراوەتەوە". گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، جوانڕۆ کەریم "ئەندامی تیپی جوق و مۆسیقای سەربازی بوو، سەر بە فەرماندەیی ئینزیباتی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە." هەروەها ئاماژە بەوەشدەکات، "وەزارەتی پێشمەرگە بەدواداچوون و رێوشوێنی پێویستی لەسەر ئەم تاوانە گرتووەتەبەر و ئێستا لەلایەن پۆلیسەوە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانین."

هەواڵ
22-06-2021

ئاسایشی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەک لەسەر شەڕە تەقەکەی ئەمشەو بڵاو دەکاتەوە

دەقی ڕوونکردنەوەکەی ئاسایشی سليمانی: سەعات (١١:٣٠ ) شەوی ٢١ لە‌سە‌ر ٢٢ی حوزە‌یرانی ٢٠٢١، ھێزەکانمان بەھاوبەشی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکانیتر لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لەئەرکێکی رەسمیدا بوون لەسەر شەقامی جەواھیری لەگەڕەکی سەرچنار، بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی شارەکەمان. لە‌وكاتە‌دا شۆفێرێک پابەند نابێت بەڕێکارو رێنماییە ياساييە‌كان و لە‌مە‌شە‌وە‌ گرفت دروستبوو، دواتر ئە‌و كە‌سە‌ ھێزێکی چەکدار بەکاردەھێنێت بەشێوازێکی دەرچوو لە یاسا و ھەڵدەکوتنە سەر ئەو ھێزە ئەمنییەی کە لەئەرکدا بوون و بەتەقەکردن رووبەڕووی ھێزە ھاوبەشەکە دە‌بنە‌وە‌و دە‌رئە‌نجام شە‌ش کارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و كارمە‌ندێکی هێزە‌كانى فرياكە‌وتنى بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی پۆليسى سلێمانی برينداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەکران بەمەبەستی چارەسەر . ئێمە لە کاتێکدا ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەم رووداوە نەخوازراوە دەخوازین، رێوشوێنە یاسییەکان بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە جێدەھێڵین و ھەموولایەک دڵنیا دەکەینەوە كە‌؛ ھەرگیز دەستبەرداری ئەرکی نیشتمانی خۆمان نابین لەپاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان و ئارامی شار و لەوپێناوەشدا ئامادەی ھەموو قوربانییەکین. بە‌ڕێوبە‌رایە‌تی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی٢٢/٦/٢٠٢١

هەواڵ
22-06-2021

پۆلیسی هەولێر: تۆمەتبارێکی مەترسیدارمان دەستگیرکرد

بەشی پۆلیسی دەشتی هەولێر، بنكەی پۆلیسی دارەتوو رایگەیاند، تۆمەتبارێكیان بە ناوی (هـ. ص. ا) دەستگیر كرد، كە بەپێی ماددە (٤٩٥) لە یاسای سزادان، فەرمانی دەستگیركردنی هەبوو.تۆمەتباری ئاماژەپێكراو، كە لە كاتی دەستگیركردنیدا رووبەڕووی هێزەكانی پۆلیس بووەوە و نارنجۆكێكی دەستی گرتە تیمەكانی پۆلیس، بەڵام نەتەقییەوە و بێ زیان بوو، بۆیە هەر زوو هێزەكانی پۆلیس لێی هاتنە دەست و وێڕای دەستگیركردنی تۆمەتبار، دەستیان بەسەر دوو نارنجۆك و چەكێك و بڕێك ماددەی هۆشبەردا گرت.لە ئێستادا تۆمەتباری سەرەوە رێكاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر و دراوەتە دادگا.

هەواڵ
22-06-2021

نرخی دۆلار بەزربووەوە و نەوت 75دۆلاری تێپەڕاند

ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت بەردەوامی دا بە بەرزبوونەوەکانی رۆژی دووشەممە و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە سەرووی 75 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بانکی ئەمریکاش دەڵێت، ئەگەر بووژانەوەی کەرتی فڕۆکەوانی وەها بەردەوام بێت، ساڵی داهاتوو نرخی نەوت دەگاتەوە 100 دۆلار.هەروەها نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بە 148 هەزار دینار مامەڵەی پێوە کرا و 800 دینار دابەزیوە. نرخی دراوەکان بەمشێوەیەن: 100 دۆلاری ئەمریکی بە 148 هەزار دینارە 100 یۆرۆ بە 176 هەزار و 490 دینارە 100 پاوەند بە 205 هەزار و 720 دینارە 100 لیرەی تورکی بە 17 هەزار و 198 دینارە 100 هەزار تمەن بە شەش هەزار و 423 دینارە هاوکات لقی هەولێری سەندیکای زێڕنگەرانی کوردستان لەبارەی نرخی زێڕ دەڵێت، هەر ئۆنسەیەک بە 1780 دۆلارە. نرخی زێڕ بەمشێوەیەیە: مسقاڵێک زێڕی عەیارە 24 بە 423 هەزار دینارە مسقاڵێک زێڕی عەیارە 22 بە 388 هەزار دینارە مسقاڵێک زێڕی عەیارە 21 بە 372 هەزار دینارە مسقاڵێک زێڕی عەیارە 18 بە 317 هەزار دینارە

هەواڵ
22-06-2021

وێنە.. فڕۆکەکەى ڤلادیمێر پوتین بەرگەى تەقینەوەى ئەتۆمى دەگرێت

بەپێی چەند ماڵپەڕێکى جیهانى، فڕۆکە نایابەکەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا کە ناسراوە بە فڕۆکەى "ئاخر زەمان"، دەتوانێت بەرگەى تەقینەوەى ئەتۆمى بگرێت. نرخى ئەم فڕۆکەیە دەگاتە 540 ملیۆن دۆلارى ئەمریکى. ناوەوەى ئەم فڕۆکەیە تەوالێتێکى تیادایە کە بە زێڕ روپۆشکراوە. هەروەها، لەناو ئەم فڕۆکەیەدا، ئیلیوشین، باڕێک و ژوورى نوستن و هۆڵى وەرزشى تیادایە. ئەمە سەرەڕایی، بوونى مێزێکى کۆبونەوەى زەبەلاح کە بە زێڕ رووپۆشکراوە و کورسییەکانیشى هەمووى بە چەرم داپۆشراون.فڕۆکەکەى پوتین، دەتوانێت 560 میل ببڕێت لە کاتژمێرێکدا و ئامادەکراوە بە سیستەمى پەیوەندیکردنى پێشکەوتوو. بەشێوەیەک، ئەم فڕۆکەیە رێگە بە پوتین دەدات کە وەکو سەنتەرێکى سەرپەرشتیکردنى هێزە چەکدارەکان بەکاریبهێنێت لەکاتى هەڵگیرساندنى جەنگدا.

هەواڵ
22-06-2021

مستەفا چاوڕەش: كێشەی تەقەكردنەكەی سلێمانی چارەسەر کرا

بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی یەكێتی رایگەیاند، كێشەی تەقەكانی ‏شەوی رابردوو چارەسەركرا ‌و بریندارەكانیش كە 11 كەس بوون 5یان ‏چارەسەركراون و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.‏  مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی یەكێتی ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگای ‏یەكەكانی 70، كێشەی تەقەكانی شەوی رابردوویان چارەسەر كردووە، ‏گوتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری سەرجەم هێزە ئەمنییەكان ‌و نۆزانی كوڕی كاك شێخ جەعفەر ئامادەبوو، بە رێككەوتن ‌و رەزامەندیی هەموویان ‏كێشەكە چارەسەركرا ‌و لایەنی كەمتەرخەمیش لە رووداوەكەدا رووبەڕووی دادگا ‌و یاسا دەكرێتەوە".‏ لەبارەی رەوشی بریندارانی شەڕەكەش بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی ‏یەكێتی گوتی "بەداخەوە لە شەڕەكەدا 11 كەس برینداربوون، ئێستا ‏‏5یان چارەسەركراون و نەخۆشخانەیان جێهشتووە ‌و چارەسەری پێویستیش بۆ ئەوانی دیكە دەكرێت".‏  نیوەشەوی رابردوو، لە گەڕەكی سەرچناری سلێمانی شەڕەتەقە ‏لەنێوان دوو هێزی ئەمنیدا روویدا و بەهۆیەوە 11 كەس برینداربوون. روداو

هەواڵ
21-06-2021

دوو هێزی سەر بە یەکێتی تەقە لە یەکتر دەکەن

بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، دوو هێزی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی تەقە لە یەکتر دەکەن. سەرچاوەیەک بە باڵکێشی ڕاگەیاند، هێزی ئاڵتونی سەر بە شێخ جەعفەر و ئاسایشی سلێمانی ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوەتەوە و بەهۆیەوە ئەفسەرێکی سەر بە هێزی ئاڵتونی کوژراوە و حەوت کەسی دیکەش لە هەردوو لا بریندار بوون.

هەواڵ
21-06-2021

مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 21 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە ئیب پیتەرسن جێگری بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان ( UNFPA ) و شاندێکی یاوەری کرد.  لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان کرا بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوامیی دانیشتووان. سەرۆکی حکومەت ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنی بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو گەشەپێدانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی دۆخی تەندروستی و خوێندن و پەرەپێدانی سامانی مرۆیی.    لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها باس لە گرنگیی ڕێگەگرتن لە توندوتیژیی خێزانی و باشترکردنی دۆخی خێزان کرا کە بنەمایەکی گرنگیی کۆمەڵگەیەکی تەندروستە. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی ئەنجامدانی ئامارێکی زانستیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد بە هەماهەنگیی لە گەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان، بە مەرجێک پێویستە لە کاتی ئەنجامدانی ئاماردا، ئەوە لە بەرچاو بگیرێت کە لە هەندێک ناوچەی عێراقدا، بەتایبەتی ناوچە دابڕێندراوەکان لە هەرێمی کوردستان ، گۆڕینی دیموگرافی ئەنجامدراوە و سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بە هۆی شەڕو ناسەقامگیرییەوە ، ، شوێنەکانیان بە ناچاری بەجێهێشتووە و خەڵکی تر هێنراوەتە شوێنەکانیان.

هەواڵ
21-06-2021

مەلا بەختیار: ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی بە زیانی گۆڕان دەشکێتەوە

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی، پێشوازی لەژمارەك كەسایەتی‌و پیاو ماقوڵان‌و رۆشنبیرانی دەڤەری گەرمیان دەكات‌و لەدیداریاندا، جەختدەكاتەوە: چەوساندنەوە، ژان و مامانی لەدایكبوونی دۆخ و سەردەمێكی نوێیە!لەو دیدارەدا كە ئەمڕۆ (21/6/2021) بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، بەسوپاس‌و پێزانینەوە، لەسەردانی كەسایەتی‌و پیاو ماقوڵان‌و رۆشنبیرانی گەرمیان‌و ئەمبەرو ئەوبەری سیروانی روانی‌و لەسەرەتای گفتوگۆكەشیدا لەسەر رابرووی ناوچەكە، تەعریبی بەئافاتێك كە بەسەرە ناوچەكەدا هاتووە ناوبرد، كە بۆ لەناوبردنی كەلتووور‌و پەیوەندی كۆمەڵایەتی بووەو ئامانجیشی كۆتایهێنان بووە بەڕیشەی زمانی كوردیی‌و، وتی: مێژووی تەعریب، مێژوویەكی كۆنتری لەتەعریبی سەردەمی بەعس هەیە. بۆیە هەر كوردێك مەترسییەكانی تەعریب لەئێستا‌و ئاییندەشدا نەزانێت، بێگومان پێوەری كوردایەتییەكەی لاوازە.ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، ئەمڕۆ دیدارەكەمان لەیەكەم رۆژی هاوینی سروشت‌و قرچەی دۆخی سیاسییە. واتا هەم گەرمای سروشت ‌و هەم تای سیاسیش هەموومانی گرتۆتەوە. وەك چۆن تای ئابوری، تای تەعریبی نوێ‌، تای ئیرهاب، تای حكومەتێكی نادیموكرات‌و تائیفیمان لەبەغداد هەیە، كە هەموو ئەم تایانەش، لەگەرمای هاوینەكە مەترسیدارترە لەسەر ژیانمان.رونیشیكردەوە: كاتێك سیستەم، ئابوری، حكومڕانی تێكدەچێت، بەپێچەوانەی گەرماو قرچەی سروشتی هاوینەوە، هەموو ژیانمان لێتێكدەدات، هەربۆیە ئێستا لەدۆخێكی خراپدا دەژین.مەلا بەختیار، هەڵبژاردنی پێشوەختەشی، بەبیانوویەك بۆ شكستی حكومەت، پەرلەمان، باری ئابوریی و بەرزبوونەوەی رادەی گەندەڵی گێڕایەوە، لەكاتێكدا ئەگەر رێگە بدرێ‌ ئەو هەڵبژاردنەش ئەنجامبدرێت‌و كێشەو گرفتی بۆ دروستنەكرێت‌و وتی:كێشە گەورەكە ئەوەیە، پارت‌و لایەنە سیاسییەكانی عیراق‌و كوردستان، لەخۆیان، چارەنوسیان، پێگەو جەماوەری خۆیان دڵنیانین، چونكە بەشی زۆری جەماوەر متمانەی بەرامبەریان لەدەستداوە. بەڵام نەگبەتییەكە لەوەدایە كە ئەو لایەنانە سیاسیانە، خاوەنی هێزی چەكدارن! ئایا كێ‌ و چ دەسەڵاتێك دەتوانێ‌ ئەو هێزە چەكدارانە لەلایەنەكان وەربگرێتەوە؟!ئەگەرچی نمونەكەی كوردستان، باشترە ئەگەر بەراوردی بكەین، بەعیراق‌و هێزە چەكدارو میلیشاكان و حەشدی شەعبی! كە تەواوی جومگەكانیان كۆنتڕۆڵكردووە. ئەمەش وایكردووە مەترسی گەورەو دۆخێكی نالەبار لەعیراقدا هەبێت.جەختیشیكردەوە: كاتێك یەكێكی تر لەمەترسییە گەورەكان ئەوەیە، كاتێك دەوڵەتە گەورەكان و ئێران رێكبكەون، ئەوكاتە كە ئێران دڵنیادەبێ لەنەمانی ئەو فشارانەی لەلایەن ئەمریكا‌و رۆژئاوا لەسەریەتی ‌و گەمارۆی لەسەر هەڵگیرا، نەوتەكەی بڕوات‌و بازاڕەكانی بوژانەوە، مەترسییەكانی سعودیە، ئیسرائیل و ئەمریكا وردە وردە رەوینەوە، ئەوكاتە ئێران، فشارەكانی لەسەر عیراق، یەمەن، لوبنان و سوریا كەمدەكاتەوە، چونكە هەتا ئێران دەستكەوتەكانی بەدینەهێنێت، هیچكام لەو وڵاتانە سەقامگیرنابێت. بەپێچەوانەشەوە لەپێناو سەقامگیربوونی ئەو وڵاتانەو كەمبوونەوەی مەترسییەكان، ئێران دەستكەوتەكانی وەردەگرێتەوەو ئەمەش وادەكات ئێران ببێ‌ بەمیحوەری سوڵح لەناوچەكەدا.سەبارەت بەسەرەنجامی رووداوەكانیش، مەلا بەختیار، تەئكیدی كردەوە كە:ئەگەر، ئێران ببێ‌ بەمیحوەری سوڵح و رێككەوتنەكەی تەواو بكات لەگەڵ رۆژئاوا، ئەوا ئێران، توركیا، سوریا و عیراق، پێویستیان بەسەقامگیریی و ئارامی دەبێ‌، واتا دەوڵەتانی هەرێمایەتی هەموویان ئامادەدەبن لەگەڵ دەوڵەتە گەورەكانی دونیا رێكبكەون، رێكیشدەكەون. بێگومان رێككەوتنەكەشیان لەسەر حسابی، خەباتی دیموكراسی، ئازادی، مەدەنی‌و گەلانی وەكو كورد دەبێت.راشیگەیاند: كورد، بەدرێژایی مێژوو، قوربانی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانە. لەسەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەمەوە، لەرێككەوتننامەی زەهاوی یەك و دوو، لەئەرز روومەوە، هەتا دەگاتە سایكس پیكۆ، هاوپەیمانێتی بەغداد، جەزائیرو هەموو ئەوانی تریش، كورد بە بەردەوامی قوربانی ئەو رێكەوتننامانە بووە! ئەمجارەش، بەدڵنیاییەوە هەر رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتی، راستە وەكو رابردوو نابێ‌! بەڵام ئەم ئازادییەی ئێستا هەمانە، بە بەشەكانی تری كوردستانیشەوە، هەمووی لەقاڵب دەدەن!لەكۆتایی وتەكانیشدا، مەلا بەختیار، وتی: ئەگەر گللەیی و لۆمەیەك لەسەركردەو رابەرە سیاسییەكانی رابردووی كوردستان هەبێت، كە خۆیان عەشایر بوون‌و لەگەڵ عەشایر رێكنەكەووتون! ئەوا گللەیی و لۆمەكردن لەئێمەی ئێستای سیاسییەكان زۆر زۆرترە، كە سیاسین‌و لەگەڵ سیاسییەكان ناتوانین رێكبكەوین.سەبارەت بەهاوپەیمانی تازە مۆركراوی گۆڕان‌و یەكێتیش، رایگەیاند:كارێكی سیاسی باشە. هیوادارم هەتا یەكگرتنی هەردوو لا، بەردەوامبێت. رونیشیكردەوە:دەستەواژەی گەندەڵی، لەناوەڕاستی نەوەدەكانەوە كاك نەوشیروانی رەحمەتی دایهێناوە.. بەتایبەتی لەئیدارەی سلێمانی ئەوكاتە.. كە گۆڕانیش جیابوونەوە، هەتا ئێستاش سەروبنی زمانی راگەیاندنیان، دژایەتی گەندەڵییە. ئەندامانی پەرلەمانی عیراق‌و كوردستانی گۆڕان، پەیتا پەیتا باسی گەندەڵی دەكەن، بەئامارو بەڵگەوە، گەندەڵییەكان لەمەرزەكان دەخەنەڕوو.. خێرە لەم هاوپەیمانییە نوێیەی گۆڕان‌و یەكێتیی، گۆڕان داوای پاكسازی گەندەڵی نەكردووە. بۆ گۆڕان وا تێگەیشتووە بەم هاوپەیمانییە، ئیتر گەندەڵی پاك دەبێتەوە؟ باسنەكردنی گەندەڵی لەم هاوپەیمانییە، لەزەرەری گۆڕان دەشكێتەوە.. لەناو ریزەكانیاندا لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە، كە زیانی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاوبەش دەبێ‌.

هەواڵ
21-06-2021

مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد

ئەمڕۆ دووشەممە 21 ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد . لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو ، دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا. جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە کرا لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.  لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ،گفتوگۆ دەربارەی  هەلومەرجەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و پێویستی زەمینەخۆشكردن لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد کرا كە ماف و خواستی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بكات .

1 2 ... 805 806 807 ... 1148 1149