Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13719 بابەت
هەواڵ
30-12-2025

ئۆجەلان پەیامێک لەبارەی چارەنووسی هەسەدە و سووریا بڵاو دەکاتەوە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەبۆنەی سەری ساڵ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ڕێککەوتننامەی 10ی ئادار دەبێتە هۆی بەرەوپێشتبردنی پڕۆسەی ئاشتی و داوا لە تورکیا دەکات ڕۆڵی بونیادنەرانە بگێڕێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە. لە کاتێکدا پێ دەنێینە ساڵێکی نوێوە، ناچارین جارێکی تر ئەوەمان بیر بێتەوە کە چۆن ناسیۆنالیزم، کە لە سەدەی ڕابردوودا شانبەشانی هێرشە ئیمپریالیستییەکان گەشەی کرد، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕووبەڕووی پێکدادانی قووڵ، وێرانکاری و لێکترازانی کۆمەڵایەتی کردەوە. هەموو ئەو تائیفەگەری و ناسیۆنالیزمە نەتەوەییانەی ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا هەن، ڕەگیان لەم مێژووە نزیک و پڕ لە ئازارەوە سەرچاوە دەگرێت. بەداخەوە، ستراتیژی سیستەمی هەژموونگەرا "پەرت کە و زاڵ بە" بە شێوازی جیاواز بەردەوامە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، ئەو دیدگایەی ئێمە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، سەرەڕای هەموو زەحمەتییەکان، پەرەمان پێداوە، تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکو وەک پێویستییەکی مێژوویی لەبەردەمماندایە. ئەگەر بە دروستی و بە تێگەیشتنەوە هەڵبسەنگێنرێت، ئەم دیدگایە چارەسەرێکە کە دەتوانێت ڕێگە لە پێکدادانی نوێ بگرێت و ژیانێکی هاوبەش، یەکسان و ئازادی گەلان مسۆگەر بکات. لە قۆناغی داهاتوودا، بەرپرسیارێتیی سەرەکیمان ئەوەیە کە ڕێگە لە شەڕێکی نوێ بگرین کە لەوانەیە لە ماوەیەکی کورتدا سەرهەڵبدات و بەر لە دەرئەنجامە قەرەبوونەکراوەکانی بگرین. قەیران قووڵ و پێکدادانە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرئەنجامی حەتمیی گیرخواردن و بەردەوامنەبوونی ئەو تێڕوانینە ستەمکار و دەسەڵاتخواز و دەوڵەتسالارانەی شارستانیەتە کە هەزاران ساڵە بەردەوامە. کێشەی کوردیش، کە لە دڵی ئەم قەیرانانەدایە، تەنها بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕێککەوتنی دیموکراتییانە چارەسەر دەکرێت. کێشەکە بە ڕێگەی پێکدادان، شەڕ، ڕێبازی سەربازی و ئەمنی چارەسەر ناکرێت؛ بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمایەکی دیموکراتییانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کە ئیرادەی گەلان بە بنەما وەربگرێت. نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت. تا بیرکردنەوەی پیاوسالاری نەسڕێتەوە، کولتووری شەڕ کۆتایی نایەت و ئاشتی بەردەوام نابێت. هەر بۆیە من ئازادیی ژن وەک بنەمای دامەزرێنەر و وازلێهەڵنەگیراوی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبینم. ئەو دۆخە پشێوییەی لە سووریا دروست بووە، ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرای پێویستیی دیموکراتیزەکردنە. ئەو تێڕوانینەی حوکمڕانی کە ساڵانێکی زۆر لەسەر بنەمای تاکڕەهەندی، سەرکوتکاری و نکۆڵیکردنی ناسنامەکان بوو؛ داواکاریی کورد، عەرەب، عەلەوی و هەموو گەلانی بۆ ئازادی و یەکسانی بەهێزتر کردووە. ئەو داواکارییە سەرەکییەی کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی 10ی ئاداردا لەنێوان هەسەدە و حکومەتی شامدا هاتووەتە ئاراوە، بریتییە لە مۆدێلێکی سیاسیی دیموکراتی کە تێیدا گەلان بتوانن پێکەوە خۆیان بەڕێوەببەن. ئەم تێڕوانینە، زەمینەیەکی تێکەڵبوونی دیموکراتییانە لەخۆدەگرێت کە دەکرێت لەگەڵ پێکهاتەی ناوەندیدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت. جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 10ی ئادار پرۆسەکە ئاسانتر و خێراتر دەکات. ئێجگار گرنگە تورکیا لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی ئاسانکار، بنیاتنەر و کراوە بۆ دیالۆگ ببینێت. ئەمە هەم لە ڕووی ئاشتیی هەرێمییەوە و هەم لە ڕووی بەهێزکردنی ئاشتیی ناوخۆیی خۆیەوە، گرنگییەکی چارەنووسسازی هەیە. مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ڕادەیەکی زۆر مێژووی "شۆڕشە نەرێنییەکانە". شەڕ، زۆرداری، نکۆڵیکردن و وێرانکاری... لە بەرامبەر ئەمەدا، ئەوەی ئێمە پێشنیازی دەکەین "شۆڕشی ئەرێنی"یە. واتە، دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە بە ڕێبازی دیموکراتی، ئاشتییانە و ئاکاری-سیاسی. ئەو ئاشتییەی کە ئێمە بە پێداگرییەوە بەرگریی لێ دەکەین، دەبێت سەرەتایەکی نوێ بێت، نەک دەرئەنجامێک. ئەو خەباتەی کە لە چوارچێوەی ئاشتیدا بۆ ماف، یاسا و دیموکراتیزەکردن دەکرێت، ڕق، دژایەتی و تووڕەیی لەناو دەبات و دەرگا بە ڕوی ژیانێکی نوێ بۆ هەمووان دەکاتەوە. بەو تێگەیشتنەوە، هیوادارم ساڵی نوێ بکەینە ساڵی ڕێککەوتنی دیموکراتی، ئاشتی و ئیرادەی بنیاتنانی داهاتووی هاوبەشی گەلان، نەک ساڵی شەڕ، وێرانکاری و لێکترازان. هیوادارم ساڵی نوێ لە تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەرگایەک بەڕووی ئاشتی، ئازادی و داهاتوویەکی دیموکراتیدا بکاتەوە؛ پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە هەموو دۆستان، بە تایبەتی گەلانی تێکۆشەر دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ ئاشتی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ هەموو گەلان بهێنێت و خۆشەویستی و سڵاوی خۆمتان پێ ڕادەگەیەنم. ئەم قۆناغە، قۆناغێک دەبێت کە بە ئازادیی ژن بەهێز دەبێت و گەلان لە چوارچێوەی ئاشتیدا لەگەڵ بەها دیموکراتییەکاندا یەکدەگرن. عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئیمراڵی 30-12-2025

هەواڵ
29-12-2025

فایەق زێدان: دەبێت سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی هەڵبژێردرێن

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق هۆشداریی دەداتە لایەنە سیاسییەکان و ڕایدەگەیەنێت، دەبێت سەرۆک و جێگرەکان هەڵبژێردرێن تاوەکو ئەوەی ڕێکارە دەستوورییەکان تەواو بن. فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، پێشوازیی لە عامر فایز، ئەندامی پەرلەمان کرد، فایز وەک بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان، سەرۆکایەتی دانیشتنی پەرلەمان دەکات. دادوەر دکتۆر فایق زەیدان، ڕایگەیاند، لە مادەکانی 54 و 55 دەستووردا بە ڕاشکاوی باس لەوە کراوە کە دەبێت سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێدا هەڵبژێردرێن. هەر لێکدانەوەیەک بە پێچەوانەوە، پێشێلکارییەکی  ڕوونی دەستورە . پەرلەمانی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و جێگرەکانی دەستی پێ کردووە.

هەواڵ
29-12-2025

بارەگای بارزانی: دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار گۆڕانكاریی بەسەر...

ئەمڕۆ دووشەممە، 29/12/2025، بارەگای بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پەیامێک بڵاودەکاتەوە و تییدا هاتووە: دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت. دەقی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی: لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت. میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە: یان لە پارلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن. مەرجیش نیە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق.

هەواڵ
29-12-2025

پەرلەمانی عێراق بەشێک لە پۆستەکان یەکلایی دەکاتەوە

یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و دەنگ لەسەر کاندیدەکانی سەرۆکی پەرلەمان، هەردوو جێگرەکەی دەدرێت، بەشێک لە لایەنەکانیش کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکان ئاشکرا کردووە. لە کاتێکدا لایەنە سیاسییەکان لەسەر هیچکام لە کاندیدەکانی پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی ڕێکنەکەوتوون، ئەمڕۆ دووشەممە 29-12-2025، ئەندامانی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن، بەپێی دەستوور پابەندن بە هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق. پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ دانیشتنەکە دەستپێدەکات، سەرەتا ئەندامانی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن و وەکو پەرلەمانتارانی خولی شەشەم دەستبەکار دەبن، دواتر کاندیدەکانی سەرۆکایەتی، جێگری یەکەم و دووەم هەڵدەبژێردرێن. لایەنە سوننەکان پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان بەردەکەوێت، بە دوو کاندید دێنە نێو دانیشتنەکە و هەیبەت حەلبووسی، کاندیدی زۆربەی لایەنە سوننەکانە، جگە لە هاوپەیمانیی عەزم کە موسەننا سامەڕایی سەرۆکی هاویەپمانێتییەکەی کاندید کردووە، پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ شیعەکانە و چەند بەربژێرێکیان هەیە، هاوکات جێگری دووەم بۆ کوردە و شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدە.

هەواڵ
28-12-2025

حاجیانی 2025 قەرەبوو دەکرێنەوە

کاروان ستونی گوتەبێژی فەرمی حەج و عومڕەی کوردستان رایدەگەیەنێت کە لە لایەن دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراقییەوە ئاگادار کراونەتەوە کە هەموو ئەو حاجیانەی ساڵی ٢٠٢٥ بە فرۆکە گەشتیان کردبوو لەکاتی گەڕانەوەیان بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان ئەوکاتی عیراق ڕاگیرابوون و حاجیان ناچاربوون بە پاس بگەڕێنەوە دوای خەمڵاندنی جیاوازی پارەکە قەرەبوو دەکرێنەوە کە ژمارەیان ٣٤٤٣ حاجی بوون کاروان ستونی هەروەها رایدەگەینێت تاوەکوو ئێستا نووسراوی فەرمییان پێ نەگەیشتووە بەڵام بڕیارە دوای پشووی سەری ساڵ نووسراوەکە بگات و بەڵام پێش وەختە ئاگادار کراینەوە کە لیستی ناوی حاجیان ئامادە بکەین و تاوەکوو بۆیان بنێرین کاروان ستونی گوتەبێژی فەرمی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕەی کوردستان هەروەها گوتی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ,بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕە دوای وەرگرتنی بڕە پارەکە،بە میکانیزمێکی گونجاو کە ئەوپەڕی ئاسانکاری تێدا بێت بە ئاسانی پارەکە بدرێتە ئەو هاووڵاتیانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٥ بە فرۆکە چووبوونە سعوودیە و لەوێشەوە بە پاس گەڕابوونەوە کاروان ستونی هەروەها رایگەیاند بە پێی ئەو زانیارییانەی پێمان دراوە لە بەشی ژمێریاری بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕە بڕی ئەو پارەیەی کە بۆ قەرەبووکردنەوە دیاری کراوە لەلایەن دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراقییەوە تەنها ٨٠ هەزار دینارە چونکە دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراقی هەموو ساڵێک خۆیان گرێبەستی فرۆکە و ئۆتێل و خواردن و خزمەتگوزارییەکانی شاری مەدینە دەکەن و تەنانەت لە خەمڵاندنی پارەکە هیچ نوێنەرێکی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی و بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕە لە لیژنەکەدا نەبووە.

هەواڵ
28-12-2025

تەمویلی مووچەی مانگی 10 خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی

ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ( ٢٠٢٥/١٢/٢٨ ) بڕی ( ٩٤٢،٨٤٥،٠٠٠،٠٠٠ ) نۆ سەدو چل و دوو ملیارو هەشت سەدو چل و پێنج ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری٢٠٢٥/١٢/٢٨

هەواڵ
28-12-2025

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران داوایەک لە گەشتیاران دەکات

لە شەوی هەینییەوە تاوەکو ئەمڕۆ زۆرترین لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باریوە و سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش داوا دەکات گەشتیاریان سەردانی ناوچەکان نەکەن. هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند: "بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە رێگەی زینی وەرتێ بە تەواوی داخراوە، رێگەکانی دیکەش ئاستەنگیی هاتووچۆیان بۆ دروستبووە". سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: "رێگەکانی مێرگەسۆر و هەموو ناوچەکانی دیکەی سنوورەکەمان بەفریان لێباریوە، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین تاوەکو بتوانن رێگەکان بەکارنەهێنن و ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە". هەڵگورد شێخ نەجیب داوای لە هەموو هاونیشتمانییان کرد، "هیچ کەسێک بۆ گەشتیاری سەردانی ناوچەکانمان نەکات و ژیانی خۆی نەخاتە مەترسییەوە، تیمەکان سەرقاڵی خاوێنکردنەوەی رێگەکەن و ئەگەر گەشتیاران بچن تووشی ئاستەنگی دەبن و تیمەکانیش بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن". سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: "ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان زۆرینەیان بۆ رێگەی بەفر شیاو نین، تایەکانیان شیاو نییە، رێگەکانیش مەترسیدارن و دەبێ هاونیشتمانیان هۆشیاربن". رێگەی دەروازەی کێلێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا بەهۆی بەفربارینەوە داخراوە. هاتووچۆ لە رێگەی دەروازەی کێلێ بەتەواوی داخراوە، بەفری زیاتر لە دیوی ئێرانەوە باریوەو رێگەکەی گرتووە". بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەفر و باران تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەشێوەی بەردەوام دەبێت.

هەواڵ
28-12-2025

پووتین: بە هەر جۆرێک بێت ئامانجەکانمان لە ئۆکراینا بەدەستدەهێنین

ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا پەیامێکی تووندی ئاراستەی کیێڤ و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات و ڕایدەگەیێنێت، ئۆکرانیا هیچ پەلەیەکی نییە بۆ ڕاگرتنی جەنگ. ڤلادیمێر پووتین، لە نوێترین دەرکەوتنیدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: "ئەگەر دەسەڵاتدارانی کیێڤ چارەسەری ئاشتییانەیان ناوێت، ئەوا ڕووسیا هەموو پرسەکان بە زەبری هێز یەکلایی دەکاتەوە." ئاماژەی بەوە کرد لە ڕۆژئاوا "کەسانێکی ژیر" پەیدا بوون، بۆ ئەوەی ئامۆژگاری کیێڤ بکەن و مەرجەکان قبووڵ بکات. لە شوباتی 2022ـەوە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستیپێکردووە و سەرەڕای هەوڵەکانی ئاگربەست بەڵام هێشتا هەر بەردەوامە.

هەواڵ
27-12-2025

مەسعود پزیشکیان: ئێران لە حاڵەتی شەڕێکی سەرتاسەریدایە

سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند، "وڵاتەکەمان لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل و ئەوروپا، لە شەڕێکی سەرتاسەری گەورەدایە، سوپاکەشمان لەوەی کە پێشتر هەبووە بەهێزترە". شەممە 27ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، "وڵاتەکەی خۆی لە حاڵەتێکی شەڕی تەواوەتی دەبینێت لەگەڵ ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەوروپا، جەختیشی کردەوە، ڕۆژئاوا هەوڵی پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئێران دەدات بۆ دووبارە هەستانەوە و بەرەوپێشچوونی وڵاتەکەمان".  پزیشکیان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "خامنەیی" گوتی:"هەر دەستدرێژییەکی نوێ بۆ سەر ئێران وەڵامێکی توندی بەدوادا دێت، جەختی لەوە کردەوە، کە یەکگرتوویی کۆمەڵگای ئێران هەموو پیلانەکانی دوژمن پووچەڵ دەکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستدرێژییەکانی پێشووی ئیسرائیل کە بە شەڕی 12 ڕۆژە ناسراوە، نەبووە هۆی داڕمانی پێشبینیکراوی ڕژیمی ئێران، هاوکات ئێران بە هێز و ئیرادەی گەلێکی یەکگرتوو، گەمارۆ و گوشارەکان تێدەپەڕێنێت. سەبارەت بە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی پزیشکیان گوتی:" سەرەڕای سزاکان، سوپای ئێران، بەراورد بە ڕابردوو، ئێستا بەرانبەر بە دەستدرێژییەکانی پێشوو بۆ سەر وڵاتەکەمان بەهێزترە، هاوکات گوتیشی، "بەردەوام دەبن لە بەهێزکردنی توانای بەرگریی سوپا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر هەڕەشیەکی ئەگەری بۆ سەر وڵاتەکەمان". ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران، ڕۆژئاوا و ئیسرائیل تادێت زیاتر پەرەدەستێنێت، هەروەها گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و مشتومڕەکانیش لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەردەوامە. دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان شاندەکانی ئەمەریکا و ئێران بەڕێوە چووە، لە کاتێکدا بڕیاڕ بوو ڕۆژی یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، گەڕی شەشەم لە نێوانیاندا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وڵاتەکە بەشداریکردنی لە دانوستانە ئەتۆمییەکە هەڵپەسارد. جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردەی سەربازی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت. لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە، بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.       ڕاگەیاندنی ئاگربەست دوای 12 ڕۆژ لە بەردەوامیی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەرەبەیانی سێشەممە 24ـی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، ڕێککەوتنێکی بۆ "ئاگربەستی گشتگیر و تەواو" لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.

هەواڵ
27-12-2025

زیندانەکانی ئەسەد سەرلەنوێ پڕ دەبنەوە لە زیندانی

کاتێک سوورییەکان بە هیوا و دڵخۆشییەوە دەرگای زیندانە ترسناکەکانی رژێمی ئەسەدیان شکاند، باوەڕیان وابوو ئەو دێوزمەیە بۆ هەمیشە کۆتایی پێهاتووە. بەڵام ئەمڕۆ، هەزاران خێزانی سووری جارێکی دیکە لە ئازاری دابڕان و نەزانینی چارەنووسی ئازیزانیاندا دەناڵێنن.  ساڵێک لەمەوبەر، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوەزەر، بەڵێنی دا "ئەو زیندانە بەدناوانە دابخات" کە بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵهاتووی سووریا بەڕێوەی دەبردن.   بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی (ڕۆیتەرز،) بەڵێنەکانی شەرع هیچیان جێبەجێ نەکراون، زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن نەک هەر دانەخراون، بەڵکوو دیسانەوە خراونەتەوە کار و هاوشێوەی پێشوو پڕ کراون لە زیندانی. لە دێسەمبەری 2024دا، هاووڵاتیانی سووریا بە هیوایەوە چوونە سەر زیندانەکان، بەدوای ئازیزانە ونبووەکانیاندا دەگەڕان کە لەژێر دەسەڵاتی ئەسەددا چارەنووسیان نادیار بوو. لە هەمان کاتدا، هەزاران ئەفسەر و سەربازی ڕژێمی لێخراو لەلایەن یاخیبووەکانەوە دەستبەسەر کران. دایک و باوکانی سووری بە گریانەوە لەژێر کون و کەلەبەر و شوێنە شاراوەکاندا بەدوای کوڕ و کچەکانیاندا دەگەڕان، بەڵام زۆریان بە دەستی بەتاڵەوە گەڕانەوە. دوای چەند مانگ لە ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، شەپۆلی نوێی دەستگیرکردن دەستی پێکرد. ئەمجارە سەدان کەس لە مەزهەبی عەلەوی، زۆربەیان پیاو بوون، لە سەرتاسەری سووریا دەستگیر کران. دوای ڕاپەڕینێکی کورت لە کەناراوەکاندا لە مانگی مارسدا کە دەیان هێزی ئەمنی کوژران، تۆڵەسەندنەوەیەکی خوێناوی دەستی پێکرد و نزیکەی هەزار و پێنج سەد عەلەوی گیانیان لەدەست دا.، دەستگیرکردنەکان تا ئەمڕۆش بەردەوامن. بە گوێرەی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لە هاوینی ئەمساڵەوە، قۆناغێکی دیکەی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ دەستی پێکردووەتەوە، ئەمجارە لە باشوور لەنێو کۆمەڵگەی پێكهاتەی درووزەکاندا. دوای سەرهەڵدانی توندوتیژیی تایفی کە سەدان کەس گیانیان لەدەست دا، دەسەڵات بە لەسێدارەدان و پێشێلکاری وەڵامی دایەوە.  ئاژانسی ناوبراو لە لێکۆڵینەوەیەکی وردا توانیویەتی ناوی لانیکەم 829 کەس کۆ بکاتەوە کە لە دوای هەڵهاتنی ئەسەد بە "پاساوی ئەمنی" دەستبەسەر کراون. ئەم ژمارەیە بەپێی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەی دەستگیرکراوەکان و ئەو کەسانەی کە خۆیان لە زیندانەکاندا بوون، بەدەست هاتووە.  هەروەها لێکۆڵەران پێداچوونەوەیان بە هەندێک لیستی دەستگیرکراوەکاندا کردووە کە لەلایەن کەسانێکەوە دروست راون کە سەردانی خێزانەکانیان بۆ حەوت دامەزراوە ڕێکخستووە. بەڵام ژمارە ڕاستەقینەکە لەوانەیە زۆر زیاتر بێت، ئەو زیندانانەی کە لە سەردەمی ئەسەددا دەیان و سەدان کەس تیایدا ئازاریان دەچەشت، ئێستا دیسانەوە دەنگی قیژە و ناڵەیان لێ بەرز دەبێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی (ڕۆیتەرز) هەزاران کەسی نوێ لەلایەن دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعەوە بەبێ تۆمەتی فەرمی، بەبێ پارێزەر، بەبێ دادگا، ڕاگیراون.

هەواڵ
27-12-2025

دوو تۆمەتباری جینۆسایدی بارزانییەکان دادگایی دەکرێن

سبەی یەکشەممە دوو تۆمەتباری جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دادگایی دەکرێن، لە دادگاییەکەدا شەش دادوەر  و کەسوکاری جینۆسایدکراوەکان ئامادە دەبن. تیمی پارێزەرانی تاوانی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان تاوەکو ئێستا ناوی 61 تۆمەتباریان خستووەتە بەردەم دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، سبەی دووانیان دادگایی دەرکرێن. د. ئەیاد کاکەیی، پارێزەری کەیسی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان ڕایگەیاند"دوو تۆمەتبار دادگایی دەکرێن کە پلەیان لیوا بووە لە (ئەمن)، بە ناوەکانی سەعدوون سەبری جەمیل، شاکر تەها غەفوور و دەستیان لە بێسەروشوێنکردن و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان هەبووە لە بیابانەکانی ئەنبار، فەلوجە و ناوچەی سەقلاویە بیابانی شەیحیا. بەگوتەی پارێزەری کەیسەکە، یەکەمینجارە تۆمەتبارانی ئەو جینۆسایدە دادگایی دەکرێن، کە خۆیان دانیان بە تاوانەکە ناوە، شەش دادخواز کە کەسوکاری جینۆسایدکراوەکان لە دانیشتنی دادگا ئامادەدەبن و وتەیان لێوەردەگیرێت، دواتر دادگایی تۆمەتباران دەستپێدەکات. ئەنفالکردنی بارزانییەکان لە 03-05-2011 لە دادگای باڵای تاوانی عێراق بە جینۆساید و تاوانی دژە مرۆڤایەتی ناسێنرا، چونکە لە ساڵانی 1975 و 1978 بەشێکی بارزانییەکان ڕاگوێزراون بۆ ناوچەکانی دیکە، کە ئەمە تاوانی دژە مرۆڤایەتی بوو بەپێی ماددەی 12 لە یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2005، هەروەها ساڵی 1983 هەشت هەزار بارزانی جینۆساید کران، بەپێی هەمان ماددە بە جینۆساید ناسراوە. ساڵی 1983 لە شەڕی هەشت ساڵەی  عێراق – ئێراندا، هەشت هەزار پیاوی بارزانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە  جینۆسایدکران، بەشێكیان لە ئۆردوگا زۆرەملێكانی قوشتەپە و بەحركەی هەولێر دەستگیركران و لە بیابانەكانی عەرعەردا زیندە بەچاڵكران.

هەواڵ
27-12-2025

محەممەد حاجی مەحموود هێرشی توند دەکاتە سەر بەغدا

محەممەد حاجی مەحموود لە سێیەم دیداری گوڵەخانە ڕایدەگەیێنێت، ئەمساڵ بەڵام سێ مووچەی فەرمانبەران نەنێردراوە و ڕاگیراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا دەڵێن کورد و عەرەب برایە، دڵنیا بن کەس برای ئێمە نییە، تەنیا کورد برای خۆیەتی لە، هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت". ئەمڕۆ شەممە 27-12-2025 لە گوندی گوڵەخانەی شارەزوور، سێیەمین دیداری گوڵەخانە بەسەرپەرشتیی محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە ناونیشانی 'ئایندەی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراقدا' بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەکی زۆر لە چین و توێژە جیاجیاکانی کوردستان ئامادەی دیدارەکەن. محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەوەی بەرامبەر نەتەوەی کورد کراوە، لە قامووسی هیچ نەتەوە و ئاینێک نەبووە و نەکراوە، بەڵام ئێمەی کورد هەمیشە میللەتێکی دڵپاک و ئاشتیخواز و لێبووردە بووین، ئەوانەی کیمیاییان لێداین و ئەنفالیان کردین، لە ساڵی 1991 زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیان گیران لە فەرماندەی سەربازی و سەربازەکان، خەڵکی کوردستان بە ڕێزەوە بەڕێیان کردەوە بۆ زێدی خۆیان، هیچ کەسیان تۆڵەی لێنەکرایەوە. بە گوتەی محەممەد حاجی مەحموود، پێمان وابوو ئەمجارە عێراقێکی نوێیە و چارەسەری کێشەکان دەکات، بەڵام ئەوەی دەبینین ئێستا هەمان ڕێچکەی پێشووە کە ئەنفالیان کردین و کیمیابارانیان کردین و گوندەکانیان وێران کردین، ئێستا ساڵی 2025 بەڕێدەکەین، بەڵام سێ مووچەی فەرمانبەران نەنێردراوە و ڕاگیراوە، نەوتیان ڕاگرتین و پەرلەمانیان هەڵوەشاندینەوە و هەموو شتێکیان بەرامبەرمان ئەنجامدا، بەڵام تاوەکوو ئێستا دەڵێن کورد و عەرەب برایە، دڵنیا بن کەس برای ئێمە نییە، تەنیا کورد برای خۆیەتیی لە هەر شوێنی ئەم جیهانە بێت دەبێت بڕوامان بە خۆمان هەبێت لەسەر پێی خۆمان ڕاوەستین.

1 2 ... 73 74 75 ... 1143 1144