Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13779 بابەت
هەواڵ
08-10-2021

زێرەڤانی: دەنگدانی تایبەت زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت

وتەبێژی هێزەكانی زێرەڤانی ڕەخنە لە سیستمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەگرێت و دەڵێت" پرۆسەی دەنگدانی تایبەت زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت". عمید دێدەوان خورشید، وتەبێژی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" زیاتر لە سێ كاتژمێرە دەنگدان دەستی پێكردووە و تا ئێستا ٢٠%ی دەنگدەری تایبەت نەیتوانیوە دەنگ بدات". ئاماژەی بەوەشكرد: گەورەترین كێشە پەنجەمۆرە و هەروەها دۆزینەوەی ناو و ئیمزا و پەنجەمۆرێكی دیكە پڕۆسەكە زیاتر دوادەخات.جەختیشی كردەوە، بەپێی ئەوەی لێكدراوەتەوە هەر كەسێك بۆ دەنگدان پێویستی بە ٧٠ چركەیە، بەڵام بەپێی پڕۆسەكەی ئێستا هەموو كەسێك لە سێ دەقە كەمتری پێ‌ نەچووە و لە هەندێک شوێن زۆر لەوە زیاتریشی دەوێت. ناوبراو باسی لەوەشکرد: ئەگەر بەم شێوەیە بێت و کێشەکە چارەسەر نەکرێت ئەوا رێژەی بەشداریی دەنگدانی تایبەت لە رێژەی سەدا ٤٠ تێناپەڕێت.

هەواڵ
07-10-2021

حکومەتی هەرێم ڕۆژێک پشووی ڕاگەیاند

به‌بۆنه‌ی به‌ڕێوه‌چونی پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی بۆ ھه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كه‌ بڕیاروایه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رۆژی 10ی (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2021 به‌ڕێوه‌بچێت، له‌ ته‌واوی داموده‌زگاكانی حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان پشوی فه‌رمی ده‌بێت.‌

هەواڵ
07-10-2021

پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان لە هەڵبژاردنەكانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا گەلی كوردستان پاداشی هەڵوێست و خۆڕاگری و قوربانیدانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی دایەوە و، بە پشتیوانیی گەلی كوردستان، پارتی بووە حزبی ژمارە یەك لە كوردستان و عێراق. هیوادارم لەو هەڵبژاردنەشدا گەلی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دووپات بكاتەوە. هەر لێرەشدا داوا لە هاووڵاتیانی ئازیزی كەركووك و شنگال و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و، بە تایبەت داوا لە جەماوەر و لایەنگرانی پارتی لەو ناوچانە دەكەم كە بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری هەڵبژاردن بن و بە دەنگی خۆیان وەڵامی واقعی نایاسایی و سەپێندراوی ئەو ناوچانە بدەنەوە. داواش لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان و جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم لە ڕۆژی دەنگداندا ئەركی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆیان جێبەجێ بكەن و دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن. بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی ئەندام و لایەنگران و سەرجەم ئۆرگانەكانی پارتی بكەم كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بانگەشەیەكی ئارام و مەدەنی و نموونەییان پەیڕەو كردووە. هیوادارم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە كەشێكی هێمن و بێ كێشە بەڕێوە بچێت و ئەنجامەكانیشی لە خزمەت چەسپاندنی بنەماكانی شەراكەت و داواكاریی هاووڵاتیان بێت و، ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلانی عێراق جێبەجێ بكرێت. مسعود بارزانی 8ی تشرینی یەكەمی 2021

هەواڵ
07-10-2021

مەسرور بارزانی: سوورین دەسەڵاتی حکومەت بەسەر هەموو ناوچەکاندا بسەپێنین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی سنووری ئیدارەی گەرمیانی کرد و لە رێوڕەسمێکدا سایلۆی کەلاری کردەوە و رایگەیاند، پرۆژه‌کە به‌شێكه‌ له‌ ستراتیژی حكومه‌ت بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئابووری له‌ كوردستاندا، گوتیشی، "له‌سه‌ر ئه‌وه‌ سوورین ده‌سه‌ڵاتی یاسایی حكومه‌ت به‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كاندا بسه‌پێنین. ئه‌مه‌ سه‌روه‌ریكردنی یاسایه‌ و خۆسه‌پاندن نییه‌". سایلۆی کەلار بە گوژمەی 21 ملیار دینار دروستکراوە و توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە، دەتوانرێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ گەنمی تێدا هەڵبگیرێت، توانای پشکنین و دیاریکردنی جۆر و کوالێتیی گەنمی هەیە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ئاسایشی خۆراكی هه‌رێمی کوردستان دابین ده‌كات و ده‌بێته‌ ژێرخان بۆ پێشكه‌وتنی كه‌رته‌كانی دیكه‌ی ئابووری له‌ كوردستاندا، ئاماژەی بەوەش کرد، "چه‌ندین پرۆژه‌ی دیكه‌مان هه‌یه‌، ئه‌وانیش رێگه‌ی كه‌لار – كفری و كه‌لار – ده‌ربه‌ندیخانه‌ و هیوادارم به‌ زوویی ته‌واو بكرێن". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئه‌گه‌ر كشتوكاڵ پێشبكه‌وێت، پیشه‌سازی و بازرگانییش ده‌بووژێته‌وه‌، "ستراتیژی حكومه‌ت بنیاتنانی پرۆژه‌ی گه‌وره‌ و فره‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌ی داهاته‌". دەقی گوتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانبەناوی خوای گەورە و میهرەبان خوشک و برایانی بەڕێز، ئامادەبووانی هێژا، زۆر زۆر بەخێربێن، سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم. زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام. لە دەڤەری گەرمیانی سەربەرز هاتووین بۆ کردنەوەی پرۆژەیەکی دیکەی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گەرمیانەی کە پشکی زێڕی بەرکەوتووە لە قوربانیدان و بەرگریکردن لە خەڵکی کوردستان، ئەو گەرمیانەی کە خاوەن هەزاران شەهیدە و رووبەڕووی کارەساتی کۆمەڵکوژی و جینۆساید و ئەنفال بووەتەوە. بۆیە ئەرکی هەموومانە کە خزمەتی کەسوکاری بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان بکەین، خزمەتی حکومەتە بەبێ جیاوازی لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا خزمەتگوزاری بکات. ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆئەوەی ئەم پرۆژە ستراتیژییە بکەینەوە کە بەشێکە لە ستراتیژییەتی حکومەت بۆ دروستکردنی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز لە کوردستاندا. ئێمە گرنگییەکی زۆرمانداوە بە دروستکردنی سایلۆ و کۆگا بۆئەوەی بەرهەمی جووتیارانی ئێمە وەربگرنەوە و جووتیارانمان چیدیکە لە خەمی ئەوەدا نەبن بزانن بەرهەمەکانیان چییان لێدێت. ئەمە ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان دابیندەکات و وادەکات ببێتە ژێرخانێک بۆئەوەی کەرتەکانی دیکەی ئابووری لە کوردستاندا پێشبکەون. هەروەک دەزانن کشتوکاڵ بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پێشخستنی ئابووریی هەر وڵاتێک. ئەگەر کشتوکاڵ پێشبکەوێت و بەرهەمەکان زیادببن، بێگومان پیشەسازی و بازرگانییش لە وڵاتدا دەبووژێتەوە، بۆیە ئێمە گرنگیمان بەم ستراتیژییە داوە، لە ستراتیژییەتی حکومەتیش ئەوە بووە کە ئێمە زیاتر بیر لە پرۆژە گەورەکان بکەینەوە تاوەکو لە داهاتوویەکی نزیکدا کوردستان بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و سەرچاوەکانی داهات لە کوردستان هەمەجۆر بکرێت. ئێمە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە گرنگییەکی زۆرمان داوە بەم دەڤەرە، بۆئەوەی بتوانین تاڕاددەیەکی کەمیش بێت لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا بتوانین قەرەبووی ئەو هەموو زەحمەت و قوربانیدانەی خەڵکی گەرمیانی خۆشەویست بدەینەوە، ئێمە دەزانین کە گەرمیان بە چی نەهامەت و زەحمەتێکدا تێپەڕیوە. گەرمیان هەمیشە پێشەنگ بووە لەوەی کە بەرگری لە خاکی کوردستان بکات. هەمیشەش لە ریزی پێشەوە بووە کە شاڵاوی هێرشکردنی سەر کوردستان هاتووەتە هەرێم، گەرمیان پێش هەموویان بەرکەوتووە، بەڵام خۆڕاگری و قارەمانێتیی خەڵکی ئەم دەڤەرە وایکردووە کە هەموومان پێتان سەربەرز بین و ئێستاش خۆمان بە قەرزدارتان بزانین. ئێمە لە حکومەت بۆئەوەی بتوانین خزمەتێکی باشتری ئەم دەڤەرە بکەین، لە سەرەتاوە بە بڕی 126 ملیار دینار پارەمان تەرخانکردووە بۆ چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر و ستراتیژی لەم دەڤەرە، یەکێک لەوانەش دروستکردنی ئەم سایلۆ و کۆگایەیە کە ئێستا دەیبینن و دوای ماوەیەکی دیکە ئیشەڵڵا بە فەرمی دەیکەینەوە بۆئەوەی بکەوێتە خزمەتی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

هەواڵ
07-10-2021

جۆن ئادەمز یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا بوو لە کۆشکی سپی دەستی بە ژیان کرد

کۆشکی سپی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 1792 لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆرج واشنتۆندا دەست بە بونیادنانی کرا، بەڵام ھەرگیز تێیدا نەژیا. وەک یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا جۆن ئادەمز و خێزانەکەی بوون لە ساڵی 1800 دەستیان بە ژیان کرد لەو کۆشکەدا.

هەواڵ
07-10-2021

وەزارەتی تەندروستی: 13 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

ڕاگەیاندراوی ( ٢٤ ) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە ( ٥٨٩ ) ١. پشکنین: ( ٨١٣٠ پشکنینی نوێ)• ( ٤٤٤٥) هەولێر• ( ٩٤٨) سلێمانی• ( ٢٢٢٦) دهۆك• ( ٢٦) هەڵەبجە• ( ١٧٦) گەرمیان• ( ٣٠٩) ڕاپەڕین•٢. تووشبوو: ( ١٢٠٥ تووشبووی نوێ)• ( ٤٣٨) هەولێر• ( ٣٧٥) سلێمانی• ( ٣٠٦) دهۆك• ( ٦) هەڵەبجە• ( ١٩) گەرمیان• ( ٦١) ڕاپەڕین٣. چاکبوون: ( ١٥٧٤ چاکبوون)• ( ٥٠٠) هەولێر• ( ٤٤٣) سلێمانی• ( ٥٢٠) دهۆك• ( ٣٩) هەڵەبجە• ( ٤٨) گەرمیان• ( ٢٤) ڕاپەڕین•٤. مردن: ( ١٣ مردن)• ( ٦) هەولێر• ( ٣) سلێمانی• ( ٣) دهۆك• ( ١) هەڵەبجە• ( ٠) گەرمیان• ( ٠) ڕاپەڕین • ئاماری گشتی:کەرەنتین هاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)پشکنین ٣١٨٥٢٨٦ (١١١٦٦٦٧ هەولێر، ٧٩٢٠٣٥ سلێمانی، ١٢٥٣٩٦٩ دهۆك، ٢٢٦١٥ هەڵەبجە)تووشبوون ٣٤٠٤٩٥ (٩٨٣٩٧ هەولێر، ١١٨٧٦٦ سلێمانی، ١١٦٨٣٥ دهۆك، ٦٤٩٧ هەڵەبجە)چاکبوون ٣٠٨٢٣٦ ( ٨٧٩٨٦ هەولێر، ١٠٦٢٤٥ سلێمانی، ١٠٨٢٣٧ دهۆك، ٥٧٦٨ هەڵەبجە)لەژێر چارەسەر ٢٦٢٩١ (٨٧٠٩ هەولێر، ٩٩٥٦ سلێمانی، ٧٠٩٨ دهۆك، ٥٢٨ هەڵەبجە)مردن ٥٩٦٨ (١٧٠٢ هەولێر، ٢٥٦٥ سلێمانی، ١٥٠٠ دهۆك، ٢٠١ هەڵەبجە) بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جەخت دەکەینەوە هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و وەرگرتنی ڤاکسین، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە ( ١٢٢ ). وەزارەتی تەندروستیحکومەتی هەرێمی کوردستان٧ی تشرینى یه‌كه‌م ٢٠٢١

هەواڵ
07-10-2021

ئەو پەرلەمانتارانەی زۆرترین قسەیان لە میدیا و کەمترینیان لە پەرلەمان ک...

لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەک کەس بوونە نوێنەری خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە لە میدیاکانەوە شەو و ڕۆژیان خستبووە سەر یەک بۆ قسەکردن، کەچی دوای ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشایەوە و خشتەی چالاکیەکان بڵاوکرایەوە، دەرکەوتوە هەندێکیان تەنانەت یەکجاریش قسەیان نەکردووە و بەرگریان لە قوت و مافی خەڵک نەکردووە. بەپێی راپۆرتی مەرسەدی عێراقی بۆ چاودێریکردنی کارەکانی پەرلەمان، لە سێ ساڵی رابردوودا چەند پەرلەمانتارێک هیچ قسەیەکیان نەکردوە و تەنانەت بەشداریشیان لە هیچ یاسایەکدا نەکردووە. سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری نەوەی نوێی پێشوو کە دواتر چووە ژێر باڵی لاهور جەنگی، لە 149 دانیشتنی پەرلەماندا هیچ قسەیەکی نەکردووە و بەشداری لە دانانی هیچ یاسایەکیشدا نەکردووە.غالیب محەمەدی، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان کە ئەویش دواتر هەڵگەڕایەوە و چووە ژێر باڵی لاهور، تەنیا 10 جار قسەی کردوە و بەشداری لە دانانی هیچ یاسایەکدا نەکردووە.ئەحمەدی حاجی ڕەشید، کە هەمیشە دژی ئەزمونی هەرێمی کوردستان قسە دەکات و لە میدیاکاندا بەرناکەوێت، تەنیا سێ جار قسەی کردووە و بەشداری لە 12 یاسادا کردووە.یوسف محەمەد سادق، کە بەردەوام دژایەتی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەکا، تەنیا 4 جار قسەی کردووە و بەشداری لە دانانی 2 یاسادا کردووە.بڵێسە جەبار فەرمان، هیچ قسەیەکی نەکردووە و بەشداری لە هیچ یاسایەکیشدا نەکردووە.بەختیار شاوەیس، تەنیا سێ جار قسەی کردووە و بەشداری لە هیچ یاسایەکدا نەکردووە.

هەواڵ
07-10-2021

پارتی گەڕایەوە بۆ سەرگەڕان

لەدوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکەمجار بە فەرمی گەڕایەوە بۆ ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای کەرکووک. پێشتر پارتی بڕیاریدابوو تاکو ئاڵای کوردستان هەڵنەکات، نەگەڕێتەوە سنووری ناوچە دابڕێنراوەکان. چەند رۆژێک لەمەوبەر گەڕایەوە بۆ مەخموور و دواتریش هەوڵیدا بچێتە شنگال، بەڵام گەریلاکانی پەکەکە ڕێگەیان پێنەدان. شاخەوان عەبدوڵا، کاندیدی پارتی لە کەرکووک ڕایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک و خانەقینیش.

گشتی
07-10-2021

نرخی دراوەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار و ١٥٠ دینار ١٠٠ یۆرۆ بە ١٧١ هەزار و ٢٥٠ دینار ١٠٠ پاوەن بە ٢٠٠ هەزار دینار ١٠٠ لیرەی تورکی بە ١٦ هەزار و ٧٥٠ دینار ١٠٠ هەزار تمەنی ئێرانی بە ٥ هەزار و ٤٤٥ دینار ١ ملیۆن لیرەی سوری بە ٤٤٥ هەزار دینار

هەواڵ
07-10-2021

خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوەشایەوە

روانگەی پەرلەمانیی عێراقی راپۆرتێکی لەبارەی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە ئەمڕۆ هەڵوەشایەوە، بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە لە سێ ساڵی کارکردنیدا پەرلەمان 149 جار کۆبووەتەوە و  92 یاسای پەسندکردووە. لەو سێ ساڵەدا 57 پەرلەمانتار هیچ بەشدارییەکیان نە بە گفتوگۆ نە بە قسەکردن و خاڵی نیزامی لە هیچ دانیشتنێکدا نەکردووە، کە 13 لەوانە نوێنەرانی هەرێمی کوردستانن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 07-10-2021 خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەر لەوەی ماوەی یاسایی خۆی تەواو بکات، هەڵوەشایەوە و کۆتایی بە ئەندامێتیی ئەندامانیشی هات. هەڵوەشانەوەی ئەم خولە بۆ خۆ ئامادەکردنە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە رۆژی 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بکرێت. رۆژی 31ی ئاداری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ژمارەی 46یدا بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی لە 7ی ئۆکتۆبەری 2021 دەرکرد. یەکێک لە داواکاریی خۆپیشاندەرانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019ی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو، بۆیە ئەم خولە ساڵێک بەر لە وادەی خۆی هەڵوەشایەوە روانگەی پەرلەمانیی عێراقی بەر لە هەڵوەشانەوەی ئەو خولەی پەرلەمان لە بارەی کار و چالاکییەکانی خولەکە بڵاوکردەوە. بە گوێرەی راپۆرتەکە پەرلەمانی عێراق لەو خولەدا 149 کۆبوونەوەی کردووە. خوێندنەوەی یەکەمی بۆ 174 یاسا و خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ 129 یاسا کردووە. پەرلەمان لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا 92 یاسای پەسند کردووە: ساڵی یەکەم 20 یاسا، ساڵی دووەم 21، ساڵی سێیەمیش 51 یاسا. پەرلەمانی عێراق لە خولی چوارەمیدا  428 کاژێر و 46 خولەک کاری کردووە، واتە هەر کۆبوونەوەیەک 2،8 کاژێری خایاندووە، واتە 61 رۆژ کارکراوە، ئەگەر رۆژانە  بەتێکڕا  7 کاژێری کردبێت. بەشداریی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکان بەپێی راپۆرتەکەی روانگەی پەرلەمانیی عێراقی تێکڕای ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکانی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی ساڵەکان بەم جۆرە بووە: ساڵی یەکەم: 218 ئەندام، ساڵی دووەم: 209 ئەندام  و ساڵی سێیەم: 184 ئەندام. واتە تێکڕای گشتیی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکاندا لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا 203 ئەندام بووە. کەمترین ئامادەبوون لە دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 166 ئەندام بووە، ئەویش لە دانیشتنی ژمارە 31 بووە. زۆرترین ئامادەبوونیش کە 302 ئەندام بووە لە دانیشتنی ژمارە چوار بووە. لەمانگەکانیشدا ئایاری ساڵی دووەم زۆرترین ئامادەبوونی تێدابووە کە تێكڕای ئامادەبوون 266 ئەندام بوون، هەروەها ئایاری ساڵی سێیەم کەمترین مانگ بووە ئامادەبوونی تێدا بووبێت کە 171 ئەندام بوون. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی، دەبووایە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی چوارەمیدا 192 جار کۆببێتەوە، بەڵام 149 کۆبوونەوەی کردووە. کۆبوونەوەکانیش بەپێی ساڵەکان بەمشێوەیە بوون، ساڵی یەکەم: 64 کۆبوونەوە، ساڵی دووەم: 35 کۆبوونەوە و ساڵی سێیەم: 50 کۆبوونەوە. لەماوەی 3/9/2018  تاوەکو رۆژی 29/5/2021 رێژەی بەشداریی گشتی بەشداربووان لەکۆبوونەوەکان 82٪ بووە، 31 پەرلەمانتار تەنیا یەک جار بەشدارییان لە دانیشتنەکان هەبووە، 57 پەرلەمانتاریش هیچ بەشداریکردن بەقسەکردن و خاڵی نیزامییان نەکردووە لەهیچ دانیشتنێک کە 13یان نوێنەرانی هەرێمی کوردستانن.  83٪ی ئەوانەی بەشدارییان لە کۆبوونەوەکاندا بەگفتوگۆ و خاڵی نیزامی کردووە لە رەگەزی نێربوون، ئەم رێژەیە لە ئافرەتاندا 60٪بووە. بەشداریی ئەندامان بەپێی پارێزگاکان بەپێی راپۆرتەکەی روانگەی پەرلەمانیی عێراقی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و میسان بەرزترین ئاستی بەشدارییان لەکۆبوونەوەکاندا هەبووە کە 100٪ بووە، پاشان پارێزگاکانی بەسرا و کەرکووک بەڕێژەی 92٪ دێت، ئەندامانی پارێزگای دهۆکیش کەمترین رێژەی بەشدارییان هەبووە کە 58٪ بووە. ئەمەی خوارەوە رێژەی بەشداریی ئەندامانی پارێزگاکانی عێراق بووە بەپێی پارێزگاکان: - بەغدا: 83٪ - نەینەوا: 82٪ - بەسرا: 92٪ - زیقار: 84٪ - بابل: 82٪ - سەڵاحەدین: 100٪ - کەرکووک:92٪ - دیالە: 85٪ - ئەنبار: 80٪ - هەولێر: 75٪ - سلێمانی: 66٪ - میسان: 100٪ - کەربەلا: 90٪ - نەجەف: 83٪ - واست: 75٪ - قادسیە: 63٪ - دهۆک: 58٪ - موسەنا: 71٪ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە  12/5/2018 بەڕێوەچوو، 7 هەزار و 14 بەربژێری 204 حیزب و لایەنی سیاسی بەشدارییان تێداکرد. 143ی حیزب و لایەن لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی بوون دوای حەوت رۆژ و لە رۆژی 19/5/2018، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامەنەکانی هەڵبژاردنی راگەیاند و هاوپەیمانیی سائیرون 54 کورسی. هاوپەیمانیی فەتح 48 کورسی، هاوپەیمانیی نەسر، 42 کورسی. پارتی دیموکراتی کوردستان 25 کورسی، یەکێتی 21 کورسی و رەوتی حیکمە 19 کورسی بەدەستهێنا. کاردانەوەکانی دوای راگەیاندنی هەڵبژاردن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند ئەنجامەکانی هەزار و 21 وێستگەی دەنگدانی پووچەڵکردەوە دوای سەلماندنی پێشێلکاری تێیاندا. هەروەها دەنگەکانی 411 وێستگە لە کۆی 490 وێستگەی دەنگدانی کەمپەکانی ئاوارەکانی پووچەڵکردنەوە. دەنگەکانی 493 وێستگەی دەنگدانی مەرجدار لەکۆی 500 وێستگە لە کەرکووک پووچەڵکرانەوە. نەخشەی دابەشکردنی دەنگەکان و وردەکارییەکانی: لەکۆی 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 219یان ئەندامی نوێ بوون، واتە ڕێژەی 65٪یان.  70 ئەندام بۆ دووەم خول هەڵبژێردران، واتە  بە رێژەی 21٪. 28 ئەندام بۆ سێیەم خول هەڵبژێردرانەوە، واتە رێژەی 10٪ و  12 ئەندام بۆ چوارەم خول هەڵبژێردرانەوە، واتە رێژەی 4٪. تەمەنی پەرلەمانتارانی خولی چوارەم - 47 پەرلەمانتار تەمەنیان لە خوار 40 ساڵەوە بوو. - 34 پەرلەمانتار تەمەنیان لە 60 ساڵ بەسەرەوە بوو. - 152یان تەمەنیان لەنێوان 40 بۆ 49 بوو - 96یان لەنێوان 50 بۆ 59 ساڵ بوون. گۆڕینی پەرلەمانتاران بەپێی راپۆرتەکەی روانگەی پەرلەمانیی عێراقی 21 پەرلەمانتار دوای هەڵبژاردنیان بەهۆکاری جیاواز گۆڕاون، لەوانە، بەبڕیاری دادگەی فیدڕاڵی، دەستلەکارکێشانەوە، مردن، وەرگرتنی پۆستی دیکە، چوار ئەندامی دیکەش سوێندنی یاساییان نەخوارد لەنێویاندا حەیدەر عەبادی و مالیکی هەن. هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و  جێگرەکانی رۆژی 19/8/2018، دادگەی باڵای فیدڕاڵیی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2018ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسندکرد. لەسەر داوای فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، ئەنجوومەنی نوێنەران لە 3/9/2018 کۆبووەوە و لەنێو 8 بەربژیر بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەممەد حەلبووسی بەدەنگی 169 ئەندام لە کۆی 298 ئەندام بووە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران. هەروەها حەسەن کەعبی بە بەدەستهێنانی 210 دەنگ لەکۆی 281 پەرلەمانتار بووە جێگری یەکەم و لە 16/9/2018 بەشیر حەداد 185 دەنگی لەکۆی 282 بەدەستهێنا و بووە جێگری دووەم. هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار رۆژی 16/9/2018 دانیشتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەچوو و رۆژی 27/9/2018 کۆبوونەوەکە بەردەوام بوو، ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ ئەو پۆستە خۆیان بەربژێرکردبوو 30 کەس بوون کە رەزامەندی لەسەر  23 کەسیان درا، دوای کشانەوەی 2 کەسیان رکابەرایەتییەکە لەنێوان 19 بەربژێریان مایەوە. رۆژی 2/10/2018 لەدەنگدانێکی نهێنی بە 165 دەنگ لەکۆی 302 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، بەرهەم ساڵح بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرا، بەڵام دەنگی پێویستی نەبوو کە دەبوو دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بۆیە هەڵبژاردنەکە بۆ خولێکی دیکە دووبارەکرایەوە و لەکۆی 272 پەرلەمانتار بەرهەم ساڵح 219 دەنگی بەدەستهێنا. دەنگدان لەسەر کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە رۆژی 24/10/2018 بەرنامەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی پەسەندکرد و رەزامەندی لەسەر 14 وەزیری کابینەکەی دا، رۆژی 18/12/2021 سێ وەزیری دیکەی پەسەندکرد، رۆژی 24/12/2018 دوو وەزیری دیکەی پەسەندکرد، دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لە بەغدا و  پارێزگاکانی خوارووی عێراق لەدژی گەندەڵی و نەبوونی چاکسازیی راستەقینە و کوژرانی سەدان کەس، رۆژی 29/11/2019 عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکارکێشایەوە، دواتر هەریەک لە عەدنان زورفی و محەممەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە راسپێدران، بەڵام نەیانتوانی پشتگیری بۆ پێکهێنانی حکومەت بە دەستبێنن. پاشان سەرۆککۆمار ئەو ئەرکەی بە مستەفا کازمی سپارد، کە بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی عێراق بوو. رۆژی 7/5/2020 ئەنجوومەنی نوێنەران کابینەی مستەفا کازمی پەسندکرد، رۆژی 6/6/2020 وەزیرەکانی وەزارەتەکانی دیکەش لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسندکران. رووداو

هەواڵ
06-10-2021

راگەیێنڕاوێك لە وەزارەتی ناوخۆی ‌حكومەتی هەرێمی كوردستان

ماوەی ساڵێك تێپەر دەبێت بە سەر ئیمزا كردن و راگەیاندنی رێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی باردودۆخی شنگال، كە پاش چەندین كۆبوونەوە وسازان ولێك تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان وحكوومەتی فیدراڵی وبە چاودیری وسەرپەرشتیی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ئەنجام دراوە.حكوومەتی هەرێمی كوردستان ولە پێناو بەرژەوەندی گشتی، هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ گەیشتن بەو رێككەوتننامە لە پێناو ئاسایی کردنی بارودۆخی شنگال و رەخساندنی كەشی گونجاو بۆ گەڕانەوەی خوشک وبرا ئێزیدییەکانمان بۆ سەر زیدی باب وباپیرانیان تا بتوانن دووبارە دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بكەنەوە. هەر چەندە هەم لە كاتی گفتوگۆكاندا وهەمیش لە كاتی ئیمزا كردن وراگەیاندنی رێككەوتنەكە، بە ئاشكرا رامانگەیاندووە كە ناوچەی شنگال لە پاش رووداوەكانی ١٦ی ئۆكۆتەبەرەوە كەوتۆتە دەست چەکدارانی پەکەکە وكۆمەڵێك گرووپی چەكداری بەدەر لە یاسا کە رێگر بوونە لە گەڕانەوەی ئاوارەكان وئیدارەی شەرعی بۆ ناوچەكە، كە چی پاش ساڵێك لە ئیمزا كردنی ئەو رێككەوتننامەیە دەبینین كە ناوچەكە زیاتر كەوتۆتە ژێر دەستی ئەو گرووپە چەكداریانە وهێزەکانی ئەمنیی فیدڕاڵی بێ توانا لە بەرامبەریان دەردەكەون، هەر وەك لە رۆژانی رابردوو دا گرووپەكانی سەر بە پەكەكە ولە پێش چاوی هێزە عیراقییەكانەوە رێگریان كردووە لە چوونی كاندیدانی پەرلەمانی عیراق بۆ ناوچەكە ومافی بانگەشەی هەڵبژرادنیان لێ زەوت كردووە كە پیچەوانەی هەموو یاسا ناوخۆیی ونێودەوڵییەكانە ودژی ئازادیی سیاسی وسەروەریی یاسایە.بە داخەوە رادەگەیێنین كە پاش سالێك لە واژووكردنی رێككەوتنامەی شنگال، هیچ هەنگاوێكی كرداری لە سەر زەوی بەدی نەكراوە ورۆژ بە رۆژ گرووپەكانی سەر بە پەكەكە وبە چاوپۆشی دەزگا ئەمنییەكانی عیراق پێگە ودەسەڵاتی خۆیان لەو ناوچەیە موكم تر دەكەن.بە رای گشتیی ناوخۆیی وجیهانی رادەگەیێنین کە ماوەی بەردەم جێ بە جێ كردنی رێككەوتننامەی شنگال هەروا بە كراوەیی نیە وئەم هەموو كات بە فێروو دانە خزمەتی هیچ لایەنێك ناكات وزەرەرمەندی سەرەكیی جێ بە نەجێ كردنی رێككەوتننامەكە تەنیا هاوڵاتییانی ناوچەكە وسەروەریی نیشتمانیی عیراقە.بەم بۆنەوەیەوە، داوا لە حكوومەتی فیدڕالی دەكەین بە ئەركی خۆیان هەڵبستن ورێككەوتننامەی شنگال جێ بە جێ بكەن، هەروەها داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین كە بەردەوام بن لە بەدواداچوونی جێ بە جێ كردنی رێككەوتننامەكە، چونكە ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وهەموو لایەكمانە مافی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال زامن بكرێت وكوتایی بە باری نا ئاسایی وسەپینراو بە سەر ناوچەكە بهێنرێت. وەزارەتی ناوخۆیحکوومەتی هەرێمی کوردستانهەولێر6/10/2021

هەواڵ
06-10-2021

راگه‌یەنراوێك له‌وه‌زیری پێشمه‌رگه‌وه‌

پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، وا نزیكده‌بینه‌وه‌ ‌له‌ ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان، لێره‌وه‌ داواتان لێده‌كه‌ین هه‌مووان به‌شداربن له‌م پڕۆسه‌یه‌ بۆ پاراستن و زامنكردنی مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی خۆتان وخه‌ڵكی كوردستان. دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌، پابه‌ندی یاسا و دیسپلینه‌ سه‌ربازییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و رێنماییه‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بن. به‌ناوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌‌، سوپاس و ستایشی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌ین، كه‌ نه‌بوون به‌ به‌شێك له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و پابه‌ندی یاسا و رێسا سه‌ربازییه‌كان بوون، دوای به‌شداریشتان له‌ ده‌نگدان، كه‌ ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی چارەنووسازە. راسته‌وخۆ ده‌بنه‌وه‌ پارێزه‌ری سه‌لامه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌كه‌و، بەشێکیش دەبن لە پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری هه‌رێم و ده‌نگده‌ران و خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی. فیدارکارانی کوردستان… ده‌نگدان، مافێكی ده‌ستووری ویاسایی هه‌موو تاكێكی كورده‌، وه‌ك چۆن له‌رابردوو هێزی ئاشتی بوون و به‌گیان و خوێنی خۆتان ئه‌زموونه‌كه‌تان پاراست و هه‌میشه‌ شانازی پاراستنی خاك و خه‌ڵكی كوردستان بوون و نازناوی جوامێری و دلێریتان له‌ كوردستان و جیهاندا پێدراوە، ئه‌وهاش به‌ئارامی رۆڵی كاریگه‌ری خۆتان له‌ سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی دیموكراسی بۆ هه‌رێم و عێراق و ناوچه‌كه‌ له‌م ده‌نگدانه‌ ببینن. شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم 6ی 10ی 2021

1 2 ... 732 733 734 ... 1148 1149