ھاوار محەمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ڕایگەیاند “بهڵگهی ڤیدیۆییمان لایه لە سنوری سلێمانی و ھەڵەبجە پێشێلكاری كراوە و دەستێوەردان لە كاروباری كۆمسیۆندا كراوە. ". ڕاشیگەیاند "تهنانهت رێگه نهدراوه نوێنهرانی پارتی سكاڵا تۆمار بكهن و فۆرمی سكاڵایان پێنهدراوه، داوامان كردووه. وتیشی: “پێویستە ئهو كهموكوڕییانه بۆ ههڵبژاردنی گشتی نهمێنێت".
ئەبولحەسەن بەنی سەدر، یەکەمین سەرۆککۆماری ئێران لە تەمەنی 88 ساڵیدا لە نەخۆشخانەی سالپتریە لە پاریس کۆچی دواییکرد. ئەمڕۆ شەممە 09-10-2021 میدیای ئێران هەواڵی کۆچی دوایی ئەبولحەسەن بەنی سەدری بڵاوکردەوە. دوای رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران، ئەبولحەسەن بووە یەکەمین سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، بەڵام لە ساڵی 1981 بە کۆی دەنگی پەرلەمانی ئێران لە دەسەڵاتەکەی دوورخرایەوە. ئەبولحەسەن لە ساڵی 1933 لە هەمەدان لەدایکبووە، کوڕی ئایەتوڵڵا نەسروڵڵا بەنی سەدرە کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی ئایینزای شیعە و دۆستی نزیکی ئایەتووڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو.
فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی، لێپرسراوی هۆبەی حزب و لایەنە سیاسییەكان لە ئۆفیسی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" له سنوورى پارێزگاى ههولێر ١٨ كاندید سزادراون و کاندیدێکیش بههۆى سهرپێچى له یاسا و رێنماییهكانى كۆمسیۆن دورخرایهوه ئهوهش به بڕیارى ئۆفیسى نیشتیمانى له بهغداد". وتیشی: ئەگەر كاندیدەكان لە دەنگدانی گشتیدا بانگەشە ڕانەگرن، ئەوا ئەگەری چەند هێندە زیادكردنی غەرامەكەیان هەیە، بۆیە داوایان لێدەكەین بانگەشە ڕابگرن. لهبارهى ئهنجامهكانى ههڵبژاردن ئاشکرایکرد: ئەنجامە بەراییەكانی دەنگدانی گشتی ئێوارەی رۆژی ١١ی مانگ و ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەش رۆژی ١٢ی ئەم مانگە ئاشكرادەكرێت.
کوردسات سوپاسنامەیەکی حەشدی شەعبیی بڵاوکردووەتەوە کە بۆ غالب محەممەد نوسراوە.کوردسات نووسیویەتی: حەشدی شەعبی سوپاسی پشتیوانییەکانی غالب محەمەد دەکات لەنوسراوێکی رەسمیدا لەپای دڵسۆزی و پشتیوانی بۆ حەشدی شەعبی رێزلێنانێک ئاڕاستەی غالب محەمەد دەکرێت کە ئێستا وەک کاندیدی سەربەخۆ خۆی ناساندووە ، ئەوەی جێی سەرنجە ناوبراو ھەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی حەشد بوەتە جێگای پێزانینی ئەم ھێزانە و سوپاس نامەیەکیان ئاڕاستەکردووە ئەمە لە کاتێکدایە ئەو پەرلەمانتارە لە چوار ساڵی رابردووی تەنھا یەک وشەشی لەسەر پێشمەرگە نەوتووە و کورد وتەنی ئەمە بانێکە و دوو ھەوا. وەک چاودێرانیش ئاماژەیان بۆکرد ئەم پەرلەمانتارانە ھێندەی لە تەلەفزیۆنەکانەوە موزایەدەیان دەکرد بۆ جارێکیش لەسەر مافەکانی کورد لە پەرلەمان قسەیەکیان نەکردو تەنھا خۆڵیان کردوەتە چاوی خەڵک. دەقی نوسراو رێزلێنانکەی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ ئەم کاندیدە بەناو سەربەخۆ یە .. ( بەلەبەرچاوگرتنی ھەوڵە دڵسۆزانەکەتان، ھەڵوێستە شەرەفمەندانەکانتان کە لەڕێی پشتیوانی حەشدی شەعبی پیرۆزەوە داوتانن، کە کاریگەری بەرچاویان لەو سەرکەوتنانەدا ھەبووە کە بەدەست ھاتوون، ھێندەمان پێدەکرێت سوپاس و رێزی بێپایانتان پێشکەش بکەین و ھیوادارین لە ھەمووان رێچکەی ئێوەبگربە بەر بۆ خزمەتکردنی عێراقی یەکگرتووی ئازیزامان )
ڕاگەیاندراوی ( ٢٤ ) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە ( ٥٩٠ ) ١. پشکنین: ( ٨٤٧٣ پشکنینی نوێ)• ( ٣٥٠٨) هەولێر• ( ٢١٢٠) سلێمانی• ( ٢٥٩٩) دهۆك• ( ٦٤) هەڵەبجە• ( ١٨٢) گەرمیان• ( ٠) ڕاپەڕین•٢. تووشبوو: ( ١١١٥ تووشبووی نوێ)• ( ٢٩٦) هەولێر• ( ٤١٣) سلێمانی• ( ٣٤٥) دهۆك• ( ٣٤) هەڵەبجە• ( ٢٧) گەرمیان• ( ٠) ڕاپەڕین٣. چاکبوون: ( ١٦٥٠ چاکبوون)• ( ٥٧٠) هەولێر• ( ٤٤٦) سلێمانی• ( ٥٤١) دهۆك• ( ٣٥) هەڵەبجە• ( ٤٠) گەرمیان• ( ١٨) ڕاپەڕین•٤. مردن: ( ١٨ مردن)• ( ٦) هەولێر• ( ٧) سلێمانی• ( ٢) دهۆك• ( ١) هەڵەبجە• ( ٢) گەرمیان• ( ٠) ڕاپەڕین • ئاماری گشتی:کەرەنتین هاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)پشکنین ٣١٩٣٧٥٩ (١١٢٠١٧٥ هەولێر، ٧٩٤٣٣٧ سلێمانی، ١٢٥٦٥٦٨ دهۆك، ٢٢٦٧٩ هەڵەبجە)تووشبوون ٣٤١٦١٠ (٩٨٦٩٣ هەولێر، ١١٩٢٠٦ سلێمانی، ١١٧١٨٠ دهۆك، ٦٥٣١ هەڵەبجە)چاکبوون ٣٠٩٨٨٦ ( ٨٨٥٥٦ هەولێر، ١٠٦٧٤٩ سلێمانی، ١٠٨٧٧٨ دهۆك، ٥٨٠٣ هەڵەبجە)لەژێر چارەسەر ٢٥٧٣٨ (٨٤٢٩ هەولێر، ٩٨٨٣ سلێمانی، ٦٩٠٠ دهۆك، ٥٢٦ هەڵەبجە)مردن ٥٩٨٦ (١٧٠٨ هەولێر، ٢٥٧٤ سلێمانی، ١٥٠٢ دهۆك، ٢٠٢ هەڵەبجە) بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جەخت دەکەینەوە هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و وەرگرتنی ڤاکسین، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە ( ١٢٢ ). وەزارەتی تەندروستیحکومەتی هەرێمی کوردستان٨ی تشرینى یهكهم ٢٠٢١
راپۆرتی سەنتەری میترۆ بۆ چاودێری پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن و دەنگدانی تایبەت. 8ی تشرینی یەكەمی 2021: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت لە 3 مانگی بانگەشەی هەڵبژادندا و دەنگندانی تایبەتدا (41) پێشێلكاری بەرامبەر بە (36) رۆژنامەنوس ئەنجامدراوە، كەمترین پێشێلكاریش پەیوەندی بە بانگەشەوە هەبووەو زۆرترینیان پەیوەندیداربوون بەرووداوەكانی دەرەوەی بانگەشە.بەم شێوەیە: • روداوەكانی دەرەوەی بانگەشەو دەنگدانی تایبەت لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەدا: (30) پێشێلكاری، بیریتیبوو لە:(1) حاڵەتی تەقەلێكردن(8 ) حاڵەتی هێرش و سوكایەتی(3) حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی رۆژنامەوانی(4)حاڵەتی دەستبەسەركردن بە بێ بڕیاری دادگا(12) حاڵەتی رێگریكردن لە روماڵ(2) حاڵەتی پركردنەوەی بەڵێنامە بە رۆژنامەنوس • لە كاتی بانگەشەدا: (2) پێشێلكاری تۆمار كراوە، بریتیبوو لە:(2) حاڵەتی هەڕەشە لێكردن • لەكاتی دەنگدانی تایبەتدا: (9) پێشێلكاری، بریتیبوو لە:(2) حاڵەتی هەڕەشە لێكردن(7) حاڵەتی رێگریكردن لە روماڵ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ناوەندو رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە ئازادی رۆژنامەگەری جەخت لەوە دەكەنەوە كە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن یەكێكی ترە لە ئەركە گرنگەكانی میدیا لە سیستمی دێمۆكراسیدا، میدیای ئازادو فرە رەنگ فاكتەری گرنگی چەسپاندنی شەفافییەت و لێپرسینەوە و كۆڵەكەی(حوكمداری باش)ە، كە تیایدا مافەكانی مرۆڤ بە پرۆسەی گەشەسەندن گرێدەدات. لەم سۆنگەیەوە هۆكارەكانی راگەیاندن بینراو، بیستروا، نوسراو، ئەلیكترۆنی، میدیای نوێ بە گشتی، رۆڵی گرنگیان لە پرۆسەی دێمۆكراسیدا هەیە، بە بێ میدیا و ئازادی كاركردنیان ناتوانین باس لە بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكەین. بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، تەنها لە دەنگدان و بژاردنی دەنگەكاندا كورت ناكرێتەوە، بەڵكو مەرجی گرنگی سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە بەرێوەچوونی گفتوگۆی كراوەو بوونی زانیاری دەربارەی لیست و كاندیدە ركابەرەكان و و بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە دەربارەی پرۆسەكە، تا دەنگدەر بە زانیاری تەواو دەربارەی پرۆژەی كاندیدو لیستە ركابەرەكان بچێتە سەر سندوقی دەنگدان، ئازادانە ئەم مافەی خۆی پراكتیك بكات. رێزگرتن لە میدیاكاران و زەمینە خۆشكردن بۆ كارەكانیان هانی بەشداری گشتی دەكات لە پرۆسەی بەشداری لە بریاردان، ئەمەش كاتێك كاریگەری بەهێز دەبێت كە دەزگاكانی میدیا بە شێوەیەكی پیشەییانە ئەم ئەركە جێبەجێبكەن و دەزگاكانیان ببنە سەكۆیەك بۆ گوزارشتكردن لە فرەیی سیاسی. میدیاكان لەم هەلبَژاردنەدا روماڵی درێژترین پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردنیان كرد ئەنجومەنی باڵای كۆمسیارانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە 30ی ئەیلولدا ریاگەیاند بە بەشداربوونی فراوان و چڕی میدیای ناوخۆیی و عەرەبی و جیهانی دەكاتە شەریكی ئامانجەكەمان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنەكان. چاودێریكردنی میدیا بۆ ئەم پرۆسەیە، رۆڵبینینی میدیاكان فاكتەرێكی گرنگی پێدانی زانیاری و گفتگۆی كراوەی نێوان كاندەیدەكان بوو، تا دەنگدەر بە زایانیاری تەواوە بچێتە سەر سندوقی دەنگدان و ئازادانە دەنگی خۆی بدات. سەنتەری میترۆ لەگەڵ سەرنجی لەسەر روماڵی هەندێ میدیا، بەڵام بە شێوەیكی گشتی هەوڵی زۆر هەبوو بۆ پەیرەو كردنی پرەنسیپی بابەتیانە و بێلایەنی، هەروەها پابەندبوون بە بریارو رێنامییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و پێودانگە نێودەوڵەتییەكانی روماڵی میدیا بۆ هەڵبژاردن. بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق لە 8ی تەموزەوە دەستی پێكردوە بۆ 9ی تشرینی یەكەمی 2021 ، بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوو، ئەمە بە گەورەترین ماوەی بانگەشە ئەژمار دەكرێت لە مێژووی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا. لەو ماوەیەدا زۆرینەی میدیاكانی هەرێمی كوردستان، بینرواو، بیستراو، ئەلیكترۆنی، بەرنامەكانیان تەرخانكردبوو بۆ ناساندانی كاندیدی حزب و هاوپەیمانییە سیاسیەكان و كاندیدە سەربەخۆكان، لەگەڵ ئەوەشدا بەدەر نەبوو لە پێشێلكاری بەرامبەریان، چ ئەو جۆرە پێشێلكاریانەی كە پەیوەندیان بە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو، یان ئەوانەی لە پەراوێزی بانگەشەكاندا بەرامبەریان ئەنجام دراوە. ئۆفیسەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ( هەولێر، سلێمانی، دهۆك) باجی تایبەتی بۆ راگەیانكارانی ناوخۆو دەرەوە، بۆ تیمەكانی راگەیاندن و پەیامنێران، دابەشكرد. فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەكاتی بەرێوەچوونی دەنگدانی تایبەتدا داواكارییەكی ئاراستەی هێزە ئەمنییەكان و رۆژنامەنووسان كرد، بۆ ئەوەی لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردندا رێز لە ئەركی یەكدی بگرن و داوای لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی كرد رێز لە كاری میدیاكاران بگرن و هاوكارییان بكەن. تا نوسینی ئەم راپۆرتە دەربارەی دروستكردنی ئاستەنگ بۆ میدیاكاران لە پێدانی باجی راگەیاندكاران هیچ دەزگایەكی راگەیاندنی ناوخۆو دەرەوە سكاڵایان لای سەنتەری میترۆ تۆمار نەكردوە. سەنتەری میترۆ لە 8ی تەموز بۆ 8ی تشرینی یەكەم، ئەم سكالایانەی لە پەیامنێرانی دەزگاكانی راگەیاندن پێگەیشتووە، بەم شێوەیە: • 11ی شەوی یەكشەممە 18ی تەمووز لەكاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی، تەقە بەسەر ئۆتمبێلی سەرنوسەری راچڵەكین ( پشتیوان زاهیر حسین) كرا، بە پێی لێدوانی بۆ میترۆ ئاسایش تەقەكەرانی دۆزیوەتەوە. • كاتژمێر 10ی شەوی هەینی 23ی تەمووز، لەبەردەم نەخۆشخانەی شار، لە سلێمانی هێرش كرایە سەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( كارزان تاریق، محمد حەسەن) بۆ ماوەیەك لە ئۆتۆمبێلێكی ئاسایشی ناوخۆ دەستبەسەر كران، كەلەوپەلی رۆژنامەوانیان لێ زەوتكرا، پاش یەك كاتژمێر ئازاد كران. • رۆژی شەممە 7ی ئاب لە قەزای مەخموری سەر بە پارێزگای هەولێر، لە كاتی روماڵی هەواڵدا هێزێكی سەر بە حەشدی شەعبی تیمی (تۆری میدیای ئێستا) ( ئەیوب عەلی، هەنگاو غەفور) بۆ ماوەیەك دەستبەسەر كردو كەلوپەلی رۆژنامەوانی زەوتكردو هەرەشەیان لێكردوون جارێكی تر نەیەنەوە ناوچەكە. • رۆژی یەك شەممە 8ی ئاب، لە لایەن هێزێكی ئەمنی لەبەردەم دادگای هەولێر، رێگری لە پەیامنێری پەیام ( ئیدریس محمد) كران كە روماڵی دادگاییكردنی راگیراوانی دهۆك بكەن. • رۆژی دووسەممە 9ی ئاب لە گرەكی سەركارێزانی شاری هەولێر، لەكاتی روماڵی كێشەی كەم ئاویدا، لە لایەن هێزێكی مەدەنییەوە هێرش كرایە سەر (تۆری میدیای ئێستا) ( ئەیوب عەلی و هەنگاو غەفور). • كاتژمێر 1 و نیوی پاش نیوەرۆی رۆژی چوارشەممە 11ی ئاب، لە گەرەكی باداوان لە هەولێر، لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێكدا لەسەر گردبونەوەی نارەزایەتی، موختاری ئەو گەرەكە هێرشی كردە سەر پەیامنێری ئین ئارتی ( چۆمان مەحمود). • كاتژمێر 10و نیوی بەیانی رۆژی شەممە 21ی ئاب، لەبەردەم بینای قائیمقامییەتی هەولێر، كاتی ئاماەكردنی راپۆرتێك لەسەر گردبونەوەی نارەزایەتی خاوەن نانەواخانەو سەمونخانەكان، لەلایەن هێزێكی مەدەنییەوە هێرشكرایە سەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( هێرش قادر، شیروان مەولود). • كاتژمێر 11ی بەیانی رۆژی دوو شەممە 30ی ئاب، لە گەرەكی ژینی شاری هەولێر، لەكاتی روماڵی كێشەی كەم ئاوی، لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە هێرش كرایە سەر تیمی رۆژنامەوانی ئین ئارتی( رزگار ناسیح، محمەدی كامێرامان)، كەلەوپەلی رۆژنامەنوسییان زەوت كراوە. • كاتژمێر 12 ی نیوەرۆ رۆژی یەك شەممە 5ی ئەیلولی، لەبەردەم بانكی توی مەلیك، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە هێرشكرایە سەر تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( هاودێر زۆراب، گۆران لوقمان) كەلوپەلی رۆژنامەوانیان لێ زەوتكردن. • كاتژمێر 1:30 ی پاش نیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە 9ی ئەیلول، لە ناحییەی بازیان هێزێكی ئەمنی لەكاتی پەخشی راستەوخۆدا 2 جار رێگرییان لە تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( كارزان تاریق، محمد حسن) كرد. • كاتژمێر 11ی رۆژی سێَ شەممە، 14ی ئەیلول، لەناو بازاڕی قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆك، رێگری لە تیمی ئین ئارتی( وحید نیعمەت، بارزان حەسەن) كرا كە روماڵی گردبونەوەیەكی نارەزایەتی ئەو هاوڵاتیانە بكەن كە لە سەردەمی ئەنفالدا بەرەو توركیا ئاوارە بوون. • كاتژمێر 11ی رۆژی سێ شەممە، 14ی ئەیلول، لەناو بازاڕی قەزای زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆك، رێگری لە تیمی كەناڵی سپێدە ( ئەكرەم ئەمین، حاتەم ئیبراهیم كرا كە روماڵی گردبونەوەیەكی نارەزایەتی ئەو هاوڵاتیانە بكەن كە لە سەردەمی ئەنفالدا لە توركیا ئاوارە بوون.• شەوی پێنج شەممە 9ی ئەیلول، لەبەردەم كەناڵی ئین ئارتی گوندی ئەڵمانی شاری سلێمانی، هێزێكی ئەمنی رێگری لە كامێرەمانی تیمی ئین ئارتی ( بریار عەلی) كرد روماڵی هۆكاری بوونی ئەو هێزە بكات نزیك كەناڵەكەیان. • كاتژمێر 11ی بەیانی رۆژی شەممە 18ی ئەیلول، لە بازگەی سحێلانی سەر بە پارێزگای دهۆك، رێگری لە تیمی كەناڵی ئین ئارتی ( وحید سندی، شەهباز نیعمەت) كرا، پاشان براون بۆ بارەگای سەربازی لە سیحیلان و بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە جارێكی تر نەیەنەوە بۆ ناوچەكە. • رۆژی دوو شەممە 27ی ئەیلول لە قەزای سەید سادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە لایەن سەركردەیەكی سەربازی ناووچەكە بە تەلەفون هەرەشە لە پەیامنێری ئین ئارتی ( وریا حەمە كەریم كرا، پاش ئەوەی روماڵی هەواڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی كردوە. • رۆژی یەك شەممە 29ی ئەیلول، پاش ئامادەكردنی راپۆرتێكی هەستیار، لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە هەرەشە لە فۆتۆجورانالیست ( سەنگەر ئاكرێیی) كرا. • بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، لە بنكەی دەنگدانی تایبەت لە ناحییەی بەكرەجۆی شاری سلێمانی، چەند پێشمەرگەیەك هێرشییان كردە سەر بەرێوەبەری (جار میدیا) و ئازاریان دا. • بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، لە كاتی بەرێوەچوونی دەنگدانی تایبەت لە بنكەی غەفور ژاژڵەیی، رێگری لە پەیامنێری كوردسات (شاڵاو عەلی) كرا، پاساویان ئەوەبووە بە مۆبایل وێنەی گرتووە. • بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم لە قەزای بەردەرەشی باشوری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆك، لە كاتی پەخشی راستەوخۆی پەیامنێری دهۆكی ئین ئارتی ( سەباح سۆفی) كەسێك بەرگی مەدەنی پۆشیبوو، دەستی هێنایە بەردەم زوومی كامێرای كەناڵەو رێگری لێكرد.• بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، رۆژنامەنوس (ئەمیر عەلی) پێی راگەیاندین كە لە كردنەوەی بنكەی دەنگدان تا 9:30 رێگە نەدراوە رۆژنامەنوسان روماڵی دەنگدان بكەن لەناو بنكەكە كە بۆ رۆژنامەنوسان تەرخان كراوە. • بەیانی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، پەیامنێری شارپرێس مەروان یەحیا، پێی راگەیاندین كە لە قوتابخانەی ئاڤا لە ناوەندی شاری دهۆك هێزی ئەمنی و سەرپەرشتیارانی بنكەكە، رێگرییان لێكردوە روماڵ بكات. • پاش نیوەڕۆی هەینی، رۆژنامەنوس (مەحمود یاسین كوردی) لە رێی تۆری كۆمەڵایەتی نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكایەتییەكانی: (هەرێم، حكومەت، پەرلەمان) و سەندیكاو میترۆ كردووە لەبارەی هەرەشەكردنی ئەفسەرێكی پێشمەرگە لەو رۆژنامەنوسە. • كاتژمێر 4:30ی ئێوارەی رۆژی هەینی، 8ی تشرینی یەكەم، لە كاتی بەرێوەچوونی دەنگدانی تایبەت لە بنكەی غەفور ژاژڵەیی، رێگری لە تیمی راگەیاندنی پۆلەتیك پریس (دونیا مەجید، ئاودێر بەكر) كرا، پەخشی راستەوخۆ بكەن.
پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت كۆتایی هات و كۆمسیۆنیش لە هەر وێستگەیەك سندوقێكی دەنگدان بۆ دڵنیابوونەوەی لایەنە سیاسییەکان دەکاتەوە. ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەك ماوەی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت درێژ ناكرێتەوە، لە كاتی دیاریكراودا ئامێرەكان لە كار دەكەون. کۆمسیۆن ئەوەشی ڕاگویاندووە کە دوای داخستنی سندوقەكان لە هەر وێستگەیەك دەنگەكانی ناو سندوقەكان بە دەست دەژمێردرێن، ئەوەش بۆ دڵنایی لایەنە سیاسییەكان لەوەی ئامێرەكان کاری خۆیان بە تەواوی دەکەن. جێی ئاماژە پێدانە، لە کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ، پاش 11 سەعات لە دەنگدانی تایبەت لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان و عێراق پڕۆسەكە كۆتایی هات. كۆمسیۆن 595 بنكەی دەنگدان كە دوو هەزار و 584 وێستگەی دەنگدان لە خۆ دەگرێ، بۆ هێزەكانی ناوخۆ دەكرێنەوە و 86 بنكەی دیکەش بۆ ئاوارەكان كە لە 309 وێستگەی دەنگدان پێکهاتووە، لە 27 كەمپی ئاوارەكان هەبوون، هەروەها شەش بنكەی دەنگدان بۆ 671 گیراوەی نێو گرتووخانەكانی عێراق دەبێت.
کاتيک نەوشێروان مستەفا لە کتێبی “لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ”، باسی دیوی ناوەوەی ڕووداوەکانی کوردستانی عێراق دەکات، دانپێدانانێکی ئەوەندە جوانی تێدایە کە نەک بۆ ساڵی 2021، بەڵکو بۆ تێکرای تەمەنی پرۆسەی سیاسیی لە سلێمانی دەمێنێتەوە و درێژە دەکشێت، ئەو وتی: "یەکێتی نیمچە بەرە و ناتەبایی تێدایە"و بەمەش یەکدەنگبوونی پەیامی سیاسی لە سلێمانی، ئەگەر ھەشبێ، درێژە ناخایەنێ و دواجار بیروبۆچوونە بنەڕەتییەکان زاڵ دەبن. لەبارەی کێشەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان، نەوشێروان مستەفا نووسیویەتی: “یەکێتی لە ناوخۆی دا باڵەکانی نا تەبا بوون و، لە هەندێ بیروبۆچونی بنەڕەتی دا یەکیان نەئەگرتەوە”. ئێستاش کە یەکێتی و گۆڕان هاوپەیمانی کوردستانییان پێکهێناوە، کوڕەکانی جەلال تاڵەبانی و نەوشێروان مستەفاش چاک دەزانن ئەو سلێمانییەی لەسەر دەستی باوکیان نەبوو بە شام و شەکر، بە دەست لە دەستنانی قوباد تاڵەبانی و چیا نەوشێروان مستەفاش، نابێ بە ئەبو زەبی، ئەوە زەختی لاهور شێخ جەنگی هەر لێگەڕێن، کە دەیەوێ منداڵەکانی شێخ جەنگی، عەرز و ئاسمانی سلێمانیان بەدەستەوە بێت. کاری حیزب لە بانگەشەی هەڵبژاردن دا، لە سەدا نەوەدی شیعاراتە و سەدی “دە”شی لە واقیعدا نابیندرێ، جا تۆ وەرە ئەو گۆڕانەی بۆ تەختکردنی یەکێتی و تۆزێکیش پارتی دروست بووە، 12 ساڵە کەشتییەکی بە مۆمەوە ناردووەتە سەر شەقام و ئێستاش کاپتنی کەشتی گۆڕانخوازان بووەتە پارتی، کەسیش ئاگای لە چارەنووسی سەرنشینەکانی نییە، چیا و نماش بە سەرکردایەتی عومەری سەید عەلی، دەستیان خستوە دەستی یەکێتی و دیسانەوە لە ئەی ڕەقیبەوە دەستی پێ دەکەنەوە و، لەگەڵ یەکێتی “فۆبیای دەسەڵاتی پارتی” بە خەڵکی دەفرۆشنەوە و بانگەشەی هەڵبژاردن نییە نەڵێن: ئیتر پارتی خاوەنی قسەی کۆتا نابێت، بە قسەی خۆیان دەسەڵاتی سلێمانی دەگەڕێنینەوە، ئەو دەسەڵاتەی سەرکردەیەکی سیاسی و پیاوێکی مەعریفی، پێکەوە دۆڕاندیان.
تەقینەوەیەکی بەھێز لە حوسەینیەیەکی شیعەکان لە ئەفغانستان روویدا. تەقینەوەکە لە کوندوز ڕوویداوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ١٠٠ کوژراو و بریندار ھەن.
پارێزگاری هەولێر بە میدیاکانی راگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و لە سێ بنکە کێشەیان هەبووە، ئەوانیش چارەسەرکران. پارێزگاری هەولێر دوای ئەوەی ئەمڕۆ هەینی سەردانی بنکەیەکی دەنگدانی کرد بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "لە سێ بنکەی دەنگداندا لە عەینکاوە، کەسنەزان و کۆیە، کێشەی دەنگدان دروستبوو بەهۆی قەرەباڵخی زۆر و لۆدی زۆری دەنگدەران لەسەر ئامێرەکان، کەمێک پرۆسەکە وەستا، بەڵام دواتر کێشەکان چارەسەرکران". ئومێد خۆشناو داوای لە دەنگدەران کرد، جەنجاڵی دروستنەکەن و پەلە نەکەن، هەم بۆ خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا و هەروەها بۆ کەمبوونەوەی لۆد لەسەر ئامێرەکانی دەنگدان. سەبارەت بە سستی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکە، ئومێد خۆشناو گوتی: "پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەناچێت، بەڵکو سرووشتیی ئامێرەکان وایە و پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و هیچ گرفتێکی لۆجیستی و ئامێر و ئەمنی لە پرۆسەکەدا نییە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئامادەکارییانەیە کە پێشتر کۆمیسیۆن و هەروەها پارێزگا کردوویانە". لەبارەی دەنگدانی ئاوارەکان لە کەمپەکان، پارێزگاری هەولێر گوتی: "دەنگدانی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لەنێو کەمپەکان ئەرکی ئێمەی قورسکرد و سەرەتاش بەغدامان ئاگادارکردبووەوە کە ناتوانین پاسی هاتووچۆ بۆ ئاوارەکان دابین بکەین، بەڵام بەغدا وەڵامی نەبوو، بۆیە ناچاربووین هاوکاریان بکەین".
کەمێک لەومەوپێش لەسەر رێگەی کەرکووک - حەویجە بەھۆی رووداوێکی ھاتووچۆوە 29 پۆلیسی فیدراڵی بوونە قوربانی، بەرپرسی فەرمانگەی گەیاندن و راگەیاندنی کەرکووک دەڵێت، چەند پۆلیسێکیان گیانیان لەدەستداوە. مەروان عانی، بەرپرسی فەرمانگەی گەیاندن و راگەیاندنی کەرکووک رایگەیاند، "کەمێک لەمەوپێش لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک - حەویجە و لە نزیک یەکبڕی ریاز، رووداوێکی ھاتووچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و کۆستەرێکدا روویدا و بەھۆیەوە 29 کەس برینداربوون و گیانیان لەدەستدا". بەرپرسی فەرمانگەی گەیاندن و راگەیاندنی کەرکووک دەڵێت، "قوربانییەکان پۆلیسی لیوای ھەشتی فیرقەی پێنجن و لەکاتی گەڕانەوەیان لە بنکەکانی دەنگدانەوە بۆ بارەگای لیوا تووشی ئەو رووداوە ھاتوون". مەروان عانی ئاماژەی بەوەش کرد، "لەنێو قوربانییەکان ئەفسەر ھەیە و تاوەکو ئێستا چەند پۆلیسێک گیانیان لەدەستداوە، کە ژمارەیان نازانرێت و ئێستا ھێزە ئەمنییەکان بۆ لێکۆڵینەوە چوونەتە شوێنی رووداوەکە". ئەمڕۆ هەینی 08-10-2021 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت و لە تەواوی عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 331 هەزار و 600 دەنگدەر دەتوانن بەشداری لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن. رووداو
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، تۆمەتباری سەرەکیی رووداوی کوشتنی پۆلیسەکەی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستگیرکراوە کە رۆژی 05-10-2021 تەرمەکەی لەنزیک بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە دۆزرایەوە. بە گوتەی گوتەبێژەکە، ئەو پۆلیسە بە "هاوکاریی هاوژینەکەی" کوژراوە. موقەدەم بەرزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، دوای 48 کاژێر لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوە، توانیویانە تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستگیربکەن، "هەمان رۆژیش سێ تۆمەتبار دەستگیرکراون و تاوەکو ئێستا بەندن". ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتباری سەرەکی لە گوندی پاڵەنیا سەر بە شارەدێی تەوێڵە دەستگیرکراوە، دەستیش بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گیراوە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە. تۆمەتبارەکە بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ناوی "ق. ع. م"ە و تەمەنی 56 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی شارەوانیی هەڵەبجەیە، دانی بە تاوانەکەدا ناوە. موقەدەم بەرزان عوسمان دەڵێت، "تۆمەتبار و تاوانلێکراو پێشتر هاتووچۆ و تێکەڵی هەبووە لەنێوانیاندا و هەندێک کێشە و عاجزی لەنێوانیاندا هەبووە". هەروەها گوتەبێژی پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو، "پاش ئەوەی (ق.) ماوەی یەک ساڵە لە مێشکی خۆی بەرنامەی داناوە کە (ف.) بکوژێت، لەبەرئەوەی لەڕێگەی ڤیدیۆ و مەسنجەر و تەلەفۆنەوە قسەی پێ گوتووە، ئەو قسانەی لە دڵ گرتووە و بڕیاریداوە بیکوژێت، بۆ ئەوەش پەنای بردووە بۆ خێزانی [هاوژینی] (ف.) و پێی گوتووە کە بەرنامەیەکی لەو شێوەیەی هەیە و دەیەوێت هاوژینەکەی بکوژێت. هاوژینەکە[ی (ف.)]یش بە شێوەیەک لە شێوەکان دانی بەوەدا ناوە کە هاوکاریی کردووە و هاوکاریکردنەکەش بەو شێوەیە کە شەوی رووداوەکە تەلەفۆنی بۆ کردووە بەناوی بردن بۆ سلێمانی بۆ وەرگرتنی سولفە و لە ماڵەوە بردوویەتیە دەرەوە". موقەدەم بەرزان عوسمان دەڵێت، "کاژێر 02:00ی شەو بەدواوە لە جادەی حەمەوغان بۆئەوەی لە بازگەی ئاسایشی زەمەقی نەدات، لە جادەی حەمەوغان و بە رێگەیەکی خۆڵدا بردوویەتی سەر جادەی تەپە قوڕە و لەوێشەوە بۆ ناحیەی سیروانی بردووە. لەوێ [تۆمەتباری سەرەکی] ئۆتۆمبێلەکەی دەکوژێنێتەوە و پێی دەڵێت [بە (ف.) دەڵێت]، ئۆتۆمبێلەکەم لەکارکەوتووە. پاش ئەوەی [تۆمەتبارەکە بە] (ف.)، تاوانلێکراو دەڵێت با پێکەوە سەیری پێشی ئۆتۆمبێلەکە بکەین و دادەبەزێت، داوای لێدەکات بۆنیتی ئۆتۆمبێلەکەی هەڵبداتەوە، لەوکاتەدا [تۆمەتبار] بە ئۆتۆمبێلەکەی دەچێت بەسەر تاوانلێکراودا. پاش ئەوەی بە ئۆتۆمبێل لێیدەدات، دواتر چوار بۆ پێنج جار بەشێوەی خولانەوە بەسەر لاشەی تاوانلێکراودا دەڕوات. دواتر کە دڵنیابووەتەوە لەوەی گیانی دەرچووە، بەجێیدەهێڵێت". گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت، تۆمەتبارەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری سەنی/تەکسیی سوور و سپیی پێبووە و پێش ئەنجامدانی تاوانەکە لەزگەی سپیی بۆ کڕیوە و رەنگی ئۆتۆمبێلەکەی گۆڕیوە و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەشی بە قوڕ داپۆشیوە، هەروەها لۆگۆی تەکسییەکەشی لابردووە بۆئەوەی نەناسرێتەوە، دوای ئەوەی تیمەکانیان گومانیان لێکردووە، لە گوندی پاڵەنیا دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گرت. موقەدەم بەرزان عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گرتووە، هێشتا ئاسەواری لەزگەکە بەسەر ئۆتۆمبێلەکەوە مابوو، هەروەها خوێنی تاوانلێکراویش هێشتا بەژێر ئۆتۆمبێلەکەوە مابوو، "تاڵە مووی تاوانلێکراویش بە ئۆتۆمبێلەکەوە دۆزراوەتەوە". گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ئەوەی ئاشکراکرد، لە ماوەی دوو مانگدا سێ تاوانی کوشتن لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە روویانداوە و تاوانەکانیش ئاشکراکراون.