ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵات دراوە بە بەڕێوەبەرە گشتیەکان بۆ ئەوەی پشوو ڕابگەیەندرێت. لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ سەلامەتی گیانی پەروەردەکاران و قوتابیان، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا ڕاسپێردراون بە ڕاوێژ لە گەڵ قائیمقامی قەزاکەیان کەوا دەستکراوەن لە بڕیاردان بۆ ئەوەی بکرێتە پشوو یاخود نا بەپێی شوێنی جوگرافیا و ڕەوشی کەش و هەوا و ئەگەری دروست بوونی شەختە لە سنورەکەیان. سەبارەت بەو مامۆستا و قوتابیانەی هاتووچۆ دەکەن لە قەزایەک بۆ قەزایەکی تر لەئەگەری دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ، دەتوانن دەوام نەکەن و هیچ و ڕێکارێکی یاسای و کارگێڕیان لەگەل ناگیرێتە بەر.
سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبوونەوە و بارودۆخی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد. ڕۆژی شەممە 3ی کانوونی دووەمی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد. لەدیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئیسحقاقاتی لایەنەکان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سبەی 4ی کانوونی دووەم پشووی بانکییە لە سەرجەم بانکە حکومییەکان و دەرگای بانکەکان بەڕووی هاووڵاتییان دادەخرێت، جگە لە سوودمەندانی پڕۆژەی "هەژماری من." وەکو لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، "ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتییان دەکەین، سبەی یەکشەممە 04-01-2026، پشووی بانکییە لە سەرجەم بانکە حکومییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان." ئاماژە بەوەش کراوە، هەر بۆیە "دەرگای بانکەکان بەڕووی هاووڵاتییان دادەخرێت، جگە لە سوودمەندبووانی پڕۆژەی هەژماری من، کە دەتوانن سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنی کارتی بانکییان." بەپێی ئاگادارییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان، "فەرمانبەران دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن بە مەبەستی رێکخستنی هاوسەنگیی کۆتایی ساڵی دارایی 2025، بۆ ئاگاداریتان."
پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ڤەنزوێلا لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، خراپترین قۆناغەکانی بەخۆیەوە بینی، کاتێک واشنتن سیاسەتی "ئەوپەڕی فشار"ی گرتەبەر بۆ ڕووخاندنی ڕژێمە سۆسیالیستەکەی مادورۆ. ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان ترەمپ و مادورۆ، بریتین لە چوار دۆسییەی سەرەکی: 1- قەیرانی شەرعییەت و دانپێدانانی سیاسی کانوونی دووەمی 2019 خاڵی تەقینەوەی گەورە بوو، کاتێک سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا "خوان گوایدۆ" خۆی وەک سەرۆکی کاتیی وڵاتەکە ڕاگەیاند. ترەمپ بە خێرایی بوو بە یەکەم سەرۆک کە دانی بە گوایدۆدا نا و سەرکەوتنی مادورۆی لە هەڵبژاردنەکانی 2018 بە "ناشەرعی و ساختە" وەسف کرد. مادورۆ بە پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان وەڵامی دایەوە و واشنتنی بە "کودەتای ئیمپریالیستی" تۆمەتبار کرد. ئەمەریکا بەردەوام بوو لە پشتیوانی سیاسی و لۆجیستی ئۆپۆزسیۆن بۆ پەراوێزخستنی مادورۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. 2- جەنگ و سزای ئابووری ئیدارەی ترەمپ ململانێکەی لە دیپلۆماسییەوە گواستەوە بۆ خنکاندنی ئابووری. قەدەغەی تەواوەتی خرایە سەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا کە شادەماری ئابووریی ئەو وڵاتەیە؛ هەروەها سامانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت (PDVSA) و لقەکەی لە ئەمەریکا Citgo سڕ کران. ئامانجی ئەم سزایانە وشککردنی سەرچاوەکانی دراوی بیانی بوو بۆ ڕژێمەکەی مادورۆ، ئەمەش بووە هۆی خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی و هەڵاوسانی ئابووریی لە ڕادەبەدەری ڤەنزوێلا، کە مادۆرۆ وەک جەنگی ئابووری و جینۆساید، وەسفی کرد. 3- تۆمەتبارکردن بە تیرۆر و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان ساڵی 2020 لە هەڵکشانێکی بێوێنەدا، وەزارەتی دادی ئەمەریکا تۆمەتی فەرمی ئاراستەی نیکۆلاس مادورۆ و سەرکردەکانی ڕژێمەکەی کرد بە "تیرۆر و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان" (Narco-terrorism) و خەڵاتی 15 ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ هەر کەسێک هاوکاریی بکات بۆ دەستگیرکردنی. ئەم هەنگاوە، ناکۆکییەکەی لە ململانێیەکی سیاسییەوە گۆڕی بۆ ڕاوکردنێکی یاسایی، کە دەرگاکانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەو کاتەدا داخست. 4- ڕەهەندی جیۆپۆلەتیک و دەستێوەردانی دەرەکی ئیدارەی ترەمپ، وەک پێگەیەک بۆ نەیارانی ئەمەریکا 'ڕووسیا، چین، ئێران' سەیری ڤەنزوێلای دەکرد. ئیدارەی ترەمپ دەستەواژەی 'هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن' لەوانەش دەستێوەردانی سەربازی، دووبارە دەکردەوە، لە بەرانبەردا مادورۆ پەنای بۆ پشتیوانیی سەربازیی ڕووسیا و ئابووریی چین برد بۆ مانەوە و خۆی وەک قوربانیی هەژموونی ئەمەریکا و بەرگریکار لە سەروەریی نیشتمانی وێنا دەکرد. دەرەنجام خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ کۆتایی هات بەبێ ڕووخانی مادورۆ، ئەمەش بووە هۆی دۆخێکی چەقبەستووی سیاسی. سەرەڕای ئەوەی سزا ئابوورییەکان ڤەنزوێلایان بە توندی لاواز کرد، بەڵام مادورۆ توانی بە پشتیوانی سوپا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت؛ بەمەش ترەمپ، دۆسیەیەکی ئاڵۆزی بۆ ئیدارەی دوای خۆی بە میرات بەجێ هێشت.بەڵام لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، وا دیارە ترەمپ، بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی دەربارەی مادورۆ داوە؛ گەمارۆی دەریایی و ناردنی هێز بۆ سنوورەکانی ڤەنزوێلا و بۆمبارانی ئەمڕۆی کاراکاس، نیشاندەری چوونە قۆناغێکی دیکەی جددی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپە بەرانبەر بە ڤەنزویلا.
بەڕێوەبەری ئاودێریی قەزای کۆیە ڕایدەگەیەنێت، بەنداوی سماقووڵی و دوو بەنداوی دیکەی سنوورەکە سەرڕێژ بوون. بۆ پاککردنەوەی بەنداوەکان لە قوڕ و لیتە، داوای بودجەی تایبەتیان کردووە. ئەمڕۆ شەممە 03-01-2026، نەوا محەممەد، بەڕێوەبەری ئاودێریی قەزای کۆیە لەبارەی کاریگەریی شەپۆلەکەی ئەم دواییەی بەفر و باران لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوەکانی سنوورەکە بە مستەفا گۆران، رایگەیاند، بەنداوی سماقووڵی سەرڕێژ بووە و توانای گلدانەوەی هەشت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و ئاودێریی نزیکەی هەزار دۆنم زەوی لەسەرە. بەگوتەی نەوا محەممەد، جگە لە سماقووڵی، سێ بەنداوی گەورەی دیکە لە سنووری کۆیە هەن کە بریتین لە بەنداوەکانی شەوگێڕ، دێگەڵە و حەمامۆک کو ''دووانیان سەرڕێژیان کردووە، بەڵام بەنداوی حەمامۆک بەهۆی ئەوەی بە تەواوی وشک ببوو، ئێستا نزیکەی مەترێکی ماوە بۆ سەرڕێژبوون''. گوتیشی، کۆی بەنداوەکانی سنووری قەزاکە، توانای گلدانەوەی 16 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە و رایگەیاند: ''ئەم ساڵ جووتیاران دەتوانن بەهۆی سەرڕێژبوونی بەنداوەکان و زۆریی ئاوەوە دڵخۆش بن.'' دوای شەپۆلەکەی بەفر و باران، بەنداو و گۆمەکانی سنووری کۆیە پڕ بوون لە قوڕ و لیتە و ''داوامان کردووە بودجەیەک بۆ خاوێنکردنەوەیان دابین بکرێ، ئەو کاتە بڕێکی زۆر زیاتر لەوەی کە هەیە، ئاویان تێدا گلدەدرێتەوە''. بەگوێرەی ئاماری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان کە رۆژی پێنجشەممە 01-01-2026 دراوەتە رووداو، لە یەک مانگی رابردوودا بەهۆی شەپۆلەکانی بارانبارینەوە، نزیکەی 500 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوە گەورەکان گلدراوەتەوە.
تۆمەتبارێک ویستویەتی بڕيک پارەی ساختە لە بازاڕی سەیدسادق ساغ بکاتەوە و لەلایون پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت. بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی نەهێشتنی تاوانی بەرێوەبەرایەتیمان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بڕی 800 هەشت سەد هەزار دیناری عێراقی پارەی ساختەکراو (تەزویر)ی پێ بووە لەجۆری پەنجا هەزار دیناری، ویستویەتی لەناو بازاڕی قەزای سەیدسادقدا ساغی بکاتەوە. هەروەها توانرا دەستبگیرێت بەسەر پارە ساختەکراوەکەدا. بەڕێوبررایەتییەکە دەڵێت: بەبڕیاری دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە ڕێکخراوەو لەئێستادا تۆمەتبار بەناوی (ڕ، ع، ص) تەمەن 29 ساڵ بەپێی مادەی 281 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، پلانی ئەمنیی ڕۆژانی پشووی سەری ساڵ 100% سەركەوتوو بووە و سەروماڵی هاووڵاتییان پارێزراو بوو. عەمید کامل بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو پلانە ئەمنییەی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگیی گشت هێزە ئەمنییەكانی تر بۆ ڕۆژانی پشووی سەری ساڵ دامانڕشتبوو، 100% سەركەوتوو بوو. عەمید کامل بەرزنجی، باسی لەوەش کرد، لە سەرجەم ڕۆژەکانی پشووی سەری ساڵدا، هاووڵاتییان و گەشتیاران لەوپەڕی ئارامیدا بۆنەکەیان بە خۆشی و بێ هیچ گرفتێک بەڕێکرد. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەشڵێ، سەرکەوتنی ئەو پلانە ئەمنییەی دانرابوو، جێگەی دڵخۆشییە كە ئەو بۆنەیەش بە سەلامەتی و بێ كێشە بەڕێوە چوو، ئێمەش وەك هەمیشە پارێزەری سەر و سامانی هاووڵاتییانین و خۆمان بە خزمەتكاری راستەقینەیان دەزانین.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەری لە ئەورووپا دەڵێت، ئەمڕۆ گەنجێکی خەڵکی قەزای سەیدسادق لە هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی چوونە ئەورووپا چووەتە باکووری کوردستان، بەڵام لە شرنەخ رەقبووەتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1-1-2026، رەنج پشدەری ڕایگەیاند، گەنجەکە ناوی عەلی یونس کەریمە، خەڵکی گوندی تەپەزێڕینەیە لە قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی. رەنج پشدەری ڕاشیگەیاند، لەم رۆژانەدا 6 گەنجی دیکەی کورد، ویستویانە لە رۆمانیاوە بچنە بولگاریا، بەڵام بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە، پۆلیسی ئەو وڵاتە دەستگیری کردوون. بەگوتەی ئەو چالاکوانە، ئەو 6 گەنجە بەشێکیان خەڵکی شاری رانیەن و هێشتا چارەنووسیان نادیارە. هەفتەی رابردووش، 7 گەنجی دیکەی خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کە بە مەبەستی کۆچکردن بۆ ئەورووپا چووبوونە تونس، لەوێ دەستگیرکران و لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە دیپۆرت کرانەوە.
سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، مەکتەبی سیاسیی پارتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆک کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، پرسی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و کاندیدی کورد بۆ ئەو پۆستە تاوتوێ دەکرێت. پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باس دەکرێت، هاوکات پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، حکومەتی نوێی عێراق، دۆخی عێراق و ناوچەکە بەگشتی تاوتوێ دەکرێن. بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەبارەی پرسی پۆستی سەرۆككۆمار ئامادەکاریی کردووە، نزار ئامێدی، بەربژێری ئەو حیزبە دەبێت بۆ پۆستەکە. لەلایەکی دیکەوە و نوێنەرانی لەتیف ڕەشید و ئاسۆ فەرەیدوون، لەڕێگای ئەمیندارییەتی پەرلەمانەوە فۆڕمی وەرگرتووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، تەنیا لە ئەمساڵ سێ ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێریان كردووە. ساڵانە بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ و بۆنە تایبەتەکان، گەشتیاران لە ناوەڕاست و باشووری عێراق تەنانەت وڵاتانی دراوسێ، سەردانی شاری هەولێر دەکەن. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، ساڵی 2025 ساڵی خۆڕاگری خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو بەرامبەر ئاڵنگارییەکان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، توانی لەناو قەیرانەکاندا دەیان پڕۆژەی ستراتیژی خزمەتگوزاریی بکات و لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێکی دیکەی ئەو پڕۆژانە دەکەونە خزمەت هاوڵاتییانەوە. گوتیشی لە کەرتی گەشتیاری، هەرێمی کوردستان بەرەوپێشەوە چووە هەر لە پڕۆژە گەشتیارییەکان تا دەگات بە تەواوی ئاسانکارییەکان بۆ هاتنی گەشتیاران بەوهۆیەوە ڕۆژانە 120 هەزار هاووڵاتی لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ساڵی 2025 زیاتر لە سێ ملیۆن 400 هەزار گەشتیار ڕوویان لە پارێزگای هەولێر کردووە.
ئەمڕۆ باران لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت و پێشبینی بەفربارین لە چەند ناەچەیەک دەکرێت. ڕاگەیەندراوی بەرێوەنەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی؛ ئەمڕۆ پێنج شەممە 01-01-2026 ئاسمان هەوری تەواو دەبێت نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت، لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو ناوچانەی نزیکن لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر بارینی دەبێت ( ناوچە سنوریەکان - مێرگەسوور- ئامێدی- سنووری ئیدارەی سۆران- بەشێک لە ئیدارەی ڕاپەرین و چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر) هەروەها پێشبینی بارینی بەفر و کرێوە دەکرێت لە سەنتەری پارێزگای دهۆک و دەورو بەری و ئیدارەی زاخۆ . لە کاتەکانی شەودا ڕێژەی بارینی بەفر و باران و کرێوە زیاتر دەبێت . خێراى با / مامناوەند ( 15 – 25 ) کم/ک , هەندێک کات چاالاک دەبێت بۆ سەرووی 35 کم/ک. ئاراستەی با / باشووری خۆرهەڵات دەبێت. پلەکانی گەرما / بە 1 تــــا 3 پلە بەرزتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوی دوێنێ. مەوداى بینین / لەنێوان ( 7 – 9) کم دەبێت، لەکات و وشوێنی دابارین ( 3-5 ) کم دەبێت. سبەى هەینی 02- 01- 2026 ئاسمان هەوری تەواو دەبێت , لە کاتەکانیی بەیانیدا کاریگەری شەپۆلی باران بارین و بەفر بارین لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامی دەبێت بە تایبەت لە ناوچە سنووریەکان و ناوچە شاخاوییەکان . لە کاتەکانی شەودا کاریگەری ئەو شەپۆڵە لاواز دەبێت و کۆتایی دێت. خێراى با / لەسەرخۆ - مامناوەند ( 10 – 20 ) کم/ک. ئاراستەی با / باکووری خۆرئاوا دەبێت. پلەکانی گەرما / بە نزیکی ( 1 تــــــا 3 ) پلە نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ وەک لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە. مەوداى بینین / لەنێوان ( 7 – 9) کم دەبێت لەکات و شوێنی دابارین ( 3-5 ) کم دەبێت. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 7 پلەی سیلیزی سلێمانی : 4 پلەی سیلیزی دهۆک : 5 پلەی سیلیزی زاخۆ : 4 پلەی سیلیزی کەرکوک : 9 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 6 پلەی سیلیزی گەرمیان : 8 پلەی سیلیزی
سەرۆک بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی تازە پەیامێک بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هیوادارم ساڵی تازە، ساڵی خێر و خۆشی و بەختەوەری بۆ کوردستان و عێراق و هەموو جیهان بێت. رۆژی چوارشەممە 31ی کانوونی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە تۆڕی کومەڵایەتی ئێکس (X) بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی پەیامێکی بڵاوکردەوە. دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی؛ بەبۆنەی سەری ساڵی تازە پیرۆزباییەكی گەرم لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و سەرجەم خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. هیوادارم ساڵی تازە، ساڵی خێر و خۆشی و بەختەوەری بۆ کوردستان و عێراق و هەموو جیهان بێت.