Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13714 بابەت
هەواڵ
05-01-2026

زیاتر لە دوو هەزار ئەفسەر و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە مووچەی خانەنشینی...

بەڕێوبەری گشتیی خانەنیشنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، دۆسیەی دوو هەزار و 200 ئەفسەر و پلەداری وەزارەتەكە، فەرمانیان بۆ دەرچووە و ئەم مانگە مووچەیان بۆ دەبەسترێت.مامەڵەی خانەنشینکردنی ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە ئەنجوومەنی وەزیران تەواوكرا و ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرا بەمەبەستی دەرچوونی فەرمانی هەرێمی بۆ خانەنشینبوونیان، ئێستا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری سەرجەم ڕێكارەكانیان تەواو كراوە.لیوا حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوبەری گشیی خانەنیشنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، دۆسیەی ئەفسەر و پلەدارەکان كە ژمارەیان دوو هەزار و 200 کەسە، فەرمانی هەرێمییان بۆ دەرچووە، لە ڕۆژانی ڕابردوو مامەڵەی سەرجەمیان تەواو بووە و وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر دۆسیەکانیان کردووە، ئەم مانگە ناویان لە لیستی مووچە زیاد دەکرێت و مووچەیان بۆ دەبەسترێت.ئەو ئەفسەر و پلەدارانە بەگوێرەی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 خانەنشین دەکرێن، کەمترین مووچەی هەر یەكێكیان 500 هەزار دینار دەبێت.

هەواڵ
04-01-2026

مەکتەبی سیاسی پارتی کۆدەبێتەوە

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لەو مژارانەی تاوتوێی دەکات، پرسی هەبوونی بەربژێرێکی هاوبەشی کوردە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.  بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە پارتی بەربژێری نابێت، بەڵام داوا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات چەند ناوێک بخاتە بەردەستی و ئەویش رەزامەندی لەسەر یەکێکیان بدات. لە هەمان کاتدا پارتی داوا دەکات هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خێرا بکرێن.  ئەمڕۆ یەکشەممە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسیی پارتیەوە گوتیان: "ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق". دوو سەرچاوەکە دەڵێن، یەکێک لە بژاردە بەهێزەکان ئەوەیە پارتی دەنگ بە بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدات، بەڵام داواکاری هەیە.  بەرپرسەکانی پارتی گوتیان: "دەبێت یەکێتی ناوی چەند کەسێک بداتە سەرۆک بارزانی و مەکتەبی ساسیی پارتی، ئەوکاتە پارتی یەکێکیان هەڵدەبژێرێ و پشتیوانی دەکات و وەکو بەربژێری کورد و هاوبەش دەنگی پێدەدەین". یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی پارتی بۆ دەنگدان بە بەربژێری یەکێتی بۆ سەرۆککۆمار، ئاسانکاری بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ساڵێک زیاتر بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و تاوەکو ئەمڕۆ پێکنەهێندراوە. ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ هەڵوێستمان دەرنەبڕیوە بەرامبەر هەر خواستێکی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەوەی هەبێت لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسییمان بڕیاری لەسەر دەدرێ". تاوەکو ئێستا دیارنییە کەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئەوەی کاتی بەربژێربوون بۆ سەرۆککۆمار تەنیا سبەی دووشەممەی ماوە، پێدەچێ کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یان سبەی بێت. ئەو بەرپرسەی یەكێتی گوتی: "مەکتەبی سیاسیمان کە کۆبووەوە، ئەوکاتە بەرچاومان روون دەبێ کە کێ بەربژێری حیزبەکەمان دەبێت". هەر ئەمڕۆ، ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئومێد دەکەین پۆستی سەرۆککۆمار بە دڵی خەڵکی کوردستان و پارتیش بێت. ئەوەشی گرنگە ئەوەیە کە دەبێ کابینەی 10 پێکبێت بە زووترین کات، کە دەرهاویشتەی زۆر ئەرێنی دەبێت بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق". لەبارەی ئەوەی کە مەرجیان داناوە بۆ یەکێتی کە چەند بەربژێرێکی هەبێ، ئەحمەد کانی گوتی: "ئەوەی هەیە بۆچوونە نەوەک مەرج، ئێمە هەمیشە دەڵێین نە مەرج قبووڵ دەکەین نە دەچینە ژێر باری مەرجەوە؛ بۆ ئێمە وایە بۆ خەڵکی دیکەش هەروایە". ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی گوتی: "ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆدەبێتەوە و دوای ئەو کۆبوونەوە بڕیار دەدرێت [کە پارتی بەربژێری دەبێت یان نا] کە دڵنیام بڕیارەکە لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت".

هەواڵ
04-01-2026

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هێرشەکانی سەر ڤەنزوێلا نیگەرانە

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانییەکی خۆی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ڤەنزوێلا دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت، کە لێکەوتەی خراپی بۆ ناوچەکە دەبێت. وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، گوتێرێز "بە قووڵی نیگەرانە" لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە نێو خاکی ڤەنزوێلا و دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە لێکەوتە خراپ و کاریگەریی نارێنیی بۆ ناوچەکە دەبێت، جیا لە دۆخی ڤەنزوێلا، ئەم پەرەسەندنانە دەبنە پێشینەیەکی مەترسیدار لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە لەوەی، پێویستە هەموو لایەنەکان ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن، بەتایبەتی "جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان". لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵیت: "نیگەرانین لە پێشێلکردنی هەموو ئەو یاسا و ڕێسایانەی بۆ ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی وڵاتان دانراوە".

هەواڵ
04-01-2026

دوایین وادەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دیاری دەکرێت

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند دوایین وادە بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ڕادەگەیەنێت. سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکوو کۆتایی دەوامی فەرمیی سبەی دووشەممە، دەرگای خۆپاڵاوتن واڵا دەبێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە 31ـی کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە پەرلەمان پشتبەست بە یاسای ژمارە هەشت لە ساڵی 2012، دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کردەوە. مەرجەکانی خۆپاڵاوتن: بەپێی یاسا پێویستە ئەو کەسەی خۆی بۆ ئەم پۆستە دەپاڵێوێت، ئەم مەرجانەی تێدا بێت: یەکەم: بە ڕەچەڵەک عێراقی بێت، لە دایک و باوکێکی عێراقی لەدایک بووبێت. دووەم: تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت. سێیەم: خاوەن ناوبانگێکی باش و ئەزموونی سیاسیی بێت. چوارەم: لانیکەم بڕوانامەی بەرایی زانکۆ (بەکالۆریۆس)ـی هەبێت. پێنجەم: حوکمی تاوانی ئابڕووبەرانەی لەسەر نەبێت، هاوکات ڕێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری (بەعس) نەیگرتبێتەوە. وادەی دەستووری:  لە ڕووی دەستوورییەوە پەرلەمانی عێراق پابەندە بەوەی لە ماوەی 30 ڕۆژدا دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێ، سەرککۆمار هەڵبژێردرێت. پەرلەمانی عێراق لە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی نوێی خۆی ئەنجام دا، بۆیە دەبێت پێش کۆتایی مانگی کانوونی دووەم کاندیدی سەرکەوتووی سەرۆککۆمار دیاری بکرێت.

هەواڵ
04-01-2026

بەفر و باران بەنداوەکانی کوردستان دەبووژینێتەوە

شەپۆلی بەفر و باران، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئاستی ئاوی بەنداوەکان دروستکردووە و ڕێژەی ئاوی گلداراوە لە سەرجەم بەنداوەکان زیادی کردووە. نەوا محەممەد، بەڕێوەبەری ئاودێریی کۆیە ڕایگەیاند: "بەنداوی سماقووڵی ساڵانە بەشێوەیەکی زۆر باش سەرڕێژ دەکات و سوودی زۆری بۆ ئاودێریی گوندەکانی خوارووی هەیە. ئەمساڵ بەهۆی شەپۆلی بەفر و بارانەوە، بەنداوەکە بە زوو سەرڕێژی کردووە. بەنداوی دێوانە لە دەربەندیخان بەهۆی بارانبارینەوە سەرڕێژی کردووە. بەنداوی دووکان کە توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا نزیکەی ملیارێک و نیو مەتر سێجا ئاوی گلداوەتەوە. بەنداوی دهۆک: یەکێکی دیکەیە لەو بەنداوانەی بارانی هەفتەی رابردوو رێژەی ئاوی گلدراوەی تێدا زیادکردووە و ئاستی ئاوەکەی 41 سانتیمەتر زیاد بووە. بەنداوی گۆمەسپان:ئاستی ئاوەکەی 1.5 مەتر بەرزبووەتەوە و نزیکەی 2 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گلداوەتەوە.

هەواڵ
04-01-2026

لە بەغدا 100 کەس ژەهراوی بوون

بەهۆی دابەشکردنی خواردنی خێرای لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە، لە قەزای یوسفیەی باشووری بەغدا 100 کەس ژەهراوی بوون و گەیێنرانە نەخۆشخانە. سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، ژن و پیاوێک ئۆتۆمبێلێکیان پێبووە، بە ناسنامەیەکی نەناسراو لە قەزای یوسفیەی باشووری بەغدا خواردنی خێرایان بەسەر ماڵاندا دابەشکردووە، بە هۆیەوە 100 کەس ژەهراوی بوون و کە زۆربەیان منداڵن. وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، نەخۆشخانەکان لە بەغدا و ئەنبار، 100 حاڵەتیان تۆمارکردووە و زۆرینەیان دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویستی تەندروستی، نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و گەڕاونەتە ماڵەوە. هێزە ئەمنییەکانی بەغدا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و دەیانەوێت ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە خواردنەکەیان لەنێو گەرەکەکە دا دابەش کردووە.

هەواڵ
04-01-2026

پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک کارا دەکرێت

پرۆسەی تۆمارکردن لە پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەست پێ دەکاتەوە و بڕیارە ئەو هاووڵاتیانەی پسوولەکانیان بلۆک کرابوو یان لە دەرەوەی وڵات بوون، بتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن. پرۆسەی دیجیتاڵکردنی پسوولەی خۆراک گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی؛ تاوەکو ئێستا 93%ـی هاووڵاتییان ناوی خۆیان تۆمار کردووە و تەنیا 7% ماون. کاراکردنەوەی سیستمەکە لەمڕۆوە، هەنگاوێکە بۆ گشتگیرکردنی تەواوەتیی سیستمەکە و بڕینی ئەو بەربەستە تەکنیکییانەی لەبەردەم بەشێک لە خێزانەکان هەبوون.سیامەند قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتیانەی کارتی نیشتمانییان نەبووە و ئێستا هێناویانە، بلۆکی سەر پسوولەکانیان لادەبرێت و دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن. پرۆسەکە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە. ئەو مامەڵە نوێیانەی (زیادکردنی منداڵ و هاوسەرگیری و گواستنەوە) لە کۆتایی مانگەوە دەست پێ دەکەن، دەبن بە پارە. گرنگترین گۆڕانکاری ئەوەیە پارەکە تەنیا لە ڕێگەی "ڤیزا کارت"ـەوە وەردەگیرێت و پارەی (کاش) قبووڵ ناکرێت.

هەواڵ
03-01-2026

سبەی لە ناوەندەکانی خوێندنی پێنجوێن کرایە پشوو

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پێنجوێن ڕایگەیاند: بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی، بڕیاردرا ڕۆژی یەکشەممە، 4ی کانوونی دووەمی 2026، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری قەزاکە بکرێتە پشووی فەرمی.  ئەم بڕیارە دوای ڕاوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامی پێنجوێن و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دراوە، مەبەست لێی پاراستنی سەلامەتیی قوتابییان و مامۆستایانە لەو شەپۆلە سەرمایە توندەی ناوچەکەی گرتووەتەوە. قەزای پێنجوێن دەکەوێتە سەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران، یەکێکە لە ساردترین و بەفراوترین ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، ساڵانە لە وەرزی زستاندا پلەکانی گەرما لەم قەزایەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و زۆرجار دەگەنە خوار 15 پلەی ژێر سفر، ئەمەش دەبێتە هۆی بەستنی ڕێگەوبانەکان و دروستبوونی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و قوتابییان، هەر بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو، پەنا بۆ ڕاگەیاندنی پشوو دەبەن

هەواڵ
03-01-2026

لەبارەی پشووی خوێندنەوە بڕیار دەدرێت

ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵات دراوە بە بەڕێوەبەرە گشتیەکان بۆ ئەوەی پشوو ڕابگەیەندرێت. لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ سەلامەتی گیانی پەروەردەکاران و قوتابیان، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا ڕاسپێردراون بە ڕاوێژ لە گەڵ قائیمقامی قەزاکەیان کەوا دەستکراوەن لە بڕیاردان بۆ ئەوەی بکرێتە پشوو یاخود نا بەپێی شوێنی جوگرافیا و ڕەوشی کەش و هەوا و ئەگەری دروست بوونی شەختە لە سنورەکەیان. سەبارەت بەو مامۆستا و قوتابیانەی هاتووچۆ دەکەن لە قەزایەک بۆ قەزایەکی تر لەئەگەری دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ، دەتوانن دەوام نەکەن و هیچ و ڕێکارێکی یاسای و کارگێڕیان لەگەل ناگیرێتە بەر.

هەواڵ
03-01-2026

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەکات

سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبوونەوە و بارودۆخی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد. ڕۆژی شەممە 3ی کانوونی دووەمی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد. لەدیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئیسحقاقاتی لایەنەکان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا.

هەواڵ
03-01-2026

ئاگادارییەک لە وەزارەتی داراییەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سبەی 4ی کانوونی دووەم پشووی بانکییە لە سەرجەم بانکە حکومییەکان و دەرگای بانکەکان بەڕووی هاووڵاتییان دادەخرێت، جگە لە سوودمەندانی پڕۆژەی "هەژماری من." وەکو لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، "ئاگاداری سەرجەم هاووڵاتییان دەکەین، سبەی یەکشەممە 04-01-2026، پشووی بانکییە لە سەرجەم بانکە حکومییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان." ئاماژە بەوەش کراوە، هەر بۆیە "دەرگای بانکەکان بەڕووی هاووڵاتییان دادەخرێت، جگە لە سوودمەندبووانی پڕۆژەی هەژماری من، کە دەتوانن سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنی کارتی بانکییان." بەپێی ئاگادارییەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان، "فەرمانبەران دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن بە مەبەستی رێکخستنی هاوسەنگیی کۆتایی ساڵی دارایی 2025، بۆ ئاگاداریتان."

هەواڵ
03-01-2026

ناکۆکییەکانی ئەمەریکا و ڤەنزوێلا

پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ڤەنزوێلا لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، خراپترین قۆناغەکانی بەخۆیەوە بینی، کاتێک واشنتن سیاسەتی "ئەوپەڕی فشار"ی گرتەبەر بۆ ڕووخاندنی ڕژێمە سۆسیالیستەکەی مادورۆ. ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان ترەمپ و مادورۆ، بریتین لە چوار دۆسییەی سەرەکی: 1- قەیرانی شەرعییەت و دانپێدانانی سیاسی کانوونی دووەمی 2019 خاڵی تەقینەوەی گەورە بوو، کاتێک سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا "خوان گوایدۆ" خۆی وەک سەرۆکی کاتیی وڵاتەکە ڕاگەیاند. ترەمپ بە خێرایی بوو بە یەکەم سەرۆک کە دانی بە گوایدۆدا نا و سەرکەوتنی مادورۆی لە هەڵبژاردنەکانی 2018 بە "ناشەرعی و ساختە" وەسف کرد. مادورۆ بە پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان وەڵامی دایەوە و واشنتنی بە "کودەتای ئیمپریالیستی" تۆمەتبار کرد. ئەمەریکا بەردەوام بوو لە پشتیوانی سیاسی و لۆجیستی ئۆپۆزسیۆن بۆ پەراوێزخستنی مادورۆ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. 2- جەنگ و سزای ئابووری  ئیدارەی ترەمپ ململانێکەی لە دیپلۆماسییەوە گواستەوە بۆ خنکاندنی ئابووری. قەدەغەی تەواوەتی خرایە سەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا کە شادەماری ئابووریی ئەو وڵاتەیە؛ هەروەها سامانی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت (PDVSA) و لقەکەی لە ئەمەریکا Citgo سڕ کران. ئامانجی ئەم سزایانە وشککردنی سەرچاوەکانی دراوی بیانی بوو بۆ ڕژێمەکەی مادورۆ، ئەمەش بووە هۆی خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی و هەڵاوسانی ئابووریی لە ڕادەبەدەری ڤەنزوێلا، کە مادۆرۆ وەک جەنگی ئابووری و جینۆساید، وەسفی کرد. 3- تۆمەتبارکردن بە تیرۆر و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان ساڵی 2020 لە هەڵکشانێکی بێوێنەدا، وەزارەتی دادی ئەمەریکا تۆمەتی فەرمی ئاراستەی نیکۆلاس مادورۆ و سەرکردەکانی ڕژێمەکەی کرد بە "تیرۆر و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان" (Narco-terrorism) و خەڵاتی 15 ملیۆن دۆلاری تەرخان کرد بۆ هەر کەسێک هاوکاریی بکات بۆ دەستگیرکردنی. ئەم هەنگاوە، ناکۆکییەکەی لە ململانێیەکی سیاسییەوە گۆڕی بۆ ڕاوکردنێکی یاسایی، کە دەرگاکانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی لەو کاتەدا داخست. 4- ڕەهەندی جیۆپۆلەتیک و دەستێوەردانی دەرەکی ئیدارەی ترەمپ، وەک پێگەیەک بۆ نەیارانی ئەمەریکا 'ڕووسیا، چین، ئێران' سەیری ڤەنزوێلای دەکرد. ئیدارەی ترەمپ دەستەواژەی 'هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن' لەوانەش دەستێوەردانی سەربازی، دووبارە دەکردەوە، لە بەرانبەردا مادورۆ پەنای بۆ پشتیوانیی سەربازیی ڕووسیا و ئابووریی چین برد بۆ مانەوە و خۆی وەک قوربانیی هەژموونی ئەمەریکا و بەرگریکار لە سەروەریی نیشتمانی وێنا دەکرد. دەرەنجام خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ کۆتایی هات بەبێ ڕووخانی مادورۆ، ئەمەش بووە هۆی دۆخێکی چەقبەستووی سیاسی. سەرەڕای ئەوەی سزا ئابوورییەکان ڤەنزوێلایان بە توندی لاواز کرد، بەڵام مادورۆ توانی بە پشتیوانی سوپا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت؛ بەمەش ترەمپ، دۆسیەیەکی ئاڵۆزی بۆ ئیدارەی دوای خۆی بە میرات بەجێ هێشت.بەڵام لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، وا دیارە ترەمپ، بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی دەربارەی مادورۆ داوە؛ گەمارۆی دەریایی و ناردنی هێز بۆ سنوورەکانی ڤەنزوێلا و بۆمبارانی ئەمڕۆی کاراکاس، نیشاندەری چوونە قۆناغێکی دیکەی جددی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپە بەرانبەر بە ڤەنزویلا.

1 2 ... 70 71 72 ... 1142 1143