پچڕانی ناو بەناوی کارەبای 24 کاژێری لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانە بەردەوامە، سەرپەرشتیارانی پڕۆژەی رووناکیش دەڵێن، سەرقاڵی چارەسەرکردنی گرفتەکەن. چەند هاوبەشێکی نێو پڕۆژەی رووناکی لە گەڕەکە جیاکانی هەرێمی کوردستانەوە رایانگەیاند، جار جار کارەبای رووناکی دەبڕێت و دەگاتە کاژێرێک و نایەتەوە، لە کاتێکدا موەلیدەکانیش کار ناکەن. بەشێکی دیکەی ناڕەزایی هاوبەشانی کارەبا 24 کاژێرییەکە ئەوەیە، پسوولەی کارەبایان بۆ ناچێتەوە و پارەکەیان لەسەر کەڵەکە دەبێت. تیمی پڕۆژەی رووناکی رۆژی سێشەممە گوتیان: "بابەتی بڕانی کارەبا هۆکاری دابەشکردن و کێشەی کۆنی ژێرخانی کارەبایە، کە زیاتر لە 30 ساڵە کارەبا 24 کاژێر نەبووە و ئێستا کە کراوەتە 24 کاژێری، ئەوەش چارەسەریی هەیە و تیمەکانمان بەردەوامن لە چاکسازی لە ژێرخانی کارەبادا". تیمی پڕۆژەی رووناکی دەڵێت: "جیا لە چاکسازی لە ژێرخانی کارەبا، بەردەوام کار دەکرێت بۆ زیاترکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆیە دڵنیایی دەدەینە هاوبەشان چارەسەر دەکرێت و ئەوە ماوە کەمەی بڕان روودەدات لە زستانی داهاتوودا نامێنێت". بەشێکی هاونیشتمانییان گلەیی ئەوە دەکەن، کە پسوولەی پارەی کارەبایان بۆ ناچێتەوە، یان درەنگ بۆیان دەچێت، لەو بارەیەوە تیمەکە بە رووداوی گوت: "فەرمانبەرەکان کەمن و هۆکاری سەرەکیی دواکەتنی چوونی پسوولەی پارەی کارەبا ئەوەیە، بۆ ئەوەش پڕۆژەی جێگرەوە کاری لەسەر دەکرێت". لەبارەی پڕۆژە جێگرەکەوەشەوە تیمەکە دەڵێت: "کار دەکرێت بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی، ئەوکاتە هاوبەشان هەر لە ماڵی خۆیانەوە دەتوانن پارە بدەن، تەنانەت دەتوانن 15 رۆژ جارێک یان مانگێک جارێ بە گوێرەی خەرجییەکەیان لە ماڵەوە پارە بدەن، ئەو پڕۆژەیە کاری لەسەر دەکرێت و کاتی زیاتری پێویستە، لەگەڵ کەوتنە کاردا هاوبەشان لە وردەکارییەکەی ئاگادار دەکەینەوە". لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی دا سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، هەروەها چەند شارێکی دیکە لەوانە سۆران و رانیە کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ پڕۆژەکە تەواوی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
کارکردن لە پڕۆژەی گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجەی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە هەولێری پایتەخت بەردەوامە. نەخۆشخانەكە لە 150 تەختی خەواندن و 100 تەختی چارەسەری كیمیایی پێك دێت و تاقیگەیەكی پێشكەوتوو لەخۆ دەگرێت؛ سەرجەم ئامێرە پێشكەوتووەكانی چارەسەری نەخۆشییەكە لەخۆ دەگرێت و لەسەر ڕووبەری 30 هەزار مەتر چوارگۆشە دروست دەكرێت و لە پێنج نهۆم پێك دێت، بەوەش دەبێتە گەورەترین نەخۆشخانەی چارەسەری شێرپەنجە لە هەموو هەرێمی كوردستان و عێراق. بە تەوابوونی ئەو پڕۆژەیە پێشکەوتووتری تەكنەلۆجیای ئێم ئاڕ ئای، سیتیسكان، پێتسكان، چارەسەری تیشك، چاندنی مۆخی ئێسك، وێنەگرتنی گاما و چەندین تەكنەلۆجیای دیكە لەم نەخۆشخانەیە بەردەست دەبن. جێگەی باسە، لە 18ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی ئەم نەخۆشخانەیەی دانا و، لە ڕێوڕەسمەکەشدا ڕایگەیاند: "لە كابینەی نۆیەمدا خزمەتی كەرتی تەندروستیمان كردووە و زیاتریش پێویستی بە خزمەتە؛ دەبێ هاووڵاتییان لە نەخۆشخانە گشتییەكان هەست بە ئاسوودەیی و هەبوونی خزمەت بكەن".
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مەراسیمەکانی 105ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا بە ڕاشکاوی ستایشی ڕۆڵ و قوربانییەکانی هێزە ئەمنییەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە پاراستنی سەروەریی وڵاتدا. پەیامی باڵیۆزخانە: سوپا و پێشمەرگە پارێزەری سەروەرین باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی ئەم یادەوە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتێکدا عێراق ئاهەنگی ساڵیادی دامەزراندنی سوپاکەی دەگێڕێت، ئەوان بەرز دەڕواننە ئەو خزمەت و قوربانییانەی کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە پێشکەشیان کردووە. لە پەیامەکەدا هاتووە: “ستایشی ڕۆڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە دەکەین کە بەرگری لە عێراق دەکەن و سەروەرییەکەی دەپارێزن”. هاوبەشی لە تێکشکاندنی داعش لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا تیشکی خستووەتە سەر مێژووی هاوبەشی ئەو هێزانە و ڕۆڵی “چالاک”ـی سوپا و پێشمەرگەی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوی چەکداریی داعش بەرز نرخاندووە. واشنتن ئەو هەوڵانەی بە کۆڵەکەیەک بۆ پاڵپشتیكردن لە عێراقێکی سەقامگیر وەسف کردووە. پابەندبوون بە داهاتوویەکی هاوبەش لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەمریکا جەختی لە پابەندبوونی خۆی کردووەتەوە بۆ درێژەدان بە کاری هاوبەش لەگەڵ هێزە ئەمنییە عێراقییەکان. ئاماژە بەوەش کراوە کە عێراق لە قۆناغی بونیادنانی داهاتوویەکی سەلامەتتر و خۆشگوزەرانتردایە بۆ گەلەکەی و لەم پێناوەشدا هەماهەنگییەکان بەردەوام دەبن.
محەممەد شیاع سوودانی لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هەندی زانیاری نوێی درکاندووە، بەشێک لە قسەکانیشی بۆ مووچەخۆران "ناخۆش بوون". هەروەها بڕیاری لەبارەی نەوتی هەڵەبجە، هاوکاریی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ و گەڕاندنەوەی کۆچبەران داوە. شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەغدایە، دوێنێ کۆمەڵێک کۆبوونەوەیان کردووە، ئەمڕۆش هەر لەوی دەبن و کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەکەن. شاندەکە بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی سیاسی چووە، بەتایبەت بۆ بەدەستهێنانی زۆترین رەزامەنی پەرلەمانی بۆ د. موسەننا ئەمین کە بەربژێری کۆمەڵ، یەکگرتوو و هەڵوێستە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق. ئەو شاندە بە سەرۆکایەتیی. د. هادی عەلی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بەغدایە. شاندەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە، کۆبووەتەوە، لەبارەی کۆمەڵێک بابەت قسەیان کردووە، یەک لەوانە شایستە داراییەکانی هەریمی کوردستان و مووچەی مانگەکانی 11 و 12، مافی جووتیاران و نەوتی هەڵەبجە و قەرەبووی چەمچەماڵ و گەڕانەوەی کۆچبەران لە لیبیا. لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، محەممەد شیاع سوودانی بە شاندی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی راگەیاندووە، لە 3 ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 18 تریلیۆن دینار زیاتر لە مافی شایستەی هەرێمی کوردستان نێردراوە، تەنانەت ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەندێکجار لە یاسا لایانداوە، چونکە زانیویانە خەڵکی کوردستان مەزڵوومە و لەبێ مووچەییدا دەناڵێنێت. سوودانی بە شاندەکەی گوتووە، بەپێی راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان، داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لەوەی رادەگەیێندرێت، کەچی هەرێمی کوردستان داهاتی ئەو دوو مانگەی (11 و 12) رادەست نەکردووە. لەبارەی چارەسەری کێشەکەش، سوودانی باسی لەوە کردووە بودجەی 2023، 2024 و 2025 قوفڵ بووە و حکومەتیش ئێستا کاربەڕێکەرە، بۆیە چارەسەری ئەو دوو مووچەیە دەبێت بکەوێتە نێو بودجەی ساڵی 2026. د. موسەننا ئەمین کە خۆی لە کۆبوونەوەکە بوو، بە رۆژی هیوا جەمالی راگەیاند، بۆ ئەوەی مووچەی ئەو دوو مانگەی ساڵی 2025 نەفەوتێت، دەبێت لایەنە کوردییەکان (وەک پارتی و یەکێتی) لە دانوستاندنی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا ئەمە بکەنە مەرج و لە بودجەی 2026 جێگیر بکرێت. (بۆ نموونە مانگانە 20%ی بۆ خەرج بکرێت تاوەکو تەواو دەبێت).
له چهند فهرمانگهیهكی سهر به تاپۆ و باج، وەرگرتنی مامەڵەی هاووڵاتییانی لێ رادەگیرێت. بەرپرسێکیش وردەکارییەکە دەخاتە ڕوو. حاكم لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی خانووبەرەی هەرێمی كوردستان (تاپۆ) رایگەیاند: "لە فەرمانگەكانی خانووبەرە لە هەموو پارێزگاكان تاوەكوو 8ی 1ی 2026 ئیشوكارەكان و راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان رادەگیرێت، بەڵام فەرمانبەرانمان كاری جەردی خۆیان دەكەن و دەوامیان دەبێت، بە هەمان شێوە لە فەرمانگەكانی باجیش بەم شێوە دەبێت". سەبارەت بە هۆكاری راگرتنی ئیش و كارەكان گوتی: "بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێ و بەمەبەستی ئەنجامدانی جەردی ساڵی نوێ تەواوی ئیش و کارەکانی رادەگرێن، بۆیە داواکارین لە گشت هاووڵاتییان لەم ماوەیەدا سەردانی فەرمانگەكانی تاپۆ نەكەن". لوقمان عومەر باسی لەوەش كرد، لە فەرمانگەكانی تۆماری خانووبەرە لە رۆژی یەکشەممە11ی1ی 2026ەوە دەست بە وەرگرتنەوەی مامەڵەی هاووڵاتییان دەكرێتەوە. لای خۆیەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری لە وهزارهتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "بۆ ماوەی هەفتەیەك هەموو مامەڵەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی باج رادەگیرێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین، تاوەكوو سەرەتای هەفتەی داهاتوو سەردانی ئەو فەرمانگانە نەكەن." ئاماژەی بەوەش دا، فەرمانبەرەكان دەوام دەكەن، بەڵام بەهۆی جەرد و بەدواداچوون مامەڵەی هاووڵاتییان وەرناگیرێت، گوتیشی: "لە فەرمانگەكانی باجدا فەرمانبەران خەریكی كارەكانی خۆیان دەبن لە جەرد و پێداچوونەوە بە دۆسییەكان و كاروبارەكانی دیكە."
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرایکرد، لە دوو ڕۆژی داهاتوو گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێدەکەن. ساڵێک و چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت، سەرەڕای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە نێوانیان، تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم. مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە دوو ڕۆژی داهاتوو گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و وادەی پێکهێنانی حکومەت دیاریدەکرێت." پارتی و یەکێتی کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق هەیە، وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەدا، لە ئاکامی گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی ئەشێت کاندیدێکی هاوبەش بۆ ئەو پۆستە هەبێت. پێشتر چەندین گەڕی دانوستان و کۆبوونەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرجەم لایەنەکانی دیکەی کوردستان بەڕێوەچووە، بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەڵام لەسەر پرسی دابەشکردنی پۆستەکان و تێڕوانینی پارتەکان بۆ شێوازی پێکهێنانی کابینەکە، ناکۆکیی هەبوو.
شوێنە دێرینەکان و شوێنەوارییەکانی شاری هەولێر نۆژەن دەکرێنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا دۆکیومێنت دەکرین. ئهمرۆ دووشهممه رێكهوتی 05/01/2026، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر، به ئامادهبوونی بهریوهبهری شوینهواری ههولیر و بهریوهبهری گریبهستهكانی پاریزگا و بهریوهبهری ئهندازهی پاریزگا لهگهڵ شاندێكی کۆمپانیانی ڤیو پایەنیرو كۆمپانیای پۆینت پاس له دیوانی پارێزگا كۆبوونەوە. پەڕەی فەرمیی پاڕیزگای هەولێر لە فەیسبووک بڵاویکردەوەتەوە، لهو كۆبوونهوهیهدا بیروبۆچوون لهسهر پڕۆژەیەکی خۆماڵی گهنگهشه كرا، بریتی بوو له دۆکیومێنتکردنی گەڕەک و خانووە کۆنەکانی شاری ههولێر، نۆژهنكردنەوەی مزگەوت و مەدرەسە و شوێنه شوێنەواریه دێرینهكانی ههولێری پایتهخت، كه پێشتریش ههندێك لهو كاره دۆكیومێنتاریانەی كۆمپانیاکە له پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە پراكتیزه كراون. پارێزگاری ههولێر، وێرای دهستخۆشیكردن له پرۆژه خۆماڵیهكه، باسی لە دێرینی شاری ههولێرو شوێنهواره مێژوویهكانی كردو جهختی لهسهر وردهكاری جێبهجێكردنی پرۆژهكهیان كردەوە، لێژیهكیشی راسپارد بۆ ئهوهی زیاتر دیراسەتی بابهتهكه به شێوهیهكی زانستیانه بكهن و رێوشوێنێ گونجاوی جێبهجێكردنی بۆ رێكبخه.
رۆژی دووشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2026، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە سام دەرمۆ، سەرۆکی دامەزراوەی ئاشورییەکان لە پێناو دادوەری لە ئەمەریکا کرد. بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا سام دەرمۆ، ستایشی ڕۆل سەرۆک بارزانی کرد لە پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و هەروەها سوپاسی پشتگیری سەرۆک بارزانی کرد لە کردنەوەی مۆنیۆمێنتی یادەوەری شەهیدی ئاشوری کە دوێنێ بەردی بناغەی دانرا و ئەم پڕۆژەیەی بە مێژوویی وەسفکرد. لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئاشورییەکان و هەموو پێکهاتەکانی تر دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی گرنگی بە پاراستنی یەکسانی و دادپەروەری مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان دراوە. بارودۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتی خرانە بەرباس و گفتوگۆ.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق رەزامەندیی لەسەر گەشتی ئاسمانیی حاجییان و عومرەکاران لە فڕۆکەخانەی موسڵەوە دەدات. رۆژی یەکشەممە 4ی کانوونی دووەمی 2025 بەنگین رێکانی، وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وەک سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بە وەکالەت بڕیارەکەی داوە. محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند، 15 بۆ 20 ڕۆژی دیکە گەشتەکان دەست پێ دەکەن. پێشتر عومرەکارانی نەینەوا لە رێگەی وشکانی یان فڕۆکەخانەی پارێزگاکانی دیکەوە چوونەتە سعودیە. لە 16ـی تەمووزی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فرۆکەخانەکەی کردەوە و رۆژانە یەک گەشتی نێوخۆیی لە فڕۆکەخانەکەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام هیچ گەشتێکی نێودەوڵەتیی نییە و گەشتی سعودیە دەبێتە یەکەم گەشتی دەرەوە.
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا و هاپەیمانەکانی چیدی قبووڵ ناکەن گرووپانە چەکدارەکانی عێراق چەکیان بەدەستەوە بێت.ئەمریکا داوای لە عیراق کردووە چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەیە نەمینێت و هێشتا عێراق بە کردەیی هەنگاوی نەناوە، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانیش نکۆڵی لە چەکدانانەکە دەکەن.فەرهاد ئەترووشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنی ڕایگەیاند، لەبری ئەوەی عێراق ڕوو بکاتە زانست و مەعریفە، گرنگی بە چەک دەدات، بەڵام مەعریفە خۆی هێزە و هێزی ئابووری بەهێزترە لە هێزی چەکداری. ئەو چەکەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە، ڕێگەپێدارو نییە و وڵاتان قبووڵی ناکەن. ئەترووشی وتیشی: ئەگەر ئەو گرووپانە بەدەم ئەو داوایانە نەچن، ئەوا وەکو خۆکوشتن بۆ وڵات و خۆیان وایە، هاوکات عێراق بەرەو قەیرانێکی گەورە دەبات.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە پارێزگاکان نەوت بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکان دابەش دەکات لە هەر پارێزگایەکدا نزیکەی 10 هەزار خێزان سوودمەند دەبن.وەزارەتی نەوتی عێراق سێ ملیۆن لیتر نەوت ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار، نەوتەکە بەسەر خێزانە کەمدەرامەتەکاندا دابەش دەکەن.ئەو بڕە نەوتەی بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجەدا دابەش دەکرێت، بە جۆرێک هەولێر و دهۆک هەر یەکی ملیۆنێک، سلێمانی و هەڵەبجەش پێکەوە ملیۆنیک وەردەگرن.بڕیارە ئەم هەفتەیە نەوتەکە بگاتە خەزانەکان و بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێت، هەر خانەوادەیەک بڕی 100 لیتر نەوتی سپی وەردەگرێت.
بۆ یەکەمجار لە مێژوو نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە 925 هەزار دیناری عێراقی. بەگوێرەی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 05-01-2026، نرخی فرۆشتنی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیە بووە: مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 785 هەزار دینارە. مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 925 هەزار دینارە. مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 958 هەزار دینارە. دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی ئۆنسەی زێڕ، دوو هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕن بۆ ئەم ئاستە. 100 دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 145 هەزار دینار. نرخی ئۆنسەیەک زێڕیش ئەمڕۆ 89 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4421 دۆلار.