Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13779 بابەت
هەواڵ
30-11-2021

هۆشدارییەکی بەپەلە لە بنەماڵەی موراد کانی کوردەیی و هاوڕێکانی

وەک هەموو لایەک ئاگادارن، ماوەی (٤) چوار رۆژ بەسەر تاوانی بەناهەق شەهید کردنی رۆڵەکانماندا تێپەر دەبێت و تا ئێستاش هیچ هەنگاوێکی کرداریی نیە بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە دەستیان لە داڕشتنی پیلانەکە و ئەنجامدەرانی تاوانەکەداهەیە، کە ئەمەش ئێمەی نیگەران و توڕەتر کردوە. ئێمە بە سەرسوڕمانەوە دەروانینە ئەو لێدوانەی کە باس لە پێکهێنانی لیژنە دەکات، لە کاتێکدا خۆیان لە نزیکەوە ئاگاداری کات و ساتی تیرۆر کردنەکەن و دەزانن کە هێزێکی هاوبەشی ( دوو دەزگای ئەمنی ) فەرمانەکەیان جێبەجێکردووە و رۆڵەکانی ئێمەیان لەناو سەنتەری شاری ڕانیە و بە بەرچاوی هاوڵاتیانی شارەکەوە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دڕندانە شەهیدکرد. هەربۆیە بە تووندی پێکهێنانی لیژنە بۆ شەهیدکردنی رۆڵەکانمان رەتدەکەینەوە و داوادەکەین دەستبەجێ تاوانباران رادەستی یاسا بکەن و دانبنێن بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە قێزەونە و لە دادگایەکی عادیلانە سزای یاسایی خۆیان وەربگرن. بەپێچەوانەوە بۆ جارێکیتر ئاگادارتان دەکەینەوە کە لە ئاست ئەم تاوان و غەدرە گەورەیە بێدەنگ نابین و رێگە نادەین خوێنی بە ناهەق رژاوی رۆڵەکانمان بە فیرۆ بروات و هەڵوێستی توندمان دەبێت، چونکە ئێمە دوای لێکۆڵینەوەکانی خۆمان بۆمان دەرکەوتوە کە پیلانی تیرۆرکردنەکە چۆن ئامادەکاری بۆ کراوە و کەی بڕیارەکە دراوە و چۆن جێبەجێکراوە و چەند کەس بەشداری تێداکردوە ( کە لێرەدا بە پێویستی نازاینن ووردەکارییەکەی بڵاو بکەینەوە و هەڵیدەگرین بۆ کاتی خۆی )، هەر بۆیە ئەگەر هیچ هەنگاوێکی کرداریمان نەبینی، تەواوی زانیارییەکان و ناوی کەسەکان بۆ رایگشتی بڵاو دەکەینەوە، دواتریش چاوەرێیی پەرچەکرداربن کە بە مافێکی شەرعی خۆشمانی دەزانین بۆ هەر هەنگاوێک کە یاسا لەم کەیسەدا فەرامۆش بکرێت و هەوڵی دیزە بەدەرخۆنەکردنیشی بدرێت. هیوادارین لە توڕەیی و دڵگەرمی ئێمە تێبگەن و بزانن کە چ کارەساتێکتان خوڵقاندوە، چۆن بنەماڵەی خاوەن دەیان شەهیدی یەکێتیتان خەڵتانی خوێنکردوە و شەهید مورادتان چۆن بە برینداری رفاند و بە نامەردی و لە ژێر ئەشکەنجەدا شەهیدتانکرد، بزانن کە یەکێتیەکان چەند توڕەو و بێزارن لە حزبەکەیان و هەمووان چاوەڕێیی بڕیارێکی راست و دروستن بۆ بە سزاگەیاندنی تاوان باران. لەگەڵ ڕێزدا بنەماڵەی شەهید موراد کانی کوردەییبنەماڵەی شەهید خۆشناو وەیسیبنەماڵەی شەهید هاوکار نازمبنەماڵەی شەهید سەرکار فاخیر

هەواڵ
30-11-2021

ڕاگەیەنراوێک لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

راگەیاندراوێک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، بۆمان دەرکەوت دوو کورسی کە ئیستحقاقی یاسایی دوو کاندیدی پارتیمان بوون لە پارێزگاکانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون، بۆیە لەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ھەڵوێستی پارتیمان لەبارەی ئەم کارە ناڕەوایە رادەگەیەنین. مەحمود محەمەدگوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان٣٠ـی ١٢ـی ٢٠٢١

هەواڵ
30-11-2021

مەسرور بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک وەبەرهێنەر دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە 30 ی نۆڤێمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک وەبەرهێنەر کرد کە بڕیاریانداوە لە سەر ئەرکی خۆیان، 10 قوتابخانە لە ناو شار و سنووری پارێزگای هەولێر دروست بکەن.سەرۆکی حکومەت، وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ دەستپێشخەری ئەو وەبەرهێنەرانە، ڕۆڵی کەرتی تایبەتی لە پرۆسە بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند . سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆر بە خوێندن و فێرکردن دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش، جیا لە دروستکردنی قوتابخانە و خوێندنگەی هاوچەرخ،پێویستە بایەخ بە دروستکردن و پەروەردەکردنی مرۆڤی بەتوانا و لێهاتوو و نیشتمانپەروەریش بدرێت و هەموومان کار بۆ زیاتر پێشخستنی کوردستان بکەین لە هەموو بوارەکاندا.

هەواڵ
30-11-2021

فەرمی؛ دوو کورسی لە پارتی وەرگیرایەوە و درایە یەکێتی

سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی قبووڵکردنی بەشێک لە تانەکان، ئەنجامی کۆتایی لەگەڵ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەر گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە؛ ئەنجامی کۆتایی گۆڕانکاریی بەسەر بەربژێرە براوەکانی پێنج کورسیی پەرلەمانی عێراقدا هێناوە. ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، دوو کورسیی پەرلەمان کە پێشتر بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر و نەینەوا بەدەستیانهێنابوون بەهۆی تانەکانەوە دەدرێنە بەربژێرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەمڕۆ سێشەممە 30/11/2021،  رایگەیاند: "بەهۆی قبووڵکردنی بەشێکی تانەکان کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دراون، بەربژێرە براوەکانی پێنج کورسی پەرلەمانی عێراق گۆڕدران و ئەمڕۆ ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رادەگەیێندرێت". لە هەمان کاتدا هەر ئەمڕۆ نووسراوێکی کۆمیسیۆن بڵاوبووەوە کە ئاماژە بە گۆڕانکاری و ژمارەی دەنگی بەربژێرە دەرچووەکان دەکات کە بەم جۆرەیە: 1- لە بازنەی سێی هەولێر، هەرێم کەمال ئاغا بەربژێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، 8920 دەنگی بەدەستهێناوە؛ هەرێم کەمال ئاغا بەپێی بڕیاری ژمارە 1665ی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە رۆژی 15-11-2021  لە بری لەیلا ئەکرەم سەعید، بەربژێری پارتی سەرکەوت و کورسییەکی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێنا. 2- لە بازنەی دووی نەینەوا، رۆنزی زیاد سیدۆ، بەربژێری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان  8183 دەنگی هێناوە؛ رۆنزی بەپێی بڕیاری ژمارە 1371ی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لەرۆژی 15-11-2021 لە بری عەبدولسەلام شەعبان محەممەد بەرزنجی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوت و کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستهێنا. 3- لە بازنەی دووی کەرکووک غەریب عەسکەر نەقی، بەربژێری هاوپەیمانیی فەتح 7731 دەنگی هێناوە. ناوبراو بەپێی بڕیاری ژمارە 1659ی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لەرۆژی 15-11-2021 لەبری سەوسەن عەبدولواحید شاکر، بەربژێری بەرەی تورکمانی عێراق سەرکەوت و کورسییەکی بەدەستهێنا. 4- لە بازنەی چواری بەسرە رەفیق هاشم شناوە، بەربژێری هاوپەیمانیی فەتح، 6796 دەنگی بەدەستهێناوە. ناوبراو بەپێی بڕیاری ژمارە 1079ی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لەرۆژی 15-11-2021  لە بری هەیسەم عەبدولجەبار محەممەد، بەربژێری سەربەخۆ سەرکەوت و کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستهێنا. 5- لە بازنەی شەشی بەغدا خالید عوبەیدی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم 4538 دەنگی بەدەستهێناوە. ناوبراو بەپێی بڕیاری ژمارە 1634ی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە رۆژی 21-11-2021 لە بری عەباس حوسێن ساڵح، بەربژێری هاوپەیمانیی عەقدی وەتەنی سەرکەوت و کورسییەکی بەدەستهێنا. بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ رەوتی سەدر 73 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 16 کورسیان بەدەستهێناوە، بەڵام دوای تانەکان ژمارەی کورسییەکانی پارتی و یەکێتی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. هەروەها هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام هاوپەیمانیی فەتح، کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە و بەهۆی قبووڵکردنی تانەکانەوە ژمارەی کورسییەکانی فەتحیش زیادی کرد، هاوکات سەربەخۆکان زیاتر لە 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردبووەوە، بەڵام دوای تانەکان کورسییەکیان لە دەستدا. بەپێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 22 ملیۆن و 116 هەزار و 363 کەس مافی دەنگدانییان لەهەڵبژاردن بۆ خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەبووە.  رێژەی 52٪ی ئەوان لەرەگەزی نێر و 48٪یان لەرەگەزی مێ بوون، ژمارەی ئەو کەسانەی دەنگیانداوە 9 ملیۆن و 629 هەزار و 613 کەس بوون، دەنگە راست و تەواوەکانیش 8 ملیۆن و 871 هەزار و 612 دەنگ بووە، 712 هەزار و 979 دەنگی ناڕاستیش هەبووە کەرێژەی 8٪ی دەنگدەران دەکات. بەپێی ئەنجامەکان کە ئەمڕۆ سێشەممە 30-11-2021 بڵاوکراوەتەوە ناوی بەربژێرەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک و دەنگەکانیان بەمشێوەیەیە: هەولێر بنکەی 1 ناوی بەربژێرەکان و ژمارەی دەنگەکانیان: - نەهرۆ محەممەد قادر 44 هەزار و 928 دەنگ - سیپان عەزیز حەدۆ 37 هەزار و 99 دەنگ - محەممەد سدیق محەممەد 33 هەزار و 656 دەنگ - جوان عەبدوڵڵا عومەر 12 هەزار و 843 بنکەی 2  ناوی بەربژێرەکان و ژمارەی دەنگەکانیان - خدر عەلی سادق سۆفی 25 هەزار و 373 دەنگ - وەزیرە ئەحمەد برایم 24 هەزار و 626 دەنگ - ئامانج مەحموود ئەسعەد هەرکی 23 هەزار و 632 دەنگ - کوردۆ عومەر عەبدوڵڵا 18 هەزار و 370 دەنگ بنکەی 3  ناوی بەربژێرەکان و ژمارەی دەنگەکانیان - رێبوار هادی عەبدولڕەحمان 22 هەزار و 600 دەنگ - ڤیان عەبدولعەزیز عەبدولڕەحمان 13 هەزار و 688 دەنگ - هەرێم کەمال ئاغا 8 هەزار و 920 دەنگ بنکەی 4  ناوی بەربژێرەکان و ژمارەی دەنگەکانیان - محەممەد ئیسماعیل عومەر 24 هەزار و 217 دەنگ - مەریوان قەرەنی ئیبراهیم 20 هەزار و 384 دەنگ - سەباح سوبحی حەیدەر 16 هەزار و 962 دەنگ - نەهلە قادر محەممەد 13 هەزار و 872 دەنگ لە کریستانەکان فارووق حەنا عەتۆ شەمعون 5 هەزار و 495 دەنگ لە سنووری پارێزگای سلێمانیش بەربژێرە دەرچووەکان و ژمارەی دەنگەکانیان بەمشێوەیەیە: بنکەی 1ی سلێمانی - رێبوار ئاوڕەحمان ساڵح 18 هەزار و 640 دەنگ - یادگار مەحموود نەسروڵڵا 9 هەزار و 477 دەنگ - نەرمین مەعروف غەفوور 8 هەزار و 433 دەنگ - دارا حەمە ئەحمەد حەسەن 8 هەزار و 157 دەنگ بنکەی 2ی سلێمانی - بەدریە ئیبراهیم رەشید 25 هەزار و 22 دەنگ - بڕیار رەشید شەریف 14 هەزار و 870 دەنگ - ئاسۆ فەرەیدوون عەلی 11 هەزار و 765 دەنگ بنکەی 3ی سلێمانی - چرۆ حەمەشەریف عەبدوڵڵا 15 هەزار و 952 دەنگ - موسەنا ئەمین نادر 14 هەزار 719 دەنگ - ئاریان عەزیز ئەحمەد تاوەگۆزی 12 هەزار و 82 دەنگ بنکەی 4ی سلێمانی - سروە عەبدولواحید قادر ئیبراهیم 28 هەزار و 987 دەنگ - سۆران عومەر سەعید 25 هەزار و 116 دەنگ - غەریب ئەحمەد مستەفا 19 هەزار و 714 دەنگ - بەدریە حسێن عەزیز 17 هەزار و 307 دەنگ بنکەی 5ی سلێمانی - مۆفەق حسێن قادر 21 هەزار و 587 دەنگ - شوان محەممەد رۆستەم 9 هەزار و 521 دەنگ - سروە محەممەد رەشید 7 هەزار و 851 دەنگ - کاروان عەلی یاروەیس 7 هەزار و 504 دەنگ هەروەها ئەنجامی دەنگەکانی پارێزگای دهۆک بەمشێوەیە: بنکەی 1ی دهۆک - جەمال ئەحمەد محەممەد کۆچەر 56 هەزار 702 دەنگ - خالید سەلیم ئەمین جاسم رێکانی 29 هەزار و 83 دەنگ - خەلیل غازی حەسەن شێخ ئۆمەر 26 هەزار و 487 دەنگ - ئەڤین سەلیم نووری سەلیم 19 هەزار و 265 دەنگ بنکەی 2ی دهۆک - سەگڤان یوسف بەشار ساڵح 28 هەزار و 3 دەنگ - عومەر ساڵح عومەر فارس کۆچەر 24 هەزار و 442 دەنگ - زوزان عەلی ساڵح 21 هەزار و 457 دەنگ بنکەی 3ی دهۆک - مۆفەق شەهاب پاشا شەهاب 29 هەزار و 990 دەنگ - چیای تەیمور عەبداڵ 25 هەزار و 846 دەنگ - ئیمان عەبدولڕەزاق محەممەد عارف 18 هەزار و 695 دەنگ - ڤیان سەبری عەبدلخالق عەبدلقادر 18 هەزار و 502 دەنگ هەروەها لە کریستیانەکان (بیدائـ  خزر بهنام) 13 هەزار و 630 دەنگی بەدەستهێناوە. ژێدەر رووداو

هەواڵ
30-11-2021

داوا لەلاهور شێخ جەنگی دەكرێت وازهێنانی لەیەكێتی رابگەیەنێت

داوا لەلاهور شێخ جەنگی كراوە، بە یەكجاری‌و بەشێوەیەكی فەرمی وازهێنانی خۆی لەریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رابگەیەنێت. بەپێی ئەو زانیارییەکان، كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی داوایان لەناوبراو كردووە، بەشێوەیەكی فەرمی وازهێنانی خۆی لەریزەكانی یەكێتی رابگەیەنێت. هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو كەسانە بەلاهور شێخ جەنگیان وتووە، هیچ دەرفەتێك بۆ كاركردن لەریزەكانی یەكێتی بۆ ئەو نەماوەو پێویست ناكات چیتر كات بەفیڕۆ بدات‌و تا زووتر وازهێنان لەیەكێتی رابگەیەنێت، زووتر دەستی كراوە دەبێت بۆ هەنگاوی داهاتووی. ئەمە لەكاتێكدایە، لەمانگی حەوتی رابردووەوە، لاهور شێخ جەنگی، كە هاوسەرۆكی یەكێتی بوو، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی حیزبەكەی كێشەو هەیەو بەهۆی ئەو كێشانەشەوە بەبڕیارێكی مەكتەبی سیاسی لەیەكێتی "دەركراوە". كێشەكانی نێوان لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە بافڵ تاڵەبانی لاهور شێخ جەنگی بەوە تۆمەتبار دەكات، هەوڵی ژەهرخواردكردنیداوەو دەسەڵاتەكانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكارهێناوە. لەبەرانبەردا لاهور شێخ جەنگی ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوەو باس لەوە دەكات، كە لەناوخۆی یەكێتی بەپشتوانی نێودەوڵەتی "كودەتا"ی لەدژ كراوەو بڕیاری "دەركردن"یشی بە "ناپەیڕەو"ی وەسف دەكات. لاهور شێخ جەنگی پێش كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، كە لەساڵی 2019 بەسرا ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی‌و بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری هەرێم بوو، لەكۆنگرەی چوارەمی حیزبەكەی دەنگی یەكەمی كۆنگرەی هێناو دواتر لەسەركردایەتی حیزبەكەی بەكۆی دەنگ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بەهاوسەرۆكی حیزبەكە هەڵبژێران. ژێدەر بوار نیوز

هەواڵ
30-11-2021

پەیامێک لە بافڵ تاڵەبانییەوە

پەیامێک لە بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە ئەو توندوتیژیانەی بە ناڕەوا بەرامبەر هەندێک لە خوێندکاران کرا زۆر نیگەرانی کردم، لە دڵەوە داوای لێبووردن لە کوڕ و کچ و خوشک و براکانم دەکەم، کە بە ئومێدەوە بەرەوە داھاتوویەکی گەش ھەنگاودەنێن لەپێناو نەکوژانەوەی چرای زانست و بژێوی ژیانیان و لەسەر شەقام داوای قوت و مافی خۆیان دەکرد. داواتان لێدەکەم بۆ ھەر داواکارییەک پەنا بۆ رێگای مەدەنی و شارستانی ببەن و دووربکەونەوە لە توندوتیژی و یاساشکێنی، رێمەدەن کەسانی ھەلپەرست داوا رەواکانی ئێوە بە لاڕێدا بەرێت ئەمە خزمەت بە خواستەکانتان ناکات، داوام وایە قەت ئەم رێگایە ھەڵنەبژێرن و بیری لێنەکەنەوە. بەڵێنیشتان پێدەدەم کە گۆڕانکاری گەورە دەکەین لە پێناو داھاتووی ئێوە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانتان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، لەمەودوا نزیکتر لەگەڵ توێژی گەنجان و خوێندکاران پێکەوە کاردەکەین لە پێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان بۆ ھەر داھێنان و سەرکەوتنێک، داکۆکیکاری بەدیھێنانی ئاواتەکانیشتان دەبم. ھەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن براتان بافڵ جەلال تاڵەبانی

هەواڵ
30-11-2021

شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

کەشناسی رایدەگەیەنێت، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچە بەفر دەبارێت و خێرایی با زیاد دەکات، لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت. فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پێشبینی دەکرێت لە سبەی چوارشەممەوە هەرێمی کوردستان بکەوێت ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەک، بارستە هەوایەکی ساردی لەگەڵ دەبێت، لە سەرەتادا لە ناوچە شاخاوییەکان بارانبارین دەست پێدەکات، نیوەڕۆ لە پارێزگای دهۆک باران دەبارێت و ئێوارە پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە". گوتیشی: "لەگەڵ هاتنی ئەو بارستە هەوای ساردە خێرایی با زیاد دەکات، لە هەندێک ناوچە خێرایی لە یەک کاتژمێردا زیاتر لە 30 کیلۆمەتر دەبێت". فازڵ ئیبراهیم، راشیگەیاند: "لە هەندێک ناوچەی شاخاوی پێشبینی بەفربارین دەکرێت، لە 5 تا 15 سانتیم بەفر دەبارێت". ئاماژەی بەوەشکرد: "کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلەی بارانبارین تا رۆژی پێنج شەممە بەردەوام دەبێت، رۆژی هەینی سەقامگیری بەخۆییەوە دەبینێت". بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند: "پلەی گەرما بەرادەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، بەتایبەتی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکان پلەی گەرمی بۆ ژێر پلەی سفری سیلیزی دابەزێت".

هەواڵ
30-11-2021

پێشمەرگەیەکی دیکەی هێرشەکەی سنووری کفری شەهید بوو

پێشمەرگەیەکی دیکەی هێرشەکەی شەوی رابردووی داعش لە سنووری قەزای کفری شەهید بوو. لە هێرشەکەی شەوی رابردوودا بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە، پێشمەرگەیەک شەهید و سێی دیکەش برینداربوون، ئەمڕۆش یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی شەهیدبوو. پێشمەرگەکە ناوی یەحیا عادلە.

هەواڵ
30-11-2021

خشتەیەکی نوێی مووچە بڵاوکرایەوە

وەزارەتی دارایی خشتەیەکی نوێی مووچەی بڵاوکردەوە و بەپێی خشتەکە وەزارەتێک و پێشمەرگەی زێرەڤانی مووچە وەردەگرن. ئەمڕۆ سێشەممە 30.11.2021 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، سبەی پێنجشەممە مووچەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لیوای نەوت و گاز و  فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی دابەشدەکرێت. بەپێی ئەو خشتەیەی پێشتر وەزارەتی دارایی بڵاویکردبووەوە، ئەمڕۆ سێشەممە مووچەی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامە دابەش دەکرێت.

هەواڵ
29-11-2021

ئەنجوومەنی وەزیران شایستەی دارایی سێ مانگی بۆ مامۆستای وانەبێژ خەرجکرد

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، شایستەی دارایی سێ مانگی ئەمساڵ بۆ مامۆستایانی وانەبێژ خەرج بکات. ئەمڕۆ دووشەممە 29.11.2021 فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگەکانی (چوار، پێنج و شەش)ی ساڵی 2021، خەرج بکرێت. شایستە داراییەکە بەمشێوەیە:  بڕوانامه‌ی بەكالۆریۆس و سه‌رووی به‌كالۆریۆس، بڕی 550 هەزار دینار.بڕوانامه‌ی دبلۆم بڕی 450 هه‌زار دینار.

هەواڵ
29-11-2021

هێزێکی سەر بە بافڵ تاڵەبانی 20 تۆن زێڕ له‌ژێر چنگی لاهوور جه‌نگی دەردە...

له‌ دوای ڕووداوه‌كانی هه‌شتی ته‌مووزی نێو یه‌كێتییه‌وه‌، باس له‌ بوونی ده‌یان تۆن زێڕ له‌ ژێرزه‌مینی هۆتێل لاله‌زار ده‌كرا و سه‌رچاوه‌یه‌كیش ڕایگه‌یاند، هێزێكی سه‌ر به‌ بافڵ جەلال تاڵەبانی، هاوسەرۆكی بڕیاربه‌ده‌ستی یه‌كێتی، كۆنتڕۆڵی ئه‌و زێڕەی كردووه‌. سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار ڕایگه‌یاند: ”سەدان قاڵبی زێڕ، کە مەزەندە دەکرێت بە بەهای 200 ملیۆن دۆلار بێ و زیاتر لە ۲٠ تۆن زێڕ بێت، له‌ هۆتێڵ لالەزاری گردەکەی سەرچناری سلێمانی، شاردرابوووەوە بەو ئامانجەی لاهوور جەنگی بورهان و براكانی بیبەنە دەرەوەی وڵات، هێزەکانی نزیك له‌ بافڵ تاڵەبانی، بە نێوانگیریی دلێری سەید مەجید، سه‌ركرده‌ی دیاری یه‌كێتی، توانیویانە ئەو زێڕە لە ژێر چنگی لاهوور و براكانی دەربهێنن“. جێی باسە تا ئێستا لەلایەن باڤڵ تاڵەبانی و میدیاکانی نزیکیەوە، چارەنووسی ئەو ۲٠ تۆن زێڕە رانەگەیەندراوە، ئاخۆ دەگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت یان دەبێتە موڵکی یەکێتی یاخود یان خەڵکی تر دەستی بەسەردا دەگرن، لاهوور جەنگی بورهانیش باسی ئەو رووداوە ناکات و  پەردەپۆشی کردووە، چونکە بەقسەی ئەو سەرچاوەیە ئەگەر لاهوور  باسی بکات، ئەودەم ئاشکرا دەبێ کە ئەو بڕە زێڕە دزراوە و لە هۆتێل لالەزار شاردراوەتەوە و دەبێتە بەڵگەیەکی تر لەسەر لاهوور جەنگی بورهان و براکانی. ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتر لاهوور جه‌نگی بورهان و براكانی، به‌ قاچاخچێتیی زێڕ له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی ناویان ده‌ركردبوو، ئەمەش وێڕای كاری قاچاخچێتی له‌ سنووره‌كان و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كاری بازرگانیی سلێمانی و مۆنۆپۆڵكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات له‌و شاره‌. باس نیوز

هەواڵ
29-11-2021

عوسمانی حاجی مەحموود لەبارەی ڕاگەیاندنی حیزبی نوێ ڕوونکردنەوە دەدات

عوسمانی حاجی مەحمود لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەبارەی ڕاگەیاندنی حیزب، دەڵێت: لە گفتوگۆیەکی دورو درێژی دۆستانەی بەردەوامدان لەگەڵ چەندین کەسایەتی و کارەکتەری سیاسی بۆ چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ دۆخی خراپی کورستان، بەڵام لەبارەی پێكهێنانی حزب یان ھەرفۆرمێکی تری سیاسییەوە ھیچ جۆرە بڕیارێك نەدراوە. دەقی ڕوونکردنەوەکەی عوسمانی حاجی مەحموود لەهەندێك دەزگای راگەیاندن وا باس دەکرێ كە ئێمە لەگەڵ كۆمەڵێك لە هاورێ و دۆستان و خەمخۆرانی گەلەكەمان  حزبێکی سیاسیمان راگەیاندووە، سوپاس بۆ ئەو میدیا و کەسانەی کە دیارە لە دڵسۆزیان بۆ ئێمەو بۆ خەڵک هەواڵەكەیان  بەوشێوەیە داڕشتووە، راستیەکەی ئەوەیە کە گفتوگۆیەکی دورو درێژی دۆستانەی بەردەوام لە نێوان ئێمەو چەندین  کەسایەتی و کارەکتەری سیاسی دڵسۆز و خەمخۆردا ھەیە بۆچۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ دۆخی خراپی کورستان و ژیانی خەڵک  و دۆزینەوەی دەرەچەیەکی گونجاو، بەڵام لەبارەی پێكهێنانی حزب یان ھەرفۆرمێکی تری سیاسیەوە ھیچ جۆرە بریارێك نەدراوە. ماڵپەڕو پەیجی (متمان نێت)یش تەنھا میدیایەکەو ئامانجەکەی خزمەتی خەڵک و ئەو ئاراستەو بیرکردەوانەیە کە لە  خەمی دۆزینەوەو بنیاتنانی ھیواو ئومێدن بۆ ئایندەی گەلەکەمان. عوسمانی حاجی مەحمود ٢٩/١١/٢٠٢١

1 2 ... 694 695 696 ... 1148 1149