Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13779 بابەت
هەواڵ
04-12-2021

بافڵ تاڵەبانی سەرقاڵی پلانێکە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی یەکێتی

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی بۆ بوون بەسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی، بەدوای میکانیزمێکی نوێ‌ دەگەڕێت، ئەوەش دوای شکستی لەئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حیزبەکەی. بەپێی زانیارییەکان بافڵ تاڵەبانی، کە ئێستا هاوسەرۆکی یەکێتییەو تەواوی دەسەڵاتەکانی حیزبەکەی لایە، کەسە نزیکەکانی لەمەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتی راسپاردووە، بۆ ئەوەی میکانیزمێکی نوێی پەیڕەوی بدۆزنەوە، تا لەو رێگەیەوە بکرێتە سەرۆکی یەکێتی. هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەم هەوڵەی بافڵ تاڵەبانی دوای شکستی ئەو هەوڵانەیە، کە لەمانگی رابردوو بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی درا، بەڵام سەرجەم هەوڵەکان بێ‌ ئەنجامبوون. مانگی رابردوو چەند جارێک هەوڵدرا کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بکرێت، بۆ ئەوەی لەو کۆبوونەوەیە بەدەنگی زۆرینەی سەرکردایەتی، بڕیاری "دەرکردن"ی لاهور شێخ جەنگی‌و چەند ئەندامێکی تری سەرکردایەتی یەکێتی لەحیزبەکە پەسەند بکرێت‌و بافڵ تاڵەبانیش بکرێتە سەرۆکی یەکێتی. بافڵ تاڵەبانی لەدووی تشرینی دووەم بە بڕیارێک، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی‌و سێ‌ ئەندامی تری سەرکردایەتی حیزبەکەی (ئاڵا تاڵەبانی، ژینۆ محەمەد، شادومان مەلا حەسەن)، لە یەکێتی "دەرکرد"، ئەمە جگە لە بڕیاری سرکردنی ئاراس شێخ جەنگی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ ماوەی شەش مانگ. لەدوای ئەو بڕیارانە، بافڵ تاڵەبانی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی راسپارد بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی بەشێک لەسەرکردایەتی حیزبەکە بۆ بەشداری لەو کۆبوونەوەیە، هەوڵەکان بێ‌ ئەنجامبوون. زانیارییەکان باس لەوەش دەکەن، کە بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت ئێستا لەدەرەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی‌و بەمیکانیزمێکی نوێ‌ ئەو بەرنامەی جێبەجێبکات، ئەویش ناساندنێتی وەک سەرۆک یان سکرتێری یەکێتی‌و چوارچێوەیەکی پەیڕەویشی پێبدات. بڕیاری "دەرکردن"ی لاهور شێخ جەنگی‌و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی لەحیزبەکە، پەیوەندی بەو کێشانەوە هەیە، کە لەمانگی حەوتی رابردووەوە لەلانێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هەیە. ژێدەر بوار نیوز

هەواڵ
04-12-2021

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

هەموولایەک ئاگادارن کە لە چەند رۆژی رابردوو چەند ناوچەیەکی کوردستان ڕوبەرووی پەلاماری تیرۆریستان بووەوە، رۆحی شەهیدانمان ئاسوودە بێت، ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەکەین.لە نێو شەهیدانی ئەمجارەی پەلاماری تیرۆریستان، قوتابییەک بەناوی (بـارزان ئیسماعیل) کە تەمەنی (دە) ساڵ بوو لە پۆلی چوارەمی بنەڕەتی لە (قوتابخانەی خدر جیجە) لەکاتی یارمەتیدانی براکانی بۆ تێکشاندنی دوژمنان و تیرۆریستان شەهید دەبێت، (شەهید بارزان)ـی قوتابی خۆی بووە قوتابخانەیەک بۆ فێربوون و سوود وەرگرتن لە وانەکانی بەرگریی و ئیرادە و خۆشەویستی نیشتیمان.بۆ رێزگرتن لە رۆحی ئەو پێشمەرگە و هاوڵاتییانەی کە شەهید بوون لە سنووری گەرمیان و قەرەچوغ و شەهیدی قوتابی (بـارزان)سبەی یەکشەممە رێکەوتی ٥ی١٢ی ٢٠٢١، پێش وانەی یەکەم لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی خولەکێک رادەوەستین وەک رێزلێنان لەگیانی پاکی شەهیدانمان. و بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێریش رادەسپێرین کە یەکێک لە قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی مەخمور بکەن بەناوی قوتابخانەی شەهید( بـارزان ئیسماعیل)رۆحی شەهیدان شاد بێت و کوردستان پارێزراوبێت. وەزارەتی پەروەردە٤ی١٢ی٢٠٢١

هەواڵ
04-12-2021

پارتی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئامادەکردووە

دوای یەکلایی بوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و تۆمەتبارکردنی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بە دەستێوەردان لە ئەنجامەکان، پێناچێ جارێکی تر پارتی بەوە ڕازی بێت کە بەرهەم سالح ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار. پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا بە فەرمی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستی بە دانوستاندن نەکردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست باڵکێش کەوتوون، پارتی کاندیدی خۆی ئامادەکردووە کە هەریەکە لە هۆشیار زێباری و فوئاد حوسێنن. هەر بەپێی زانیاریەکان، لە ئەگەری رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە، پارتی رەزامەندی لەسەر مەلا بەختیار و عەدنان موفتی دەردەبڕێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. چونکە وەکو پارتی دەڵێ "دەبێ ئەو پۆستە بە کەسێکی نیشتمانی بدرێت". رۆژی 9ی10ی2021 باڵکێش ڕاپۆرتێکی بەناوی "خۆری سیاسی بەرهەم ساڵح ئاوابوو" بڵاوکردەوە و وردەکارییەکانی ئاوابوونی خۆری سیاسی بەرهەم ساڵحی تێدا ڕوونکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو: دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بە پشتگیری ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و زۆرینەی سەرکردایەتی، چەندین گۆڕانکاری کرد و لاهور جەنگی و سێ ئەندامی سەرکردایەتی دوورخستەوە. پۆست داهاتووی بەرهەم ساڵحیش کەوتۆتە مەترسییەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو خاوەن گەورەترین فراکسیۆنی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، نایەوێ جارێکی دیکە بە ئاسانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆماربێ بۆ یەکێتی و چەند جارێک بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەکردوە کە ئەو پۆستە بە مافی خۆیان دەزانن. بەپێی زانیاریەکان، ئەگەر پارتی ئامادەبێت پۆستەکە بدرێتەوە بە یەکێتی، دەبێ بە کەسێک بدرێت کە خۆی ڕەزامەندی لەسەر دەرببڕێت، ئەمەش وا دەکات کە بەرهەم ساڵح بکەوێتە دەرەوەی هاوکێشەکەوە، چونکە پارتی تێبینی زۆری لەسەر ئەدای کارەکانی هەیە. لە گۆڕانکارییەکانی یەکێتیدا، بڕیارە دوو جێگر بۆ بافڵ تاڵەبانی دابنرێت، یەکێک لە سەرکردایەتی هەولێر و ئەوی تر لە سەرکردایەتی کەرکووک. بۆیە ئەمەش خەونی جێگریی بەرهەم ساڵح لەناو یەکێتی لەگۆڕ دەنێ. پێشتر بەرهەم ساڵح بە پاڵپشتی لاهور جەنگی بووە کاندیدی ژمارە یەکی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام ئێستا پاڵپشتییەکانی لاواز بوون و لای پارتیش ویستراو نییە بۆ ئەو پۆستە. بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێ خۆری سیاسیی بەرەو ئاوابوون بچێت.

هەواڵ
04-12-2021

سەرۆک بارزانی: تۆلەی شەهیدان دەکرێتەوە

دەقی وتاری سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی رەوەندی كوردی لە هەولێر بەناوی خوای گەورە و میهرەبانئامادەبوانی بەڕێزبەخێرهاتنێكی گەرمی هەمووتان دەكەم، بەخێربێن سەرچاوانئەندامانی كۆنگرە، پیرۆزباییەكی گەرمتان لێ دەكەم كە بڕیارتان دا كۆنگرەكەتان لە هەولێری پایتەختی كوردستان، هەولێری دوژمن بەزێن ببەستن. هیوادارم كۆنگرەكەتان سەركەوتوو بێت و ئامانجەكەی بپێكێت كە مەبەست ئەوەیە رەوەندی كوردستانی لە دەرەوە رێك بخرێت و ئەركەكان دیاری بكرێن و هەموو پێكەوە هەوڵ بدەن خزمەتی گەلەكەتان بكەن.خوشك و برایانی بەڕێزئێمە رەوەندی كوردستانی لە دەرەوەی وڵات بە سامانێكی نەتەوەیی زۆر زۆر گرنگ دەزانین، ئێوە دەتوانن رۆڵێكی زۆر زۆر گەورە ببینن لە پشتگیری میللەتەكەتان. ئێوە دەتوانن خۆتان رێك بخەن و لۆبییەكی بەهێز دروست بكەن و لە هەموو بوارێكدا ڕۆڵێكی سەرەكی ببینن بۆ پشتیوانیی دۆزی گەلەكەتان.خەباتی گەلی ئێمە هەمیشە خەباتێكی رەوا و ئاشتییانە بووە و قەت گەلی كوردستان بژاردەی شەڕی هەڵنەبژاردووە، بەڵام ئەگەر ناچار كرابێت بەرگری لە خۆی كردووە و بەرگریكردنیش مافێكی ڕەوایە. بەرگریكردنی گەلی ئێمە بەرگری كردن بووە لە مان و نەمان.قەت رۆژێك لە ڕۆژان كورد نەچۆتە سەر خاكی كەسیتر و تەعەدای لە كەس نەكردووە، بەڵام هەمیشە ئامادەبووە و لەمەودواش ئامادە دەبێت بەرگری لە مان و نەمانی خۆی بكات. ئێمە ئومێدەوارین و داواكارین كە دۆزی گەلی كورد لە هەموو پارچەكان بە شێوەیەكی ئاشتی و دیموكراسی چارەسەر بكرێت. شەڕ چارەسەر نییە نە بۆ كێشەی گەلی ئێمە و نە بۆ كێشەی هیچ گەلێكی تر، بەڵام خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە لێرەدا، ئێمە وەكوو كورد و كوردستانی، دەبێ زۆر زۆر وریا بین خیلاف لەگەڵ ڕژێمەكان نابێ ببێتە دوژمنایەتی لەگەڵ گەلان.كوردستان نموونەیەكی جوانە بۆ پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و هەمیشە گەلی كوردستان شانازی بەوە كردووە كە ئەم فەرهەنگە زۆر زۆر كۆنە و دەبێ ئەو فەرهەنگە بپارێزرێ، دونیاش بزانێت كە كوردستان وڵاتی پێكەوە ژیانە، هەمیشە ئامانجی گەلی ئێمە ئەوە بووە كە بەرگری و پاراستنی مافی پێكهاتەكان، بەردەوامیش خەبات بۆ ئەوە دەكات.خوشك و بارایانی بەڕێزهیوادارم ئەم خاڵانە لەبەرچاوی ئێوە بێت:١- رەوەندی كوردی كارێكی جددی بكات بۆ خۆڕێكخستن و كۆكردنەوەی هەموو دڵسۆز و وڵاتپارێزان٢- رێزگرتن لە یاسا و ڕێسای ئەو ولاتانەی تێیدا دەژین و خۆتان بەدوور بگرن لە هەر كارێكی ناڕاست و دژی یاسا٣- گەنجانی خۆتان هان بدەن بۆ خویندن و خۆپێگەیاندن و پەروەردەی منداڵان بە دیرۆك و زمان و گەلی خۆتان لەبیر نەكەن.٤- دروستكردنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ هەموو رەوەندی نەتەوەكانی دیكە كە لەو وڵاتانەدا لەگەڵتاندان.٥- هەولدانێكی جددی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دۆست بۆ دۆزی گەلی كوردستان و هەوڵدان بۆ ئەوەی پشتیوانیی ئێوە بكات بۆ ناساندنی جینۆساید و هەموو ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی كوردستان كراوە، چونكە پێویستە پەرلەمان و خەڵكی ئەو ولاتانە فشار لە دەوڵەتی خۆیان بكەن تاوەكوو ئەو مافە بۆ گەلی كوردستان بناسرێ، چونكە زۆر هەوڵ لەگەڵ حكوومەتەكان دراوە، بەداخەوە تا ئێستا بەدەنگەوەهاتن نەبووە، پێویستە فشاری پەرلەمان و خەڵكی ئەو وڵاتانە هەبێت و ئێوە دەتوانن ڕۆڵێكی زۆر سەرەكی ببینن.٦- پشتیوانیكردنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان كە بەداخەوە هێشتا مەترسیی زۆر گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە.بەداخەوە پێش چەند ڕۆژێك لە ناوچەی گەرمیان و دوێنێ لە مەخموور تیرۆریستان چەندین هاووڵاتی و پێشمەرگەیان شەهید كردووە، ئەمە ئەو حەقیقەتە پیشان دەدات كە هێشتا مەترسیی گەورە لەسەر هەرێم هەیە. من لێرە هەموو خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە كە تۆڵەی شەهیدان دەكرێتەوە و خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ ناچێت.لە كۆتاییدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی هەموو شەهیدان، شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و رزگاری، جارێكیتر هەموان بەخێر بێن. هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەتان دەخوازم و چاوەڕێیەكی گەورەمان بۆ هەوڵی ئێوە هەیە. دڵنیا بن ئەوەی لە دەستمان بێت ئێمە پشتیوانی ئێوە دەبین.بەخێربێن سەرچاوان.

هەواڵ
03-12-2021

مەسرور بارزانی سەردانی بریندارانی هێرشی تیرۆریستانی داعش دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 3ی دیسەمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر، سەردانی پێشمەرگە بریندارەکانی هێرشی تیرۆریستانی داعشی کرد بۆ سەر بناری قەرەچووخ.سەرۆکی حکومەت لە نزیکەوە، لە تەندروستی پێشمەرگە بریندارەکانی پرسی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ خواستن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، هەرچی پێویست بێت بۆ چارەسەرکردنیان بکرێت. سەرۆکی حکومەت هەروەها ستایشی قارەمانیەتی و خۆڕاگری پێشمەرگەکانی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و بەرگریکردن لە خاکی کوردستان.

هەواڵ
03-12-2021

ڕاگەیەنراوێک لە دژەتیرۆری کوردستانەوە

بە داخەوە شەوی رابردوو لە ئاکامی پەلاماری دڕندانەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووغ، ژمارەیەك هاونیشتمانی و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. لێرەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ئەو كردەوە تیرۆریستییە دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین. چەندبارەبوونەوەی شەهیدبوونی سێ رۆڵەی دایکێک لە یەک کاتدا لە مێژووی دوور و نزیکی گەلەکەماندا، نموونەی باڵای ئەو پەروەردەیە کە دایکانی کورد رۆڵەکانیان بە گیانفیدایی و نیشتمانپەروەرانەوە پەروەردە دەکەن لە پێناو خاک و نیشتماندا، پەیامی ئەو دایکە قارەمان و شێرەژنە، ورە و گڕوتینێکی گەورە و زیاتر بە ئێمە دەبەخشێت کە مکووڕانەتر بەردەوامبین لەسەر رێباز و دۆزی باڵای گەلەکەمان و لە پێناویدا گیانفیدایی بکەین و سازش لە مافەکانی گەلەکەمان نەکەین. هاوکات پێویستە لایەنی پەیوەندیدار پێداچوونەوە و وردبینی زیاتر و باشتر بە كاروباری هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەكان بكات و لێپرسینەوەش لە بەرانبەر هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك بکات. لێرەشەوە داواکارین چیتر خەمساردانە و بێباکانە تەماشای ئەو بۆشاییە ئەمنییەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەکرێت کە خاک و ژیانی هاونیشتمانییانی خستووەتە بەر مەترسیی راستەقینە، داواکارین هەرچی زووە هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش زیاتر بکرێت تا دەرفەت بە تیرۆریستان نەدرێت ئەو کەلێنانە بە مەبەستی مەرام و پیلانەکانیان بقۆزنەوە. هەزاران سڵاو لە رۆحی بەرزەفڕی شەهیدانی شەڕی تیرۆریستان و تەواوی شەهیدانی رێگای ئازادیی کوردستان دژەتیرۆری کوردستان3ی کانوونی یەکەمی 2021

گشتی
03-12-2021

نرخی نەوت بەرزبووەوە

ئەمڕۆ هەینی نرخی هەر بەرمیل نەوتی برێنت 1 دۆلار و 4 سەنت بەرزبووەوە بە 70 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.  هەروەها بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 1 دۆلار و 15 سەنت بەرزبووەوە بە 67 دۆلار و 64 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. 

هەواڵ
03-12-2021

5 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

ڕاگەیاندراوی ( ٢٤ ) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە ( ٦٤٦ ) ١. پشکنین: ( ٥٢٤٨ پشکنینی نوێ)• ( ٢٦١٤) هەولێر• ( ٧٧٠) سلێمانی• ( ١٦٣٥) دهۆك• ( ٢٠) هەڵەبجە• ( ١١٢) گەرمیان• ( ٩٧) ڕاپەڕین•٢. تووشبوو: ( ٣٦٩ تووشبووی نوێ)• ( ١٠٧) هەولێر• ( ٦٣) سلێمانی• ( ١٧٠) دهۆك• ( ٣) هەڵەبجە• ( ١٤) گەرمیان• ( ١٢) ڕاپەڕین٣. چاکبوون: ( ٤٥٦ چاکبوون)• ( ١٣٠) هەولێر• ( ٨٥) سلێمانی• ( ٢١١) دهۆك• ( ١٠) هەڵەبجە• ( ١٢) گەرمیان• ( ٨) ڕاپەڕین•٤. مردن: ( ٥ مردن)• ( ٢) هەولێر• ( ٣) سلێمانی• ( ٠) دهۆك• ( ٠) هەڵەبجە• ( ٠) گەرمیان• ( ٠) ڕاپەڕین • ئاماری گشتی:کەرەنتین هاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)پشکنین ٣٥٤٢٤٧٦ (١٢٩٥٧٦٠ هەولێر، ٨٦٦٠٦١ سلێمانی، ١٣٥٥١٩٧ دهۆك، ٢٥٤٥٨ هەڵەبجە)تووشبوون ٣٧٦٤٩٦ (١١١٧٨٨ هەولێر، ١٢٩٣٥٥ سلێمانی، ١٢٨٠٢٠ دهۆك، ٧٣٣٣ هەڵەبجە)چاکبوون ٣٦٤٢٧٦ ( ١٠٧٨٥٣ هەولێر، ١٢٥٠٨٣ سلێمانی، ١٢٤٣٢٨ دهۆك، ٧٠١٢ هەڵەبجە)لەژێر چارەسەر ٥٣٠٩ (١٩٥٣ هەولێر، ١٣١١ سلێمانی، ١٩٦٣ دهۆك، ٨٢ هەڵەبجە)مردن ٦٩١١ (١٩٨٢ هەولێر، ٢٩٦١ سلێمانی، ١٧٢٩ دهۆك، ٢٣٩ هەڵەبجە)

هەواڵ
03-12-2021

پەیامێك لە سەرۆك بارزانییەوە

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان بە داخێكی زۆرەوە لە ئەنجامی پەلاماری وەحشیانەی تیرۆریستانی داعش لە شەوی ڕابردوو لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچوغ ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی ئەو كردەوە تیرۆریستیە دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای مەزن داواكارم گیانی پاكی شەهیدەكانمان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و دڵنەوایی بە كەسوكار و بنەماڵەكانیان ببەخشێت و هیوای شیفا و چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم. سەرەخۆشی لەو شێرەژنە قارەمانە دەكەم كە سێ كوڕی لە ئەنجامی پەلاماری شەوی ڕابردووی تیرۆریستان گەییشتنە كاروانی نەمران و شەهیدبوون و، لە خودای گەورە داواكارم سەبر و ئارامی پێ ببەخشێت. گوتەكانی ئەو شێرەژنە بۆ هەموومان مایەی ورە و پێداگری و بەردەوامبوونە لەسەر ڕێباز و قەزییە باڵاكانی گەلەكەمان و، لە دڵەوە سوپاسی دەكەم. ئەوەش ڕادەگەیێنم كە لەپێناو پاراستن و بەرگری لە خاك و نیشتیمانمان، پێویستە پێداچوونەوە و وردبینی زیاتر بە كاروباری هێزەكانی پێشمەرگە و هێڵە بەرگرییەكاندا بكرێت و ئیجرائاتی پێویستیش وەربگیرێت لە بەرانبەر هەر جۆرە كەمتەرخەمییەك. پێویستە بە زووترین كاتیش تۆڵەی خوێنی شەهیدەكانمان لە دوژمن بكرێتەوە. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی دژی داعش و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان. مسعود بارزانی3ی كانوونی یەكەمی 2021

گشتی
03-12-2021

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

بە داخ و خەمێکی قووڵەوە، دوێنێ شەو لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووخ، ژمارەیەک هاووڵاتی و پێشمەرگەی قارەمان شەهیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین و هاوخەمیانین ، خوای میهرەبان گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە خێزان و کەسوکارەکانیان ببەخشێت، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.تیرۆریستانی داعش، بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆیە پێویستە هەرچی زووە، هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، بەهێزتر و تۆکمەتر بکرێت و ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر، بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆڕێکخستنەوە و گەشەکردنی تیرۆریستانی داعش و هێرش و پەلامارە دڕندانەکانیان بهێنرێت و ژیانی پێشمەرگە و دانیشتووانی ئەو ناوچانەش، پارێزراو بێت.حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆی بۆ برەودان بە هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق بە گشتی و ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە بەر پەلاماری داعش بەتایبەتی، دووپات دەکاتەوە. مەسرور بارزانیسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هەواڵ
03-12-2021

پەیامێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

زۆر بە توندی سەرکۆنەی هێرشى دڕندانه‌ى شەوی ڕابردووى تيرۆرستانى داعش لە ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووخ لە سنووری مەخموور بۆ سه‌ر خه‌ڵكى سڤيل ده‌كه‌ين كه‌ لە ئەنجامدا سێ برا لە یەک خێزان شەهید و چەند هاووڵاتییەکی دیکەش بریندار بوون، لەگەڵ شەهیدبوونی ژماره‌يه‌ك پێشمەرگەى قاره‌مان و برینداربوونی ژماره‌يەکی دیکەیان له‌ كاتى ئۆپه‌راسيۆنى ڕاونانى تيرۆرستاندا. پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و کەسوکاری سه‌ربه‌رزى شەهیدان دەکەین و لە دڵەوە هاوسۆز و هاوخەمیانین. خوای مەزن گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە خێزان و کەسوکاریان ببەخشێت. هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازين. هێرش و پەلامارى ڕۆژانه‌ى تیرۆرستانی داعش، ئيتر کاردانەوەی توند و خێرا و گرتنەبەری ڕێکاری بەرگری و سەربازیی تۆکمەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان دەوێت کە سنوورێکی یەکجاری بۆ تاوان و کردەوە تیرۆرستییەکانیان دابنێت. بۆ ئەم مەبەستە پێداچوونه‌وه‌ به‌ دۆخ و توانا سه‌ربازييه‌كاندا و هەنگاوی خێرا و هەنووکەیی بۆ هەماهەنگیی کاراتری سوپای عیراق و پێشمەرگە و بەشداری و پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێویستە کە بۆشاییی ئەمنی و سەربازی بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان پڕ بکاتەوە. لە ڕووی سیاسیشەوە دەبێ هەموو هێز و لایەنە عیراقییەکان بزانن کە تا پرۆسەی سیاسی ڕاستەڕێ نەبێت و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات جێگیر نەبێت، تیرۆرستان زیاتر دۆخەکە دەقۆزنەوە، بۆیە ئەرکی لەپێشینەی نیشتمانیی تەواوی عیراقییەکانە تا زووە ناکۆکیی سیاسی تێپەڕێنن و هەموومان پێکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گێڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری کار بکەین. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ٣\١٢\٢٠٢١

هەواڵ
03-12-2021

راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

بەداخەوە، کاتژمێر ٢٢٠٠ شەوی ٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١، تیرۆریستانی داعش، پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغیان دا، لەم پەلامارە دڕندانەیەدا، کوێرانە کەوتنە دەستڕێژی کردن لە خەڵکی سڤیلی گوندەکە، لە ئەنجامدا سێ هاوڵاتی شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.هێزەکانی پێشمەرگە بەزوویی بەهانای خەڵکی گوندەکەوە چوون و توانیان لەماوەیەکی کەمدا، بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و تیرۆریستان راو بنێن.دواتر هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا، لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەهید بوون.وێڕای راگەیاندنی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگە و شەهیدانی گوندی خدر جیجە، دوپاتی دەکەینەوە، کە خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن.وەزارەتی پێشمەرگە، جارێکی تر رایدەگەیەنێت، کە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانان، پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و بەبێ چاوەڕوانی کردن دەبێت ئۆپەرسایۆنی هاوبەش دەست پێبکەین و نابێت چیتر رێگە بدەین، تیرۆریستان مۆڵگەو شوێنی حەوانەوەکانیان وەک خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت. وەزارەتی پێشمەرگە٣ی کانونی یەکەم ٢٠٢١

1 2 ... 692 693 694 ... 1148 1149