ڕوونکردمەوەیەک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان. بەناوی خوای گەورە و میهرەبانبابەت هەڵپەساردنی خۆپیشاندان :سڵاو خوێندکارانی خۆشەویست وەک ئاشکرایە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە ئێمە وەک خوێندکارانی زانکۆکانی سلێمانی، ڕاپەڕین، هەڵەبجە و هەولێر. بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنمان کردووە بەمەبەستی داواکردنی مافە ڕەواکانمان بە شێوەیەکی ئاشتیانە وە ڕایدەگەیەنین هەرکارێکی ناشارستانی کرابێت تەعبیر لە چینی خوێندکار ناکات و ئێمە دوورین لێی ، جێی باسە داواکاریەکانی ئێمەی خوێندکار ڕوون و ئاشکرا بوون کە بریتیبوون لە :ــ گەڕانەوەی دەرماڵەــ گەڕانەوەی شکۆی خوێندکار و شکۆی زانکۆــ سزادانی ئەو کەسانەی بوونەتە مایەی ئازاری خوێندکارــ باشکردنی بەشەناوخۆییەکان شایەنی باسە کە توانیومانە بەیەکگرتووی دەرماڵە بگەڕێنینەوە لەژێر ناوی پاڵپشتی. توانیمان کارێک بکەین کە بڕیار بدرێت بە گۆڕینی سەرۆکی چوار زانکۆ لەپێناو گەڕانەوەی شکۆی خوێندکار و زانکۆ. بەڵێندراوە بە سزادانی ئەو کەسانەش کە سزای خوێندکاریان داوە . دەست کراوە بە باشترکردنی بەشەناوخۆییەکان و لیژنەکان بەردەوامن لە ناوچە جیاوازەکان . لەڕێگەی لیژنەیەک لە پەرلەمان و مامۆستایانی دڵسۆزەوە لەهەوڵی کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێلداین. دوای ڕاوێژکردن بە کەسانی شارەزا و ئەکادیمی بە باشمان زانی لێرەدا بوەستین تا سەری ساڵی نوێ و چاوەڕوانی ئەو بەڵێنانە بین کە پێمان دراوە ، ئەگەر خاوەن بەڵێن بوون و ئامانجەکانمان هاتەدی ئەوا توانیومانە ئامانجەکان بپێکین ئەگەر نا ئەوابەردەوام ئەبین و ڕێگای تر بەکار دەهێنێن لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانماندا. خوایگەورە هەموو لایەک بپارێزێت و دەستی ماندووبونی یەک یە یەکتان دەگوشین، بەپێویستیشی دەزانین داوای لێبوردن لە هەر کاسپکارێک، فەرمانبەرێک،هاوڵاتیەک بکەین کە بەهۆی ئێمەوە هە زیانێکی بەرکەوتبێت. گروپی ڕاوێژ لە فێرخوازانی ناڕازی زانکۆو پەیمانگاکانی سنورەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی دیسەمبەری 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە. ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی دەربارەی هێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش کرد بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگەی قارەمان و هاووڵاتی. سەرۆک وەزیران ، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست. سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەشدا کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش. سەرۆک وەزیران دووپاتیکردەوە، کە هەرچی پێمان بکرێت دەیکەین، بۆ پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و پاراستنی خەڵکی خۆڕاگری ئەو ناوچە کوردستانییانەی ڕووبەڕووی هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش بوونەتەوە کە ئەم هێرشانە، بە شێکن لە سیاسەتی بەردەوامی گۆڕینی دێموگرافی ئەو ناوچانە و ناچارکردنی دانیشتووانەکانیان بۆ ئەوەی شوێنەکانیان چۆل بکەن. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای ( پەروەردە و فێرکاری لە هەرێمی کوردستان ) لە لایەن ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە خرایە ڕوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران، بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد، بە ئامانجی ڕێکخستنی هەموو بوارە پەروەردەیی و فێرکارییەکان لە سەر بنەمای سەردەمیانە و برەودانی زیاتر بە پرۆسەی خوێندن لە پێناو دانانی بناخەی سیستەمێکی پەروەردەیی نوێی کوردستانی. پڕۆژە یاساکە، فراوان وگشتگیرە و کۆی پرۆسەی پەروەردە و فێرکاری، لە کەرتی حکومی و تایبەت لەخۆ دەگرێت. پاشان کەمال محەمەدساڵح وەزیری کارەبا، پڕۆژە یاسای ( هەمواری یەکەمی یاسای وەزارەتی کارەبا ژمارە 6ی ساڵی 2021 ) خستەڕوو، کە ئامانج لێی، باشتر ڕێکخستنەوەی هەیکەلیەتی وەزارەتە. پڕۆژە یاساکە، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا و بڕیاردرا بە ناردنی هەردوو پڕۆژە یاساکە، بۆ پەرلەمانی کوردستان. ئینجا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بابەتی وشکەساڵی و مەترسییەکانی بۆ سەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە سەرئەنجام کاریگەری لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی پەیینی کیمیایی و ماددە قڕکەرەکان و کاریگەری بۆ سەر داچاندنی بەرهەمی دانەوێڵەی گەنم و جۆ و دۆخی ئاژەڵداران و کێڵگەکانی پەلەوەری و سامانی ماسی و بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک دەبێت. لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بە گرنگیدان بە سەرچاوە ئاوییەکان و بەنداوەکان و پڕۆژە ئاودێرییەکان و گلدانەوەی ئاوی پێویست و پاراستنی ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو کرا، لە ڕێگەی هوشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و هەروەها چەندین پێشنیاری ئاسانکاریی بۆ جووتیاران وئاژەڵدارانی هەرێم خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی بەو ئاسانکارییانە ڕاسپارد، کە کاریان لەسەر بکەن و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان، هاوکاریان بن. پاشان حەمەی حەمە سەعید وەزیری ڕۆشنبیریی و جووتیار عادل سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیار و ڕاسپاردەیان بۆ ڕێکخستنی مامەڵەی میدیا و سۆشیال میدیا، لە گەڵ دۆخی ئێستای بەرەکانی جەنگ دژ بە تیرۆریستانی داعش خستەڕوو ، کە پێویستە وەک ڕاگەیاندنی بەرپرس، ڕۆڵی خۆیان ببینن لە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و سەلامەتی و ژیانی پێشمەرگە قارەمانەکان، بە پێچەوانەوە کاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر پلانەکانی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان و سەنگەرەکانی بەرگری.
ھۆتێل لالەزار لە سلێمانی لەبارەی تێکەڵکردنی ھۆتێلەکەیان بە ڕووداو و ململانێ ناوخۆییەکانی یەکێتی ڕوونکردنەوە دەدات و ڕەتیدەکاتەوە میلیشیاو تۆمەتباری تێدابێت و ئاڵتوونی تێدا شاردرابێتەوە. دەقی ڕوونکردنەوەی ئيدارەى هۆتێل لالەزار وەک ئاشکرایە لە دوای ڕووداوەکانی ٨ـی تەمووزەوە، بە شێوەیەکی مەبەستدار و بۆ ناوزڕاندنی هۆتێلەکەمان، ناوی هۆتێل (لالەزار) تێکەڵ بە ڕووداو و ململانێ سیاسییەکان کراوە، کە ئەمەش ئێمەی نیگەران کردووە، ئامانجی سەرەکی ئيمه خزمەتکردن بووە بە بواری گەشتوگوزار لە شاری سلێمانی و پێشوازیکردن لەو میوانانەی کە ڕوودەکەنە شارەکە، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا لە لایەن چەند کەسێک کە پۆست و پێگەی سیاسییان هەیە، لە ڕێگەی میدیا چەواشەکار و پەیجە بێ دایک و باوکەکانیانەوە لە سۆشیال میدیا، هەر ڕۆژێک بە جۆرێک ناوی هۆتێلەکە دەزڕێنن، جارێک دەڵێن میلیشیای تێدایە و تۆمەتباری تێدا حەشاردراوە و جارێکیش دەڵێن ژێرزەمینەکەی ئاڵتوونی تێدا شاردراوەتەوە، کە ئەمانە هەمووی تۆمەتی ناڕەوا و بێبنەمان، کە جگە لە زیانی مادی، لە ڕووی مەعنەوییەوە زیانی زۆری بە هۆتێلەکە گەیاندووە، بە پێویستی دەزانین بەم ڕوونکردنەوەیە هەموو لایەک ئاگادار بکەینەوە کە (لالەزار) یەکێکە لە هۆتێلە پڕ لە خزمەتگوزارییەکانی شاری سلێمانی کە لە ئاستێکی بەرزدا پێشوازی لە گەشتیاران و میوانەکانی دەکات، بۆ پارێزگاریکردن لە ناو و ناوبانگی هۆتێلەکەشمان، لەمەودوا هەر کەس و لایەنێک ناوی هۆتێل لالەزار بزڕێنێت، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین، بۆ دڵنیایی هەموو لایەک داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە سەردانی هۆتێل لالەزار بکەن و ڕاستییەکانی بۆ هەموو لایەک بخەنە ڕوو کە لالەزار هیچ پەیوەندییەکی بەو ڕووداو و ململانێ سیاسییانەوە نەبووە و نییە. لەگەڵ ڕێزدا ئيدارەى هۆتێل لالەزار
ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراقی لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە بەردەوامی هەیە. پێشمەرگە وسوپای عێراق توانیویانە بەشێکی زۆری ناوچەکە کێوماڵ بکەن، لە هەندێ خاڵدا نزیکبوونەتەوە لە یەکتری و هاوکاری وهەماهەنگی لە نێوانیان هەیە، ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتووانە بەڕێوەدەچێت، توانراوە (١٤) شوێن و پەناگەی داعش لەناو ببرێن. هێزەکانی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسێۆنەدا، کێوماڵێکی وردی گوندەکانی (شۆراو، دەراجە، بەلەکەی سەروو، بەلەکەی خواروو، دۆڵی گولم کەوە، گوندی قۆری چایی) لە میحوەری دووی قەرەتەپە و گوندەکانی (قوبەلبن، معدانەکان، هۆدەلی، تەپەکزن، خدران، بشر) لە میحوەری یەکی گەرمەسێریان کردووە. شایانی باسە، تائێستا هیچ رووبەڕوبوونەوەیەکی راستەوخۆ، لەنێوان پێشمەرگە و پاشماوەی چەکدارانی داعش درووست نەبووە. لەو ئۆپەراسیۆنەدا، لە میحوەری گەرمەسێرەوە هەریەک لە لیواکانی (٣ و ٥ ) پیادەو لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە لیواکانی( ٩ و ١٧) پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ چەند یەکەیەکی هێزەکانی(٧٠)، بەشداریی تێدا دەکەن.
ئەمڕۆ ژمارەیەک دادوەر، لە بەردەم سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا سوێندی یاساییان خوارد. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ سەرپەرشتیی ڕێوڕهسمی سوێندخواردنی دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستانم كرد. پیرۆزبایی لێدەكەم و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم. هاوكات پشتگیریی تەواوی خۆم بۆ سەروەریی یاسا و دامەزراوە دادوەرییەكان دووپات دەكەمەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی دیسەمبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆک حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ھەولێر پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و شاندێکی سەربازی یاوەری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا،سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و شاندی یاوەری بۆ هەرێمی کوردستان، دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ کراو جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق وگەشەپێدانی بارودۆخی ئابووری و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی هێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش و گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵ وتواناکان و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا لە پێناو کۆتاییهێنان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش.
وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەیان لەگەڵ سوپای عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێت تاوەکو بەتەواوەتی کیۆماڵی ناوچەکە دەکرێت. بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8.12.2021 وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەیان لەگەڵ سوپای عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە هەردوو میحوەری یەکی گەرمەسێر و دووی قەرەتەپە، هێزەکانی پێشمەرگە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بە مەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستان، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵ کردنیان لەو ناوچانەدا ئەنجامدا، کە دەکەونە ناوچەی بایەخپێدراوی ئەمنی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی. لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە " لەم ئۆپەراسیۆنەدا، لە میحوەری گەرمەسێرەوە هەریەک لە لیواکانی (٣ و ٥ ) پیادە و لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە لیواکانی( ٩ و ١٧) پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ چەند یەکەیەکی هێزەکانی ٧٠ بەشداریی تێدا دەکەن". وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێت تاوەکو بەتەواوەتی کیۆماڵی ناوچەکە دەکرێت " ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی، لەچوارچێوەی ئەو رێککەوتنانە دێ، کە پێشتر کراون".
ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی داعش لە میحوەری ١ و ٢ و ٣ ئەم بەیانیە دەستی پێکرد
میدیا ناوخۆییەکانی عێراق رایانگەیاند، کە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی "داعش" لە دوو لاوە ھێرشیانکردووەتە سەر فەوجی 3ی لیوای 31ی فیرقەی 8ی سوپای عێراق، لە نزیک شارۆچکەی دووبز لە رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک. لە ئاکامی ھێرشەکەی تیرۆریستانی داعش 2 سەربازی عێراقی کوژران و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ دەدات. زانیاری زیاتر...
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی لە وەزیری بەرگری ئەمەریکا پێگەیشت سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، نامەیەکی لە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن پێگەیشت .لە نامەکەدا، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەکاتەوە .لە بەشێکی نامەکەی وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتووە ” سوپاسی ڕۆڵی گرنگیی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعش دەکەین و بە ڕێز و پێزانینەوە یادی قوربانیدانەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بەداعش دەکەینەوە“وەزیری بەرگری ئەمەریکا، ئاماژە بەوە دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لە بواری ڕاوێژکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگریدا.لە کۆتایی نامەکەیدا بۆ سەرۆکی حکومەت، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ” پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکادا هەیە لە سەر بنەمای بەها و ڕێزگرتنی هاوبەش. ئێمە بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی لە کارکردنی هاوبەشی نێوان هەردوولامان دەکەین. سوپاس بۆ پابەندبوونتان بەو هاوبەشییە گرنگەی لە نێوانماندا هەیە “.
مەحموود سەنگاوی، بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە روونکردنەوەیەک لەبارەی دەنگۆی دوورخستنەوەی لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت " سەرلەبەری ئەو ھەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە و ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی ڕیزی پێشەوەی سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەی لا پیرۆزترین و شەرەفمەندانەترین ئەرک و پۆست و پایەیە". دەقی ڕوونکردنەوەکە کۆمەڵانی خەڵکی بەشەرەفی کوردستان دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ناوەندە میدیایەکان بەداخەوە لە چەند میدیایەکی سێبەریەوە چەند ھەواڵێکی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی دەربارەی دوورخستنەوەی ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی بڵاوکراونەتەوە کە مەبەست لێیی چەواشەکاری و شێواندنی بیر و ھۆشی کۆمەڵانی خەڵکی بەشەرەفی کوردستانە. ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی لە ئێستادا شەرەفی سەرپەرشتیکردنی سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەەی کوردستانی پێسپێردراوە و لە ئەرک ولێپرسراویەتی خۆی وەک میحوەری ١ی گەرمەسێری ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە جگە لە لێپرسراویەتیە حیزبیەکەی کە وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) لە خزمەتکردن بەردەوامە. بۆیە بە پێویستمان زانی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی بەشەرەفی کوردستان ڕوون و ئاشکرا بێت سەرلەبەری ئەو ھەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە و ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی ڕیزی پێشەوەی سەنگەرەکانی ھێزی پێشمەرگەی لا پیرۆزترین و شەرەفمەندانەترین ئەرک و پۆست و پایەیە. ئێستاش لە ھەر کاتێک زیاتر و وەک ھەمیشە ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی ڕۆڵەی بە ئەمەک و دڵسۆزی (ی.ن.ک) و ڕێبازی پیرۆزی شەھیدانە. نوسینگەی تایبەتی ھەڤاڵ مەحمود سەنگاوی ٢٠٢١/١٢/٧