بۆ چارەسەرکردنی پرسی کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی سەری بڵند دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە.بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، ئەمڕۆ شەممە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی سەری بڵند دەکات و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق یەکلایی بکەنەوە.تائێستا یەکێتی دوو کەسی کاندید کردووە و پارتیش کاندیدێکی هەیە، بەڵام پارتی بە کاندید کردنەوەی بەرهەم ساڵح ڕازی نییە و ئەگەر یەکێتی سوربێت لەسەر کاندیدکردنەوەی، ئەوا هۆشیار زێباری کاندیدی ڕەسمی پارتیە و بە ئەگەرێکی زۆر دەبێتە سەرۆک کۆماری عێراق.باڵکێش زانیویەتی، کە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاریداوە بەبێ ڕەزامەندی پارتی، هیچ کاندیدێک نەباتە پەرلەمانی عێراق. بۆیە بە ئەگەرێکی زۆر، لەتیف ڕەشید دەبێتە کاندیدی ڕەسمی یەکێتی.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار هەولێر لە ماوەی دوو رۆژدا 12 هەزار گەشیار لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی هەولێریان کردووە.ئیسماعیل مینەخان، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەولێر راگەیاند: "تەنیا لە رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگەدا، زیاتر لە 12 هەزار گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق هاتوونەتە هەولێر".گوتیشی: "لەم مانگەدا زیاتر لە 130 هەزار و 396 گەشتیار تەنیا لە رێگەی بازگەکانەوە سەردانی هەولێریان کردووە".
عەبدوڵای کوێخا موبارەک لەسەر کەمی خزمەتگوزاریی چەمچەماڵ هاتە دەنگ و داوا لە سەرۆکی حکومەت دەکات بە هانایانەوە بێت. کەمکردنەوەی کارەبای قەزای چەمچەماڵ بەو ڕێژەیەی ئێستا لەکاتێکدا وێستگەی کارەبا و نیوەی کارەبای کوردستان لە چەمچەماڵە و بە سامانی سروشتی چەمچەماڵ کار دەکات،خەراپی کەرتی تەندروستی لە چەمچەماڵ لە کەمی ئەجیزە و دەرمان و نەشارەزایی و بێ ڕێزی بەشێکی زۆر لە دکتۆر و کارمەندانی تەندروستی بەو ڕادەیەی زۆرجار ھاوڵاتیان پێیان باشە لە ماڵەوە بمرن و نەچنە نەخۆشخانە حکومیەکانی چەمچەماڵ،دروستکردنی کێشە بۆ باشکردنی ئاوی خواردنەوەی شارەکە کە نزیکەی شەش مانگە بڕیاری لێدانی دە بیری ئیرتیوازی دراوە و ڕێگری لە جێبەجێ کردنی دەکرێت، ھەموو ئەمانە بە دەستی ئەنقەستە و ئیدارە و چەند بەڕێوەبەری فەرمانگە و ئەندازیار و نوسەری نابەرپرسی شارەکە بە پشتیوانی بەرپرسانی باڵای حکومی زۆنی سلێمانی دەستیان تێدا ھەیە و بەرپرسیارن لەو سزادان و بێ ڕێزیکردنە بە خەڵکی چەمچەماڵ.پێویستە حکومەتی ھەرێم و بەڕێز سەرۆکی حکومەت فریای خەڵکی چەمچەماڵ بکەون و چارەسەری ئەو ئیدارەدانە سەقەت و بێ سەروبەرەی چەمچەماڵ بکەن، چونکە ھەر خێزانێکی چەمچەماڵی خاوەنی شەھیدێک یان زیاترن لەپێناوی کوردستاندا و شایەنی خزمەتکردن و ڕێز لێگرتنن نەک بەو شێوەیە ئیھانە بکرێن و توشی کاردانەوەی توند بکرێن. عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک
بەتوندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆرستییەی چەکدارانی داعش بۆ سەر سوپای عێراق دەکەین، کە بەهۆیەوەکۆمەڵێک لەجەنگاوەرانی فیرقەی یەکی سوپای عێراق لەناحییەی (عوزێم) لە پارێزگای دیالە، شەهیدبوون.بەردەوامی ئەم کردەوانە، ئەرکمان لەپێکەوەیی و بەردەوامی هەمەهانگی وهاوکارییەکان لە راوەدوونانی تیرۆریستان زیاتر دەکات.دۆخی ئێستای ناوچەکە و دەرکەوتنەوەی چالاکییە تیرۆریستیەکان و زیندبوونەوەی شانە نووستووەکان مەترسیەکی هەستپێکراوەو، هەماهەنگی و ڕۆڵبینینی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەدیاریکراوی لەناوچانەی بۆشایی ئەمنیان هەیە، پێویستیەکی هەنووکەیە. دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کارە تیرۆريستییە، داوا دەکەین پێداچونەوەو رێوشوێنی جددی بگرێتەبەر بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان و کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لەپێناو ڕاوەدونان و تێکشکاندنی تەواوەتی شانە نوستوەکانی تیرۆریستان.بەو بۆنە خەمناکەوە، هاوخەمی خۆمان دووپاتدەکەینەوە، سەرەخۆشی لە خانەوادەو کەسوکاری شەهیدانی ئەم روداوەو تەواوی خانەوادەی شەهیدانی ماوەی رابردووی پەلامارە تیرۆریستیەکانی داعش دەکەین. وەزارەتی پێشمەرگە ۲۲ کانونی دووەمی ٢٠٢٢
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ.. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سوپای عێراق سەرکۆنە دەکات ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 21ی کانوونی دووەمی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بە توندی هێرشی تیرۆریستیی چەکدارانی داعشی بۆ سەر سوپای عێراق لە پارێزگای دیالە سەرکۆنە کرد. لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکوومەت وێڕای شەرمەزارکردنی پەلامارە تیرۆریستییەکە، پرسە و هاوخەمی خۆیشی بۆ شەهیدبوونی 11 سەربازی عێراقی کە لە ئەنجامی هێرشەکەی تیرۆریستانی داعش شەهید بوون، بە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ گەیاند و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر چڕکردنەوە و برەودانی زیاتر بە هاریکاریی و هەماهەنگیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش.
ڕۆژى ١٥/١٢/٢٠٢١ پەرلەمانتار (على حمە صالح) لەسەر بابەتی داهاتى ناوخۆ و مووچە، هەندێک داتا و زانیارىی باس کردووە کە دوورن لە ڕاستییەوە. لێرەدا بە پێویستمان زانى ڕوونکردنەوەیهکی پێویست لەو بارەیەوە بدەین بۆ ئەوەى ڕاستییەکان وەکو خۆیان و دوور لە شێواندن و موزایەدە بگەنە ھەموو لایەک. خەرجییەکانى حکومەتى هەرێم بۆ مانگى ١٠ کە لەم خشتەیەى خوارەوەدا ڕوونکراوەتەوە تەنیا بۆ مووچە بڕى ٨٧٣ ملیار دینار خەرج کراوە و بۆ مانگى ١١ تا ئەمڕۆ، بڕى ٦٧١ ملیار دینار خەرج کراوە و ئەو ٢٠٠ ملیار دینارە تەمویلەیش کە حکومەتى فیدراڵی مانگانە دەینارد لە چوارشەممەی رابردووەوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نەنێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان. خهرجی و داهاتی حكومهتی ههرێم بۆ مانگی ١٠ی ٢٠٢١، ب گشتی ژمێركاری جووڵهی دراو https://gov.krd/mofe/activities/news-and-press-releases/2021/december/%DA%95%D9%88%D9%88%D9%86%D9%83%D8%B1%D8%AF%D9%86%D9%87-%D9%88%D9%87-%DB%8C%D9%87-%D9%83-%D9%84%DB%95-%D9%88%DB%95%D8%B2%D8%A7%D8%B1%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D8%AF%D8%A7%D8%B1%D8%A7%DB%8C%DB%8C-%D9%88-%D8%A6%D8%A7%D8%A8%D9%88%D9%88%D8%B1%DB%8C%DB%8C-%D8%AD%DA%A9%D9%88%D9%85%DB%95%D8%AA%DB%8C-%D9%87%DB%95%D8%B1%DB%8E%D9%85%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86%DB%95%D9%88%DB%95-%D8%A8%DB%86-%DA%95%D8%A7%DB%8C-%DA%AF%D8%B4%D8%AA%DB%8C/
بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گرتووخانەی سەناعە لە گەڕەکی گوێران لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان تەقییەوە، لە ئاکامدا ژمارەیەک پاسەوانی گرتووخانەکە بریندار بوون. گرتووخانەکە ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەخۆ دەگرێت. هاوکات هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی گرتووخانەکەیان داوە و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان پاسەوانانی گرتووخانەکە و چەکدارەکان روویداوە و ژمارەیەک قوربانی لەنێو ریزەکانی پاسەوانانی گرتووخانەکە هەیە و ژمارەیەک زیندانییش هەڵهاتوون. ئاژانسەکان ئەوەشیان زیاد کرد، دوابەدوای تەقینەوەکە لە ئێستادا فڕۆکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە. دژە تیرۆر
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێرانی بەڕێز دەکات کە لەئێستادا زۆرینەی شەقامە لاوەکی و سەرەکییەکانی ناوشاری سلێمانی بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و وە بە بەستەڵەکە بوونیان مەترسیدار و شیاو و سەلامەت نین بۆ شۆفێریکردن تیایاندا، هەروەها ناوچە شاخاوییەکان و ڕێگاوبانی دەرەوە بەسەرجەم قەزاو ناحییەکان و دەروازەکانی شاری سلێمانی بەهەمان شێوە مەترسیدارە بۆ شۆفێریکردن. تکاو داوامان لە شۆفێرانی بەڕێز ئەوەیە ئەمشەو و سەرلەبەیانی سبەینێ لە ماڵەکانی خۆتاندا بمێننەوە بەمەبەستی سەلامەتیتان لە ڕووداو و کارەساتەکانی هاتووچۆ. لە حاڵەتی پێویستدا دەتوانن پەیوەندی بکەن بە:ژمارە ١٠٠ سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش / پارێزگای سلێمانی P.JCCژمارە ١٨٨ کۆنترۆڵی هاتووچۆژمارە ١١٥ بەرگری شارستانیژمارە ١٢٢ فریاگوزاری تەندروستی راگەیاندنی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20 ی کانوونی دووەمی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جینین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەوڵەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کرا .هەردوولا خوازیاربوون کە حکومەتی نوێی عێراق، حکومەتێک بێت بە بێ جیاوازی، خزمەتی هەموو پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بکات و ئاسایش و سەقامگیریی دابین بکا و کێشەکانی نێوانھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالیش لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات .
ئاگادارى سەرجەم هاوڵاتییان و شوفێرانی سنوورى پارێزگاکەمان دەکەینەوە بەهۆى ئەو شەپۆلە بەفرەى لەدوێنێ شەوەوە شار و شارۆچکە و گوند و ناوچەکانی سنوورى پارێزگاکەمانى گرتۆتەوە، سەربارى ئەوەى تیمەکانى حکومەت لە بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی هەولێر و بەرگرى شارستانى و هاتووچۆى هەولێر و تیمە خزمەتگوزارییەکان بەردەوام لەکارکردندان بۆ ڕاماڵینى ڕێگاکان لە بەفر و پاراستنى سەلامەتى گیانى هاوڵاتیان و شوفێران، لەگەڵ ئەودا بەفر ئاستەنگیی زۆری بۆ هاتووچۆ دروست کردووە و رێگاکان مەترسیدارن، بۆیە تکا دەکەین ئەوەى کارى زۆر پێویست و بەپەلەى نەبێت ڕێگاکانى دەرەوەى شار بەکارنەهێنێت و لەماڵەکەى خۆتان بمێنەوە، بۆگەشت و سەیران و بەسەربردنى چەند کاتێکى خۆش خۆتان دووچارى کێشە و مەترسى نەکەن. پارێزگاى هەولێر2022.1.20
هاووڵاتییەک بۆ هاوکاریی براکەى دەڕوات و خۆی گیان لەدەست دەدات. بەڕێوبەرایەتی تەندروستیی دەربەندیخان بڵاویکردەوە، کاتژمێر ٨ و نیوی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٢/١/٢٠ ئاگادار کراینەوە بە بونی ڕوداوێک کە هاووڵاتیەک گیانی لەدەستداوە و برایەکیشی بریندارە. ڕووداوەکە بەم جۆرە بووە: پاش ئەوەی هاووڵاتیەک بەناوی ( حەقی ئیسماعیل رەزا) تەمەن ٥٩ ساڵ دانیشتوی کەلار شۆفێری تانکەری گواستنەوەی سوتەمەنی لە پشت تونێلی دەربەندیخانەوە دائەبەزێت و بەهۆی خلیسکانەوە ئەکەوێت و ئێسکی حەوزی ئەشکێت دواتر خۆی ئەگەیەنێتە ناو شاری دەربەندیخان و دەچێتە مزگەوتی خولەفای ڕاشدین و پەیوەندی بەبرایەکیەوە ئەکات بەناوی (عیمران ئیسماعيل رەزا) تەمەن ٥٢ ساڵ دانیشتوی خانەقین کە ئەمیش هەر شۆفێری تانکەری گواستنەوەی سوتەمەنیە کە بێت بە هانایەوە و بیگەیەنێتە نەخۆشخانە.پاش ئەوەی (عیمران ) لە نزیک تونێلی دەربەندیخان ئۆتۆمبیلەکەی ڕائەگرێت و بەپێ بەرەو لای براکەی ( حەقی ) دێت. بەڵام زۆر بەداخەوە پێش ئەوەی بگاتە لای براکەی لە ڕێگا بەهۆی نەخۆشیەکی کتوپەڕەوە گیان لەدەست ئەدات. پاش گواستنەوی تەرمەکەی بۆ بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی شەهید تۆفیق و پشکنینی ڕەوانەی پزیشکی دادی دەربەندیخان کراو بریندارەکەش چارەسەری پێویستی بۆ کرا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە بڕیارى مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی ھەرێمی کوردستان، فەرمانی دامەزراندنی بە شێوەى هەمیشەیی بۆ سێ یەکەمەکانى ساڵى خوێندنى (٢٠١٦ ـ ٢٠١٧) لەسەر ئاستی کۆلێژ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرکرا. ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.1.2022، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە پێى بڕیارى ژمارە ١٢٣ى ئەنجوومەنى وەزیران کە لە رێککەوتى ١ی کانوونی یەکەمى ٢٠٢١ دەرچووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی ھەرێمی کوردستان، فەرمانی دامەزراندنی بە شێوەى هەمیشەیی بۆ سێ یەکەمەکانى ساڵى خوێندنى (٢٠١٦ ـ ٢٠١٧) لەسەر ئاستی کۆلێژ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرکرد. دەرچووەکان ژمارەیان ١٦٨٥ کەسە، لەسەر میلاکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وەزارەتەکانى دیکە دابەش دەکرێن.