Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13779 بابەت
هەواڵ
27-01-2022

ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر 'کۆشکی سەلام' لە بەغدا چڕدەبێتەوە

تەنیا 11 رۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی کە بەپێی دەستوور دەبێت سەرۆککۆماری عێراقی تێدا هەڵبژێردرێت. ئەو پۆستەی کە وەکو عورفێکی سیاسیی پشکی کوردە، دوو لایەنە سەرەکییەکەی کوردستان کەوتوونەتە ململانێیەکی قووڵی سیاسییەوە بۆ بەدەستهێنانی و ئێستا لە بەغداوە کاری بۆ دەکەن. لە سێ خولدا، پارتی و یەکێتی بە رێککەوتن و سازان، یەک بەربژێریان هەبوو کە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بەڵام لە خولی رابردوو، ئەو سازانە نەما و هەریەکەیان بەربژێرێکیان هەبوو، دواتر بە دەنگی پەرلەمانتاران، بەربژێری یەکێتی سەرکەوت. لەم خولەشدا تائێستا ئاماژەکان نیشانی دەدەن سیناریۆی خولی رابردوو دووبارە دەبێتەوە. ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو شاندی باڵایان لە بە‌غدایە، شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێبارییە، کە بەربژێری سەرۆککۆماری عێراقیشە، شاندەکەی یەکێتیش بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی حیزبەکەیە. لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رایگەیاند، شاندەکەی یەکێتی هێشتا لە بەغدان و لە دانوستاندندان، ناکرێ کارنامەی سەردان و کۆبوونەوەکان باسبکرێن، چونکە نهێنین، بەڵام لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆدەبنەوە. هاوکات رێناس جانۆ، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، "شاندەکەمان بە سەرۆکایەتی هۆشیار زێباری بەردەوامە لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، هەنگاوی یەکەمی گفتوگۆکان نراون و نەخشەی سیاسیی روونە و دەزانین کام هێزانە زۆرترین کاریگەرییان هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە کۆتایی". چانسی کامیان زیاترە، هۆشیار زێباری یان بەرهەم ساڵح؟ پارتی و یەکێتی، هەردووکیان گەشبینن بە سەرکەوتنی بەربژێرەکانیان، بەڵام بە پێوەری یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان، پارتی ئومێدی سەرکەوتنی زیاترە، چونکە بەربژێرەکەی بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، بەبێ فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە، 180 دەنگی بەدەستهێنا. شاندی یەکێتی لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەتەوە، بەڵام ئەنجامەکان بۆ یەکێتی دڵخۆشکەرنین، چونکە دەنگەکانی یەکێتی کەمن و بەشی دەرچوونی بەربژێرەکەیان ناکات و گوتیشی: "تاوەکو ئێستا یەکێتی 70-80 دەنگی مسۆگەرکردووە، بەڵام لە بەرامبەردا پارتی دەنگی سەدرییەکان کە 73 دەنگە، دەنگی سوننەکان کە نزیکەی 70 دەنگە لەگەڵ دەنگی خۆی کە 31 دەنگە، مسۆگەر کردووە و هەردوولاش بەردەوامن لە هەوڵەکانیان". بەڵام لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو ژمارانە بە نافەرمی و ناڕاست زانی و گوتی: "ئەو لایەنانەشی لەگەڵ پارتی رێککەوتوون، دۆستی یەکێتین، تاوەکو ئێستاش چاوەڕێی رێککەوتنی کوردن و تەنانەت رایاننەگەیاندووە کە دەنگ بە بەربژێری پارتی دەدەن". لەتیف نێروەیی گوتیشی:"ئێمە گەشبینین بە دەرچوونی بەربژێرەکەمان، هیچ دەنگدانەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی بەربژێری یەکێتی نییە و لە رابردووش کارەکانی سەرۆککۆمار کە یەکێتی بووە، جێگەی رەزامەندی هەموو گەلانی عێراق بووە". فراکسیۆنە کوردستانییەکا دەنگ بە کێ دەدەن؟ جگە لە پارتی و یەکێتی، کورد لە بەغدا 14 کورسی دیکەی هەیە، نەوەی نوێ 9 کورسی، یەکگرتوو 4 کورسی و کۆمەڵ یەک کورسی. تاوەکو ئێستا ئەم فراکسیۆنانە بە فەرمی رایاننەگەیاندووە کە دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن. جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: "دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق نهێنییە و جارێ دیار نییە ئێمە دەنگ بەکام بەربژێر دەدەین، ئەوە بڕیاری سەرکردایەتیی حیزب دەبێت، کە دەنگ بەکامیان بدەین، هێشتا لەو بارەیەوە شتێکی وامان تاوتوێ نەکردووە". نەوەی نوێ کە خاوەنی 9 کورسی پەرلەمانە، بەربژێری بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەیە. بەڵام دوێنێ چوارشەممە، 26ی کانوونی دووەمی 2022، هیمداد شاهین، گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی سیاسیی نەوەی نوێ بڕیاری کۆتایی دەدات لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆککۆمار کە ئایا کاندیدی نەوەی نوێ بەردەوام دەبێت یاخود جوڵانەوەکە بڕیارێكی تر دەدات". هاوکات ئومێد محەممەد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی:"ئێستا هەموو لایەنەکان بۆیان دەرکەوتووە کە نە بەرەی سەدر و نە چوارچێوەی هەماهەنگی، بەبێ ھاوپەیمانی لە پێناو خەڵک، ناتوانن تەنانەت رێژەی یاسایی دانیشتن بۆ پرسی سەرۆککۆمار تەواو بکەن، بۆیە هەمووان ئێستا چاوەڕێی هەڵوێستی نەوەی نوێن تاوەکو ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە". کۆمەڵی دادگەری کوردستانیش کە خاوەنی یەک کورسییە، تاوەکو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەوبارەوە رانەگەیاندووە. لێکەوتەکانی بوونی دوو بەربژێر لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە چین؟ زیانەکانی هەبوونی دوو کاندید لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە، لەلایەن خودی ئەو حیزبانەشەوە ناشاردرێتەوە و پێیانوایە باشترین بژارە بۆ کورد، هەبوونی بەربژێرێکی هاوبەش بوو.لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێ:"لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، بژارەی سێیەم نییە، یان پێکەوە بە یەک بەربژێر، یان هەر یەکە و بەربژێرێکی هەبێت. رێککەوتنی پارتی لەگەڵ سەدر و حەلبووسی، رێککەوتنە لەسەر مەبدەئی زۆرینە، ئەمە زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت، لە داهاتوو تەنانەت زیان بە پارتیش دەگەیێنێت". سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووش دەڵێ: "بوونی دوو بەربژێر لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار خراپە، چونکە ئێستا نێو ماڵی سوننەکان رێکخراوە، نێو ماڵی شیعەکانیش هەرچەندە پەرتەوازەیە، بەڵام رێکدەخرێتەوە، دەمێنێتەوە نێو ماڵی کورد کە ئەگەر بەم پەرتەوازەییەوە بچنە بەغدا ئەوا بۆ پرسی کورد کێشەکانمان و مافەکانی کورد زۆر خراپ دەبێت". جەمال کۆچەر پێیوایە لەم خولەدا کورد زیاتر پەرتەوازە بووە و دەڵێت: "جاران لە بەغدا یەکێتی و پارتی و ئۆپۆزیسیۆن بووین، ئێستا یەکێتی بە جیا و پارتی بەجیا و لایەنەکانی دیکەش هەریەکەیان بەجیان، ئەمە رەنگدانەوەی نێگەتیڤی زۆری دەبێت لەسەر مافەکانی گەلی کوردستان". لەتیف نێروەیی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم گرفتە وەکو پچڕانی تەسبیح وایە، هەموو موورووەکان بەدوای یەکدا دەکەونە خوارەوە، واتە گرفتەکان لە بە‌غداوە بۆ هەولێر بەدوای یەکدا ریز دەبەستن و بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لەسەر ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەبێ". هاوکات رێناس جانۆ، ئەندامی شاندی دانوستاندنکاری پارتی لە بەغدا رایگەیاند، "لە 2018 کاتێک بەربژێری پارتی دەرنەچوو، راستە گرانبوو بۆ ئێمە، بەڵام لایەنی خێربووین و نەبووینە هۆی ئاڵۆزی و بەشداریمان لە حکومەتدا کرد و پشکی هاوبەشەکانی خۆشمان دا. لەمەودواش دەبێ لایەنەکان بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ پارتیدا بکەن. پارتی لە 2014-2018 بەرزترین پۆستی خۆی کە جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو، دایە گۆڕان بەبێ ئەوەی هیچ منەتێک بکات بەسەر خەڵک و لایەنەکانیش". هیچ دەرفەتێک بۆ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی ماوە؟ لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێ، وا باسدەکرێ کە سەرۆککۆمار لایەنگری یەکێتیی بووە لە دژی بەرژەوەندییەکانی پارتی، بەڵام مرۆڤ دەبێ بە ئینسافەوە قسە بکات، پێشتر کە مام جەلال سەرۆککۆماری عێراق بوو، کاک مەسعود بۆ هەر پرسێک کە دەچووە بەغدا، سەرەتا لەگەڵ مام جەلال لەسەر پرسەکان رێکدەکەوتن و ئەوکاتەش رێککەوتن ئاسان بوو، دواتریش کە بەڕێز فوئاد مەعسووم بووە سەرۆککۆمار، بەهەمانشێوە کە دەهاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، سەرەتا سەردانی هەولێری دەکرد و لەسەر کۆی پرسەکان لەگەڵ کاک مەسعود گفتوگۆی دەکرد، ئینجا دەچووە سلێمانی. بەڵام لە ساڵی 2018 کە یەکێتی د.بەرهەم ساڵحی بەربژێرکرد، پارتیش بەربژێری خۆی پێشکەشکرد کە بەڕێز فوئاد حوسێن بوو، ئەمەش لە پرۆسەیەکی دیموکراتیدا یەکلایی بووەوە. لەتیف نێروەیی دەڵێت: "ئێمە تاوەکو ئێستاش دەرگای دانوستاندنمان دانەخستووە، بەو مەرجەی رێککەوتنی کۆنکرێتی هەبێت، ئێمە و پارتی دوو جار سازانی سیاسیمان هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە لەدوای راپەڕینەوە کردوومانە، لە پەراوێزی هەموو رێککەوتننامەکانیش، سازانمان هەبووە و نەیهێشتووە بەریەککەوتن رووبدا"بەڵام رێناس جانۆ دەڵێت: "پارتی هەر لە سەرەتاوە خوازیاری یەکڕیزی بووە، لە ساڵی 2014 پارتی بەربژێری کوردی لەناو فراکسیۆنە کوردییەکان یەکلاییکردەوە کە بەڕێز فوئاد مەعسووم بوو، دواتریش بە تێکڕای دەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەرچوو، لە 2018ش پارتی هەمان داوای هەبوو بۆ ئەوەی هەموو لایەنە کوردییەکان یەکدەنگ بین، بەڵام هەندێ لایەن پێدارگیرییان کرد کە ئاوا نەبێ، ئەمجارەش بەهەمانشێوە، ئێمە وەکو پارتی بە مافی دەستووری خۆمانی دەزانین و تاوەکو دوا سات پاڵپشتی لە بەربژێرەکەمان دەکەین، بۆ سازانیش، پارتی هەموو کاتێک ئامادەبووە". ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێتەوە و بڕیار دەدات کۆبوونەوەکانی شاندی یەکێتی لە بە‌غدا کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات، ئەنجامی دڵخۆشکەریان نەبووە بۆ حیزبەکە، لەبەرئەوەشە کە کۆبوونەوەکانیان دوور لە چاوی کامێراکان دەکەن. هەرچەندە لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، بە تێکڕای دەنگ، بەرهەم ساڵح، وەکو بەربژێری فەرمی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دیاریکرا، بەڵام بۆ بڕیاری کۆتایی ئەنجوومەنەکە جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە. دوای گەڕانەوەی شاندەکەی یەکێتی، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە و ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکان تاوتوێ دەکات و رەنگە لەبارەی بەربژێری سەرۆککۆماریشەوە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات. مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە تێیدا دەنگ بە بەربژێری فەرمی یەکێتی درا بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بڕیاردرا کە رۆژی شەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەندامانی سەرکردایەتی بە فەرمی ئاگادارنەکراونەتەوە و بافڵ تاڵەبانیش، بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە بەغدایە. ژێدەر رووداو

هەواڵ
27-01-2022

لە بەغدا ئافرەتێک دایکی خۆی بە تەور دەکوژێت

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا، ژنێک بە تەور دایکی خۆی کوشتووە. دوای رووداوەکەش بکوژەکە دەستگیرکراوە. بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دوای گەیشتنی زانیاریی ورد لەبارەی رووداوێکی کوشتن لە ناوچەی عوبێدی لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا، دەستبەجێ لیژنەیەکی ئەمنی لە لیوای دووی فرقەی یەکی پۆلیسی فیدرالی بە هاوبەشی لەگەڵ هەواڵگری فەوجی یەکی لیوای سەر بە ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدرڵی پێکهێندرا، دەرکەوت ژنێک بە تەور دایکی خۆی کوشتووە. وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و رادەستی لایەنی بەرپرس کراوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر. بەڵام باسی لە هۆکاری پشت رووداوەکە نەکردووە.

هەواڵ
27-01-2022

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا (15) پۆست له‌ زانكۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک راده‌گه‌...

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە چوارچێوەى ڕێنماییەکاندا پانزە‌ پۆست بۆ جارى یەکەم لە زانکۆى پۆلتکنیکی دهۆک ڕادەگەیەنێت، هەر کەسێک ئارەزوى هەیەو مەرجەکانى تێدایە دەتوانێت لە ماوەى دیاریکراودا (c.v) و داواکارییەکەى پێشکەش بکات، تاکو ناوى لە لیستى خوازیاراندا تۆمار بکرێت.پۆستەکان:1) هارێکارێ سەرۆکی زانکۆیی بۆ کاروبارێن قوتابیان2) هاریکارێ سەرۆکی زانکۆیێ بۆکاروبارێن زانستی وخواندنا بلند3) هارێکارێ سەرۆکی زانکۆیی بۆ کاروبارێن کارگێڕى و دارایى4) راگرێ کولیژا تەکنیکی ئەندازیارى5) راگرێ کولیژا تەکنیکی کارگێڕى دهۆک6) راگرێ کولیژا تەکنیکی ئاکرێ7) راگری پەیمانگەها تەکنیکی ئاکرێ? راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی بەردەرەش9) راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی دهۆک10) راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی شێخان11) راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی ئامێدی12) راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی زاخۆ13) راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی شەنگال14) راگرێ پەیمانگەها تەکنیکی کارگێڕى دهۆک15) بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوەمەرجەکان بۆ پۆستى هاریکارێ سەرۆک زانکۆ و ڕاگرێ کۆلیژ وبەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە:1) هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا بێت.2) ناونیشانى زانستى لە پرۆفیسۆرى یاریدەدەر کەمتر نەبێت.3) خزمەتى زانکۆیی لە (10) ساڵ کەمتر نەبێت.مەرجەکان بۆ پۆستى ڕاگرێ پەیمانگەها:1) بڕوانامەی لە ماستەر کەمتر نەبێت بەپلەی مامۆستا.2) خزمەتی زانکۆیی لە (١٠) ساڵ کەمتر نەبێت.تێبینى:1) ئەو بەڕێزەى داواکاری پێشکەش دەکات باشترە دیدو بۆچون و بەرنامەى کاری خۆى پێشکەش بکات بۆ بەرەو پێشبردنى زانکۆ و کۆلیژ و پەیمانگە بۆ ئەو چوار ساڵەى کە پۆستەکەى وەردەگرێت، زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى کۆمپیوتەر هەلى زیاتر بۆ پیشکەشکار دەڕەخسێنیت.2) دواکات بۆ پێشکەشکردنى (c.v) و پوختەى ڕاژە کۆتایی دەوامى ڕێکەوتى (٣/٢/٢٠٢٢) رۆژی پێنجشەممە دەبێت.3) پێویستە لە پوختەى ڕاژەدا خزمەتی زانکۆیی بنوسرێت و پەسەندکراوى سەرۆکایەتی زانکۆ بێت.4) هەر بەڕێزێک ئارەزوى هەیەو مەرجەکانى سەرەوەى تێدا بەدى دەکرێت دەتوانێ، لیستى هەموو توێژینەوە بڵاوکراوەکانى لە گۆڤارى زانستى مەحکەم لەگەڵ(c.v) و پوختەى ڕاژەى ڕاستەوخۆ لەم بەستەرەى خوارەوە پڕ بکاتەوە و ڕەوانى بکات.

هەواڵ
26-01-2022

سیاسییەکی عەرەب لەسەر مام جەلال هێرشی توند دەکاتە سەر بەرهەم ساڵح

ئەمڕۆ چوارشەممە میسال ئالووسی سیاسەتمەداری ناوداری عێراق رەخنەی توندی لە بەرهەم ساڵح گرت لەبارەی پشت بەستنی بە میلیشیا چەكدارەكان و نووری مالیكی، بۆ هەڵبژاردنەوەی بەسەركۆماری عێراق و پێی گوتووە "لە خەو هەڵسەوە". ئالووسی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "تویتەر" نووسیویەتی "لەخەو هەڵسە فەخامەتی بەرهەم ساڵح، تۆ دەزانی هۆكاری نەخۆشكەوتنی مام جەلال و دواتریش مردنی، ئەو پیاوە بوو كە ئێستا تۆ پشتی پێدەبەستی بۆ ئەوەی هەڵبژێردرێتیەوە بەسەركۆمار". میسال ئالووسی لە بەرهەم ساڵحی پرسیوە "ئایا دەزانی ئەو پەرلەمانتارانەی بڕیارە دەنگت پێبدەن، پەرلەمانتارانی میلیشیاكان و حزبەكانیانن، لەگەڵ دەنگی حەفت پەرلەمانتاری سەربەخۆی خزێندراو!". لە كۆتاییشدا لێی پرسیوە "ئایا بەڕاستی دەتەوێ ببیت بە ئەسپی تەروادە و سەرۆكی میلیشیا چەكدارییە وەلائییەكان؟".

هەواڵ
26-01-2022

چارەنووسی پڵنگەکەی باتیفا چی دەبێت؟ 

لە بەدواداچونێکی دەستەی ژینگە بۆ ئەو پڵنگەی بەهۆی تەڵەیەکەوە پێیەکی لەدەستدا، پێشنیار کراوە رەوانەی دەرەوەی کوردستان بکرێت. بە گوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەی ژینگە، ئەو پڵنگەی لە گوندی (زرێزە)ی سەر بە قەزای باتیفا کە پێی بەر تەڵە کەوتبوو لە جۆری(پڵنگی فارسی)یە و پاش ئەوەی نەشتەرگەری بۆ کرا، پێیە بریندارەکەی بڕایەوە، و ئێستا لە باخچەی ئاژەڵانی دهۆک لەژێر چاودێری دایە، پێشنیار کراوە کە لێژنەیەک پێک بهێنرێت، بۆ چارەسەری برینەکەی رەوانەی دەرەوەی کوردستان بکرێت. لە راگەیەندراوەکەشدا ئاماژە بەوە دراوە، دوایی چاکبونەوەشی لە سروشتی خۆی و ژینگەکەی ئازاد بەکرێت. رۆژی 29ـی کانوونی یەکەمی 2021، له‌ سنووری زاخۆ، ئاژه‌ڵدارێك ته‌ڵه‌ی بۆ گورگ دانابوو، پڵنگێك پێوه‌ ببوو، كاتێك هەوڵیاندا رزگاری بكه‌ن، پڵنگه‌كه‌ دوو كه‌سی بریندار كرد‌ و هەڵهات و ته‌ڵه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ خۆی برد، دواتر بە بەنجکراوی گیرا و گواسترایەوە بۆ باخچەی ئاژەڵانی دهۆک. k24

هەواڵ
26-01-2022

دوای سه‌ردانەکەی بۆ ئیمارات، مەسرور بارزانی گەڕایەوە هه‌ولێر 

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، دوای سه‌ردانه‌‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی بۆ میرنشینی یەکگرتووی عەرەبی( ئیمارات)، ئێوارەی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26ی كانوونی دووه‌می 2022، گه‌یشته‌وه‌ هه‌ولێر.سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،له‌ ئه‌بوزه‌بی پایته‌ختی میرنشینی ئیمارات له‌گه‌ڵ شێخ محه‌مه‌د بن زاید ئال نه‌هیان، جێنشینی ئه‌بوزه‌بی و جێگری فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه‌ چه‌كداران و ژماره‌یه‌ك‌ به‌رپرسی باڵای ئیمارات كۆبووه‌ته‌وه‌.له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیشدا هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئیمارات كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانی ئابووری و وه‌به‌رهێنان و گه‌شه‌پێدانی مرۆیی، كه‌ خزمه‌ت به‌ كه‌رتی گه‌شه‌پێدان و بنیاتنان ده‌كات.سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ دیداره‌كاندا، تیشكی خسته‌ سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و پێشڤه‌چوونه‌كانی ناوچه‌كه‌ و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گرنگی هه‌وڵ و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر بۆ دابینكردنی پشتیوانی ئاشته‌وایی له‌ ناوچه‌كه‌ و داهاتوویێکی باشتر له‌سه‌ر بنه‌مای پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌.

هەواڵ
26-01-2022

ئاگەدارییەک لە پاسپۆرتی هەولێرەوە

ئاگاداری هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌وا سەرجەم مامەڵەکانی دەرهێنان و نوێکردنەوەو وەرگرتنەوەی پاسپۆرت لە سەرجەم نووسینگەکانی پاسپۆرت ( نووسینگەی یەک - نووسینگەی دوو - نووسینگەی سۆران - نووسینگەی کۆیە)ی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر لە رۆژی یەک شەممەوە ڕێکەوتی ( 30/01/2022)کاتی دەوامی فەرمی لە کات ژمێر (8:00)ی بەیانی تاکو (3:00)ی دوای نیوەرۆیە داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین لەکاتی دیاریکراو سەردانمان بکەن بە مەبەستی ڕایی کردنی مامەڵەکانیان.*ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر

هەواڵ
26-01-2022

عەلی حەمە ساڵح دۆسیەی قاچاخچێیەتییەکەی باشماخی سەلماند

عەلی حەمە ساڵح دۆسیەی قاچاخچێیەتییەکەی باشماخی سەلماند و دادگاییەکی بردەوە، دواتر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە دەقی ڕوونکردنەوەکە: بەڵگەمان خستەڕوو، لە دادگای پێنجوێن دۆسیەی قاچاخی باشماخم بردەوە. بەڕێوبەرایەتی كۆمەڵگای باشماخ سکاڵای لەسەرمان تۆمارکرد کە گوایە لەسەر دۆسیەی قاچاخی زانیاری ناڕاستمان بڵاوکردوەتەوە.لە ٢٠٢٠/١٢/١٤ دادوەر نوسراوی بۆ پەرلەمان کرد بۆ ئەوەی پارێزبەندیمان لێوەربگیرێتەوە.خۆمان داوامان لە سەرۆکی پەرلەمان کرد پارێزبەندیمان لێوەربگرێتەوەو دەچینە بەردەم دادگا.. لەبەردەم دادوەر ئامادەبوین بەڵگەی پێویستمان خستەڕوو:ڤیدۆو وێنەی ٣٨ بارھەڵگرمان خستەڕوو کە ژمارەی بارھەڵگرەکان دەرچوو بوون، دوای ئەوەی لە سیستمی گومرگی لێکۆڵینەوە کرا، ٣٦ بارھەڵگریان گومرگیان نەداوە: واتە: بە "قاچاخ" داخڵبون..لە دوای ساڵێک، دادوەر وتەکانی ئێمەی بەڕاست زانی..من بەبەڵگەوە وتەکانم سەلماندو بێتوان دەرچوم.دادگاش: دەڵێ: بەڵگەی پێویستی خستەڕوو لەسەر بوونی دیارەی "قاچاخ" ، ئەمەش ڕاستی قسەکانی عەلی حەمە ساڵح دەردەخت لەسەر "قاچاخ" کردونی.ئێستا لە ڕێگای داواکاری گشتی و بەبەڵگەی یاسایی ئەوانەی قاچاخی و پشتیان دەدرێنە دادگا.

هەواڵ
26-01-2022

بەفر و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، شەپۆلێکى دیکەی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، پێشبینیەكانی بۆ كەشوھەوای 48 كاتژمێری داھاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵە هەوردا دەبێت، لە پاشنیوەڕۆوە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، لە کاتەکانی شەودا بۆ هەوری تەوری تەواو. لەبارەی كەشوھەوای سبەی كەشناسی پێشبینی دەكات، رۆژی پێنجشەممە ئاسمان هەور دەبێت، لە کاتەکانی بەرەبەیانی زوودا لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر و باران دەبارێت، دواتر کاریگەرییەکە زیاتر دەبێت و لە ناو شارەکانیش بارانبارین دەستپێدەکات.

هەواڵ
26-01-2022

مەسرور بارزانی: سەرکۆنەی ھێرشکردنە سەر ماڵی حەلبوسی دەکەین

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی سه‌ر شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی حەلبووسی کرد و نووسیویەتی: بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆرستییەکەی سه‌ر شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە قەزای گەرمە دەکەم. سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەبارەی هێرشەکەوە نووسیویەتی: ئەم هێرشە پێشهاتێکی مەترسیدارە و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەکاتە ئامانج. مەسرور بارزانی لە کۆتایی تویتەکەیدا هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

هەواڵ
26-01-2022

لیستی خانەنشینی ئەفسەران لە ئەنجومەنی وەزیران واژۆ کرا

لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وزارەتی پێشمەرگە، لەژێر رۆشنایی یاسای هەموارکراوی خانەنشینی پێشمەرگە و رێنمایی و رێکارە نوێیەکانی خانەنشینی، ژمارەیەک ئەفسەر لە هێزەکانی پێشمەرگە خانەنشین کران.لەمبارەیەوە، لیوا روکن هۆشمەند جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، رایگەیاند: بە دەرچوونی فەرمانی ژمارە ٨٠٨ی ئەنجومەنی وەزیران، لەبەرواری ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، ٨٠٨ ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشین کران، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێک بۆ هاتنە پێشەوەی کۆمەڵێک ئەفسەری گەنج و وزەیەکی نوێ دەداتەوە بە هێزەکانی پێشمەرگە.

هەواڵ
25-01-2022

موقتەدا سەدر پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە دەکات

بارەگای بارزانی رایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 25ـی كانوونی دووەمی 2022 سەرۆك مەسعود بارزانی و سەید موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەڕێی تەلەفۆنەوە گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەكان ئەنجامدا.هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لە پێویستیی هەماهەنگی و لەیەكنزیكبوونەوەی پێكهاتەكان، بەمەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندیی عێراق كرایەوە. هەروەها نوسینگەی ڕاگەیاندنی موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی و موقتەدا سەدر دوا پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراقیان تاوتوێکردووە. نووسینگەی سەدر رایگەیاند، کە سەرۆک بارزانی و موقتەدا سەدر گرنگیی یەکخستنی ریزی نیشتمانیان بۆ خزمەتی بەرژەوەندی عێراق و گەلەکەی لە قۆناخی ئێستا کردووە

1 2 ... 662 663 664 ... 1148 1149