Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13713 بابەت
هەواڵ
20-01-2026

مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان کۆبووەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 1/20، لە داڤۆس، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئیلهام عەلییێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی. سەرۆک عەلییێڤ ئاماژەی بە پەیوەندیی لەمێژینە و دۆستانەی نێوان هەردوو گەلی ئازەربایجان و کوردستان کرد و بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ سەردانکردنی باکۆ و ئامادەيیی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی ئازەربایجان لە هەولێر دەربڕی. سەرۆکی حکومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئازەربایجان دووپات کردەوە. دۆخی گشتیی ناوچەکە و بەتایبەتی پەرەسەندنەکانی سووریا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. لەمبارەوە سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لەبارەی شەڕ و پەرەسەندنە سەربازییەکان دەربڕی.

هەواڵ
20-01-2026

راگەیێندراوێکی بەپەلە لە هەسەدەوە

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، رووبەڕووی دوو هەوڵی هێرشی یەک لە دوای یەکی هێزەکانی حکومەتی سووریا لە بەرەی سرینی باشووری کۆبانێ بوونەتەوە و تێکیانشکاندوون. ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا باس لە پێکدادانەکانی کاژێر 03:00ـی بەرەبەیان تاوەکو 06:00ـی بەیانیی رۆژی سێشەممە دەکات، دەڵێت: "هێزەکانمان بە ئازایەتی و توانایەکی بەرزەوە بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە." بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە پێکدادانەکانی بەرەی سریندا "ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی هێزەکانی حکومەتی سووریا تێکشکێندراون و سەرنشینەکانیان کوژراون." هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بەرەی "ئەبو سوڕە"، هێزەکانیان بە وردی گورزێکیان لە کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی حکومەتی سووریا داوە و ناچاریان کردوون "بکشێنەوە و هەڵبێن." هاوکات لە بەرەی  گوندی "خان مامەد" لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ، هەوڵێکی دیکەی پێشڕەوی تێکشکێندراوە و "دوژمن گورزی کەمەرشکێنی بەرکەوتووە و پلانەکەی شکستی هێناوە و ناچار بە کشانەوە کراوە." هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) جەختیان لە "ئامادەیی تەواو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک" کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، "بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەل و خاکەکەیان." هەسەدە بەڵێنی بڵاوکردنەوەی وردەکاریی زیاتری لە کاتێکی دواتردا داوە.

هەواڵ
20-01-2026

سوپاسالاری عێراق گەیشتە سەر سنووری عێراق-سووریا

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپا سالار لیوا عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا بە یاوەری شاندێکی باڵای سەربازی گەیشتە سنووری سووریا بۆ چاودێریکردنی دۆخی ئەمنی و دوایین پێشهاتەکان ئامادەکاریی سەربازەکان. لەوبارەوە سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق لە راگەیەندراوێکدا گوتی: گەلی عێراق دڵنیا دەکەینەوە کە هێزە چەکدارەکانمان بەتەواوی ئامادەکارییان بۆ پاراستنی هەر بستێکی خاکی عێراق کردووە. ئاماژەی بەوەشدا، سوپا وەک بەربەستێک لەبەرانبەر هەر هەڕەشەیەک وەستاونەتەوە و رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادەین، بەو داعشانەشی لە سووریاوە هەڵدێن، چونکە ئاسایشی عێراق هێڵی سوورە.  راشیگەیاند، سوپای عێراق خاوەنی توانای بەرز و پلانی دروستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر تەحەددایەکی ئەمنی، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی ناوچەکە دەکەین و ڕێگە نادەین هیچ هەڕەشەیەک بە جموجۆڵی داعشیشەوە ئاسایش و سەقامگیری عێراق تێکبدات. هەروەها سنوورەکانی عێراقیش لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکانماندایە

هەواڵ
19-01-2026

هێشتا پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدی سەرۆککۆمار ڕێکنەکەوتوون

بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق، سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت و تراوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی و لایەنە کوردستانییەکانی دیکە، لەسەر کاندیدێک ڕێکنەکەوتوون.حوسێن کەلاری، بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند، "تا ئەم ساتە لەگەڵ یەکێتی لەسەر هیچ کاندیدێکی هاوبەش ڕێکنەکەوتووین، ئێمە کاندیدی خۆمان هەیە، ئەوانیش کاندیدی خۆیان هەیە، مەرجی پارتی ئەوەیە پێش پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق؛ پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە ئینجا قسە لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار دەکرێت."وتیشی، "دەرگای پارتی بۆ گفتوگۆ واڵایە، هەر لایەنێک بیەوێت بێتە پشتەوە، ئێمە ئامادەین گفتوگۆی لەگەڵ بکەین."پرۆسەی وردبینکردنی ناوی کاندیدانی سەرۆککۆمار لەلایەنە پەیوەندارەکان گەڕاوەتەوە فەرمانگەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و لە کۆی 81 کاندید 23 کاندید ماون کە 12یان جێگرکراون، نۆ کاندیدیان کوردن کە ئەمانەن:- ٠ فوئاد حوسێن، کاندیدی پارتی٠ نەوزاد هادی، کاندیدی پارتی٠ نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتی٠ لەتیف ڕەشید، سەربەخۆ٠ موسەننا ئەمین، کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان٠ سەردار عەبدوڵڵا، سەربەخۆ.٠ شوان داوودی، سەربەخۆ.٠ عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، سەربەخۆ.٠ حوسێن تەها حەسەن سنجاری، سەربەخۆ. 

هەواڵ
19-01-2026

مەسرور بارزانی بەشداری لە کۆڕبەندێکی جیهانی دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 19/01/2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەرەو سویسرا بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس کە ڕۆژانی 19 - 23/ 1 بەڕێودەچێت. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ سەرۆک، سەرکردە باڵاکان و خاوەنکارانی جیهانی دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. هەروەها باس لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکان بە ئامانجی بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز لە هەرێمی کوردستان دەکات. کۆڕبەندی داڤۆس ساڵی 1971 لەلایەن کڵاوس شواب ئابوریناسی ئەڵمانی دامەزراوە، ئامانجی کۆکردنەوەی کۆمپانیاکانی جیهان بووە، ئەمساڵ کۆڕبەندەکە لە ئێوارەی ڕؤژی 19مانگ دەستپێدەکات و تا 23ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

هەواڵ
19-01-2026

حەوت ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت

لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 38 ملیۆن لیتر نەوتی سپی ماڵان بەسەر هاووڵاتیان دابەشكراوە، بڕیارە حەوت ملیۆن و 500 هەزار لیتری دیكە دابەش بكرێن. هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نەوتی سپی ماڵانی بۆ سەدان هەزار خانەوادەی هەرێمی كوردستان دابین كردووە، دوای تەواوبوونی پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەكان و دەوروبەری شاری هەولێر، چەند ڕۆژێكە پرۆسەی دابەشكردنەكە گەیشتووەتە سەنتەری شاری هەولێر و هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی بەنرخی پاڵپشتیكراو بە 31 هەزار دینار پێدەدرێت. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر ڕایگەیاند، لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری شار، بڕی زیاتر لە 38 ملیۆن لیتر نەوتی ماڵان دابەشكراوە و ئێستا پرۆسەكە گەیشتووەتە سەنتەری شاری هەولێر و بڕی حەوت ملیۆن و 500 هەزار لیتر نەوتی ماڵان دابەش دەكرێت. نەبەز عەبدولحەمید، دەشڵێت: "ئەمساڵ نەوتی سپی بە میكانیزمێكی نوێ و جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو دابەش دەكرێت، لەڕووی كردەییەوە شێوازەكەی باشتر و خێراترە. بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراك بەسەر چوار بەنزینخانەی هەولێر دابەش كراون و لیستی ناوی خانەوادەكان ڕادەستی ئەو بەنزینخانانە كراون."

هەواڵ
19-01-2026

هەسەدە لە بەنداوی تشرین کشایەوە

کەناڵی فەرمی سووریا ڕایدەگەیەنێت، لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە سووپای عەرەبیی سووریا چوونەتە نێو بەنداوی تشرین و ئیدارەی بەنداوەکەیان وەرگرتووەتەوە.لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنە 14خاڵیەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، هەسەدە لە فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگای حەلەب دەکشێتەوە، بەنداوی تشرین دەکەوێتە ئەو پارێزگایە و بەیانی ئەمڕۆ تەلەفزیۆنی سووریا بڵاویکردەوە، سوپای سووریا چوونەتە ناو بەنداوەکە.بەنداوی تشرین لەسەر ڕووباری فوڕات دروستکراوە، یەک ملیار و 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، کارەبا بۆ مەنبج و شارۆچکەی کۆبانێ و دەیان گوندی ئەو ناوچەیە دابین دەکات.بڕیارە ئەمڕۆ مەزڵووم عەبدی بچێتە دیمەشق و گفتوگۆ لەسەر ناوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنە بکات. بەپێی ڕێککەوتنەکە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوڕات و شارە کوردییەکان تایبەتمەندیان لەبەرچاو دەگیرێت و هەسەدە تێکەڵ بە سوپای سووریا دەکرێت.وەرگرتنی ئیدارەی بەنداوی تشرین لەلایەن سوپای سووریاوە لە کاتێکدایە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکێک لە ناوچە گەرمەکانی ڕووبەڕووبونەوە بووە لە نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبی سووریا.

هەواڵ
19-01-2026

ئیلهام ئەحمەد: کۆمەڵکوژی لە حەسەکە نەکراوە

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر سەرجەم ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتدەکاتەوە کە باس لە کۆمەڵکوژیی حەسەکە دەکەن و ڕایدەگەیەنێت، بەتەواوی هەڵبەستراون و داوا لە هاووڵاتیان دەكات، دوای دەنگۆکان نەکەون.لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە نوێیەكەی نێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە سەرجەم بەرەكاندا، وەزارەتی بەرگریی سووریا، هێزەكانی سوپای ڕاسپارد، سەروماڵی هاووڵاتیان بپارێزن و ئامادەكاریش بكەن بۆ كردنەوەی ڕێڕەوێكی ئارام بەمەبەستی گەڕانەوەی دانیشتووان بۆ ناوچەكانی خۆیان.ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس ڕایگەیاند، "سەرجەم ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە کۆمەڵکوژی لە حەسەکە دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە و بەتەواوی هەڵبەستراون."ڕوونیشی كردووەتەوە، "ئەم چەواشەکارییانە لەلایەن گرووپە تووندڕەوەکانی هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا بڵاودەکرێنەوە، بە مەبەستی تێکدانی ئاگربەست و نانەوەی گرژیی عەشایەری و زەمینەسازی بۆ هێرشکردنە سەر حەسەکە و کۆبانێ. بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەم لەوپەڕی وریاییدا بن و نەكەونە داوی دەنگۆكان".وتەبێژی ئیدارەی خۆسەر دووپاتی دەكاتەوە، ئەوان پابەندی ئاگربەستن و کار دەکەن بۆ یەکخستنی تەواوەتی هێزەکان لە حەسەکە.

هەواڵ
19-01-2026

مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کۆدەبنەوە

بڕیارە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بچێتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆببێتەوە، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە 14 خاڵییەی لە نێوان هەردوولادا واژوو کراوە.ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 18-01-2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لەبارەی ئاگربەست و تێکەڵبوونەوەی هێزەکانی هەسەدە بە دامەزراوە سەربازییەکانی حکومەتی سووریا، ڕێککەوتنامەیەکی بە واژووی خۆی بڵاوکردەوە.لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوانیان جەخت لە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە دەکرێتەوە، کە گرنگترینیان یەکخستنی هێزە سەربازییەکان و تێکەڵکردنی هەسەدەیە لە چوارچێوەی سوپای نیشتمانیی سووریادا، لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندیی ئیدارەی خۆجێیی بۆ پارێزگای حەسەکە و دانانی پارێزگایەکی کورد بۆ ئەو شارە، هەروەکو لە ڕێکەوتنە 12 خاڵییەکە هاتووە.هاوکات هەردوولا باس لە جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەکان، بەتایبەت کورد و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانی سرووشتی و داهاتی نەوت و گاز دەکەن وەک بنەمایەک بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکسانی دابەشکردنی سامان.بڕیاربوو دوێنێ مەزڵووم عەبدی بچێتە دیمەشق، بەڵام ئەحمەد شەرع وتی، بەهۆی خراپی ڕەوشی کەشوهەواوە نەیتوانیوە سەردانی دیمەشق بکات.

هەواڵ
18-01-2026

بە ئامێری پێشکەوتوو سنوورەکان تەنراون

ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا تۆکمەن و لەگەڵ دیمەشق هەماهەنگی ئەمنیمان هەیە بۆ پاراستنی سنوورەکان. سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا بەتەواوی کۆنترۆڵکراون، ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی ئەمنی نەخوازراو. گووتیشی؛ سنوورەکانمان بە ئامێری پێشکەوتووی تەکنەلۆجی و هێزی تەواو تەنراون لەگەڵ سووریا، هیچ دەرفەتێک بۆ پێشێلکاری ئەمنی نییە و بەردەوام لە ژێر چاودێریدان. ئاماژەی بەوەشکرد؛ لە سنووری نەینەوا هەماهەنگیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی تیرۆر لە سنوورەکانەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات، ئاشکراشیکرد: کە هەماهەنگی ئەمنییان لەگەڵ دیمەشق هەیە سەبارەت بە سنوورەکان.

هەواڵ
18-01-2026

نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی هەولێر ئامارێکی بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایكبوونی فێركاری ئاماری ساڵی ڕابردووی نەخۆشخانەكەیانی ئاشكرا كرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ساڵی ڕابردوو، 10 هەزار و 216 منداڵ بە ئاسایی لە دایكبوون و ئەوانەیشی بە نەشتەرگەری لە دایكبوون لەو نەخۆشخانەیە بریتین لە شەش هەزار و 460 منداڵ. د. شادان شێروان حەیدەری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ساڵی ڕابردوو نەخۆشخانەكە هەنگاوی گەورەی لە خزمەتكردن و نۆژەنكردنەوە ناوە، ئەمساڵیش بەرنامەی تۆكمە هەن كە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان بنرێت."  ڕوونیشی كردەوە كە تەنیا ساڵی ڕابردوو 75 هەزار و 607 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەكەیان كردووە و 35 هەزار و 417 نەخۆش خەوێنراون و حەوت هەزار و 996یان لە بەشی منداڵە ناكامەكان بوون.  هەروەها باسی لەوە كرد كە بەشی چاودێریی چڕ كە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان نرخێكی زۆر لە هاووڵاتییان وەردەگرێت، ئەمساڵ رێژەیەكی زۆر نەخۆش سەردانی ئەو نەخۆشخانە حكومییەیان كردووە بە جۆرێك 288 نەخۆش لەو بەشە بوون.  هاوكات له‌ درێژەی قسەكانی دا گوتی: "10 هەزار و 216 منداڵ بە ئاسایی لە دایكبوون كە پێنج هەزار و 113 كوڕ و پێنج هەزار و 103 یان كچ بوون، ئەوانەیشی بە نەشتەرگەری لە دایكبوون لەو نەخۆشخانەیە بریتین لە شەش هەزار و 460 منداڵ كە سێ‌ هەزار و 340 یان كوڕ بوون و سێ‌ هەزار و 156یان كچ بوون."  بە گوێرەی قسەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایكبووان، پیتاندنی دەستكرد بۆ 139 نەخۆش كراوە و 112 لەوانە دووگیان بوون، جیا لەوەیش 61 هەزار و 739 نەخۆش سۆناریان بۆ كراوە.  هەروەك دووپاتی كردەوە كە لەو ساڵەدا 416 منداڵی دوانە و 10 منداڵی سیانی لە دایكبوون.  نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایكبوون لە ماوەی ڕابردوودا، هەنگاوی زۆری بۆ پێشڤەچوون ناوە، ئەوەیش هۆكاری سەرەكی بووە كە نەخۆش روو لە نەخۆشخانەی ئەهلی نەكەن.

هەواڵ
18-01-2026

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چەکهەڵگرتنی گشتی ڕاگەیاند

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەمڕۆ یەکشەممە چەکهەڵگرتنی گشتی راگەیاند و حکومەتی دیمەشقی بە پێشێلکردنی رێککەوتن و دەستپێکردنی هێرش لە چەندین بەرەوە تۆمەتبار کرد. هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات چەک هەڵبگرن و رووبەڕووی "شەڕی مان و نەمان" ببنەوە. لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی رای گشتی کراوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق رێککەوتنیان پێشێل کردووە و لە بەیانیی دوێنێوە تاوەکو ئێستا لە چەندین بەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانمان." بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتییانە و "نیشاندانی نیازپاکی" لەرێگەی کشانەوە لە هەندێک ناوچە، "بەڵام دیمەشق سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە شەڕ و بژارەی سەربازی." لەبەر ئەوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئامادە بن و دەڵێت: "داوا لە گەلەکەمان دەکەین بنەمای بەرگریی رەوا بکەنە بنچینە و شانبەشانی هێزە سەربازییەکانیان بوەستنەوە، شارەکانیان بپارێزن و بەشداری لە شەڕی پاراستنی شکۆمەندیدا بکەن." بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێیوایە ئامانجی هێرشەکان "لێدانە لەو برایەتییەی کە بە خوێنی کوڕان و کچانی ئێمە بونیاد نراوە و دروستکردنی ئاژاوە و تووندوتیژییە لەنێوان پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا." لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان، بەتایبەتی گەنجان دەکەین، چەک هەڵبگرن و ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو لە ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ. پێویستە بزانین کە لەبەردەم شەڕی مان و نەمانداین و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان، تاکە بژاردە بەرگریی گەلە." ئەو راگەیێندراوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە هاوکاتە لەگەڵ پێشڕەوییەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە چەند گوندەوارەکانی حەلەب، کە پێشتر هەسەدە بە رێککەوتن چۆڵی کردبوون.

1 2 ... 63 64 65 ... 1142 1143