ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی رایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەریەكانی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و ھاتنی بارستە ھەوایەكی سارد، سبەینێ لە كاتەكانی بەرەبەیان شەپۆلێكی دیكەی پچڕپچڕی بارانبارین ناوچەكانی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەتایبەت لەناوچە شاخاویەكانی سنوری پارێزگای دھۆك و ھەولێر كاریگەری زیاتر ئەبێت و پلەكانی گەرما بەرێژەی ٢ تا ٤ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە. ئاماژەی بەوەكرد "لە ئەنجامی كاریگەریی ئە‌و بارستە ھەوا ساردەی روو دەكاتە ناوچەكە كاتەكانی دوای نیوەرۆ بۆ شەو خێرایی با لەسەر ناوچەكە ناو بەناو چالاك دەبێتەوە بەخێرای ٢٠ تا ٣٥ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە، لە ئەنجامدا شەپۆلێكی خۆڵبارینیش دووبارە ناوچەكە دەگرێتەوە". ئاراس جەبار دەشڵێ" لە ئەنجامی نزمبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما لە كاتەكانی شەودا ئەگەری بارینی بەفر لە سنوری ھەندێ لە قەزا و ناحیەی ناوچە شاخاویەكاندا ھەیە كە بەرزیان زیاترە لە ١١٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە و كاریگەری بەشێوەیەكی پچر پچر تا پێش نیوەرۆی رۆژی شەمە ١٢-٣-٢٠٢٢ دەخایەنێت".
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکراینا لە ئەنتاڵیای تورکیا کۆتاییهات، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا دەڵێت، هیچ رێککەوتنێکیان لەبارەی ئاگربەستەوە نەکردووە و خۆیان بەدەستەوە نادەن، بەڵام رێککەوتوون لە‌گە‌ڵ رووسیا کار لەسەر پرسی هاوکاریی مرۆیی بکەن. سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا دوای کۆبوونەوەیان لە ئەنتاڵیا، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد. وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا دەڵێت، لە‌گە‌ڵ رووسیا رێککەوتوون کە بەردەوامبن لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی هاوکاریی مرۆیی لە ئۆکراینا. وەزیرەکەی ئۆکراینا ئامادەیی خۆیی دەربڕی کە دووبارە لە‌گە‌ڵ لایەنی رووسی کۆببێتەوە ئەگەر گفتوگۆی جیددی لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارە و چارەسەری دۆخەکە بکرێت. هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رەتی ناکاتەوە کە لە‌گە‌ڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کۆببێتەوە، بەڵام هەندێک ئامادەکاری هەن کە دەبێت تەواوبکرێن، داواکاریی زێلنسکیش بۆ کۆبوونەوە لە‌گە‌ڵ پووتین بە "خۆدەرخستن" ناودەبات. کولێبا ئاماژەی بەوە کرد، "ئامادەم بۆ بەردەوامیدان بە پەیوەندی و هەماهەنگی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆکراینا، وەستاندنی ئێش و ئازاری ئۆکراینییەکان و ئازادکردنی خاکی وڵاتەکەمان لەدەست هێزی داگیرکاری رووسی".
به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر، باس له گیرخواردنی فڕۆكه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له ئۆكراینا و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌وڵی هێنانه‌وه‌ی ده‌درێت. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 10/3/2022، ئه‌حمه‌د هۆشیار، به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر به (باس‌نیوز)ی راگه‌یاند: فڕۆكه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان له ئۆكراینا گیری خواردووه، چونكه فڕۆكه‌خانه‌یان داخراوه و ئاسمانیان فڕۆكه‌ی پێدا ناڕوات. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ی گیری خواردووه، مه‌ده‌نییه و گه‌شتیار ده‌گوازرێته‌وه، بۆ چاككردنه‌وه‌ی پێش شه‌ڕه‌كه بردراوه بۆ ئۆكراینا، بڕیار بوو شه‌وی پێش شه‌ڕه‌كه بهێنرێته‌وه بۆ كوردستان، به‌ڵام دواتر به‌هۆی شه‌ڕه‌كه‌وه نه‌هاتووه‌ته‌وه و له‌وێ گیری خواردووه . گوتیشی: هه‌وڵدراوه له رێگای خاوه‌نی كۆمپانیاكه‌وه كه ئه‌و فڕۆكه‌یه له رێگای په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراقه‌وه بهێنرێته‌وه، به‌ڵام تائێستا نه‌توانراوه چونكه دۆخی ئۆكراینا ئه‌وه‌یه كه ده‌بینرێت و كاریگه‌ریی كردووه‌ته سه‌ر ئێمه‌ش، چونكه كه‌مبوونه‌وه‌ی هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك كاریگه‌ریی له‌سه‌رمان ده‌بێ.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 9ی ئاداری 2022 مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێكى ئه‌مه‌ريكى کرد به سه‌رۆكايه‌تى ماتيۆ توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا لە عێراق. شاندەکە له جەنەراڵ جۆن برێنان فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له عيراق و سووريا، جينيفه‌ر گاڤيتۆ جێگری ياريدەدەرى وه‌زيرى ده‌ره‌وه بۆ كاروبارى عيراق و ئێران، ئيتان گۆڵدريچ جێگری ياريدەده‌رى وه‌زيرى ده‌ره‌وه بۆ كاروبارى ڕۆژهەڵاتی نزیک و وڵاتانی سوريا، لوبنان و ئوردن، ڕۆبەرت پاڵادینۆ كونسولى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له هه‌ولێر و ژماره‌يه‌ك له به‌رپرسی دیکەی پێکهاتبوو.له كۆبوونه‌وه‌کەدا، دوايين گۆڕانکاری و پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سياسى عێراق وبارودۆخى سوریا و ناوچەکە تاووتوێ کرا.تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان . سەرۆکی حکومەت، جەختی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم بڕیارە، پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە و خزمە‌ت بە بەرژوەندیی هاووڵاتییان و سەقامیگریی و ئارامیی و ئاسایشی عێراق ناکات. سەرۆکی حکومەت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دانوستان و لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی.شاندی ئەمەریکی پشتیوانی خۆیان بۆ بەردەوامی سەقامگیریی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی كۆبوونەوەکە بوون .
روون و ئاشكرایه یه‌كێتی كه حزبی باڵا ده‌ستی پارێزگاكانی سلیمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌رینه… داهات و خێر‌و بێری ئه‌و سنووره له ژێر ڕكێفی یه‌كێتیدایه‌و ده‌ستی به‌سه‌ردا گردووه, جگه له یه‌كێتی هیچ هێز و لایه‌ن و ته‌نانه‌ت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئاگاداری داهاتی ئه‌و سنووره نییه, ئه‌مه ڕاستیه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌و به‌ژه‌هرشتنی به‌رپرسانی یه‌كێتی و میدیا چه‌واشه‌كاره‌كه‌یان په‌رده‌پۆش ناكرێت, هه‌رتاكێكی كورد له‌م راستییە خۆی لابدات, شایه‌نی به‌زه‌ییه و ده‌بێت پێداچوونه‌وه به ئه‌قڵیه‌تی خۆیدا بكات. ئه‌وه‌ی گرنگه باسی لێوه بكرێت, پاڵنه‌ره‌كانی پشت ئه‌م هه‌نگاوا‌نه‌ی یه‌كێتی چین, بۆ هه‌میشه یه‌كێتی فاكته‌ری كێشه‌و گرفت و ئاژاوه‌گێری و خیانه‌ته له هه‌رێمی كوردستان؟گرنگ بپرسین ئامانج له‌م به‌رنامه‌ی یه‌كێتی چییە, كه خۆیی به‌شداری سه‌رەكییه له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان, هه‌رخۆشی به‌ربه‌سته له‌پێش چاكسازی و به‌روپێشچوون و جێ به‌جێ كردنی پلانه خزمه‌ت گوزاریه‌كانی حكومه‌ت, كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیانه. حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاچ ئاستێك ده‌توانێت به‌رده‌وامبێت له هه‌مبه‌ر ئه‌م هه‌موو به‌ربه‌ست و گرفته‌ی له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه بۆی دروست ده‌كرێت؟هاوڵاتیان به‌تایبه‌ت دانیشتوانی سنووری ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی, تاكه‌ی بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن كه حزبی حاكمی سنوره‌كه‌یان ده‌ستی به‌سه‌ر داهاتی ژێر زه‌وی و سه‌رزه‌ویدا گرتووە و شار‌و شارۆچكه‌كانیش بوون به ژێر زبڵ و خاشاكه‌وه؟گرنگه بپرسین لایه‌نه سیاسییە دڵسۆز و خه‌مخۆره‌كانی خاك و گه‌ل و نیشتیمان تاكه‌ی بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن؟ئایه ئاماده‌ن باجی ئه‌م پیلانگێری و گێره‌شێوێنی و مافیاگه‌رایه‌تی و زۆرداریه‌یی یه‌كێتی بده‌ن؟ ئیداره‌ی خۆجێیی سلیمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و گه‌رمیان و راپه‌رین, یه‌ك دینار داهاتیان بۆ بانكی گشتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌گه‌راندۆته‌وه‌و بانكه‌كانی سنوره‌كه‌ش پاره‌ی تێدانیه, دانیشتوانی سنوره‌كه بۆ ناپرسن داهاتی سنوره‌كه‌یان چی به‌سه‌ر هاتووه‌و كێ دزیوێتی ؟له‌كاتێكدا ئه‌م حاڵه‌ته هۆكاری سه‌ره‌كی دواكه‌وتنی مووچەی فه‌رمانبه‌ران و پاره‌ی كۆمپانیا خزمه‌تگوزارییه‌كانه له‌سنوره‌كه؟ هەر به‌ناوبه‌رپرس و دەست ڕۆیشتوویەکی یه‌كێتی, ئابووری سەربەخۆیی هەیە له‌و سنووره, جگە لە خۆی حزبەکەش نازانێت چەندە, گرنگه دانیشتوانی سنوره‌كه چاوكراوه‌بن, ته‌ماشاییه‌كی شاره‌كانیان بكه‌ن, جگە لەپرۆژەکۆنەکانی چەند ساڵی رابردوو, هیچ پرۆژەیەک لەو سنوورە جی بەجێ نەکراوە, ئه‌وه‌ی هه‌یه حوکمەتی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی هەولێر و دهۆك پاره‌ی بۆ سه‌رف كردووه‌و کەچی پرۆژەکان بەناتەواوی ماونەتەوە. پرۆژەی چووت سایتی سلێمانی: کەلار كه به‌رێگای مه‌رگ ناسراوه چەندان نموونەی زیندوو کە سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی چۆتە ئه‌و سنوره و بەردی بناغەی داناوە و پاره‌ی بۆ خەرج كردووه, كه‌چی پارەی پرۆژەکان دزراوە؟! گرنگه بپرسن یه‌كێتی له‌م ره‌فتارانه‌ی تاكه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت, خۆ بریارنیه ئه‌م ئه‌زموون و ئازادی و ئارامی و پێشكه‌وتنه‌ی هه‌رێمی كورستان, كه ده‌ریایەک خۆێنی له‌پێناودا به‌خشراوه, بكرێته قوربانی چه‌ند خائین و خۆفرۆش و هه‌لپه‌رستێكی یه‌كێتی و رێگه‌یانبدرێت یاری به‌چاره‌نوس و داهاتووی ئه‌م میلله‌ته‌وه بكه‌ن؟! احمد گلی
ئەنجومەنی وەزیران رێکخستنەوەی رسومات و دۆخ و نرخی شمەک لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان تاووتوێ دەکات لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت *حکومەتی فیدڕاڵیی لە ساڵی 2020 ەوە تا ئێستا 14 مانگە شایستەی هەرێمی کوردستانى نەناردووە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی فیدڕاڵیی بە بەرپرسیاری خەرجنەکردنی شایستەکانی هەرێم دەزانێت. هەولێر،هەرێمی کوردستان-عێراق، (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئاداری 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە بڕگە‌ی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی پوختەیەکی دەربارەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 28 ی شوباتی 2022 سەبارەت بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، کە تایبەت بوو بە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی، پێچەوانەی دەستوورە و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە، هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی دەکات، لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، لە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور. لە بڕگە‌ی دووە‌می کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتی لیژنەی سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسومات وكرێی ئە‌و خزمە‌تگوزارییانە‌ی لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان وە‌ردە‌گیرێن، خرایە‌روو، لە‌راپۆرتە‌كەدا چۆنییە‌تی ڕێكخستنە‌وە‌ی كۆكردنە‌وە‌ی رسومات ڕوونكرایە‌وە بە جۆرێك كە ئە‌و داهاتانە دواتر بخرێنەوە خزمەتی هاووڵاتییان. ھە‌روە‌ھا ڕاپۆرتە‌كە ئە‌وە‌ی لە‌خۆگرتووە كە رسوماتە‌كان بەجۆرێک رێكدە‌خرێنە‌وە كە ڕەچاوی بارودۆخی بژێویی وئابووری هاووڵاتییان دە‌كرێت. لە گرنگترین پێشنیارەکانی راپۆرتە‌كە، پێداچوونەوەیە بە یاسا وڕێنماییە بەرکارەکان و بایەخی برەودان و پێشخستنی سیستمی ئەلیکترۆنی لە‌چوارچێوە‌ی پڕۆژە‌ی خزمە‌ت وبڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لە‌ڕێی پۆرتاڵی خزمە‌ت (https://services.gov.krd) كە بناغە‌یە‌كە بۆ بە‌دیجیتاڵ كردنی حكومە‌ت و سە‌رپێخستنی سیستە‌می یە‌ك پە‌نجە‌رە‌یی كە ئامانج لێی نە‌ھێشتنی رووتین و ڕووبەڕووبونەوەی گە‌ندە‌ڵییە لە‌گە‌ڵ باشتر پێشكە‌ش كردنی خزمە‌تگوزارییە‌كان بە كە‌سی خزمە‌تخواز لە ڕووی کوالیتی وکەمکردنەوەی کات و ئەڵقەکانی پرۆسەی مامەڵەکان. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، وەزارەتی دارایی وئابووری، لە سبەینێ پێنجشەممەوە، دەست بکات بە ڕێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات. پاشان کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ڕوسیا وئۆکراینا لە سەر هاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان و گەنم خستەڕوو کە لە چەند ڕاسپاردە و پێشنیارێک پێکهاتبوو، لە چوارچێوەی ستراتیجیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، کردووەتە پێشەنگی ئامانجەکانی، لەو پێناوەشدا چەندیین پڕۆژە کەوتونەتە بواری جێبەجێکردن، دواتریش بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو ڕاپۆرتێکی لەسەر هەمان بابەت خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئامادەسازیی پێویست بۆ هەر ئەگەرێک و بڕیاریشدرا بە ڕاسپاردنی وەزیری ناوخۆ و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، بۆ چاودێریکردنی بازاڕەکان و نابێ ڕێگە بدەن ئە‌و دۆخە بقۆزرێتەوە و نرخەکان گران بکرێت و بارگرانی لە سەر هاووڵاتییانی هەرێم دروست بکرێت. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کرد، بەتایبەتی بەخشینی دەرماڵەی گرانیی و پێدانیی ئاسانکاریی بانکی لە پێدانی پێشینە و قەرز بۆ هاووڵاتییانی کەمدەرامەتی پارێزگاکان و بەدەرکردنی هەرێمی کوردستان لەو بڕیارانە، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق، سەرەڕای کەمکردنەوە و داشکاندنی ڕاستەوخۆی پابەندییە نەوتیی و داراییەکانی هەرێم بە پێی یاسای بودجە، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵیی تا ئێستا بڕی ئە‌و 200 ملیار دینارەشی نەناردووە کە شایستەی هەرێمی کوردستانە و لە ساڵی 2020ەوە تا ئێستا (14) مانگ شایستەی هەرێمی نەناردووە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی فیدڕاڵیی بە بەرپرسیاری خەرجنەکردنی شایستەکانی هەرێم دەزانێت وجیاوازییکردن وبەدەرکردنی هەرێمی کوردستان لەو ئیمتیازاتانە و شایستە داراییەکانی، بە ناڕەوا و ستەم کردن دەزانێت. ئینجا کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ، بابەتی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بە دەستی کاری خۆماڵی خستەڕوو ، ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی ڕاسپارد لە پەلە بکەن لە تەواوکردنی ڕەشنووسی یاسای نوێی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا ئە‌و یاسایانەی ئێستا کاریان پێدەکرێت زۆر کۆنن، هەروەها پەلەکردن لە تەواوکردنی ڕێنماییەکانی هێنانی دەستی کاری بیانی، بە ئاراستەی ڕەخساندنی زۆرترین دەرفەت بۆ دەستی کاری خۆماڵیی و هاوتاکردنی ماف وشایستە و خانەنشینی ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کاردەکەن لە‌گە‌ڵ هاوەڵەکانیان لە کەرتی گشتی. ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بڕیاریدا بە بەردەوامبوونی داشکاندنی ڕێژەی 15٪ ی قەرزی کرێی کارەبا و سزادانی دواکەوتن وسەرپێچی کارەبا، لە 10ی ئاداری ساڵی 2022 ەوە بۆ ئە‌و هاووڵاتییانەی تا 31ی مانگی ئایاری 2022 بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لە ئەستۆیانە.
بکوژی ژنە تەمەن 20 ساڵانەکەی هەولێر دەستگیرکرا کە برایەکی خۆیەتی. پۆلیسی کەرکوک ڕایگەیاند، ئەنجام سامی، تەمەن 18 ساڵان، بکوژی ماریا سامی خوشکی. لە کەرکووک دەستگیرکرا.
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، بڕیاردرا ماوەی لێخۆشبوونی قەرزی هاوبەشانی کارەبا تا 31-05-2022 درێژ بکرێتەوە.
سبەی دەست بە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: " لە سبەی پێنجشەممەوە 10/3/2022، دەست بە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی 2022 دەکرێت و یەکەم وەزارەتیش تەندروستی مووچە وەردەگرێت".
سەركردەیەكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ئاشكرای كرد، عەلی باپیر، سەرۆكی حزبەكەیان پێشوەختە زانیاریی لەبارەی هەوڵی كوژرانی مەلا عەبدوڵای قەسرێ پێ دراوە. شوان ڕابەر، ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵ لە نووسینێكدا كە لە ساڵیادی كوژرانی مەلا عەبدوڵای قەسرێ لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە، ئاشكرای كردووە، عەبدوڵای قەسرێ هەستی بە پیلانگێڕی لە دژی خۆی كردووە، بۆیە لە ئەحمەدئاوا لە‌گە‌ڵ ئە‌و و عەلی باپیر دانیشتووە و گوتوویەتی: ”زانیاریم بۆ هاتووە كە دەیانەوێ زەڕبەم لێ بدەن...هتد“. بە گوتەی ئە‌و سەركردەیەی كۆمەڵ، عەلی باپیر پاش بیستنی زانیارییەكە بە مەلا عەبدوڵای قەسرێی گوتووە: ”جا تۆ خراپە و تاوانت چییە تا زەڕبەت لێ بدەن؟ دەبێ كێ زەڕبە لە تۆ بدات؟ خۆ زیانی كەست نییە؟ و .... هتد“. ئەوەشی دركاندووە كە پاش ئە‌و قسانەی عەلی باپیر، ”ئیتر هەرسێ لامان سەرنجی خۆمان لەسەر بابەتەكە لادا و مامۆستا عەلیمان جێ هێشت“. شوان ڕابەر نەیشاردووەتەوە كە پاش جێهێشتنی عەلی باپیر، ئە‌و بە تەنیا بە مەلا عەبدوڵای قەسرێی گوتووە ”ئە‌و زانیاری و بابەتە بە هەند وەربگرە“. دەشڵێت: ”هەر لەم سۆنگەیەوە بیرۆكەی وتاری كوشتنی بەناهەق هاتە گۆڕێ كە ئێستاش لێدەدرێتەوە“، چونكە وتارەكە لە 28ی 2ی 2003 و چەند ڕۆژێك پێش كوژرانی پێشكە‌ش كراوە. سەركردەكەی كۆمەڵ باسی ئەوەشی كردووە كە چۆن لە 4ی 3ی 2003 مەلا عەبدوڵای قەسرێ و چوار لە پاسەوانانی بە ڕۆژی ڕووناك كوژراون، بەڵام هیچ باسی لەوە نەكردووە كە رووداوەكە بە فەرمانی راستەوخۆی یەكێتی و دژە تیرۆری یەكێتی بووە كە ئەوكات بافڵ تاڵەبانی سەرپەرشتیی دەكردن. شوان ڕابەر لە نووسینەكەیدا دەڵێت: ”مامۆستا عەبدوڵا لە ڕێگەی كۆڕ و وتار و وانەكانی، رۆڵ و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر خەڵكی خۆمان و جەماوەر هەبوو، بەتایبەت لە ناوچەی بیتوێن و پشدەر، لەبەر ئە‌وە‌ی وتارەكانی لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ پەخش دەكران، جەماوەرێكی باشی پەیدا كردبوو، لە‌گە‌ڵ خەڵك و لایەنەكان لەبار و گونجاو بوو، دوژمنێكی شەخسی نەبوو“.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ئەمڕۆ بەرەو تورکیا بەڕێدەکەوێت، بۆ ئە‌وە‌ی لە‌گە‌ڵ دیمتری کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا کۆببێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە تاوەکوو ئێستا شاندی دانووستانکاری رووسیا و ئۆکرانیا، بۆ رێککەوتن و راگرتنی شەڕ، سێ جار لە بێلارووس کۆبوونەتەوە و نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک، چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لە تورکیا ئاگربەستی سەرتاسەری لێبکەوێتەوە. هەینی رابردوو مەولوود چاویش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا خواستی وڵاتەکەی دەربڕی بوو بۆ رێکخستنی دیداری سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا و دیمتری کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماتی، کە بڕیارە لە 11 تاوەکوو 13 ئەم مانگە لە ئەنتاڵیای تورکیا بەڕێوەبچێت، بە مەبەستی کۆتایی هێنان بەشەڕ.
بەمەبەستی دڵنیابونەوە لە بڕو کوالێتی ئەوخواردنانەی کەلە بەشە بایعی دەدرێت بەهاوڵاتیان، کۆگان بەسەرکرانەوە. ئەمرۆ 9/3/2022 ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی بە یاوەری ئازاد محەمەد- سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بەرێوبەری خۆراکی سلێمانی سەردانی کۆگانی خۆراکی سلێمانییان کرد. قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد دڵنیابونەتەوە لەوەی کەبەشی پێویستی خۆراک لە (برنج و شەکر و زەیت و دۆشاو) لە کۆگاکاندا هەیەو دەست بەدابەشکردنی ئە‌و خۆراکانە بۆ مانگی یەک بەسەر هاوڵتیاندا کراوەو دواتریش مانگەکانیتر دابەشدەکرێت و هیچ کێشەیەک لە بڕی خۆراکدا نییە، ئەوە سەرەڕای ئە‌وە‌ی کوالێتییان زۆر باشە. وتیشی لیژنەکانی قائیمقامیەت و لیژنەکانی چاودێری بازرگانی بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکەن، بەدەر لەوەی کە بە رێژەیەک نرخی خۆراک لە دونیادا بەرزبووەتەوە رێگا نادەن بازرگانان و فرۆشیارانی خۆمان نرخەکان زیاتر بەرزبکەنەوە.