كەمال كەركووكی - ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ دەنگی ئەمریكا: وەكو پارتی دەگەڕێینەوە بۆ كەركوك، وەكو یەكێتی بە سەرشۆڕی ناگەڕێینەوە. پێش هەڵبژاردن گفتوگۆمان لەگەڵ حكومەتی عێراق كرد بۆ گەڕانەوە بۆ كەركوك، بەڵام داوایانكرد بخرێتە دوای هەڵبژاردن، تا نەكرێتە بانگەشە، ئێستاش چاوەڕێی دۆخی بەغداین، بە دڵنیاییەوە دەگەڕێینەوە بۆ كەركوك. رەنگە تەرەفێكی ئێران، هەولێری موشەكباران كردبێت، تا بیانەوێت ناوبانگی وڵاتەكەیان لەكەدار بكەن، چونكە دەزانن بدەن لەشوێنی مەدەنی دونیا لەدژیان هەڵدەستێ. موشەكبارانكردنی هەولێر كارێكی بێ بنەماو تاوانێكی زۆر گەورەبوو، چونكە عێراقو هەرێم لە شەڕدا نین لەگەڵ ئێران، ئێمە هۆكارەكەی نازانین، تەنها ئەوانەی موشەكەكانیان هاویشتووە، دەزانن بۆ ئەو كارەیان كردووە، بەڵام ئەو شتانەی باسیدەكەن، بنەمای نیە و مایەی پێكەنینە. ئەو بازرگانەی دراوە لەماڵەكەی، بازرگانێكی كوردی زیرەكەو مێشكێكی ئابوری باشی لە بواری نەوت و غاز هەیە، ئەو پاساوەشی گوایە بنكەی ئیسرائیلی لە هەولێر هەبووە، خۆشیان دەزانن ڕاست نیە. پۆستی پارێزگاری كەركوك مافی پارتیە، چونكە بە دەنگ بێت، یاخود بە نۆرە، ئەو پۆستە مافی پارتیە. پارتی بەهەموو توانایەوە هەوڵی بردنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەدات، چونكە ئەو بەڕێزانەی پێشتر پۆستی سەرۆك كۆماریان لابووە، باش كاریان نەكردووە، 55 مادەی دەستوری كە بەرژەوەندی كوردستان دەپارێزێت پێشێلكراوەو لەسەری نەهاتونەتە دەنگ. ئێمە بە راستگۆیی چوینەتە هاوپەیمانێتی لەگەڵ رەوتی سەدرو عەرەبی سونە، پێشبینی دەكەین ئەوانیش بە ڕاستگۆیی لەگەڵمان بن.
وهزارهتى دارایی و ئابووریی حكوومهتى ههرێمى كوردستان، پێش جهژنى نهورۆز، مووچهى سهرجهم فهرمانبهرانى ههرێمى كوردستان دابهش دهكات. بەپێی ئەم خشتەیەی لە خوارەوە دانراوە، لە ڕۆژی هەینی 18/3/2022، تا ڕۆژی یەکشەممە 20/3/2022، مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت.
تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی شاری ناسریە بۆ یەکەمجار لە ئاستی عێراقدا، بە سەرکەوتوویی نەشتەرگەریی چاندنی سەری ئەندامی نێرینەیان بۆ کەسێک کرد، کە پێشتر سەگ گازی لێگرتبوو. نەخۆشخانەی ئەملی راوێژکاریی گشتی لە ناسریە, ناوەندی پارێزگای زیقار لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەنتەری دەزگای میزەڕۆ، نەشتەرگەریی چاندنی سەری ئەندامی نێرینەیان بۆ کەسێک بە سەرکەوتوویی کردووە، دوای ئەوەی لە روویداوێکدا سەگ گازی لێگرتبوو. نەشتەرگەییەکە 6 کاژێری خایاند، کە لەلایەن دکتۆری میسری عەبدولقەوی یوسف، ئەیمەن حەمامە پزیشکی سڕکەر، یاریدەدەری نەشتەرگەر عەلی خەلیل و یاریدەدەری سڕکەر جەمال شەریف و سەعدون نەعیم، کراوە. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نەخۆشخانەکە هەموو ئامادەکارییەکی بۆ نەشتەرگەکە کردبوو لە ئامێر و کەرەستەی پێویست بۆ ئەم نەشتەرگەرییە، ئەمەش بۆ گەرەنتیکردنی سەرکەوتنی یەکەم نەشتەرگەریی چاندنی سەری ئەندامی نێرینە لە عێراقدا. (رووداو) پەیوەندی بە نەخۆشخانەی ئەملی راوێژکاریی گشتی لە ناسریە کرد و هەواڵەکەیان پشتڕاستکردەوە و رایانگەیاند، نەشتەرگەریی چاندنی سەر ئەندامی نێریەکە لە نەخۆشخانەکەیان بە سەرکەوتوویی کراوە. یەکەم نەشتەرگەریی سەرکەوتووی چاندنی ئەندامی نێرینە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2014 لە شاری کیپ تاون لە ئەفریقای باشوور کرا، کە بەهۆی ئەو نەشتەرگەرییەوە کەسەکە توانی وەچە بخاتەوە ژێدەر رووداو
مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی دوكان چوار تۆمەتباریان بەتۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیركرد. دوای ئەوەی گومان لەچوار گەشتیاری بەناسنامە عەرەب كرا لەیەكێك لەپڕۆژە گەشتیارییەكانی قەزای دوكان كە بەكارهێنەری مادەی هۆشبەرن، پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی دوكان گەیشتنە شوێنی مانەوەی گەشتیارەكان و تونرا دەستبگیرێت بەسەر بڕێك ماددەی هۆشبەر و سەرجەم تۆمەتباران دەستگیربكرێن. لەئێستادا تۆمەتباران (ح. ا. خ لە دایكبووی ٢٠٠٠) ، (ی. ش. ع لە دایكبووی ١٩٩٨ ) ، (ا. ح. م لە دایكبووی ١٩٩٠) و (ا. ع. غ لە دایكبووی ١٩٩٩ ) سەرجەمیان بەناسنامە عەرەبن و دانیشتوی شاری بەغدان و بەمەبەستی گەشتكردن هاتوونەتە قەزای دوكان، بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون ، دوای ناردنیان بۆ پشكنین دەركەوت كە بەكارهێنەری مادەی هۆشبەرن.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لیژنەی بەدواداچوونی ڕاستییەکان لە پەرلەمانی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بە ئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە. كۆبوونەوەكە كاتژمێر 11ی بەیانی بەسەرۆكایەتی حاكم زاملی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و ئامادەبوونی سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لە هۆڵی دەستووری لەناو پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت. بڕیارە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێک لەوبارەوە بداتە سەرۆکایەتی پەرلەمان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەولەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەیشت ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئاداری 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەماندا میلینگ وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەیشت.لە پەیوەندییەکەدا، هێرشی مووشەکی ناڕەوا بۆ سەر هاووڵاتییانی هەولێر تاووتوێ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی هێرشەکە پێشیلکارییەکی گەورە و ئاشکرای سەروەری عێراقە.سەرۆکی حکومەت هەوڵ و هەماهەنگیی بەردەوام و هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی ڕوونکردەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڵمەتی چەواشەکارانە لە دژی هەرێمی کوردستان و دەرخستنی ڕاستییەکان و رەتکردنەوەی تۆمەتەکان. داواشی لە شانشینی یەکگرتوو کرد کە لەم ڕووەوە پشتیوانی هەولێر و بەغدا بکات.وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دووپاتیکردەوە کە شانشینی یەکگرتوو، پشتگیریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات و جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتیوانێکی بەهێزی، ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراقە.هەردوولا هاوڕابوون کە لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوامدا بن.
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی دەرکراوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئێستا سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستاندا لیستێکی سەربەخۆی هەبێ. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستانی دیاریکردووە کە لە مانگی تشرینی یەکەم بەڕێوە دەچێت. باڵکێش زانیویەتی، ئێستا لاهور جەنگی سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستاندا لیستێکی سەربەخۆی هەبێ و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ چەندین کەسایەتی سەربەخۆ، دەرکراو لە حیزبەکان، زویربوو و خانەنشین گفتوگۆی کردووە و داوای هاوکاری لێ کردوون. پێشتر بافڵ تاڵەبانی، هاوسەررۆکی یەکێتی، لاهور جەنگیی تۆمەتبار کردبوو بەوەی ژەهرخواردی کردووە، دۆسیەکەش بە کراوەیی ماوەتەوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە بافڵ تاڵەبانی بە باڵکێشی وت" ئەگەر لاهور جەنگی کارێک بکات زیان لە یەکێتی بدات، بافڵ تاڵەبانی دۆسیەکەی دەکاتەوە و دەیداتە" ڕەنگە ئەمەش ببێتە سەرچاوەیەکی دیکەی دروستبوونی ململانێ و گرژی نوێ. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لاهور جەنگی سەردانی دەڤەری ڕاپەڕینی کرد و لەوێ لەناو ژمارەیەک هاوڵاتیدا قسەی کرد و وتی: دوو بۆ سێ مانگ مۆڵەت بە دەسەڵات دەدەن بۆ چاکسازی. ئەمەش وەکو پەیامێک بوو بۆ ئەوەی کە نیازی راگەیاندنی حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی هەیە.
ئەنجومەنی وەزیران بە توندی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی هەولێر سەرکۆنە دەکات و داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی داوا وپێداویستییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات* ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئاداری 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بوو بە بەرزڕاگرتنی یادی سی و چوارەمین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، لە لایەن ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ، ژمارەیەک پێشنیار و داواکاری پارێزگای هەڵەبجە خرانەڕوو لە بوارە جیاجیاکانی تەواوکردنی هەیکەلیەتی ئیداریی پارێزگاکە و پڕکردنەوەی پێداویستی میلاک و دامەزراندن بۆ فەرمانگە وبەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان وبودجەی پارێزگاکە و پڕۆژەکانی خزمەتگوزاریی گشتی و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگا و پێدانی تایبەتمەندێتی بە پارێزگا لە ڕووی ئیداریی و داراییەوە وەک پارێزگایەکی نوێ، هەروەها بابەتی تێستی دی ئێن ئەی( ( DNAبۆ منداڵە وونبوەکان و چەند داواکاریی وپێشنیارێکی دیکە کە لە لایەن پارێزگاری هەڵەبجە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرابوون، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای جەختکردنەوە لە پێویستی خزمەتکردنی هەڵەبجە وەک ئەرکی لە پێشینەی حکومەت بە شێوەیەک شایستەی هەڵەبجە بێت ، دووپاتیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی بە قەرزاری کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەزانێت و ئەرکی لەپێشینەی حکومەتە کە خزمەتێکی شایستەی هەڵەبجە و دانیشتووانە خۆشەویستەکەی بکات. دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لیژنەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕابسپێرێت بۆ بەدوادچوونی خێرا و جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەو یادداشتە بە ئاراستەی خزمەتی زیاتری پارێزگای هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان و بەڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی ئەم پارێزگایە، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق، بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی و دەستووریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و برینداران و زیانلێکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە و گشت قوربانیانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی کوردستان بگرێتە ئەستۆ هەروەک لە ماددەی 132ی دەستوور ئەم بەرپرسیاریەتیيە بە ئاشکرا خراوەتە ئەستۆی دەسەڵاتە فیدڕاڵیيەکان. بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن دەربارەی هێرشە مووشەکیەکەی سەر شوێنی نیشتەجیبوونی هاووڵاتییانی هەولێر لە بەرەبەیانی ڕۆژی 2022-3-13 و بەسەرکردنەوەی شوێنەکە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و شاندی یاوەری .سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە هێرشە بۆ سەر ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەروەری عێراق و پێویستە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێگری لەم جۆرە هێرش و دەستدرێژیانە بۆ سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن.سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە ئەو تۆمەت و بوختانانەی دەدرێنە پاڵ هەرێمی کوردستان، هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە. بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە، وێڕای دووبارە بە توندی سەرکۆنەکردنی ئەو هێرش و پەلامارە بۆ سەر هاووڵاتییانی هەولێر، ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد، لیژنەیەکی نێودەوڵەتیش کە لە نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی و کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان. لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا وەزارەتەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕابسپێرێت کە پێویستە لە ئێستا زیاتر بە پێی تایبەتمەندێیتیان بەرپرسیاریەتی وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی کێشە و ناڕەزایی و پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگرنە ئەستۆ، بە پێی تایبەتمەندێیتی هەر وەزارەتێک و لە چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵات وبەرپرسیاریەتیان، کە ئەمە ئەرکی وەزارەتەکانە نەک تەنها ئەنجومەنی وەزیران، لەم ڕووەشەوە وەزارەتەکان پلانی خۆیان دەخەنەڕوو لە ڕووی پێدانی دەسەڵاتی پێویست پێیان و برەودان بە میکانیزمیی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان بە شێوەیەک پێویستە چالاکتر لە ئێستا بە دەنگ داواکاریی و پێداویستیەکانی هاووڵاتییانەوە بچن، لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکانی وەزارەت لە پارێزگا وئیدارە سەربەخۆکان و قەتیسنەکردنی دەسەڵات لە دیوانی وەزارەتەکان. لە دوابڕگەشدا ئەنجومەنی وەزیران، دڵنیایی دا بە مووچەخۆران کە پارەی پێویست دابینکراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و وەزارەتی دارایی وئابووری ،لە ڕۆژانی پشووی جەژنی نەورۆزیشدا، بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە.
ڕوونکردنەوەیەک لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی یەوە بۆ ڕای گشتی: سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەک لە کەناڵی ئێن ئاڕتی، بە ھەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە ئەو پارچە زەوییەی مزگەوتەکەی لەسەر دروست کراوە ناوچەی قەدەغەکراوە (محرمة)یە، لەبەرئەوەی لەسەر بۆریی ئاو و پڕۆژەیەکی ئاو دروست کراوە کە بۆ گوندی ئەڵمانی دەڕوات. ھەمان ئەو بەندەی ڕێگری لە دروست کردنی بینا دەکات لەسەر ئاوەڕۆ ھەمان بڕگەش ڕێگری لە دروست کردنی بینا دەکات لەسەر پڕۆژەی ئاو.بۆ بەرچاو ڕوونیی ھاوڵاتیانی خۆشەویستی شاری سلێمانی، ئێمە وەک سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی نیازی تێکدان و ڕوخاندنی ھیچ بیناو موڵکێکمان نییە چ جا ئەوەی بێتە سەر شوێنێکی پیرۆزی وەک مزگەوت، بەڵام پابەندبوون بە یاساو جێبەجێکردنی ئەرکی ھەموو لایەکمانە.بەڵام لایەنی جێبەجێکار ڕەزامەندیی بەڕوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی نەبووە. ئاشکرایە، دروست کردنی مزگەوت کۆمەڵە ڕێکارێکی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پێویستە لایەنی جێبەجێکار نەخشەی پەسەندیی نەبووە. بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە ئەو لایەنە ھیچ جۆرە مامەڵەیەکی یاسایی بۆ دروست کردنی مزگەوتەکە وەرنەگرتووە.بۆیە پێتان ڕادەگەیەنین ئەو کارەی ئەنجاممان داوە بە ڕەزامەندی داواکاری گشتی و دادوەری لێکۆڵینەوەی زیادەڕۆیی بووە و پێشتریش سکاڵای وەبەرھێنانی لەسەربووە، لە ھەمان کاتدا، فەرمانی کارگێڕی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی بۆ دەرچووە. پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی بە نوسراوێک لە ساڵی (٢٠٢١) دا داوای لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کردووە بە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پڕۆژەیە. چەند جارێکیش لە لایەن بەشی زیادەڕۆیی سەرۆکایەتییەوە ئاگادارکراوەتەوە. لەکۆتایدا، بە پێویستی دەزانین ئاماژە بەوەش بکەین کە ئێمە چۆن لە پڕۆژەکانی نیشتەجێ بوون(ستی یەکان)دا، ڕێگەمانداوە بە دروست کردنی مزگەوت بەوشێوەش ھاوکار دەبین بە جۆرێک لە ناو سایت پلانەکەدا و لە شوێنی گونجاو و دیاری کراوی خۆیدا بێت. با بۆ ھەموو لایەک ڕوون بێت کە ئێمە وەک سەرۆکایەتی شارەوانی بە ھیچ جۆرێک ڕێگر نەبووین و نابین لەبەردەم دروست مزگەوت دا. لەگەڵ ڕێزیسەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی
سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردو كوردستان، شەهیدانی ئەنفال ، شەهیدانی كیمیا باران. ئەمڕۆ سی و چوار ساڵ بەسەر تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی کۆمەڵکوژی ھەڵەبجەی شەھید لە مێژووی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانی گەلەکەمان تێ دەپەڕێت، ئەویش بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیاوی بوو بە فەرمانی سەدامی دیکتاتۆر و تاوانکار عەلی حەسەن مەجید لەڕێگای فرۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس، کە زیاتر لە پێنج هەزار ڕۆڵەی گەلەکەمان لە هەڵەبجەی شەهید بوونە قوربانی. جەمارەی سەربەرزی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان لە دژوارترین ڕۆژانی سەختی قوربانیدانی گەلەکەمان لە پاش ئەنفالکردن ئومێدیان لە نائومێدیدا دروست دەکرد بە پشتبەستن بە ئیرادەی گەلەکەمان کە بە هیچ شێوەیەک نوشستی و بێهیوایی و ملکەچییان پێ قەبوڵ نەبوو بەردەوام بوون لە تێکۆشان و بەرگریکردن لە خەڵک و خاکی پیرۆزی کوردستان, هەر ئەو باوەڕبەخۆبوونە بووە هۆی ئەوەی جەماوەری گیان فیدای کوردستان لە بەهاری ١٩٩١ لەگەڵ دەنگی یەکەم گولەی پێشمەرگە ڕاپەرن بە پشتبەستن بە هێزی پێشمەرگەی قارەمان، هەموو دامودەزگا حزبی و ئەمنی و سەربازییەکانی رژێمی بەعس ڕاماڵن و، باشووری کوردستان بە کەرکووکی دڵی کوردستانیشەوە ئازاد بکەن, دواتریش ئەنجامدەری ڕاستەخۆی ئەم تاوانە، عەلی حەسەن مەجید کە بە عەلی کیمیاوی ناسرابوو لە سێدارە درا و بە سزای خۆی گەیشت. تێکۆشانی بەردەوامی گەلەکەمان لە شۆڕش و ڕاپەرین و قوربانیدان بەرهەمەکەی دروستکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانی بوو بە هەموو دەزگا شەرعیەکانیەوە، کە پێشتر و ئەمڕۆش پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی لە هەوڵدا بووە بۆ بەجینۆساید ناساندنی کیمیابارانی هەڵبجەی شەهید وەکو مافێکی ڕەوای گەلی کوردستان و ھەڵەبجە، بەدڵنیاییەوە ئەم پارێزگا شەهیدە هەرچەندە خزمەت بکرێت هێشتا لە ئاستی داواکاری خەڵک و کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی دانیشتوانەکەی نییە، سەرەڕای ئەوەش حکوومەتی هەرێم لەهەوڵدایە لەپێناو بەجینۆساید ناساندنی ئەم تاوانە دژ بەمرۆڤایەتییە لە ئاستی نیودوڵەتیدا و، گوشاری بەردەوام دەخاتە سەرحکومەتی فیدراڵی عێراق کە دەبێت داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکات بەرانبەر ئەو کۆمەڵکوژییە کە ڕژێمی سەدام ئەنجامی داوە و، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووانی ئەم کارەساتە بکاتەوە. لەم یادە دڵتەزێنەدا سەری ڕێز و نهوازش دادەنوێنین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەم تاوانه مرۆییه لە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان. دکتۆر کەمال کەرکووکیسەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوك -گەرمیان٢٠٢٢/٣/١٦
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە پەیامێکدا بۆ یادی 34مین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە رایگەیاند "ئیرادەی گەلی كوردستان لە چەكی كیمیایی و فڕۆكە و مووشەك بەهێزترە". ئەمڕۆ چوارشەممە ١٦ـی ئاداری ٢٠٢٢، سەرۆک مەسعود بارزانی لە یادی سی و چوارساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا پەیامێکی لە تویتەر بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەدا هاتووە: "دوژمن هەڵەبجەی كیمیاباران كرد، بەڵام ئازادیخوازیی گەلی كوردستان هەر زیندوو مایەوە. لە یادی سی و چوارساڵەی شەهیدكردنی هەڵەبجەدا دووپاتیدەکەینەوە كە ئیرادەی گەلی كوردستان لە چەكی كیمیایی و فڕۆكە و مووشەك بەهێزترە".
100دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 147300 دیناری عێراقی 100یۆرۆ بەرامبەر بە 161500 دیناری عێراقی 100 پاوەندی بەریتانی بەرامبەر بە 193000 دیناری عێراقی 100لیرەی تورکی بەرامبەر بە 10000 دیناری عێراقی 100ھەزار تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە 5700 دیناری عێراقی 1 دیناری ئوردنی بەرامبەر بە 2013 دیناری عێراقی