Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13779 بابەت
هەواڵ
28-03-2022

گوتاری مه‌سرور بارزانی له‌ كۆڕبه‌ندی جیهانیی وزه‌ له‌ ئیمارات

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ كۆڕبه‌ندی جیهانیی وزه‌ گوتارێكی به‌ناوی " بەرەوپێشبردنی وزە، هەناردەکردن و ئاییندەی هەرێمی کوردستانی عێراق" پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، لە هەموو هەنگاوێکی رۆژانەتاندا و بە شێوازێکی بەردەوام و راستەوخۆ وزە به‌کارهاتووە، هیچ وڵاتێکی دیكه‌ لە جیهان بەم شێوەیە کاریگەر نەبووە. له‌ گوتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پاش پەنجا ساڵ ئیمارات هه‌ردوو ئامانجه‌كه‌ی به‌دیهێنا، وڵاتی ئێوە هێزبەخشە بە هەموو ناوچەکە و سەرکردایەتیەکەی بە شێوازێکی ژیرانە سەرچاوە سرووشتیەکان و توانا مرۆییەکانی بەکارهێنا. ده‌قی گوتاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆڕبه‌ندی جیهانیی وزه‌/ 2022: سڵاوتان لێبێت.. من شەرەفمەندم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدام بۆ قسەکردن له‌ بارەی ئاییندەی توانای وزەی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، من هیوا و ئاواتەکانی خەڵکی خۆم لەگەڵ خۆم هێناوه‌. بە شێوەیەکی تایبەت چێژ لە پێشکەشکردنی ئەم وتارە وەردەگرم لەم شوێنە، کە باوك و باپیرانی زۆرینەتان تێڕوانینێکی ناوازه‌یان هەبووە بۆ بنیاتنانی وڵاتێک بۆ هاووڵاتیانی و ببێتە نموونەیەک بۆ جیهان. پاش پەنجا ساڵ ئیمارات هه‌ردوو ئامانجه‌كه‌ی به‌دیهێنا، وڵاتی ئێوە هێزبەخشە بە هەموو ناوچەکە و سەرکردایەتییەکەی بە شێوازێکی ژیرانە سەرچاوە سرووشتییەکان و توانا مرۆییەکانی بەکارهێنا. لە هەموو هەنگاوێکی رۆژانەتاندا و بە شێوازێکی بەردەوام و راستەوخۆ وزە به‌کارهاتووە، هیچ وڵاتێکی دیكه‌ لە جیهان بەم شێوەیە کاریگەر نەبووە لە بەکارهێنانی وزە وەکو كۆڵكه‌یه‌ك بۆ بنیاتنانی وڵات. دەمەوێت بە سوپاسکردنی وەزیری وزەی ئیمارات بەڕێز سوهێل محەمەد ئەلمازووی و سەرۆکی ئەنجومەنی ئەتلانتیک، فرێدریک کێمپی، بۆ بانگهێشتکردنم بۆ ئەم لوتکەیە دەستپێبکەم، کە لە کاتێکی گونجاودا هاتووە. هەروەها سوپاسی رێکخەرانی ئەم ئیڤێنتە دەکەم بۆ سازکردن و کۆکردنەوەی هەموومان لێرە، چاوەڕوانی بیستنی راوبۆچوونەکانتان و پرسیارەکانتان دەبم. ئەوڕۆ لە پێش ئێوەدام، لە چوارچێوه‌ی سه‌ردانێكی هه‌فته‌ییه‌ بۆ ئیمارات، من لێرەم بۆ دووەمجار لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندییەکی جددی، هەروەها بۆ فێربوون لە ئێوەوە. لە هەر هەنگاوێکی سەردانەکەمدا، گفتوگۆی پڕ لە زانیاریم لەگەڵ سەرکردەکان و بیرمەندەکان ئەنجامدا. بۆ من زۆر روونە، کە تێڕوانینێکی هاوبەشمان هەیە و بنەمای هاوبەش کۆماندەکاتەوە. ئێمە هاووڵاتیانی خۆمان دەپارێزین و خزمەتیان دەکەین، لە هەمان کاتیشدا پەناگە بە خەڵکانی دیكه‌ پێشکەش دەکەین، ئێمە ئەندامێکی کارای کۆمەڵگه‌ی نێوەدەوڵەتین، کە کار بۆ دابینکردنی ئاییندەیەکی باشتر دەکات. لە ماوەی ساڵانی رابردوو، ئێمە لە کوردستانەوە تەماشای ئێوەمان دەکرد و لە ئەزموونی ئێوە لە ئیمارات، فێردەبووین، لە کاتێکدا ئێمە چەندین بەربەستی جددیمان تێپەڕاند. چیرۆکی وزەی ئێمە هیوابەخشە، ئێمە لە سەرەتاوە دەستمانپێکرد، 15 ساڵ لەمەوبەر کاتێک یاسای وەبەرهێنانی نەوتمان دەرکرد، بۆ هەریمێك کە لە رۆژێکدا نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و هەناردەی دەکات، هەروەها نزیکەی نیو ملیار پێ سێجای گاز بەرهەمدهێنێت لە رۆژێکدا و له‌گەڵ بوونی ویست بۆ بەرەوپێشبردنی هەردووکیان، بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو. ئاڵۆزی مەزهەبی لە چەند بەشێکی وڵات و دەرکەوتن و رووخانی گرووپی تیرۆریستی داعش، کە ئێمە رۆڵێکی سەرەکیمان لە لەناوبردنی هەبوو، ناسەقامگیری سیاسی لە عێراق و لە دوایینیشیدا ئەنجامدانی زوڵم و ستەم دژ بە ئێمە لەلایەن بڕیارەکانی ئەوەی کە پێی دەڵێن دادگای فیدڕاڵی، بەڵام ئێمە سەرکەوتوو بووین، تێڕوانینی من وایە، کە ئێمە بەرەو گەشەسەندن دەچین. بەکارهێنانی تواناکانی وزەی ئێمە بە شێوەیەکی کاریگەر و ژیر، کاری سەرەکی ئێمە بوو بۆ هەنگاونان بەرەو ئاییندە، حکومەتەکەمان ئەوەی کرد بە پێشینەیەکی ستراتیجی، کە هەتاهەتایە پارێزگاری لە کوردستان دەکات. ئاییندەی ئێمە لەسەر وزە بنیات دەنرێت، لە رێگای هەریەک لە هاووڵاتیانی ئێمە کە کاتەکەیان بەکاردێنن بۆ بەرەوپیشچوون و سەرکەوتن، هەروەها لە رێگای بەردەوامبوونی بەرەوپێشبردنی سەرچاوە سرووشتییەکان کە ئێمەی کورد لە پێناویدا کارمان کردوە، بە درێژایی چەندین دەیەی پڕ لە جەنگ و پەتا و یاخیبوون و چەندین بەربەستی تر. ئێمە ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێک لە مێژووماندا کە ئامادە و راوەستاوین بۆ بنیاتنان، پاش هەموو قوربانیدانمان. ئێمە دەرفەتێکی گەورەمان هەیە بۆ دابینکردنی وزە بۆ بازاڕی ناوخۆ و جیهانی و سوورین لەسەر ئه‌وه‌ی کوردستان بكه‌ینه‌ سەنتەرێکی وزە لە ناوچەکەدا. کەواتە ئێستا ئێمە چی دەکەین لەو بارەیەوە؟ ستراتیجیەتی وزەی حکومەتەکەمان لەسەر دوو كۆڵه‌كه‌ بنیاتنراوە. بەرپرسیارێتی یەکەمی من، جێبەجێکردنی خواست و داواکاریی هاووڵاتیانه‌، کە بەردەوام لە زیادبوون دایە. بە درێژایی چەندین دەیە لە سەرەتای دامەزراندنی هه‌رێمی کوردستانەوە، داواکاریی بۆ وزە لە زیادبوون دایە. خێزانەکان، ماڵ و ئۆتۆمبێلی زیاتریان کڕیوە، خزمەتگوزاری گشتی گەیه‌نەدراوەتە قووڵایی دەشت و گوندەکان، بۆ یەکەمین جار پایتەختی ئێمە، هەولێر، لە رێگادایە بۆ بوون بە سەنتەرێکی هەرێمی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان. ئەو سێ ساڵەی رابردوو گۆڕانکاری گەورە روویاندا، ئێمە باشترین سیاسەتە په‌یڕه‌وكراوه‌كانی جیهانمان لە کەرتی گشتیدا جێبەجێکرد، رێوشوێنمان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی و دوورخستنەوەی هەموو بەربەستەکان گرتەبەر. هەموو روتینەکانمان لە بەردەم پەرەسەندنی کەرتی تایبەت لابرد، هانی یەکەمەکان دەدەین و داهێنەرەکان خەڵات دەکەین. ئێمە کەرتی گشتیمان بە ئەلیکترۆنی کرد و ئەم هەنگاوەش بووە هۆی کەمکرنەوەی دەرفەتی گەندەڵی و کەمتەرخەمی. ئێستا ئێمە چاکسازی لە سیستەمی بانکی و باج دەکەین، ئەمەش دەبێتە هۆی لابردنی بەربەستەکان لە بەردەم وەبەرهێنان و داهێنان. پەرەسەندن رێگایەکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانج، حکومەتەکەمان دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی و ئابووری گەورەی راگەیاندووە. بەڵام هێشتا رێگایەکی دوور و درێژمان لەپێشە، لەگەڵ ئەوەی تواناکانمان فراوان کرد، رووبەڕووی ئەو کێشەیە بووینەوە کە نەمانتوانی پێداویستی وزەی هەندێک لە هاوبەشە لۆکاڵییەکانمان جێبەجێ بکەین. وەک نموونە، خواست لە سەر گاز دوو ئەوەندی ئاستی بەرهەمهێنانێتی. ئەمە ئەو بارۆدۆخە نییە کە ئێمە دەمانەوێ تێیدا بین، ئێمە هەنگاوی خێرامان ناوە بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخە، بەمدواییە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خواستی خۆی دەربڕی لە کەرتی گازی ئێمە و پشتگیری ماددیان پێشکەش كرد وه‌ك بەشێک لە هەوڵەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز.  من دەزانم ئەمڕۆ هەندێ لە هاوبەشەکانی ئێمە کە لێرەن، پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتەکەی من و دەسه‌ڵاتە خۆجێییەکان کردووە بۆ پڕکردنەوەی هەندێ لە کێشە و بۆشاییە کاتییەکان. ئێمە بەردەوام دەبین لە دروستکردنی وێستگەی وزەی زیاتر و وزەی پاک بۆ داهاتوویەکی بەهێز، لە هەمان کاتدا ئێمە لە پەرەپێدان بە هەناردەکردنمان بەردەوام دەبین، من دڵنیام کە کوردستان لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەبێ بە سەرچاوەیەکی وزەی گرنگ بۆ ویست و خواستی جیهانیی کە بەردەوام لە زیادبوون دایە. ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبین بە هەناردەکاری گاز بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق، تورکیا و ئەوروپا و پێداویستی ئاسایشی وزەی ئەوان دابین دەکەین، ئێستا توانای هەناردەکردنی نەوتمان هەیە کە رۆڵێکی گرنگی ئابووری لە ئاراستەی ژیانمان دەبینێ و هاوکات رۆڵی گرنگیش لە دابینکردنی وزە بۆ هاوبەشەکانمان هەیە، بڕێکی زۆری یەدەگی نەوت و گازمان لە هەرێمەکەمان هەیە. من گفتوگۆم لەگەڵ حکومەتی عێراق و تورکیا و وڵاتانی کەنداو کردووە لەبارەی دامه‌زراندنی شاڕێگه‌یەکی شەمەندەفەری ناوچەیی. پێموایە ئەمە وەرچەرخانێک دەبێ بۆ عێراق و ناوچەکە کە رێگای بازرگانی نوێ و پەنجەرەیەکی دیکە بە رووی هەماهەنگی ناوچەییەدا دەکاتەوە. بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە پێویستمان بە یارمەتیی و پاڵپشتی هاوڕیکانمانە زۆرینەیان ئەمڕۆ لەو هۆڵە دان، هەروەها ئازایەتی هاوبەشەکانمان بۆ زاڵبوون بە سەر بەربەستەکان. کوردستانێکی بەهێز و خاوەن ئابوورییەکی سەربەخۆ، هەڕه‌شە نییە بۆ سەر دراوسێكانمان و هاوبەشەکانمان لە بەغدا، لە راستیدا پێچەوانەکەیەتی.

هەواڵ
28-03-2022

بەشێک لەو کەسانەی چووبوونە سەر بارەگای پارتی، ئەندامی نێردراوی یەکێتی...

سەرچاوەیەکی متمانە پێکراو بە باڵکێشی ڕاگەیاند: لە دوێنێ شەوەوە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، ڕێنمایی داوەتە ئەو ئەندامانەی خۆی کە مەزهەبیان شیعەیە، تا بە بیانووی سوکایەتی بە مەرجەعییەتی شیعە، ناڕەزایی بنوێنن و خەڵکی تریش بە دژی پارتی هان بدەن. ئەو سەرچاوەیە وتیشی: بەشێک لەو کەسانەی دوێنێ شەو لە بەغداد چووبوونە سەر بارەگای پارتی، ئەندامە نێردراوەکانی یەکێتی بوون.

هەواڵ
28-03-2022

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

پەیامێك لە سەرۆك بارزانی بۆ ڕای گشتیی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان و هێما باڵاكان بە هیچ شێوەیەك قبووڵكراو و نیە و بەزاندنی هێڵی سوورە و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو سووكایەتیە دەكەین كە شەوی ڕابردوو لە لایەن كەسێكەوە بە مەرجەعیەت كراوە. ئەو جۆرە هەڵسوكەوتە ناشیاوانە هیچ پەیوەندییان بە گەلی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نیە. كوردستان خاوەنی فەرهەنگی بەرزی پێكەوەژیانە و، سووكایەتیكردن بە ڕەمز و موقەدەساتی خەڵك لە ناو فەرهەنگی گەلی كوردستان هیچ كات جێگەی نەكردووەتەوە و جێگەی نابێتەوە. گەلی كوردستان ڕێز و پێزانینێكی زۆری بۆ مەرجەعیەت هەیە و پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتی و هاوسۆزیی نێوان بارزانیی نەمر و ئایەتوڵڵا حەكیم و شەهید سەدر گەواهیە بۆ ئەو پەیوەندیی و دۆستایەتیە دێرینە. ئەو كەسەش كە سووكایەتی كردووە لە لایەن یاساوە گیراوە و سزای تاوان و زێدەڕۆیی خۆی دەداتەوە. هەروەها زۆر بە توندی ئیدانەی سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەكەین كە ئەوە بۆ دووەمین جارە لە لایەن كۆمەڵێك تێكدەر و شكستخواردوو ئەنجام دەدرێت و ئەمە بەڵگەیە لەسەر بوونی پاشاگەردانی و نەبوونی سەقامگیری و ئاسایش و لە ڕاستیدا ئەو گرووپانەش جگە لە خەراپەكاری و تێكدان و ئاژاوە هیچی تریان لەدەست نەهاتووە. مسعود بارزانی ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٢

هەواڵ
28-03-2022

باندێكی بەكارهێنەرو بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیركرا

هێزەكانی بنكەی پۆلیسی وارماوای سەربەبەشی پۆلیسی شارەزوور باندێكی 9 كەسییان دەستگیركرد كە بەكارهێنەرو بازرگانی مادەی هۆشبەر بوون . پاش بەدواداچونەكانی بنكەی پۆلیسی وارماوا بۆ دەستگیركردنی كەسانی لەیاسا دەرچوو ، پاڵپشت بەزانیارییەكانی هێزەكانی پۆلیس و بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی توانرا لەچەند چالاكییەكی جیادا 9 تۆمەتبار بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیربكرێن . سەرجەم تۆمەتباران بەناسنامە كوردن و توانراوە لە ( ناحەیەی عەربەت و گەرەكەكانی هووانە ، كانی كوردەو سەرچنار) لەشاری سلێمانی دەستگیربكرێن و بەشێك لەوتۆمەتبارانە لەكاتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەردا دەستگیركراوان . لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران : چ ، ن ، ف لەدایكبووی 1994 ڕەگەزی مێ‌ غ ، ج ، ع لەدایكبووی 1987 ڕەگەزی مێ‌ ل، م ،أ لەدایكبووی 1988 رەگەزی مێ‌ أ ،ع ، ح لەدایكبووی 1980 رەگەزی نێر م ، م ،س لەدایكبووی 1985 رەگەزی نێر ع ، م ، أ لەدایكبووی 1996 رەگەزی نێر ب،و،س لەدایكبووی 1993 رەگەزی نێر م،ج،ع لەدایكبووی 1984 رەگەزی نێر س ، ج ، ع لەدایكبووی 1982 رەگەزی نێر بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 26 و 30 یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان وكارتێكەرە عەقڵییەكان ڕاگیراون و لەكاتی دەستگیركرنیشیاندا دەستگیراوە بەسەر بڕێك مادەی هۆشبەر لە جۆرەكانی هیرۆین ،دەرزی هیرۆین و شیشە و كەلوپەلی بەكارهێنانی مادەكان . جێی ئاماژەیە بەشێك لەو تۆمەتبارانە پێشینەی تاوانی دزیكردن و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەریان هەبوەو پێشتر سزادراون . بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان

هەواڵ
28-03-2022

مەسرور بارزانی و وەزیری وزەی ئیمارات کۆبوونەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سوهەیل مەزروعی، وەزیری وزەی ئیماراتکۆبووەوە. کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی کۆڕبەندی وزەی جیهانی وزەدا بوو لە ئەبو زەبی و تیایدا بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادەبوون.

هەواڵ
27-03-2022

نایف کوردستانی دەستگیر کرا

بە فەرمانی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، نایف کوردستانی، بە تۆمەتی تێکدانی پێکەوەژیان دەستگیرکرا و دەدرێتە دادگا كەمێك لەمەوبەر، لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە كرد كە پاش ئەوەی كەسێك بە ناوی نایف كوردستانی تویتێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كردووە و تێیدا پەلاماری پێگەی مەرجەعیەتی (مەرجەعیەتی عەرەبە شیعەكانی) كردووە، هیزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بە فەرمانی راستەوخۆی وەزیری ناوخۆ، نایف كوردستانییان دەستگیر كردووە و رادەستی دامەزراوە دادوەرییەكانیان كردووە بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەری.هاوكات جەخت كراوەتەوە كە ئازادیی رادەربڕین بەو مانایە نایەت كە نزیكی رەمزە ئایینی و نیشتمانییەكان بكەونەوە، بە تایبەتیش مەرجەعیەت كە ”ناكرێت بەرامبەری بێدەنگ بین“.وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی دووپات كردۆتەوە كە ئەو كەسە جگە لە خۆی، نوێنەرایەتیی كەس ناكات و هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان ڕوون و ڕاشكاوانەیە لە ڕێزگرتن لە ڕۆڵی مەرجەعیەت لە عێراق و جیهانی ئیسلامی.

هەواڵ
27-03-2022

نایف کوردستانی دەڵێت هاک کرابووم

لە تویتەری کەسێک بە ناوی (دکتۆر نایف کوردستانی) تویتێک بڵاو بوویەوە و تیایدا هاتبوو کە(من لەگەڵ مەرجەعیەتی ئالولبەیتی عەرەبیدام نەک مەرجەعییەتی فارسی و ئەفغانی و هندی. لایەنگرانی حەشدی شەعبیش ئەم تویتەیان کردە بیانوویەک بۆ پەلاماردانی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد. نایف کوردستانیش دەڵێت هاک کرابووم و من بەرپرس نیم لەو تویتەی پێشووتر و سڕیومەتەوە.

هەواڵ
27-03-2022

لە بەغدا چەکدارانی حەشدی شەعبی هەڕەشە لە بارەگای پارتی دەکەن

چەکدارانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی هێرش کردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دەکەن لە بەغدا. ئەو هەڕەشەیەی حەشدی شەعبی بە بیانوی ئەوەیە کە گوایە کەسێک بە ناوی نایف کوردستانی، سوکایەتی بە مەرجەعیەتی شیعەکان کردووە. بەڵام پارتی دەڵێت: ئەو کەسە هیچ پەیوەندیەکی بە پارتییەوە نییە. ئێستا هێزێکی زۆری ئەمنی لە گەڕەکی 52ی بەغدا کۆبونەتەوە بۆ پاراستنی بارەگای پارتی.

هەواڵ
27-03-2022

به‌رپرسێكی ئۆكرانیا هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌نگی پارتیزانی له‌ رووسیا ده‌كات

كریلیۆ بۆدانۆڤ، سه‌رۆكی هه‌واڵگریی سه‌ربازی ئۆكرانیا گوتی: "ژیانی رووسه‌كان له‌ ئۆكرانیا ده‌كه‌ن به‌ دۆزه‌خێكی راسته‌قینه‌" و دووپاتیكرده‌وه‌، سوپای "ده‌مارگیری" رووسیا رووبه‌ڕووی جه‌نگێكی به‌رده‌وامی پارتیزانی ده‌بێته‌وه‌ و ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا هه‌وڵ بۆ دابه‌شكردنی خاكی ئۆكرانیا ده‌دات، وه‌ك چۆن دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی نیمچه‌ دوورگه‌ی كۆریا دابه‌شكرا. ئه‌و جه‌نه‌راڵه‌ی ئۆكرانیا كه‌ ته‌مه‌نی 36 ساڵه‌، له‌ دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا گوتی: "وه‌رزی گه‌شته‌كانی ئۆكرانیا بۆ جه‌نگی پارتیزانی به‌م نزیكانه‌ ده‌ستپێده‌كات.. دواتر سیناریۆیه‌ك دێته‌ به‌رده‌ممان كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ رووسه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چۆن ده‌توانن له‌ ژیان بمێننه‌وه‌". هه‌روه‌ها گوتی: "سه‌ركردایه‌تی رووسیا هه‌ڵه‌ی زۆری كردووه‌ و ئێمه‌ش ئه‌و هه‌ڵانه‌ به‌كارده‌هێنین" و جه‌ختیكرده‌وه‌، "سوپای ئۆكرانیا رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌". ئه‌و جه‌نه‌راڵه‌ كه‌ دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت په‌یوه‌ندیی به‌ سوپاوه‌ كردووه‌ و له‌سه‌ر شێوازی ناتۆ مه‌شقدراوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "سوپای ئۆكرانیا سه‌لمانی كه‌ سوپای رووسیا جگه‌ له‌ ئه‌فسانه‌یه‌ك هیچیتر نییه‌. ئه‌و بۆ به‌كارهێنانی هێز په‌یڕه‌وی شێوازه‌كانی چاخه‌كانی ناوه‌ڕاست ده‌كات و له‌ جه‌نگدا په‌یڕه‌وی بنه‌ما كلاسیكییه‌ كۆنه‌كان ده‌كات". گوتیشی: "رووسیا هه‌وڵ ده‌دات كۆریای باكوور و باشوور له‌ ئۆكرانیا دروست بكات". ئه‌م لێدوانه‌ی بۆدانۆڤ دوای چه‌ند رۆژێك له‌ راگه‌یاندنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی چه‌ند به‌شێكی خاكی وڵاته‌كه‌یان له‌لایه‌ن سوپای ئۆكرانیاوه‌ هاتووه‌، كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن سوپای رووسیاوه‌ ده‌ستیانبه‌سه‌ردا گیرابوو، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی هێرشی پێچه‌وانه‌ و وه‌ستاندنی پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای رووسیا له‌ناو خاكی ئۆكرانیا. به‌گوێره‌ی وێستگه‌ی میدیایی "ئه‌وروپای ئازاد"، هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆكرانیا و هێزه‌كانی به‌رگری شارستانی به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ خۆبه‌خشان به‌رگرییه‌كی سه‌رسه‌خت له‌به‌رامبه‌ر رووسه‌كان ده‌كه‌ن، به‌شێك له‌و به‌رگرییه‌ش بۆ هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی رۆژئاوا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی ناتۆ راسته‌وخۆ به‌شداری له‌و شه‌ڕه‌دا بكات، یانیش ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ ئاسمانی ئۆكرانیا رابگه‌یه‌نێت. k24

هەواڵ
27-03-2022

وێنە.. هاوڕێی مەلا ستار بووە زاوای مەلا بەختیار و هاوەڵزاوای بافڵ تاڵە...

هاوڕێی مەلا ستار، پەرلەمانتاری یەکێتی بووە زاوای مەلا بەختیار و هاوەڵزاوای بافڵ تاڵەبانی و ئەمڕۆ لەگەڵ مارین مەلا بەختیار لەیەک مارە کران.

هەواڵ
27-03-2022

میدیاكانی ئیمارات چۆن‌ باسی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌ن؟

میدیاكانی ئیمارات به‌ گرنگییه‌وه‌ باس له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و وڵاته‌ و ناوه‌ڕۆكی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیمارات ده‌كه‌ن.له‌ راپۆرتێكدا ئاژانسی هه‌واڵی ئیمارات "وام" بڵاویكرده‌وه‌، به‌ڕێز شێخ محه‌مه‌د بن راشد ئال مه‌كتوم، جێگری سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و حاكمی دوبه‌ی پێشوازیی له‌ پایه‌به‌رز مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد.ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی به‌هێزكردنی هاوكاریی نێوان ئیمارات و عێراق كرا، به‌تایبه‌ت هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌ جیاوازه‌كانی گه‌شه‌پێداندا و تاوتوێ هه‌وڵه‌كانی گه‌شه‌پێدان و بونیادنانه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات كرا.به‌گوێره‌ی ئاژانسی واع، له‌و دیداره‌دا محه‌مه‌د بن راشد پێشوازیی له‌ قووڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ برایانه‌یه‌ كرده‌وه‌، كه‌ عێراق و ئیمارات به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و مه‌سرور باروانی و محه‌مه‌د بن راشد دید و بۆچوونیان له‌باره‌ی ته‌واوی پرسه‌ جیاوازه په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییان ئاڵوگۆڕ كرد، به‌تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ی جێگه‌ی گرنگیپێدانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئیماراتن.لای خۆیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵی خۆی به‌ دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیمارات نیشاندا و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ كرده‌وه‌، كه‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ وڵاتی ئیماراته‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌ و هیوای خواست، له‌ قۆناغی داهاتوودا هاوكاری زیاتر له‌ سه‌رجه‌م كه‌رته‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌نێوانیان بێنه‌ ئاراوه‌.له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ شێخ حەمدان بن محەمەد بن راشد جێنشینی دوبەی و شێخ مەکتووم بن محەمەد بن راشد جێگری حاکمی دوبەی و جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی باڵای ئیمارات ئامادە بوون. دیداری مه‌سرور بارزانی و محه‌مه‌د بن راشد له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنیی "شارقه‌24" له‌ راپۆرتێكدا مه‌سرور بارزانی به‌ پایه‌به‌رز ناوده‌بات و له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئیمارات و دیداری له‌گه‌ڵ دكتۆر سوڵتان بن محه‌مه‌د ئه‌لقاسمی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵا و حاكمی شاریقه‌ و سه‌رۆكی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی رایگه‌یاند، حاكمی شاریقه‌ به‌ دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دڵخۆشبوو و هیوای میواندارییه‌كی زۆر باشی له‌ وڵاته‌كه‌ی بۆ خواست. سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی بۆ ئیماره‌تی شاریقه‌هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و دیداره‌، نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی شاریقه‌ نووسیویه‌تی، له‌ دیداره‌كه‌یاندا هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سرور بارزانی و حاكمی شاریقه‌ گفتوگۆیان له‌باره‌ی پرسه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ بواره‌كانی فێركردن، رۆشنبیری، گه‌شه‌پێدان و بواره‌كانی دیكه‌ كرد و جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی و هاوكارییه‌كانی نێوانیان كرده‌وه‌.له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا مه‌سرور بارزانی و حاكمی شاریقه‌ دیاری و یادگارییان ئاڵوگۆڕكرد.

هەواڵ
27-03-2022

ڤیدیۆکانی باڵکێش لە یەک مانگدا زیاتر لە 20 ملیۆن بینەریان هەبووە

لە ماوەی یەک مانگدا، ڤیدیۆکانی پەیجی باڵکێش زیاتر لە 20 ملیۆن بینەریان هەبووە، بەشی زۆری ڤیدیۆکانیش تایبەت بوون بە شەڕی ڕوسیا-ئۆکراینا.یەکێک لەو ڤیدیۆیانەی کە پڕ بینەرترین بووە، ڤیدیۆی کۆبوونەوەی زیلینسکی و پوتینە کە ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکلیش ئامادەی کۆبوونەوەکەیە.شایانی باسە، بەشێک لە بینەرەکانی پەیجی باڵکێش، کەسانی بیانین. لینکی چەند ڤیدیۆیەک? https://fb.watch/c0gS2mfltA/ https://fb.watch/c0ik9KjLew/ https://fb.watch/c0iouWJk8B/ https://fb.watch/c0iuHztvSa/

1 2 ... 627 628 629 ... 1148 1149