کۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەدوای میکانیزمێکدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی کورد لە سووریا. سێناتۆر لیندسی گراهام ئاشکرای کردووە ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاسایەک بۆ ئەو مەبەستە پێشکێش دەکەن. سێناتۆرێکی دیکەش دەڵێت، ئەرکی ئەمریکایە دڵنیابێت کورد رووبەڕووی تۆڵەسەندنەوە نابێتەوە. ریچارد بلومێنتاڵ، سێناتۆری ئەمریکی رایگەیاند، لەنێو کۆنگرێسدا کار بۆ پاراستنی کورد دەکەن. بلومێنتاڵ گوتی: “پێموایە پێویستە ئێمە کورد لە سووریا بپارێزین و هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی دڵنیابین پارێزراو دەبن بەرامبەر هەر سزادان و تۆڵەسەندنەوەیەک لەلایەن حکومەتی سووریاوە. ئەمریکا ئەو ئەرکەی لەسەرە، چونکە هاوئاهەنگمان بوون و کارمان لەگەڵ کردوون.” ئەو سێناتۆرە ئومێدی خواست ئیدارەی ئەمریکا هەنگاوی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە بنێت و گوتی: “من کار لەگەڵ هاوکارانم دەکەم بۆ هەبوونی هەر پڕۆژەیاسایەک، بەڵام هیوادارم حکومەتی ئەمریکا زیاتر پارێزگارییان لێبکات.” سەرچاوەیەک لە واشنتن لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ دەیان ئەندامی کۆنگرێس لە هەردوو ئەنجوومەنەکە قسەی کردووە و “هەموویان بە کۆدەنگی لە دژی ئەو هێرش و پێشێلکارییانەن بەرامبەر بە کورد و هێزە کوردییەکان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەکرێت.” کریس کوونز، سێناتۆرێکی دیکەی ئەمریکایە و نیگەرانیی خۆی بۆ دۆخەکە دەردەبڕێت. رایگەیاند: “زۆر نیگەرانم بەرامبەر بە سەلامەتی و ئاسایشی هاوبەشە کوردەکانمان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات. پێموایە دەبێت حکومەتەکەی ئەلشەرع هێرشەکانیان بوەستێنن و وەک رێگەیەکی گونجاو گفتوگۆ بکەن لەگەڵ کورد.” لەگەڵ گوشارەکانی کۆنگرێس، ئیدارەی ئەمریکاش هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە و داوای کردووە ئاگربەستی کاتیی سووریا ببێتە هەمیشەیی و کێشەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، بە جۆرێک کە لە سووریای نوێدا مافی کورد و سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بێت.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان دەستگیرکراوە و کشتوکاڵی گەرمیانیش داوای ئازادکردنی دەکات. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان ڕایانگەیاند، "لەسەر سکاڵایەکی یاسایی لە دوێنێوە شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان دەستگیرکراوە، کشتوکاڵی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا داوای ئازادکردنی بەڕێوەبەرەکەی کردووە و رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی لە دۆسیەیەکەدا سەرۆکی لیژنەی قەرەبوو بووە، سکاڵایەک کراوە و سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە دەستگیرکراون". سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند،: "شادیە حوسێن بە گوێرەی سکاڵایەکی یاسایی دەستگیرکراوە، دۆسیەکە لەبەردەستی دادوەرە و ئەو بڕیاری لەسەر دەدات". شادیە حوسێن لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی وەرگرتووە، لە شەوی رابردووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکردنەکەی کاردانەوەی زۆری چالاکڤانان و هاونیشتمانیانی لێکەوتووەتەوە و داوای ئازادکردنی دەکەن. شەوی رابردوو کشتوکاڵی گەرمیان رایگەیاند: "زەویی هەندێک جووتیار کەوتووەتە بەر پرۆژەی فروانکردنی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، لیژنەی قەرەبووکردنەوەی جووتیاران بەسەرپەرشتی شادیە حوسێن دروستکراوە، کە پێنج بۆ شەش کەس بوون و قەرەبووی جووتیارەکان کراوەتەوە لە ساڵی 2023، ئێستا جووتیارەکان کێشە لە نێوانیاندا دروستبووە لەسەر ئەو قەرەبووەی کە وەریانگرتووە، پاش سکاڵاکردن لەسەر یەکدی و دروستبوونی کێشە لەنێوانیاندا، دادوە لەسەر ئەو بابەتە بریاری راگرتنی هەموو ئەندامانی لیژنەکەی داوە، لەنێویاندا شادیە حوسێن وەکو سەرۆکی لیژنەکە"
یەپەگە هێرشێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا لە حەسەکە تێکدەشکێنێت و چەند چەکدارێکیش دەکوژێت.شەوی ڕابردوو گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا بە بەکارهێنانی تانک و زرێپۆش هێرشیان کردە سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل لە چیای عەبدولعەزیز، پێکدادانی تووند لە نێوان هەردوولا ڕوویدا.شەڕڤانان بەرپەرچی هێرشەکەیان دایەوە، چوار زرێپۆشیان تێکشکاند و گرووپە چەکدارەکان بە ناچاری کشانەوە. ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەی 10 چەکدار کوژران و برینداربوون، گرووپە چەکدارەکان نەیانتوانی تەرمی کوژراوەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەنەوە.ئەم پێشێلکارییە نوێیە هاوکات بوو لەگەڵ تۆپبارانێکی چڕ بۆ سەر گوندەوارەکانی تەل تەمر، کە مەترسییە ئەمنییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای زیاتر کردووە.
هەولێر، چوارشەممە 1/28 وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە نووسراوێکدا، کە ئاراستەی کۆمپانیاکانی پەخشی لە هەرێمی کوردستان کردووە، فەرمانی کردووە بە پێی ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2014، پەخشی کەناڵی بیانی و عەرەبییەکان لە ڕایەڵەکانیان ڕابگرن لە نووسراوی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی ژمارە 2725ی ڕێکەوتی 28.1.2026 کە ئاراستەی هەریەک لە کۆمپانیاکانی پەخش کراوە، هاتووە: "ئاماژە بە خاڵی (1) و (3) و (9) لە بڕگەی (3) لە ماددەی (3)ی ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2014 (تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان)، ئاگادارتان دەکەینەوە کە پەخشی کەناڵی بیانی و عەرەبییەکان لە ڕایەڵەکانتان ڕابگرن، بەتایبەتی ئەو کەناڵانەی کە لەباری ئێستای کوردستاندا بوونەتە هۆکاری پشێوی و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و بێڕێزیکردن بەرامبەر بە نەتەوەی کورد. هەروەها هاتووە: پەخشکردنی ئەو کەناڵانە پێچەوانەی ماددەی ئاماژە پێکراوی سەرەوەیە، هەروەها پێچەوانەی ماددەی (2)هـ لە هەمان ڕێنمایی کە تایبەتە بە مۆڵەتدان و دابینکردنی فریکوێنسی، بۆیە پێویستە تەنها بۆ پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان بێت.
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دژایەتیی خۆی بۆ "دەستوەردانی روونی ئەمریکا" لە کاروباری ناوخۆی عێراق راگەیاند و گوتی، رێگە نادەن واشنتن دەستوەردان لە بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق بکات. نووری مالیکی، دەستوەردانەکانی ئەمریکا بە "پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و دەستدرێژی بۆ سەر بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی" دادەنێت. راشیگەیاند: "لۆژیکی گفتوگۆ تاکە بژاردەی سیاسییە بۆ مامەڵەکردن لەنێوان دەوڵەتەکاندا، نەک زمانی هەڕەشە و خۆسەپاندن." سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردەوە و گوتی: "لە روانگەی رێزگرتن لە ویستی نیشتمانی و بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەردەوام دەبم لە کارکردن تاوەکو دەگەینە کۆتایی کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق دەستەبەر بکات." چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بە زۆرینەی دەنگ، نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە. شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "دەبیستم کە وڵاتی گەورەی عێراق لەوانەیە بژاردەیەکی زۆر خراپ بکات بە دووبارە دانانەوەی نووری مالیکی وەک سەرۆکوەزیران." سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی مالیکی کرد و گوتی: "دوایین جار مالیکی لە دەسەڵاتدا بوو، وڵاتەکە تێکەوتە نێو هەژاری و پاشاگەردانییەکی تەواو. نابێت رێگە بدرێت ئەوە دووبارە ببێتەوە." دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی تووند دەدات و دەڵێ: "بەهۆی سیاسەت و ئایدۆلۆژیا شێتانەکانییەوە، ئەگەر هەڵبژێردرێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چیتر یارمەتیی عێراق نادات و، ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین بۆ یارمەتیدان، عێراق هیچ شانسێکی بۆ سەرکەوتن، گەشەسەندن یان ئازادی نابێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەندامانی ئەنجوومەن رۆڵی کارا ببینن لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و حکوومەتی هەرێمدا. هەروەها داوای کرد لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا دەرفەتی زیاتر بە فەرمانبەرانی دڵسۆز بدرێت بۆ ئەوەی باشتر خزمەت بکەن. لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئومێد خۆشناو پێشنیاری کرد چواریانێک لە هەولێر بە ناوی "کەزی"یەوە بکرێت. ئاماژەی بەوەشدا، ئەم بابەتە بووەتە هێمایەک بۆ سووربوون لەسەر پرسە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، زیندووکردنەوەی گیانی بەرگری و رووبەڕووبوونەوەی ستەمی داگیرکەران. پارێزگاری هەولێر دووپاتی کردەوە کە ئەم ناونانە رەهەندێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەیە و پەیامێکی روونە بۆ یەکگوتاریی نێو ماڵی کورد. لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی دوای تاوتوێکردنی بابەتەکە، بە کۆی دەنگ پێشنیازەکەی پارێزگاری هەولێریان بۆ ناونانی چواریانێک بە ناوی "کەزی" پەسەند کرد. ئەنجوومەنەکە جەختیان لە گرنگیی و ناوەڕۆکی بڕیارەکە کردەوە و بە بەڵگەی ئەوەیان زانی کە گەلی کوردستان لە هەر بەشێک بن، یەک بیر و یەک گیان کۆیان دەکاتەوە.
سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و ڕایدەگەیێنێت، نووری مالیکی، کە کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقە، "سەرکردەی ڕاستەقینەیە نەک دروستکراو، بۆیەش دەستبەرداری نابین". دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ پەیامێکی ئاڕاستەی عێراق کرد و گوتی، لە سەردەمی دەسەڵاتی مالیکیدا عێراق کەوتە نێو پشێوی و هەژارییەوە، نابێت ئەوە دووبارە ببێتەوە، ئەگەریش مالیکی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت بگەڕێتەوە، واشنتن چیتر هاوکاریی بەغدا ناکات. ئەحمەد ئەلموبەرقەع، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق و کەسایەتی نزیک لە نووری مالیکی ڕایگەیاند، مالیکی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەیسەلمێنێت کە "سەرکردەی ڕاستەقینەیە لە سەردەمی سەرکردەی دروستکراودا، بۆیە دەستبەرداری نابین و مالیکی هەڵبژاردە دروستەکەیە". هاوکات شبل زەیدی، سەرۆکی هاوپەیمانیی خەدەمات کە یەکێکە لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، قسەکانی ترەمپ ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: تۆمەتبارکردنی مالیکی بە دروستکردنی پشێووی ڕاست نییە، تەنیا شێواندنی وێنەکەیەتی لەبەردەم ڕای گشتیدا.جەختیش دەکاتەوە لەسەر ئەوەی ناوبراو "ڕەمزی دەوڵەت و میانڕەویی و نێوەندگیرییە، یەکێکە لە گرنگترین پایەکانی دەوڵەت و پرۆسەی سیاسی عێراقی نوێ".عامر فایز، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای دەکات، چوارچێوەکە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کۆبوونەوەیەک دەکات بۆ تاوتوێکردنی لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دوادەخرێت و پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت: ڕێژەی یاسایی (نیساب) تەواو نابێت. لە 29ی مانگی ڕابردوودا پەرلەمانتارانی عێراق سوێندی یاساییان خوارد، دواتر سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا. بەپێی دەستوور دەبوو لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرێت، ئەمڕۆ وادەکە تەواو دەبێت و بڕیارە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، دانیشتنی پەرلەمان بۆ ئەو پرسە دەست پێ بکات. سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند: بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی، دانیشتنی پەرلەمان دوادەخرێت و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دەچێتە ڕۆژێکی دیکە. پارتی، یەکێتی و لایەنەکانی دیکە بە چەند کاندیدێک چوونەتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەوە؛ لە قۆناغی ئێستای عێراقدا بە پێویستی دەزانین پۆستی سەرۆککۆمار لای پارتی بێت، گفتوگۆشمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کردووە و فوئاد حوسێن کاندیدی ئێمەیە. بە گوتەی سیپان شێروانی، بەردەوام گفتوگۆ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەبووە؛ لەو چەند ڕۆژەشی کە ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، دەرفەتێکی دیکەیە بۆ پارتی و یەکێتی تاوەکو لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆککۆمار ڕێک بکەون. جگە لەو پۆستە، کورد لە عێراقدا چەندین پۆستی دیکەی وەک جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری دەرەوە و سێ وەزارەتی دیکەی بەدەستەوەن و دەکرێت لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دابەش بکرێن.
ڕۆژی دوو شەممە ( ٢٦ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ) بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان. لەکۆبوونەوەیەکدا تیشک خرایە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و چارەسەری ئەو گرفتانەی لە بانکەکان دروست بوون. بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لەیەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر و سوودمەندان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کراون و بۆ مووچەی ئەم مانگە نزیکەی ٧٠٠ هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن. لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی کرایەوە بۆ ڕاگرتنی مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار نەکردووە یاخود کارتی بانکییان تەواو بووە و کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە. هەر لە كۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ڕێكاری پێویست لە گەڵ ئەو بانکانە بگیرێتەبەر کە لە مانگەکانی ڕابردوو کێشەی نەبوونی سەنتەری پەیوەندی و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و کەمی ئامێریان ( ATM هەیە و هۆشداری توندیان پێ بدرێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشانە. هاوکات پرسی کێشەکانی بانکی بازرگانی عێراقی ( TBI ) یەکێکی تر بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەو بانکە چەندین کێشەی هەبووە لەوانە کێشەی تەکنیکی بەردەوام و دانەنانی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان و نەبوونی سەنتەری پەیوەندیکردن و کەمی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەنتەری پارێزگاکان و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە، بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە ناوی خۆیان تۆمار کردبوو لە ئێستادا بەشێوەی ئارەزومەندانە دەگوازرێنەوە سەر بانکی دڵخوازی دووەمی خۆیان و ئیجرائاتی پێویستیش لەگەڵ بانکی ناوبراو دەکرێت ، هەر بانکێکیش توشی سزا و سنووردارکردنی خزمەتگوزارییەکان ببێتەوە لە پڕۆژەکە دور دەخرێتەوە، ئەم هەنگاوانەش هەر بانکێک دەگرێتەوە کە پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان و نەتوانێت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە مووچەخۆران بکات. لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی تۆمارکردنی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە پڕۆژەی هەژماری من ، کە لەکۆی ٤٥٥ هەزار سوودمەند تا ئێستا ٤٣٨ هەزاریان زانیارییەکانیان وەرگیراوە و زیاتر لە ٣٥٤ هەزار کەسیشیان لە پڕۆژەکە تۆمار کراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان تۆمار دەکرێن. هەروەک ئاماژە بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جوتیاران کرا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە پرۆسەکە دەستی پێکردووە بە ئامانجی ئەوەی سەرجەم جوتیاران ببنە خاوەن هەژماری بانکی و شایستەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە ڕێی کارتی بانکییەوە وەربگرن.
وەزارەتی کارەبا هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ نەهێشتنی سەرپێچیکردن و ڕاکێشانی کارەبای نایاسایی لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا دەستپێکردووە بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی دادپەروەرانەی کارەبا بۆ هەموو هاووڵاتیان. بەکارهێنانی کارەبا بەبێ ئەوەی هاوبەش ئەژماری کارەبای هەبێت یان نەدانی پارەی پسوولەکان لە کاتی خۆیدا دەبێتە هۆی ئەوەی سەرپێچیکاران پارەی هەموو ئەو پسوولانە بدەن کە نەیان داوە و ڕووبەڕووی سزای دارایی توند دەبنەوە. ڕاکێشانی هێڵ لە تۆڕی کارەبای گشتی بە نایاسایی یان دەستکاریکردنی پێوەرەکانی کارەبا بە سەرپێچیکردن هەژمار دەکرێت. هەر هاوبەشێکی ماڵان سەرپێچی بکات چوار ملیۆن دینار سزا دەدرێت وە سزاکە بەرزتر دەبێتەوە بۆ هاوبەشانی بازرگانی بۆ 50 ملیۆن دینار، هەروەها دەبێت پارەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بدەن کە بە نایاسایی بەکاریان هێناوە و ڕەوانەی دادگا دەکرێن و لەوانەیە دووچاری پچڕانی هەمیشەیی کارەبا ببنەوە. لە کاتی دابینکردنی کارەبای 24-کاتژمێری، سەرپێچیکردن فشارێکی زۆری خستووەتە سەر تۆڕی کارەبا و کاریگەرییەکی خراپی بەسەر دابەشکردن بە دادپەروەری کردوووە. بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لە مانگی حوزەیرانی 2025 ڕاگەیەندران، وەزارەتی کارەبا ڕێوشوێنی توند بەرامبەر هەر ساختەکاریێک لە تۆڕی کارەبادا دەگرێتەبەر. هەرچەندە پڕۆژەی ڕووناکی لە بەرەوپێشچوونێکی زۆر باشدایە و کارەبای 24-کاتژمێری بە زیاتر لە 70% هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە، بەڵام بەکارهێنانی نایاسایی و نەدانی پارەی پسوولەکان فشارییان لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتیمانی دروستکردووە و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دابینکردنی کارەبا دروستکردووە. ئەم ڕێوشوێنانە بۆ پاراستنی تۆڕەکانی کارەبای نیشتیمانییە و دڵنیابوونەوەیە لەوەی کارەبای 24-کاتژمێری لە کۆتایی ئەمساڵدا بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
ئەمرۆ دووشەمە 1/26 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لە بارەی گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە. ئەمە دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە: دوای ئەوەی لە رێکەوتی ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپێردران بۆ سەرپەرشتیکردنی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری مرۆیی بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان، بە سوپاسەوە هەڵمەتی گەورە لە هەموو کوردستان دەستی پێکردووە و بڕی زۆر پاڵپشتی و شتومەکی جۆراوجۆر لە لایەن هاونیشتیمانیان کۆکرانەوە و پرۆسەی گەیاندنیان بە شێوەی سەلامەت لە رووی لۆجستی و ئیدارییەوە دەستی پێکردووە. بەڕێوەبەرایەتیەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە دەکەنداوا دەکەین خیرخوازان بەردەوام بن لە پێشکەشکردنی دەستی هاوکاری بە هەمان ئەو میکانیزمەی داندراوە و هیچ کەس و لایەنێک کەلوپەل وکۆمەک نەباتە سنوور لەبەر ئەوەی پێویستی بەئامادەکاری و رەزامەندی پيشوەختە هەیە. بەڕێوەبەرایەتیەکانی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان هەموو ئامادەکارییەکان لە رووی کۆکردنەوە، رێکخستن و پۆلێنکردنی کەلوپەلەکان و گەیاندن و گواستنەوەیان بۆ رۆژئاوای کوردستان لە ئەستۆ دەگرن، سەردانیان بکەن و بەو میکانیزمەی داندراوە کۆمەک و پاڵپشتی بگوازنەوە رۆژئاوا. راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم وەزارەتەکانی دیکەی فیدەاڵ کرد و تیایدا بە کۆمەڵێک مەرج و ڕێنمایی تازەوە، داوا دەکات لیستی مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2026 بۆ ڕەوانە بکرێت.