بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو کچەی لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون لە هەولێر سۆنیا بێتوشی و ناڵە سوپەرن. سۆنیا بیتوشی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ساڵانێکە لە هەولێر دەژی و تۆمەتبارە بە مادەی هۆشبەر. ناڵە سوپەریش میدیاکارە و تۆمەتەکەی دیار نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا لە عێراق کرد .لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو ، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی ئەمەریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا لە پێناو بەرەوپێشبردن و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا. پاشان سەرۆکی حکومەت، کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات خستەڕوو، بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەھێزی ئابووری و گەشەپێدانی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان.لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی کوردستان، خاوەن دۆز و مافی نەتەوەیی و دەستووریین و کێشەکان لە گەڵ بەغدا، تەنیا بودجە و نەوت و گاز نیین، بەڵکو ئێمە هەرێمێکی فیدرالی و دەستوورین و دەبێ بە پێی دەستوور مامەڵە لە گەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت .باڵیۆزی نوێی ئەمەریکا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکا و سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایشی عێراق دووپات کردەوە .باڵیۆزی ئەمەریکا باسی لەوە کرد کە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەشێکی گرنگن لە سیاسەتی ئەمەریکا و جەختیشی لە گرنگی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردەوە کە لە ئاستی داخوازیییەکانی خەڵکی عێراق بێت و بەبێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی بکات و پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت.
بەرێوەبەری گشتی بازرگانی ڕایگەیاند کە بڕی ٢٣ ملیار و ٣٥٠ ملیۆن دیناری تری شایستە داراییەکانی جوتیاران خرایە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم کە بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوەپارێزگای سلێمانی (بڕی نۆ ملیار دینار ) وە پارێزگای هەولێر (بڕی حەوت ملیار و حەوت سەد و پەنجا ملیۆن دینار) وە پارێزگای دهۆک بڕی ( شەش ملیار و شەش سەد ملیۆن دینار)بڕیارە دوای تەواو بونی ڕێکارە کارگێڕی و داراییەکان بەسەر جوتیاران دابەش بکرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە (15/6/2022) جارێكی دیكە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ نوێنەرانی خاوەنزەوییەكانی كەرتی هەشتی حەسارۆک كۆبووەوە و لە نزیكەوە وردەكاریی ئەو كارانەی پێ ڕاگەیاندن كە پێش مانگێک بۆیانی خستبووە ڕوو، ئەمەش لە چوارچێوەی بەڵێنەكانی ڕێزدار سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گەیاندنی هەموو خزمەتگوزارییەكان بەو گەڕەكە. لە دانیشتنەكەدا بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، سەرۆک و جێگری سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ئامادە بوون و تێیدا بە نوێنەری خاوەنزەوییەكانی هەشتی حەسارۆک ڕاگەیەندرا، لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە لێدانی بیر دەكرێت و لە سەرەتاشدا سێ بیر پێكەوە لێ دەدرێن. هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەدا سەرەبلۆكی تەواوی گەڕەكی هەشتی حەسارۆک دادەنرێت. هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێی ڕاگەیاندن، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە هەموو خاوەنزەوییەک دەتوانێت خانوو دروست بكات، ئەوانەش كە سەرەبلۆكیان داناوە و فایلیان تەواو بووە، ئێستا دەتوانن سەردانی شارەوانیی چوار بكەن بە مەبەستی مۆڵەتی ڕێگەپێدانی دروستكردنی خانوو. هەر لە كۆبوونەوەكەشدا باس لەو زەوییە بازرگانیانە كرا كە حكوومەت بۆ خزمەتگوزارییەكانی هەشتی حەسارۆک فرۆشتوونی و لە ماوەی داهاتوودا دەخرێنە ژمارەیەكی بانكیی تایبەت بەو گەڕەكە و ڕاستەوخۆ دەست بە پرۆژەكانی دیكە دەكرێت.ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار
تەرمی گەنجێکی تەمەن لە ئاوی گوندی ئیمامی زامن لە ھەڵەبجە دۆزرایەوە. مقەدەم بارزان عوسمان، وتەبێژی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی ھەڵەبجە رایگەیاند، تەرمی گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ بەناوی پاڤێڵ عەلی خالید دۆزیراوە. وتەبێژی پۆلیسی ھەڵەبجە راشیگەیاند، کە گەنجەکە دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی رۆیشتوون بۆ راوە ماسی لە نزیک گوندی ئیمامی زامن. تەرمەکە ئێستا دۆزرایەوە و لەپزیشکی دادی هەڵەبجەیە
سەرۆک وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە زووترین کات گرفتی گرانبوونی بەنزین چارەسەر بکەن.ئەنجومەنی وەزیران زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز پەسەند دەکات.ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتیان لە دانەوەی قەرز و سزای دارایی وپێشینەکانی حکومەت بۆ 90 ڕۆژ و دواجار درێژکردەوە. ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان دەکاتەوە. هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدرال لە بەغدا تایبەت بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی لە لایەن خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە لە بەردەوامبوون لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەرێم وبەغدا لە چوارچێوەی دەستوورو، لیژنەی دانوستان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمیش ڕاسپێردران بەردەوام بن لە کۆبوونەوە وگفتوگۆکان بەو ئاراستەیە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگيی پێویست لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیيەکان بکەن و تیمی یاسایی ئەنجومەنیش ڕاسپێردران، ڕێکاریی پێویست دەست پێ بکەن بۆ داکۆکیی یاسایی و دەستووریی لە ماف وشایستەکانی هەرێم وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە، بە تایبەتیش کە ئێستا خەرجی وداهات و میلاکی وەزیفیی هەرێم لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا پەسەندکراون. پاشان لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، کورتەیەک دەربارەی ڕاپۆرتی ژمارە ( 3 )ی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە یاسای چاکسازی خرایەڕوو، کە بەم دواییانە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە و لە هەشت بەشی سەرەکی پێکهاتووە لەسەر بنەمای ماددە وبڕگەکانی یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 سەبارەت بە بەرەوێشچوون وئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکە کە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمە. بڕیاریشدرا حەفتەی داهاتوو ، هەر وەزارەتێک بە پێی تایبەتمەندیی و بە ژمارە وزانیاریی پێویست، ئەو چاکسازییانە بخاتەڕوو کە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی لە وەزارەت وفەرمانگەکانیان ئەنجامدراون، هەروەها باسی بەرنامە وپلانی داهاتووشیان لەمبارەیەوە بکەن دواتریش بۆ ڕای گشتی بخرێتەڕوو تا خەڵکی کوردستان لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت لە بواری چاکسازیی ئاگادار بن. بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە ، تایبەت بوو بە دەنگدان لە سەر پڕۆژە یاسای هەموارکردنی ماددەی چوارەم لە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 تایبەت بە زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ تەشریعکردنی. لە بڕگەی سێیەمدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی لیژنەی وەزاریی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداریی خوشک وبرایانی کریستیان، کۆنووسی لیژنەکەی خستەڕوو کە چەندیین بڕیار وپێشنیاری لەخۆگرتبوو، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشیکردن لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە و هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆک، بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بەشێوەیەک باش، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم، بەردەوام دەبێت لەپاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و لە ناویشیاندا هاووڵاتیانی کریستیانی ئەم هەرێمە، کە ڕێزگرتن و لێبوردەیی وبەیەکەوەژیان لە تایبەتمەندییە جوانەکانی هەرێمی کوردستانن و جێگەی شانازیمانە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە ڕێگریی بکەن لە هەر زیادەڕۆیی ودەسترێژییەک بۆ موڵکداریی كريستيانەکان یان هەر هاووڵاتییەکی دیکە لە هەرێم و ڕێگە بە هیچ کەس و گرووپ و لایەنێک نادرێت لەژێر هەر ناوێکدا بێت هەوڵی تێکدانی بەیەکەوەژیان بدات و ستەم و زۆرداریی لە خەڵک بکات . ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای پشتیوانیکردن لە قسەکانی سەرۆک وەزیران، جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە 5 ساڵی 2015 لە ناویشیاندا خوشک وبرایانی کریستیان وەک هاووڵاتی ڕەسەنی کوردستان کردەوە. لە بڕگەی چوارەمدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندکرد تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی %15 ی ئەو پێشنینانەی حکومەت کە لەلای هاووڵاتییانە وەک: پێشینەی خانووبەرە ، قەرزی سندوقی نیشتەجێبوون و بانکی خانووبەرە، پێشینەی هاوسەرگیری ، قەرزی بچووک ، پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی، پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری و پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو دەستەری کۆمەڵایەتی و سزای دواکەوتن و سوود لە سەر باج و رەسم . ئەم درێژکردنەوەیەش تەنیا بۆ 90 ڕۆژ دەبێت و دوا دەرفەت دەبێت بۆ سوود وەرگرتن لەم ئاسانکارییە و جارێکی دیکە داشکاندنەکە درێژ ناکرێتەوە. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە زووترین کات گرفتی گرانبوونی بەنزین چارەسەر بکەن کە بارگرانیی زۆری لەسەر هاووڵاتییان دروست کردووە و هاوردەکردنی بەنزینیش لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان ڕێگەپێدراو بێت.
هەولێر.. درۆنێکی چاودێری ناوخۆیی خۆی بە تاوەرێکی ئینتەرنێتدا دەکێشێت بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2022 کاتژمێر 1:17ی پاشنیوەڕۆ لە گوندی گردجووتیاری سەر بە قەزای عەنکاوەی پارێزگای هەولێر، درۆنێکی چاودێریی ناوخۆیی بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە خۆی بە تاوەرێکی هێڵی ئینتەرنێتدا دەکێشێت و تێک دەشکێت، ئەوەی جێی خۆشحاڵییە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووتەوە. هاونیشتمانیان دڵنیا دەکەینەوە، کە رووداوەکە هیچ جێی مەترسیی نییە.
هەولێر.. درۆنێکی چاودێری ناوخۆیی خۆی بە تاوەرێکی ئینتەرنێتدا دەکێشێت بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی حوزەیرانی 2022 کاتژمێر 1:17ی پاشنیوەڕۆ لە گوندی گردجووتیاری سەر بە قەزای عەنکاوەی پارێزگای هەولێر، درۆنێکی چاودێریی ناوخۆیی بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە خۆی بە تاوەرێکی هێڵی ئینتەرنێتدا دەکێشێت و تێک دەشکێت، ئەوەی جێی خۆشحاڵییە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووتەوە. هاونیشتمانیان دڵنیا دەکەینەوە، کە رووداوەکە هیچ جێی مەترسیی نییە.
لە گرد جوتیار، نزیک شارۆچکەی عەنکاوە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو تەقیەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە. بەپێی زانیاریەکان، درۆنەکە بەر تاوەرێکی ئینتەرنێت کەوتووە.
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بارەگایەکی پەکەکەیان بۆردومان کرد و زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتەوە بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بارەگایەکی چەکدارانی پەکەکەیان لە ناحیەی سنوونێ لە قەزای شنگال بۆردومان کرد. بە گوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی بۆردومانەکە کەسێک برینداربووە. میدیای پەکەکە ڕایگەیاندووە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەی "دەوڵەتی داگیرکەری تورک"، بۆردوومانی ناوەندی ئەنجومەنی گەلی شارەدێی سنونێ-ی سەر بە شەنگالی کرد.
پەرلەمانتارێکی پێشووی ئاکپارتی و سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی دیموکراسی و یەکگرتوو (DEMBİR-DER) رایگەیاند، درامای "گورگی تەنیا" کە سووکایەتیی بە کورد و هەرێمی کوردستان کرد، دوای گوشار و ناڕەزایەتییەکانی ئاکپارتی و حکومەتی تورکیا، راگیرا و کۆتاییهات. محەمەد مەتینەر، کە خەڵکی سەمسووری باکووری کوردستانە و لە خولەکانی 24، 25 و 26دا پەرلەمانتاری ئاکپارتی بووە، لەبارەی ئەو دراما تورکییەی رۆژی 3ی حوزەیرانی 2022 سوکایەتیی بە هەرێمی کوردستان و بەهاکانی کرد رایگەیاند، "ئەم درامایە لەلایەن کەسانێکی فاشیستەوە بە مەبەستی سووکایەتیکردن بە هەرێمی کوردستان و کورد ئامادە کراوە، بەڵام ئێمە گوشاری زۆرمان دروستکرد و ئاکپارتی و حکومەتی تورکیاش نیگەرانن لەم نەژادپەرستییە. هەربۆیە هەینیی رابردوو ئەو زنجیرە درامایە ناچارکرا رابگیرێت و ئیدی پەخش ناکرێت." لەبارەی پەخشکردنی ئەو درامایە لە کەناڵی a tv، کە بە نزیکی لە ئاکپارتی و حکومەت دادەنرێت، مەتینەر باسی لەوە کرد، کە ئەو زنجیرە درامایە سەرەتا سیناریۆکەی تایبەت بوو بە جەماعەتی گولەنییەکان. هەروەها گوتیشی، "ئەوان دواتر چیرۆکی دراماکەیان بە ئاقارێکی فاشیستانەدا بردووە. ئەم بیرۆکە فاشیزمانەیە بە هیچ شێوەیەک جێی رەزامەندیی ئاکپارتی و حکومەتی تورکیاش نییە. ئاکپارتی و حکومەتیش زۆر نیگەرانی ئەو دراما نەژادپەرستەن، هەربۆیە ئەوەی پێویست بێت ئەنجامدراوە، چونکە بێڕێزیکردن بە کورد و هەرێمی کوردستان، بێڕێزیکردنە بە ئاکپارتی و حکومەتی تورکیا." ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی ئاکپارتی ئەوەیشی خستەڕوو، ئەوان وەکو کۆمەڵەی دیموکراسی و یەکگرتوو (DEMBİR-DER) بانگەوازیان لە "کوردی تورکیا" کردووە سکاڵا لە دژی ئامادەکارانی ئەو درامایە تۆماربکەن، بۆئەوەی بدرێنە دادگە. هاوکات رایشیگەیاند، ئەوان بە جیددی کار لەسەر ئەوە دەکەن تاوەکو ئەو کەسانە بە سزا بگەیێنن کە دەستیان لەو سووکایەتی و بێڕێزییەدا هەبووە. هاوکات مەتینەر جەختیکردەوە، ئەو درامایە بە بێڕێزی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، پێشێلی دەستووری عێراقیشی کردووە و دەتوانرێت لە هەرێمی کوردستانیشەوە سکاڵای لە دژ تۆماربکرێت. محەممەد مەتینەر رۆژی 3ی حوزەیرانی 2022 کۆمەڵەی دیموکراسی و یەکگرتوو (DEMBİR-DER)ی دامەزراند؛ هەروەک خۆی دەڵێت، "ئامانجی ئەو کۆمەڵەیە بەهێزکردنی دۆستایەتیی نێوان کورد و تورکە." مەتینەر باسی لەوەش کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا وەکو شاندێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و چەند بەرپرسێکی دیکە کۆدەبنەوە. لە ئەڵقەی 19'یەمی زنجیرە درامای "گورگی تەنیا" کە رۆژی 03-06-2022 پەخشکرا، لە یەکێک لە دیمەنەکاندا کەسێکی تورک دادگەیی دەکرێت، لە دادگەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سەرۆک مەسعود بارزانی لەپشت دەستەی دادوەران دەبیندرێن؛ هەروەها یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دادوەران جامانەی سووری لەسەردایە. ئەو کەسە تورکە کە تۆمەتبارە بە کاری سیخوڕی، کوشتن و مافیایی بە سووکایەتییەوە باس لە حکومەت و دادگەی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، ئەو دان بەو دادگە و حکومەتەدا نانێت. هەروەها دەشڵێت، تورکەکان 1200 ساڵە لە ناوچەکەدا دەژین. لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە دەڵێت، "کەرکووک گۆکتورکە و ئەو خاکە خاکی تورکمانەکانە. کەرکووک و موسڵ هی ئێمەن. گەورەترین شەقامی هەولێر [موزەفەرەدین گۆکبۆرو]ە، لەوانەیە رۆژێک بیسڕنەوە، بەڵام مێژووتان بۆ ناسڕدرێتەوە." ئەو کەسە کە لە زنجیرە دراماکەدا رۆڵی کەسێکی مافیا و سیخوڕ بەناوی "تەکین گیریتلی" دەگێڕێت، جوگرافیایەک بەناوی "هەرێمی کوردستان" یانیش "باکووری عێراق" رەتدەکاتەوە و داوا دەکات لە بەغدا یان لە تورکیا دادگەیی بکرێت. رۆژی 08-06-2022 وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی ناڕەزایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە لە عێراقدا، خاکی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە. كۆنسوڵخانەی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستانە، سەتان هاووڵاتی و کۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن و بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسێیەتی کۆیان دەکاتەوە لەگەڵ هاوڵاتییانی کوردستاندا بە کورد و تورکمان و سریان و عەرەبەوە لە هەموو ئایین و ئایینزاکان. بەلای ئێمەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم درامایە سووکایەتییە بە هەموو ئەو راستییانە و زیانیان پێدەگەیێنێت، دوورە لە بەهای هونەری كە لە بنەڕەتەوە هونەر پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و قبووڵكردنی جیاوازییەكانی پێیە، نەك رەگەزپەرستی و سڕینەوەی بەرامبەر. لێرەوە ناڕەزایەتیی خۆمان دەگەیێنینە دەزگای بەرهەمهێنەر و (a tv) و تەواوی ئەو ستافە، لە بەرامبەر ئەو سوكایەتییە و بڵاوكردنەوەی تۆوی شۆفێنیزم و بە کەم سەیرکردنی بەرامبەرەكانیان." زنجیرە درامای "گورگی تەنیا" لەلایەن گرووپی کۆمپانیاکانی تورکواز میدیا کە نزیکە لە حکومەتی تورکیا، بەرهەم دەهێندرێت. رۆژی 28-01-2022 یەکەم ئەڵقەی لە کەناڵی a tvی تورکیا پەخشکرا. عوسمان سناڤ، بەرهەمهێن و چاغاتای تۆسون، دەرهێنەرەکەیەتی. سیناریۆکەی لەلایەن موراد کۆجا و عەلی ئالپەر ئەرزە دەنووسرێت. ژێدەر رووداو
ئەنجومەنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان کۆدەبێتەوە و باس لە ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لە بەغدا و رەوانەکردنی راپۆرتی ژمارە (3) تایبەت بە یاسای چاکسازی بۆ پەرلەمانی کوردستان دەکات. بهگوێرهی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونهوهكهدا ئەم بابەتانە دەخرێنەڕوو: ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لە بەغدا تایبەت بە راپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی.رەوانەکردنی راپۆرتی ژمارە (3)ـی تایبەت بە یاسای چاکسازی بۆ پەرلەمانی کوردستان.کۆنووسی لیژنەی باڵای چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداریی کریستیانەکان.پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (132) تایبەت بە داشکاندنی رێژەی 15% لەو پێشینانەی حکومەت کە لەلای هاووڵاتییانە وەک (پێشینەی خانووبەرە و قەرزی بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری) و پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش و سزای دواکەوتن و سوود لەسەر باج و رەسم.