Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13711 بابەت
هەواڵ
05-02-2026

نێچیرڤان بارزانی و مەزڵوم عەبدی کۆ بوونەوە

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2026/2/5 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازيی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و شاندێكى ياوه‌رى کرد. بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێم، لە کۆبوونەوەیەکدا، دوایین پێشهاته‌ مەیدانی و سیاسییەکانی دۆخی سووریا، پرسی کورد لەو وڵاتە و ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى سووريا و هه‌سه‌ده‌ تاوتوێ کران. نێچيرڤان بارزانى پشتگیریی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگی نێوان لایەنەکان و پاراستنى مافی هەموو پێکهاتەکان و گەلی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوودا كرده‌وه‌. لای خۆیەوە، مەزڵووم عەبدی پوختەیەکی دەربارەی دۆخی ناوچەکە و گفتوگۆکانی لەگەڵ دیمەشق و لایەنە نێودەوڵەتییەکان خستە ڕوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ پشتیوانیکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و هەوڵەکانيان بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان. هەر لە دیدارەکەدا، مەترسییەکانی تیرۆر و جموجووڵەکانی داعش لە ناوچەکەدا تاوتوێ کران و هەردوولا هاوڕا بوون کە هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان و پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی.

هەواڵ
05-02-2026

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا: لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبمەوە و بارودۆخی ناوچە...

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە هەولێر و بریارە سبەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، کۆببێتەوە و بارودۆخی سووریا و ناوچەکە تاوتوێ بکەن. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، باسمان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئێستا و داهاتوو کرد، هاوکات سەبارەت بە دۆخی سووریا تێگەیشتنی هاوبەشمان لەگەڵ فەرەنسا هەیە و پاڵپشتی لە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەکەین.ئێوارەی ئەمڕۆ پێنچشەممە 05-02-2026، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بەرەو شاری هەولێر گەیشتە شاری هەولێر و یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانییهاوبەشدا لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند: خەڵکی کوردستان خەمخۆری سەرۆک ماکرۆن بۆ کورد لەبیر ناکات. سەبارەت بە دۆخی سووریا تێگەیشتنی هاوبەشمان لەگەڵ وڵاتی فەرەنسا هەیە، هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا دەکات.لای خۆیەوە ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، هەوڵ دەدەین مافی کورد لە سووریا بپارێزین و دەمانەوێت بەشدارییەکی کارایان لە حکومەتی ئەو وڵاتە هەبێت، هاوکات فەرەنسا پابەندە بە پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. سوپاس بۆ دۆستە کوردەکانمان بەو متمانەیەی بە ئێمەیان هەیە. گوتیشی: سبەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبمەوە و لەبارەی بارودۆخی ناوچەکە گفتوگۆ دەکەین. 

هەواڵ
05-02-2026

ترەمپ بۆ ئێران: کەشتیە گەورەکەمان نزیک دەبێتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا ڕایگەیاند، بەرپرسانی تاران لە هەوڵی ئەوەدان لەگەڵ واشنتن دەست بە دانوستان بکەن. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران نایەوێت ڕووبەڕووی هیچ هێرشێکی سەربازی ببێتەوە، هەر بۆیە پەنا بۆ گفتوگۆ دەبەن. هاوکات هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و ڕایگەیاند: "کەشتییەکی گەورەی سەربازی لە ئێران نزیک دەبێتەوە." ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزدان و ئەمریکا هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر کردووە.

هەواڵ
05-02-2026

دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی گەیشتە هەولێر

مانگی رابردوو دادگەی سلێمانی بڕیاری دا دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار بۆ وردبینی ڕەوانەی هەولێر بکرێت، بەمەش دۆسیەی 12 کەسیان گەیشتووەتە هەولێر. قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار ڕایگەیاند: "پاش چەند جارێک دواخستن بە پاساوی جیاواز، دوێنێ دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی بە فەرمی گەیشتووەتە دادگەی تەمیز لە هەولێر". گوتیشی: " تانەمان لە وەرگرتنی گوتە (ئیفادە)ی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی داوە، بۆیە دۆسیەکە هێندراوەتە دادگەی تەمیزی هەولێر، جگە لە شێخ لاهوور و پۆڵاد شێخ جەنگیی برای، کەیسی 10 کەسی دیکە لە هاوڕێکانی تێدایە". ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوی دۆسیەکە نێردراوە، دادوەری تەمیز بڕیاری لەسەر دەدات کە دادگاییکردنی هەر 12 کەسەکە لە کام دادگەی هەرێمی کوردستان و لە کامە پارێزگا دەبێت". ڕۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت. شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، کۆماندۆ و ئاسایش، هێرشیان کردە سەر شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لەگەڵ پاسەوانانی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.

هەواڵ
05-02-2026

مەسرور بارزانی لەگەڵ جێنشینی دوبەی کۆبووەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ حەمدان بن محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، کۆبووەوە و جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-02-2026، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شێخ حەمدان بن محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم، جێنشینی دوبەی و جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیمارات و وەزیری بەرگری کۆبووەوە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریکاريی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی بۆ هەرێمی کوردستان کرد.

هەواڵ
05-02-2026

مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان کۆبووەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-02-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەریمی کوردستان، لە دوبەی لەگەڵ محەمەد قرقاوی، سەرۆکی لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان و وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیمارات كۆبووەوە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی سەرکەوتنی لوتکەکەکەی لە محەمەد قرقاوی کرد کە ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە گرنگترین کۆنفرانس و لوتکەکانی ناوچەکە و جیهان. هەروەها سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی کرد، کە نموونەیەکی پێشکەوتوو و گەشەسەندووی ئابووری و حوکمڕانییە. وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیمارات، سوپاسی بەشداری و ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی لە لوتکەکە کرد و جەختی لە بەردەوامبوونی پشتیوانی و هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان کردەوە.  لەم ڕووەوە ئاماژە بە پلاتفۆرمی یاسایی درا کە بڕیارە لەم نزیکانەدا، بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، کە بەشێکە لە بڕگەکانی ئەو یاداشتی لەیەکتێگەیشتنەی کە لەنێوان هەردوولادا واژۆ کراوە.

هەواڵ
05-02-2026

بەرپرسێکی باڵا سەردانی هەولێر دەکات

ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەشتێکی دیپلۆماسی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێدەکات و بڕیارە لەو چوارچێوەیەدا سەردانی هەریەکە لە سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق و پرسی چەکدارە فەرەنسییەکانی نێو داعش. باسکال کونفاڤرۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند “ئەمرۆ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەشتەکەی بۆ ناوچەکە دەست پێدەکات. لە وێستگەی یەکەمدا لە دیمەشق لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆ دەبێتەوە و دوایین رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشق تاوتوێ دەکەن.” هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، بارۆ، دوای دیمەشق سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ دەبێتەوە.  ئامانجی سەردانەکە کارکردنی هاوبەشە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە و درێژەدان بە شەڕی دژی داعش. کونفاڤرۆ، ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکێکی دیکە لە تەوەرە گرنگەکانی کۆبوونەوەکانی بەغدا، پرسی ئەو چەکدارە فەرەنسییانەی نێو رێکخراوی داعشە کە بەم دواییە لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ زیندانەکانی عێراق. دوای کۆتاییهاتنی دیدارەکانی لە بەغدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە. پێشتر، جان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، سەبارەت بەم گەشتەی رایگەیاندبوو “فەرەنسا لەگەڵ هاوبەشەکانیدا، جێبەجێکردنی دوایین رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق تاوتوێ دەکات و دوای سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان لە سووریا، پاریس لە گشت ئاستەکاندا هەوڵی داوە رێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان بگرێت و مافە ئەمنی و سیاسییەکانی کورد لەو وڵاتەدا بپارێزرێت.”

هەواڵ
04-02-2026

مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات کۆبووەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری وزە و ژێرخانی ئیماراتی کۆبووەوە هاوڕابوون لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارەکانی ژێرخان و وزە. ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 04-02-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی دیدارەکانی لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ سوهەیل ئەلمەزروعی، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیماراتی کۆبووەوە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارەکانی ژێرخان و وزە و بە تایبەتی کەرتی کارەبا، لەم ڕووەوە بە گرنگییەوە ئاماژە بە پڕۆژەی ڕووناکی و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە هەرێمی کوردستان کرا و وەزیری وزە و ژێرخانی ئیماراتی، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕی.

هەواڵ
04-02-2026

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی (نۆردراین ڤێستڤاڵن)ـی...

ڕۆژی چوارشەممە 4ی شوباتی 2026، لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو بێریڤان ئایماز جێگری سەرۆکی پەرلەمانی (نۆردراین ڤێستڤاڵن)ـی ئەڵمانیا کرد. لە دیدارەکەدا خاتوو بێریڤان ئایماز خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی بۆ کوردستان و دیداری لەگەل سەرۆک بارزانی، هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە لە ڕووداو و مەترسیەکانی ئەم دوایە خۆی کردە خاوەنی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا بەرز نرخاند. هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد لە یارمەتیدان و بەهاناوە چوونی لێقەوماوان لە ڕۆژئاوای کوردستان و هیوای خواست هەرێمی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتربێت. خاتوو بێریڤان ئایماز سوپاسی سەرۆك بارزانی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی کاروباری دیاسپۆرای کورد لە دەرەوەی وڵات وەک هێزێکی کاریگەر و پشتیوانی دۆزی گەلی کوردستان. هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، دەستخۆشی لە خاتوو بێریڤان ئایماز کرد کە بە هەوڵ و توانی خۆی توانیویەتی بگاتە پلەیەکی سیاسیی لە ئەڵمانیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر کاروباری دیاسپۆڕا و ئامۆژگاری و ڕێنوێنی پێویستی لەو بارەیەوە خستەڕوو، پەیوەست بەم باسە جەختی لە پێویستیی پاراستنی شوناس و زمانی کوردی لەناو کوردانی دەرەوەی وڵات کردەوە. بارودۆخی رۆژئاوا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.

هەواڵ
04-02-2026

مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یونێسکۆ کۆبووەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی یونێسکۆ کۆبوویەوە و هەرێمی کوردستان داوا دەکات وەک ئەندام لە یونێسکۆ وەربگرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە 04-02-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دوبەی، لەگەڵ خالید ئەلعینانی، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى ‏نوێی ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌روه‌رده‌ و زانست و ڕۆشنبيرى (UNESCO) کۆبووەوە. ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە به‌ڕێوه‌به‌رى گشتيى یونێسکۆ کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەی بۆ خواست. بەڕێوه‌به‌رى گشتيى یونێسکۆ، باسی لە پڕۆژەکانیان لە بواری پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان کرد و ئاماژەی بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر وەک شوێنەوارێکی مێژوویی و دێرینی جیهانی کرد. سەرۆکوەزیران داوای کرد هەرێمی کوردستان وەک ئەندامێکی بەشدار لە ڕێکخراوی یونێسکۆ وەربگیرێت و بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەکەش، ئامادەیی بۆ هەر هاریکاری و هاوئاهەنگیکردنێک لەمبارەیەوە دەربڕی.

هەواڵ
04-02-2026

هیومان ڕایتس وۆچ: ئیدارەی ترەمپ مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیی بەرەو هەڵدێ...

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ (HRW) لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ ساڵی ٢٠٢٦، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، هۆشدارییەکی توند دەدات لە تێکچوونی باری مافەکانی مرۆڤ لە ژێر سایەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ. ڕاپۆرتەکە ساڵی ٢٠٢٥ وەک ساڵی "هێرشی بێوێنە" بۆ سەر بنەماکانی دیموکراسی وەسف دەکات. هێرش بۆ سەر سەروەری یاسابەپێی ڕاپۆرتەکە، ئیدارەی ترەمپ لە یەکەم ساڵی خولی دووەمیدا، هەوڵی جیدی داوە بۆ لاوازکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و بێدەنگکردنی نەیارە سیاسییەکانی. ڕێکخراوەکە دەڵێت واشنتن سیستەمی لێپرسینەوەی پەکخستووە و فشارێکی زۆری خستووەتە سەر میدیاکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئەوەی ڕەخنە لە حکومەت نەگرن. کۆچبەران و "زیندانە نهێنییەکان"یەکێک لە خاڵە هەرە جێگای سەرنجەکانی ڕاپۆرتەکە، پرسی کۆچبەرانە. هیومان ڕایتس وۆچ ئاشکرای دەکات کە ئیدارەی ترەمپ هەڵمەتێکی دڕندانەی بۆ "دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ" دەستپێکردووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی ڤەنزوێلی ڕەوانەی زیندانەکانی وڵاتی "ئێلسالڤادۆر" کراون، کە لەوێ ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بوونەتەوە، ئەمەش وەک پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەژمار کراوە. پاشەکشەی مافە مەدەنییەکانڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر بڕیارە ناوخۆییەکانی ئەمریکا و دەڵێت: "مافەکانی ژنان و کەمینەکان کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆوە." بڕینی بودجەی بیمەی تەندروستی (Medicaid) و هاوکارییە خۆراکییەکان، لەگەڵ توندترکردنی یاساکانی دژی لەباربردنی منداڵ، وەک بەشێک لەو سیاسەتانە ناوبرداون کە زیانی گەورەیان بە ملیۆنان هاووڵاتی گەیاندووە. مەترسی لەسەر سیستەمی جیهانیلەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، فیلیپ بۆلۆپیۆن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگەیاند: "ترەمپ مۆدێلێکی نوێی لە حوکمڕانی نیشانداوە کە پشت بە ڕەوشتی کەسی دەبەستێت نەک یاسا نێودەوڵەتییەکان." ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا هاوشانی چین و ڕووسیا بووەتە هۆکاری لاوازکردنی دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سیستەمی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا. داواکارییەکانلە کۆتایی هەواڵەکەدا، ڕێکخراوەکە داوا لە وڵاتانی دیموکراتخوازی جیهان وەک کەنەدا و یەکێتی ئەوروپا دەکات، کە "هاوپەیمانییەک بۆ پاراستنی مافەکان" پێکبهێنن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شەپۆلە دیکتاتۆرییەی کە لە واشنتنەوە سەری هەڵداوە، پێش ئەوەی سیستەمی جیهانی بە تەواوی هەڵبووەشێتەوە.

هەواڵ
04-02-2026

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ خەڵکی کوردستان؛ سوپاس بۆ دڵسۆزیتان

سەرۆک بارزانی، لەسەر بە دەنگەوە هاتنی هاونیشتمانیان  و یارمەتیدانی ڕۆژئاوقی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە. دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی: بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان زۆر سوپاسی هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم بۆ بە دەنگ هاتنی دڵسۆزانەیان، لە کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیدان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم هەڵوێستەیان مێژووییە و جێگەی شانازی و پێزانینە. هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو ڕێکخراو و لایەن و کەسایەتی و میدیایانە دەکەم کە ڕۆڵیان هەبووە لە کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستی و یارمەتییەکان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا، و هەوڵ و ماندووبوونەکانیان بەرز دەنرخێنم. ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیان بە باشترین شێوە ئەنجام دا. بێگومان ئەم هەڵوێستە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و هۆشیاریی نەتەوەیی بەجێدەهێڵێت. خەڵکی خۆشەویستی کوردستان جارێکی تر ئەو ڕاستییەیان بۆ هەموو جیهان دووپاتکردەوە کە گەلی کوردستان لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەش و هاوخەم و پشت و پەنای یەکترن.

1 2 ... 55 56 57 ... 1142 1143