Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13774 بابەت
هەواڵ
17-08-2022

چەند بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئابی 2022 ، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدرال و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری خستەڕوو.سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەکاندا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان دووپات کردەوە بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە لە سەر بنەمای دەستوور. لەم ڕووەوە، هەردوولا ڕێککەوتن لە سەر درێژەدان بە گفتوگۆ لە نێوان وەزارەتی نەوتی فیدرال و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت. پاشان حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان، پوختەیەکی دەربارەی سەردانەکەی بۆ وڵاتی ئەرمەنستان و دیدار و کۆبوونەوە و چالاکییەکانیان لەو وڵاتە خستەڕوو . هەروەها شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، باسی لە سەردانی شاندی سەربازی هەرێم بۆ هەریەک لە شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا كرد. ئاماژەی بەوە دا کە لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا، بەرپرسانی هەردوو وڵات، جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی، لە هەمانکاتدا جەختی لە گرنگیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی چاکسازیی وڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە کە دەستی پێکردووە و لە هەنگاوە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمە.بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پوختەیەک سەبارەت بە داوا ناڕەواکانی وەزارەتی نەوتی فیدرال، لە دژی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی ئەو لیژنە یاساییەی بۆ ئەم بابەتە ڕاسپێردراوە. ئەم بڕگەیە لەلایەن ئومێد سەباح سەرۆکی دیوان و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو، تێیدا ئاماژە درا بەو بنەما دەستووریانەی هەرێمی کوردستان پشتی پێ بەستوون لە داکۆکیکردن لە دەسەڵات ومافە دەستووریەکانی هەرێم ، هەروەها ئەو هەوڵانەش خرانەڕوو کە لەمبارەیەوە ئەنجامدراون. ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی، هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش کە لە خزمەتی هەموو لایەک و لە چوارچێوەی دەستووردا بێت.

هەواڵ
17-08-2022

ڕاگەیەنراوێک لەبارەی کەشتییە نقوومبووەکەی یۆنان

دەزگای لوتکە رایگەیاند، دوای بەدوا داچونێکی  ووردی نوێنەرانی دەزگای لوتکە لە وڵاتی یونان و وڵاتی تورکیا و بەردەوام لەسەر هێڵ بوون لەگەڵ سەفارەتی عێراقی لە وڵاتی یۆنان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەحکومەتی یونان و تورکیا هیچ بەڵگەیەک نیە بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانە کە بڵێت  کۆچبەرانی عێراقی و هەرێمی کوردستان لەو یەختەداهەبووە. دەقی ڕاگەیەنراوەکە ئەگەر چی لە  زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن  هەواڵی ئەوە بڵاو کرایەوە کە گوایە هاوڵاتی عێراقی و هەرێمی کوردستان لە ڕووداوی ژێر ئاوکەوتنی ئەو یەختەی کە  لە 10ی ئەم مانگە لە نزیک دورگەی کارپاتۆسی وڵاتی یونان نوقم بوو بێسەر و شوێن بوون و گیانیان لەدەست داوە، دوای بەدوا داچونێکی  ووردی نوێنەرانی دەزگای لوتکە لە وڵاتی یونان و وڵاتی تورکیا و بەردەوام لەسەر هێڵ بوون لەگەڵ سەفارەتی عێراقی لە وڵاتی یۆنان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەحکومەتی یونان و تورکیا هیچ بەڵگەیەک نیە بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانە کە بڵێت  کۆچبەرانی عێراقی و هەرێمی کوردستان لەو یەختەداهەبووە، واتا تائێستا بەهیچ شێوەیەک نە لە کۆچبەرە بێسەروشوێن بووەکان و نە لەکۆچبەرە  ڕزگار بووەکان هیچ هاوڵاتیەکی عێراقی و کورد تۆمار نەکراوە ، وەک دەزگای لوتکە تەواوی ئەو هەواڵانە ڕەت دەکەینەوە و بەردەوام دەبین لە بەدوا داچونەکانمان ... ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە: ئەگەرچی  ژێر ئاو کەوتنی یەخت و بێسەر و شوێن بوونی کۆچبەر لە هەر سوچێکی جیهان  هەۆاڵێکی دڵ تەزێن و ناخۆشە، بەڵام بەخۆشحاڵیەوا دوای بەدواداچونی نوێنەرەکانمان لە وڵاتی یۆنان و تورکیا پێیان ڕایاگەیاند کە هیچ هاوڵاتیەکی عێراقی و کورد لەم ڕوداوی ۱۰/٨/٢٠٢٢ تۆمار نەکراوە ،  ئەو خێزانە بەڕێزانە کە لە پێناو بیستنی هەواڵێکی  ڕۆڵەکانیان بەپەرۆشن پیان ڕادەگەیەنین کە هیچ کوردێک تۆمار نەکراوە لەو ڕووداوەدا، نوێنەرانی دەزگای لوتکە ڕایدەگەێنن هەر کۆچبەرێک کە بە ڕێگا نایاساییەکانی (دەریای و وشکانی)کە کۆچ دەکەن و لەلایەن پۆلیسی سەر سنوری کەناراوەکان کە دەستگیر دەکرێن، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک کەرەنتینە دەکرێن و زۆر کات ڕێگەیان پێنادەن کە ئامێرکانی پەیوەندی بەکار بهێنن.

هەواڵ
17-08-2022

حکومەت کێشەی پارچە زەوی زیاتر لە هەزار و 360 پێشمەرگە چارەسەر دەکات

زیاتر لە هەزار و 365 پێشمەرگە ماوەی 10 ساڵ پێش ئێستا پارچە زەوییان پێدرابوو، بەڵام بەهۆی کێشەی کارگێڕی زەوییەکانیان تاپۆ نەکراوە و نەیانتوانیووە خانووی لەسەر دروست بکەن، بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کێشەکە چارەسەرکرا و زەوییەکان لەسەر ئەو پێشمەرگانە تاپۆ دەکرێن. دیار بەحری، بەڕێوبەری گشتی شارەوانییەکانی پارێزگای راگەیاند: "زیاتر لە 10 ساڵە ئەو پارچە زەوییانە دراون بە 1365 پێشمەرگە، کە چەندین ساڵە خزمەتیان کردووە، ئەو زەوییانە بە فەرمی دابەشکرابوون، بەڵام هەندێک کێشەی کارگێڕیان هەبوو، بەوهۆیەوە پارچە زەوییەکان تاپۆ نەدەکران خاوەنەکانیان نەیاندەتوانی خانوو لەسەر زەوییەکان دروست بکەن، بە پشتیوانی پارێزگای دهۆک زۆر بەدواداچونمان کرد بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد و بڕیاردرا لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکبهێندرێت". راشیگەیاند: "دوای ئەوەی لیژنەکە کارەکانی تەواوکرد و ئەنجامەکەی دایەوە ئەنجومەنی وەزیران، بە سوپاسەوە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دا و کێشەکان چارەسەرکران، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ دەستبەکار دەکەین لەماوەی دوو مانگدا هەموو رێکارەکان تەواو دەکەین و زەوییەکان تاپۆ دەکرێن". k24

هەواڵ
17-08-2022

سەرۆک بارزانی باسی دیدارەکەی خۆی و سەدام دەکات

سەرۆك بارزانی، لە بەرگی پێنجەمی کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد-راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان)دا، باسی یەکەم دیداری خۆی و سەدام حوسێن دەکات لە دوای رووداوەکانی ئەنفال و کیمیابارنی کورد لەلایەن بەعسەوە.    سەرۆك بارزانی نووسیویەتی "دیتنی سەددام بۆ من ساتێكی پڕ لە ئازار و ناخۆش بوو، بەڵام بە هەر شێوەیەك بێت ددانم بە خۆمدا گرت". دەشڵێت: دواتر لەسەر داوای سەدام حوسێن، كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵییان كردووە و نووسیویەتی: "لە كاتی هێنانی چا، هەڵسوكەوتێكی زۆر سەیرم لە سەددام دیت. كاتێ چاكەیان دانا، سەددام دەستی دایە چایەكەی خۆی و بۆ منی دانا و چایەكەی منیشی بۆ خۆی دانا. لێتان ناشارمەوە لەو كاتەدا ئەوەم بە مێشكدا هات كە لەوانەیە چایەكەم ژەهری تێدا بێت، بەڵام هەڵوێستێكی موحریج بوو و چایەكەم خواردەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێكیش هەر چاوەڕێی دەركەوتنی هێما و نیشانەكانی ژەهرەكەم دەكرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا هیچ ڕووی نەدا."

هەواڵ
17-08-2022

لە چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت

ئاراس جه‌بار، شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگه‌یاند، سبەی پێنجشەمە، لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەریی شێی وڵاتی ئێران لەسەر لەناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم، ئاسمانی ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە، بە زۆری نیمچە ھەوراوی دەبێت، لەگەڵ ئەگەری نمە باران ھەندێک کات لە ناوچە شاخاوییەکاندا. پله‌كانی گه‌رماش به‌م جۆره‌ ده‌بن، به‌رزترین پله‌ی گه‌رمی له‌ سلێمانی 43، هه‌ولێر 44، دهۆك 42، هه‌ڵه‌بجه‌ 44، كه‌ركووك 44، گه‌رمیان 47، سۆران 43، ڕاپه‌ڕین 44.

هەواڵ
17-08-2022

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، باسکردنە لە سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق. بەگوێرەی راگەیەنراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی ئابی 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دەدات. بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانە گگفتوگیان لەسەر دەکرێت: 1-خسـتنەڕووی دەرئەنجــامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەغدا لە ڕۆژی 23ی تەمموزی 2022 و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران. 2-خستنەڕووی پوختەی سەردانی وەزیری رۆشنبیری و لاوان بۆ وڵاتی ئەرمینیا. 3-خستنەڕووی پوختەی سەردانی شاندی سەربازی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 4-خستنەڕووی پوختەیەک سەبارەت بە داوا ناڕەواکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەبەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە. 5-خستنەڕووی راپۆرتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاریی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان. 6-خستنەڕووی چەند پێشنیازێکی تایبەت بە جێبەجێكردنی بابەتی خانەنشینی پلە تایبەت و پلە باڵاکان لە یاسای چاکسازی ژمارە 2ی ساڵی 2022.

هەواڵ
16-08-2022

وەزیری دارایی: بەرپرسانی باڵا ملیاران دۆلاریان لە گەنجینەی دەوڵەت دەره...

وەزیری دارایی دەستلەكاركێشاوەی عێراق ئاشكرای كرد بەرپرسە باڵاكانی عێراق ملیاران دۆلاریان لە گەنجینەی دەوڵەت دەرهێناوە. عەلی عەللاوی ڕایگەیاند كە ساڵانە زیاتر لە 70 ملیار دۆلاری ئەمریكی لە ڕێگەی گومرگەكانی عێراق دەدزرێت. عەللاوی كە لە كۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە 2020/8/16 ئەنجوومەنی وەزیراندا دەست لەكاركێشانەوەی خۆی وەك وەزیری دارایی پێشكەش كرد و مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانیش دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵ كرد. عەلی عەللاوی ئاماژەی بەوەکرد کە تۆڕی نهێنی بەرپرسانی باڵا و سیاسی و كارمەندانی باڵای دەوڵەت بە شێوەی ڕێكخراو گەندەڵی لە عێراق دەكەن و ملیاران دۆلار لە گەنجینەی دەوڵەت دەبەن.

هەواڵ
16-08-2022

حەمەی حاجی مەحمود: پارتی ئەلفوبای سیاسەتی بە ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستان ئ...

پەیامێک لە محەمەد حاجی مەحمودەوە بۆ سەرۆک بارزانی: زۆر بەڕێز جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بە بۆنەی ( ٧٦ ) هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە جەنابتان و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و دۆست و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین. هێشتا تەپوتۆزی شەڕی دووەمی جیهانی نەنیشتبوە لە دابەشکردنەوەی دنیا لە دوای روخاندنی ئەمپراتۆریەتەکان، ئەو سەردەمەش زوڵم و غەدر لە کورد کرا، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستا وەک حزبێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی دامەزراو ئەلفوبای سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستان ئاشناکرد و ئومێدێکی زۆری بە خەڵکی کوردستان بەخشی و بەردی بناغەی شۆڕش و کوردایەتی لەسەر دامەزرا، ئەمڕۆش ئەو یادە پیرۆزە دەکرێتەوە لە ژێر ئاڵای کوردستاندا، حکومەت و پەرلەمان و قەوارەی سیاسی هەرێم لە هەموکاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی ماڵی کوردستانی و یەک هەڵوێستی سیاسی هەموو هێزەکان هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و نیشتیمان، ئەوەش هیمەت و ئەرکی گەورەی لەسەر بەڕێزتانە وەک هەمیشە، کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە و ئاڵۆزیەکانی بەغداد ئەوەمان لێ داوا دەکات. هیوایەکی زۆرمان هەیە ئەو یادە مێژویە ببێتە هاندەرێ بۆ یەکخستنی ماڵی کوردستانی و پیکەوە ژیانی سیاسی. جارێکی کە هیوای سەرکەوتن و بەرەو پێشچوونی حزبە تێکۆشەرەکەتانین. لەگەڵ ڕێزماندا دڵسۆزتانمحەمەد حاجی مەحمود١٦ ی ئابی ٢٠٢٢

هەواڵ
16-08-2022

مەسرور بارزانی: هاووڵاتی جێی بایەخی سەرەکیی حکومەتە

ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئاب بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی سێیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ خانووبەرە و وەبەرھێنان (Invest Expo 2022 ) بەڕێوە چوو . سەرۆکی حکومەت دوای ئەوەی پێشانگەکەی کردەوە و بەشەکانی بەسەرکردەوە ، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە وەبەرهێنان لە خانووبەرە، بە پێی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان وماستەرپلانی شارەکان بێت و بە پلان و لەبەرچاوگرتنی مەرج و پێوەرە زانستیی و تەندروستیی وسەلامەتی و ژینگەییەکان بێت، نەک تەنیا ئامانج قازانجکردنی چەند کەسێکی دیاریکراو بێت لە سەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی. سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە ئەو ئارامی و ئاسایشەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە شارو ناوچەکانی عێراق و دەرەوە، ڕوو لە هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەن و لێی نیشتەجێ بن. لە ساڵانی ڕابردووش  گرنگی زۆر بە کەرتی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام هەند‌ێک لە پڕۆژەکان بێ کەموکورتی نەبوونە. گوتیشی لەو کابینەیەدا جەختمان لەوە کردووەتەوە کە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا، دەبێت مەرجەکانی حکومەت و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت. ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان ئامادەبووانی هێژا ڕۆژتان باش زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەرم کە ئەمڕۆ لە گەڵتان بەشدارم لە پێشانگەیە . سەردانی پێشانگەکەشمان کرد و زۆر دڵخۆشبووم بەوەی کە بینیمان. ئەمڕۆ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕابەرمان جەنابی سەرۆک بارزانیە و ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە. لێرەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامانی پارتی و لایەنگران و سەرکردایەتی پارتی و خەڵکی کوردستان دەکەم . هیوادارم تەمەنی سەرۆکمان درێژ بێت و هەمێشە تەندروست و سەرکەوتوو بێت. پارتیش بەردەوام بێت لەو خزمەتەی کە بەبێ وەستان لەو ساڵانەی ڕابردوو بۆ دۆزی گەلەکەمان کردوویەتی و بەردەوام بێت لە پێشڕەویکردنی دۆزی نەتەوەکەمان. ئەو پێشانگایە زۆر دڵخۆشی کردم، چونکە لە زۆربەی خاوەن پرۆژە و وەبەرهێنەرە بەشداربووەکانم بیست کە توانایی ئەندازیاری، زیاتر خۆماڵییە. ڕاستە پێشتر لەگەڵ زۆر وڵاتی بیانی دیکە کاریان کردووە، بەڵام ئێستا بە پشتیوانی و پاڵپشتی و دیزاین و ئەندازیارانی خۆمانەوە، زۆربەی ئەو پرۆژانە جێبەجێ دەکرێن و ئەمە جێی دڵخۆشییە. بەڕێزان : وەک دەزانن لە ساڵانی ڕابردوو لە  کابینەکانی پێشووتری حکومەتی هەریمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە وەبەرهێنان و دروستکردنی خانووبەرە و تەلار لە کوردستان دراوە کە بە بەراوردکردن لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقدا دەبینین پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. ئەمەش وایکردووە خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی نیشتەجێبوون ڕوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، چ لەبەر ئەوەی کە ئاوەدانی زیاتر تێدا کراوە، چ لەبەر ئەوەی کە شوێنێکی ئارام و سەقامگیرە بۆ ژیانی هاووڵاتییان. لێرە لەو کەشە ئارام وتەبایی و ئاسایشەی هەیە ، وایکردووە کوردستان ببێتە شوێنیک کە خەڵک زیاتر رووی تێبکەن. بەڵام هەر وەک دیارە، ئیمە بێ کەموکورتی نەبووین و بە تایبەت ئەو پرۆژانەی لە کوردستان کراون . بینیمان لە هەندێک رووەوە لەوانەیە کەمتەرخەمی لە پرۆژەکاندا هەبووبێت و لەوانەیە هۆکاری خۆی هەبێت لە کاتی خۆیدا کە ئەو پڕۆژانە جێبەجێ کراون.  بەڵام ئێستا لەو کابینەیەدا ، جەختی زیاترمان لەسەر ئەوە بووە کە ماستەرپلانی شارەکان لەبەرچاو بگیرێن و زۆربەی ئەو پرۆژانەی کە دەکرێن بە پێی ئەو مەرج و پێداویستیانەی حکومەت و خەڵکی کوردستان بن، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری زیاتر بە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بگەیەنن.کەواتە هەم وەبەرهێنەر و بازرگانەکان تێیدا سوودمەند دەبن و هەم هاووڵاتییانیش و ئێمە دەبێ ئەو هاوسەنگییە لە بەرچاو بگرین. لەلایەکی ترەوە ، بە پێشکەوتنی جیهانی لە ڕووی ئەندازیاری و تەلارسازییەوە، شێوازی نوێ بۆ دروستبوونی خانووبەرە دەخرێتەڕوو. ئێمە حاڵەتێکی زۆر تایبەتمان هەیە، بۆ نموونە شاری هەولێر وەکو کۆنترین شاری جیهان کە ژیان تێیدا بەردەوامە. ئێمە دەتوانین ئەمە وەکو پێناسەیەک بۆ شاری هەولێر لەبەرچاو بگرین، بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەنگاو بنێین بۆ پێشکەوتووترین شێوازی تەلارسازی کە لە جیهاندا پەیڕەو دەکرێت. کەواتە هەوڵیر دەتوانێ ببێتە یەکەم شار لە جیهاندا کە کۆنترین و نوێترین شێوازی تەلارسازی تێدا جێبەجێ دەکرێت. بێگومان شارەکانی دیکەی کوردستانیش، تایبەتمەندێتی خۆیان هەیە و ئێمە گرنگییەکی زیاتر بەوە دەدەین لە خانووبەرە و ئاوەدانی لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا بەردەوام بێت. هەندێ شت دەبێ زۆر لەبەر چاو بگیرێن، وەک خزمەتگوزاری تەندروستی، ڕێژەی سەوزایی، کوالێتی کار و ئەو کەرستانەی بەکار دێن، داوا دەکەم پڕۆژەکان بە پێی ستاندەری جیهانی بن. ئەو مۆڵەتانەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەو بەڕێزانە دەدرێت، دەبێت ئەو مەرجانەی تێدا بێت، هەر واشمان کردووە و بەردەوامیش دەبین. حکومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە هاوکاری کەرتی گشتی و تایبەت و ئەمە وایکردووە ئەو پێشکەوتنە لە هەرێمی کوردستان بێتە دی، بەڵام دەکرێ هەنگاوی باشتر بنێین. بەداخەوە ئێمە دەبینین لە دونیا کەشوهەوا، گۆڕانکارییەکی خێرا بە خۆیەوە دەبینێت و ئەمە دەبێتە هۆی بەبیابانبوون، وشکەساڵی و کەمئاوی. دەبێ خۆمان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە بگونجێنین کە لە جیهاندا ڕوو دەدەن. پێویستە لە بواری وەبەرهێناندا، ئەم بابەتە لەبەرچاو بگیرێ. بە داخەوە زۆر جار بینیومە کە ڕووبەری سەوزایی لە پڕۆژەکان کراوەتە  قەرەبوو و قوربانیی زیاترکردنی یەکە و خانوو، ئەمە نابێت بەردەوام بێت. ئەمڕۆش هەندێ پڕۆژەم بینی، لەوێ خانووەکان زۆر زۆر لە یەک نزیکن و هیچ بوارێک بۆ سەوزایی و هەناسەدان تێیدا لەبەرچاو نەگیراوە، ئەمە دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت. داوا لەو وەبەرهێنەرانەی کە تەنانەت دەستیان بە پڕۆژەکانیانش کردووە، دەکەم کە ئەمە لەبەرچاو بگرن. دەبێ لە پرۆژەکاندا، سەوزایی، خزمەتگوزاری و هەموو مەرجە تەندروستییەکان لەبەرچاو بگیرێن. بۆ نموونە بۆ کەسێک کە خاوەن پێداویستی تایبەتە، دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە چۆن بگاتە شوێن یان باڵاخانەیەک کە پێویستی پێیەتی، دەبێ قوتابخانە هەبێت. نابێ تەنیا بیر لە زیادکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بکرێتەوە.دەبێ لە هەمانکات بیر لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو ، کارەبا ، نەخۆشخانە، قوتابخانە و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی  بکرێتەوە. ئێمە زۆر جار کە بە فرۆکە بە سەر شارەکانماندا تێدەپەڕین، بەداخەوە دەبینین ڕووبەری  سەوزاییمان زۆر زۆر کەمە و ئەمە کاریگەری خراپی لەسەر گۆڕینی کەشوهەوا دروست کردووە. هیج نەبێ با ئەو هەنگاوە بنێین بۆ زیاترکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەموو پرۆژەکاندا، ئەمە دەبێ وەک مەرج بۆ پێدانی مۆڵەت بۆ پرۆژەکانی داهاتوو لەبەرچاو بگیرێت. بابەتی کوالیتیش بابەتێکی زۆر گرنگە . بەداخەوە بینیومانە سیستەمی ئاگرکوژێنەوە بەو شێوەیە نییە کە زوو کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکات. زەویلەرزە و لافاو دەبێ لەبەرچاو بگیرێن. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە چۆن ژینگەیەکی تەندروستتر بۆ هاووڵاتیانمان دروست دەکرێت و دەبێ هەموو پڕۆژەکان ئەو خزمەتگوزارییانەی تێدا لە بەرچاو بگیرێت. نابێ تەنیا چاو لە بابەتی بازرگانیی پرۆژەکان بکرێت. ئێمە گوتوومانە لەو کابینەیەدا، هاووڵاتی جێی بایەخی سەرەکیی حکومەتە و هەر پرۆژەیەک دەکرێت، بۆ ئەوەیە خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتیان بگەیەنین. ئێمە بڕیارمانداوە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و هەژار دروست بکەین، بە نرخی کەم و بە قیستی درێژخایەن.ئەمە یەکەم پرۆژە و دوا پرۆژە نابێت. داوام کردووە هەموویان دەبێ بە کوالێتی باش و خزمەتگوزاریی تەواو پێشکەشی هاووڵاتیان بکرێن، بەو ئاواتەی ڕێژەی کرێنشینی لە کوردستان بۆ کەمترین ئاست نزم ببیتەوە و وای لێ بێت ڕۆژێک لە کوردستان، هەموو کەسێک ببێت بە خاوەنی خانووی خۆی. ئێمە بۆ ئەوەی بمانەوێت بەردەوام خزمەتی خەڵکی خۆمان بیکەن، تەنیا دروستکردنی خانوو و تەلار بەس نییە، پێویستە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا بکەین کە لەو کابینەیەدا زۆر بایەخمان بەو کەرتە داوە. هەروەها دەبێ کەرتی پیشەسازی زیاتر بەرەوپێشەوە ببەین بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتێک بۆ ئەو کەسانەی وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرەدا دەکەن. دڵخۆش بووم کە هەندێ لەو بەڕێزانەی قسەم لەگەڵ کردن، گوتیان بەشێک لەو کەرستانەی بەکاری دێنن، خۆیان دروستی دەکەن، بەڵام زۆریشی هاوردە دەکەین. دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین ئەو دەوڵەمەندییەی کە کوردستان هەیەتی و خاوەنی سامانی سرووشتی دەوڵەمەندە، وای لێبکەین بۆ دروستکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بەکاری بێنین. بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردن لە کەرتی تایبەت کە ڕۆڵێکی باشیان بینیوە لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان. هەروەها بەردەوام دەبین لە وەبەرهێنان لە هەموو کەرتەکان کە خزمەتی هاووڵاتییان بکات .

هەواڵ
16-08-2022

موقتەدا سەدر خۆپیشاندانەکەی رۆژی شەممەی دواخست

موقتەدا سەدر خۆپیشاندانەکەی رۆژی شەممەی دواخست.  موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەڵێ: دواخستنى خۆپیشاندانەکان بۆ ئەوەیە کە پیلانە گڵاوەکانتان شکست پێ بهێنم

هەواڵ
16-08-2022

روونکردنەوەیەک لەبارەی گەمارۆدانی شارەوانی سلێمانی بە هێزی چەکدار

کۆماندۆی کوردستان روونکردەوە لەبارەی بڵاوکردنەوەی هێز لەنزیک شارەوانی سلێمانی دەدات. دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوو لەلایەن چەند بەرپرسێکی نابەرپرسی حزبی و حکومی لە ژێر فشاری هەڕەشە هەستان بە ئیفرازکردنی چەندین پارچە زەوی و داگیرکردنی بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان و ڕێگریکردن لەئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجی کە بۆ خزمەتی شارەکە ئەنجام ئەدران. ئەمڕۆ بەفەرمانی سەرۆک باڤڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ڕێگریکردن لەو داگیرکارییە جوڵە بەهێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کرا بەرەو بەڕێوبەرایەتی شارەوانی سلیمانی بۆ پاکتاوکردنی گەندەڵکاران و دەستگیرکرنی ئەو کەسانەی ڕێگربوون لە ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناو شاری سلیمانی. (16-8-2022) ????????? ???????? ?????? ??????? فەرماندەیی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان

هەواڵ
16-08-2022

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی حەفتا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان. بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە بۆنەی هاتنەوەی شازدەی ئاب و یادی حەفتا و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم كەوادیر و لایەنگر و جەماوەری پارتی و تێكڕای خەڵكی كوردستان دەكەم. لە یادی شازدەی ئابدا پەیامم بۆ جەماوەر و لایەنگر و ئەندامانی پارتی ئەوەیە كە پارتی حزبی قەزیە و بەهاكانە و، شوێنكەوتووی ڕێبازی بارزانیی نەمر و جێگەی ئومێدی خەڵكی كوردستانە. بۆیە پێویستە هەموو پارتییەكان لە ئاست گەورەیی مێژوو و قوربانیدانی حزبەكەیان و خوێنی شەهیدان بن و دەبێ ئەركی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن كە خزمەتكردن و بەهێزكردنی كوردستانە. داوا لە هەموو پارتییەكان دەكەم ئیرادە و هیوایان بەهێز بێ چونكە، پارتی ئیرادە و هیوا و هێزە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان. مسعود بارزانی 16ی ئابی 2022

1 2 ... 549 550 551 ... 1147 1148