منداڵ لە دوای تەمەنی یەک ساڵیەوە تەنها بە شیر گەشە ناکات بەڵکو خواردن دەورێکی سەرەکی هەیە بۆ گەشەی منداڵەکە. لەم تەمەنەیا ئەگەر منداڵەکە شیری دایک بخوات ئەبێت لە سێ بۆ چوار جار زیاتر نەبێت لە شەوو ڕۆژێکدا، وە ئەگەر شیری قتوو بخوات، ئەبێت ڕێژەی شیرەکە زیاتر نەبێت لە ۱۲- ۱٥ ڕەقەم. ئەگەر هاتوو لە دوای تەمەنی یەک ساڵیەوە رێژەی شیر زۆرتر بێت لەوەی کە لەم تەمەنەیا ڕێگە پێدراوە وا دەکات منداڵەکە تێر بێت بەشیرەکە و خواردن نەخوات وە ئەمە وردە وردە دەبێت بەخووێک لە منداڵەکەداو وای لێیەت تەنها داوای شیر بکات و واز لەخواردن بهێنێت. ئەمەش ئەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵەکە بەرەو لاوازی و کورتە باڵایی بڕوات، چونکە شیرەکە خۆراکە بەهای پێویست دابین ناکات بۆ گەشەی منداڵەکە. د۰ تارا علی بابانپزیشکی پسپۆڕی گەشەو خۆراکی منداڵان
زانکۆی دهۆک لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بۆ ساڵی نوێی خوێندن، دەوامی مامۆستایان لە رێککەوتی (1ـی ئهیلوول/سێپتێمبهری 2022) دەستپێدەکات و، دەوامی قوتابیانیش لە رێککەوتی 4ـی ههمان مانگ دهبێت. ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئابی 2022، زانکۆی دهۆک راگەیەندراوێکی بڵاوكردهوه، تێیدا هاتووه: بەبڕیاری سەرۆکایەتی زانکۆی دهۆک، ساڵی نوێی خوێندنی 2022 - 2023 لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات. لەبارەی دەوامی مامۆستا و قوتابیانەوە، لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، دەوامی قوتابیانی زانکۆی دهۆک رۆژی یەکشەممە، (4/9/2022) دەستپێدهکات، دەوامی مامۆستایانیش رۆژی پێنجشەممە، (1/9/2022) دەستپێدەکات. ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو سەرۆکایەتی زانکۆی دهۆک، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بۆ ساڵی نوێی خوێندن رای قوتابیان و مامۆستایان لەبارەی پەیرەوکردنی سیستمی یەکپۆشی وەردەگرن. k24
بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی: بەبڕیاری بەڕێز دادوەر پێنج بازرگان و دەڵاڵ کە بەڕێکاری نایاسایی مامەڵەیان بە زەوی و زار و موڵکی گشتییەوە کردووە دەستگیرکراون، دەیان لێپرسراو و فەرمانبەری دامەزراوە کارگێڕییەکان و چەندین کەسیش کە وەک بریکار و دەڵاڵی زەوی و زار مامەڵەی نایاساییان راییکردووە، لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لەلایەن ھێزەکانمان بە ھەماھەنگی لەگەل ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رێوشوێنی پێویستی بۆ وەرگیراوە و دەستگیرکردنیان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەچەند رۆژی داھاتووشدا بەردەوام دەبین لەدەستگیرکردنی ھەموو ئەوانەی لەسەر بەرژەوەندی گشتی و مافی خەڵک پۆستەکانیان بۆ كاری نایاسایی قۆستووەتەوە.بۆ ھەموولایەکیشی روون دەکەینەوە ئەوکەسانەی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە پۆست و دەسەڵاتی خۆیان لە فەرمانگە حکومییەکان بۆ کاری نایاسایی و دوور لە رێنماییەکان و رەوشتی بەرزی فەرمانبەری بەکارهێناوە. لەبەرامبەر رەشوە مامەڵەی خەڵکی تریان تێپەڕاندووە و چەندین دۆسیەی زەوی و زار و موڵکی گشتییان لەدەرەوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێم داگیرکردووە، بەکرێگیراوبوون و لەبەرامبەر بڕە پارەیەکدا ئەو کارانەیان ئەنجامداوە. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی١٩ی ئابی ٢٠٢٢
بەهۆی دەستپێکردنی خولی دووەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوازدەی ئامادەی، سبەینێ ڕۆژی شەممە ۲۰ ـ ٨ ــ ۲۰۲۲، لەکاتژمێر حەوت نیوی سەرلەبەیانییەوە تا کاتژمێر دە و نیو، هێڵی ئەنتەرنێت لە هەرێمی کوردستان ڕادەگیرێت. تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی دوازدەی ئامادەیی، لە ۲۰ ــ تا ۲۷ ی مانگی هەشت دەخایەنێت و جگە لە ۲٦ی مانگ کە ڕۆژی هەینی دەکات، ئەو حەوت ڕۆژەیتر هێڵی ئەنتەرنێت ڕادەگیرێت.
دوو ژن لە سلێمانی سووتان و به گوێرهی زانیارییه سهرهتاییهكان تهندروستی یهكێكیان به هۆی زۆری رێژهی سووتانهكهی ناجێگیره. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 122 رایگهیاند، کەمێک لەمەوبەر لە گەڕەکی خەباتی شاری سلێمانی، دوو ژن، یەکێكیان تهمهنی 25 ساڵە و ئهوهی دیكه 30 ساڵه، سووتاون، ئێستا گەیەنرانە نەخۆشخانە. به گوێرهی زانیارییهكان له سلێمانی، ئەو دوو ژنە ویستویانە ئاو بکەنە موبەریدە، بەڵام لە جیاتی ئاو بەنزینیان تێکردووە و ئاگادارنەبوون. ئهوهش خراوهتهڕوو، ئاگرەكه کۆنترۆڵکراوە و تەندروستی یهکێکیان نا جێگیرە و ئەوی دیکە تەندروستی جێگیرە. k24
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگی ئەمریكا:تا ساڵی ڕابردوو، 45 هەزار پارچە زەوی لە سلێمانی لەلایەن کەسانی سەربازی و ئەمنییەوە فرۆشراون، ئەمساڵیش نزیکەی 20 هەزار پارچە زەویتر فرشراوە یان دەستی بەسەرداگیراوە، هەموو ئەمانە بەناوی شەهیدانی شەڕی داعشەوە کراون، لە کاتێکدا ژمارەی شەهیدانی داعش ناگاتە 700 کەس، وتی"نوسراوێکی پارێزگاری سلێمانی هەیە، کە زەوی دابەشکردن دەسەڵاتی پارێزگار نیە، کەچی هەر لەخۆیەوە نوسراوێکی کردووە بۆ فەرماندەیی و وتویەتی، زەوی دابەش بکەن بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش، ئەم نوسراوە بەکارهێنراوە و هەزاران پارچە زەوی پێ تەخشان و پەخشان کراوە، نوسراوەکەشی لامە، نە ناوی تێدایە، نە شوێن، نە ڕووبەری زەوی، بۆیە بەم نوسراوە هەزاران پارچە زەوی تەخشان و پەخشان کرا."بەدواداچوونمان کردووە، پارێزگاری سلێمانی وتویەتی ئەوە بۆ شەهیدانی شەڕی داعش بووە، نوسراوەکەم دایە داواکاری گشتی، بەڵام ئەمە لە لوتکەی دەسەڵات و هێزی ئەمنی و سەربازی یەوە کراوە."
سانا مارین، سەرۆک وەزیرانی فینلەندا، پاش بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدۆیەك کە تێیدا لە ئاهەنگێك لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی سەما دەکات و مەی دەخواتەوە، رووبەڕووی رەخنەی توندی کۆمەڵگە و بەشێك لە سیاسییەکانی وڵاتەکەی بوویەوە. سەرۆک وەزیران دانی بەوەداناوە، بەشداری ئاهنگەکەکەی کردووە و سەمای کردووە، بەڵام پێیوابووە ئەو گرتە ڤیدیۆییانە لەلایەن هاوڕێکانییەوە دەگیرێن و بڵاوناکرێنەوە. هەروەها راشیگەیاند، زۆر "نیگەرانە" لە بڵاوبوونەوەی ئەو گرتانە. هەر لەو ڤیدیۆیەدا، چەند کەسێک لەکاتی سەماکردن هاوار دەکەن و باسی "کۆکاین" دەکەن. سەرۆک وەزیران گووتیشی، "لەو ئاهەنگەدا هیچ کارێکی نایاساییم نەکردووە". لە وەڵامدا، پەرلەمانتارێکی فینلەندا داوای لە سەرۆکوەزیران کرد، پشکنینی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بکات و دەرئەنجامەکەی بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە. کۆمەڵێك لەو باوەڕەدان، پارچە ڤیدیۆکە دەبێتە هۆی زیاتر بەناوبانگبوونی سەرۆکوەزیران لە کاتێکدا هەندێك لە کاردانەوەکان رەخنەی تووند لە مارین دەگرن و ئەو کارەی بە "نابەرپرسیارانە" ناودەبەن. پارساڵ، سەرۆک وەزیران دووبارە کەوتەوە بەر رەخنەی تووند کاتێک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا لە دەرەوە بینران لەکاتی رێکارە تووندەکانی کۆرۆنا لەو وڵاتە. https://youtu.be/pKSSfqa6c3k k24
دەقی پەیامەکە: بۆ بەڕێزانبافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانقوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی سكرتاریەتی مام جەلالخاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، سەرپەرشتیاری مەڵبەندەكانی یەكێتیمەكتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی یەكێتیدەستەی كارگێڕ و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیئەنجومەنی باڵای بەرژوەندی و سیاسی یەكێتی بابەت / نان بڕینی سەدان كارمەندی راگەیاندن و ئۆرگانەكانی یەكێتی بەڕێزان، وەك ئاگادارن لەسەرەتای ئەم مانگەوە و كاتێك دابەشكردنی مووچەی مانگی تەموزی دامەزراوە میدیاییەكان و مەكتەب و ئۆرگانەكانی دیكەی (ی.ن.ك) دەستیپێكرد، بڕینی مووچە و كەم كردنەوە و سفركردنەوەی مووچەی ئەو هەڤاڵ و كارمەندانەی كە ساڵانێكی زۆرە خزمەتی میدیا و دامەزراوەكانی یەكێتیان كردووە كە بەشێكیان لەهەمان كاتدا كارمەندی حكومی بوون، رووداوێكی شۆك هێنەر بوو، ناردنەوەیان بۆ ماڵەوە و نان بڕینیان كارەساتێكی ناخ هەژێن بوو، هەروەها بڕینی بودجەی چەند ناوەند و دامەزراوەیەكی دیكەی یەكێتی لەوانەش دیارترینیان (تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر) كە لەلایەن تێكۆشەرێكی دێرین و هەڤاڵێكی ماندووی یەكێتی سەرپەرشتی دەكرێت هێندەی تر دۆخێكی نالەباری دروستكردووە.بەڕێزان، ئێمە وەك ژمارەیەكی زۆر لەمیدیاكاران و هەڤاڵانی مەكتەبی راگەیاندن و مەكتەب و ئۆرگانەكانی دیكەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، دەمانەوێت بۆ رایگشتی و هەڤاڵانی بەرپرسی یەكێتی ئەم چەند خاڵە بخەینە روو…1.بەهەموو شێوەیەك پشتگیریی چاكسازی و رێكخستنەوەی میلاكات و مووچە دەكەین، بەڵام نەك ئەوانەی كارمەندی حكومەتن راستەوخۆ مووچەیان ببڕێت و سفر بكرێتەوە، بەڵكو دەكرێت بەچاوخشاندنەوە بەو بڕیارە نادادپەروەرە، رێز لەكاركردنی چەندین ساڵەیان بگیرێت و مووچەكانیان لەگەڵ مووچەكانی حكومەتیان بۆ رێك بكرێتەوە رێژەیەك دیاری بكرێت و دەشزانین كە لەهەندێك مەكتەب و ئۆرگاندا پێوەی (800 هەزار تاوەكو 1200) هەزار دینار دیاریكراوە، واتە دەبێت كارمەندان لەو بڕە مووچە بەهەردوو مووچە حزبی و حكومییەكان تێنەپەڕێت، چونكە زۆر دەزگای تر ئەوەش پەیڕەوە نەكراوە.2.ئەو هەڤاڵ و كارمەندانەشی كە مووچەیەكی حزبیان هەیە و لەحكومەتدا نین، دەكرێت مووچەكانیان بۆ زیاتر بكرێت، تاوەكو بڕی پارەی بەردەستی ئەنجامی چاكسازییەكان شەفافی پێوە دیار بێت.3. داواكارین چاو بەمووچە و نەسریەی هەڤاڵانی دەستەی كارگێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەب و ئۆرگانەكانی دیكە بخشێندرێتەوە.4. نیگەرانین كە تا ئێستا هیچ هەڤاڵ و سەركردەیەكی یەكێتی لەسەر ئەم پرسە نەهاتوونەتە دەنگ و روونكردنەوەیان نەداوە و بەو هۆیەشەوە وایلێهاتووە سۆشیال میدیا بۆتە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاری گەرمی رۆژانە و كاریگەری خراپی لەسەر دەروونی سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی دروستكردووە بەوانەی دەركراون و نانیان بڕاوە و ئەوانەشی كە هێشتا لەئۆرگانەكان كاری خۆیان دەكەن.5. ئاگادارین لەئێستاوە لەلایەن پارت و كەسایەتییە سیاسیە دیار و سەرمایەدارەكانی كوردستان دەستكراوە بەكڕین و كۆكردنەوەی ئەو كادارانەی مووچەیان كەم كراوەتەوە یان نانیان بڕاوە، دڵنیایی دەدەین ئەمە وادەكات هێندەی تر یەكێتی لەرووی راگەیاندن و رێكخستنەوە روو لەپاشەكشە بكات و باجێكی قوڕس دەدات،ئەمجارە لەوەی ساڵی 2009 و جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان كە بووە هۆكاری كەم بوونەوەی كورسی و دەنگەكانی یەكێتی . لەكۆتاییدا پێمانوایە ئەمەی ئێستای یەكێتی دەستیداوەتێ ئەو گومانەی بۆ دروست كردووین كە پێدەچێت سەركردەكان بە فیتی حیزب و كەسایەتی دیكەی پارتە دیار و خاوەن پێگە و پارە پێیان كراوە و ئامانجیش بۆ زیاتر بچووك بوونەوە و كەم بوونەوەی دەنگەكانی یەكێتیە لەهەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی پەرلەمانی كوردستان.ئومێد دەكەین هاوشێوەی كەناڵی ئاسمانی كوردسات بەرەچاوكردنی دادپەروەری و رێزگرتن لەتێكۆشان و ماندووبون و تەمەن بەخشینی كادران و هەڤاڵان ئەو بڕیارە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە تاوەكو لەكاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی 8 هەڤاڵانی رێكخستنەكان كە ئێستا ئەوانیش داوای دوا مووچەی حزبیان لێكراوە وەك هەڤاڵانی راگەیاندنكار و تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێریان لێنەیەت كە تائێستا سەرجەم راگەیاندنكارەكانیان بەحزبی و حكومییەوە مووچەی مانگی 7 یان وەرنەگرتووە و بودجەی دەزگاكەش بەتەواوی لەلایەن ئیدارەی گشتیەوە راگیراوە. ژمارەیەك لەمیدیاكار و كادران و هەڤاڵانی دەركراوی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان18/8/2022
لە بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) کە سەرۆک مەسعود بارزانی بە ناونیشانی (راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەکان 1991-2002) نووسیویەتی، باسی دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانوستاندن لەنێوان حکومەتی بەعسی عێراق و بەرەی کوردستانی دەکات. سەرۆک بارزانی لە یادەوەرییەکەیدا باسی یەکەم دیداری نێوان خۆی و سەدام حوسێن دەکات، دوای ئەوەی 182 هەزار کورد ئەنفال کران و دەڵێت، "بینینی سەدام بۆ من ساتێکی پڕ لە ئازار و ناخۆش بوو". دەستپێکردنی دانوستاندنەکان و کشانەوەی دامودەزگاکانی رژێم سەرۆک بارزانی لە لاپەڕە 91ی بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد)دا نووسیویەتی: "رۆژی 13ی ئاداری 1991، نامەیەکمان بە ناوی سەددامەوە بۆ هات کە تێیدا داوای گفتوگۆ و دانوستاندنی کردبوو، حاجی عوبێد نامەکەی هێنابوو. پاش ئەوە بانگهێشتی هەموو ئەندامانی سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانیم کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا نامەکەمان تاوتوێ کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە وەڵامی نامەکە بدەینەوە و ئاماژە بەو خاڵە کرا کە گفتوگۆ و دانوستاندن هەمیشە بژاردەی یەکەممان بووە و ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ". نامەبەرەکە بەر هێرشی فڕۆکە کەوت سەرۆک بارزانی باسی گەڕانەوەی حاجی عوبێد دەکات کە وەڵامی نامەکەی سەدامیان پێداوە و دەڵێت، "لە کاتی گەڕانەوەیدا سەیارەی حاجی عوبێد کەوتە بەر هێرشی فڕۆکەکان و سەیارەکەی بەتەواوی سووتا و خۆشی بە موعجیزە رزگاری بوو، وەڵامەکەی ئێمەش بۆ نامەکە کە لە گیرفانی قەمسەڵەکەیدا بوو، هەر لەناو سەیارەکەدا سووتابوو. دوای حاجی عوبێد، موکەڕەم تاڵەبانی و غاندی محەمەد حەسەن دزەیی لەلایەن حکومەتەوە راسپێردران بۆ هاتووچۆ و قسەکردن سەبارەت بە دانوستاندن. وەڵامەکانمان هەمیشە ئەرێنی بوون. دواتر کە حاجی عوبێد گەڕایەوە و بابەتەکەی بۆ گێڕاینەوە، وێنەیەکی تری نامەکەمان رادەستی کردەوە. ئەوەبوو هەتا حاجی عوبێد نامەکەی گەیاندە شوێنی مەبەست، رژێم کەرکووکی گرتەوە. دیاربوو رژێم لای خۆی وای مەزەندە کردبوو نامەکەمان پشتگوێ خستووە، بەڵام کاتێ رژێم کەرکووکی گرتەوە، ئێمە لە ناچاری و لاوازی وەڵامی دەدەینەوە. لە حاڵێکدا وانەبوو ئێمە وەڵاممان دابووەوە، بەڵام نامەکە لەناو سەیارەیەکی حاجی عوبێددا سووتابوو". ناردنی یەکەم شاند بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەعس سەرۆک بارزانی دەڵێت، "رۆژی 8ی نیسانی 1991، مام جەلال برووسکەی بۆ کردم کە رژێم لە رێگەی دارا تەوفیق ئاغاوە پەیامێکیان ناردووە و داوای گفتوگۆیان کردووە و داوای رای منی کردبوو، منیش لە وەڵامدا پێم راگەیاند کە من رازیم. پاشان لەسەر ئەوە رێککەوتین کە سەرەتا لەسەر داوای رژێم شاندێک بنێرین بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخ و هەڵسەنگاندنی رەوشەکە، شاندەکە لەم هەڤاڵانە پێکهاتبوو: فازڵ میرانی، ئازاد بەرواری، عومەر فەتاح، فەرەیدوون عەبدولقادر و موقەدەم دارا تەوفیق ئاغا". دوای گەڕانەوەی شاندەکە لە 15ی نیسانی 1991، سەرۆک بارزانی دەیانبینێت و لەوبارەوە دەڵێت، "دواتر شاندەکە سەردانی مام جەلالیان کرد لە شارباژێڕ، شاندەکە وایان نیشاندا گوایە رژێم ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و رێککەوتن و دەرسی لە رابردوو وەرگرتووە. دوای ئەوە جارێکی تر حاجی عوبێد گەڕایەوە و نامەیەکی تری بەغدای هێنابوو. ئەمجارە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ رابردوودا هەبوو و لەخۆباییبوونیان پێوە دیاربوو، بۆچوونەکانمان راست و دروست دەرچوون کە بەغدا وا تێگەیشتبوون ئێمە لە ناچارییەوە وەڵاممان داوەتەوە. پەیامەکانی رژێم لە رێگەی موقەدەم داراوە بەردەوام بوون و، ئەوەیان لێ دەخوێندرایەوە کە رژێم چاوەڕێی سەردانی شاندی بەرەی کوردستانی دەکات بۆ بەغدا". چوونی مام جەلال بۆ بەغدا و پێداگریکردنی لەسەر چوونی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵیاندا سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت، "رۆژی 18ی نیسانی 1991، سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی لە کەلەکین کۆبووەوە. دوای تاوتوێکردنی بابەت و بارودۆخەکە بڕیاردرا شاندی بەرەی کوردستانی بە سەرۆکایەتیی مام جەلال سەردانی بەغدا بکات و ئەگەر دەرفەتی رێککەوتن هەبێت، ئەوە فرسەتێکی باشە و لەدەست نەدرێت، شاندی بەرەی کوردستانی پێکهاتبوو لە: مام جەلال، نێچیرڤان بارزانی، ئازاد بەرواری، سامی عەبدولڕەحمان، رەسووڵ مامەند و عومەر فەتاح". سەرۆک بارزانی دەڵێت، "مام جەلال زۆر پێداگری کرد بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانیی لەگەڵ بنێرم، هەروەها نامەیەک بە دەستخەتی خۆم بنووسم و دەسەڵات بە مام جەلال بدەین بۆ رێککەوتن. رۆژی دواتر لە 19ی نیساندا، شاندی بەرە بەرەو بەغدا بەڕێکەوت. بە لاسلکی رۆژانە سێ جار پەیوەندیمان بە مام جەلالەوە دەکرد. لە پەیوەندییەکاندا وێنەیەکی زۆر ئەرێنییان نیشان دەدا، کە بارودۆخەکە زۆر باش و ئیجابییە و زەمینەیەکی باش و گونجاو هەیە بۆ لێکگەیشتن و نزیکبوونەوە. ئەوکات شاندی بەرە لە بەغدا بوو، مادام میتران هات بۆ ئەوەی سەردانی کوردستان بکات. بۆیە رۆژی 22ی نیسانی 1991، بۆ پێشوازیی لە ناوبراو، سەردانی حاجی ئۆمەرانم کرد و بە برووسکەیەک هەواڵم بۆ نەوشیروان مستەفا نارد و پێداگرییەکی زۆرم کرد بۆ ئەوەی بێت و پێکەوە پێشوازییان لێ بکەین و دواجار نەوشیروان مستەفاش هات". پێشوازیی سەرۆک بارزانی، نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت رەسوول لە مادام میتران سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە کاتی گەیشتنی مادام میتران، پرسیاری مام جەلالی کردووە. "منیش لە وەڵامدا گوتم: بە مەبەستی گفتوگۆ لە بەغدایە. مادام میترانیش رایگەیاند: ئەگەر رێگە چارەسەرییەکی ئاشتییانە بدۆزرێتەوە زۆر باشە، بەڵام متمانە بە رژێم نەکەن. پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکانیش بێتە سەر هێڵ". رۆژی 25ی نیسانی 1991، شاندی بەرەی کوردستانی لە بەغدا گەڕایەوە و سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی دەچنە حوجران بۆ پێشوازیکردن لێیان. سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا وەکو سەرۆکی شاندی بەرەی کوردستانی سەرۆک بارزانی دەڵێت، "رۆژی 30ی نیسانی1991، سەرکردایەتیی بەرەی کوردستانی جارێکی دیکە کۆبووەوە، دوای گفتوگۆیەکی ورد بڕیار درا کە شاندی بەرەی کوردستانی سەردانی بەغدا بکاتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەموویان داکۆکی و پێداگرییان کرد بۆ ئەوەی ئەم جارە من سەرۆکایەتیی شاندی بەرە بکەم بۆ بەغدا. مام جەلالیش لەوێ رایگەیاند، کە لە بەغدا تێگەیشتنێکی وا هەیە ئەگەر جەنابت نەچیت، جددییەت لە بابەتەکەدا نییە و قەناعەتیان نایەت و دڵنیا نابن". سەرۆک بارزانی باسی رووداوەکانی پێش سەردانەکەی دەکات و دەڵێت، "لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی سۆرانەوە، نامەیەک کەوتە دەستمان کە بڕیاری لەسێدارەدانی ژمارەیەک بارزانییەکانی تێدا بوو. لەوانە دوازدە کەسیان برا و ئامۆزای من بوون. من ئەو نامەیەم پیشانی مام جەلال و دواتر پیشانی بەشداربووانی تریشم دا و پێم راگەیاندن کە من هەموو شەهیدانی کوردستان لە ئەنفال و کیمیاباران بە خزم و کەسوکاری خۆم دەزانم و بۆ من هیچ جیاوازییەکیان نییە و دەشزانم هەموویان شەهیدی رێگەی ئازادی و رزگاریی کوردستانن، بەڵام بۆ من ئیحراجییەکی گەورەیە، چونکە بۆ هەمووتان ئەنفالەکان لە دەوروبەرەکەتان، یان خزم و کەسی دوورتانن، بەڵام بۆ من کەسانی نێو خێزانەکەمن. من سەردانی بەغدا بکەم، منداڵ و کەسوکاریان دێن و پرسیاری چارەنووسیان دەکەن، ئێوە خۆتان لە شوێنی من دابنێن! دوای ئەوە پێداگری و داکۆکییەکی زۆریان کرد، سەرەنجام رازی بووم و پێم گوتن: باشە دەچم، بەڵام من ناچم گاڵتە بە بابەتەکە بکەم، ئەگەر بینیم و هەستم کرد دەرفەتی لێکتێگەیشتن هەیە و مادام لە بەغداین رێککەوتنەکە دەکەین، ئەگەر نا، ئەمەیان بابەتێکی ترە". لە درێژەی ئەو بابەتەدا سەرۆک بارزانی دەڵێت، "من نامەیەکم بە خەتی مام جەلال و ئیمزای هەموویان وەرگرت، کە دەستم کراوە بوو و دەسەڵاتی تەواوم پێ درا لە هەموو روویەکەوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا. لە راستیدا ناخۆشترین و تاڵترین بڕیار کە لە ژیانمدا داومە ئەوە بوو کە بچم بۆ بەغدا و ئەو کەسانە ببینم وا دەستیان بە خوێنی رۆڵەکانی گەلەکەم سوورە و، ئەو هەموو تاوانانەیان بەرانبەر گەلەکم کردووە". سەردانی بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ رژێم سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت، "رۆژی 60ی ئایاری 1991 بەرەو بەغدا بەڕێ کەوتین، پاسەوانەکانی رژێم هاتبوونە گوندی کۆڕێ، سنووری نێوان سوپای رژێم و هێزی پێشمەرگە. عەقید روکن وەلید نایف، ئەفسەری ئیستخباراتی سەربازی و بەرپرسی هۆبەی کوردستان هاتبوو و پاسەوانی لەگەڵ بوو. ئێمەش ناوی خوامان هێنا و بەڕێ کەوتین، شاندەکەمان پێکهاتبوو لە: ئەندامانی پارتی: جەوهەر نامیق سالم، فازڵ میرانی، دکتۆر رۆژ، ئازاد بەرواری و دکتۆر جەرجیس. ئەندامانی یەکێتی: نەوشیروان مستەفا (لەسەر داوا و پێداگریی من هات)، کۆسرەت رەسووڵ و موقەدەم دارا. ئەندامانی سۆشیالیست: رەسووڵ مامەند و دکتۆر مەحموود عوسمان. لە پارتی گەلیش سامی عەبدولڕەحمان. کە گەیشتینە بەغدا، سەرەتا لە هۆتێل رەشید شوێنی مانەوەیان بۆ دیاری کردین. دوای چەند رۆژێک گواستراینەوە بۆ خانووی میوانان لە جادرییە، بەڕاستی لە رووی پرۆتۆکۆلییەوە رێزێکی زۆریان لێ گرتین". پێشوازیی لە شاندی بەرەی کوردستانی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی شاندی ئەوکاتی حکومەتی عێراق پێکهاتبوو لە: عیزەت دووری، عەلی حەسەن مەجید، تارق عەزیز، سابیر عەبدولعەزیز دووری و وەفیق سامەڕائی، سەرۆک بارزانی دەڵێت، "جارێکیش حوسێن کامل ئامادەی کۆبوونەوەکان بوو و، زۆر بە حەماقەت جووڵایەوە". وێنەیەکی سەرۆک بارزانی و نەوشیروان مستەفا لەگەڵ وەفیق سامەرائی سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوەش دەکات، "هەندێ جاریش خەڵکی شارەزایان دەهێنا ناو دانیشتنەکە، وەک مونزر شاوی (مامۆستا و شارەزای یاسای دەستووری و لە 1998 تا 1991 وەزیری خوێندنی باڵای عێراق بوو و لە 2000 تا رووخانی رژێم وەزیری داد بوو)، یەکەم کۆبوونەوە تەنیا وەک یەکترناسین بوو. قسەکان ئاسایی و موجامەلە بوون. دواتر رۆژانە کۆبوونەوەمان هەبوو و، چەندین لیژنە دامەزران بۆ ئامادەکردنی رێککەوتننامەکە". بینینی سەدام لە لاپەڕە 97ی بەرگی پێنجەمی کتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد) کە سەرۆک مەسعود بارزانی باسی یەکەم بینینی سەدام لەدوای رووداوەکانی ئەنفال و کیمیاباران دەکات و دەڵێت، "رۆژی 8ی ئایاری 1991، وەک شاندی بەرەی کوردستانی سەردانی کۆشکی کۆماریمان کرد و لەگەڵ سەدام کۆبووینەوە. دیتنی سەدام بۆ من ساتێکی پڕ ئازار و ناخۆش بوو، بەڵام بەهەر شێوەیەک بێت ددانم بە خۆمدا گرت. سەرەتا سەدام بەخێرهاتنی کردین و خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە نیشان دا و رایگەیاند کە رێنمایی و ئامۆژگاری بە تیمی حکومەت داوە، بۆ ئەوەی زۆر بە کراوەیی و ئیجابی دانوستاندن لەگەڵ شاندی بەرەی کوردستانی بکەن. دواتر هەستاین و گەڕاینەوە هۆتێل رەشید". کۆبوونەوەی دووقۆڵی سەرۆک بارزانی و سەدام حوسێن سەرۆک بارزانی دەڵێت، "رۆژی دواتر هاتنە لام و پێیان راگەیاندم کە سەدام داوا دەکات کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆ دوو قۆڵی لەگەڵم کۆبێتەوە. منیش ئەندامانی شاندەکەم لە داواکەی حکومەت ئاگادار کردەوە. هەموویان رازی و پێیان باش بوو. بۆیە رۆژی 10ی ئایار من و سەدام دووقۆڵی کۆ بووینەوە." لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەدام حوسێن، سەرۆک بارزانی دەڵێت، "رێزێکی زۆری گرتم و خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە و سەردانەکەم نیشاندا و گوتی: 'سەردانەکەت جێی رێز و تەقدیرێکی زۆر لە رادەبەدەرە بۆ من. من زۆر باش هەست بە بارودۆخەکە دەکەم و نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدەین'. دواتر گوتی 'هەردووکمان ئەزموونی زۆرمان بەسەردا هاتووە، بۆیە پێداگرییەکی زۆرم کرد کە جەنابت بێیت بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی بنەڕەتی و کۆنکرێتی ئیمزا بکەین. حەزدەکەم ئەگەر هەستت کرد لە گفتوگۆکاندا لە بابەت یان خاڵێکدا پێویستی بە من هەیە، ئاگادارم بکەوە' ". سەرۆک بارزانی دەڵێت، "منیش سوپاسم کرد بۆ پێشوازییەکەی و پێم راگەیاند: 'ئێمەش پێمان خۆشە و حەز دەکەین ئەم دەرفەتە لە دەست نەدرێت. ئێستا دەرفەتێکی لەبارە، چونکە هەموو لایەنەکانی بەرەی کوردستانی یەکدەنگ و یەکهەڵوێستن و کەم جار ئەمە رووی داوە، بەڵام رێککەوتنێکمان دەوێت هەموومان هەست بە سەربەرزی بکەین و رێککەوتنەکە خۆی بەرگری لە خۆی بکات و پێویستی بە بەرگریی کەس نەبێت' ". "زانیم ئەنفالکراوەکان کەسیان نەماون" سەرۆک بارزانی باسی درێژەی گفتوگۆکەی لەگەڵ سەدام حوسێن دەکات و زیاتر دەڵێت، بە سەدامی گوتووە: "جەناب، زۆر باش لەبیرمە تۆ چ رۆڵێکی گەورەت بینی لە رێککەوتننامەی 11ی ئازاری 1970-دا، ئێستاش چاوەڕێی هەمان رۆڵ و هەڵوێستت لێ دەکەم، کە بە گیانی رێککەوتنی ئازار رێککەوتنی نوێ بکرێت. تۆش باش دەزانیت زۆر ئاستەم بوو، بۆ من کە بێم بۆ ئێرە، بەڵام هاتم چونکە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و عێراقدایە لە بری بیر لە زامەکانی رابردوو بکەینەوە، بیر لە لاپەڕەیەکی نوێ بکەینەوە بۆ داهاتوو و، هەموو ئەو خوێنەی رژاوە بە فیڕۆ نەچێت.. خاڵێکی تریش کە زۆر گرنگە بۆمان، چارەنووسی هەموو ئەو خەڵکە بێسەروشوێنەی کوردە، حەزدەکەین بزانین چونکە کەسوکاریان چاوەڕێمان دەکەن هەواڵێکیان بۆ ببەینەوە". سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە کاتێک ئەو بابەتەی لەگەڵ سەدامدا باسکردووە چەند چرکەیەک بێدەنگ بووە، دواتر پێی گوتووە، "هەندێ رووداو روویاندا خۆزگە روویان نەدابووایە، پێویستە هاوکاری یەکتر بین لەپێناو نەهێشتنی ئاسەوار و شوێنەوارەکانیان و هەر کەس زیندوو بێت ئازاد دەکرێت"، سەرۆک بارزانی دەڵێت، "ئەوکات زانیم کەسیان نەماون. تەنیا نزیکەی 20 کەس لە بەندیخانەی ئەبوغرێب مابوون و ئەوانیش ئازاد کران. ناوی کەسێکیان لە بیرم ماوە بە ناوی فەرەیدوون دارتاش کە خەڵکی سلێمانی بوو". "سەدام چاییەکەی خۆی بۆ من دانا و ئەوەی منیشی بۆ خۆی دانا" سەرۆک بارزانی زیاتر باسی کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەی خۆی و سەدام دەکات و نایشارێتەوە کە بە هەڵسوکەوتێکی سەدام سەری سوڕماوە و دەڵێت، "لە کاتی هێنانی چا، هەڵسوکەوتێکی زۆر سەیرم لە سەدام دیت. کاتێ چاکەیان دانا، سەدام دەستی دایە چایەکەی خۆی و بۆ منی دانا و چایەکەی منیشی بۆ خۆی دانا. لێتان ناشارمەوە لەو کاتەدا ئەوەم بە مێشکدا هات، کە لەوانەیە چایەکەم ژەهری تێدا بێت، بەڵام هەڵسوکەوتێکی موحرج بوو و چایەکەم خواردەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژێکیش هەر چاوەڕێی دەرکەوتنی هێما و نیشانەکانی ژارەکەم دەکرد، بەڵام سوپاس بۆ خوا هیچ رووی نەدا". پێشنیازی کوشتنی سەرۆک بارزانی و مام جەلال دەدرێتە سەدام سەرۆک بارزانی دەڵێت، "جارێکیان من و مام جەلال پێکەوە سەردانی بەغدامان کرد. ژمارەیەک ئەندامانی سەرکردایەتیی بەعس چووبوونە لای سەدام و پێیان راگەیاندبوو کە هەموو سەرکردایەتیی کورد لێرەیە، با تەسفیەیان بکەین". سەدامیش پێی گوتبوون، "زۆر شوورەییە و کارێکی دوورە لە رەوشت، میوانی ئێمەن و نابێت بیر لە بابەتێکی لەم شێوەیە بکرێتەوە. جگە لەمەش، بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن هاتوون، ئەگەر رێککەوتن نەکرا و گەڕانەوە، ئەگەر ئازان ئەوکات لەناویان ببەن". لە رووداو وەرگیراوە
هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە سنووری گەرمیان دەستیپێکردووە، بەتایبەتیش لە سنووری خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە. ئاماژە بەوەش درا، هێزەکانی سوپای عێراق لە سنووری پاریزگای دیالە، ئۆپەراسیۆنەکەیان دەستپێکردووە و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە سنوورەکانی پارێزگای سەڵاحەدین کێوماڵ دەکەن. سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە چەند جارێك بۆ راوەدوونان و نەهێشتنی گرووپە چەکدارەکانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامداوە. ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەش بەتایبەتی بۆ ناوچە شاخاویەکانی نێوان کفری و خورماتووە، بۆ ئەو ناوچانەی چەند ساڵێکە بوونەتە پێگەی سەرەکی گرووپە چەکدارەکانی داعش. ئۆپەراسیۆنەکە لە بەرە بەیانی زووەوە بەردەوامی هەیە و تا ئێستا هیچ زەرەر و زیانێك بەر پێشمەرگە نەکەوتووە، لە بەرانبەردا چەند تونێل و شوێنێ مانەوە و خۆحەشاردانی چەکدارانی داعش دەستنیشانکراون و دۆزراونەتەوە.
- ١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار و ١٥٠ دینار - ١٠٠ یۆرۆ بە ١٥٠ هەزار و ٥٠٠ دینار - ١٠٠ پاوەن بە ١٧٨ هەزار و ١٥٠ دینار - ١٠٠ لیرەی توركی بە ٨ هەزار و ٣٠٠ دینار - ١٠٠ هەزار تمەنی ئێرانی بە ٥ هەزار و٢٥ دینار - یەك ملیۆن لیرەی سووری ٣٥١ هەزار دینار
ڕاگەیاندراوێک لە دەزگای لوتکەوە ئەگەر چی لە زۆرێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن هەواڵی ئەوە بڵاو کرایەوە کە گوایە هاوڵاتی عێراقی و هەرێمی کوردستان لە ڕووداوی ژێر ئاوکەوتنی ئەو یەختەی کە لە 10ی ئەم مانگە لە نزیک دورگەی کارپاتۆسی وڵاتی یونان نوقم بوو بێسەر و شوێن بوون و گیانیان لەدەست داوە، دوای بەدوا داچونێکی ووردی نوێنەرانی دەزگای لوتکە لە وڵاتی یونان و وڵاتی تورکیا و بەردەوام لەسەر هێڵ بوون لەگەڵ سەفارەتی عێراقی لە وڵاتی یۆنان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەحکومەتی یونان و تورکیا هیچ بەڵگەیەک نیە بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانە کە بڵێت کۆچبەرانی عێراقی و هەرێمی کوردستان لەو یەختەداهەبووە، واتا تائێستا بەهیچ شێوەیەک نە لە کۆچبەرە بێسەروشوێن بووەکان و نە لەکۆچبەرە ڕزگار بووەکان هیچ هاوڵاتیەکی عێراقی و کورد تۆمار نەکراوە ، وەک دەزگای لوتکە تەواوی ئەو هەواڵانە ڕەت دەکەینەوە و بەردەوام دەبین لە بەدوا داچونەکانمان … ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە: ئەگەرچی ژێر ئاو کەوتنی یەخت و بێسەر و شوێن بوونی کۆچبەر لە هەر سوچێکی جیهان هەۆاڵێکی دڵ تەزێن و ناخۆشە،بەڵام بەخۆشحاڵیەوا دوای بەدواداچونی نوێنەرەکانمان لە وڵاتی یۆنان و تورکیا پێیان ڕایاگەیاند کە هیچ هاوڵاتیەکی عێراقی و کورد لەم ڕوداوی ۱۰/٨/٢٠٢٢ تۆمار نەکراوە ،ئەو خێزانە بەڕێزانە کە لە پێناو بیستنی هەواڵێکی ڕۆڵەکانیان بەپەرۆشن پیان ڕادەگەیەنین کە هیچ کوردێک تۆمار نەکراوە لەو ڕووداوەدا،نوێنەرانی دەزگای لوتکە ڕایدەگەێنن هەر کۆچبەرێک کە بە ڕێگا نایاساییەکانی (دەریای و وشکانی)کە کۆچ دەکەن و لەلایەن پۆلیسی سەر سنوری کەناراوەکان کە دەستگیر دەکرێن، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک کەرەنتینە دەکرێن و زۆر کات ڕێگەیان پێنادەن کە ئامێرکانی پەیوەندی بەکار بهێنن.