Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13774 بابەت
هەواڵ
21-09-2022

یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا دەگاتە هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەکات ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئەیلوول کاتژمێر 9:30 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات بە سەرۆکایەتی سێلیست واڵەندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی .

بیروڕا
20-09-2022

شەهیدكردنی "ژینا ئەمینی" دوا روداو نابێ‌!

(ژینا ئەمینی) نەونەمامە تازەهەڵچوەكەی سەقز و كوردەواری، بەشەهیدكردنی، بووە سومبلی هەمیشە درەوشاوەی كوردستان. لەم كورتە وتارەدا تەنها بۆ شەهیدێك شین ناگێڕم. ناشمەوێ‌ ئەو زوخاوە پەنگخواردووەی دەیان ساڵە هەڵڕێژم. تەنها دەمەوێ‌ بڵێم: ژینا، روداوێكی كوت‌وپڕ سەرهەڵداوی كوردستان‌و ئێران نییە. بەڵكو تەواوی روداوەكانی ئێران (هەروەها وڵاتانی تری دەوروبەر) بە رێكەوت رونادەن. هەر لە قەیرانی ئابوریەوە، بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی، تا دەگاتە سەرهەڵدانی كێشەگەلی سیاسی.. بەڵكو دردۆنگی باری دەرونیش. لە گەرمەی جەنگی سارددا، گەلانی ئێران رژێمی شایان روخاند. بەحوكمی زۆرینەی ئیسلامی-شیعە، چەپ‌و دیموكرات‌و ئێرانچیەكان، لەهەڵبژاردن‌و لە مقاوەمەتی چەكداریدا پاشەكشەیان كرد. كۆماری ئیسلامی‌و، ویلایەتی فەقێ‌‌و، ئیمام خومەینی سەركەوتن. (42) ساڵی رەبەقە، ئەم سیستەمە فەرمانڕەوایە. لەو چوار دەهەیەدا، جیهان بە سیستەمی نوێ‌‌و پاشان جیهانگیری، گۆڕدرا. رۆژهەلاتی ناوەڕاست جۆرەها گۆڕانكاری بەخۆیەوە بینی. جەنگەكانی: عێراق-ئێران، عێراق-كوەیت، عێراق-كوردستان، كۆتاییان هات. بەهاری عەرەبی سەریهەڵداو بە توندڕەوی‌و بێئەزمونی‌و هەڵەی رابەرانی، سەركوت كرا؛ لەو روداوە سیاسییە كاریگەرتر، ئابوری‌و تەكنەلۆژیاو شۆڕشی زانیاری، سەراپا چەمكەكانی جیهانبینی‌و حوكمڕانییان گۆڕیوە! لە ئان‌و كاتێكدا، بە كلیكێك جیهان دێنێتە ناوماڵ‌و كام سەنگەری چەكداری‌و ماڵی نهێنی بەرهەڵستكارانیش قایم بێ‌، بە فڕۆكەی درۆن‌و موشەكی دوورهاوێژ، خاپور دەكرێ‌!! راستە ئێران، لەبەرامبەر فشارە دەرەكیەكان‌و كێشە‌و ناڕەزاییە ناوخۆییەكاندا، وێڕای قەیران‌و تەنگوچەڵەمەكان، خۆی راگرتووە. تەنانەت لە دانوستاندنی ئەتۆمییشدا، سورە لەسەر بڕیارەكانی‌و نەگەیشتۆتە رێكەوتن (كە پێموایە هەر دەگەنە رێكەوتن!) بەڵام.. ئێران لەو راستییە دڵنیایە، كە سەراپای وڵاتەكە لەبەردەم شەپۆلەكانی گۆڕانكاری جیهانی‌و ناڕەزایی بەرینی ناوخۆییدا، ناتوانێ‌ بێ‌ تفاوت بمێنێتەوە. ناشتوانێ‌ هەتا سەر تەنها بە زەبروزەنگ سیستەمەكەی رابگرێ‌. كێشەی دیموكراسی.. فراوانتر لە دیموكراسی دینی-مەهەبی، لەئێراندا دامانگیری وڵاتەكەیە. قەیرانی ئابوری، زۆربەی خەڵك، لەپێشەوەدا هی كرێكاران، مامۆستایان، فەرمانبەران‌و ژنان (بە ستەمكاری‌و باوكسالاری)یشەوە، تا دێت قوڵ‌و قوڵتر دەبێ‌. ژنان‌و مامۆستایان بونەتە پێشەنگی داخوازی پیشەیی‌و گۆڕانكاری. دەستوری گەلپەسەندی ئێران دوای (41) ساڵ وەكو دەستوری هەموو وڵاتانی كە قۆناغی جیاوازو گۆڕانكاری فراوانیان بەسەردا دێ‌‌و دەچنە سەردەمێكی ترەوە، پێویستی بە پیاداچونەوەو داڕشتنەوەیەتی بەپێی ئەرك‌و داخوازیەكانی سەردەم. دەركەوت، بە خەباتی چەكداری، یان تەنانەت بە گەمارۆی ئابوریش، ئێران ناڕوخێندرێ‌؛ بەڵام ئەم راستییە ئەوە ناگەیەنێ‌ كە شەهیدكردنی هاوڵاتیەكی كوردی-ئێرانی، تەنها لەسەرئەوەی سەرپۆشەكەی چەند سانتیمەترێك خزاوە، هەروا بەئاسانی لەناو رای گشتی توڕەدا، دەچێتە سەر. هەربۆیە لە كۆشكی سپیەوە بۆ ماڵە هەژارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، هاودەنگ بوون! سەرەنجام، رۆژهەڵاتی كوردستان دڵیان نەهات ژینا بەتەنها لەناخیاندا بنێژن.. هاوكات (5) كێلی دیكەیان لەتەنیشت كێلی ژیناوە، سەركەش راگرت‌و دەیان كەسیش بە گوڵاڵەسورەی برینیانەوە، كەژاوەی ئەم جوانەمەرگەیان رازاندەوە. ژینا، كچە نەشمیلێكی سەقزی-كوردستانی، نەناسراو بوو. كەچی روداوێك كردی بە ئەستێرەیەكی جیهانی. هۆكارەكەی تەنها گیانلەدەستدان نییە. بەڵكو زادەی ئەو دۆخە (سیاسی-ئابوری-كۆمەڵایەتی‌و دەرونی)یە كە ئێرانی پیادا تێدەپەڕێ‌. ئەگینا مەعقول نییە، ئێران لەكاتێكدا بەرگەی فشاری گەمارۆی ئەمریكا بگرێ‌، كەچی شەهیدكردنی كچە كوردێك وڵاتەكە دەهەژێنێ‌. بەتایبەتی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ورمێ‌وە بۆ كرماشان.. بەوپەڕی ئازایەتیەوە دەخرۆشێن. دەبێ‌ رەگو ریشەی ئەم كێشانە كە بە شەهیدكردنی كچێكەوە وڵاتێك رادەچڵەكێ‌، بەقوڵیی هەڵبسەنگێندرێ‌‌و دەرهەق بەم زەمان‌و زەمینە سیاسییە، لە رۆژهەڵاتی كوردستان‌و سەرانسەری ئێران، مەجلیسی شوراو حكومەت، بیر لە گونجاوترین چارەسەری سەردەمیانە بكەنەوە. ئەگینا روداوگەلی تر رێیان لێناگیرێ‌!! دڵنیام ئەم خۆپیشاندانانەی رۆژهەڵاتی كوردستان‌و پشتیوانیەكەشیان لە تاران‌و شارەكانی دیكەی ئێران، دادەمركێنن. بەڵام هەروەكو جارێك لە كۆبونەوەی رەسمی لە تاراندا گوتومانە: ئەگەر كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا یەك پێشمەرگەشی نەمێنێ‌، كێشە سیاسییە چارەسەرنەكراوەكەی هەر دەمێنێ‌. هەروەها كێشە جۆراوجۆرەكانی تریش. من دڵنیا نیم بكوژی ژینا دادگایی بكرێ‌‌و سزا بدرێ‌.. بەڵام دڵنیام رەگو ریشەی ئەم كێشانە نەك بەتەنها لەئێراندا، بەڵكو لەزۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، رۆچونەتە ناخی مێژوو، سەرەڕای هێزی چەكدارو تەكنەلۆژیای دووركوژ و چاودێری، ئەگەر چارەسەریان بۆ نەدۆزرێتەوە، سەرهەڵدەدەنەوە!! مەلا بەختیار

هەواڵ
20-09-2022

پاش برینداربوونی ژنێک لە خۆپێشاندانەکەی مهاباد، گیانی لەدەستدا

دوێنی ژنێکی تەمەن 62 ساڵان لە خۆپێشاندانەکەی مهاباد بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا. ژنە تەمەن 62 ساڵانەکە ناوی هاجەر عەباسییە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا

هەواڵ
20-09-2022

پەیوەندی لاهور و بافڵ دژوارتر دەبێت

پارێزەری لاهور شێخ جەنگی لەبارەی دۆسیەی سکاڵاکەیەوە لەسەر بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، لەسەر داواکاریی پارێزەری سەرۆکی یەکێتی، دادگەی کەرخی بەغدا بڕیاری گواستنەوەی دۆسیەکەی بۆ دادگەی تێهەڵچوونەوە لە سلێمانی دەرکرد، بەڵام ئەوانیش داوایان لە سەرۆکایەتیی دادگەی تەمیزی هەرێمی کوردستان کردووە کە جگە لە سلێمانی، یەکێک لە دادگەکانی تێهەڵچوونەوەیان بۆ دیاریبکات بۆ دۆسیەکە.  پێشتر شادمان مەلا حەسەن، ئەندامی دورخراوەی سەركردایەتی یەكێتی له‌په‌یامێكدا ڕایگەیاندبوو، “ئەوانەی ڕۆژێك لەڕۆژان تێكۆشاون لەناو یەكێتی، پێویسته‌ خۆیان بۆ قۆناغێكی تر ئامادەبكەن”، وتیشی:”پێویستە ئارامی خۆتان بپارێزن‌و خۆتان ڕێكبخەن، مەرج نییە لەداهاتودا ناسنامەكە وەك خۆی ببێتە چوارچێوەی كۆكردنەوەتان، بەڵام بیروباوەڕو ئامانجەكانیان دەكرێ ببنە دروشم‌و ڕێبازی تێكۆشانیان لەوێستگەیەكی تری كاری ڕێكخراوەیی”. ئەمەش وەکو سەرەتایەک بۆ راگەیاندنی حیزب لەلایەن لاهور جەنگیەوە لێکدرایەوە. پێشتر باڵکێش لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە ئەوەی ئاشکرا کرد کە لاهور شێخ جەنگی، بە نیازە حیزبێکی نوێ بەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان-عێراق دابمەزرێنێت. رۆژی سێشەممە، 20-9-2022، سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی، سەبارەت بە دۆسیەی سکاڵاکەیان لەسەر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گواستنەوەی بۆ هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر و بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و کارکردن دژی پڕەنسیپ و رێڕەوە یاسایی و حیزبییەکان، بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی ویستی لە سلێمانی سکاڵا لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماربکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی سکاڵاکەمان وەرنەگیرا، لە بەغدا سکاڵامان تۆمارکرد". پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ دادگەی کەرخی بەغدا پێیڕاگەیاندن بەهۆی ئەوەی کێشەکە لە هەرێمی کوردستانە، با دادگاییکردنەکەش لە هەرێمی کوردستان بێت، بۆیە دۆسیەکە گواسترایەوە سلێمانی کە ئەمە لەسەر داوای پارێزەرەی بافڵ تاڵەبانی بوو، بۆیە ئەوانیش داوایان لە سەرۆکایەتیی دادگەی تەمیزی هەرێمی کوردستان کردووە یەکێک لە دادگەکانی تێهەڵچوونەوە لە هەولێر یان لە دهۆک یان لە گەرمیان دیاری بکات بۆ ئەوەی دادگاییکردنەکەی تێدا بکرێت." سەیوان سیروان جاسم هۆکاری داواکاریی گواستنەوەی دۆسیەکە لە سلێمانییەوە بۆ شوێنێکی دیکە رووندەکاتەوە و دەڵێت: "ئێمە پێمان باش نییە دۆسیەکە بۆ سلێمانی بێت، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەم؛ هەردوو لایەنی سکاڵاکە خاوەنی پێگە و جەماوەری خۆیانن و ترسمان لەوەیە کێشە دروست بێت، هەروەها تاوەکو گوشار نەکەوێتە سەر دادگە". پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی هۆشداریی دەدات و دەڵێت: "ئەگەر دادگەی تەمیز دۆسیەکە بنێرێتە سلێمانی، ئەوا ئێمە سکاڵاکە هەڵدەوەشێنینەوە، چونکە پێش تۆمارکردنی سکاڵا لە بەغدا، دادنووس لە سلێمانی هۆشداریی نەداوەتە لایەنی بەرامبەر، بەهیچ شێوەیەکیش قبوڵنەکراوە لە دادنووسەکانی سلێمانی سەبارەت بە یەکێتی و کاک بافڵ هۆشداری لەسەر ئەم پرسە بنێرن." سەیوان سیروان جاسم لەبارەی گواستنەوەی دادگاییکردنەکەش زیاتر روونیکردەوە "بەپێی یاسای مورافەعاتی مەدەنیی ژمارە 97، دادگە بەپێی شوێن دەتوانێت شوێنی دادگاییکردنەکە بگوێزێتەوە، بۆیە ئێمە بە دیاریکراوی داوای هیچ دادگەیەکی دیاریکراومان نەکردووە و ئەوە دادگەی تەمییزە دیاری دەکات کوێ دەستنیشان دەکات بۆ ئەوەی دۆسییەکەی تێدا یەکلایی بکرێتەوە." پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بۆ وردەکاریی سکاڵاکەشیان کرد و گوتی "لاهوور شێخ جەنگی کاتی خۆی رازی بوو بەشێک لە دەسەڵاتە تەنفیزییەکانی بگوێزرێتەوە بۆ هاوسەرۆک کاک بافڵ، بەڵام دواتر سکاڵاکەی تۆمارکرد، چونکە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی و هەندێک مەکتەب سیاسی بەبێ کۆنگرە و رێڕەوە یاساییەکان لاهوور شێخ جەنگییان دەرکرد، ئەویش داوایکردووە هەموو ئەو بڕیار و رێوشوێنانە هەڵبوەشێنرێتەوە." رۆژی 8ـی تەممووزی 2021، ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەقبوونەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتربوو، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ـی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە. دواتر لاهوور شێخ جەنگی بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی یەکێتی و بڕیاری نایاسایی، لە بەغدا و سلێمانی، سکاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆمارکرد. رۆژی 28-08-2022 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی هەمواری پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە کرا و پەیڕەوێکی نوێ پەسندکرا کە تێیدا سیستمی هاوسەرۆکایەتیی هەڵوەشێنرایەوە. دواتر بافڵ تاڵەبانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یەكێتی بەربژێرکرد و بە دەنگی 89 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکی یەکێتی دەستنیشانکرا.

هەواڵ
20-09-2022

باران دەبارێت

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات رۆژی پێنجشەممە 22ـی ئەیلوول یەکەم باران لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ دەستپێبکات؛ بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی دهۆک، پلەکانی گەرما، ئاڕاستەی با و نزمە پاڵەپەستۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.  ئومێد مەعسوم مایی، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانیی پارێزگای دھۆک لەبارەی پێشبینییەکانی کەشوهەوا لە رۆژانی داهاتوودا گوتی: "پێشبینی دەکەین رۆژی پێنجشەممە لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆک یەکەم بارانی ئەمساڵ ببارێت."  رۆژی سێشەممە 20-9-2022، بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و پێشبینی کردووە رۆژی پێنجشەممە نمە باران ببارێت. لە راگەیێندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە: "رۆژى پێنجشەممە ئاسمان بەردەوام نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت، لە بەشێکی ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و زۆربەى ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانى پارێزگاى دهۆک و سەنتەرى دهۆک ئەگەرى نمەبارانى پچڕ پچڕ هەیە؛ ئەم ناجێگیرییە لە کەشى ناوچەکە تاوەکو درەنگانى شەوى پێنجشەممە بەردەوام دەبێت."  سەبارەت بە پلەی گەرماش، لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوەدا هاتووە: "رۆژى هەینى نزمبوونەوەى پلەى گەرما بەردەوام دەبێت و تەواوى ناوچەکەمان نزمبوونەوەى پلەى گەرما بە خۆوە دەبینێت."  هەرچەندە بەشێک لە هاونیشتمانییان وای لێکدەدەنەوە کە سبەی 21-09-2022 یەکەم رۆژی وەرزی پاییز بێت، بەڵام ئومێد مەعسوم مایی دەڵێت: "بەپێی فەلەکناسیی جیهانی رۆژی 23ـی ئەیلوول وەرزی پاییز دەستپێدەکات و لەم وەرزەدا پلەکانی گەرما دادەبەزێت و ئاراستەی با دەگۆڕێت و گوڕی با زیاد دەکات، هەروەها چالاکییەکانی نزمە پاڵەپەستۆکانی دەریای سپی دەستپێدەکات." بەپێی کەشناسیی جیهانی پاییزی ئەمساڵ رۆژی هەینی 23ـی ئەیلوولی 2022 دەستپێدەکات و رۆژی 21ـی کانوونی یەکەمی 2022 کۆتایی پێدێت، واتە 89 رۆژ دەبێت. زۆر هەڵبەست بۆ وەزری پاییز نووسراون و زۆر گۆرانیش بۆ ئەو وەرزە گوتراون. لەوانە گۆرانیی 'پاییز پاییز بووکی قژ زەرد' کە لەلایەن نەجمەدین غوڵامی گوتراوە. هەروەها گۆرانیی "پاییز بوو باران نم نم دەباری' کە لەلایەن عەدنان کەریمەوە گوتراوە. شاعیری کۆچکردووی کورد محەممەد عومەر عوسمان، هێندە سەرسام بوو بە پاییز و هێندەی شیعر بۆ ئەو وەرزە چڕیبوو، بە 'ژەنەڕاڵی پاییز' ناسرابوو. ژێدەر رووداو

هەواڵ
20-09-2022

ئەنجومەنی وەزیران ڕێکخستنی دەستی کار لە کەرتی تایبەت و گرنگیدان بە دەس...

ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئەیلوول، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن دەربارەی بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی ڕێکخستنی دەستی کار و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی کار لە کەرتی تایبەت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دابەشکردنی دادپەروەرانە و گرنگیدان بە دەستی کاری خۆماڵی، لە ڕێگەی تەرخانکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دەرفەتەکانی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی. ئەم بابەتە لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، خرایەڕوو. سەرۆک وەزیران، جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە حکومەت هەموو ئاسانکارییەک  و هەماهەنگییەک بکات بۆ یارمەتیدانی گەنجانی کوردستان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بەتایبەتی لە کەرتی تایبەت، هەروەک لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا جێگیرکراوە، لەم ڕووەوە، حكومەت هانی خاوەنکارانی کوردستان دەدات کە گەنجانی کوردستان لە پێشینەی وەرگرتنی دەستی کاری کۆمپانیاکان بن و پابەندبن بە بڕیاری حکومەت سەبارەت بەوەی کە دەبێ بە لایەنی کەم ڕێژەی %70 دەستی کاریان ، خەڵکی هەرێمی کوردستان بن،  بە پێچەوانەوە، دەبێ ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر. هەروەها پێویستە میکانیزمی پێویستیش هەبێت بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی کوردستان و دامەزراندنی ناوەندی کار لە سەرجەم پارێزگا و قەزا و ناحیەکان کە ببێتە ناوەندی بەیەکگەیاندنی داواکارانی کار و خاوەنکارەکان. لەهەمانکاتدا جێگری سەرۆک وەزیران، وێڕای پشتگیريكردنی گوتەکانی سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە گرنگی ئامار و زانیاريیەکان و هەبوونی داتا سەنتەر و ناوەندی دۆزینەوەی کار كرد تا ئاسانکاریی بکرێت بۆ دابینکردنی هەلی کار، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، داواکرا پەرلەمانی کوردستان، پەلە بکات لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای نوێی کار، کە ستراتیجێکی نوێی داڕشتوە بۆ پەیوەندی نێوان کرێکار و خاوەنکار . هەروەها پەلە بکرێت لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی کە قۆناغی باشی بڕیوە و بە جێبەجێکردنی ئەم دوو یاسایە، چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ و هاوچەرخ دێتە ئارا بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندیی کرێکاران و پاراستنی و دابینکردنی ئیمتیازات و مافەکانیان، بە تایبەتی بۆ خانەنشینان . لەهەمانکاتدا برەودان بە کەرتی تایبەت و گەشەپێدانی ئابووریی. هەروەها ئاماژە بە ڕێنمایی نوێی ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کرا، کە ڕەشنووسەکەی لە لایەن دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان خرایەڕوو، کە ئامانج لێی، ڕێکخستنەوەی هێزی کاریی بیانیيە لە هەرێم، بەجۆرێک لە خزمەتی بازاڕی کار بێت و لەهەمانکاتیشدا ئەولەویەت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بێ لە دەرفەتەکانی ڕەخساو بۆ کار و مافی ئەو کرێکارە بیانیانەی لە هەرێم کاردەکەن بپارێزێت لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. ئەنجومەنی وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پەلە بکەن لە تەواوکردنی ڕێنماییەکان بە ڕەچاوکردنی ئەو تێبینیانەی لە کۆبونەوەکە خرانە ڕوو. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لە بەر ڕۆشنایی  هەموو ئەو تێبینی و ڕاسپاردانەی بۆ ئەنجومەن خرانەڕوو ، دووبارە پێداچوونەوە بە بابەتی دەستی کار بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ بڕیار لە سەردانی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەن.   لە بڕگەی دووەمدا، وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی یاسای ئەرک ومافەکانی نەخۆش ژمارە 4 ساڵی 2020 ڕەشنووسی پەیڕەوی تایبەت بە ( پێکهاتە و ئەرکەکانی لیژنەکانی لێکۆڵینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی ) لە لایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕوو،  کە تایبەتە بە دانانی ڕێسا و ڕێکاری نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵەی پزیشکی (لە نەخۆشخانە گشتیەکان بێت یان نەخۆشخانە تایبەتەکان) لە دەرەنجامی کەمتەرخەمیی پیشەییان یان نەبوونی شارەزایی یان پشتگوێخستنی نەخۆش، بە جۆرێک کە ناگونجێن لە گەڵ ڕێساکانی پیادەکردنی پیشەی پزیشکی و چارەسەرکردن و لە ئەنجامدا، بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە نەخۆش یان کەمئەندامبوون یان گیان لەدەستدانیان. ئەنجومەنی وەزیران، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و جەختکردنەوە لە پاراستنی مافی نەخۆش و دڵنیابوون لە پیادەکردنی بنەما کارپێکراوەکانی پیشەی پزیشکیی و چارەسەرکردن و لە ڕوانگەی کاراکردنی ڕۆڵی حکومەت و دامەزراوە تەندروستیەکان، لە چاودێریی و گەشەپێدانی گیانی بەرپرسیارێتی، لەدوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و پێشنیار، پەیڕەوەکەی پەسەند کرد. لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، باس لە ڕەشنووسی ( یاسای دەزگای خۆراک و دەرمان لە هەرێمی کوردستان ) کرا کە بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی چاکسازیکردن لە بواری تەندروستی و دەرمان و خۆراک ، هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە . تا ئێستاش چەندین کۆبوونەوەی  تایبەت کراوە بۆ ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی یاساکە و پێکهاتەکانی دەزگاکە. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە کۆبوونەوەی داهاتوو، بە وردی و زیاتر گفتوگۆ لەبارەی ڕەشنووسەکە بکات بەمەبەستی پەسەندکردنی .

هەواڵ
20-09-2022

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی شێخ عەدنان نەقشبەندی دەکات

ڕۆژی سێشەممە 20ـی ئەیلولی 2022 سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی کرد بە (شێخ فوئاد نەقشبەندی)ـی برای خوالێخۆشبوو شێخ عەدنان نەقشبەندی، لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەدا سەرۆک بارزانی پرسەو سەرەخۆشیی خۆی بە شێخ فوئاد نەقشبەندی و خانەوادەکەی گەیاند و هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی شێخ عەدنان نەقشبەندی دەربڕی.

هەواڵ
20-09-2022

بریكاری وەزارەتی كارەبا: پلانمان هەیە کارەبا بکەین بە کارت

كامیل قەزاز بریكاری وەزارەتی كارەبا لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ سایتی فەرمی پارتی:كێشەی نۆژەنكردنەوەی وێستگەی خۆرمەڵە كاریگەریی لەسەر كەمبوونی كاتژمێرەكانی كارەبا هەبووە، بەڵام لە دوێنێوە پرۆسەی چاككردنەوەی لە خۆرمەڵە كۆتاییی هاتووەو 250 مێگاوات كارەبا گەڕاوەتەوە ناو تۆڕی نیشتمانی. ئێستا رەوشی كارەبا ئاساییە، بەڵام بەهۆی مانەوەی پلەی گەرما بە بەرزی هێشتا بارگرانی لەسەر كارەبا هەیە، بەتایبەتی لە رۆژدا هاوڵاتییان پێویستیان بە ئامێری فێنكەرەوە هەیە.پلانی وەزارەتی كارەبا ئەوەیە سیستەمی (پری پەید) جێبەجێ بكرێت، كە هاوشێوەی كارتی مۆبایل هاوبەشانی كارەبا بەكاری دەهێنن.پڕۆژەی كارتی كارەبا وەك تاقیكردنەوە لە بازاڕی لەنگەی هەولێرو بازاڕی دهۆك دەستیپێكردووە، ئەوانەی سیستەمی (پری پەید) بەكاردەهێنن دەتوانن لێیان بپرسن چەند سودی هەیەو نرخی كارەباش كەمتر لەسەریان دەكەوێت. ئەگەر سیستەمەكە سەركەوتوو بێت‌و لەگەڵ كۆمپانیا گەیشتینە رێككەوتن، ئەوە ڕەزامەندی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران وەردەگرین بۆ ئەوەی لە هەموو كوردستان جێبەجێ بكرێت، چونكە سیستەمەكە كاریگەریی هەیە لەسەر رەوشی كارەباو خەرجی كەمدەكاتەوەو داهات زیاد دەكات.

هەواڵ
20-09-2022

کەسێک لە ھەولێر کوژرا

هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2022/9/20 له‌ شوقه‌كانى زانیاریی هه‌ولێر، هاووڵاتییه‌ك به‌ ناوى (بارزان ڕه‌مه‌زان حوسێن) ته‌مه‌ن 32 ساڵ، كوژرا. راشیگەیاند، بكوژه‌كه‌ دواى ڕووداوه‌كه‌ ده‌ستگیر كراوه‌.

هەواڵ
19-09-2022

ڕاگەیەنراوێک لە کۆشکی سپییەوە لەبارەی ژینا ئەمینی

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا کە سەر بە کۆشکی سپیە ڕایگەیاند، گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی پێشێلکاری ئازادییەکانە و دەبێ  لێپرسینەوە لەوانە بکرێت کە لە مردنی ژینا ئەمینی بەرپرسیارن. کۆشکی سپی دەڵێ: مردنی ژینا ئەمینی ناخ هەژێنە و بیرمان لای کەسوکاریەتی، ئەمە سووکایەتیە بە مافی مرۆڤ.

هەواڵ
19-09-2022

سەرۆک بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی ژینا ئەمینی دەکات

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 18ی ئەیلوولی 2022 سەرۆک مەسعود بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە خانەوادەی ژینا ئەمینی کرد و هاوخەمیی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی پێ ڕاگەیاندن و هیوای سەبر و ئارامی و جێبەجێبوونی دادپەروەری بۆ خواستن.

هەواڵ
19-09-2022

سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی باسی چی دەکەن؟

بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 2:00 سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کۆببنەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست باڵکێش کەوتوە، لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی چەند پرسێک دەکەن، لەوانە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەنێوان هەردوولادا لەسەر کۆی پرسەکان ( سەرۆک کۆمار، هەڵبژاردنی کوردستان، بازنەکانی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن ). باڵکێش زانیویەتی، یەکێتی و پارتی بەشێوەیەکی زارەکی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار رێککەوتن، کە بەرهەم ساڵح نییە و بە ئەگەرێکی زۆر لەتیف رەشیدە. هەروەها لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ماوەی ساڵێک لێکتێگەیشتنیان هەیە و رەنگە پارتیش بە سیستەمی فرەبازنەیی هەڵبژاردن ڕازی بێت. شایانی باسە، تا ئێسا هیچ ڕێککەوتنێکی ڕەسمی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا نەکراوە.

1 2 ... 531 532 533 ... 1147 1148