ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رۆژی سێشەممە 11-10-2022 لە زاری "دوو سەرچاوەی باڵای لوبنانی"ەوە بڵاویکردەوە، حزبوڵڵای لوبنان گڵۆپی سەوزی بۆ رێککەوتنی سنووری دەریایی لەگەڵ ئیسرائیل هەلکردوە، کە رێککەوتنەکە لە لایەن ئەمریکاوە چاودێری دەکرێت. بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی لوبنان و یەکێکی دیکەی نزیک لە حیزبوڵڵا بە "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، ئەو گرووپە بە مەرجەکانی رێککەوتنەکە رازی بووە و دانوستانەکان بە یەکلاکەرەوە دەزانێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ میشێل عەون، سەرۆکی لوبنان ڕایگەیاندووە کە ڕەشنووسی کۆتایی دیاریکردنی سنووری دەریایی لەگەڵ ئیسرائیلدا بەدیهێنانی داواکارییەکانی بەیروتە.
دەسەڵاتدارانی شاری زیقار لە باشووری عێراق شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونی هەزار و 200 خێزانیان لە تاڵاو و ناوچە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە بە هۆی وشکەساڵی و نەبوونی ئاو ئاشکرا کرد. فەرمانگەی كشتوكاڵی زیقار ڕایگەیاند، جوتیاران و بەخێوكەرانی گامێش بەهۆی كەمی ئاو و درێژبوونەوەی وشكەساڵی لە ناوچەكانی تاڵاوەكان و ناوچەكانی تری پارێزگاكە ئاوارە بوون و بەدوای سەرچاوەی تری كار و بژێویدا دەگەڕێن.
پۆلیسی کەنارەئاوییەکانی یۆنان رایگەیاند تائێستا تەرمی 11 کۆچبەر دۆزراونەتەوە کە هەفتەی رابردوو بەلەمەکەیان نقوم بوو، نوێنەری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان "هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە ئەو تەرمانە هاووڵاتی کام وڵات بوون، کورد و عێراقییان تێدایە یان نا، لەگەڵ ئەوەشدا بەشی زۆری کۆچبەرانی ئەو بەلەم عێراقی و ئەفغانی و ئێرانی بوون." رۆژی سێشەممە، 11-10-2022، حوسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان بە رایگەیاند "ژمارەیەک تەرمی دیکە لە قوربانییانی ئەو بەلەمەی لە کاژێر 2:47ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 6-10-2022 لە نزیک دوورگەی کیسیرا-ی یۆنان بە 95 کۆچبەرەوە ژێر ئاو کەوت دۆزرانەوە، بەڵام هێشتا پۆلیسی یۆنان و دامەزراوەکانی دیکەش ناسنامەی ئەو تەرمانەیان دیاری نەکردووە." بەپێی پۆلیسی کەنارەئاوییەکانی یۆنان بەهۆی خراپی کەشوهەواوە لە ناوچەکە هەوڵەکانی پۆلیسی رووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە و هەوڵەکانیان بۆ گەڕان بەدوای رزگاربوو یان تەرمی دیکە بەردەوامە. رۆژی پێنجشەممە، 6-10-2022، لەبارەی ژێرئاوکەوتنی ئەو بەلەمەی کۆچبەرانەوە لە یۆنان، نوێنەرەکەی دەزگای لووتکە بە رووداوی گوت: "لە سەرنشینانی بەلەمەکە 80 کۆچبەریان رزگارکران، هۆکاری ژێرئاوکەوتنەکەشی ئەوەبووە بایەکی بەهێز هەڵیکردووە و شەپۆلەکانی دەریا بەتایبەت لەم کاتانەدا تەواو بەهێزن ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەلەمەکە خۆی بە بەردە گەورەکاندا بکێشێت و دواتر ژێر ئاو بکەوێت." بەپێی پۆلیسی کەنارەئاوییەکانی یۆنان، لەو 95 کۆچبەرەی سەرنشینی بەلەمەکەبوون 80یان رزگارکراون، تەرمی 11شیان دۆزراونەتەوە، یەکێک لەوانەشی کە رزگارکراوە بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکراوە. بەپێی ئامارەکانی دەزگای لووتکە تەنیا لە ساڵی 2021دا 53 هەزار کەس لە عێراق کۆچیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا کردووە، لەو ژمارەیەش 45یان گیانیان لەدەستداوە و 43شیان بێسەروشوێنن. سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵیش ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بە رووداوی گوت: "کۆچکردنی عێراقییەکان بە رێژەی 35٪ بۆ 40٪ زیادیکردووە." رووداو
سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن بەڵێنی بە هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی داوە کە ئەمریکا سیستەمی ئاسمانی پێشکەوتوو بۆ ئۆکرانیا دابین بکات. دوای ئەوەی بە زیاتر لە 75 مووشەک هێرشی کردە سەر کیێڤ و چەند شارێکی دیکەی ئۆکراینا، بایدن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ زێلێنسکی کردووە بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات لە بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا و ئیدانەکردنی هێرشەکانی ڕوسیا بۆ سەر خەڵکی سڤیل. لە بەیاننامەیەکی کۆشکی سپی کە لە وەڵامی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هاتووە، بایدن بە زێلێنسکی راگەیاندووە، ئەمریکا و هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی بەردەوام دەبن لە سەپاندنی سزاکان و لێپرسینەوە لە ڕوسیا دەکەن لە تاوانەکانی جەنگ، هەروەها هاوکاریی ئەمنی و ئابووری و مرۆیی پێشکەش بە ئۆکراینا دەکەن
ئهمڕۆ سێشەممە 11ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازی لە ئێريك شۆڤاليێ باڵيۆزى فهرهنسا له عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کونسولی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا و دوايين گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و هەوڵەکانی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسیی و پێکهینانی حکومەتی نوێی عێراق کر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لەیەکتێگەیشتن، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.
كرێكارانی گهورهترین پاڵاوگهی نهوتی ئێران وەک ناڕهزایهتی دژ به حكومهت لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە مانیان گرت. رۆژی سێشەممە 11-10-2022 لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە ئاژانسی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ (HRANA) بڵاوی کردووەتەوە، کە سایتێکی هەواڵییە و لەلایەن دەستەیەک لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت، تێیدا دەرکەوتووە کە دەیان کرێکار لە دەرەوەی پاڵاوگەی ئابادان لە پارێزگای خوزستانی دەوڵەمەند بە نەوت کۆدەبنەوە. پاڵاوگەی ئابادان گەورەترین پاڵاوگەی ئێرانە و کۆنترین پاڵاوگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. مانگرتنەکان لەو پاڵاوگەیە لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لەو ڕاپەڕینەدا کە شای پێشووی ئێرانی ڕووخاند و کۆماری ئیسلامیی هێنایە ئاراوە. شرۆڤەکاران پێیان وایە رژیمی ئێران ناتوانێت بەرگەی مانگرتنی گەورە لە پیشەسازی نەوتی خۆی بگرێت. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە سەرەتای ساڵی 1978 ئێران (دانیشتووان 35 ملیۆن کەس) بوو، ئەوکات وڵاتەکە لە ڕۆژێکدا 6 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، ئێرانی ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتووانی 83 ملیۆن کەسە و لە ڕۆژێکدا 2.5 ملیۆن بەرمیل بەرهەم دەهێنێت". بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، ڕۆژی دووشەممە 10-10-2022 کرێکارانی وێستگەکانی پترۆکیمیای شاری بەندەری عەسالویە مانیان گرت و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە. کرێکارانی مانگرتوو دروشمیان دژ بە عەلی خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەرزکردەوەتەوە و ڕێگاکانی چوونە ژوورەوەیان داخست، بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە لایەن @1500tasvir بڵاوکراوەتەوە کە هەژمارێکی تویتەرە و زیاتر لە 200 هەزار فۆڵۆوەری هەیە و چاودێری ناڕەزایەتی و پێشێلکارییەکانی ئێران دەکات. بەرپرسێکی ناوخۆی ئێران ڕۆژی سێشەممە 11-10-2022 رایگەیاند کە مانگرتنی ڕۆژی دووشەممە لە عەسالویە لەسەر کێشەی مووچە بووە و پەیوەندی بە خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی دژی حکومەتەوە نییە کە بەهۆی مردنی ژینا ئەمینیەوە سەریهەڵداوە. لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا خۆپیشاندان لە سەرانسەری ئێران سەریهەڵدا، دوای ئەوەی ژینا ئەمینی کە کچێکی کوردی تەمەن 22 ساڵان بوو، لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە هێرشی کرایە سەر و گیانی لەدەستدا. لە دوای مردنی ئەمینیەوە، ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی پەرەیان سەندووە خۆپیشاندان لە سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەدەچێت، خۆپیشاندەران لەدژی خامنەیی دروشم دەگێڕنەوە و داوای ڕووخانی ڕژێم دەکەن
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: دانان و لادانی کامێرا نوێیەکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە. ئەمڕۆ سێشەممە 11-10-2022 هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، "ڕاگرتنی پڕۆژەی دانانی کامێراکانی تیژڕەوی لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و بە پرس و لەژێر چاودێری ئێمەشدا گرێبەستەکەی نەکراوە." هەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشی، "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران باسی ئەو پەرسەمان کردووە و ڕای خۆمان پێداون، هەر ئەو رۆژەشی کە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیارەکەی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی پڕۆژەکە، بڕیارەکەمان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کرد."
وهزیری سامانه سروشتییهكانی هەرێم به وهكالهت رایگهیاند، 20ـی ئهم مانگه دهست به دابهشكردنی نهوتی سپی دەکرێت. د.كهمال محهممهد ساڵح، وهزیری سامانه سروشتییهكان بهوهكالهت له کۆنفرانسێکی ڕۆژنامهوانیدا (سێشەممە 11-10-2022) ڕایگەیاند، رۆژی پێنجشهممه 20-10-2022، دەست بە دابەشکردنی نەوتی سپی دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، " پارەی 320 هەزار بەرمیل نەوت دابینکراوە و گرێبەستیش کراوە، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو ناوچانە دەست به دابهشكردنی نهوتهكه دهكرێت کە پارساڵ نەوتی سپییان وەرنەگرت."
سهرۆكی پهرلهمان رۆژی پێنجشهمی بۆ ههڵبژاردنی سهرۆك كۆماری عێراق دیاری كرد، بهڵام هێشتا هیچ لهبارهی رێككهوتنی پارتی و یهكێتی بڵاو نهكراوهتهوه و ههوڵهكانیش بۆ رێككهوتن چڕ بەردەوامن. محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە 13-10-2022، دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەدەچێت.
دوای دەستگیرکردنی بکوژانی عەقید هاوکار جاف، بکوژەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و هەموو دانپێدانانەکەیان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە تۆمار کراوە، بەڵام یەکێتی نایەوێ بڵاوببێتەوە و داوا دەکات دۆسیەکە بە نهێنی دابخرێت. بەپێی زانیارییەکان، بکوژەکان دانیان بەوەدا ناوە کە راسپێردراون بۆ کوشتنی هاوکار جاف کە کەسێکی نزیکی لاهور جەنگی بووە و بکوژەکانیش لەلایەن کەسانی نزیکی ماڵباتی مام جەلالەوە نێردراون. بۆیە یەکێتی داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش و پارتی کردووە ئەو دانپێدانانە بڵاو نەکرێتەوە. نیوەڕۆی رۆژی هەینی 7-10-2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا هاوکار عەبدوڵڵا گیانی لەدەستدا. هەر لە رووداوەکەدا خوشکێکی عەقید هاوکار کە لەگەڵ دوو منداڵ و هاوژینی ئەو ئەفسەرە کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران. ئەو ئەفسەرەی دژەتیرۆری یەکێتی ماوەی نزیکەی 10 ساڵ بوو لە گەڕەکی سەربەستی نیشتەجێبوو، خێزاندار و باوکی 2 منداڵ بوو. هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف، بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری یەکێتی بوو لە نەینەوا، بەڵام نزیکەی 7 مانگ بوو وازی لە کارەکەی هێنابوو.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ، لە پەیامێکدا، سەرەخۆشی لە عەممار ئەلحەکیم سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە و بنەماڵەی ئەلحەکیم بەگشتی کرد بۆ کۆچی دوایی زانا و کەسایەتیی ناسراوی ئایینی عێراقی خوالێخۆشبوو سەید ساڵح ئەلحەکیم .سەرۆکی حکومەت، پرسەو هاوخەمی خۆی بە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو گەیاند و هیوای خواست، خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبرو ئارامییش بە هەمووان ببەخشێت.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەو هاوبەشانەی کە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر و بازاڕی دهۆک و ئەڤرۆ ستی لە دهۆک کراونەتە سیستەمی پریپەید، ٢٤ کاتژمێر کارەبایان هەیە. ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و ٣٥٦ هاوبەشی کارەبا بە سیستەمی پریپەیدەوە بەستراون و ئەکتیڤ کراون. ئاماژەی بەوەشداوە، لە بازاڕی لەنگەی هەولێر هەزار و ٤٥٧ هاوبەش و لە بازاڕی دهۆک هەزار و ٥٢٤ هاوبەش و لە ئەڤرۆ ستی لە دهۆک سێ هەزار و ٣٨٥ هاوبەشی کارەبا سیستمی پریپەیدیان بۆ ئەکتیڤ کراوە. لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کاربای حکومەتی هەرێمدا هاتووە، ئەم سیستەمە سەرەڕای باشترکردنی دۆخی کارەبا، بارگرانی سەر فیدەرەکانی کارەبا بە رێژەی ٤٠٠٪ کەم دەکاتەوە و کرێی کارەباکەشی بە هەمان نرخی ئێستای کارەبایە.