دوای ئەوەی داتاکانی هاککران و لە ئینتەرنێت بڵاوکرانەوە، ئیدارەی ڕاگەیاندنی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕۆژی یەکشەممە 23-10-2022 دانی بەوەدانا کە سێرڤەری ئیمەیڵی کۆمپانیاکە لە وڵاتێکی بیانییەوە هاککراوە و 50 گێگابایت بەڵگەنامەی کۆمپانیای پەرەپێدانی ئەتۆمیی ئێرانیان بڵاو کراوەتەوە. کەناڵی (ئێران ئینتەرناشناڵ) دوێنێ شەممە 22-10-2022 ڕایگەیاند، گروپی هاککەری بلاک ریوۆرد (پاداشتی ڕەش) داتاکانی کۆمپانیای بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی ئێرانی بڵاوکردووەتەوە. کەناڵەکە ڕاشیگەیاندووە کە ئەو بەڵگەنامانەی لە لایەن ئەو گرووپەکەوە بڵاوکراونەتەوە، بریتین لە گرێبەستەکانی کۆمپانیای ئێرانی لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و بیانییەکان و خشتەی کاتەکانی کارگێڕی و کارپێکردنی وێستگەی ئەتۆمیی بوشێهر. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەڵگەنامانە پاسپۆرت و مۆڵەتی چوونە ژوورەوەی پسپۆڕانی ئێرانی و ڕوسین بۆ وێستگەی ئەتۆمی. گروپی هاککردنی خەڵاتی ڕەش ڕۆژی هەینی هۆشداریدا بە ئێران کە ئەگەر تاران هەموو زیندانیانی سیاسی و خۆپیشاندەرانی ئەو وڵاتە ئازاد نەکات، ئەوا لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەو داتایانەی بەدەستی هێناوە بڵاوی دەکەنەوە. لە یەک مانگی رابردوودا دەزگاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند جارێک هاککراون، لەوانە هاککردنی میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە. هەروەها لەلایەن گرووپی هاککەری ئەنۆنیمەسیشەوە، چەندین جار سیستمە ئەمنییەکان، سیستمی بانکی، سیستمی دارایی حکومەت و ماڵپەڕە فەرمییەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی و میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش هاککراون.
ریشی سو‌ناک وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا ڕۆژی یەکشەممە 23-10-2022 پشتڕاستی کردەوە کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کاندید دەکات. ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند: "شانشینی یەکگرتوو وڵاتێکی گەورەیە، بەڵام ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ئابووری دەبینەوە، بۆیە دەمەوێت ببم بە سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆکوەزیرانی داهاتووتان.” سو‌ناک لە کێبڕکێی جێگرەوەی بۆریس جۆنسۆن لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا لە لایەن ترەسەوە شکستی پێ هێنرا، پاش ئەوەی لە رۆژی 5ـی ئەیلوولـی 2022، ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، (لیز ترەس)ـیان بە سەرۆکی نوێی حزبەکەیان هەڵبژارد. سو‌ناک ئاماژەی بەوەشکردووە، “داوای دەرفەتتان لێدەکەم بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بین لە چارەسەرکردنی کێشەکانمان”.
وادەی کۆنگرەی 14 ی پارتی دیموکراتی کوردستان دیاری‌کرا بڕیاره سێشەممەی داهاتوو ٤ی مانگی 11 پارتی دیموكراتی كوردستان کۆنگرەی 14 لە شاری دهۆک ببەستێت. به‌پێی زانیارییه‌كان، سبەینێ کۆمیتەی سەرکردایەتی پارتی دوا کۆبونەوەی خۆی ئەنجام دەدات. پارتی دیموكراتی كوردستان له 16ی ئابی 1946 دامه‌زراوه و تاوه‌كو ئێستا 13 كۆنگره‌ی به‌ستووه و دوایین كۆنگره‌ی له ساڵی 2010 بوو.
لە چەند پەیج و ماڵپەڕێک هەوالێک بڵاوبووەتەوە دەربارەی لەکارکەوتنی ئامێرەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی هاتووچۆیی PDA و کشاندنی سەرجەم ئامێرەکانی تێستی مەینۆشی لە مەفرەزەکانی هاتووچۆ. ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایدەگەیەنین کە ئەم هەواڵە نادروستە لەبەرئەوەی یاسای هاتووچۆ ڕێگای داوە بە تۆمارکردنی سزای سەرپێچی هاتووچۆیی لە کاتی بینینی ئەو سەرپێچییانە لەلایەن ئەفسەرانی هاتووچۆوە بە پسووڵە تۆماری دەکەن، وە لەکارکەوتنی هەر ئامێرێکی سزای سەرپێچی ئاماژەپێدراو هیچ کاریگەری ناکاتە سەر کاروباری هاتووچۆ. سەبارەت بە کێشانەوەی سەرجەم ئامێرەکانی تێستی مەینۆشی بەهیچ شێوەیەک ئەم هەواڵە ڕاست نییە و سەرجەم ئامێرەکان کاران وە پاڵپشت بە یاسا لەکاتی پێویستدا بەکار دەهێندرێن. داواکارین لە شۆفێرانی بەڕێز بایەخ نەدەن بەم جۆرە هەواڵە چەواشەکارییانە وە بەردەوام بن لە پابەند بوونیان بە یاسا‌و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ.
رێژە‌ی باران بارینی ئەمڕۆ لە ماوەی 12 کاتژمێری ڕابردوو لە رێککەوتی 22-10-2022 - هەولێر 1.8 ملم - خەبات 0.2 ملم - شەمامک 0.3 ملم - پیرمام 2.6 ملم - سلێمانى دڵۆپ دڵۆپ - چەمچەماڵ دڵۆپ دڵۆپ - دهۆک دڵۆپ دڵۆپ - زاخۆ 14.2 ملم - بامەڕنێ 3.0 ملم - بازیان 0.2 ملم - سۆران 1.4 ملم - کانى ماسى 2.6 ملم - حاجى ئۆمەران 11.8 ملم - کەرکووک دڵۆپ دڵۆپ
بەهۆی سەختی برینەکانییەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 22-10-2022، ئاکام عومەربەپرسی هێزی کۆماندۆی یەکێتی رەوانەی ئەمریکا کرا. بەگوێرەی زانیارییەکان ئاکام عومەر چەند نەشتەرگەرییەکی بۆ ئەنجامدراوە و دۆخی تەندروستی جێگیر نییە.
زۆرجار بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه بۆچی مرۆڤی كورد خۆی به بچووك ده‌زانێت له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی دیكه، ئه‌م خۆ به‌كه‌مزانینه له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟ ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تمان نییه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه میلله‌تێكی چه‌وساوه‌ین، یا مێژوومان وه‌ك پێویست نه‌نووسراوه‌ته‌وه و شتێك شك نابه‌ین شانازی پێوه بكه‌ین؟ به‌دیاریكراوی ناگه‌مه هۆكارێكی روون، به‌ڵام ده‌شێ یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانینی تاكی كورد، كاریگه‌ریی تێڕوانینی داگیركه‌ره‌كانی بێت له‌سه‌ری و له رێی ئه‌وانه‌وه گوێزرابێته‌وه بۆ ناو كورد. بێگومان هه‌ر یه‌ك له نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی تورك و عه‌ره‌ب و فارس كه هه‌ریه‌كه‌و به‌شێك له خاك و خه‌ڵكی كوردستانیان داگیركردووه، به چاوێكی كه‌م و بێبایه‌خ له مرۆڤی كورد ده‌ڕوانن، ئه‌م تێڕوانینه‌ی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كان، به‌پێی كات گواستراوه‌ته‌وه بۆ ناخی تاكی كورد، تا خۆیشی خۆی به بچووك ببینێت. ئه‌م خۆبه‌بچووكزانینه له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی دیكه هێنده باڵای كردووه، سه‌ری كێشاوه بۆ رق له كوردبوون و هه‌ندێكجار له شێوه‌ی بێگانه‌په‌رستیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت. خه‌ریكه به ئه‌ندازه‌یه‌ك گه‌شه ده‌كات كه ته‌نها له ناخ و ئه‌ندێشه‌ی تاكه‌كانیشدا قه‌تیس نه‌خوات، به‌ڵكو له نووسین و به‌رهه‌می به‌شێك له نوخبه‌ی رۆشنبیر و نووسه‌رانیشدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه. هه‌موو شتێكی كورد ره‌تده‌كه‌نه‌وه، باشترینی كوردیان پێ كه‌متره له خراپترینی گه‌لانی دیكه. له‌كاتێكدا كورد له هه‌موو روویێكه‌وه زۆری به‌سه‌ر نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه هه‌یه. ئه‌م هه‌سته گه‌یشتووەته ئاستێك ته‌نانه‌ت لای به‌شێك له نووسه‌ر و مێژوونووسانیش كورد وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ده‌ره‌وه‌ی مێژوو ده‌بینن، له كاتێكدا كورد نه‌ك هه‌ر به‌شێكی گرنگه له مێژووی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵكو خاوه‌نی شارستانییە‌تی سۆمه‌رین، كه سه‌رچاوه‌ی شارستانییه‌تی هه‌موو مرۆڤایه‌تییه. كورد خاوه‌نی چیرۆكی ئاده‌م و حه‌وایە، پێش ئه‌وه‌ی له كتێبه ئاسمانییه‌كاندا بگێڕدرێته‌وه، خاوه‌نی نوح و ئیبراهیم باوكی پێغه‌مبه‌رانین، وه‌ك فه‌زڵ و شانازی به كوردبوونه‌وه ناكه‌ن، ئه‌م خۆ به‌بچووك بینینه‌ی له‌پای چی. زێده‌ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم كورد له‌سه‌رووی هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌وه‌یه. وڵاتگه‌لی زۆر گه‌ڕاوم، گه‌ل و نه‌ته‌وه و ئایینزای جۆراوجۆرم بینیوه، به ره‌هایی ده‌توانم بڵێم كورد وه‌ك نه‌ته‌وه له هه‌موویان مرۆڤدۆستتره. ئه‌وه‌ی له مێژوودا به‌سه‌ر كورددا هاتووه به‌سه‌ر هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌دا بهاتایا، یا به‌رگه‌ی نه‌ده‌گرت و شوێنەواری نه‌ده‌ما، ئه‌گه‌ر بمایا ده‌بووه تووندڕۆترین نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر زه‌وی، رقی له هه‌موو مرۆڤایه‌تی و ته‌نانه‌ت له سرووشتیش ده‌بووه‌وه. به‌ڵام كورد سه‌رباری ئه‌وه‌ی هه‌زاران ساڵه هه‌وڵی له‌ناوبردنی ده‌درێت، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدار و هێزێك روویكردبێته ناوچه‌كه‌ی، یا له ناوچه‌كه سه‌ری هه‌ڵدابێت به‌سه‌ر لاشه و خوێنی كورددا رۆیشتووه. كه‌چی كورد هیچ رق و كینه‌یه‌كی له‌دڵدا هه‌ڵنه‌گرتووه، كورد رقی له كه‌س نییه. تورك كه وه‌ك نامۆیه‌ك به ناوچه‌كه كه هاتوون به‌شێك له خاكی كوردیان بردووه. عه‌ره‌ب به‌شێك له خاك و دینه‌كه‌ی كوردی بردووه. فارس به‌شێك له خاك و زمان و فه‌رهه‌نگ و كو‌لتووری كوردی بردووه. بەدرێژایی سه‌دان ساڵی ته‌مه‌نی فه‌رمانڕه‌وایی خه‌لافه‌ته‌كانی عه‌ره‌بی و عوسمانی و ئیمپراتۆریه‌تی سه‌فه‌وی، كوردیان كۆمه‌ڵكوژ كردووه. 100 ساڵیشه له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌وه به دیاریكراوی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی تورك و عه‌ره‌ب و فارس، سیاسه‌تی پاكتاوی ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ر به كورد په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، كورد هه‌ر ده‌ستی برایه‌تیان بۆ درێژ ده‌كات. له كوێی دونیادا نه‌ته‌وه‌ی لێبوورده‌ی له‌م شێوه‌یه هه‌یه. هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی زۆر دامه‌زراون، ئه‌و میلله‌تانه‌ی زۆر پێشكه‌وتوون، ئه‌گه‌ر زه‌بروزه‌نگی یاسا ته‌نها یه‌ك مانگ له‌ناویان هه‌ڵگریت، وه‌ك گه‌لێكی به‌ربه‌ری ده‌بنه خۆره‌ی یه‌كدی. ئێستاش كه یاسا وه‌ك ته‌ونی جاڵجاڵۆكه هه‌موو ژیانیانی ته‌نیوه، ته‌ماشا بكه‌ن تاوانگه‌لی چه‌ند قێزه‌ون له‌ناویاندا رووده‌دات. له كاتێكدا ده‌وڵه‌تانی نه‌ته‌وه سه‌رده‌سته‌كانی ناوچه‌كه به‌رده‌وام به‌پلان هه‌وڵیانداوه كو‌لتوور و دابونه‌ریتی كورد بشێوێنن، یاسا و ده‌سه‌ڵاتیان خستووەته خزمه‌تی دروستكردنی كێشه و ناكۆكیی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌وڵی نه‌هێشتنی به‌ها مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كوردیان داوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی تاوەکو ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ده‌ستی گرتووه به دابونه‌ریت و به‌ها به‌رزه‌كانی خۆیه‌وه. رێز و خۆشه‌ویستی، سۆز و به‌زه‌یی، كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت و به‌های به‌رزی مرۆیی له‌ناو كوردا هه‌ن، له‌ناو كه‌م میلله‌تی دونیادا ده‌یانبینیت. ئیدی بۆچی كورد خۆی به‌كه‌م ده‌زانێت له به‌رامبه‌ر ئه‌وانی دی؟ ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كه ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تمان نییه، كه هه‌ندێك له نووسه‌ران و توێژه‌ران بێ خۆماندووكردن به‌دوای هۆكاره‌كاندا، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌گێڕنه‌وه كورد سه‌ركرده‌ی نه‌بووه بۆیه نه‌بووه‌ته ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام له مێژووی هاوزه‌مانی دروستبوونی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، ئه‌گه‌ر سه‌ركرده و رابه‌رانی ئه‌وكاتی كورد له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه كارامه‌تر و لێهاتووتر نه‌بووبن، له‌وان كه‌متر نه‌بوونه. ئه‌گه‌ر زۆر نه‌شگه‌ڕێینه‌وه بۆ ناو قووڵایی مێژوو، نموونه‌ی به‌راوردكاریی 100 ساڵی رابردووی نێوان رابه‌ر و سه‌ركرده‌كانی كورد بكه‌ین، به سه‌ركرده‌كانی تورك و عه‌ره‌ب و فارس، كورد زۆر له‌وان كارامه‌تر و كاریزمیتر بوون. له‌ناو هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی توركدا له ئه‌تاتوركه‌وه تا ئه‌ردۆغان، سه‌ركرده‌ی كاریزمی هاوشێوه‌ی شێخ سه‌عیدی پیران و عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به‌دی ناكرێت. له‌ناو گه‌لانی ئێران‌دا له ره‌زا شاوه تا عه‌مامه به‌سه‌ره‌كانی ئه‌مڕۆ، سه‌ركرده‌یه‌كی هاوشێوه‌ی قازی محەممەد و قاسملۆ نادۆزیته‌وه. نه‌ك هه‌ر له‌ناو عه‌ره‌به‌كانی عێراقدا، به‌ڵكو له‌ناو عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌ش هاوشێوه‌ی شێخ مه‌حموود و مه‌لا مسته‌فا بوونی نه‌بووه. له عێراقیشدا له مه‌لیكه‌وه تا مالكی، كه‌سانی وه‌ك مام جه‌لال و كاك مه‌سعود شك نابه‌یت. له‌ناو هه‌موو سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بدا خوێنده‌وارێكی هاوشێوه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بوونی نه‌بووه. هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئێستا ئێران به‌ڕێوه ده‌به‌ن، ناگه‌ن به باڵای عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده. هیچ له‌وه تێناگه‌م بۆچی هادی عامری به باڵاتر ده‌بینن له محەممەدی حاجی مه‌حموود، بۆچی پێیان وایه موقته‌دا سه‌در گرنگتره له شاسوار عه‌بدولواحید؟ بۆچی به چاوێكی کەمتر ده‌ڕواننه شه‌هید مه‌لا عه‌لی وه‌ك له هاوڕێ فه‌هد؟ ئه‌مه له هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌دا هه‌روایه. مه‌حوی ئه‌گه‌ر له سه‌رووی حافزه‌وه نه‌بێت، له‌و كه‌متر نه‌بووه، یه‌ڵماز گۆنای نه‌ك كه‌متر نه‌بووه له سینه‌ماكارانی تورك، ره‌نگه بۆ هه‌میشه له‌ناو توركاندا كه‌سێكی هاوشێوه‌ی گۆنای هه‌ڵنه‌كه‌وێت. درێژه‌كێشانی و گواستنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌سته لاوازه بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو واده‌كات هه‌ستی خۆخاوه‌نی له‌ناو كورددا نه‌مێنێ و بۆ هه‌میشه به‌ژێرده‌سته‌یی بمێنێته‌وه. پێویسته كورد ئه‌م هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانین و به‌باڵابینینه‌ی ئه‌وانی دیکە له ناخی خۆیدا بكوژێت، ئه‌ركی ناوه‌نده په‌روه‌رده‌یی و رۆشنبیری و دامه‌زراوه زانستییه‌كانه هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانینی تاكی كورد بگۆڕن بۆ هه‌ستی شانازیكردن به كوردبوونه‌وه. ئه‌وه‌ش تاكه رێگه‌یه بۆ مانه‌وه‌ی كورد له نیشتمانه‌كه‌ی خۆی. عارف قوربانی
گۆڤاری فۆربێس بڵاویکردەوە، کە ئیلۆن ماسک بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری لەدەستداوە. فۆربێس ڕوونیکردەوە، سامانی ماسک نزیکەی 35% دابەزیوە، لە 320.3 ملیار دۆلارەوە لە 4ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بۆ 209.4 ملیار دۆلار، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی پشکەکانی تێسلا. گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها لەم مانگەدا سامانی ماسک بە 28ملیار دۆلار دابەزیوە. مات مالی، سەرۆکی ستراتیژی بازاڕ لە کۆمپانیای راوێژکاری وەبەرهێنان میلەر تەباک بە گۆڤارەکەی راگەیاندووە: "ئەو ئۆتۆمبێلی بە نرخێکی بەرز دەفرۆشێت، بۆیە پاشەکشە باش نابێت بۆ کارەکەی". فۆربێس دەشڵێت پلانە مشتومڕاوییەکانی ماسک بۆ کڕینی تویتەر و فرۆشتنی پشکەکانی تێسلا بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، وەبەرهێنەرانی خاو کردووەتەوە و پێیان وایە ئیلۆن ماسک بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە مامەڵە دەکات و پارەی زیادە دەدات. سەرەرای ئەمەش، هێشتا ئیلۆن ماسک دەوڵەمەندترین کەسە لە جیهاندا
وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یێنێت، رێژە‌ی دانانی سیستەمی پریپه‌ید لە پارێزگای دهۆك گەیشتووەتە 90% و بڕیار وایە له سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان سیسته‌مه‌كه جێبەجێ بکرێت، ئاماژه به‌وه‌شده‌دات، سیستەمەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر زیادبوونی کارەبای نیشتمانی هەیە و کارەبا کەمتر لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەفیڕۆدەدرێت. ئه‌مڕۆ شه‌ممه 22ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022، وه‌زاره‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، سیستەمی سمارت میته‌رزی کارەبا كه پێوه‌ری زیره‌كی پێده‌ڵێن، رێژە‌ی دانانی لە پارێزگای دهۆك گەیشتووەتە 90% و بڕیار وایە له سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان جێبەجێ بکرێت. له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌بادا هاتووه: سیستەمەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر زیادبوونی کارەبای نیشتمانی هەیە، لەهەمانکاتدا کارەبا کەمتر لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەفیڕۆدەدرێت، سوودێکی دیکەی سیستەمەکە ئەوەیە، پسووڵەی خوێندنەوەی کارەبا و زانیارییەکان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی و راستەوخۆ لە ماڵانەوە دەبێت، لەبری ئەوەی فەرمانبەرێك بچێت بۆ دیاریكردنی بڕی پارەی كارەبای بەكارهاتوو. ئاماژه به‌وه‌شدراوه، بەهۆی سیستەمەكه‌وە سووتان و له‌كاركه‌وتنی ته‌لی كاره‌با به رێژە‌یه‌كی بەرچاو كه‌مبووه‌ته‌وه، ئێستاش هەوڵەکان بۆ ئەوەن سیستەمەکە بكرێتە پریپەید، واتە وەرگرتنی كرێی مانگانەی كارەبا بە شێوەى پێشوەختە. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، سیستەمی پریپەیدی کارەبا لە دوو شوێنی پارێزگای دهۆک جێبەجێکراوە و سەرکەوتنی بەرچاوی تۆمارکردووە، لە سه‌نته‌ری بازاڕی دهۆك، سێ هەزار و 118 هاوبەشی کارەبا هەیە کە به رێژە‌ی 80% سیستەمەکەى تێدا جێبەجێکراوە، ئه‌و بازاڕە هه‌شت مێگاوات کارەبای پێویسته و ده‌توانرێت بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر كاره‌بای بۆ دابین بكرێت، واته هاووڵاتیی یان هاوبه‌ش ده‌توانێت كارتێك لە سەنتەرەکانى فرۆشتن کە هەر لە نێو بازاڕەکە دانراوە بكڕێت و ئاگاداری به‌كارهێنانی بڕى کارەباکەى و بڕى ماوەى بێت. وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، ئەنجامی دانانی ئەو سیستەمە ئەرێنى و دڵخۆشکەر بووە، هەم بۆ هاووڵاتییان و هەم بۆ خودى حکومەت، بۆیە له‌م پێناوه‌دا كاره‌كان له پارێزگای دهۆك به‌رده‌وامن و كۆمپانیاى جێبەجێکار لەژێر چاودێریى حکومەت، بەردەوامە لە روونكردنەوە و هۆشیارکردنەوەى هاوبه‌شان له‌باره‌ی چۆنیەتى به‌كارهێنانی ئه‌و سیستەمه، بڕیاریش وایە لەدوای تەواوبوون و دانانى سیستەمەکە بە تەواوى لەو دوو شوێنەی پارێزگای دهۆك، لە شوێنی دیکە هه‌مان سیستەمی پریپه‌ید جێبه‌جێ بكرێت. k24
بە گوێرەی ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی، عەلی ڕەزا تەنکسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی لە سوپای پاسدارانی ئێران جەختی کردەوە لەسەر "پێویستی بەکارهێنانی کەرەستەی نوێ لەنێوانیاندا هێرشکردن لە مەودایەکی دوورەوە بە وردییەکی زیاتر و زیادکردنی خێرایی و خۆدزینەوە لە ڕادارەکان، ئێران هەموو رێوشوێنێک دەگرێتەبەر لەپێناو دابینکردنی ئاسایشی". عەلی ڕەزا تەنکسیری ئاماژەی بەوەشکردووە: "هێزی دەریایی سوپای پاسداران توانی لە ڕێگەی بەلەمە خێراکانییەوە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکییەکان ببێتەوە و زیاتر لە 52 سەربازی ئەمریکی لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا بکوژێت لە بەرامبەریشدا ئێران 9 کوژراوی هەبووە". ڕاشیگەیاند"لەو ماوەیەدا 4 بەلەممان لەدەستداوە، بەڵام ئەمریکییەکان 3 کەشتی و دوو هێلکۆپتەریان لەدەستداوە".
دێنیس شمیهال سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا رۆژی شەممە 22-10-2022 هۆشداریدا لەوەی کە ڕەنگە ئەوروپا شاهیدی شەپۆلی نوێی پەنابەران بێت، لە کاتێکدا هێرشی ڕووسیا بۆ سەر دامەزراوە وزەی ئۆکراینا بەردەوامە. شمیهال لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی وتی: ئەگەری هەیە شەپۆلی نوێی پەنابەران روو ئەوروپا بکات، ئەگەر ڕوسیا بەردەوام بێت لە بۆردومانکردنی دامەزراوەکانی وزەی ئەو وڵاتە. ناوبراو رایگەیاند، ئەگەر لە ئۆکراینا کارەبای زیاتری نەبێت، گەرمکەرەوە نەبێت، ئاو نەبێت، ئەوا دەکرێت ببێتە هۆی شەپۆلێکی نوێی کۆچکردن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێرشە نوێیەکانی ڕوسیا ژێرخانی وزەی لە ڕۆژئاوای ئۆکراینا کردۆتە ئامانج و بەرپرسان باسیان لە پچڕانی کارەبا لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە کردووە. هێرشێکی نوێ بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئۆکرانیا ئەمە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی روسیا لە ریگەی "هێرشی مووشەکییەوە دامەزراوەی وزەی تۆڕە سەرەکییەکانی ناوچەکانی رۆژئاوای ئۆکراینایان کردووەتە ئامانج".
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا خۆپیشاندانێکی گەورە بە پشتگیری کردن لە خۆپیشاندەرانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری هەزاران کورد لە چوار پارچەی کوردستان دەستی پێ کرد. لە خۆپیشاندانەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی ژینا ئەمینی بەرزکراونەتەوە و جگە لە نەتەوەی کورد، فارس، ئەڵمانی و ئەوروپی بەشدارن و سلۆگانی (ژن، ژیان، ئازادی) دەڵێنەوە.