میدیا ناوخۆییەکانی ئێران رۆژی دووشەممە 31-10-2022 ڕایانگەیاند، هێزی دەریایی ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی بیانیدا گرتووە کە دەڵێن سووتەمەنی بە قاچاخ لە کەنداوی عەرەبی گواستووەتەوە. بە پێی ڕاپۆرتێکی تەسنیم، موجتەبا غەهرەمانی، سەرۆکی دادوەری پارێزگای هورمزگان وتی: هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، دەستی بەسەر تانکەرێکی بیانیدا گرتووە کە 11 ملیۆن لیتر سووتەمەنی قاچاخی هەڵگرتبوو. تا ئێستا نازانرێت کەشتییەکە کەی دەستی بەسەردا گیراوە و لە کام وڵاتەوە هاتووە. لە چەند مانگی ڕابردوودا ئێران چەندین ئۆپەراسیۆنی بە ئامانجگرتنی قاچاخی سووتەمەنی لە کەنداوی عەرەبی ڕاگەیاندووە، کە بڕێکی زۆر لە نەوتی جیهان لەوێ بەرهەمدەهێنرێت و دەنێردرێت. لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا ئێران ڕایگەیاندبوو، دەست بەسەر کەشتییەکی دیکەی بیانیدا گرتووە کە 757 هەزار لیتر سووتەمەنی قاچاخی لە هەمان ناوچەدا هەڵگرتبوو.
رۆژی دووشەممە 31-10-2022، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری بەرپرسێک لە تارانی پایتەختی ئێران بڵاویکردەوە، نزیکەی هەزار کەس بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی تۆمەتبار کراون و لەم هەفتەیەدا بە ئاشکرا دادگایی دەکرێن. ڕۆژی شەممە سپای پاسداران بە ڕاشکاوی داوای لە خۆپیشاندەران کرد لە شەقامەکان دوور بکەونەوە. ڕێبەرانی ئێران ئەو ناڕەزایەتیانەیان بە پیلانی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی لەوان ئەمریکا و ئیسرائیل وەسف کردووە. خۆپیشاندەران لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە بەشداریان کرد، قوتابیان و ژنانیش ڕۆڵێکی دیاریان هەبوو، ژنانیش لەم ناڕەزایەتیانەدا باڵاپۆشەکانیان سووتاند. ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕایگەیاندووە کە نزیکەی هەزار کەس، "کە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا کردەوەی تێکدەرانەیان ئەنجامداوە، لەوانە دەستدرێژیکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان یان کوشتنیان". ئەم هەفتەیە دادگایی دەکرێن. دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ دامرکاندنەوەی نائارامییەکان هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەران و ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئاژانسی هەواڵی "هرانا"ی چالاکانی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە خۆپیشاندەکاندا 283 خۆپیشاندەر کوژراون کە 44 خۆپیشاندەریان منداڵن. هەروەها نزیکەی 34 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. ژینا ئەمینی لە 16ی ئەیلولدا لە ژێر دەستی پۆلیسی رەوشتی تاران گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی بەهۆی لەبەرکردنی "جلوبەرگی نادروست" دەستبەسەرکرا. سەرەڕای هۆشدارییەکانی سوپای پاسداران، بەڵام لە یازدە شاری ئێران ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە خۆپیشاندانی سەرتاسەری کرا، لەوانە شاری سنە و سەقەز و مەهاباد لە نێو شارەکاندا بوون. ناڕەزایەتیەکان لە ئێران بەردەوامن و پێی ناوەتە حەوتەمین هەفتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی، تویتەر کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ملیاردێر ئیلۆن ماسکەوە کڕدرا، بەنیازە چارەکێکی کارمەندەکانی لە کارەکانیان دووربخاتەوە. ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، پارێزەری ناسراو ئەلێکس سپیرۆ، نوێنەری یاسایی لە کۆمپانیای ئیلۆن ماسک، سەرکردایەتی گفتوگۆکانی لەبارەی کەمکردنەوەی هەلی کارەکانی کردووە. بەپێی تۆمارێکی ڕێکخراوەیی، ژمارەی کارمەندانی تویتەر لە کۆتایی ساڵی 2021 دا حەوت هەزار کارمەندی تێپەڕاندووە. بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، چارەکێک لە کارمەندانی کۆمپانیاکە نزیکەی دوو هەزار کەسن. ماسک ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمزی ڕەتکردەوە کە تیایدا تویتەر پێش ١ی ئەم مانگە کرێکاران لە کارەکانیان دوورخستەوە. تا ئێستا تویتەر هیج لێدوانێکی نەداوە. سەرچاوەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ماسک پاراگ ئاگراوال، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر، نێد سیگال، بەرپرسی دارایی و ڤیجایا جەید، بەرپرسی یاسایی و سیاسەتی لە کارەکانیان دوورخستووەتەوە، دوای ئەوەی پرۆسەی کڕینی تویتەر بە بڕی 44 ملیار دۆلاری ئەمریکی تەواو بوو.
پشتیوان سادق، سەرۆکى شاندى پارتى بۆ لاى لایەنەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنەکان دەربارەی ئەو کردەوە تیرۆرستییە بوو لە ماوەی ڕابردوو لە هەولێر ئەنجامدرا." وتیشی، "ئیمە وەک حکومەت و وەک دەزگا ئەمنییەکانیش هیچ لایەنێکمان تۆمەتبار نەکردووە بە ئەنجامدانی ئەو کردەوە تیرۆرستییە، تەنها چەند کەسێک تۆمەتبارکراون و لەلایەن دادگاوە داواکراون کە بچن وتەی خۆیان بدەن." ئاماژەی بەوەشکرد، "کردەوەی تیرۆرستی لە پایتەختی هەرێمی کوردستان قبوڵکراونییە و پەیوەندیی بە سەر و ماڵ و ژیانی هەموو خەڵکی کوردستان هەیە و لای حکومەتی هەرێم ئاسایشی هەرێم هێڵی سوورە."
مەسرور بارزانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردەوە، کە ئەمڕۆ پێشوازی لە جینین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.گفتوگۆمان دەربارەی پرۆسەی سیاسی و دۆخی گشتی عێراق پاش دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ کرد و جەختمان لەوە کردەوە، کە پێویستە هەموو لایەنەکان پشتیوان بن بۆ سەرخستنی کارنامەی حکومەتی نوێ، بۆ ئەوەی بتوانێت بەبێ جیاوازی خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراق بکات و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور چارەسەر بکات.چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی پرۆسەی بنیاتنانی ژێرخانێکی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
بەرێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ھەفتەی داھاتوو پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٤ دابەشدەکرێت. ئەوەشی خستووەتەڕوو، بری پارەکە ٣٤ ملیار و ٨٢٧ ملیۆن و ٨٢ ھەزار دینارە و لەو بڕەش ١١ ملیار و ٤٦٦ ملیۆن و ٧٣١ ھەزار دینار بۆ جوتیارانی هەولێر تەرخانکراوە. جوتیارانی سلیمانیش بڕی ١١ ملیار و ١٧٤ ملیۆن و ٥٢٨ ھەزار دیناریان بۆ دیاریکراوە و پاێزگای دھۆکیش بری١٢ ملیار و ١٨٥ ملیۆن و ٨٢٣ ھەزار دیناری بۆ تەرخانکراوە. ئەمەش دوای ئەوەدێت لە ١٩ی ١٠ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی چەکی پارەی شایستەی دارایی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٤ کە بریتیە لەبڕی ٣٤ ملیار و ٨٢٧ ملیۆن و ٨٢ هەزار و ٢٥٠ دینار گەیشتە هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، "لە نزیکترین کاتدا پاش وەرگرتنی رێکاری کارگێڕی و داراییەکان، لە رێگای سایلۆکانەوە چەکەکان دابەش دەکرێت.
بەگوێرەى مەرسومێکى کۆمارى کە لەلایەن لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراقەوە دەرکراوە، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى پێشوو لە 13ى تشرینى یەکەم خانەنشین کراوە. 31ى تشرینى یەکەمى 2022، رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى دەقى مەرسومێکى کۆماریی لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراقى بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، لە 13ى تشرینى یەکەمى 2022 بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى پێشوو خانەنشین کراوە. لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەو مەرسومە لە رۆژى دەرچوونی و بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى جێبەجێ دەکرێت؛ مەرسومەکە 18ی تشرینى یەکەمى 2022 دەرکراوە و لە 31ى تشرینى یەکەم بڵاوکراوەتەوە. ئەو مەرسومە کۆمارییە پشتبەستووە بە هەردوو ماددەکانی 73 و 76ى دەستوورى عێراق کە تایبەتە بە وادەى کارکردنى سەرۆککۆمار، کۆتاییهاتنى دەسەڵاتى و دەرکردنى مەرسومى کۆمارى. 13ى تشرینى یەکەمى 2022، لەتیف رەشید لەدواى دوو گەڕى هەڵبژاردن لەنێو پەرلەمانى عێراق بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا لە بەرامبەر بەرهەم ساڵح، بەربژێرى یەکێتیى نیشتمانیى کودستان بۆ هەمان پۆست.
ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.لە کۆبوونەوەکەدا ، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای کۆتاییهاتنی بنبەستی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی نوێ و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، تاووتوێ کران. پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و گرنگیی ڕووبەڕووبوونەوەی کارو کردەوە تیرۆریستییەکان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.
کەسێکی بنەماڵەی تاڵەبانی کە ئێستا وازی لە یەکێتی هێناوە، ئەو بەڵگەنامانە ئاشکرا دەکات کە مام جەلال لەسەر داواکاری بەرهەم ساڵح، زەوییەکی زۆری لە سلێمانی داوە بە شاسوار عەبدولواحید. سالار تاڵەبانی لە فەیسبووک نووسیویەتی ” ئهشههدو ئێمه شاسوارمان كرده ملیاردێر وكردمانه كهڵهگا”سالار تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەکات، مامه لە ٢٠٠٩ لە بەغدا پێمگوتی به فیتی دکتۆر بەرھەم ههڵمهخهڵهتێ ئهو جێی سیقه نیه مهسلهحهتچیه، پێمگوتی ئاراز شێخ جەنگی بێ وهفایهكی سهختهچیه، پێمگوتی شاسوار عەبدلواحد دزه درۆزنه مافیایه” دەقی نووسینەکەی سالار تاڵەبانی و بەڵگەکان مامە ڕوحت شاد ئەمڕۆت لە گشت ڕۆژەکانت خۆشتر بێ مامه لە ٢٠٠٩ لە بەغدا پێمگوتی به فیتی دکتۆر بەرھەم ههڵمهخهڵهتێ ئهو جێی سیقه نیه مهسلهحهتچیهپێمگوتی ئاراز شێخ جەنگی بێ وهفایهكی سهختهچیهپێمگوتی شاسوار عەبدلواحد دزه درۆزنه مافیایه مامە گەردنت ئازابێ، لەبیرتە لێم توڕە بووی پێت گوتم: ساله چەڵتە چەڵت مەکە!مامه گۆڕت پڕ نوربێ ، چەڵتە چەڵتم نهكرد گشت قسهكانم ڕاست بون، كفنی تو زەرد نەببو، ئاراز شێخ جەنگی لەگەڵ لاهووری برای به زۆڵی ئامۆزا بافڵیان له خشته برد به ئیمزای سهركردایهتی یهكێتیی نیوهی كوردستانیان فرۆشتئێستە به پارهی كهركووك ھەڕەشە لە یەکێتیی دەکەن جنێو بە گۆڕەکەت دەدەن حاشا لە تاڵەبانی دەکەن! مامه گۆڕت پڕ نوربێ ، چەڵتە چەڵتم نهكرد قسهكانم ڕاست بولهپێش چاو خۆم لهسهر داوای دكتۆر بهرههم بەدەسوخەتی خۆت بڕیارت دا سهتان دۆنم زهوی ناو شاری سلێمانی بێ بهرامبهر به نوسراوی کۆمپانیای نالیا ژمارە ١٠٨ تاریخ ١٨-٤-٢٠٠٩ ببهخشیته شاسوار عهبدولواحیدنوسیت/ ھەڤاڵانی شارەوانیی سلێمانی بەڕێزسڵاوێکی گەرمتکایە ھیممەتێکی باش بۆ شاسوار عهبدلواحد بکەنئیمزابرای دڵسۆزتانمام جەلال١٩-٤-٢٠٠٩ ئااااای مامە، خۆزگه ئهمڕۆ شاسوارت دهبینی لهجیاتی ڕهحمهت بۆ قهبرت بنێرێ پێڵاومان لێ بهرز ئهكاتهوه و یهكێتیی به چهته دهشوبهێنێ گهردنت ئازا بێ مامهئهمڕۆت لهههمو ڕۆژهكانت خۆشتر بێبهداخهوه ئاماده نهبوی یهك مهتر زهوی سلێمانی بهمنی نهگبهت وئارام وفاخیر وشیرزاد بدهی بهس سهتان دۆنم له باشترین شوێن پێشكهش مافیاكانت كرد ئێسته ئهوان ههڕهشه له یهكێتیی ئهكهن وپێڵاومان لێ بهرز ئهكهنهوه ئێمهش لە ئەورووپا بێ دهرهتان دانیشتووین پارەی سۆشیال وەردەگرین و دیفاع له یهكێتیی ئهكهین گهردنت ئازا بێ
بەهۆی تەقینەوەی پارچە تەقەمەنیەک لە کەرکووک چوار منداڵ بریندار بوون. بەپێی زانیارییەکان، منداڵەکان دەستکاریی تەقەمەنییەکەیان کردووە و برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. بەپێی زانیاریەکان، برینی منداڵەکان سەخت نییە و تەندروستیان جێگیرە.
بەرپرسانی هیندستان ڕایانگەیاند، بەهۆی داڕمانی پردێکی پیادە لەسەر ڕووبارێک لە ویلایەتی گوجارات لە ڕۆژئاوای هیندستان، بەهۆیەوە سەدان کەس کەوتوونەتە ناو ئاوەکەوە و 60 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. دەسەڵاتداران ڕایانگەیاندووە، لە کاتی ڕووخانی پردی هەڵواسراو بەسەر ڕووباری ماچو لە شارۆچکەی مۆربی زیاتر لە 150 کەس لەسەر پردەکە بوون. لە گرتە ڤیدیۆییەکانی تەلەڤزیۆنیدا دەیان کەس بە کێبڵەکان و پاشماوەی پردە ڕووخاوەکەوە لکاون، لەکاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری خەریکی ڕزگارکردنیانن. موهان کونداریا ئەندامی پەرلەمان وتی: تا ئێستا شەست حاڵەتی گیانلەدەستدان پشتڕاست کراوەتەوە. هەروەها بەرپرسانی دیکە دەڵێن، لانیکەم 30 کەسیش بریندار بوون. وەزیری ناوخۆی ویلایەتەکە هارش سەنگاڤی وتی: زیاتر لە 150 کەس لەسەر پردە تەسکەکە بوون کە بە کێبڵ جێگیرکراوە. ئەم پردە مێژووییە ٢٣٠ مەترییە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەریتانیا لە سەدەی نۆزدەهەمدا دروستکراوە, شەش مانگ بوو بۆ نۆژەنکردنەوە داخرابوو و هەفتەی ڕابردوو بەڕووی خەڵکیدا کرایەوە. سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی گوجارات نارێندرا مودی کە بۆ سەردانێکی سێ ڕۆژە لە ویلایەتی گوجاراتی زێدی خۆیەتی، ڕایگەیاندووە، ڕێنمایی وەزیری سەرەکی ویلایەتەکەی کردووە بەپەلە تیمەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکە کۆبکاتەوە. حکومەتی ویلایەتەکە تیمێکی لێکۆڵینەوەی تایبەتی پێنج کەسی پێکهێناوە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە کارەساتەکە. مۆربی یەکێکە لە گەورەترین پۆلەکانی بەرهەمهێنانی سیرامیک لە جیهاندا و زیاتر لە ٨٠%ی بەرهەمی سیرامیک لە هیندستان پێکدەهێنێت. ئەم ڕووداوە پێش هەڵبژاردنەکانی گوجارات دێت کە پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵ بەڕێوەبچێت و خولی ئێستای پارتی دەسەڵاتدار لە شوباتی ٢٠٢٣ کۆتایی دێت.
ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئایا سوپای پاسدارانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن بکەن یان نا. باربۆک ڕۆژی یەکشەممە 30-10-2022 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ARD وتی: هەفتەی ڕابردوو بە ڕوونی ڕامگەیاند کە پاکێجێکی دیکەی سزاکان دەستپێدەکەین، بەدواداچوون دەکەین کە چۆن دەتوانین سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیش بناسێنین. لێدوانەکانی باربۆک دوای ئەوە دێت کە بەرپرسی سوپای پاسداران هۆشداری دایە خۆپیشاندەران کە ڕۆژی شەممە دوا ڕۆژی ڕژانە سەر شەقامەکانیان دەبێت، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ ئەوەی کە ڕەنگە هێزە ئەمنییەکان توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەکار بێنن. ئەڵمانیا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە سنوورەکانی چوونە ژوورەوەی ئێران بەدەر لە پاکێجی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا کە پێشتر ڕاگەیەندراوە، توندتر دەکات. بایبۆک هەروەها وتی لە ئێستادا هیچ دانوستانێک سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا لە ئارادا نییە.