Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13774 بابەت
هەواڵ
01-11-2022

نێچیرڤان بارزانی واژۆی لەسەر یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پە...

سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نەکرد، کە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسند کرا. دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی پەسند کرد، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان یاساکەیان بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە بە مەبەستی واژۆکردن یان رەتکردنەوەی یاساکە، بەڵام بە گوتەی دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، یاساکەی واژۆی نەکردووە. هەر یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان دەربچێت، بە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رای خۆی لەسەر بدات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە سێ بژارەی لەبەردەمدایە: واژۆکردن، رەتکردنەوە و بێدەنگی هەڵبژاردن. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، واژۆی لەسەر یاساکە نەکردووە، بەڵام رەتیشی نەکردووەتەوە. لەم بارەدا، دوای 15 رۆژ، ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی نەکات، خۆکارانە یاساکە جێگیر دەبێت و پێش 06-11-2022 بە واژۆی سەرۆکی پەرلەمان لە رۆژنامەی وەقائیعدا بڵاودەکرێتەوە. پێشنیازه‌یاساى به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ سێ مادده‌ و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتبوو؛ رۆژی 09-10-2022 بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران و بە 80 دەنگ پەسند کرا. پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ناڕەزایی لێکەوتەوە؛ هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و نەوەی نوێ، بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان و بەشێکیش لە "سەربەخۆکان" دژی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولە بوون. سەبارەت بە هۆکاری درێژکردنەوەی ماوەی ئەم خولە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنی بۆ رێگریكردنه‌ له‌ دروستبوونی بۆشایی یاسایی و ده‌ستوورى و پاراستنی یه‌كڕیزیی نیشتمانی و ئاماده‌كاریی زیاتر بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ی بەگوێرەی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان - عێراق، ژماره‌ (1)ى ساڵی 1992ی هه‌مواركراو، رۆژی 06-11-2022 ماوه‌ى خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان - عێراق كۆتایی دێت." ئەمە هەشتەمین جارە لە مێژووی پەرلەمانی کوردستاندا تەمەنی پەرلەمان درێژ دەکرێتەوە، بە شێوەیەک چوار جار لە خولی یەکەم بەهۆی شەڕی ناوخۆوە درێژکراوەتەوە، جارێک لە خولی دووەم، جارێک لە خولی سێیەم، جارێک لە خولی چوارەم و ئەمجارەش لە خولی پێنجەم تەمەنی درێژکرایەوە. پێکهاتەکان و بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان لەگەڵ پارتی و یەکێتی بوون بۆ درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان، بەڵام کۆمەڵ، یەکگرتوو، نەوەی نوێ و بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان درێژکردنەوەی ماوەی ئەم خولەی پەرلەمان بە نایاسایی دەزانن. ئەمڕۆ سێشەممە 01-11-2022 سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە تویتەری خۆی بە فەرمی کشانەوەی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند و گوتی، "ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیە بەرز دەنرخێنم و سوپاسی خۆڕاگری و ئەدائی جوانیان دەکەم." بڕیار بوو 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، کۆمسیۆن و ژمارەی کورسیی پێکهاتەکان، نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک و هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی نەکرا. ژێدەر رووداو

بیروڕا
01-11-2022

ھەواڵێک و لێدوانێک

لۆلا دا سێلڤای براوەی ھەڵبژاردنی بەڕازیل؛ ئەمڕۆ 31ی 10ی 2022، كە بە جیاوازیێکی یەگجار کەمی دەنگەکان، لەبەرامبەر کاندیدی ڕاستڕەواکاندا؛ وەک سەرۆکی نوێ بردییەوە. دا سێلڤا سیاسییەکی ئەزمووندیدەی (چەپ)ە و خولێکی پێشووتریشی بردووەتەوە. لە وتاری بردنەوەیدا؛ ڕوون و ڕەوان گوزارشتی لە کەرتبوونی مەترسیداری کۆمەڵگاکە کرد و گوتی: ”لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە لە نەتەوەیەکی دابەشبووی وادا بژی؛ کە لە جەنگێکی ھەمیشەییدا بێ.“دەقی لێدوانی دا سێلڤا؛ لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) وەرگیراوە.لێدوانی من:چەند ساڵێکە سەبارەت بە شانۆگەریی دیموکراسییانەی ھەڵبژاردن؛ گوتوومە، کە ھەڵبژاردنی کوردستان زۆر زیانبەخشە ؛چونکە لە یەکەم ھەڵبژاردنی کوردستاندا لە 1992ەوە بە بەردەوامی؛ کەرت کەرت و پەرتی کردووین و دواجار لە 1994دا سەختترین و مەترسیدارترین شەڕی ناوخۆی لێ کەوتەوە. من پێم وابوو، ئەوە لێکەوتەی کۆمەڵگای بێ دەوڵەت و بێ سەروەریی وەک کوردستانە؛ کەچی ئەوە لە بەڕازیلیش؛ کە لە 1886ەوە سیستمی کۆماریی ھەیە؛ کەچی ھەڵبژاردن کەرت و پەرتی ئەکا و سەرۆکی براوەی ئەوێش لە گەرمەی جۆش و خرۆشی بردنەوەدا، ئاماژە بە مەترسیی جەنگی ھەمیشەییش ئەدا. ئایا ئەمە ھەر بەتەنیا خەوشی کۆمەڵگاکانە، یان بێ بەرھەمی دیموکراسیی کۆپیکراو و ھاوردەکراوە؛ کە تایبەتمەندیی کۆمەڵگاکان و ڕەگە قووڵەکانی کولتوور و خەسڵەتە کۆمەڵایەتییە تایبەتمەندەکان لەبەرچاو ناگرێ؟ لەمەش پتر، ئەوە چ قەیرانێکە، کە ھەر لە ئەمریکاوە تا ئەوپەڕی دنیا، قسە و ڕەخنە و ھەڵوەستە لەسەر لیبڕالیزم و لیبڕالیزمی دیموکراتیک ھەیە؛ نەک لە نەیارانییەوە؛ بەڵکوو لە خودی تیۆرسینەکانی سەر بەو ڕەوتە فراوان و ئیقلیمگیرەدا ھەیە؟ ھەولێر ٣١ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢

هەواڵ
01-11-2022

یەختێک بە 73 کۆچبەرەوە لە کەناراوەکانی یۆنان ژێرئاو دەکەوێت

شەوی رابردوو یەختێک کە 73 کۆچبەری تێدابووە، لە دوورگەی ئێڤیای یۆنان ژێرئاو کەوت، تەنیا 9 کۆچبەریان رزگار کراون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ دووشەممە بەلەمێکی دیکە بە 12 کۆچبەرەوە ژێرئاو کەوتبوو. پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان گوتی، "ئەو یەختە خۆی کێشاوە بە بەردێکی گەورەی کەناری دوورگەکەدا، بەهۆیەوە ژێرئاو کەوتووە و تاوەکو ئێستا 9 کۆچبەریان رزگار کراون و گەڕان بەدوای کۆچبەرانی دیکەشدا بەردەوامە." بە گوتەی پێشڕەو عەبدوڵڵا، زۆرینەی سەرنشینانی ناو ئەو یەختە خەڵکی میسر و ئەفغانستان و ئێرانن، تاوەکو ئێستا دیار نییە کە کوردیان تێدایە یاخود نا. ئەمە دووەم رووداوی ژێرئاوکەوتنە لە کەنارە ئاوییەکانی یۆنان لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، دوێنێش لە باشووری دوورگەی سامۆس لە کەناراوەکانی سامیۆپولاسی یۆنان بەلەمێکی بچووک بە 12 کۆچبەرەوە ژێرئاو کەوت، تەنیا چوار کۆچبەریان لەلایەن ماسیگرێکەوە رزگار کرابوون، هەشت کۆچبەریان بێسەروشوێنن. رووداو

هەواڵ
01-11-2022

چوونەدەرەوەی چەند بەرپرسێکی ئێرانی رەتدەکرێتەوە

فرۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران، ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باسیان لە جێهێشتنی ئێران لەلایەن چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتەوە کردبوو. سەعید چەلەندەری، یەک لە بەرپرسانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی، لەبارەی گەشتی دەرەوەی خشتەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ بردنەدەرەوەی چەند "کەسێکی تایبەت" لە رێگەی ئەم فرۆکەخانەیەوە بە ئاژانسی دەنگوباسی (ئیلنا)ـی گوت: تا ئێستا هچ گەشتێکی تایبەت لە فرۆکەخانەی ئیمامەوە نەکراوە و خەڵک دەتوانن زانیاریی تەواوی گەشتەکان لەسەر تابلۆکان ببینن، هیچ رێگە و دەرگەیەکی تایبەتیش بۆ چوونە ناو فرۆکە نەکراوەتەوە. سەرلەبەری ئەو هەواڵانەی باس لە گەشتی تایبەت و چوونەدەرەوەی هەندێ کەسی تایبەت لە رێگەی فرۆکەخانەی ئیمامەوە دەکرێ، درۆن و رەتیدەکەینەوە. چەند رۆژێکە باس لە چوونەدەرەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بنەماڵەکانیان و جێهێشتنی وڵاتیان، لە رێگەی گەشتی ئاسمانی تایبەتەوە دەکرێت. سەرچاوە میدیاییەکان، بڵاویانکردووەتەوە کە هۆکاری چوونەدەرەوەی ئەو بەرپرسانە، بارودۆخی ئەمدواییەی ئێران و خۆپێشاندانەکانە بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی. ماوەی 45 رۆژە لە چەندین شار و شارۆچکە و دەیان زانکۆی ئێران، خۆپێشاندان بەردەوامە. بەشیک لە خۆپێشاندانەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە توندی سەرکوتکراون. بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی ئەو 45 رۆژەدا، زیاتر لە 250 خۆپێشاندەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە، بە سەدان کەس برینداربوونە و بە هزاران کەسیش دەستگیرکراون. دەستەڵاتی دادوەری ئێران، دادگاییکردنی هەزار خۆپێشاندەری بە فەرمی راگەیاندووە.

هەواڵ
01-11-2022

وێنەی وەزیرێکی ئێران لەگەڵ خۆشەویستەکەی هەرا دەنێتەوە

لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا ناوی ڕۆستەم قاسمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکانی ئێران و هەژماری هەزاران چالاکوانی ئۆپۆزسیۆن، لە ژێر هاشتاگی #ڕوستووم_قاسمی_وەزیر_ڕەح واتە ڕۆستەم قاسمی، وەزیری ڕێگاوبان بڵاو بوویەوە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بڵاو بوونەوەی وێنەی وەزیری ڕێگاوبانی گەشەپێدانی شار لە حکومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، کە لە وێنەکەدا دەرکەوتووە باوەشی بە کچە هاوڕێیەکیدا کردووە لە مالیزیا. هەرچەندە ئەم وێنانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێک لەمەوبەر، بەڵام لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا بڵاوبوونەتەوە، لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکی بێ وێنە ئێرانی گرتووەتە، کە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکرد، دوای مردنی کچە گەنجێکی کورد بەناوی ژینا ئەمینی، مەرگی ئەم کچەش پاش ئەوە دێت کە لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێران دەستگیرکرا و بە بیانووی لادان لە یاسای جلوبەرگ ئەشکەنجە درا. بۆ ئەوان حەڵاڵە و بۆ ئێرانیەکان حەرامە! ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەدان ئێرانی ڕەخنە بگرن و بە " گەندەڵی ئاشکرای بەرپرسان" لە وڵاتەکەدا وەسفیان کردووە” هەروەها هه ندێکی تر ئەم وێنەیەیان به باشترین بەڵگە زانییوە که پیاوانی دەسەڵاتدار له وڵاتدا خەڵک بێبەش دەکەن لەو شتانەی مافی خۆیانە، به تایبەت که قاسمی یه کێکه له کەسە توندڕەوه کانی بابەتی باڵاپۆشی و، پاڵپشتییەکی زۆری سەرکوتکردنی ناڕەزایەتێکان دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ١٦ی ئەیلوولی ڕابردووەوە ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتدا بەردەوامن، بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینییەوە، ئەو کچە گەنجە ٢٢ ساڵە. ٢٥٠ خۆپیشاندەر کوژران هەروەها قوتابیانی زانکۆ و قوتابخانەکان بەشداران لەم خۆپیشاندانانەدا، کە ژنان سەرۆکایەتی دەکەن، بۆ داوای ڕێزگرتن لە مافەکانیان، مافی دەربڕینی بۆچوونەکانیان و کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگ و ژیانیان لە لایەن خۆیانەوە نەک دەسەڵاتێکی ئاینی توندڕەو. ئەم ناڕەزایەتیانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە یەکێک لە تەحەدا هەرە گەورەکانی دەسەڵات و پیاوانی ئاینی دێت لە دوای شۆڕشی ساڵی١٩٧٩ دادەنرێت بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە توندوتیژی وەڵامیی خۆپیشاندەرانیان داوەتەوە، ئەمەش بووە هۆی کوژرانی سەدان خۆپیشاندەر، ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ کوژرانی لانیکەم ٢٥٠ خۆپیشاندەریان پشتڕاستکردۆتەوە، هاوکات هەزاران خۆپیشاندەر لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون.

هەواڵ
01-11-2022

دەست بە دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشەجێبوونەکە دەکرێت

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، " دروستکردنی 20 ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونەکە بەفەرمی وادەی دەستپێکردنی دیاریکرا بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ڕۆژی یەکشەممە بەردی بناغەی یەکەم پڕۆژە دابنرێت لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ". ڕاشیگەیاند، "وەکو سەرەتا لە زاخۆ دەستپێدەکەین کە ھەموو ئامادەکارییەکیان بۆ کردووە و زەوی تەرخان کراوە و ئەوان پێش ھەموو ناوچەکانی دیکە خۆیان ئامادەکردووە، بۆیە لەزاخۆ دەستپێدەکەین و داوامان لەھەموو ناوچەکانی دیکەش کردووە پەلە بکەن بۆ ئەوەی لەھەموو ناوچەکان دەست بەدروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بکەین". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ھەولێر خەریکە زەوی ئامادەبێت و رێکارەکان تەواوبن، لە سۆران و سلێمانی و ناوچەکانی دیکەش خەریکی دابینکردنی زەویین، بۆیە ھەوڵەکانمان چرکردووەتەوە ئەمساڵ بەردی بناغەی پڕۆژەکان لە ھەموو ناوچەکان دابنرێت".

هەواڵ
01-11-2022

ئێران داوایەک لە وڵاتان دەکات

ئێران داوا لە وڵاتان دەکات بەشداری کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان نەکەن سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران. بەپێی نامەیەک کە ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە و تێیدا ئێران واشنتۆن بە بەسیاسیکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکات. ئێران ڕۆژی دووشەممە 31-10-2022 داوای لە وڵاتان کرد کە بەشداری کۆبوونەوەیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەکەن سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، کە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ڕەوشتی تاران سەریهەڵدا. ئەمریکا و ئەلبانیا ڕۆژی چوارشەممە 2-11-2022 کۆبوونەوەیەکی نافەرمی ئەنجوومەنی ئاسایش ئەنجام دەدەن، کە هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن بەشداری بکەن. لە کۆبوونەوەکەدا شیرین عیبادی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئێران و نازەنین بۆنیادی ئەکتەر و چالاکوانی لە دایکبووی ئێران، کورتەیەک پێشکەش دەکەن.

هەواڵ
01-11-2022

سلێمانی.. نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە دیاریکرا

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند،  نرخی ئەمپێرێك كاره‌بای مۆلیدە بۆ ئەم مانگە لەنێوان (7) هه‌زار بۆ (9) هه‌زار دینار دەبێت. لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە" به‌ گوێره‌ی نرخی گازوایل نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری موه‌لیدە بۆ ئەم مانگە بە (58) دینار دیاریكرا، كه‌ به‌ تێكڕایی موەلیدە ئه‌هلییه‌كان لەنێوان (130) بۆ (155) كاتژمێڕ كاریان كردووە،  بەمەش نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لەنێوان (7) هه‌زار بۆ (9) هه‌زار دینار دەبێت و نرخی ئەمپێرێكیش لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكه‌ جیاوازە به‌و پێیه‌ی به‌پێی ئه‌و پێوه‌ره‌ هه‌ژمارده‌كرێت كه‌بۆ موه‌لیده‌كان دانراوه‌ و كاتژمێڕی كاركردنیان تۆمارده‌كات."  ئاماژەی بەوەشکردووە، "هاوكات نرخی ئه‌مپێری شوێنه‌ بازرگانییه‌كان و ناو بازاڕ زیاتر ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاتر كاریان كردووه‌."  ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەكۆبوونەوەكەشدا ئەو خاڵە دووپاتكرایەوە، كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی (10) خولەك زیاتر بەسەر كارپێكردنی موه‌لیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكار روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە."

هەواڵ
01-11-2022

فراکسیۆنی یەکگرتوو دەستی لەکار کێشایەوە

پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی دەست لەكاركێشانەوەی خۆیان پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد.  ئه‌مڕۆ فراکسیۆنی یەکگرتوو، وەک یەکەم فراکسیۆن ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆیان پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان كرد و كشانه‌وه‌. په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی کوردستان ژماره‌یان پێنج په‌رله‌مانتاره‌ و هۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان دەگەڕێتەوە، كه‌ پێیان وایه‌ ئه‌و درێژكردنه‌وه‌یه‌ نایاساییه‌.

هەواڵ
31-10-2022

ئه‌مه‌ریكا هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دانه‌وێڵه‌ ئاشكراده‌كات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایده‌گه‌یه‌نێت، رووسیا جارێکی دیکه خۆراکی وەک چەک بەکارهێناوه، كه‌ بووه‌ته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دانه‌وێڵه‌ له‌ جیهاندا. نێد پڕایس گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له‌ واشنتنه‌وه‌ رایگه‌یاند، بەهۆی جێگیرنه‌بوونی رێککەوتنی دانەوێڵه‌ی ئۆكرانی، نرخی خۆراک بەرزبووەتەوه. هه‌روه‌ها گوتی: "60%ـی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ وڵاتانی هەژار دەچێت و رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵه جگه‌ لەڕێگەی دەریای رەشەوه جێگرەوەی نییه. ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌مه‌ریكا پێیوایه‌، داواكاری مۆسكۆ له‌ كیێڤ بۆ به‌كارنه‌هێنانی رێڕه‌وی مرۆیی بۆ گواستنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ بۆ جیهان، "سزادان و هه‌راسانكردنی به‌كۆمه‌ڵه‌". ده‌شڵێت: "پرسی گواستنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌، كێشه‌ی نێوان دوو وڵات نییه‌، ئه‌مه‌ پێویستییه‌كی ناچارییه‌". روونیشیكرده‌وه‌، داواكارییه‌كه‌ی مۆسكۆ سزادانی به‌كۆمه‌ڵی ته‌واوی وڵاتانی جیهانه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ رێژه‌ی داهاتیان نزمه‌ و پێویستیان به‌ دانه‌وێڵه‌ هه‌یه‌. له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا رووسیا به‌شداریكردنی له‌ رێككه‌وتننامه‌ی هه‌نارده‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانی بۆ جیهان، هه‌ڵپه‌سارد. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی رووسیا دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ رۆژی 29ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر، كه‌شتییه‌ جه‌نگییه‌كانی رووسیا له‌ دوورگه‌ی سیڤاستوپۆڵی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی كریمیا، له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌ كرانه‌ئامانج. له‌ مانگی ته‌مووزی رابردوو رووسیا و ئۆكرانیا له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ به‌ چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنیان واژووكرد، كه‌ ئامانج لێی ئاسانكردنی گه‌یشتنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیایه‌ بۆ بازاڕه‌كانی جیهان. له‌ 24ـی شوباتی رابردوو به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پووتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرش كرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون و ئه‌و شه‌ڕه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی كردووه‌ته‌ سه‌ر ره‌وشی بازاڕی دانه‌وێڵه‌ له‌ جیهاندا. k24

هەواڵ
31-10-2022

ئاسایشی سلێمانی سێ ئەندامی یەک خێزانی بە ماددەی تیرۆر دەستگیرکرد

دەقی راگەیەندراوی ئاسایش ڕاگەیەندراوێک لە (مدیریة أستخبارات و أمن محافظة السلیمانیة - وزارة الدفاع)بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگری و ئاسایشی سلێمانی -وەزارەتی بەرگری حکومەتی فیدراڵ. (3)داواکراو لەلایەن ھێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگری و ئاسایشی سلێمانی سەر بەوەزارەتی بەرگری حکومەتی فیدراڵ، بەھەماهەنگی لەگەڵ ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگری و ئاسایشی سلێمانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەرو ماڵی ھاوڵاتیان، دەستگیرکران. ( 3) سێ تۆمەتبارەکە ئەندامی یەک خێزانن و بەپێی ماددەی ( ٤ ) ی تیرۆر داواکراون لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا و بەرێوەبەرایەتی ھەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەینەوا-وە. مدیریة أستخبارت و أمن محافظة السلیمانیة - وزارة الدفاع العراق

هەواڵ
31-10-2022

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح وه‌ڵامی شاسوار عه‌بدولواحیدی دایه‌وه‌

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، وه‌ڵامی شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی دایه‌وه‌. له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا، عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ژماره‌یه‌ك به‌ڵگه‌ی خسته‌ڕوو و تێیدا ئاشكرای كرد، شاسوار عه‌بدولواحید، هاوبه‌شی ئیداره‌ی گشتیی یه‌كێتییه‌ - كۆمپانیای نۆكان و وتی: %20ی شوقه‌كانی پڕۆژه‌ی گوندی ئه‌ڵمانی هی یه‌كێتییه‌. هه‌روه‌ها وتی: به‌رپرسی موڵكایه‌تی كۆمپانیای نۆكان له‌ نووسراوێكدا رایگه‌یاندووه‌، رازی نین به‌ فرۆشتنی پشكه‌كانی شاسوار عه‌بدولواحید له‌ گوندی ئه‌ڵمانی. وتیشی: 14 سكاڵای 40 سكاڵاكاری پشكه‌كانی چاڤی لاند له‌ به‌رژه‌وه‌ندی شاسوار عه‌بدولواحید داخران، هه‌مووی به‌ ده‌ستوه‌ردانی سیاسیی و بێ ئه‌وه‌ی دادگایی بكرێت، دۆسییه‌كان له‌ 7ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022 به‌ یه‌كجاری به‌ ده‌ستتێوه‌ردانی سیاسی داخرا. عه‌لی حه‌مه‌ساڵح پرسیاری كرد، كاك قوباد، كاك بافڵ به‌ چ هه‌قێك ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن؟ ئه‌م ده‌ستتێوه‌ردانه‌ ده‌كه‌ن؟ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتی: 21 داوای دیكه‌ به‌ مادده‌ی 456ی یاسای سزادانی عێراقی داخران. هه‌روه‌ها وتی: سه‌یرترین نوكته‌ ئه‌مه‌یه‌، له‌ هیچ شوێنێكی دنیا ئه‌مه‌ بۆ ئۆپۆزیسیۆن ناكرێت، بۆ زانیاریتان له‌ بنكه‌ی پۆلیسی ئه‌زمڕ سكاڵا له‌ دژی سه‌رۆكی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ وه‌رناگیرێت. كۆمپانیایه‌ك له‌ كۆیه‌ سكاڵای تۆمار كردووه‌، ده‌ڵێت زیانی زۆری لێداوین، چووه‌ته‌ بنكه‌ی پۆلیسی ئه‌زمڕ و زۆر به‌ روونی وتوویانه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ فه‌رمانمان پێكراوه‌ و سكاڵا له‌ دژی ئه‌و كه‌سه‌ وه‌رناگرین. ئاشكراشیكرد، پێرێ ته‌ندرووستی سلێمانی چوون سكاڵای له‌ دژ تۆمار بكه‌ن له‌سه‌ر تۆمه‌تانه‌ی خستوویه‌تییه‌ پاڵیان، به‌ روونی پێیان وتوون له‌ سه‌ره‌وه‌ پێمان وتراوه‌ سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار نه‌كرێت. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ئاشكرای كرد، به‌ڕێوبه‌ری پێشووی بنكه‌ی ئه‌زمڕ، ناوی كاك سه‌ربه‌ست بووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ویستوویه‌تی كه‌سێكی نزیكی شاسوار عه‌بدولواحید له‌سه‌ر فه‌رمانی دادگا ده‌ستگیر بكات و مه‌فره‌زه‌ی ناردووه‌، مه‌فره‌زه‌كه‌ نێردراوه‌ته‌وه‌ و سزادراوه‌ و ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره‌ش ده‌ركراوه‌. هه‌روه‌ها وتی: په‌رله‌مانتارێك كه‌ پێشتر تۆمه‌تی بۆ درووستكرابوو، سكاڵای تۆمار كردبوو، ئێستا په‌رله‌مانتاری یه‌كێتییه‌، له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ دۆسییه‌كه‌ راگیراوه‌، دانه‌خراوه‌، واته‌ كۆنترۆڵی دادگایان كردووه‌. ئه‌وه‌یشی وت: خه‌ڵك له‌ بیرییه‌تی كۆمه‌ڵێك گه‌نج هێنرانه‌ سه‌ر شاشه‌ و وترا په‌یجه‌كانی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، به‌ڵام كوا دۆسییه‌كه‌یان له‌ دادگا، واته‌ كێ سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاته‌. عه‌لی حه‌مه‌ساڵح باسی له‌وه‌شكرد، دۆسییه‌كی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی كاره‌با هه‌یه‌ و سكاڵای تۆماركردووه‌ و پله‌ی بنبڕی وه‌رگرتووه‌ و به‌ پێی بڕیاری دادگای به‌رایی سلێمانی 626 ملیۆن دینار كه‌ جێبه‌جێكردنی زۆره‌ ملێیه‌ و تا ئێستا دۆسییه‌كه‌ وه‌ك خۆی ماوه‌ و جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. واته‌ فه‌رمانی دادگاش ده‌ربچێت، كه‌س بۆی نییه‌ جێبه‌جێی بكات. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، عه‌لی حه‌مه‌ساڵح باسی له‌ دۆسییه‌ی هاووڵاتییه‌كی كوردی باكوور كرد و وتی: بایی 1 ملیۆن و 364 هه‌زار دۆلار كاڵا و شمه‌كی پێداوه‌، له‌ 20ی ئه‌یلووله‌وه‌ داوای لێكراوه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بداته‌وه‌، تا ئێستا وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌. له‌ باره‌ی قه‌رزه‌كانی حكومه‌تیشه‌وه‌ وتی: هاووڵاتییه‌كی هه‌ژار پاره‌ی كاره‌با نه‌دات، پاره‌كه‌ی ده‌بڕن، به‌ڵام 82 ملیار و 924 ملیۆن دینار قه‌رزاره‌، واته‌ 10 هه‌زار و 500 ئه‌وه‌نده‌ی مووچه‌ی په‌رله‌مانتار، كه‌چی پاره‌كه‌ به‌ هه‌وه‌س نادات، ئێ خێره‌ یه‌كێك قه‌رزی عه‌قاری لابێت یان هاوسه‌رگیری كه‌فیله‌كه‌ی ده‌گرن، كه‌چی ئه‌و دوو ملیار دینار پاره‌ی كاره‌بای لایه‌ نایدات، ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌ك سێ ملیۆن دینار قه‌رزی لابێت كاره‌بای ده‌بڕن. وتیشی: 30 ملیۆن دۆلار قه‌رزی خه‌ڵكی لایه‌ و نایداته‌وه‌، قه‌رزی حكومه‌تی له‌سه‌ره‌ نایداته‌وه‌، كه‌س ناوێرێت قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكات، ئایا له‌ دیموكراسیترین وڵاتی جیهاندا، ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌نده‌ به‌خشنده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆندا. عه‌لی حه‌مه‌ساڵح دۆسییه‌یه‌كی دیكه‌ی ئاشكرا كرد، هاووڵاتییه‌ك به‌ ناوی نوری سه‌باح حسێن، خاوه‌نی كۆمپانیای سه‌ما لوئلوئ و له‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كدا، نووسراوه‌ به‌ 424 ملیار دینار چاڤی لاندی پێ فرۆشراوه‌. خۆ ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ ناسراو بێت و وێنه‌یه‌كی هه‌بێت و ئه‌مه‌ شوفێری كێیه‌ و بۆ كردووته‌ به‌ ناوییه‌وه‌، ئه‌مه‌ شوفێری برایه‌تی. k24

1 2 ... 485 486 487 ... 1147 1148