دەقی ئاگادارییەکە: ئاگادارییەک لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانییەوە بۆ بەنزینخانەکانی شاری سلێمانی ئاگاداری سەرجەم ئەو بەنزینخانانەی سنوری شارەوانی سلێمانی دەکەینەوە کە قەرزاری شارەوانیمانن، داوایان لێ دەکەین بە زووترین کات سەردانی سەرۆکایەتیمان- ھۆبەی بەکرێدان بکەن بە مەبەستی پاکتاوکردنی بڕی ئەو قەرزانەی لە ئەستۆیاندایە، بە پێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەرو هەڵدەستین بەداخستنیان. لەبەرئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا چەندین جار، شوێن هەیە (۱٥) جار بە نوسراومان ئاگادارمان کردوونەتەوە بۆ هەمان مەبەست. بۆ زانیار هەموو لایەکیش، ئەم کارەمان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و زیادکردنی داهاتدايه، کە بەو داهاتە دەتوانین بەردەوامیی بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانمان بدەین و زیاتر خزمەتی شاری سلێمانی خۆشەویست بکەین، بەڵام بە داخەوە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەهۆی نەبوونی داهات و بودجەی پێویست ڕاگیراون. سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ٢\١١\٢٠٢٢
فەلاح سەید مەولود ئيسماعيل بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی کانزایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایگەیاند:• دوای تەواوبوونی دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دابەشکردن لە دەوروبەر و سەنتەری شارەکان دەستپێدەکات. تا ئێستا لەناوچە شاخاوییەكان بەم شێوەیە نەوتی سپی تا 31/10 دابەشكراوە سنووری پارێزگای هەولێر: 5,802.000 ملیۆن لیتر وەرگیراوەو 2,680,200 ملیۆن دابەشكراوەو 13,401 خێزان سوودمەند بووە. سنووری پارێزگای دهۆك : 8,170,759 ملیۆن لیتر وەرگیراوەو 3,824,000 دابەشكراوەو 19.120 خێزان سوودمەند بووە. بۆ ناوچە شاخاویەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ب.نەوش و کانزاکانی گەرمیان لە بڕی 242,000 لیتر دابەشكراوەو ، 1,210 خێزان سوودمەند بووە. لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 8,000,000 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەئەمبارەكانی ب.نەوت وکانزاکانی سلێمانی خەزن کراوەو لێژنەکان ئامادەن بۆ دابەشكردنی بەڵام بەداخەوە یەكە كارگێڕییەكان سنوری پارێزگای سلێمانی نەیانتوانیوە ئەو بڕە نەوتە سپی یە كە لەكۆگاكاندا هەیە بەسەر ھاوڵاتیانی ناوچە شاخاوییەکان دابەشی بكەن.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕایدەگەیەنێت، حزبەكەی كاك جەعفەر شێخ مستەفا لە ترسی دۆڕاندنی هەڵبژاردنەكان، كێشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دروست كردووە، بەم هۆیەشەوە هەڵبژاردن دواكەوت. ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانە: جەماوەری خۆڕاگری كوردستان..كاك جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێم، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی حزبەكەی، بۆ خۆشیرینكردنەوە و خۆدەرهێنانی لەو پەراوێزخستنەی كە تووشی بووە، كۆمەڵێك قسە و ڕای كە تەبا نین لەگەڵ رەئی و بۆچوونەكانی ئەم چەند ساڵەی دوایی خۆی، دەربڕیوە. بێئومێدی لە ئاكامی سیاسەتی ناڕوون و دوور لە پرەنسیپەكانی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتیمانی حزبەكەی كاك جەعفەر شێخ مستەفا، پشتگوێخستنی رێككەوتنەكان و قبووڵنەكردنی ئاكامی هەڵبژاردنەكانە، خەڵك بێئومێد بووە، چونكە یەكێتی باكی بە ئاییندەی ئەم هەرێمە نییە، چونكە كێشە و گرفتە ناوخۆییەكانی ناوخۆی حزبەكەیان پێ چارەسەر ناكرێت، دەپرسین ئەی چۆن دەتوانن كێشەكانی كوردستان چارە بكەن؟.ئێمە لە كاك جەعفەر و هەڤاڵەكانی تێدەگەین كە دەیانەوێت سەرنجی ئەندام و كادیرانی حزبەكەیان لەسەر كێشە ناوخۆییەكان لابدەن، بە دروستكردنی ئاڵۆزی لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستاندا.خەڵك بێئومێد بووە، چونكە حزبەكەی كاك جەعفەر لە ترسی دۆڕاندنی هەڵبژاردنەكان كێشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دروست كردووە، بەم هۆیەوە هەڵبژاردن دواكەوت.ئەگەر باسی خراپیی دۆخی هەرێم و ململانێ دەكەی و ترسی لێكترازانت هەیە، چونكە هێشتا حزبەكەت چەمكی منافەسە و دوژمنایەتی لێك جیانەكردۆتەوە، بەرژەوەندیی حزبەكەی خستۆتە سەرووی بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمان و دەستكەوتەكانی ئەم هەرێمە، كە بە خەبات و خوێن بەدەست هاتوون، بۆ زانیاری كاكە شێخ، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی زۆر لەوە گەورەتر و بەئیلتیزامیترن كە بچنە لای كەسی دیكە گلەیی بكەن، یان باسی پارتەكەیان بكەن، بەڵكو ئیلتیزامی هەڤاڵان بە مەرجەعیەتی حزب و پارتایەتی ئەوەندە بەهێزە كە هێرش و قسە جنێوئامێزەكانی ئێوە و مەمانانیش بەرامبەر بە حزبەكەتان و كەسایەتییەكانی باس ناكات.وەزع و شەرحی حاڵی خۆتان بۆ خۆتان لە راگەیاندنەكانیش نەشاردۆتەوە، ئێمە دەزانین ئەو هەڵوێستەی تۆ و حزبەكەت لەبەر چییە؟. ئایا خەڵكی كوردستان ئەمە قبووڵ دەكەن، بە رۆژی رووناك و لەبەرچاوی هەمووان هاووڵاتیی ئەم هەرێمە تیرۆر بكرێ و حكوومەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان و دادگا چاوپۆشی بكەن؟ ئایا جەماوەری خۆڕاگری سلێمانی ئەو خۆسەپاندن و بێسەروبەریەی لە حكومڕانیی ئەو دەڤەرەدا هەیە، قبووڵ دەكەن؟دەپرسین تۆ و هەندێك لە هەڤاڵەكانت بۆ ئەوەندە لە داواكردنی دادگا بۆ تەسلیمكردنی چەند كەسێك كە داواكراون بۆ لێكۆڵینەوە لە بابەتی تیرۆری هاووڵاتییەكی ئەم هەرێمە تەنگاو بوون و لە هەموو ئاستەكاندا دەستتان كردووە بە هێرش و تێكدانی بارودۆخەكە؟ئێمە لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی پشوودرێژ بووین لە وەڵامنەدانەوەی كۆمەڵێك چەواشەكاری و قسەی هەڵبەستراو، بەڵام پشوودرێژیش سنووری خۆی هەیە. مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان2/11/2022
پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" هاوڵاتییەک لەلایەن ژنەکەیەوە سوتێنرا، کە بەهۆی زۆری سوتانەکەیەوە گیانی لەدەستداوە". بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى پارێزگای هەولێر رایگەیاند" شەوى رابردوو لە گەڕەکى هەڤاڵانى شاری هەولێر پیاوێک سووتا، سەرەتا وا دەردەکەوت کە خۆی سووتاندبێت، بەڵام دواتر لێکۆڵینەوەکان ئاشکرابوو کە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە سووتێندراوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ڕووداوەكە پیاوەكە ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە، بەڵام بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاویەکەی گیانی لەدەستدا، لە ئێساشدا ژنەکە لەلایەن بنكەی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە هەڤاڵان دەستگیرکراوە. پۆلیسی هەولێر دەڵێ: ژنەکە بە رەچەڵەک عەرەبە و مێردەکەی کوردە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە بەرپرسانی سعودیە ئەمریکایان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە ئێران بە نیازە هێرش بکاتە سەر هەولێر و سعودیە. بەپێی رۆژنامەکە، ئێران دەیەوێ لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە چاوی میدیا لەسەر خۆپیشاندانەکان دوور بخاتەوە. رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی رۆژی سێشەممە 1-11-2022 هەواڵێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، بەرپرسانی ئەمریکا و سعودیە هۆشدارییەکەیان بە جیدی وەرگرتووە و هەربۆیەش هەردوو وڵات و هەندێک وڵاتی دیکەی ناوچەکە ئاستی هۆشداریان بۆ هێزە سەربازییەکانیان لە ناوچەکەدا بەرزکردووەتەوە.
جەعفەر شێخ مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێم رایگەیاند، هەوڵ و بەرنامەکانى سەرۆکایەتى هەرێم بۆ یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە شکستى پێهێنرا و سەرۆکى هەرێم نیگەرانە. جەعفەر شێخ مستەفا (1-11-2022) لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ میدیاى یەکێتى وتى "ئەم سیاسەتەى ئێستاى حکومەت دۆخەکە بەرەو شەڕى ناوخۆ و لێکترازان دەبات". وتیشى "دۆخەکە گەیشتووەتە حاڵەتى دژایەتى و لەناو قەد یەکترى بڕینەوە، لەناو پایتەختدا هێزێک کەس کەس نازانێت کێیە لەژێر دەسەڵاتى حکومەتدا دەوى ماڵى جێگرى سەرۆکى حکومەت دەگرێت و هەڕەشەى لێدەکات". جەعفەر شێخ مستەفا دەشڵێت، سەرۆکى هەرێم مومارەسەى دەسەڵاتەکانى خۆى ناکات، ئەگەر سەرۆکى هەرێم دەستکراوە بووایە لەهیچ شوێنێک باسى ئەم کێشانە نەدەکرا کە ئێستا باسى دەکرێت. "ئەو بەرنامەیەى لەسەرۆکایەتى هەرێم دانرا بۆ یەکخستنەوەى پێشمەرگە هەر هەمووى شکستى پێهێنرا، دەبێت سەرۆکى هەرێمیش نیگەران بێت لەوەى بەرنامەکانى جێبەجێنەکراوە"، جەعفەر شێخ مستەفا وایوت. لەبارەى تۆمەتبارکردنى یەکێتى بە قاچاخچێتى لەسنورەکان لەلایەن پارتییەوە، جەعفەر شێخ مستەفا وتى "قەل بە قەل دەڵێت رووت رەش بێت". جەعفەر شێخ مستەفا باسى لەوەشکرد، زیاتر لە 10 جار بافڵ تاڵەبانى چووەتە لاى مەسعود بارزانى و پێکەوە کۆبوونەتەوە و چەندین بەڵێنى وەرگرتووە بۆ چارەسەرى کێشەکان، بەڵام جێبەجێنەکراون.
ئاسایشی سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا داوا لەهاوڵاتیان دەكات هەركەسێك درۆنی بینی پەیوەندی بكات بە ئاسایشەوە. دەقی راگەیەندراوەكە: ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی مۆڵەت و ڕێکارەکانی بەکارهێنانی ( درۆن ) : ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئاگاداری سەرجەم بەکارهێنەرانی ئامێری ( درۆن ) دەکات لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بکەن بۆ تۆمارکردنی ئامێرەکانیان و پێدانی ڕێنمایی لەسەر ڕێکارەکانی بەکارهێنانی، بەپێچەوانەوە بەکارهێنانی بەبێ مۆڵەت ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە و دەست بەسەر ئامێرەکەیاندا دەگیرێت. سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی دانیشتوانی شاری سلێمانی دەکەین کە بەردەوام هاوکارمان بوون لە پێدانی زانیاری بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان، داواکارین لەکاتی بینینی ( ئامێری درۆن ) دا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٠٦ ) ی بەڕێوەبەرایەتیمان ، دووبارە سوپاس.. بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ٢٠٢٢/١١/١
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند گۆڕینی نرخی دۆلار لە دەسەڵاتی بانكی ناوەندییە. راشیگەیاند، كار دەکەن لەسەر پاراستنی چینی هەژار لە كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی پانێلێک لە دیداری مێری رایگەیاند: "خەڵكی عێراق لە هەموو شتێك زیاتر پێویستییان بە خزمەتگوزارییە". ئەمڕۆ سێشەممە 1/11/2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی پانێلێک لە دیداری مێری رایگەیاند: "پێموایە ئێستا خەڵكی عێراق لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە خزمەتگوزارییە، خەڵك پێویستی بە ئاوی خواردنەوە، كارەبا، قوتابخانە، بنكەی تەندروستی، ئاسایش، ژیانێكی بەختەوەرە، بۆیە هەر سەرۆك وەزیرانێك بیەوێ سەركەوتوو بێت، دەبێ پێش هەموو شتێك هەوڵی زیادكردنی كارە خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵك بدات". گوتیشی: "كە باسی كێشەی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان دەكەین، بێگومان هەردوولا پێویستە هاوكاری یەكتر بن، ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆمان نیشان داوە و لە هەموو ڕووێكەوە ئامادەین بۆ ئەوەی هاوكاریی یەكتر بكەین". دەقی گوتەکانی سەرۆکی حکوومەت: یەكەم نەسیحەتت بۆ محەمەد شیاع سوودانی چیە؟ پێش هەموو شت هیوادارم سەركەوتوو بێت لەو ئەركەی پێی سپێردراوە، قسەشم لەگەڵی كردووە و پیرۆزباییم لێی كردووە. دەزانم ئەركێكی قورسە چونكە عێراق بە دۆخێكی قورسدا تێپەڕێت، هەندێكی لەوانەیە كاریگەریی دەرەوە بێت لەسەر عێراق و هەندێكیشی لەوانەیە بەهۆی ئەو كارانە بێت كە لە حكوومەتەكانی پێشووتر ڕوویان داوە، راستكردنەوەی ئەو هەڵانە كارێكی ئاسان نییە. من ناتوانم بڵێم وەكوو ئامۆژگاری، بەڵام وەكوو دەربڕینی رەئی، پێموایە ئێستا خەڵكی عێراق لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە خزمەتگوزارییە، خەڵك پێویستی بە ئاوی خواردنەوە، كارەبا، قوتابخانە، بنكەی تەندروستی، ئاسایش، ژیانێكی بەختەوەرە، بۆیە هەر سەرۆك وەزیرانێك بیەوێ سەركەوتوو بێت، دەبێ پێش هەموو شتێك هەوڵی زیادكردنی كارە خزمەتگوزارییەكان بۆ خەڵك. ئەگەر بەڕێز سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق زیاتر هەوڵبدات بۆ خزمەتكردنی خەڵكی، بنبڕكردنی گەندەڵی، خێراتركردنی ئیشوكارەكان تا بەپەلە بكرێن لە وەزارەتەكانەوە، ئەمە زۆر یارمەتیدەری دەبێت چونكە عێراق لە ئاستێكدا وەستاوە هەر پێشكەوتنێك زۆر دێتە بەرچاو، ئەمە پێشكەوتنێكی گەورە دەبێت بۆ سەرۆك وەزیران و ئەم حكوومەتەی ئێستا پێكهاتووە. هیوادارم لایەنەكانیش پشتیوانی بن، چونكە بەداخەوە زۆرجار دەبینین كە لایەنە سیاسییەكان لە جیاتی ئەوەی یارمەتیدەری حكوومەتەكە بن یان سەرۆك وەزیران بن بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەجێندایەی كە پێشكەشی دەكات، هەندێكجار وادەكەن حكوومەت خەریكی ململانێی سیاسی بێت، ئەمەش وادەكات ئەركی خۆی لەبیر بچێت یان رێگەی لێ دەگیرێت. هیوادارم لایەنەكانیش پشتیوانی بن بۆ ئەوەی بتوانێت سەركەوتوو بێت. ئەگەر بتەوێ یارمەتیی حكوومەتی عێراق بدەیت، چۆن یارمەتی دەدەیت؟ مەسرور بارزانی: ئێمە ئەزموونێكمان هەیە، ئەم سێ ساڵەی رابردوو بۆ ئێمە سێ ساڵی ئاسان نەبووە، ئەجێندایەكمان پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان كرد كە ئەجێندایەكی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكانی حكوومەتی هەرێم بوو، هەوڵمانداوە ئەو ئەجێندایە جێبەجێ بكەین، زۆریشی جێبەجێ كراوە، دەتوانم بڵێم ئەم كابینەیە زۆر لە چوارچێوەی ئەجێنداكانی خۆیدا كاری كردووە و زۆریشی جێبەجێ كردووە، ئێمە دەتوانین ئەو هەنگاوانەی كە تێیدا سەركەوتوو بووین یان ئەو ئەزموونەی لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا دەستمان كەوتووە، ئەو دەستكەوتانەی كە هەشبوون و لە زۆر شوێنی تریشدا گوتوومانە، دەتوانین ئەم ئەزموونانە باس بكەین و لە خزمەتی هەموو عێراقدا بەكار بێنین. چەند نموونەیەكت بۆ باس بكەم، ئێمە دەستمان كرد بە ریفۆرم یاخود چاكسازییەكان، هەرچەندە لە هەندێك حاڵەتدا دەبێ بڵێم كە چاكسازی نەبووە، دروستكردن بووە، چونكە زۆر لەو ژێرخانەی كە پێویست بووە لە ڕووی ئیدارەدان یان لە ڕووی ئابوورییەوە لەبەر زۆر هۆكار كە پێشتر كوردستان تووشی هاتووە، بوونی نەبووە، بۆیە هاتووین زۆربەی ئەو شتانەمان دروست كردووە كە زۆریشی ماوەی دەوێ تاكوو ئەنجامەكانی بێنە دەست و بەدیار بكەون، یەكێك لەو بابەتانەی كە زۆر كاری باشمان تێدا كردووە، بابەتی بە دیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكانە، بە ئەلیكترۆنیكردنی خزمەتگوزارییەكانە كە دەتوانم بڵێم لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ كوردستان ئیتر هەموو كارە خزمەتگوزارییەكانی بە شێوەی دیجیتاڵی و ئەلیكترۆنی دەكرێن و هیچ كاغەزی تێدا بەكار نایەت. ئێمە لەمەدا لەپێشین، دەتوانین ئەم ئەزموونە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لە حكوومەتی فیدرالی باس بكەین كە چۆن ئەوانیش دەتوانن ئەمە بكەن. لە ڕووی فرەچەشنكردن یان هەمەجۆركردنی ئابوورییەوە، ئێمە لە كوردستان پێموایە ئەم سێ ساڵە ئەزموونێكی سەركەوتوومان هەیە كە تەنیا بیرمان لەوە نەكردۆتەوە كە كەرتی وزە یان نەفت و غاز پەرە پێ بدەین، بەڵكوو هاتین و گرنگییەكی زۆرمان بە كەرتی كشتوكاڵ دا، بە گەشتوگوزاری دا، بە پیشەسازی دا، هەرچەندە بەداخەوە زۆریش چانسمان نەبوو، چونكە هەر لە سەرەتاوە پەتای كۆرۆنا ڕووی تێكردین و جووڵەی گەشتوگوزاری و هەتا بازرگانیش زۆر زەرەری پێ گەیاندین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێمە نەوەستاین، توانیمان هەنگاوی باش بهاوێژین، توانیمان لە رووی كشتوكاڵییەوە دەستكەوتی باش بهاوێژین، لە مانگی داهاتوو یەكەم هەناردەكردنی گەورەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەست پێ دەكات. دواتر دەتوانین باسی وردەكارییەكەشی بكەین، بەڵام دەتوانم بڵێم ئەمە دەستكەوت و هەنگاوێكی زۆر زۆر باشە كە ئێستا دەستكەوتووە و دەكرێ. تەبعەن لە زۆر رووی ترەوە ئێمە شتی باشمان كردووە. ئەگەر محەمەد شیاع سودانی بیەوێ كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، بەڵام پێویستی بە هاوكاریی ئێوە بێت، ئێوە چۆن هاوكاری دەكەن؟ مەسرور بارزانی: كە باسی كێشەی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان دەكەین، بێگومان هەردوولا پێویستە هاوكاری یەكتر بن، ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆمان نیشان داوە و لە هەموو ڕووێكەوە ئامادەین بۆ ئەوەی هاوكاریی یەكتر بكەین بۆ ئەوەی ئەم كێشانەی تاكوو ئێستا لە نێوان هەردوولامان ماونەتەوە و چارەسەر نەبوون، یەكێك لەوانە وەكوو جەنابیشت باست كرد، بابەتی كێشەی نەوت و غاز، تاكوو ئێستا عێراق یاسای نەوت و غازی نییە. دوای پەسەندكردنی دەستوور لە ساڵی 2005، یاسای نەوت و غازی نییە، یەكێك لەو شتانە ئێمە دەتوانین بە یەكەوە یاسای نەوت و غاز بنووسین و بینێرینە پەرلەمان پەسەند بكرێت، ئەمە دەبێتە چوارچێوەیەك بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ یەكتر و ئەم كێشانەی كە ئێستاش هەن، هەموویان چارەسەر دەبن بەم شێوەیە. ئەمە یەك. بابەتی دووەم، بابەتی ناوچە كێشە لەسەرەكانە كە هەموومان دەزانین، بەپێی دەستوور، ماددەی 140 دیاریكراوە كە بە چ شێوەیەك چارەسەر دەكرێت، بەڵام بەداخەوە تاكوو ئێستا حكوومەتی عێراقی نەهاتۆتە پێشەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە وەكوو لە دەستووردا هاتووە. ئەمە ئەگەر نیەتی باش لە حكوومەتی فیدرالیدا هەبێت، بێگومان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی ئەوەمان هەیە كە هاوكاریی یەكتر بكەین بۆ ئەوەی ئەم كێشەیەش چارەسەر بكرێت. ئەمەش بە چەند قۆناغێك دەكرێت كە لە دەستووردا هاتووە، نامەوێ بچمە وردەكارییەكان، بەڵام چارەسەركردنی ناوچە كێشەلەسەرەكان یەكێك دەبێت لە خاڵە هەرە گرنگەكانی نزیككردنەوەی حكوومەتی فیدرالی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئێمە ئەو ئامادەییەشمان تێدایە، بۆ نموونە ئامادەیی دروستكردنی هێزی هاوبەش یان لیوا هاوبەشەكان بۆ ئەوەی لەو سنوورانەی كە ئێستا داعشیش بە داخەوە سوودی لێ دەبینێ و لەوێدا مناوەرە دەكا و دەبێتە مەترسی بۆ سەر هێزەكانی عێراقی و خەڵكی سڤیلیش لەو ناوچانە، ئێمە ئامادەیی ئەوەمان هەیە، بەڵام تاكوو ئێستا حكوومەتی عێراق وەكوو پێویست نەهاتۆتە پێشەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە. ئەمە خاڵێكی تر دەبێت لە هاوكاریكردن. هەروەها بابەتی بودجە كە باسمان كردووە، ئێمە چەندینجار شاندی هەرێمی كوردستانمان ناردۆتە بەغدا، لە رووی تەكنیكییەوە من زۆر زۆر پشتڕاستم كە شاندی هەرێمی كوردستان هەمیشە بە دەستی پڕەوە چوون و زاڵبوون لەسەر هەموو ئەو گفتوگۆیانەی كە لەگەڵ لایەنەكانی حكوومەتی فیدرالی دەیانكرد، چونكە هەموو شت بە رەقەمە و رەقەمەكانیش دیارن، كە حكوومەتی هەرێم مافەكانی چییە و ئەركەكانیشی چییە. ئەم شتانە لەو كاتەوەی كە من هاتوون، لەگەڵ حكوومەتی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی باس كراوە، لەگەڵ حكوومەتی بەڕێز مستەفا كازمیش باسكراوە، جارێكی تریش ئێمە ئامادەین شاند بنێرینەوە بۆ ئەوەی باسی هەموو ئەو خاڵانە بكەن. حكوومەتی هەرێم چ مافێكی هەیە كە حكوومەتی فیدرالی پێی بدات، هەروەها چ ئەركێكیشی هەیە كە ئێمە جێبەجێی بكەین، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەموو ئەو خاڵانە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوە جێبەجێ نەكراوە. تۆزێك مەجالم پێ بدە خاڵێك هەیە بۆت باس بكەم. یەكێك لەو هۆكارانەی كە حكوومەتی عێراق تاكوو ئێستا نەیتوانیوە ئەم شتانە جێبەجێ بكات، سەرۆك وەزیران مافەكانی خۆی یان دەسەڵاتی خۆی بەكار نەهێناوە، یان پشتیوانی نەبووە. هەمیشە كێشەی ئەوەی هەبووە كە گلەیی ئەوەی كردووە، پشتیوانیی سیاسی لە لایەن حزبە سیاسییەكانەوە نەبووە، مەترسی هەبووە، چارەسەركردنی كێشە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە لایەن هەندێك حزبەوە دژی سەرۆك وەزیران بەكار هاتۆتەوە، لەبەر ئەوە پاشگەز بۆتەوە كە بێن ئەوە چارەسەر بكەن. بۆیە چارەسەری ئێمە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی نە تەكنیكییە نە یاساییە، سیاسییە، بڕیاری سیاسی لە بەغدا هەبێت، ئێمە دەتوانین هەموو ئەم بابەتانە بە ماوەیەكی زۆر زوو چارەسەر بكەین. قسەكانی ئێوە هەندێك دەستپێشخەری تێدایە، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بڕیاری داوە لە شەش مانگدا هەندێك كێشەی گەورە چارەسەر بكات، ئایا بە نیازی دەستپێشخەریت؟ مەسرور بارزانی: ئێمە هیوادارین، تەبعەن ئێمە پێشتر قسەمان كردووە لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران و ئەو لایەنانەی لە پێكهێنانی ئەم حكوومەتەش بەشدارن، هەندێك بنەما هەن كە ئێمە ڕێككەوتووین لەسەری، یەكێك لەو شتانەی كە جەنابت باسی دەكەیت، ئێمە داوامان نەكردووە مافمان بدەنێ، مافی خۆمانە، ئەگەر تاكوو ئێستا وەرماننەگرتووە، لێمان سەندراوەتەوە نەك بە ئێمەیان نەدابێت، چونكە هی خۆمانە و ماف بە كەس نادرێت، بەڵام ئێمە لەسەر هەندێك بنەما تێگەیشتنمان هەیە. یەكێك لەو شتانەی كە ئێمە داوامان كردووە شەراكەتی راستەقینەیە، بۆچی؟ ئێمە نامانەوێ بچین بەشداربین لە حكوومەت، بەشداریكردن لە حكوومەت لەگەڵ ئەوەی تۆ خاوەن بەش بیت لەگەڵ ئەوەی بەشداریی راستەقینە بكەیت لە حكوومەت، دوو شتی جیاوازن. دووەم، بابەتی ئەو پۆستانەی كە بڵێم بەشی ئێمە و خەڵكی ئەم ناوچەیەن، ئەوانەش پێویستە وەكوو خۆی پێیان بدرێ بەپێی ئەو رێژەی دانیشتوانەی كە هەیە، خەڵكی بە توانا هەن، من ناڵێم ئەوەی پێشتر باسی موحاسەسە و ئەوانە دەكرا، من نازانم هەندێكجار ئەو وشانە بەكار دەهێندرێن، بە دروستی نازانم، چونكە خەڵكی بە كەفائەت لە نێو هەموو پێكهاتەكان هەیە و دەتوانن دەوری خۆیان ببینن، لە لایەكی ترەوە بابەتی بڕیاردان لەسەر بابەتە ستراتیژییەكان، ئێمە دەمانەوێ هاوبەش و بەشدار بین لە بڕیاردان لە بابەتە ستراتیژییەكان لە عێراقدا بۆ ئەوەی شتەكان بەسەر ئێمەدا نەسەپێ، ئەگەر ئێمە بەشێكین لە عێراقێكی یەكگرتوو، دەبێ خاوەن هەموو مافێك بین و خاوەن هەموو بڕیارێكیش بین و بەشدار بین لە وەرگرتنی بڕیارەكان، پێموایە نیەتی خۆمان پیشان داوە، من ئامادەم هەر كاتێكیش پێویست سەردانی بەغدا بكەین، دەچین و شاند دەنێرین بۆ بەغدا بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو كێشانە بكەین، ئەوەی بتوانین یارمەتییان بدەین، ئێمە ئامادەین، بەڵام چاویشمان لەوەیە كە چیتر مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل نەكەن و بۆمان بگەڕێننەوە. بەشداریی ئێمە لە بەغدا تەنیا بە ڕێگەی نوێنەرایەتی نییە، هەر كەسێك خەڵكی كوردستان لە بەغدا پۆست وەربگرێ، دەبێ نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستانیش و هەموو عێراقیش بكات، بۆیە زۆر پۆست هەیە كە هی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، جگە لە پۆستە وەزارییەكان، لە پۆستەكانی خوارووتریش هێشتا ماونەتەوە و پڕنەكراونەتەوە، بەداخەوە لە حكوومەتەكانی پێشووتر بە شێوەیەكی سیستەماتیكیش ئەم پۆستانە لە كورد خاڵی كران، كوردەكان بەدەر نران و خەڵكی تر لە شوێنیان دانران، ئێستا پێویستە ئەم پۆستانە جارێكی تر پڕ بكرێنەوە. بوونی خەڵكێكی زۆری هەرێمی كوردستان لە بەغدا و حكوومەتی فیدرالی، دەبێتە هۆكارێك بۆ پتەوكردنی ئەو پەیوەندییەی كە هەموو گلەیی لێ دەكەن و دەڵێن سست بووە، یەكێك لە هۆكارەكانی ئەمەیە چونكە ڕێگە نەدراوە ئەم پەیوەندییە پتەو بكرێت. ئەمەش نەك لە لایەن خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە، هەرێمی كوردستان هەمیشە تووشی پەرچەكردار بووەتەوە لەوەی كە ڕێگەی لێ گیراوە، ئینجا هەرێمی كوردستان هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەم هەنگاوانەی حكوومەتی فیدرالی ببێتەوە، ئەگەر ئێستا دەرگای بەغدا بە رووی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی كراوە بێت، من دڵنیام خەڵكێكی زۆر بە توانامان هەیە، دەتوانن هەم ئەزموونی هەرێمی كوردستان ببەن بۆ بەغدا، هەم دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر بگێڕن لە هاوكاریكردنی حكوومەتی فیدرالی. حەز دەكەین بزانین لەو كارنامەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی پەرلەمانتان كرد، لە چەند بواردا پێشكەوتن بەدەست هاتووە؟ جەنابت پرسیارت كرد و وەڵامی بەشێك لە پرسیارەكەشت دایەوە، راستە ئێمە ئەجێندایەكت پێشكەش كرد كە لە چەند خاڵێك پێكهاتبوو، بەڵام ئەوەی زۆر دیاربوو ئەوەیە كە ئێمە داوامان دەكرد چاكسازی بكرێ و بەرەو پێشچوون هەیە و ئەجێندایەكی هاوبەش هەیە كە چۆن بتوانین ئەم شتانە جێبەجێ بكەین لە ماوەی چوار ساڵی تەمەنی ئەم حكوومەتە. بەداخەوە وەك خۆیشت باست كرد، كۆڤید 19 یەكێك لە كێشەكان بوو، كە ماوەیەكی زۆر پەكی حكوومەت و دامودەزگاكان كەوت، نەمانتوانی وەكوو پێویست ئەجێنداكانمان جێبەجێ بكەین، لە رووی بازرگانی و جووڵەی بازرگانییەوە كێشەی زۆرمان تووش بوو، نرخی نەوت لە سەرەتاوە زۆر دابەزی، دوای ئەوە جارێكی تر بەرز بوویەوە، كێشەی بودجەش لەگەڵ حكوومەتی بەغدا دیسان بەردەوام بوو، حكوومەتی بەغدا بەداخەوە بودجەی هەرێمی كوردستانی نەنارد، كەواتە ئێمە ئەگەر بێین بڵێین شێوازی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە بووە كە بەداخەوە زۆربەی داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ مووچە دەڕوات، بەرنامە و سیاسەتێكی ئابووریی واشمان نەبووە كە ژێرخانێكی وامان هەبێت ئێمە بتوانین ئیعتیماد لەسەر جۆرە داهاتی تر بكەین، بۆ یە كە هەستمان بەو شتە كرد، سەرەتا هاتین گوتمان با ئابووریی خۆمان هەمەجۆر بكەین و پشت بە تەنیا جۆرێكی داهات نەبەستین، بۆیە من ئەم شتە دەڵێم با باسی جۆرە داهاتەكان بكەین لەوەی لە حكوومەتی عێراق دەهات، ئەوەی لە فرۆشتنی نەوتە لەگەڵ داهاتی غەیری نەوتی كە هی هەرێمی كوردستانە. داهاتی غەیری نەوتی بەداخەوە داهاتێكی كەمە، بەپێی ئەو سەروەت و سامانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، داهاتی غەیری نەوتی لە ئاستی پێویستدا نییە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئابووریی خۆمان بەرەو پێشەوە ببەین، دەبێ ئەم سێكتەرە بەهێز بكەین، لە بەرنامەی حكوومەتدا یەكێك لە سێكتەرە سەرەكییەكان ئەوە بووە كە ئێمە چۆن بێین ئابووریی خۆمان هەمەجۆر بكەین، چۆن كشتوكاڵ زیاتر بكەین و بەرهەمە پیشەسازییەكان زیاتر بكەین، لە ڕووی گەشتیارییەوە چۆن شتی باشتر بكەین؟ لە رووی تەندروستی و خوێندنیشەوە پێویستیمان بە ریفۆرمێكی باشتر هەبووە. من چاوەڕێی ئەوە بووم بێین ڕیفۆرمێك بكەین، بەڵام لە راستیدا كە دەچیتە نێو وردەكارییەكان، نەك ریفۆرم، بەڵكوو دەبێت زۆر شت لە بنەڕەتەوە دروست بكرێت كە بەداخەوە بوونی نەبووە، كێشەیەكی گەورەشمان تووش بوو لەوەی كە ماوەیەكی دوور و درێژ تووشی شەڕ بووین، شەڕی داعش هەبووە، ئەو كێشەی سیاسی كە لە نێوان بەغدا و حكوومەتی هەرێم بووە، ئەمانە ڕێگر بوون لەوەی حكوومەتەكانی پێشووی ئێمەش تەركیز لەسەر دروستكردنی ئەم جۆرە ژێرخانە بكەن، ئێمە دەبێ لە ئێستاوە هەوڵبدەین ئەم كێشانە چارەسەر بكەین. یەكێك لەم شتانەی باسم كرد، مەسەلەی بە دیجیتاڵكردن یان بە ئەلیكترۆنی كرد، خەڵك نازانێ یان بەدیار ناكەوێ، چەند ساڵێكی پێدەچێت و ئەوكاتە ئەنجامەكەی بەدەر دەكەوێت. وەك باسم كرد كە وەبەرهێنان دەكەیت لە رووی كشتوكاڵییەوە بەرهەمەكەی دوای ماوەیەكی تر بەدەر دەكەوێت، ئێمە زۆر لەو شتانەی دەستمان پێكرد، هەتا لە ریفۆرمكردن لە كەرتی تەندروستیش كە زۆر لەمێژە دەستمان پێ كردووە، تەواو نەبووین. لە بابەتی خوێندن و خوێندنی باڵا ریفۆرممان دەست پێكردووە، تەواو نەبووین، قەتیش تەواو نابێ، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو ئومێدمان وایە بەرەوپێش بچێت. یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان كە ئێمە هەروەكوو باسم كرد كۆڤید و ئەو كێشە ئابوورییەی هەبووە، بابەتێكی تر پشتیوانیی لایەنە سیاسییەكان بۆ پرۆژەی حكوومەت نەبووە، حكوومەت وەكوو دەزگایەك بینراوە كە هەندێك خەڵك لەوێن و حزبەكانیش شتی ترن. ئەگەر هەموو خەمی ئەوەیان بێت كە چۆن خزمەتی خەڵك بكەن، دەبێ لێرەدا لەگەڵ خەڵك راستگۆ بن، بە باش بڵێن باش و بە خراپیش بڵێن خراپ، چاكە پاداشت بكەن و سزای خراپە بدەن. بەڵام بەداخەوە لەبەر ململانێی سیاسی، زۆرجار ئیشی چاكیش پاداشت ناكرێ، بە عەكسەوە هەوڵی چەواشەكردنی راستییەكان دەكرێت، بەداخەوە ئەو پشتیوانییەی كە من چاوەڕێ بووم لە لایەنەكان، نەمبینی. ئەگەر لایەنەكان هەموو پشتیوان بن بۆ حكوومەت و رەخنە بگرن، شتەكان ئەگەر بەهەڵەدا رۆیشتن، ڕێگەمان لێ بگرن و بمانهێننەوە سەر ڕێگە راستەكە، سوپاسیان دەكەم، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەكەم، ئەگەر شتی باشیش كرا، دەستخۆشی بكرێ و پشتیوانی بكرێ. ئێمە سەرەڕای ئەو هەموو كێشە و گرفتانەی كە هەمان بووە، باسی بڕینی بودجە لە لایەن حكوومەتی عێراق و بابەتی كۆڤید و نرخی نەوت و هێرش و درۆن و هەموو ئەو شتانەمان كردووە، بەڵام لەم كابینەیەدا مووچە هەموو مانگێك دراوە، هەندێكجار دواخراوە، چەند مانگێكیش نەمانتوانی هەمووی بدەین، بەڵام بە ڕێژەی 79-80% مووچەمان داوە. حكوومەتێك وێڕای ئەو هەموو ئاڵنگارییانە، توانی لەسەر پێی خۆی بوەستێت، یەك فلسیش قەرز نەكات، نەك هەر قەرزمان نەكردووە، دوو ملیار دۆلار قەرزی پێشتریشمان داوەتەوە. بۆ ئەوەی بۆ خەڵك دیار بێت، توانیومانە بۆ خەڵك كار بكەین و توانیومانە بەرەو پێشەوەش بچین. ئەوەی لە حكوومەت من هەوڵمداوە حكوومەتێكی خزمەتگوزار بین، راستە پشتیوانیی لایەنە سیاسییەكانمان لا گرنگە و داوا دەكەم پشتیوانمان بن، بەڵام هەوڵدەدەم كە حكوومەت لە ململانێی سیاسیی بەدوور بێت. وابەستەییەكی زیاتر لە نێو كابینەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرەكاندا هەبێت. راستە ناكۆكیی سیاسی و ململانێ دەبێت، بەڵام دەتوانم بڵێم كابینەیەكی سەركەوتوو بووە و لە هەمووشی گرنگتر، هیچ یەكێك لەم كێشانە وای نەكرد كە ئێمە چۆك دابدەین و بڵێم تەسلیمی ئەو واقیعە ناخۆش و تاڵە بین، بە عەكسەوە پێشكەوتووین و ئیشەڵا هەنگاوی باشتریش دەنێین. چاوەڕێی قووڵكردنەوەی یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووین، دەكرێ پێمان بڵێی چۆن ئەو كێشانەی ئێستا هەتە، نەمێنێت؟ چۆنیش دەتوانیت حكوومەتەكە هەمووی لە دەوری یەك حكوومەت بە دامەزراوەیی بكەیت؟ مەسرور بارزانی: جارێ باسی ئەوەت كرد كە ئەم پەرلەمانە یان ئیدارە لە دوای ئیدارە لاوازتر دەبێت، من هاوڕانیم لەگەڵ جەنابت. پێموایە ئەم پەرلەمانە پەرلەمانێكی ئەكتیڤ بووە و سەركەوتووش بووە، زۆرترین تێكەڵاویی حكوومەت و پەرلەمانیش لەم كابینەیە و پەرلەمانە بووە، زۆرترین وەزیر سەردانی پەرلەمانیان كردووە و بەشداریش بوون، تێكەڵی یەكتر بوون هەم لە بابەتی چاودێری و هەم لە بابەتی هاوكاری، هاوكاریش هەبووە. لەسەر بابەتی حوكمڕانییەكی یەكدەست، ئەم شتانە بە موجامەلە ناكرێت، دەبێ ئێمە واقیعی بین، ئەگەر هەموومان راست دەكەین، كە ڕووبەڕووی واقیعێك دەبینەوە، دەبێ هەموومان هەست بە بەرپرسیارێتی بكەین. من لەم حكوومەتە لەسەرەتاوە هەوڵێكی زۆرم دا بۆ ئەوەی بزانین ئەم حكوومەتە خەرجییەكانی چۆنە، لە شوێنێكدا ئەو ڕیفۆرمە ئابووری و ئیدارییەی گوتمان دەست پێ دەكەین، یەكێك لەو شتانەی ئەوە بوو كە خەرجیی ئەو حكوومەتە كەم بكەینەوە، بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكەش دەبوایە بزانین داهات چەندە، ئێمە هەوڵمان دا و زۆریش یارمەتی داین، چونكە كاتێك كە تووش بووین، هەر بڕینی ئەو خەرجییەی حكوومەت كە زۆر زۆر بوو، كەمكردنەوەی وایكرد ئێمە لە پێدانی مووچەش بەردەوام بین، زۆر یارمەتی داین. ئینجا لێرەدا دوایی گلەیی كرا كە ئەنەما هەموو شت بە مەركەزی دەكرێ و هەموو داهاتەكان بە مەركەزی دەكرێن و داوا كرا دەسەڵاتەكان شۆڕ بكرێنەوە بۆ ئاستی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، لەسەر ئەوەش من رازی بووم و دەسەڵاتەكانمان شۆڕ كردەوە بۆ ئاستی پارێزگاكان، هەندێك پارێزگا زۆر سەركەوتووبوون لە ئیدارەدانی بابەتی ئابووری و داهاتەكانی خۆیان لە هەندێك پارێزگای تر. دوای ئەوە دیسان گلەیی كرایەوە كە ئەنەما داهاتی فڵان شوێن كەمبۆتەوە یان گەمارۆی خراوەتە سەر كە ئەمە وا نییە. حكوومەت كە دەسەڵات دەدات بە لایەنێك، دەبێت بەرپرسیارێتییەكەشی لەگەڵ قەبوڵ بكات، دەسەڵات لەگەڵ بەرپرسیارێتی دێت، تۆ بتەوێ خاوەنی ئابووریی ناوچەكەی خۆت بێت، دەبێت بەرپرسیاریش بیت. ئەمە یەكێك بووە لە بابەتەكانی مەسەلەی حوكمڕانی. بۆیە دەڵێم بە موجامەلە ناكرێ، حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی حكوومەتێكی یەكدەست و سەركەوتوو بێ، دەبێ لە ورد و درشتی ئەم هەرێمە و داهاتەكانی و بابەتەكانی خۆیشی ئاگادار بێ، دەسەڵات شۆڕكردنەوە جیاوازە لەوەی تۆ ئاگادار بیت. دەبێ ئاگادار بین ئەم داهاتە لە كوێوە دێ و بۆ كوێ دەچێ؟ دەبێ ئاگادار بین وەزارەتی داراییمان هەیە چۆن هەماهەنگی بكات لەگەڵ پارێزگاكان بۆ شێواز و چۆنیەتیی دابەشكردنی. ئەمە بابەتێكی سەرەكییە كە كێشەیە، ئەگەر ئەمەمان چارەسەر كرد، ئیتر بابەتەكانی دیكە دەتواندرێ چارەسەر بكرێ. ئەگەر وەبەرهێنانی دەرەكی بێتە ناوەوە، چۆن دڵنیاییان پێ دەدەن؟ مەسرور بارزانی: ئێمە هەوڵمانداوە لە كابینەكانی پێشووتریش هەوڵدراوە، یاسایەك لە هەرێمی كوردستان هەبووە كە یاسایەك بووە زۆر پشتگیری لە وەبەرهێنەران كردووە و وەبەرهێنەرانی دەرەوەش توانیویانە بەپێی ئەو یاسایە بێن و وەبەرهێنانی خۆیشیان بكەن. ئێمە بۆ هەمواركردنەوەی ئەم یاسایە و زیاتر راكێشانی وەبەرهێنانی دەرەوە، هەتا یارمەتیی وەبەرهێنەرە ناوخۆییەكانیش بدەین، هەندێك بابەتمان هەموار كردۆتەوە لە بەرژەوەندیی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان. خەڵك كە دێ وەبەرهێنان دەكات، چاوی لەوەیە كە سەروەت و موڵك و ماڵی پارێزراو بێت، ئەمنیەت و ئاسایش یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان كە هەمیشە هەرێمی كوردستان شوێنێكی لەبارتر بووە لە ناوچەكانی تری عێراق. كەواتە بوونی ئاسایش خاڵێكی ئەرێنییە بۆ راكێشانی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی كوردستان. هەروەها بابەتی متمانە و بڕوابوون بە دەسەڵات و حكوومەت، ئێمە بە یاسا پابەندیی حكوومەت و دەسەڵاتمان بە وەبەرهێنەر نیشان داوە و ئەمە یاسایە كە چۆن حكوومەت دەتوانێت موڵك و ماڵ و ئەو سەروەتەی كە لێرە وەبەرهێنانی تێدا دەكات، پارێزراو دەبێت بە پێی یاسا و حكوومەتیش پشتیوانی دەبێت، ئێمە بە دڵنیایەوە دەتوانین بە هەموو وەبەرهێنەرێك بڵێین، كە ئەوان دێن بەپێی ئەو یاسایە وەبەرهێنان دەكەن، هەم ئاسایش لێرە فەراهەمە، هەم حكوومەت نەك تەنیا پابەندیی خۆی بە پاراستنی موڵك و ماڵیان پیشان دەدات، بەڵكوو لە زۆر شوێن ئاسانكاریشیان بۆ دەكات، لە لێخۆشبوونی باج و ڕسوومات و زۆر شت، بەپێی وەبەرهێنانەكە جیاوازە بەڵام حكوومەتی هەرێم زۆر هەنگاوی ئەرێنی هاوێشتووە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بەرەو ئێرە بهێنێت. هەرێمی كوردستان دەتوانێت دەروازەیەك بێت بۆ شوێنەكانی تری عێراقیش وەكوو ئەزموونێك بەكار بێت بۆ ئەوەی هەر كاتێك لە شوێنێكی تری عێراق، دۆخی ئابووری و ئەمنی باشتر بوو، لێرەوە بچنە شوێنەكانی تری عێراق. بۆیە پێویست ناكات چاوەڕێ بن لە دەرەوەی عێراق، هەموو عێراق پێكەوە باش بێت. خودی باشكردنی دۆخی ئابووری لە عێراق، یارمەتیدەری باری ئەمنی و سیاسیش دەبێت. چەند باری ئابووری لە وڵاتێك بەرەوپێش بچێت، باری ئەمنیش بەرەوپێش دەچێت و سەقامگیریی سیاسیش تێیدا بەرقەرار دەبێت. ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئەو ئامادەییەمان هەیە و دڵنیاشیان دەكەینەوە، هیوادارم سوود لەم پانێڵەش بكەین و زیاتر بێن وەبەرهێنان لە كوردستان بكەن. گەندەڵی كێشەیەكی گەورەیە لەبەردەم وەبەرهێنان، چ پێشكەوتنێك لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەدی هاتووە؟ مەسرور بارزانی: هەروەك چەندجار باسم كردووە، بابەتی بنبڕكردن و كەمكردنەوەی گەندەڵی لەوانەیە باشتر بێت بڵێین، تەنیا ئەوە نییە كە خەڵكێكی گەندەڵ ڕووبەڕووی دادگا بكرێتەوە و سزا بدرێت، بەڵكوو دەبێت سیستەم رێك بخرێتەوە بۆ ئەوەی مەجالی گەندەڵی لە سیستەمەكەدا نەبێت. ئێمە لەمەدا هەنگاوی زۆر باشمان هاوێشتووە لە چۆنیەتیی شەفافكردنی هەموو ئەو كارە خزمەتگوزارییانەی كە لە حكوومەتی هەرێمدا دەكرێن، بۆ نموونە كڕینی پێداویستیی هەر وەزارەتێك هەمووی بە ئۆنلاین دەكرێ، كەس ناتوانێ یاری پێ بكا و بڵێ نرخی ئەم شتە ئەوەندەیە، ئۆنلاینە و هەموو كەسێك دەتوانێت بیبینێت، داوای چەند دەكەن، لێژنەی پسپۆڕ هەیە دەبێ بەدواداچوون بكات و بزانێت چۆن دەكرێن. بۆیە نەهێشتنی ئەم جۆرە ڕێگایانەی كە یاری تێدا بكرێت، هۆكارێكی گەورەیە لە كەمكردنەوەی گەندەڵی، ناڵێم بنبڕكردن، بەڵام لە بەرامبەر ئەوە دەبێ سزاش هەبێ بۆ ئەو كەسەی كە سەرپێچی دەكات، سزا هەبێ بەرامبەر بەو كەسەی كە گەندەڵیش دەكات. گەندەڵی تەنیا بەفیڕۆدانی پارە نییە، زۆر شتە، ئەگەر سیستەمەكە ڕێك بخرێ و سیستەم رێگەی ئەوە نەدا كەسێك گەندەڵی تێدا بكات، ئەوكاتە كەسێك نیەتی گەندەڵیشی هەبێ، بەڵام رێكارەكەی نەبێت، چۆن بیكات؟ ئەمە ئەوەیە كە من زۆر داكۆكی لەسەر دەكەم، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە لای منەوە دروستكردنەوە و راستكردنەوەی سیستەمەكەیە، ئەمە و لەسەر ئەمەش ئیشی باشمان كردووە و هەنگاوی باشیشمان هاویشتووە. دووەم، گەورە باجدەر و كۆمپانیا گەورەكان یان بچووكەكان، من زۆر زۆر لەگەڵ ئەوەم كە ئێمە یارمەتیی هەموو جۆرە كۆمپانیا و كەرتی تایبەتیش بدەین كە پێشتر لێرە لە پانێڵێك بە درێژی باسی ئەوەم كردووە ئەم بابەتە چۆنە. پێشتر باسی ئەوەم كرد كە بەداخەوە ئێمە لە هەرێمی كوردستان زۆربەی داهاتەكەمان بۆ مووچە دەڕوات، بەشێكی كەمی دەمێنێتەوە بۆ دروستكردنی پرۆژە یان یارمەتیدانی ئەو گەنجانەی ئێستا دەیانەوێ بۆ خۆیان بزنس بكەن، لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا ئێمە دامەزراوەیەك رادەگەیەنین كە چۆن یارمەتیی ئەو داهێنان و بۆچوون و بزنسی سەرەتایی ئەو گەنجانە بكات، هەر كەسێك فكرەیەكی باشی هەبێت بیهێنێ، حكوومەت یارمەتی بدات، دواتر ئەمە ببێتە كارێك. دروستكردنی هەلی كار وادەكات كەرتی تایبەت پەرە بستێنێت و گەورە ببێت، ئەمە یارمەتیی حكوومەت دەكات لە چەند ڕووێكەوە، یەكەم خەڵك هەمووی چاوی لە دامەزراندن لە كەرتی گشتی نابێت، حكوومەت پێویستی بەو هەموو خەڵكە نییە، پێویستی هێشتاش بە خەڵكی نوێ و خوێنی نوێ هەیە، بەڵام بەو رێژەیەی كە مەقبوولە، نەك تەنیا شوێنی كاركردن حكوومەت بێت، بەڵام دەبێ خەڵك ئیختیاری هەبێ، لە كەرتی تایبەت كار بكەم یان لەگەڵ حكوومەتژ؟ كەسێكی ئەندازیار بتوانێت لە كەرتی تایبەت داهاتێكی باشتری هەبێت، بێگومان دەچێ لە كەرتی تایبەت ئیش دەكات، ئەوكاتە كە حكوومەت پێویستی پێ بوو، لەوانەیە داوای ئیمتیازاتی باشتر بكات. ئەگەر بمانەوێ كەرتی تایبەت پێش بكەوێ، پێویستە دڵنیایی و بیمەی كۆمەڵایەتی و خانەنشینی هەبێ، ئێمە لە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆمان لەگەڵ پەرلەمانیش كرد كە چۆن ئەم یاسایە هەموار بكرێتەوە و یارمەتیی ئەوە بدەین كەرتی تایبەت بەرەوپێشەوە بچێت. ئەمەش بەشێكی گرنگە لە دروستكردنی ئەو جۆرە ئابوورییەی كە هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر دەبات. تەبعەن شتێكیتریش هەیە وەك دروستكردنی كەرتی بانكی كە یەكێكە لە بابەتەكان، چونكە زۆربەی وەبەرهێنەران كە دێنە هەرێمی كوردستان، كێشەی ئەوەیان هەیە لە مەسەلەی مامەڵەكردن لەگەڵ بانك، بەڵام بانك لە لایەن حكوومەتی فیدرالییەوە بە شێوەیەكی مەركەزی كۆنتڕۆڵ دەكرێ، بۆیە داوامان كردووە بانكێكی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان كە فەرعی بانكی مەركەزیی عێراقی بێت، ئەم كارە بكات، هەروەها لەگەڵ كەرتی تایبەتیش ئیش بكەین. ئێمە بەرنامەمان هەیە لە چوارچێوەی ئەو كارنامە و ریفۆرمەدایە كە پێموایە لە ماوەی چەند مانگ یاخود ساڵی داهاتوودا ئیشەڵا بەرهەمەكانی ببینین. باسێكی دیكە ئازادیی رادەربڕین و ئاییندەی شێوازی حوكمڕانیمانە، لەم دواییانە جەنابت رۆژنامەنووست زۆر دەبینی، هەستێك هەیە بە دڵنیاییەوە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە، ئەم بابەتە تا چ رادەیەك ڕێنیشاندەری كاری حكوومەت و سیاسەت و حزبەكانی دەسەڵاتە؟ مەسرور بارزانی: من دەمەوێ دڵنیا بن لەوەی بە هەموو جۆرێك پشتیوانی دەربڕینی رام و ئەمە شتێك نییە مەسەلەی موجامەلە بێت، مەبدەئیە و بڕوام پێیەتی، شتەكان دەبێ وەكوو خۆی ببینرێ و بگوترێ، لە دیدارەكانیش لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان زۆر گفتوگۆمان كردووە و ڕێنمایی ئێمەش بۆ حكوومەت ئەوە بووە كە زیاتر پەیوەندییان هەبێ و ئەم زانیارییانەی كە پێویستە لە راگەیاندن داوای دەكەن، پێیان بدەن. بەڵام بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشە، لە ئەنجامدا هەموومان هاووڵاتیی ئەم وڵاتەین و هەست بە بەرپرسیارێتیی پیشەیی خۆشمان بكەین. یەكێك مەبەستی بێت یارمەتیی حكوومەت بدات، مەبەستی بێت یارمەتیی پیشەكەی خۆی بدات، دەبێ لێیشی بزانێت، من 100 لەگەڵ ئەوەم كە هەر كەسێك بیەوێت پیشەییانە كاری خۆی بكات، ئێمە بە هەموو شێوەیەك پشتیوانییان دەكەین. دەكرێ پێمان بڵێی كە لە كۆنگرەی پارتی هاتیتەوە، چ بەرچاوڕوونییەك بە خەڵك دەدەیت؟ مەسرور بارزانی: پارتی وەكوو حزبێكی رەسەنی كوردی، دەتوانم بڵێم بزووتنەوەیەكی رزگاریخوازیی كوردستانیییە، تەنیا ئەوە نییە بڵێی حزبێك بێ هی ناوچەیەكی تایبەت یان هی چین و توێژێكی تایبەت بێ، حزبێكی فراوانە و هەموو ئایین و نەتەوەش لە نێو پارتیدا هەیە، زیاترین كۆنگرەشی كردووە وابزانم. یەكێك لە هۆكارەكانی دواخستنی كۆنگرەكانی پارتی شەڕی داعش بوو، دوای ئەوەی ریفراندۆم و ڕووداوەكانی دوای ریفراندۆمیش وای كرد كە كۆنگرە دوابكەوێت، ئێستاش كە دەچینە كۆنگرە، بێگومان هەندێك بنەما هەیە لە نێو پارتی، ئەو بنەمایانە نەگۆڕن و وەك خۆیان بەردەوام دەبن كە ڕێبازی پیرۆزی بارزانییە بە لای ئێمەوە. پارتی وەكوو لایەنێكی سەرەكی بۆ پەرەپێدان و پێشخستن و ئاوەدانی و بەرگریكردن لە خاك و نیشتمان بەردەوام دەبێت، ئیتر شتەكانی تر لەوانەیە جوزئی بن لەو گۆڕانكارییانەی دەكرێن.
شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٠ تاوەکو ١ی ١١ی ٢٠٢٢ دەتوانرێت بهێندرێتە نێو هەرێمی کوردستان و دواتر تەنها رێگە بەهاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ دەدرێت ڕاشیگەیاند، هەموو ساڵێک لە ١ی تشرینی دووەم مۆدێلێک ئۆتۆمبێل لادەبرێت و رێگە بە هێنانە ژوورەوەی جۆرێکی دیکە دەدرێت. وتیشی، بۆیە هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٠ تاوەکو کاتژمێر ١٢ی شەوی رابردوو رێگەپێدراو بووە و لە ئەمڕۆوە هاوردەکردنی راگیراوە. هاوکات، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئاشکرای کرد، ئەوەی هەیە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆیە و بۆ هەموو دەروازە سنوورییەکانە لە پەروێزخانیش جێبەجێدەکرێت، لە کاتژمێر ١٢ ی شەوی رابردوەوە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٠ راگیراوە.
وەزیی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رێنمایی بۆ مووچەی ئەو فەرمانبەرانە دەردەكات كە تەنسیبن و لە فەرمانگەكانی حكوومەتی عێراق دەوام دەكەن. ئەمڕۆ سێشەم 1-11-2022، بەپێی ئەو نووسراوەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ئاراستەی فەرمانگەكانی حكوومەت كراوە، رێنمایی نوێی وەزارەتی دارایی لەبارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تەنسیب كراون بۆ دامەزراوەكانی حكومەتی عێراقی فیدراڵ دیاری كراوە. لە بڕیارەكەدا هاتووە، بەپێی رێنمایی ژمارە 15 ساڵی 2022، ئەو فەرمانبەرانەی لە حكومەتی عێراق بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنسیب دەكرێن، ئەوا مووچە و دەرماڵەكانیان لە حكومەتی فیدراڵی وەردەگرن. بەشێكی بڕیارەكە ئەوەیە ئەو فەرمانبەرانەشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی عێراق تەنسیب دەكرێن، ئەوا مووچە و دەرماڵەكانیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە رایگەیاند، سزاکان ئەو کەسایەتی و دامەزراوە ئەمریکییەکانە دەگرێتەوە کە تۆمەتبارن بە مامەڵەکردن دژ بە مافەکانی مرۆڤ، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران، ھاندانی کردەی توندووتیژی و کردەی تیرۆریستی لە ئێران. لە سزاکاندا جگە لە کەسایەتییە پلە باڵاکانی وەک مایکل کوریلا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، گریگۆری گیلۆت، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و والی ئادێیمۆ جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، هەروەها ئیسکات دسۆرمیکس، فەرماندەی بنکەی ئاسمانی ئەمریکا لە ھەولێر و ھێزی نۆیەمی ئاسمانی و دەزگای ھەواڵگری "CIA"ی ئەمریکا و پاسەوانی نیشتمانیی خراونەتە لیستی سزاکانەوە. ئاماژە بەوەشکراوە، پێدانی ڤیزا لەو کەسانە قەدەغەدەکرێت کە ناویان لە لیستی سزاکاندا ھاتووە، ھەروەھا دەستبەسەر موڵک و سامانی داراییاندا دەگیرێت و ھەژمارە بانکییەکانیان بلۆک دەکر