لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، پرسی مووچەی فەرمانبەران وەک کارتێکی فشار لە ململانێکاندا ماوەتەوە. جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دەدات لەوەی نابێت چیتر بژێوی خەڵک بکرێتە قوربانیی ناکۆکییەکان. مەرجەکانی بەغدا بۆ ناردنی مووچە: بەپێی زانیارییەکان، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بۆ ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی شوبات، کۆمەڵێک مەرجی نوێی خستووەتە بەردەم هەرێم، گرنگترینیان ئەمانەن: داهاتی نانەوتی: ڕادەستکردنی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بە گەنجینەی فیدراڵ. دۆسیەی نەوت: پێشکەشکردنی نووسراوی فەرمی وەزارەتی نەوت سەبارەت بە بڕی هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕادەستکردنی بە کۆمپانیای (سۆمۆ). تەرازووی پێداچوونەوە: ناردنی لیستی وردی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوو. چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی ساڵی ڕابردوو یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکان، فەوتانی مووچەی دوو مانگی کۆتایی ساڵی 2025ـە. جەمال کۆچەر ڕایدەگەیەنێت، کە فەرمانبەران ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە و تاوانبار نین تاوەکو سزا بدرێن؛ پێی وایە دەبێت بە هەر ڕێککەوتنێک بێت ئەو دوو مووچەیە خەرج بکرێن، چونکە مافێکی یاسایی و ماندووبوونی ساڵێکی تەواوی فەرمانبەرانە. "پێویستە کورد بەشداری حکومەتی داهاتووی عێراق نەکات، مەگەر پرسی مووچە یەکلایی بکرێتەوە. جەمال کۆچەر ئەمەشی گوتوە. ئامارە داراییەکان و کورتھێنان سەبارەت بە مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە 931 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانکییان، بەڵام بەغدا بڕی 36 ملیار و 360 ملیۆن دیناری لەو تەمویلە بڕیوە و ڕەوانەی نەکردووە، ئەمەش جارێکی دیکە کورتهێنانی لە دابەشکردنی مووچەدا دروست کردووە. پێشنیاز بۆ چارەسەری ڕیشەیی بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم قەیرانە، پەرلەمانتار جەمال کۆچەر چەند خاڵێک وەک مەرجی کورد بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسی پێشنیاز دەکات: دابینکردنی پشکی هەرێم لە هەر دامەزراندنێکی نوێ لەسەر ئاستی عێراق بەپێی ڕێژەی دانیشتووان. شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی بڕی نەوتی ڕادەستکراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بۆ ئەوەی بیانوو لەدەست بەغدا نەمێنێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هاوبەش سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنوورییەکان، کە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی. د. سامی جەلال، سەرۆکی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بابەتی گومرگ ڕایگەیاند، هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی ئەم سیستمەوە کۆنتڕۆڵی دەروازە سنوورییکەنای هەریمی کوردستان بکرێت، ئەمەش بووەتە جێگای ناکۆکی چونکە سیستمی ئەسیکۆدا ڕۆتینی بازرگانان زیاد دەکات. د. سامی جەلال گوتیشی: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق، بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ پێداچوونەوە بە پێناسەکان دراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی نەنراوە. حکومەتی فیدراڵ داوا دەکات ئەسیکۆدا وەک سیستمێکی یەکگرتوو لە هەموو عێراقدا بێت، بەڵام هەرێمی کوردستان پێداگری دەکات لەسەر پاراستنی سیستمی گومرگی تایبەتی خۆی و بەیەکەوەبەستنی هەردوو سیستمەکە بە میکانیزمێکی یاسایی و دەستووری بۆ هەردوولا.
بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن، بە نێوەندگیری سەڵتەنەتی عومان، سێیەمین خولی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە شاری جنێفی سویسرا دەستیپێکرد. لەم گەڕەی گفتوگۆکاندا، چەند کەسایەتییەکی باڵا نوێنەرایەتی لایەنەکان دەکەن: لایەنی ئێران: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات. لایەنی ئەمریکی: ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ و ڕافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نوێنەرایەتی واشنتن دەکەن. ڕۆڵی نێوەندگیریی عومان لە پرسەکەدا ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، وەزیری دەرەوەی عومان وەک نێوەندگیر، لەگەڵ ڕافائیل گرۆسی کۆبووەتەوە. لەو دیدارەدا بە وردی تاوتوێی دۆسیە هەستیارەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کراوە. ئامانجی سەرەکی ئەم گەڕەی دانوستاندنەکان لە جنێف بریتییە لە: -دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات. -گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی نوێ کە ڕێگری لە پەرەسەندنی ململانێکان بکات. -پێشبینی دەکرێت تاران لەم خولەدا چەند پێشنیازێکی نوێ بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ شکاندنی بەربەستە دیپلۆماسییەکان.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە توندی وەڵامی تۆمەتەکانی حکومەتی سووریا دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، دامەزراوە ئەمنییەکانی دیمەشق خۆیان لە ئاسانکاری و ڕاکێشانی خێزانەکانی داعش بۆ دەرەوەی کەمپی هۆڵ تێوەگلاون. وەڵامی هەسەدە بۆ دیمەشق: دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، هێزەکانی هەسەدەی بە شکستهێنان لە پاراستنی کەمپەکە و ڕێگەدان بە هەڵاتنی خێزانەکانی داعش تۆمەتبار کرد، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا ئەو قسانەی بە چەواشەکاری ناوبرد و جەخت دەکاتەوە ئەم لێدوانانە هەوڵێکن بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شکستە ئەمنییەی دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕوویداوە. خاڵە سەرەکییەکانی ڕاگەیەنراوەکەی هەسەدە: تێوەگلانی ڕاستەوخۆ: هێزەکانی سەر بە دیمەشق بە شێوەیەکی ئاشکرا و لەبەردەم کامێراکاندا، پڕۆسەی گواستنەوەی ئەندامان و خێزانەکانی داعشیان بۆ دەرەوەی کەمپەکە ئەنجام داوە. هۆکاری کشانەوە: هەسەدە دەڵێت کشانەوەی هێزەکانیان لە کەمپەکە، ئەنجامی ڕاستەوخۆی هێرشە سەربازییەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بووە بۆ سەر ناوچەکە. سەرپەرشتی گرووپەکان: ئۆپەراسیۆنی بەقاچاخبردنەکە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام بووە، ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێری کارمەندانی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریادا بووە. بەڵگەی ڤیدیۆیی: ڕاگەیێنراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو ئەم پێشێلکارییانە بە دەنگ و ڤیدیۆ لای ئەوان دۆکیۆمێنت کراون، بە لێدوانی میدیایی و چەواشەکاری ناشاردرێنەوە. پاشخانی ململانێکە ئەم جەنگە میدیاییە دوای ئەوە دێت کە وتەبێژی حکومەتی سووریا، ئیدارەی خۆسەر و هەسەدەی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە نەیانتوانیوە ئاسایشی کەمپی هۆڵ بپارێزن و بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاژاوە و هەڵاتنی مەترسیدارترین خێزانە توندڕەوەکانی داعش لە ناوچەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا دوایین هەڵوێستی بارودۆخی دارایی و پرسی خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆران لەلایەن وەزیری دارایی و شاندی دانوستانکارەوە خرایە ڕوو، تێیدا جەخت لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم کرایەوە. پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ نەک تەنیا مووچە، بەڵکوو تەواوی بەشە بودجەی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی گشتی بەپێی ڕێژەی 14.1 سەرژمێری نوێ بنێرێت، چونکە هەرێم هەموو پابەندییە نەوتی و داراییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. حکومەت جەختی لە ئەولەویەتدان بە ناردنی 120 ملیار دینار بۆ مانگی شوبات کردەوە پێش هەر خەرجییەکی دیکە، تاوەکو هیچ پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی مووچەی مانگی شوبات و مانگەکانی داهاتوو، هاوکات هەموو ئەو بەڵگە دەستووری و یاساییانەش ڕوونکرانەوە کە پاڵپشتی لە شایستە داراییەکانی هەرێم دەکەن. هەنگاوی مێژوویی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لوەزیری کاروباری پێشمەرگە ڕاپۆرتێکی لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سەرجەم هێزەکان لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پێشکەش کرد. ئەنجوومەنی وەزیران ئەم هەنگاوەی بە گرنگ و مێژوویی وەسف کرد، بەتایبەت لە ڕووی دەستنیشانکردنی دەسەڵاتی فەرماندەیی دەڤەرەکان و پەیکەربەندی نوێی هێزەکان. هەروەها حکومەت دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە کرد، سوپاسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەکانیشی کرد کە هاوکار و پاڵپشتی پرۆسەکە بوون، وەزارەتی پێشمەرگەش ڕاسپێردرا بەپێی کۆنووسە پەسەندکراوەکە دەست بە جێبەجێکردنی کارەکان بکات. درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونی سزاکانی هاتووچۆ لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی پێشنیارێکی وەزیری ناوخۆ کرد تایبەت بە ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان. لەم چوارچێوەیەدا بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی لێخۆشبوونی ڕێژەی 20% لە سزاکانی سەرپێچی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە. بەمەش هاوڵاتییان دەتوانن تاوەکو ڕێکەوتی 30ـی حوزەیرانی 2026 لەم لێخۆشبوونە سوودمەند بن.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونی سزای هاتووچۆ بە ڕێژەی 20٪ ڕاگەیاند. ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 2026/02/25 ئەنجوومەنی وەزیران، چەند بڕیارێک گرنگدرا کە یەکەمیان درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی %20 سزاکانی هاتوچۆیە تاوەکو مانگی شەشی ئەمساڵ. پێشەوا هەورامانی، سەبارەت بە پرسی مووچە گوتی: لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی دوو بۆ بەغدا نێردراوە، هەناردەی نەوتیش بەپێی ڕێککەوتنەکان بەردەوامە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە کراوەتەوە. لایەکی دیکەوە ئاماژە بە کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ درا کە داهاتی گومرگەکان %60 کەمی کردووە، دووپاتی کردەوە کە مافی دارایی هەرێمی کوردستان ساڵانە 22 ترلیۆن دینارە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا لەسەر مووچە گفتوگۆ دەکرێت کە ساڵانە پێویستی بە 14 ترلیۆن دینار هەیە؛ هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان شاندێک بنێرێتە بەغدا
ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/02/25 لە زۆربەی دامودەزگاکانی حکومەت و قوتابخانە و بازاڕەکانی ناحیەی گوڵاڵە بایکۆتی گشتی دەستیپێکردووە و ئەم هەڵوێستە وەک ناڕەزایەتییەک دێت دژی بڕیارێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی پلەی کارگێڕی ناحیەکە بۆ قەزا، بەشداربووانی بایکۆتەکەش جەخت دەکەنەوە کە تا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە بەردەوام دەبن. گوڵاڵە کە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای خانەقینە لە پارێزگای دیالە و یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە، بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵ کاردانەوەی توندی لایەنە کوردستانییەکانی لێکەوتووەتەوە. لەو بارەیەوە ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە پێشێلکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراقە چونکە ناوچەکە کێشەلەسەرە و هەر گۆڕانکارییەکی کارگێڕی لەم جۆرە پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی پێشوەختە هەیە. ناحیەی گوڵاڵە مێژوویەکی ئاڵۆزی لە گۆڕانکاری دیمۆگرافیدا هەیە بە جۆرێک پێش ساڵی 2003 زۆربەی دانیشتوانەکەی کورد بوون بەڵام لە نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2010 ڕێژەی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کرد و لە 12 هەزار خێزانەوە تەنها 3 هەزار خێزان مانەوە. دواتر لە ساڵی 2014 و دوای کەوتنی مووسڵ ناحیەکە کەوتە دەستی داعش، بەڵام لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکرایەوە و ئاشتی بۆ ناوچەکە گەڕایەوە. پاشان لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بەهۆی گۆڕانی هاوسەنگی هێز، جارێکی دیکە کورد لە ناوچەکەدا ڕووی لە کەمیکرد و بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی بەرەو خانەقین و کەلار و کفری کۆچیان کرد. ئەم بڕیارە نوێیەی حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە کە ناوچەکە فرە نەتەوەیە، کورد، عەرەب و تورکمانی تێدا دەژی، هەربۆیە هەر گۆڕانکارییەک لە ناسنامەی کارگێڕیدا بە هەستیار و کاریگەر لەسەر داهاتووی سیاسی ناوچەکە دادەنرێت.
ڕۆژی سێشەممە 24ی شوباتی 2026، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 25ی شوبات بەکاتی هەولێر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕێکۆردێکی نوێی لە مێژووی سیاسی وڵاتەکەیدا تۆمارکرد و ژمارەی پێوانەیی درێژترین گوتاری ساڵانەی کۆنگرێسی شکاند؛ ترەمپ لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێسدا بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و 47 خولەک و 43 چرکە قسەی کردووە، بەمەش ڕیکۆردەکەی بیڵ کلینتنی شکاند، کە ساڵی 2000 کرد بووی. پەیامە توندەکان بۆ ئێران و تێشکانی بەرنامە ئەتۆمییەکە: دۆناڵد ترەمپ، لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا توانیویەتی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران تێکبشکێنێت و ڕێگری بکات لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا ئێران خاوەنی مووشەکێکە دەگاتە ئەوروپا و هەوڵی دروستکردنی مووشەکێکی دیکە دەدەن کە دەگاتە خاکی ئەمریکا، بۆیە جەختی لە سیاسەتی "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" کردەوە. هەژموونی سەربازی و گوشارەکان: جێگیرکردنی گەورەترین هێزی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ناردنی هەردوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکن" و "جێراڵد فۆرد" بۆ ناوچەکە. ئامانجی ئەم هێزە ناچارکردنی تارانە بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ کە بەرنامە بالیستییەکانیش بگرێتەوە. سەردەمی زێڕین و دۆخی ناوخۆیی ئەمریکا ترەمپ سەردەمی ئێستای بە "چاخی زێڕینی ئەمریکا" ناوبرد، ئاماژەی بە دەستکەوتە ئابوورییەکانی کرد، لەوانە: بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بۆ ئاستێکی پێوانەیی. وەبەرهێنانی 18تریلیۆن دۆلار لە ساڵی ڕابردوودا. دابەزینی بەرچاوی ڕێژەی تاوانی کوشتن و پاراستنی سنوورەکان لە کۆچی نایاسایی. سەرۆکی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر دیموکراتەکان و تۆمەتباری کردن بە "وێرانکردنی وڵات"، هاوکات نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکانی دادگای باڵا سەبارەت بە پێناسە گومرگییەکان دەربڕی و جەختی کردەوە کە ئەو پێناسانە سەدان ملیار دۆلاریان بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە. دوایین مۆڵەتی دیپلۆماسی؛ جنێڤ چاوەڕوانی تارانە لە کاتێکدا وەزیری بەرگری و فەرماندە باڵاکانی پنتاگۆن لە هۆڵی کۆنگرێس ئامادەبوون، ترەمپ پەردەی لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان لادا و بڕیارە سبەی پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026، گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکان لە جنێڤی سویسرا بەڕێوەبچێت. ئەمە وەک دوایین دەرفەت دەبینرێت، چونکە تەنها 15 ڕۆژ مۆڵەت لەبەردەم ئێراندا بوو، تاوەکو بڕیاری کۆتایی خۆی بدات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە 25/02/2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک دۆسیەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە سەردەمێکی زێڕیندایە و توانیویەتی گۆڕانکاری مێژوویی لە ئاستی ئابووری و ئاسایشدا ئەنجام بدات. سەبارەت بە دۆسیەی ئێران، ترەمپ جەختی کردەوە کە ڕێگرییان لەو وڵاتە کردووە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و سوپای ئەمریکا توانیویەتی پرۆگرامی ئەتۆمی تاران تێکبشکێنێت، ئێستاش لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، چونکە ئێران خۆی خوازیاری ڕێککەوتنە. سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، ئێران بە پەرەپێدانی مووشەکەکانی مەترسی لەسەر ئەوروپا و بنکەکانی ئەمریکا دروست دەکات، سیاسەتی ئەوان بەرامبەر تاران بریتییە لە چەسپاندنی ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە، لەو چوارچێوەیەشدا توانیویانە بەهۆی گوشارەکانیانەوە ژمارەیەک لە سزادراوانی لەسێدارەدان ڕزگار بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتەدا زیاتر لە بیست هەزار کەس کوژراون. لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ترەمپ هێرشی کردە سەر دیموکراتەکان و تۆمەتباری کردن بە وێرانکردنی ئەمریکا و گوتی: ئیدارەکەی توانیویەتی سنوورەکان بپارێزێت و ڕێگری لە کۆچی نایاسایی بکات، چونکە ئەرکی سەرەکی حکومەت پاراستنی هاووڵاتیانی خۆیەتی نەک کۆچبەرانی نایاسایی. ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، لە ساڵی ڕابردوودا بە قەبارەی هەژدە تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە و ڕێژەی تاوانی کوشتنیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لە کۆتایی قسەکانیدا ترەمپ نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکانی دادگای باڵا سەبارەت بە پێناسە گومرگییەکان دەربڕی، جەختی کردەوە لە ڕێگەی ئەو پێناسانەوە سەدان ملیار دۆلاری بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕاندووەتەوە، چەندین شەڕی پێ ڕاگرتووە و دووپاتی کردەوە ئەو وەک سەرۆکێک کار دەکات کە بەرژەوەندیی ئەمریکا لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە زنجیرە پەیامێکی نوێدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ سەر مێزی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕاگەیاند. عێراقچی ئاماژەی بەوە دا کە تاران بە ئیرادەیەکی بەهێز و لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنەکانی خولی پێشوو، لە شاری جنێڤ دەست بە گفتوگۆکان دەکاتەوە، بەو ئامانجەی لە کورتترین ماوەدا بگەنە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە بەرژەوەندیی هەردوولا مسۆگەر بکات. وەزیری دەرەوەی ئێران سیاسەتی وڵاتەکەی بە ڕوونی خستە ڕوو، جەختی کردەوە کە ئێران لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا هەوڵی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نادات، بەڵام لە هەمان کاتدا بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافی گەلەکەی ناکات بۆ سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئاشتییانە. عێراقچی ئەم قۆناغەی بە "دەرفەتێکی مێژوویی" ناوبرد بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن کە وەڵامدەرەوەی نیگەرانییە هاوبەشەکان بێت، بەو مەرجەی هەردوولا پێشینە بە ڕێگەی دیپلۆماسی بدەن. لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عێراقچی جەختی لە هاوسەنگی نێوان هێز و دیپلۆماسی کردەوە و ڕایگەیاند کە وەک چۆن بە ئازایەتییەوە بەرگری لە سەروەریی خاکی ئێران دەکەن، بە هەمان شێوە دەچنە سەر مێزی دانوستان تاوەکو بە دوای چارەسەرێکی ئاشتییانەدا بگەڕێن بۆ هەموو ئەو جیاوازییانەی لە نێوان تاران و واشنتن بوونیان هەیە.
کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند، هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ بژاردەی دیپلۆماسی وەک یەکەم هەنگاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران دەبینێت، بەڵام بژاردەی سەربازی بۆ ڕێگریکردن لە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هێشتا کارایە. سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە باس لە بوونی بڕیارێکی پێشوەختە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەکەن. ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا دژی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران: لیڤت ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران زۆر سەرکەوتوو بووە، تەنانەت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش ئەم سەرکەوتنەی پشتڕاست کردووەتەوە. نیگەرانییەکان لە بنیاتنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی جەختی کردەوە لەوەی، لەنێوبردنی بنکەکان بەو مانایە نییە کە ئێران هەوڵی بنیاتنانەوەیان نادات، بۆیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕژدە لەسەر ئەوەی دڵنیا بێتەوە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دۆست و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا. ڕەتکردنەوەی دەنگۆکانی هێرشی سەربازی سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی باس لە دیاریکردنی کاتی هێرش بۆ سەر ئێران دەکەن، کارۆلاین لیڤت هەموو ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست وەسف کرد و گوتی: بابەتێکی لەو شێوەیە تەنیا خودی دۆناڵد ترەمپ بڕیاری لێ دەدات. دووپاتیشی کردەوە ستراتیژی ئێستای واشنتن بریتییە لە پێشخستنی دیپلۆماسی، بەڵام ئەگەر پێویست بکات، بژاردەی سەربازی وەک ئامرازێکی فشار و پاراستنی ئاسایش لەسەر مێز دەمێنێتەوە.
مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی PBSی ئەمریکی ڕەخنەی لە هەڵوێستەکانی واشنتن گرت و ڕایگەیاند، لە کاتی هێرشەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان ئەمریکا، هەڵوێستێکی بەهێزی نەبووە و هەوڵی پاراستنی کوردی نەداوە. هەرچەندە لەو هێرشانەدا ژمارەیەکی زۆر قوربانییان داوە سەبارەت بە ئایندەی سیاسیی ناوچەکە، مەزڵووم عەبدی، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە ڕۆژئاوای کوردستان داوای ئۆتۆنۆمی دەکەن، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە حکومەتی دیمەشق تەنیا بە ئیدارەی خۆجێی ڕازییە، لەم قۆناغەدا ئامانجی ئەوان بوونی ئیدارەیەکی خۆجێییە کە بتوانێت ناوچەکانی کورد بەڕێوە ببات و ناسنامەی کوردی بپارێزێت. لەلایەکی دیکەوە فەرماندەی گشتیی هەسەدە هۆشداریدایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش، جەختی کردەوە ئەو ڕێکخراوە هێشتا زۆر بەهێزە و دەستی گەیشتووەتە شارە گەورەکانی سووریا، دەتوانێت لە هەر کاتێکدا هێرش ئەنجام بدات؛ هۆشداریشی دا ئەگەر شەڕی دژی داعش بەردەوام نەبێت، ئەو ڕێکخراوە جارێکی دیکە دەبێتەوە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی جیهان