وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت كاركردن بۆ چارەسەركردنی زەوییە كارتەكانی سنووری شاری هەولێر و دەوروبەری بەردەوامە و بەمزووانە زیاتر لە 13 هەزار كارتی زەوی دەكرێن بە سەنەد. ئەمڕۆ پێنجشەممە 10/11/2022 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆسەی گۆڕینی زەوییە كارتەكان بۆ سەنەد لە شاری هەولێر و دەوروبەری، ڕایگەیاند: بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی زەوییە كارتەكان و گۆڕینیان بە سەنەد "بەڕێوەبەرایەتیی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد"مان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دامەزراند و ئێستا ئەندازیاران و فەرمانبەرانی ئەم یەكەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كار لەسەر گۆڕینی كارتەكانی شاری هەولێر و دەوروبەری دەكەن و تاوەكوو ئێستاش ژمارەیەكی زۆر كارتی زەوی كراون بە سەنەد. ساسان عەونی، گوتیشی: ئێستا لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد كاری زیاتر لە 13 هەزار كارت لە سنووری باغمرە شهاب و گەڕەكی ژین و بێریات و حزە و گردجووتیار و كەسنەزان بەرەو كۆتایی دەچێت و پێویستە خاوەن زەوییەكان لە ئێستاوە دەست بە ئامادەكردن و كۆكردنەوەی كارتەكانیان بكەن، لە نزیكترین كاتدا لەلایەن شارەوانییەوە ئاگادار دەكرێنەوە بۆ ئەوەی دەست بە مامەڵەكردن بكەن. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وردەكاری زیاتر لەبارەی زۆنەكان و ژمارەی زەوییەكانیش دەخاتەڕوو و دەڵێت: ئەو 13 هەزار كارتە كەتوونەتە باغمرە شهاب لە بەشی باغمرە ئەفەندی 7528 كارت، گەڕەكی ژین لە دارەتوو 3596 كارت، بێریات و حزە 1288 كارت، گردجووتیار لە بەشی كورانی نوێ 638 كارت، بەشێك لە كەرتی 95ی كەسنەزان كە ئەویش 239 كارتە و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەكان دەكرێت و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت.
دەقى راگەیەندراوەکە: سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕەزامەندیدا بەمانەوەى قەرەبووی زەوییەکانی گوندی کۆریی لەشوێنی خۆی مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕەزامەندیدا بە مانەوەى قەرەبووی زەوییەکانی گوندی کۆریی لە شوێنی خۆی و تاپۆکردنى لەسەر سودمەندانى کە ماوەیەکى زۆرە چاوەروان بوون، ئەوەش دواى ئەوەى لەلایەن پارێزگای هەولێر و وەزارەتى شارەوانى و سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر لە پێناو بەرژەوەندى گشتیى و قەرەبووکردنەوەى سوودمەندانی زەوییەکان کە زۆربەى زۆریان خەڵکى هەژار و کرێنیشینى شارەکەمانن هەوڵێکى زۆردرا تاکو لە هەمان شوێنى خۆیان کە پێشوتر بۆیان دیاریکرابوو قەربووبکرێنەوە. بەم بۆنەیەوە وەک پارێزگاى هەولێر پیرۆزبایی لە خاوەن زەوییەکان دەکەین و دڵنییایان دەکەینەوە لەنزیکترین کاتدا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەست دەکرێت بە ڕێکار و پڕۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکان.
بهڕێوهبهرایهتی تهندروستی داوا دهكات دهست بهسهر ئهو لێزهرانهدا بگرن لهناو مهدالیا و قهڵهم و یارییه منداڵهكاندا ههیه و لیژنههاوبهشهكانی قائیمقامیهتی سلێمانیش دهست بهسهر زیاتر له ههزار و (200) دانهدا دهگرن. له نوسراوێكدا كه واژۆی د. سهباح ههورامی، بهڕێوهبهری تهندروستی سلێمانی لهسهره و ئاراستهی قائیمقامیهتی سلێمانی كردوه، داوا دهكات؛ لهپێناو بهرژهوهندی گشتی تیمهكانتان ئاگادار بكهنهوه كهدهست بهسهر ئهو لێزهرانه بگرن لهناو مهدالیا و قهڵهم و یارییه منداڵهكاندا ههیه. دهشڵێت: ئهگهر ئهو جۆره لێزهرانه ئاراستهی چاوبكرێت، دهبێته هۆی سوتاندنی سهنتهری بینیین و ههندێ كاتیش دهبیته هۆی لهدهستدانی بینین. د. سهباح ههورامی له نوسراوهكهدا ئاماژهی بۆئهوهكردوه، لهڕێگهی تیمهكانی قائیمقامیهتی سلێمانییهوه رێكاری یاسایی بهرامبهر كهرمتهرخهم و سهرپێچیكاران بگرێتهبهر. لای خۆشیهوه، د.باوان عهبدولڕهحمان، له لیژنهی باڵای قائیقامیهتی سلێمانی ئاشكرایكرد: بۆ جێبهجێكردنی نوسراوهكهی بهڕێوهبهرایهتی تهندروستی لهههڵمهتی ئهمڕۆی لیژنه هاوبهشهكاندا بۆ دوكان و بازاڕ و ئهو شوێنانهی لێزهرهكان دهفرۆشن، دهستیان بهسهر زیاتر له ههزار و 200 لێزهری جۆراوجۆردا گرتووه و بهفهرمانی قائیمقامی سلێمانی لهناودهبرێن و خاوهنهكانیشیان روبهڕوی رێكاری یاسایی دهكرێنهوه.
ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بەڵێنیدا هێزەکانی لە شەڕە بەردەوامەکانی کۆنترۆڵکردنی ناوچەی دۆنێتسک لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، "تەنانەت یەک سانتیمەتریش" دەستبەردار نەبن، لەکاتێکدا بەرپرسانی ڕاسپێردراوی ڕووسیا باسیان لە هێرشی هێزەکانی ئۆکرانیا کرد کە بە تانک هێرشیان کردووەتە سەر شارۆچکەیەکی باشووری وڵاتەکەی. خاڵە سەرەکییەکانی ململانێکان لە ناوچەی پیشەسازی دۆنێسک لە دەوروبەری شارۆچکەکانی بەخموت، سۆلیدار و ئەڤدیڤکایە، کە دیمەنی قورسترین شەڕی ئۆکرانیایە لە دوای دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی ڕووسیا لە کۆتایی مانگی شوباتدا. زێلێنسکی لە وتاری ڤیدیۆیی خۆیدا، شەوی سێشەممە ڕایگەیاند؛ • "داگیرکەران هێشتا زۆر چالاکن. ڕۆژانە دەیان هێرش ڕوودەدەن". • "ئەوان زیانێکی زۆر گەورەیان بەسەردا دێت. بەڵام دۆخی هێرش بەردەوامە کە ئەویش: پێشکەوتنە بەرەو سنوورە ئیدارییەکانی ناوچەی دۆنێتسک." • "ئێمە دەستبەرداری یەک سانتیمەتر لە زەوییەکەمان نابین". ئەم ناوچەیە یەکێکە لەو 4 ناوچەیەی کە ڕووسیا لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا ڕایگەیاندبوو کە لکاندنی خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە شەڕ لەوێ لە نێوان سوپای ئۆکرانیا و هێزەکانی بە وەکالەت ڕووسیا بەردەوامە، هەمان ساڵ کە مۆسکۆ کریمیای لە باشوور گرتەوە. شەڕێکی توند هاوکات ئاژانسی هەواڵی RIA لە زاری سەرۆک شارەوانییەکی دیاریکراوی ڕووسیا لە شارۆچکەی سنێهۆریڤکا لە ڕۆژهەڵاتی شاری میکۆلایڤ ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندووە کە دانیشتووانەکەی تانکیان بینیوە و شەڕی سەخت بەردەوامە. سەرۆکی شارەوانی یوری باراباشۆڤ وتی: دانیشتووان دەڵێن تانکەکان بەدەوری شارەکەدا دەسوڕانەوە و بەپێی زانیارییەکانیان شەڕێکی سەخت لە جەرگەی شارۆچکەکە ڕوویداوە، خەڵک ئەم ئامێرەیان بینیوە لە شەقامەکانی ناوەندی شارەکەدا دەجوڵێت. کیریل ستریمۆسۆڤ، جێگری سەرۆکی ئیدارەی ڕووسیا لە ناوچەی خێرسۆن، لە ئەپڵیکەیشنی تێلێگرامدا ڕایگەیاندووە، هێزەکانی ئۆکرانیا هەوڵیانداوە لە ٣ بەرە پێشڕەوی بکەن، لەنێویاندا سنێهۆریڤکا. ڤیتالی کیم، پارێزگاری ئۆکرانیا لە ناوچەی میکۆلایڤ ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ئۆکرانیا پێشتر هێزەکانی ڕووسیایان لە ناوچەکە دەرکردووە. ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا لە کەناڵی "تەلەگرام" وتی: هێزەکانی ڕووسیا گلەیی ئەوە دەکەن کە پێشتر لەوێ دەرکراون. ئاژانسی ڕۆیتەرز نەیتوانی ڕاپۆرتەکانی شەڕەکە پشتڕاست بکاتەوە، هەروەها هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمی لەسەر دۆخی شارەکە لەلایەن بەرپرسانی سەربازی ئۆکرانیا یان ڕووسیا نەبووە.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری ڕووسیا، فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیای لە کەناری ڕاستی ڕووباری دنیپرۆ لە ناوچەی خێرسۆنی ئۆکرانیا دەرکرد، کە پایتەختی ئەو ناوچەیە بە هەمان ناوەوە دەگرێتەوە و لەژێر هێرشی پێچەوانەی ئۆکرانیادایە. شۆیگو لە تەلەڤزیۆن وتی: ئەوان کشانەوەی سەربازەکانیان لە دنیپرۆ ئەنجامدا. سەربازانی ڕووسیا دەکشێنەوە و دەگوازرێنەوە بۆ کەناری چەپی کەشتیی دنیپرۆ. ئەم بڕیارەی شۆیگو دوای ئەوە دێت کە لە مەیدانەوە ڕاپۆرتێکی لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ژەنەڕاڵ سێرگی سۆرۆڤیکین پێگەیشت، کە ئەم تاکتیکەی وەک پێویستیەک بۆ بەهێزکردنی هێڵەکانی بەرگری پێشنیار کرد. ژەنەڕاڵ سۆرۆڤیکین دانی بەوەدانا کە ئەم تاکتیکە نوێیە "بڕیارێکی ئاسان نییە". ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمە نوێنەرایەتی "یەکێک لە گەورەترین کشانەوەی ڕوسیا دەکات، و ڕەنگە ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە جەنگەکەدا"، کە ئێستا لە کۆتایی مانگی نۆیەمی خۆی نزیک دەبێتەوە. لای خۆیەوە ڕاوێژکاری سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند "زۆر زووە باسی کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە خێرسۆن بکرێت". ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزی ڕووسیا لە خێرسۆن ماونەتەوە و هێزی زیاتر دەهێنرێنە ناوەوە". لە لایەکی دیکەوە سۆرۆڤیکین لە ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بە واقیعی مەیدانەکە ڕایگەیاندووە، "دۆخەکە بەگشتی جێگیرە... تواناکانی سوپا و تواناکانی شەڕکردن وەک چەک تەقەمەنی بەرزکراوەتەوە". ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشداری لە پشتیوانیکردنی سوپادا کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، "لە بەرەی خێرسۆن، زیانەکانمان ٧-٨ هێندەی زیانەکانی دوژمن کەمترە". خێرسۆن گرنگترین شاری ئۆکرانیایە کە لەلایەن ڕووسەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە لە بیست و چوارەمی شوباتی ڕابردوودا. سوپای ئۆکرانیا ماوەی چەند هەفتەیەکە هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئەنجامداوە، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنەوەی خێرسۆن، لەکاتێکدا هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشتر لە باکووری شارەکە پێشکەوتنی بەدەستهێناوە.
شاسوار عەبدولواحدی، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نەخۆشاخانەیە و پێویستی بە سێ نەشتەرگەرییە. سیروان غەریب، سەرنووسەری وێستگە نیز لە فەیسبووک نووسیویەتی “ئەمڕۆ لە شاری ئەستەنبوڵ ، سەردانی هاوڕێی ئازیز شاسوار عەبدولواحیدم کرد لەنەخۆشخانەی ئەمەریکی کە بۆ چارەسەر ماوەی هەفتەیەک زیاترە لەوێیە و پێویست دەکات سێ نەشتەرگەری بە سێ قۆناغ بۆ بکرێت”
ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی تشرینی دووەم، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران پیرۆزبایی لە تیمی وەزاری پارتی کرد، بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەی پارتی . پاشان دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان، بەناوی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و سەرۆکی تیمی وەزاری گۆڕان، بەناوی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، هەروەها ئەندامانی دیکەی ئەنجومەن، پیرۆزباییان لە تیمی وەزاری پارتی کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان. بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەبارەی بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە نەخشەڕێگای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پەیوەندیی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا، لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور و هەروەک لە بەرنامەی کاری (المنهاج الوزاري)ی کابینەی نوێ دا هاتووە و لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کرا، بەتایبەت دۆسیەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور تایبەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و گاز و بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز). دوای تاووتوێکردنی ئەم بڕگەیە، بڕیاردرا شاندی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ لەم بەڕێزانە پێکبێت، وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها راسپێردران لە چوارچێوەی مافە دەستورییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە نزیکترین کاتدا، دەست بە گفتوگۆ بکەن و جەخت لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدڕاڵی و ئەو رێکەوتنە سیاسییەی کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەردرا کرایەوە.لە بڕگەی دووەمدا، لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو و بۆ ئەم مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێردرێن بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، کە ئەمڕۆ پەیامێکی پیرۆزبایی لە خەمیس خەنجەر سەرۆکی ھاوپەیمانیی سیادە پێگەیشت.مەسرور بارزانی رایگەیاند، کە سەرۆکی ھاوپەیمانیی سیادە، پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەستنیشانکردن مەسرور بارزانی وەک جێگری سەرۆکی پارتی لێکرد و ھیوای سەرکەوتن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەخوازێت .
-وەزارەتی دارایی عێراق، داهاتی مانگی ئەیلولی (2022) بڵاوکردەوە: -لە مانگی ئەیلول بڕی داهاتی نەوتی و نانەوتی بریتی بووە لە (122) ترلیۆن دینار. -داهاتی نەوتی، رێژەی (96٪) کۆی داهات بووە. -کۆی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئەیلول بریتی بووە لە (4) ترلیۆن دینار. -کۆی خەرجییەکانی مانگی ئەیلول بریتی بووە لە (84) ترلیۆن دینار
بڕیارە کۆمیتەی ناوەندی تازە هەڵبژێردراوی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ ببێتەوەو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێرێت. بەپێی زانیاریەکان کۆبوونەوەکە ڕۆژی شەممە دەکرێت و 15 بۆ 17 ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێرن و دوای ئەوەش کۆنفرانسی ناوخۆیی دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی بەرپرسی ئۆرگانەکان.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و بەدواداچوون بۆ بڕیاری پێشووی تایبەت بە نەخشەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەیوەندیی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات. فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی 9ی تشرینی دووەمی 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات. لە ڕاگەیەنراوەکەدا باسی ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی نەکراوە. کۆبوونەوەکە لە دوو بڕگە پێکدێت: بڕگەی یەکەم: بەدواداچوون بۆ بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە نەخشەڕێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەیوەندیی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا، لە دواى پێکهێنانی کابینەى وەزاریى نوێی فیدراڵ و میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور. بڕگەی دووەم: خستنەڕووی ئاستەنگەکانی بەردەم ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبونەوەی ئاسایی خۆی سازکرد. کۆبونەوەکە ئەمڕۆ ٨/١١/٢٠٢٢ بەسەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هۆڵی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر هەڵوێستەنەگۆڕەکانی یەکێتی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق دوای پێکهێنانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی حوکمڕانی و ئیستحقاقە نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی گەلی کوردستان. بەپێی ڕاگەیەنراوی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا دەستخۆشی لە یەک دەستی و یەک ئیرادەیی سەرکردایەتی یەکێتی کرد کە بووە مایەی سەرخستنی بەرنامەی تیمی یەکێتی لە بەغدا و جێگیرکردنی داخوازییەکانی کورد، بەتایبەتی کە شوێن دەستی یەکێتی بەکارنامەی حکومەتی دەوڵەتمەدار محمد شیاع سودانییەوە دیارە. جەختیشی کردەوە کە سیاسەتی یەکێتی سیاسەتێکی دروستە بەوەی بەغدا سەنگەری یەکەمی پاراستنی عیراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵ و تەوافقییە، هەرئەوەش بنچینەی پرۆسەی سیاسی عیراقە. گوتیشی: هەر ئەوە ئیرادەی یەکێتییە و دڵنیابن ئەو ئیرادەیە سەردەخەین.کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەروا لەسەر ڕەوشی سیاسی کوردستانیش هەڵوەستەی کرد کە یەکێتی لەگەڵ “ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی کوردستانە بە جۆرێک تاکڕەویی و مۆنۆپۆڵی حوکمداریی نەمێنێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو شار و ناوچەکان بێت، نەک جیاکاری و جیاوازی بکرێت. هەربۆیە یەکێتی بڕیاری ڕاگرتنی ئەم ئاڕاستە حوکمڕانییەی داوە کە زیان بە گەلەکەمان دەگەیەنێت، نەک تەنها بە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی.” ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەسەر کۆبوونەوەکانی وەفدی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان قسەی کرد کە بۆ بەرچاوڕوونی و راوێژیی پێویست بوو لەگەڵ هاوبەشە سیاسییەکانمان تا لە هەڵوێستە دروست و نیشتمانییەکانی یەکێتی ئاگادار بن. بەشێکی تری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ تەرخانکرابوو بۆ گفتوگۆ لەسەر کاروباری ناوخۆیی حزب و ئۆرگانەکان.