لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق گەیشتە هەولێر و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازی لێ کرد. دوای سەردانەکەی سەرککۆمار بۆ پیرمام، بڕیارە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسێکی زانکۆی ئەمریکی سەردانی شاری دهۆک بکات.
دوای کشانەوەی روسیا لە خێرسۆن و کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە لە لایەن سوپای ئۆکرایناوە، زیلێنسکی سوپای روسیا بە تاوانی جەنگ تۆمەتبار دەکات. ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، هێزەکانی ڕوسیای بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و کوشتنی خەڵکی سڤیل لە خێرسۆن تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، لێکۆڵەران زیاتر لە 400 تاوانی جەنگی ڕوسیایان بەڵگە کردووە. زیلێنسکی راشیگەیاند، تەرمی هاوڵاتی مەدەنی و سەربازە کوژراوەکانیش دۆزراونەتەوە. زیلێنسکی وتی: سوپای روسیا ژێرخانی شارەکەیان بە تەواوی وێرانکردووە و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری لە خێرسۆن کاردەکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی شارەکە.
فوئاد حوسێن جێگری سهرۆكوهزیران و وهزیری دهرهوهی عێراق، رایگهیاند، بۆردومانكردنی ناوچهكانی ههرێمی كوردستان بهزاندنی سهروهری عێراقه. ئهحمهد سهحاف، وتهبێژ به ناوی وهزارهتی دهرهوهی عێراق رایگهیاند، حسێن عهبدوڵڵاهیان، وهزیری دهرهوهی ئێران، پهیوهندی به فوئاد حوسێنهوه کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە: وهزیری دهرهوهی عێراق رایگهیاندووه، ئهو بۆردومانهی ئهمڕۆی ئێران بۆ سهر ناوچهكانی ههرێمی كوردستان بهزاندنی بێ چهندوچوونی سهروهری عێراق و ئاسایشی هاووڵاتییهكانیهتی. له پهیوهندییه تهلهفۆنییهکەدا، فوئاد حوسێن دووپاتی كردووهتهوه، کە پێویسته رێگهی گفتوگۆ بۆ كۆتاییهێنان به دهستدرێژییه بێ پاساوهكان ههڵبژێردرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوه که تاران له بەڕامبه ڕ هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی وڵاتەکە بێدەنگ نابێت. بەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە 14ـی تشرینی دووەم)، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە کۆیە و زڕگوێز هێرشیان کرایەسەر. ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئاسایشی دراوسێکان ئاسایشی ئێرانە. راشیگەیاند، تاران هەوڵی وروژاندنی گرژی و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا نادات، بەڵکو بەرپرسیارانە مامەڵە دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە ئێران سازش لە ئاسایشی سنوورەکانی ناکات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: ئیدانەی بۆردوومانکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێ: ئەو کارە دوژمنکارییە تاکلایەنەی ئێران نابێتە هۆی سەقامگیری و ناسەقامگیری لە ناوچەکە زیاتر دەکات. ئاماژەی بەوەش کردوە: هەموو رێکارێکی دیپلۆماسی لە ئاستی باڵا دەگرنەبەر.
یەکێتیی ئەوروپا ڕایگەیاند، 29 کەسایەتی و سێ دامەزراوەی ئێرانی تری خستۆتە لیستی سزاکانییەوە لە ڕاگەیەنراوەکەی یەکێتیی ئەوروپادا هاتووە، وەزیری ناوخۆ و تەلەڤزیۆنی ڕەسمی ئێران خراونەتە لیستی سزاکانەوە. چوار لەو کەسانەی سزادراون ئەندامی ئەو هێزەی پۆلیسن کە ژینا ئەمینییان دەستگیرکرد و دواتر کوشتیان.
بەریتانیا و فەرەنسا رێککەوتنێکی نوێ بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران بەرەو بەریتانیا واژۆ دەکەن. بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری نێوخۆی بەریتانیا ئەمڕۆ لە پاریس دەبێت. رۆژی دووشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2022 سوێلا براڤەرمەن، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا بە مەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێک لەگەڵ جێراڵد دارمانین، هاوتا فەرەنسییەکەی بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە، سەردانی پاریس دەکات. بەگوێرەی میدیای بەریتانی، رێککەوتنەکە خۆی لە زیادکردنی 200 پاسەوانی دەریایی فەرەنسیدا دەبینێتەوە کە ئەرکیان چاودێریکردنی کەناراوەکانی نۆکەندی ئینگلیز لە دیوی فەرەنسا دەبێت. هاوکات، هەر بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، ئەو بڕە پارەیەی لە بەرامبەر رێگریکردن لە لێشاوی پەنابەران دەیداتە فەرەنسا زیادی دەکات. میدیای بەریتانی بڕی پارەی چاوەڕوانکراوی پارەی ساڵانە کە بڕیارە بەریتانیا بە فەرەنسا بدات بە 63 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکات. ئەوە لەکاتێکدایە بۆ ساڵەکانی 2021-2021 بەریتانیا بۆ ئەو مەبەستە، 54.8 ملیۆن یۆرۆی بە فەرەنسا داوە. بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2018ـەوە، حکومەتی بەریتانیا 174.8 ملیۆن دۆلاری داوەتە پاریس بۆ ئەوەی پاسەوانیی کەناراوەکانی نۆکەندی ئینگلیز بکات. لەکاتێکدا بەریتانیا خۆی ساڵانە 218.6 ملیۆن دۆلار لە پاراستنی سنوورەکانیدا خەرجدەکات. بەرپرسانی فەرەنساش دەڵێن، بەگوێرەی رێککەوتنە نوێیەکە، ژمارەی ئەو پاسەوانانەی کە چاودێریی بەلەمی بچووک دەکەن لە 200 پاسەوانەوە تاوەکو نیوەی ساڵی 2023 دەکرێتە 300 پاسەوان. ئەوە لەکاتێکدایە، کە بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا کە رۆژی یەکشەممە، 13-11-2022 بڵاوکرایەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 40 هەزار و 885 کەس لەرێگەی بەلەمی بچووکەوە بە نۆکەندی ئینگلیزدا بەرەو بەریتانیا پەڕیونەتەوە. وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا دەڵێت، تەنیا رۆژی شەممە، 972 کۆچبەر لە رێگەی 22 بەلەمی بچووکەوە نۆکەندی ئینگلیزیان بڕیوە. ئەوە زۆرترین ژمارەیە تاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت و ئەوەش دەردەخات ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2018 زۆر زیادبووە؛ ئەو ساڵە تەنیا 299 کۆچبەر لە رێگەی بەلەم و بەشێوەیەکی قاچاخ گەیشتبوونە بەریتانیا. بۆ ساڵی 2019 ژمارەکە بۆ هەزار و 843 کەس و بۆ ساڵی 2020ـیش ژمارەکە بۆ هەشت هەزار و 466 کەس بەرزبووەتەوە تاوەکو لە ساڵی 2021 دا گەیشتووەتە 28 هەزار و 536 کەس. دەیان کەس لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە، لە نێویاندا 27 کەس لە بەلەمێکی قاچاخدا لە تشرینی دووەمی 2021 کە نیوەی زیاتریان خەڵکی باشووری کوردستان بوون. رووداو
نوسینگەی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی، لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆیدا ئەمڕۆ لەبەر پاراستنی سەروگیانی خوێندکاران و ئاسایش و ئارامی زانکۆی سلێمانی و دروست نەبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی، وە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە بەکۆی دەنگ بڕیاریدا، بە ڕاگرتنی خوێندنی خوێندکاران." ئاماژە بەوەش کراوە: "لە سەرجەم کۆلێژەکان لە ڕۆژی سێشەممە 15ی11ی2022 و ڕۆژانی دواتر دەوام ڕادەگیرێت." لە ڕاگەیاندراوەکەدا، زانکۆی سلێمانی ڕوونی نەکردووەتەوە کەی دەوام دەستپێدەکاتەوە.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایگەیاند: هێزەکانمان هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵەوە نییە و ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەینەوە کە هێزەکانمان بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار دەکەن. کۆبانێ دەڵێ : سەرەخۆشی لە کەسوکاری کوژراوان و گەلی تورکیا دەکەین، هەروەها داوای شیفای خێرا بۆ برینداران دەکەین.
رۆژی دووشەممە 14-11-2022 وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە، کە بڕیارە سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنن، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ تاران لە دژی خۆپیشاندەران. لەم چوارچێوەیەدا جۆزێپ بۆرێل کۆمیساری پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا وتی: ئەوروپا پاکێجێکی سزا لە دژی ئەو کەسانە پەسەند دەکات کە بەرپرسن لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران. بۆرێل زیادی وتیشی: نیگەرانییەکانی ئەوروپام بە وەزیری دەرەوەی ئێران گەیاند، جەختیشی لەوە کردەوە کە یەکێتیی ئەورووپا "بەڵگەی ئەوەی هەیە کە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ڕووسیا دابین کردووە"، بەڵام بەڵگەمان نییە کە مووشەکی بۆ دابین بکات". لای خۆیەوە ئەڵمانیا رایگەیاند، سزا نوێیەکانی یەکێتیی ئەورووپا سوپای پاسدارانی ئێران دەکاته ئامانج. ئانالینا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند "پاکێجێکی نوێی سزاکان تێدەپەڕێنین بۆ ئەو بەرپرسانە کە پێیان وایە دەتوانن بێ دەرەنجام گەلی خۆیان بچەوسێننەوە و خەڵکی خۆیان بکوژن… لە خولی یەکەمی سزاکانی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا، یەکێتیی ئەوروپا قەدەغەکردنی سەفەر و بەستنی سەروەت و سامانی بەسەر 15 کەس و دامەزراوەی ئێرانیدا سەپاند. پاش ئەوەی ژینا ئەمینی لە ١٦ی سێپتەمبەر دوای دەستبەسەرکرانی لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە گیانی لەدەست دا، ناڕەزایەتی لە ئێران سەریهەڵدا. ئەم ناڕەزایەتیانە یەکێک لە بوێرترین تەحەددیاتەکانی بەردەم ئێرانە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ەوە. ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ "هرانا" ڕایگەیاند، تا ئێستا ٣٣٦ خۆپیشاندەر لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی ١٥ هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون.
لاهور شێخ جەنگی لەسەر ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە سلێمانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، “نیگەرانم کە ژمارەیەک لە خوێندکارانی ئازیزی زانکۆ و پەیمانگاکان لە شاری سلێمانی ئازار دراون”. بە تەواوی پشتگیریی لە داوا ڕەواکانی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان دەکەم، داواکارم بە شێوازێکی مەدەنی و ئاشتی و دوور لە تووندوتیژیی داوای مافەکانیان بکەن، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان بە هێمنی ئەنجام بدەن، زیان بە موڵکی گشتی و تایبەتی نەگەیەنن و نەبنە مایەی بێزارکردنی هاووڵاتییان.نیگەرانم کە ژمارەیەک لە خوێندکارانی ئازیزی زانکۆ و پەیمانگاکان لە شاری سلێمانی ئازار دراون، خوێندکاران ڕۆڵەی ئەم وڵاتەن، ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە کە بیانپارێزن و دوورکەونەوە لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە تووندوتیژییەک بەرامبەریان.هیوادارم لایەنی پەیوەندیدار بەدەم داواکاریی خوێندکارانەوە بێت و ماف و شایستە داراییەکانیان بۆ دابین بکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێرشی موشەکی و درۆنی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانە دەکات و داوا لە ئێران دەکات هێرشەکانی بۆ سەر دراوسێکەی و خەڵکی عێراق بوەستێنێت. هاوشانی سەرکردەکانی حکوومەتی عێراقی لە بەغدا و هەرێمی کوردستان ڕادەوستین و ئیدانەی ئەم پێشێلکارییانەی سەروەریی عێراق دەکەین.