ماڵپەڕی فەرمی پارتی ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دانرا.سەرچاوەکە دەڵێت، هەڤاڵ (فازڵ میرانی) بە بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، دیاری کرا.
سەنتەری میترۆ رایگەیاند، ئاسایشی سلێمانی رۆژنامەنووسێکیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەوەی پەیجی نەناسراوی هەبووە و دەشڵێ: نیوەشەو دەستگیریان کردووە. سەنتەری میترۆ لە بەیانی ئەمرۆوە دەیەوێت لێدوانێكی رەسمی لە لایەنی پەیوەندیدار یانن خێزانی، سەبارەت بە دەستگیكردنی رۆژنامەنووس (رەوا بورهان) وەربگرێت، كەس ئامادە نییە. بەڵام بە شێوەی نارەسمی پێمان ووتراوە” ئاسایش بە فەرمانی دادوەر بە تۆمەتی بەرێوەبردنی پەیج و ئەكاونتی نەناسراو دەسگیریانكردوە، بەیانی واتە یەكشەممە دەبرێتە بەردەم دادوەر “ شێوازی دەستگیركردنی رەوا بورهان، بە بێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت بووە، هێزێك چوونەتە ماڵی و راپێچیان كردوە بۆ زیندانی ئاسایش. ئەم شێوازی دەستگیركردنە كە لە دوا كاتژمێرەكانی كۆتایی دەوامی فەرمییە، یەكسەر كەیسەكە دەباتە یەكەم رۆژی دەوام كە یەكشەممەیە، ئینجا دەستگرتن بەسەر مۆبایل و كەرەستەی رۆژنامەوانیی چەند رێوشوێنێكن لەگەڵ بەندەكانی یاسای رۆژنامەوانی یەكناگرنەوە. ئێمە پێمان باشە ئەدیمن و بەرێوەبەری پەیج و ئاكاونتەكان ناسراوبن، بە تایبەتیش مەبەستمان لەوانەن كە كاری میدیایی دەكەن، بەڵام كام حزب و دەزگا ئەمنیتان خەریكی ئەم ئەتوار نیین، دەستهەڵبڕن؟. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەو دەزگا رۆژنامەوانیانەی كە زۆرن و (رەوا بورهان) كاری تێدا كردووە، بێدەنگییان هەڵبژاردووەو تەنانەت ئەم ماوەی دەستبەسەرە لە رای گشتییان شاردۆتەوە. لە رابردوویەكی نزیكدا دەستگیركردنی رۆژنامەنووس بە هۆی كارەكەی بە تایبەتیش لە سلێمانی، وەك دەستبردن بوو بۆ شارە زەردەواڵە، هەموو رۆژنامەنووسان وەك خێزانێك دەورژان و هەر یەك لە شوێنی خۆیەوە جۆرێك لە هەڵوێستی دەربڕی ئێستا دەبێت بگرین بۆ ئەو رابردووە جوانە. ئەگەر خێزان و كەسوكاری پاساوێكیان هەبێت، لە ترسی چارەنووسی رەوا بێدەنگیان هەڵبژاردووە، ئەوە ئەو پاساواوە بۆ ئەو دەزگایانە هیچ رەوایەتییەكی نییە. دەنگمان دەخەیەنە پاڵ ئەو كەمینە لە هاوكارانمان كە دوای ئازادكردنی (روا بورهان) دەكەن، داواش لەو زۆرینەیە دەكەین كە بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بێدەنگییەكەیان بشكێنن و لانی كەم وەك هەواڵێك بڵاویبكەنەوە. رەوا بورهان تەمەنی 27 ساڵە، ئەو لەتەمەنێكی زۆر بچووكدا لەرۆژنامەی ئاوێنە سپۆرت دەستی بەكاری رۆژنامەوانی كرد، دواتر لە رۆژنامەی ئاوێنە سیاسی و لە ماڵپەڕی ئاوێنەش بەردەوامی بەكاری رۆژنامەوانیدا ،لە 2015 بۆ ماوەیەك لە دەزگای میدیای نالیا كاری كردووە پاشان وێستگەنیوز، زەمەن پریس، پاشان بووە بە سەرنووسەری سپی میدیا . رەحمان غەریبرێكخەری میترۆ
لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا شاندێکی حکومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری له کۆنفرانسی رێگریکردن لە توندوتیژی جێندەری لە ململانێکان له لهندهن دەکات. ئهمڕۆ شهممه 26ـی تشرینی دووهمی 2022، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و نوێنەری تایبەتی سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا بۆ رێگریکردن لە تووندوتیژی جێندەری لە ململانێدا، وەک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەک دامودەزگای پەیوەندیدار پێکدێت بەشداری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەستپێشخەری نەهێشتنی توندوتیژی جێندەری لە پێکدادانەکاندا (PSVI) دەکەین، کە لە رێککەوتی 28-29ـی تشرینی دووەمی 2022، لە لەندەن بەڕێوەدەچێت. رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: ئامانجی کۆنفرانسەکە چەسپاندنی هەوڵەکانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکان، لەوانەش ڕزگاربووان، بۆ دەستنیشانکردنی بۆشاییەکان لە وەڵامدانەوەی نێودەوڵەتی بۆ توندوتیژی جێندەری پەیوەست بە پێکدادانەکان، و دەستەبەرکردنی پابەندبوونەکان بە کردەوە لەلایەن حکومەتەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی. لە درێژەی قسەکانیدا، دیندار زێباری گوتی: کۆنفرانسەکە نزیکەی 800 نوێنەر و بەرپرس لە تەواوی جیهان کۆدەکاتەوە کە بریتین لە وەزیرانی دەرەوە، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رزگاربووان. لە کۆتایی قسەکانیدا، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: شاندەکەمان ئەو هەنگاوە کردارییانە بە وەفدە بانگهێشتکراوەکان دەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەرکردن و شیاندنەوەی ژنانی ئێزدی گرتوونیەتە بەر، مکوڕیی حکومەت لە لێپرسینەوە لە تووندوتیژی خێزانی، رزگارکردنی رفێنراوەکان لە دەستی داعش و هەوڵە بەردەوامەکانی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش بە هاوکاری لەگەڵ یەکگرتوو تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش، جگە لە بوارەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە پێشخستنی مافە تاکەکەسی، سیاسی و کولتووریی ژنان.
ئاراس جەبار، کەشناسی دیاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی بەردەوامی ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەی لەدەریای ناوەراستەوە کاریگەری لەسەر کەشوھەوای ناوچەکە ھەیە بارانبارین بە رێژەی جیاواز لەناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ئیدارەی راپەرین بەردەوامی ھەیە کە لەھەندێ ناوچە ھەورە بروسکە چالاکە و تەرزەش ئەبارێت، لە ناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان کەش لەکاتەکانی بەرەبەیانەوە ئاسایی بووەتەوە پێشبینی ئەکەین کاتەکانی دوای نیوەرۆ بەدواوە بارانبارین لەناوچەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە و باکوری گەرمیان دەستپێبکاتەوە بەرێژەی مامناوەند و پچر پچر لەھەندێ ناوچەشدا ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت و رێژەی بارانەکە زیاتر ئەبێت." دەشڵێت، "کاریگەریی ئەم شەپۆلە وەک لە راپۆرتی شەوی ڕابردوودا ڕامانگەیاند تا کاتەکانی درەنگی ئەمشەو بەردەوامی دەبێت و بەرەبەیانی سبەینێ یەکشەممە کۆتایی پێدێت و ئەگەری دروستبوونی تەم و مژی چر لەزۆربەی ناوچەکان ئەبێت تایبەت کاتەکانی شەو بۆ پێش نیوەرۆی سبەینێ."
بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی مامۆستایان و قوتابیان و کەمکردنەوەی جەنجاڵی هاتوچۆ ، ئاماژە بە نوسراوی وەزارەتی پەروەردە ژمارە( ٢٤٧) لە ٧ ی ٦ ی ٢٠٢٢، و هۆشدارییەکانی ( وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن : بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ) ، بەڕێز پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا : لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی سەربە بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر و پەیمانگەکانی پێنج ساڵی سنوری بەرێوەبەرایەتی گشتیی هەولێر ، رۆژی شەممە ٢٦ ی ١١ ی ٢٠٢٢ پشوو بێت بۆ دەوامی ئەو ناوەندانەی خوێندن.به هیوای سهلامهتی ههموولایک. ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر٢٥ ی ١١ ی ٢٠٢٢
لە گوندی حەسار-ی سەر بە پارێزگای کەرکوک، خێزانێک کە پاسەوانی حەوزێکی ماسییان کردووە، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە دوو منداڵیان دەخنکێن. لافاوەکە تەرمی دوو منداڵەکەی بردووە و تا ئێستا نەدۆزراونەتەوە و گەڕان بەدوای تەرمەکانیاندا بەردەوامە. بەپێی زانیاریەکان سەرەتاییەکان، منداڵەکان بەرەگەز عەرەبن و تەمەنیان ئاشکرا نەکراوە.
ئاراس جهبار، شارهزای كهشناسی رایدەگەیەنێت: لە کاتەکانی ئێستادا زنجیرەیەك بارستە ھەوری بەھێز کە سەرچاوەی تەرزە و بارانی بەخوڕن، چالاک بووە لە ماوەکانی داھاتوودا بە گوێرەی کات دەگاتە ناوچە جیاجیاکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و راپەرین و پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و ھەڵەبجە و سەنتەری پارێزگای ھەولێر، بۆ ئاگاداریتان ھەورە تریشقەی بەھێزیان لەگەڵدایە، پێشبینی دهكرێ ئەم ھەورانە بارانی زۆری پێوه بێت.
شەرمین عەلی لە راگەیاندنی مەرزی پەروێزخان راگەیاندووە، لە کاتژمێر ١٢ی ئەمڕۆوە وڵاتی ئێران مەرزی نیودەوڵەتی پەروێزخانی بە رووی گەشتیاراندا داخستووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، داخستنی مەرزەکە بەهۆی ریکخستنی سیستمی کاروباری گەشتارانەوەیە و کاتی زۆر ناخایەنێت." مەرزی پەرویزخان مەرزێکی نێودەوڵەتی نیوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە.
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ بەبۆنەی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوە و نەھێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان ، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی: لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ھەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوە و نەھێشتنی ھەر جۆرە توندوتیژیەک، بەتایبەتی جیاکاری و توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دووپات دەکەینەوە.یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، زەمینەڕەخساندن بووە لە بەردەم ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەوەی ڕۆڵی کارا و کاریگەر و شایستەی خۆیان لە پێگە جۆراوجۆرەکانی حکومڕانیی ھەرێمی کوردستاندا بگێڕن.ھەروەھا بەھەموو شێوەیەک ھەوڵی پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان و نەھێشتنی جیاکاری ڕەگەزی لە کوردستان دەدەین . ئافرەتانی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا دەسکەوتی گرنگیان بەدەستھێناوە، بەڵام بەداخەوە ھێشتاش ئاستەنگ و بەربەست ھەن و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە ، بۆیە ھیوادارین بە ھاوکاری ھەموو لایەنەکان و پێکھاتەکانی کۆمەڵگە ، کۆتایی بە ھەموو جۆرە توندوتیژییەک و جیاکارییەکی ڕەگەزی بھێنین و ھەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەکی گەشی پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی .
لاهور شێخ جەنگی لە ساڵیادی کوژرانی موراد کانی کوردەییدا دەڵێ، دەستیان دەچێتە خوێنی ئەم هەموو شێرەكوڕەی خۆیان، بەڵام لە بەرامبەر دوژمن زەردهەڵگەڕاو و لەسەر ئەژنۆن. لاهور شێخ جەنگی لە ساڵیادی كوژرانی عەقید كانی كوردەیی و هاوڕێكانیدا دەڵێت: بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت دانمان بەخۆماندا گرتووەو هیچ كاردانەوەیەكمان نەبووە. دەقی نوسینەكەی لاهور شێخ جەنگی: ساڵێک بەر لە ئێستا و لە ئێوارەیەکی شوومدا، کارەساتێکی قێزەون دڵی هەموومانی کون کون کرد، عەقید موراد و هاوڕێکانی بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکیان ئەنجامدابێت بە دەستێکی نامەردانە و ترسنۆکانە خەڵتانی خوێنکران، عەقید موراد و هاوڕێکانی کەم ژیان بەڵام کەڵ ژیان، ئەوان تەنیا لەبەر ئەوەی داکۆکیان لە بیر و باوەڕەکەیان دەکرد و دڵسۆزبوون بۆ یەکێتی خوێنی شەهیدان و یەکێتیی ڕاستەقینە کرانە ئامانج، سەرەڕای هەموو جۆرە فشارێک کە دەکرایە سەریان، بەڵام چۆکیان دانەدا و بە پێوە ڕاوەستان بە سەرێکی زۆر زۆر بەرزەوە سنگیان کردە قەڵغان بۆ ئەو بیر و باوەڕەی کە هەیانبوو، ساڵێک دوای شەهیدبوونیان ئەوانەی کە دەستیان هەبوو لە تیرۆرکردنیان بە بێباکی و بە لوتبەرزییەوە بە بەرچاوی هەموان دەسوڕێنەوە و بەردەوامن لە ترس و تۆقاندن و بە تاڵانبردنی سەرمایە و هەڕاجکردنی ئەم خاکە، بارودۆخێکیان دروستکردووە کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی فاشیستیش وێنەی نەبووە، بێئاگان لەوەی کە کەوتوونەتە بەر نەفرەتی میللەت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باریان لە لێژی و هەنگاو بەرەو ڕیسوابوونی یەکجارەکی دەبەن، سەد مەخابن کە دەستیان دەچێتە خوێنی ئەم هەموو شێرەکوڕەی خۆیان، بەڵام لە بەرامبەر دوژمن زەردهەڵگەڕاو و لەسەر ئەژنۆن. ئێستا کە ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو کردەوە تیرۆریستییەدا، هێشتا تاوانباران دەستگیرنەکراون، ئێمە و کەسوکارەکانیان بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت دانمان بەخۆماندا گرتووە و هیچ کاردانەوەیەکمان نەبووە، داوا لە دەسەڵاتی دادوەری دەکەین لە هەرێمی کوردستان کە ئەرکی یاسایی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەم دۆسیەیە و تاوانبارانی ڕاستەقینەی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ئاشکرا بکەن بۆ ڕایگشتی و راپێچی بەردەم دادگا بکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن. ڕۆحی پاکتان شاد بێت کاکە موراد و کاکە خۆشناو وەیسی و کاکە سەرکار فاخیر و کاکە هاوکار نازم.
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران ئاشکرای کرد کە هێزیان بردۆتە سەر سنووری هەرێمی کوردستان. رۆژی هەینی 25-11-2022، محەمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزە زەمنییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "یەکەی زرێپۆش و هێزە تایبەتییەکانیان لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوای ئێران بڵاودەکەنەوە." فەرماندەکەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران دەڵێت، "بەتووندی رووبەڕووی هۆکارەکانی نەبوونی ئاسایش لە ناوچەکە دەبینەوە."
یەکێک لەو دوو ئاسایشەی سلێمانی کە ئەمشەو بە تەقەی دوو تۆمەتبار برینداربوون، گیانی لەدەستدا. ئاسایشەکە ناوی کاروانە و لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هەڵاتووەکاندا گیانی بە سەختی بریندار بوو. ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، “لە کاتێکدا هێزەکانمان لە ئەرکی رەسمی و راپەڕاندنی رێکارە یاسایی و ئەمنییەکانی خۆیاندا بوون لە بازگەی سلێمانی، دوو ئۆتۆمبێل خاڵی پشکینن دەبەزێنن و ھەڵدێن و رووبەڕووی ھێزەکانمان دەبنەوەو دوو کارمەندنی ئاسایش برینداردەکەن.” ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، “دوای گرتنەبەری رێکاری ئەمنی بەرامبەریان تۆمەتبار ( تەقەکەرە ) بە برینداری دەستگیردەکرێت و ئۆتۆمبێلەکەی ترشیان لەڕێڕەوی خۆی لادەدات و وەردەگەڕێت و تۆمەتباری دووەھەمیش دەستگیرکرا.” بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی ئاسایشی سلێمانی ، “دوای پشکنین دەرکەوت لەناو ئۆتۆمبێلی یەکێک لە تۆمەتبارە ھەڵھاتووەکان بارێکی چەکی پێبووە( ٢٦٧ پارچەچەک ، فیشەک و تەقەمەنی ) و مەرامی بووە ھەڵبێت و لەدەرەوەی یاسا خۆی دەربازبکات.”