Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13711 بابەت
هەواڵ
03-03-2026

مەسرور بارزانی نەخۆشخانەیەکی لە هەولێر کردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 3/3 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، نەخۆشخانەی ماجیدی لە شاری هەولێر کردەوە.دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی نەخۆشخانەکە، سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، هیوای خواست ئەم نەخۆشخانەیە کە بە باشترین شێوە ، خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات .ئەمەش دەقی وتەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە؛ بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان؛ پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی هەولێری خۆشەویست دەكەم بە بۆنەی كردنەوەی نەخۆشخانەی ماجیدی كە بەڕاستی بە شێوازێكی زۆر پێشكەوتوو، بە ستانداردێكی نێودەوڵەتی دروست كراوە.دەستخۆشی لە حاجی ئەحمەد ماجیدی دەكەم وەك وەبەرهێنەرێك كە توانیویەتی ئەم نەخۆشخانەیە لێرە دروست بكات و بكەوێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان و هەموو ئەو خەڵكەی كە سەردانی كوردستانیش دەكەن.هیوادارم كەس ناچار نەبێت بێتە نەخۆشخانە، بەڵام ئەگەر كەسێك پێویستیی پێی بوو، بە دڵنیاییەوە ئێستا ئەم نەخۆشخانەیە لە ئاستێكی وا پێشكەوتوو و بە شێوازێكی زۆر زۆر رێكوپێك دروست كراوە كە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی پێداویستییەكانی خەڵكی كوردستان بێت. جارێكی تر دەستخۆشی لە حاجی ئەحمەد دەكەم، هیوادارم هەموو وەبەرهێنەرانی كوردستان بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە كوردستان و بۆ پێشخستنی هەرێمی كوردستان. هەر یەكێك لە كەرتێك و هەر یەكێك لەو بابەتە تایبەتانەی كە خۆیان كاری تێدا دەكەن.ئەوەی من بینیم نەخۆشخانەیەكی یەكجار پێشكەوتووە، بە ئامێری زۆر پێشكەوتوو ئامادە كراوە، دڵنیام و گومانیشم لەوەدا نییە كە پزیشك و پەرستار و فەرمانبەری زۆر باشیشمان هەیە كە دەتوانن لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بن.جارێكی تر پیرۆزبایی لە هەموو لایەك دەكەم.هەر بەم بۆنەیەوە دەمەوێ ئاماژە بە دوو سێ بابەتی گرنگیش بدەم كە پێموایە هەمووتان ئاگادارن، یەكێكیان ئەو گرژی و شەڕ و ئاڵۆزییەیە كە ناوچەكەی گرتووەتەوە. جێی داخە كە ناوچەكەمان بەم شێوازە ، دووچاری ئەم نەهامەتییە بووەتەوە، لە هەمووشی ناخۆشتر ئەمەیە كە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، هەندێك لایەنی لەیاسا دەرچوو و تیرۆریست هەولێریشیان كردووەتە ئامانجی خۆیان، من سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان دەكەم و دڵنیا بن كە ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان و كوردستانمان پارێزراو بێت و دوور بین لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەك. هەوڵدەدەین كوردستان بەدوور بگرین لەم شەڕ و ئاژاوانەی كە لە ناوچەكەدا هەن و بەردەوام دەبین لە پاراستنی دەستكەوتەكانی خۆمان. داواكارم خەڵكی كوردستان پابەندی رێنماییەكان بن و بە هەموو شێوەیەك خۆیان بپارێزن. هیوادارم ئەم ناخۆشییانە بە زوویی بەرەو تەواو بوون بڕۆن و ئاسایش و سەقامگیری جێگەی شەڕ و گرژی و توندوتیژی بگرێتەوە...سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ پشوودرێژییان، بە تایبەتی كە دەبینین لەم ماوەیەی رابردوو، زۆر گرفتی جۆراوجۆریان رووبەڕوو بووەتەوە، بابەتی بێمووچەیی یان دواكەوتنی مووچە كە دیسان ئەمە بابەتێكە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ بدۆزینەوە. ئێمە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆمان جێبەجێ كردووە و داواش دەكەین حكوومەتی فیدرالیش پابەندییەكانی خۆیان بەرامبەر بە شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكەن.لە لایەكی ترەوە، ئێمە هەوڵێكی جددیمان دا بۆ ئەوەی لە پرۆژەی رووناكی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هەموو كوردستان دابین بكەین كە لەم ساڵەدا بەڵێنی ئەوەمان دابوو و لەسەر بەڵێنی خۆمانین كارەبای 24 كاتژمێری هەموو شار و شارۆچكە و گوند و دێهاتەكانی كوردستانیش بگرێتەوە، ئەم بەڵێنەمان بەردەوامە و ئینشائەڵا جێبەجێشی دەكەین. بەڵام دوای ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی كە دروست بووە و دوای ئەو پەلامارانەی كە كراونەتە سەر كێڵگەكانی نەوت و غاز، هەندێك لە كۆمپانیاكان بۆ خۆپارێزی، بەرهەمەكانی خۆیان كەم كردووەتەوە كە بووەتە هۆكاری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەمەش شتێكی كاتییە. هیوادارین بارودۆخەكە بەرەو ئاسایی بگەڕێتەوە. هیوادارم خەڵكی ئێمە پشوو درێژ بن و تێبگەن كە ئەم شتەی رووی داوە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە بووە، بەڵام هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی كەمترین زیان بەر خەڵكی كوردستان بكەوێت و ئینشائەڵا ئاسایش و سەقامگیری جارێكی تر بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان و هەموو ناوچەكەش بگرێتەوە. داوا لە حكوومەتی فیدرال دەكەین كە رێگە بەم تیرۆریستە لەیاسا دەرچوانە نەدەن كە چیتر پەلاماری كوردستان بدەن، چونكە ئێمەش ناتوانین تا سەر بێدەنگ بین.جارێكی تر دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە حاجی ئەحمەد و لە خەڵكی كوردستان و شاری هەولێر دەكەم، دەستخۆشی لە پزیشكەكان و فەرمانبەران دەكەم بۆ ئەم كارە ناوازەیەی كە لێرە كردوویانە. هەر سەركەوتوو بن، پیرۆزە لە هەمووتان، كوردستانمان ئینشائەڵا هەر پارێزراو و ئاوەدان بێت.

هەواڵ
03-03-2026

عێراقچی: روبیۆ دانی بەوەدا نا کە ئەمریکا لە پێناو ئیسرائیل چووەتە ناو...

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر لێدوانەکانی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بە ویستی خۆی و تەنیا لە پێناو پاراستنی ئیسرائیل چووەتە ناو ئەم جەنگەوە. رۆژی سێشەممە 03-03-2026 وەزیری دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، قسەکانی روبیۆ سەلمێنەری ئەو راستییەن کە تاران لە مێژە دەیزانێت. عێراقچی وتی: "بەڕێز روبیۆ دانی بەوەدا نا کە هەموومان دەمانزانی؛ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پێناو ئیسرائیل چووە ناو جەنگێکی هەڵبژێردراوەوە. هەرگیز شتێک نەبووە بە ناوی هەڕەشەی ئێرانی." عێراقچی هێرشی کردە سەر ئەو لایەنە ئەمریکییانەی کە بە "ئیسرائیل لە پێشینەیە" وەسفیان دەکات و رایگەیاند، رشتنی خوێنی ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان لەم جەنگەدا لە ئەستۆی ئەو کەسانەدایە. وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "گەلی ئەمریکا شایەنی ژیان و دۆخێکی باشترن و دەبێت وڵاتەکەیان لەژێر دەستی ئەو کەسانە وەربگرنەوە." ئەم وەڵامەی عێراقچی دوای ئەوە دێت مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، واشنتن دوای ئەوە بڕیاری هێرشی پێشوەختەی بۆ سەر ئێران دا کە زانی ئیسرائیل بە تەنیا هێرش دەکات، کە ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی ئێران وەک تۆڵە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

هەواڵ
02-03-2026

حەشدی شەعبی بۆردومان کرا و عێراق بڕیارێکی بەپەلەی دا

لە کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنیدا بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەرکان و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بڕیاری قەدەخەکردنی هەموو جۆرە دەرکەوتنێکی چەکداری لە شارەکاندا درا و جەخت لە "یەکێتیی فەرماندەیی" کرایەوە. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی سوپا، دژەتیرۆر، حەشدی شەعبی و پۆلیس، ئەمشەو دووشەممە بەڕێوەچوو؛ تێیدا چەند بڕیارێکی ستراتیژیی دران، لەوانە؛ دەرکەوتنی چەکداری لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن بە هەموو شێوەیەک قەدەخە کرا، رێگری دەکرێت لەوەی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ یان هەر لایەنێکی دەرەکی بەکاربهێنرێت. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هەموو هێزەکان، بە حەشدی شەعبیشەوە، دەبێت تەنیا لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندا بن. هاوکات فەرماندەکان سەرپشک کران لە بڕیاردان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، بەڵام رووبەڕووی لێپرسینەوە و هەڵسەنگاندن دەبنەوە. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان جەختی لەوە کردەوە، کە دەزگا هەواڵگرییەکان راسپێردراون رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک بگرنەبەر کە بیەوێت ئاسایش و سەقامگیریی وڵات تێکبدات. ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە کەمێک پێش کۆبوونەوەکە، بارەگای لیوای 30ی حەشدی شەعبی بە درۆن کرایە ئامانج و دوو حەشد بریندار بوون.

هەواڵ
02-03-2026

بەرهەمهێنانی نەوت لە سێ شوێنی هەرێمی کوردستان وەستێنرا

کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ڕاوەستانیکی کتوپڕ بووەتەوە و کۆمپانیای شاماران وەک یەکێک لە وەبەرهێنەرە سەرەکییەکان، بڵاویکردەوە کە بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی لە ناوچەکە، وەک رێکارێکی خۆپارێزی بە مەبەستی پاراستنی کارمەندان و کێڵگەکان، بڕیاری راگرتنی کاتیی بەرهەمهێنانی نەوتیان داوە. هەرچەندە تاوەکو ئەم ساتە هیچ زیانێکی ماددی بەر دامەزراوەکان نەکەوتووە، کۆمپانیاکە کێڵگەکانی ئەترووش و سەرسنگی لە پارێزگای دهۆک وەستاندووە. ئەم بڕیارەش دوای ئاگادارکردنەوەی فەرمیی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن، وەک بەکارخەری سەرەکی ئەو کێڵگانە هاتووە کە پشکی شێریان لە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەدا هەیە. لە لایەکی دیکەوە ئەم پەککەوتنە تەنیا سنووری ئەو دوو کێڵگەیەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کۆمپانیای گەڵف کێستۆن، کە لە کێڵگەی شێخان چالاکە رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە هەر مەترسییەک بەرهەمهێنانی رۆژانەی 44 هەزار بەرمیل نەوتیان ڕاگرتووە و ئەمەش گوشارێکی زیاتر دەخاتە سەر کەرتی ئابووری ناوچەکە، چونکە کێڵگەی ئەترووش بە تەنیا 35 هەزار بەرمیل و کێڵگەی سەرسنگ 29 هەزار بەرمیل نەوتیان رەوانەی بازاڕەکان دەکرد، بەمەش قەبارەیەکی گەورە لە هەناردە و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لە دەست دەچێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داهات و کارلێکە بازرگانییەکان دەبێت. ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانە لە کاتێکدایە کە شەممەی رابردوو، کۆمپانیای داناگاز بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی ستراتیژی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ راگرت کە ئەم کێڵگەیە رۆژانە 750 ملیۆن پێی سێجا گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات، بە راوەستانی ئەم کێڵگەیە زۆربەی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر هەڕەشەی بڕان و بەم شێوەیە دۆخی وزە لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی و هەولێر گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار، کە پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکان لە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی ناوچەکەدا.

هەواڵ
02-03-2026

مەسرور بارزانی و مەزڵووم عەبدی دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەلایەن مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پێگەیشت. لەو پەیوەندییەدا، هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهات و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کرد. تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکە تەرخانکرا بۆ جەختکردنەوە لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامی؛ پێویستی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان، هاوکات هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان؛ کارکردن بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە تەواوی ناوچەکە بە گشتی. ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی خێرای سیاسی و ئەمنیدا تێدەپەڕێت و هەماهەنگی نێوان لایەنەکان بە گرنگ دەزانرێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان.

هەواڵ
01-03-2026

راگەیەندراوێك لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ ١ی ئازاری ٢٠٢٦ بارەگای فیرقەی ١١ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەورووبەری ناحیەی دێگەڵە، لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە (دڕۆن) پەلاماردراوە . ئەم پەلامارە تێکدەرانە هەوڵێکە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخەکەو نانەوەی پشێوی زیاتر .وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە بەرێز سودانی سەرۆکی حکومەتی ئێراقی فیدراڵ و فەرماندەیی گشتی هێزەچەکدارەکان دەکات ،سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژی و کردە دوور لەیاساییانە دابنێت و بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە رووبەروی لێپێچینەوەی یاسایی بکات، بەردەوامی دان بەم کردەوە تیرۆرستیانە بێ وەڵام نابێت . وەزارەتی پێشمەرگە١ی ئازاری ٢٠٢٦

هەواڵ
01-03-2026

ترەمپ کوژرانی 48 سەرکردەی باڵای ئێران و پەکخستنی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئەو...

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز دوای هێرشە فراوانەکانی سەر ئێران، وردەکاری نوێی خستەڕوو و ڕایگەیاند، هێرشە سەربازییەکانیان ڕێگریی تەواوی کردووە لەوەی تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئەگەر ئەو هێرشانە نەبووایە، ئێران لە ماوەی تەنیا دوو هەفتەدا دەبووە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانەکانیدا کوژرانی 48 سەرکردەی باڵای ئێرانی پشتڕاست کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە وردی شوێنی هەموو ئەو ئامانجانە دەزانن کە لە خاکی ئێراندا ماونەتەوە، جەختیشی کردەوە کە نیگەرانی هیچ شتێک نییە و هەموو لایەنەکان بە باشی بەڕێوەدەچن. ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە، ئەمریکا و ئیسرائیل گەورەترین هێرشی هاوبەشیان بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران ئەنجامدا، تێیدا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران و مەحموود ئەحمەدی نەژاد، دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران کوژران و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەش کراونەتە ئامانج.

هەواڵ
01-03-2026

لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر ئیلام 22 سەربازی ئێران کوژران

فەرماندەی پاسەوانی سنووری پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر بارەگایەکیان لە شاری مێهران، 22 پاسەوانی سنوور کوژران و 21ی دیکەش بریندار بوون. ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی ئاداری 2026، عەلی نەدرخانی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری ئێران لە پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند، بارەگایەکی هێزی پاسەوانیی سنوور لە گۆڕەپانی ئیمام خومەینی لە شاری مێهران کراوەتە ئامانج. بەهۆی هێرشەکەوە 22 ئەندامی هێزەکانیان کوژراون و 21ی دیکەش بریندار بوون کە بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. بە گوتەی نەدرخانی، هێرشەکە بووەتە هۆی خاپووربوونی بارەگاکە و زیانێکی زۆریش بە باڵەخانەکانی دەوروبەری گەیشتووە. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر 24 پارێزگای ئێران دەستپێکردووە. لەو هێرشانەدا چەندین ناوەندی هەستیار کراونەتە ئامانج و چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژراون، لەنێویشیاندا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل ئەنجامداوە.

هەواڵ
01-03-2026

بۆ هاونیشتمانیان؛ بەنزین زۆرە و پێویست بە دروستکردنی قەرەباڵخی ناکات

لە بەنزینخانەکانی هەولێر و سلێمانی قەرەباڵخی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە هیچ گرفتێکی کەمیی بەنزین لە ئارادا نییە و نرخەکانیش بە جێگیری دەمێننەوە، جەختیش دەکەنەوە لەوەی پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات و ئەو قەرەباڵخییەی دروستبووە بێ پاساوە، چونکە بڕی پێویستی سووتەمەنی لە کۆگاکاندا هەیە و پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناریش وەک پێشتر بەردەوامە. جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ڕایگەیاند، چاودێرییەکی توند بۆ نرخەکان هەیە و ڕێگە بە هیچ زیادکردنێکی نرختی بەنزین نادرێت. ئەگەرچی هەندێک لە بەنزینخانەکان هەوڵی بەرزکردنەوەی نرخیان داوە، بەڵام لیژنەکانی چاودێری ڕاسپێردراون بۆ لێپێچینەوە لە هەر سەرپێچییەک. هاوکاتی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان، ڕایگەیاندووە کە ئاڵۆزییە ناوچەییەکان نابنە هۆی کەمبوونەوەی سووتەمەنی، بەڵکو بڕی بەرهەمهێنراو لە زیادبووندایە. لە ئێستادا نرخی بەنزین لە نێوان جۆرە جیاوازەکاندا جێگیرە، بەجۆرێک لیتری نۆرماڵ لە نێوان 800 بۆ 875 دیناردایە، موحەسەن بە هەزار و 50 بۆ هەزار و 100 دینار و سووپەریش بە هەزار و 200 بۆ هەزار و 250 دینار دەفرۆشرێت. بەرپرسانی سلێمانیش هاوشێوەی هەولێر دووپاتی دەکەنەوە کە بڕی پێویست لە سووتەمەنی بەردەستە و داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن بۆ کڕینی بەنزین پەستانی زۆر نەخەنە سەر بەنزینخانەکان، چونکە هیچ مەترسییەک بۆ سەر کەمبوونەوەی ئەم مادەیە بوونی نییە.

هەواڵ
28-02-2026

بافڵ تاڵەبانی: لەگەڵ پارتی لە پەیوەندیی بەردەوامداین بۆ پاراستنی کوردس...

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: لەگەڵ پارتی لە پەیوەندیی بەردەوامداین بۆ بەرگریکردن لە کوردستان. دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی: جارێکی دیکە، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووینەتەوە. وەک هەمیشە، دڵنیام کە ئێوە بە بەهێزی، خۆڕاگر و یەکگرتوویی دەمێننەوە. لە پێناو ئەم یەکگرتن و یەکڕیزییە گرنگ و پێویستە، لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ هەموو لایەنە عیراقی و کوردییەکان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ئەوەی هەموو توانایەکمان بخەینەگەڕ بۆ بەرگریکردن و پاراستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عیراق لەم مەترسییە.

هەواڵ
28-02-2026

مەترسییەکانی داخستنی گەرووی هورمز؛ ئابووریی عێراق و مووچەی فەرمانبەران...

بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سوپای پاسدارانی ئێران گەرووی هورمزی بە تەواوی داخست و شارەزایان هۆشداری لەدۆخی عێراق دەدەن. ئەمڕۆ شەممە 28-02-2026، گەرووی هورمز وەک گرنگترین دەروازەی دەریایی بۆ هەناردەکردنی نەوتی ناوچەی کەنداو، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە تەواوی داخرا، ئەمەش دڵەڕاوکێی زۆری لای شارەزایانی ئابووری دروستکردووە، چونکە ڕۆژانە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت. پێشتر نەبیل مەرسوومی، شارەزای دیاری ئابووریی عێراق ڕایگەیاند، داخستنی گەرووی هورمز ئەنجامی کارەساتباری بۆ عێراق دەبێت، چونکە وڵاتەکە 90٪ی داهاتەکەی لە ڕێگەی هەناردەی نەوتەوە لەم ڕێڕەوەوە دەست دەکەوێت، لە حاڵەتی داخستنیدا عێراق بە کردەیی توانای هەناردەکردنی نەوتی لە بەندەرەکانی باشوورەوە لەدەست دەدات. بەپێی پێشبینییە ئابوورییەکان ئەگەر گەرووەکە دابخرێت هەناردەی نەوتی عێراق لە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیلەوە بۆ تەنیا 210 هەزار بەرمیل کەمدەکاتەوە کە 200 هەزاری لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان و 10 هەزار بەرمیلی لەڕیگەی ئوردنەوە دەبێت، تەنانەت ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 150 دۆلاریش، ناتوانێت قەرەبووی ئەو زیانە بکاتەوە چونکە داهاتی مانگانەی وڵات لە حەوت ملیار دۆلارەوە بۆ کەمتر لە یەک ملیار دۆلار دادەبەزێت، ئەم بڕە پارەیەش تەنیا بەشی 14٪ی مووچەی فەرمانبەران دەکات. ئەم مەترسییە لە کاتێکدایە کە عێراق بەپێچەوانەی وڵاتانی سعودیە، ئیمارات و ئێران هیچ دەروازەیەکی جێگرەوەی ئامادەی نییە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی، لە هەمان کاتدا وەزارەتی دارایی بەهۆی کەمیی نەختینەوە لە کێشەدایە، بۆ سێیەم مانگ لەسەریەک نەیتوانیوە لە کاتی خۆیدا مووچەی هەشت ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر دابین بکات، ئەمەش دۆخەکە بەرەو تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووریی مەترسیدار دەبات.

هەواڵ
28-02-2026

جەنگ دەستیپێکرد

بەیانیی نزیکەی کاژێر 09:00 دەنگی چەندین تەقینەوە لە تاران بیستران سوپای ئیسرائیل گوتی کە هێرشیان کردووەتە سەر تاران دەنگۆی بە ئامانجگرتنی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بڵاوکرایەوە، بەڵام ئاژانسی ئێرنای ئێران هەواڵەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: سەلامەتە بەرپرسانی ئێران هیچ لێدوانێکی فەرمیان نییە دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، هێرشی فراوانیان دەستپێکردووە، داوا لە سوپای پاسداران دەکات چەک دابنێن و هەروەها راشیگەیاند کە هێرشەکانیان درێژ خایەن دەبێت و بنکە ئەتۆمی و مووشەکییەکانیان لەنێو دەبەن نزیکەی 10 ناوچەی ئێران بۆردوومان کراون بەشێک لە هێرشەکان ئەلیکترۆنین و تائێستا چەندین میدیای ئێران هاک کراون پۆلیسی ئێران داوا لە هاووڵاتییانی دەکات هاوکاریی هێزەکانیان بکەن

1 2 ... 45 46 47 ... 1142 1143