ئاگرێکی گەورە لە کامپی بەحرکە کەوتەوە و بەرگری شارستانی سەرقاڵی کۆنتڕۆڵ کردنیەتی. بەپێی زانیاریەکان، کەسێک بە هۆی ئاگرەکەوە گیانی لەدەستداوە. کامپی بەحرکە، ئاوارەکانی سنووری نەینەوای تێدا نیشتەجێن.
راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دوای کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، گۆڕانکارییەکان لەناو حیزب دەستیان پێکردووە و بەشێک لە گۆڕانکارییەکانیش کراون و بەردەوامیش دەبن. دەشڵێ، پێداچوونەوە بە سەرجەم بەرپرسیارێتییەکاندا دەکرێت. عارف روشدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پاش کۆنگرە دەستی بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری کرد لەسەر ئاسته جیاجیاكان، سەرلەنوێ ئەرکەکان دابەش دەکرێن و گۆڕانکارییەکانیش بەردەوام دەبن، هەروەها پێداچوونەوە بە سەرجەم بەرپرسیارێتییەکاندا دەکرێت، کە هەر شوێنێک پێویستی بە گۆڕانکاری هەبێت، گۆڕانکاری دەکرێت. روشدی گوتیشی، گۆڕانکاری لە بەرپرسانی لقەکانیش دەکرێت، بەڵام مەرج نییە لە هەموو لقەکان بکرێت، کە بەشێکیان دەگۆڕدرێن و بەشێکیشیان وەکو خۆیان دەمێننەوە، مەرجیش نییە ئەوانەی پلەیان پێدەدرێت ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بن، گرنگ ئەوەیە کادیری پێشکەوتوو بن. دەشڵێ، ئەوانەی گۆڕانکارییان تێدا کراوە لەمەودوا دەستبەکار دەبن و هەر کاتێک لە هەر شوێنێک ئامادەکاری بۆ مەراسیمی دەستبەکاربوونەکانیان کرا، دەستبەکار دەبن. عارف روشدی ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو هەڤاڵانەی بەرپرسیارێتیی حکوومییان هەیە و بوونەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، پێویستە دەستبەرداری پۆستی حکوومی بن و کادیری دیکە شوێنی ئەوان دەگرنەوە و پۆستە حکوومییەکان وەردەگرن، بۆیە ئەو هەنگاوەش دەستی پێکردووە و بەردەوامیش دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11 دیسێمبەر ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆرجیۆس ئەلەمانۆس باڵیۆزی نوێی یۆنان لە عێراق کرد.لە دیدارەکەدا کە ستاڤرۆس کریمیس کونسولی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆز کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست لە پێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و یۆنان. باڵیۆزی یۆنان ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا نیشاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و خوێندندا.
وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی نزیكبوونەوەی كۆتایی ساڵ خەرجییەكان رادەگرێـت و ڕێنمایی دەداتە وەزارەت و فەرمانگەكان. رێنماییەکە کە ئەمڕۆ 11/12/2022 دەرچووە، سیستەمی ئۆنلاین لە ئەمڕۆوە تاوەكوو كردنەوەی خەرجییەكانی ساڵی 2023 رادەگیرێت. ئاماژە بەوەشكراوە، هەموو خەرجییەكان جگە لە مووچە و پێشینەی مانگانە و كرێی مانگانەكان و خاوێن كردنەوە و خواردن لە 16/12/2022 رادەگیرێت.وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، زیادكردنی پێشینەی مانگانە رادەگیرێت، بەڵام تەموویل كردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پارێزگاكان راناگیرێت و بەردەوام دەبێت. لە ڕێنماییەکاندا باسی ئەوە كراوە كە نابێت هیچ داواكارییەكی خەرجی بۆ وەزارەتی دارایی رەوانە بكرێت.دووپات لەسەر ئەوە كراوەتەوە ئەو رەزامەندی خەرجیانەی پێش 16/12/2022 بێت، ئەوە خەرج دەكرێن، بەڵام ئەوانەی تر دەكەێتە ساڵی نوێی دارایی. كۆی رێنماییەکە لە 16/12/2022 وە جێبەجێ دەكرێت، ئەویش پاش ئەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاو دەبێتەوە.
پەیامی پیرۆزبایی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی(70) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بەبۆنەی ( 70 )مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە سکرتێر و مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵا و گشت ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان لە خەباتی ڕێکخراوەییان لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان بۆ دەخوازم . یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، مێژوویەکی پڕ سەروەری لە قۆناخە جیاوازەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و بەتایبەتیش لە بەرگریگردن لە مافە ڕەواکانی ئافرەتانی کوردستان و ئازادی و یەکسانیدا ھەیە و ڕۆڵێکی دیار و پێشەنگی لە پێگەیاندنی چەندین ئافرەتی سەرکردەدا ھەبووە.لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە خەبات و تێکۆشانی بێ پسانەوەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بەرز دەنرخێنین و پشتیوانیی خۆمان بۆ خەبات و کار و چالاکییان و داکۆکیکردنیان لە مافەکانی ئافرەتان دووپات دەکەینەوە. پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان مەسرور بارزانیجێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان2022/12/11
سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی حەفتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە تێیدا رایگەیاند، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان یەكێكە لە دەستكەوتە هەرە گرنگەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول. سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا گوتی "دڵنیام یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەر وەك قۆناغەكانی پێشووتری خەباتی خۆی، لە داهاتووشدا ڕۆڵی كاریگەر و پێشەنگی خۆی لە بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بەرگریكردن لە ماف و داخوازییەكانی ئافرەتان دەگێڕێت". دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بهڕێزان سكرتێر و ئهندامانی مهكتهبی سكرتاریهتی یهكێتیی ئافرهتانی كوردستان، به بۆنهی حەفتایەمین ساڵیادی دامهزراندنی یهکێتییەکهتان، یهکێتی ئافرهتانی کوردستان پیرۆزبایی گهرم ئاراستهی ئێوه و ههموو ئهندامانی رێکخراوه تێکۆشهرهکهتان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دهکهم. یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان یەكێكە لە دەستكەوتە هەرە گرنگەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و ئامرازێكی گرنگ و كاریگەر بوو بۆ پێگەیاندن و هۆشیاركردنی ئافرەتانی كوردستان و فراوانكردنی بەشدارییان لە ژیانی سیاسی و خەباتی گەلی كوردستاندا و، لەو رێگەیەدا یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ماندووبوون و قوربانیی زۆریشیان داوە. لە قۆناغی ئێستادا ئەركی ئێوە لەڕووی هۆشیاریی نیشتیمانی و پێگەیاندنی ئافرەتان و داكۆكیكردن لە مافە مەدەنی و سیاسییەكانی ئافرەتان زۆر گرنگە و دەبێ لە ئاراستەی بەشداریی كارای ئافرەت لە ژیانی گشتیی كۆمەڵگەی كوردستاندا بێت. لەوەش دڵنیام یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەر وەك قۆناغەكانی پێشووتری خەباتی خۆی، لە داهاتووشدا ڕۆڵی كاریگەر و پێشەنگی خۆی لە بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بەرگریكردن لە ماف و داخوازییەكانی ئافرەتان دەگێڕێت. هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم مسعود بارزانی 11ی كانوونی یەكەمی 2022
بەمەبەستی بەردەوامیدان بە دانووستاندنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، رێکەوتی ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا. لەو سەردانەدا شاندی حکومەتی ھەرێم لەسەر پرسی بودجە و نەوت، گفتوگۆ و دانووستاندن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی ئەنجام دەدەن. فەرمانگەی میدیا و زانیاری ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢
سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان بریاری دا بە تۆمارکردنی داوای یاسایی دەربارەی بردنی ژمارەیەک لە دۆسیە لە بەرێوەبەرایەتی خانووبەرەی چەمچەمال لە لایەن هێزێکی چەکدارەوە. لە راگەیەندراوێکی یەکەی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیدا هاتووە "سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان دادوەر ( کاوە فتحی معصوم ) دەربارەی کەیسی بردنی ( ٣٥٠ - ٤٠٠ ) دۆسیە کە لە رێکەوتی ٦/٢٢/٢٠٢٢ هێزێکی ( ٥٠ ) کەسی هەلیان کوتایە سەر بەرێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانوبەرەی چەمچەمال دوای شکاندنی قوفلی ژووری دۆسیەکان سەرجەم دۆسیەکانی ناوچەی ( قادر کەرەم ) یان بردووە بۆیە بریاری دا لە رێگای جێگرایەتی داواکاری گشتی چەمچەمال بە جوڵاندنی سکالای یاسایی دژ بە ئەنجامدەرانی ئەم کارە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن و ئەم دۆسیانەش بگەرێنرێنەوە بۆ بەرێوەبەرایەتی تۆمار کردنی خانووبەرەی چەمچەمال."
لە سنوری پارێزگای سەلاحەدین، گرووپێک چەکداری داعش هەڵدەکوتنە سەر گوندێک، بەڵام جوتیارێک ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و سێ چەکداری داعش دەکوژێت. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست باڵکێش کەوتووە، دوای ئەوەی جوتیارەکە سێ چەکداری داعش دەکوژێت، دەست دەکاتەوە بە زەوی کێڵان، لەو کاتەدا سێ چەکداری دیکەی داعش دەچنە ناوچەکە و ئاڕبیجییەک دەنێن بە تراکتۆرەکەوە کە جوتیارەکە کاری پێ کردووە. دوای ئەو رووداوەکە، لیوای 91ی سوپای عێراق دەگەنە ناوچەکە و سێ چەکداری دیکەی داعش دەکوژن.
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم دەست پێدەكەن و دواتر لە ناوەندەكانی خوێندندا نزیكەی هەفتەیەك پشووی فەرمی دەبێت. سامان سیوەیلی راشیگەیاند، دوای تەواوبوونی وەرزی یەكەم تاقیكردنەوەكانی نیوەی ساڵ كە دەكاتە تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم، لە رۆژی 14ی12ی 2022 دەست پێدەكەن. رونیشیكردووەتەوە، قوتابخانەكان و بەڕێوەبەرەكانی قوتابخانەكان ئامادەكاریی خۆیان كردووە و تاقیكردنەوەكانیش تاوەكو 24ی 12 بەردەوام دەبن. بە وتەی وتەیبَژی وەزارەتی پەروەردە، دوابەدوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكان لە سەرجەم قوتابخانەكان و ناوەندەكانی خوێندن پشووی فەرمی كۆتایی وەرزی یەكەم دەست پێدەكات، لە 25ی 12ی 2022 تاوەكو 2ی 1ی2023 و لە ساڵی نوێش دەست دەكرێتەوە بە دەوام و خوێندنی پرۆگرامەكانی وەرزی دووەم.
کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا لەمیانی کردنەوەی قوتابخانەی مێلتۆن لە عەنکاوە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، دەیانەوێ هاوکاریی زیاتر پێشکیشی هەرێمی کوردستان بکەن. گوتیشی، "ئێوە بە تەنیا نین." ئەمڕۆ شەممە، 10-12-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا لە عەنکاوە قوتابخانەی مێلتۆیان بە فەرمی کردەوە کە لەسەر ئەرکی حکومەتی هەنگاریا بە بەهای چوار ملیۆن و 500 هەزار دۆلار دروستکراوە. کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان تەنیا نییە و ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان. گوتیشی، "دەمانەوێت هاوکاریی زیاتر پێکێش بکەین." سەرۆکی هەنگاریا لە گوتارەکەیدا رووی لە ئامادەبووان کرد و گوتی، "پێموایە هەمووتان ئاشناییتان لەگەڵ ئاڵای هەنگاریا هەیە. ئاڵاکەمان هاوشێوەی ئاڵاکەتانە. ئەویش سوور، سپی و سەوزە، بەڵام بەداخەوە خۆری تێدا نییە. ئەوەش واتای ئەوەیە کە ئێستا ئێمە خۆرمان لە هەنگاریا نییە، بەڵام دەشتوانن ئاڵای هەنگاریا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە بەشێکی زۆری شارەکان ببینن. جێگەی شانازیمانە کە دەبینین ئاڵای هەنگاریا لێرەیە، چونکە ئەوە نیازچاکیی گەلی هەنگاریا پیشاندەدات." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی هەنگاریا باسی لە دۆخی کریستیانەکان لە جیهان کرد و رایگەیاند، "360 ملیۆن کریستیان لە جیهان رووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە." لەبارەی یاسای وڵاتەکەیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، نۆڤاک دەڵێت، "ئێمە رێزی خەڵک دەگرین. ئەوەش مانای ئەوەیە کە رێزی ئەوانی دیکە دەگرین. ئێمە حەزناکەین وانە بەکەس بڵێین. تەنیا رێز پێشاندەدەین. ئەوەش واتای ئەوەیە کە دەمانەوێت لە کەسی بەرامبەر تێبگەین و بیناسین و رێزی لێبگرین. ئەوەش واتای ئەوەیە کە ئێمە رێز لە سەروەریی وڵاتی دیکە دەگرین." سەرۆکی هەنگاریا لەوبارەوە زیاتر قسەی کرد و گوتیشی، یاسای دووەم و سێیەمی وڵاتەکەیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەوەیە کە "ئێمە پاڵپشتیی چارەسەری دیموکراسی دەکەین و لەگەڵ دیموکراسیداین و رێزی لێدەگرین. سێیەمیش، ئەوەیە کە ئێمە سەرکۆنەی تووندوتیژی دەکەین. سەرکۆنەی تیرۆر دەکەین. دووژمنی هاوبەشمان تیرۆری نێودەوڵەتییە. ئەوەش ئەوەیە کە سەربازەکانمان لێرە، لە عێراق شەڕی بۆ دەکەن." رووداو
ئەمڕۆ شەممە (10دیسێمبەری 2022)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی کەتالین نۆڤاک سەرۆکی هەنگاریا، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی لە عەنکاوە کردەوە .سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و جەختی لەسەر گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە کردەوە وەک ئەرکێکی لە پێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.هەروەها پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییانەیەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەو کریستیان و ئێزدییانەی بەهۆی هەڕەشەی تیرۆرەوە لە دەشتی نەینەوا هەڵهاتوون .سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان پێشوازی لە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی عێراقی وپەنابەری سووری کردووە، پارێزگاری لێکردوون و شوێنێ حەوانەوەی بۆ دابینکردوون، کە بەبێ پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کارێکی سەخت بوو.مەسرور بارزانی سوپاسی ئامادەبوونی کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریاشی کرد و گوتی، "هەنگاریا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی هەمیشە هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش".لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە عەنکاوە کرد، کە بووەتە کۆمەڵگەیەکی گەشاوە بۆ بەیەکەوەژیان ئەمەش مایەی شانازییە بۆ ئێمە.لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە رۆڵ و هاوکارییەکانی حکومەتی هەنگاریا کرد و جەختی لەوەکردەوە، گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە لە پێشینەی کارەکانی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەپێناو بنیاتنانی وڵاتێکی بەهێزتر.سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی تەواوی خۆشی بۆ هەموو هەنگاوێک بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە دووپاتکردەوە .سەبارەت بە گرنگی زانست و پەروەردە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، زانست و پەروەردە بزوێنەر و بناخەی پێشکەوتنی وڵاتەکەمانن بۆ هەنگاونان بۆ ئاییندەیەکی باشتر.سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گرنگیدان بە پەروەردە باشترین وەبەرهێنانە لە گەنجەکانماندا ئەنجامی بدەین، بۆئەوەی بەشێوەیەک پەروەردەیان بکەین تاوەکو لە داهاتوودا لە بازاڕی کاری ناوخۆ و دەرەوەدا رکابەری بکەن بۆ بەدەستهێنانی باشترین دەرفەتی کار.سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە دامەزراندنی دەستەى متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان کرد، وەک یەکێک لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ سەرۆکی هەنگاریا لە بەرامبەر پاڵپشتییەکانی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە و گوتی "دڵنیاتان دەکەینەوە وەک پابەندی حکومەت کە هاوکارییەکانتان بە باشی خەرجکراوە لە کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە".