بڕیارە سبەی هەینی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، جۆرجیا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی بکرێت. سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا دوای ئەوە دێت رۆژی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، نامەیەکی ئاراستەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بوو و بەڵێنی دابوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. لە نامەکەیدا جۆرجیا میلۆنی، ئاماژەی بەوە داوە کە پەیوەندی دۆستانەی نێوان ئیتالیا و هەرێمی کوردستان، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و هەردوولا هاوبەشن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم ئاسایش و سەقامگیریی و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردبوویەوە، بەتایبەتی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵ و وزە. لە نامەکەی جۆرجیا میلۆنی ڕایگەیاندبوو "چاوەڕوانم لە دەرفەتێکی نزیکدا بتانبینم و لەگەڵتان کۆببمەوە.'' لەو سەردانەی دا سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا، لە گەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و لە هەمان کاتیشدا سەردانی هێزەکانی ئیتالیا دەکات کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە هەرێمی کوردستاندا خزمەت دەکەن. سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، تەنیا دوای ماوەیەک بەسەر سەردانی کاتالین نۆڤاک سهرۆكى ههنگاريا دێت کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی و کوردستان کۆبووەوە و پاشان لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شارۆچکەی عەینکاوە قوتابخانەیەکی کردەوە و دواتر سەردانی ئەلقوشی کرد. فەرمانگەی میدیا و زانیاری٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردەوە، ھێزەکانی ئاژانسی ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەربە وەزارەتی ناوخۆ بە ھەماھەنگیی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان و ھێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، پێنج تیرۆریستیان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرد. راشیگەیاند تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراوبوون. روونیشیکردەوە کە رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەر تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان گیراوەتەبەر.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە: هیچ ڤایرۆسێكی ترسناك لەشاری سلێمانی بڵاو نەبۆتەوە…. د.ڕزگار عەلی بەرێوبەری بەرێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێكی ترسناك لەشاری سلێمانی و وتی: چەند رۆژێكە دەنگۆیەك لەدەزگاكانی ڕاگەیاندن بڵاوبۆتەوە گوایە ڤایرۆسێكی ترسناك لەشاری سلێمانی بڵاوبۆتەوە و چەند كەسێك بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە و سەرلەبەری ئەو دەنگۆیە ناڕاستە و هیچ جۆرە ڤایرۆسێكی ترسناك لەسلێمانی بڵاونەبۆتەوە و ئەوەی هەیە بریتیە لەئەنفلۆنزای وەرزی كەلەهەرێمی كوردستان و عیراق و جیهانیش هەیە لەم كاتەدا. وتیشی: وەكو بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەرێوبەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی ئەو هەواڵانە بەنادروست دادەنێنین و هیچ جۆرە ڤایرۆسێكی ترسناك لەشاری سلێمانی بڵاونەبۆتەوە و ئێستا لەهەموو ناوچە ساردەكانی جیهان پەتای ئەنفلۆنزای وەرزی هەیە و هیچ كەسێكیش بەم پەتایە گیانی لەدەست نەداوە. د.ڕزگار عەلی باس لەچەند رێنماییەك كرد بۆ خۆپارێزی لەئەنفلۆنزای وەزری وەك بەستنی دەمامك لەشوێنە گشتیەكان و دووركەوتنەوە لەكەسی تووشبوو و پاكژكردنەوە و شوشتنی دەستەكان و هەواگۆڕكێ كردن لەشوێنە داخراوەكان..بــــه هیـــوای ســـەلامـــەتــــــی و تــــەنـــدروستــــــی بــــــاش ،،،،، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ب.گ.تەندروستی سلێمانی
مەلا بەختیار لەبارەی دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی حزبەكەوە هۆشداریی توند دەدات. مەلا بەختیار لە نووسینێكدا كە بە ناونیشانی (میدالیای خانەنشینی یان شەرمەزاری؟) لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”دوو رۆژە، پەیجێكی تایبەتی، باس لەوە دەكات گوایە سەرۆكی یەكێتی بەرنامەی هەیە لە پلینیۆمێكدا، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی خانەنشین بكات و میدالیای رێزلێنانیش بكاتە بەرۆكیان. بەندە هیچ دڵنیا نیم ئەم قسانە راست بن. بەڵام نەكا دووكەڵەكە بێ ئاگری هەندێك كەسانی دەوروبەری سەرۆكی یەكێتی نەبێ، بەتایبەتی دەبوایە هەواڵەكە بەدرۆ بخرێتەوە، تا ئێستا هەواڵەكە وەكوو خۆی پەخش دەكرێ و درۆ یان راستییەكەی، ساغ نەكراوەتەوە.“ مەلا بەختیار، چەند خاڵێك وەك روونكردنەوە ئاماژە پێدەدات و نووسیویەتی: ”لەناو یەكێتیدا، تەنها كۆنگرە بۆی هەیە بڕیار لە چارەنووسی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی بدات. ئەگەر كۆنگرەش بەسترا، یەكەمین ئەركی پێویستە ئەوە بێت چوارەمین كۆنگرە قانگ بدات و چەشنی لاپەڕەیەكی شەرمەزاری لە ئەرشیفی یەكێتییدا، بلۆكی بكات.“ جەختی لەوەش كردووەتەوە، پێش ئەوەی بیر لە ئەنجوومەنی باڵا بكرێتەوە، با بیر لە پاككردنەوەی گەندەڵی و پێشێلكاری لە پرەنسیپەكانی حزبایەتی و غەدركردن لە هەزاران كادیر و ئەندام و نووسەر و بێژەری ماندوو، بكرێتەوە. مەلا بەختیار نەیشاردووەتەوە كە لەنێو یەكێتیدا ”رۆژگار وای لێ هاتووە، پێوەری حزبایەتی و خەباتی مێژوویی و شكۆی سەنگەرەكانی سەرخستنی یەكێتی لە هاوكێشەكاندا، هەر هەمووی دەكرێتە قوربانیی رق و قۆرخكاریی دەسەڵات و سیاسەتی هەلپەرستی.“ هەروەك ئاشكرای كردووە: ”كێشەی سەرەكیی یەكێتی، چارەسەرنەكردنی نادادپەروەری و قووڵبوونی ناكۆكییەكانیەتی لەگەڵ پارتی و گەڵاڵەنەكردنی پرۆژەیەكی نوێی هاوپەیمانی لەم سەردەمەدا و لەم بارودۆخەدا و لەم قەیرانانەی كوردستان تێی كەوتووە. نەك ئەنجوومەنی باڵا كە ئەگەر بە گەلێ هۆكارەوە، هۆكارێكی خودی ئەنجوومەنەكەیە كە خراوەتە پەراوێزەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجوومەنەكە تەنها هۆكاری چارەسەر بووە، نەك ئەم دۆخەی یەكێتی و كوردستان تێی كەوتووە.“ لە كۆتاییشدا هەڕەشەی كردووە و رایگەیاندووە: ”هەر كەسێك زات بكات پێشنیازی خانەنشینی بۆ ئەنجوومەنی باڵا بكات، با ناوی خۆی ئاشكرا بكات (نەك بەناوی سەرۆكی یەكێتییەوە درۆ بكەن)، هەتا پێناسەكەی لە گیرفانی ئاوساویەوە بۆ باقی عەیب و عارەكانی بخەینە ڕوو!“
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سلێمانی رایگەیاند، لەم هەفتەیدا ئەگەری بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێم کەمە و تەنها نمەباران دەبارێت و لە هەفتەی داهاتوو شەپۆڵیکی بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزن.ئاسۆ کەمال بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی سلێمانی رایگەیاند، کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەک ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە و ئەگەری باران بارینی بەلێزمە هەیە. ئسۆ کەمال ئاماژەی بەوەشدا، شەپۆلی ئەمجارەی بارانبارین لە هەرێم لاواز دەبێت و تەنها پێشبینی بارینی نمەباران دەکرێت، بەڵام لە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بارانی بە لێزمە دەبارێت و ئەگەری دروسبوونی لافاو هەیە. باسی لەوەشکرد، لە هەفتەی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین روو لە هەرێم دەکات و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم باران دەبارێت و پلەکانی گەرما دادەبەزن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی دیسێمبەر(کانوونی یەکەم)، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی دوا سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە 2022/12/11 سەبارەت بە دۆسییەکانی ( بودجە ، نەوت و گاز، دەروازە سنوورییەکان، دیوانی چاودێری دارایی ) لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندەکە خرایەڕوو. سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە شاندەکە کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی وەزاری پەسەندکراو لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دووپات کردەوە. ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری حەفتەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ کرد بۆ خەرجکردنی بڕی چوارسەد ملیار دینار وەک شایستەی دارایی هەرێم. هەروەها وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد لە پەیوەندی بەردەوام بێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا بە زووترین کات ڕێکارەکانی ناردنی پارەکە تەواو بکرێت بۆ ئەوەی بخرێتەوە خزمەتی خەرجییە گشتیەکانی هەرێم. ئەنجومەنی وەزیران شاندی دانوستانکاریشی ڕاسپارد کە لە دوای پشووەکانی سەری ساڵ، کۆبوونەوەکانیيان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ چڕبکەنەوە بە ئاراستەی بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان هەتا پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند دەکرێت هەروەک لە کارنامەی وەزاریدا هاتووە. بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوان لە سەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەس وکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی کە لە لایەن عەبدوڵلا مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەت چەندین بڕیاری لە قازانجی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی دا و بڕیاریش درا کە هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چڕبکرێنەوە بۆ ئەوەی بە پێی دەستووری هەمیشەیی عێراق ، حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی قەرەبووی شایستەی کەس و کاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی بگرێتە ئەستۆ، کە قوربانی دەستیی ڕژێمەکانی پێشوون و ئەمەش لە دەستووردا وەک ماف و شایستەی هەرێم جێگیرکراوە. لە بڕگەی سێیەمدا، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە عەبدولرەحمان سدیق، پلانی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی پاراستن وچاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستانی لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریی کەش و هەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق خستەڕوو ، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پابەندیی نێو بەڵگەنامە پشکدارییە نیشتیمانییەکان کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی لە ئامادەکردنیدا هەبووە، بە تایبەتیش لە بوارەکانی کەمئاویی و بەبیابانبوون و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی و کەمیی ڕووبەری سەوزایی، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەدرا بە دەرفەتەکانی سوود وەرگرتن لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەزموونی ووڵاتان لە سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی ووزەی نوێبۆوە وخاوێن وکشتوکاڵی کردنی زیرەک و هەمەچەشنکردنی ئابووری وبایەخدان بە وەبەرهێنانی ژینگەیی ودامەزراندنی ناوچەی پارێزراوی سرشتی ( محمية طبيعية) و ڕیسایکلینی ئاوی قورس و پاشەڕۆکان. سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە دەستە و ئەنجومەنی پاراستن وچاککردنی ژینگە بۆ پڕۆژە وپلان و هەوڵەکانیان ئاماژەی دا بە مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لە سەر ژیانی هاووڵاتییان، و جەختی لە پێویستی گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە لایەن وەزارەتەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا لەوانە دروستکردنی بەنداو و پۆند، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی بە تایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و چەندین ڕێکاری دیکە . ئەنجومەنی وەزیران پێشنیار و ڕاسپاردەکانی دەستە و ئەنجومەنی پاراستن و چاککردنی ژینگەی پەسەند کرد، لە ناویشیاندا کاراکردنەوە و گرنگیدان بە ئەنجومەنی باڵای پاراستن وچاککردنی ژینگە لەهەرێمی کوردستان کە بە یاسای ژمارە 3ساڵی 2010 پێکهاتووە لە نوێنەری وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکان کە پێویستە وەزارەتەکان لە ڕێگەی ئەو ئەنجومەنە باڵایەوە هاوکاری دەستەی ژینگە بن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەستەکە لە پاراستن و چاککردنی ژینگە ، بەتایبەتیش بابەتی کاریگەرييە زیانبەخشەکانی گۆڕانیی کەشوهەوا کە ئێستا بووەتە خەمێکی جیهانیی و کاریگەریی سیاسیی و گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی و کۆمەڵایەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینکە ڕاسپێردرا گرنگیی زیاتر بە هاوئاهەنگیرکردن لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی فیدڕاڵ بدات
بەو دکتۆرە بڵێن، پارتی جاران گوزەشت، کە لەبەر خاتری ئەوەی نووسەرانی زۆنی ئەخزەر دەمیان داخەن، پارەیان بۆ ڕوو بکا و کەمۆیان بکا. ئیتر سەردەم سەردەمی کردارە.فارووق ڕەفیق و بەختیار عەلی دوو ئەزموونی شکستخواردووی ئەو حیزبەن. بەختیاری شێخ عەلی مووچەکەی لە باس نیوز بوو. فارووقیش خانەی حیکمەت. پارتی هیی سەرگرد و ژێرپردەکە نییە، دوو جار مار لە یەک شوێنەوە پێوەی بدا. پێی بڵێن، پارتی قیمەتی لەسەر دوژمنەکانی داناوە. هەیانە نرخەکەی بە سالبە. سیاسەتی شارچێتیکردن لە (نیو-شێروان)ەوە دارێژڕاوە. ڕۆشنفکرێکی سێکندهاندی بەناو تەنزنووس، ئەوە هەموو ئاستی بێ، گوناحە بە شاگردی حەمەی بۆیاغچی بەردەرکی سەراش دامەزرێ. شارێک کە پایتەختی ڕۆشنبیری بێت و ئەوە نموونەی ڕۆشنبیرەکەی بێت، دۆشاو بە عەقڵی ئەهلی سەقافەی سلێمانی. تەیراوەتان نادەینێ قوربان. مادام تەیرتان نییە، ئەی ئەو هەموو نەورەس و باڵندە بریندارانە چی دەکەن لەناو زاری نووسەرانتان؟بەم بۆنەیەوە، گردەمژەتان پیرۆز. هەولێر والی هەیە. جا خەریکی هەرچی بێت. ئێوە کوا گەورەیەکتان؟ وەستا خانەنشینەکەی پیزا، یان ئەوەی (ل) دەکا بە (ڵ) و ئەمری قەبزی لە هەولێر و سلێمانی هەبوو، بەڵام بە کەفالەتی سەرۆکی هەرێم ئازاد کرا؟ مەسئوولەکانتان بۆ بکڕین؟ مەگەر تۆ مەسئوول نیت؟ ناتکڕین قوربان. فرۆشراو وەرناگرینەوە. دەی دەتانکڕین، بەو مەرجە گەرەنتی ئەوەمان بدەنێ (عاتڵ و عەیبدار) نەبن. بەهجەت حەسەن
حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشووەکانی سەری ساڵی نوێی دیاری کرد. رۆژی یەکشەممە 25ی12ی2022 تا 1ی1ی2023 لە سەرجەم دامودەزگاکان هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە. ڕۆژی دووشەممە ٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، دەوامی فەرمی لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، دەستپێدەکاتەوە.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و ئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندنی حکومەت لە بەغدا دەخرێتەڕوو، هەروەها پلانی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی ژینگە لە بارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا تاووتوێ دەکات. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (21ی کانوونی یەکەمی 2022) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە. ئاماژە بەوەشدراوە، کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێک لە خۆ دەگرێت و تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی بودجە، نەوت و غاز، دەروازە سنورییەکان و دیوانی چاودێری دارایی. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دوو تەوەری دیکە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت کە بریتین لە، خستنەڕووی زانیاری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی و خستنەڕووی پلانی ساڵی 2023ی ئەنجوومەنی ژینگە لە بارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا. بەپێی زانیارییەکابن، سێ وەزیری یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا بەشداری دەکەن.
100دۆلار: 151,450 دینار 100 یۆرۆ: 161,294دینار 100 پاوەند:184,769دینار 100 لیرەی توركی: 8,162دینار 100 هەزار تمەن: 3,923دینار
ئەمڕۆ میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کردووە و لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە کۆبووەتەوە.بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش ئامانجی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ بینینی ماتیو مکفارلەین، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بووە.ماوەیەکە بەهۆی کوژرانی چەند کەسێکی ناو هێزەکانی دژەتیرۆری سلێمانی و چەند کەسێکی تر، ئەمریکا بە تەواوی نیگەران بووە لە یەکێتی و هاوکاریی و پەیوەندیەکان لەگەڵ پچڕاندووە.بافڵ تاڵەبانی داوای لە مەزڵوم عەبدی کردووە، لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نێوەندگیریان بکات و چاوپێکەوتنەکەیان بۆ ڕێک بخات.لەو کۆبوونەوەدا بافڵ تاڵەبانی داوای لە فەرماندەی هاوپەیمانان کردووە هاوکاری یەکێتی بکەنەوە و پەیوەندیەکانیان لەگەڵدا ئاسایی بکەنەوە.
چەند میدیایەکی یەکێتی بڵاویان کردەوە کە خانەنشینی سەرکەوتی کوبە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام باڵکێش زانیویەتی کە هەواڵە دوورە لە ڕاستی. بەپێی زانیاریەکانی باڵکێش، خانەنشینی سەرکەوتی کوبە، کە راوێژکاری سەرۆکی یەکێتییە بۆ کاروباری ئەمنی و پلەکەی لە حکومەت لیوایە، سبەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەمەنی دەبێتە 63 ساڵ.