Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13770 بابەت
هەواڵ
27-01-2023

لەبارەی دابەزینی نرخی دۆلارەوە زانیاری نوێ ئاشکرا کرا

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بانکی ناوەندی بە تەنها لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرپرس نییە، بەڵکو ئەوە بابەتی گفتوگۆی نیوان حکومەت و بانکی ناوەندییە. وتیشی، "دوو بۆ سێ مانگ بەسە تا تەنگەژەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دەرەنجامەکانی کەم بکەنەوە. سیناریۆی یەکەمیش بۆ چارەسەر ئەوەیە کە پارێزگاری لە نرخێکی پەسەندکراو و جێگیربکرێت کە نزیک بێت لە نرخی رەسمییەوە." ئاماژەی بەوەشکرد، داهاتی نەوتی عێراق دەچێتە سندوقێکی پارێزراوەوە کە کراوەیە بۆ بانکی ناوەندی، وتیشی یەدەگی نەختینەی بانکی ناوەندی زیاترە لە ١٠٠ ملیار دۆلار، ئەوەشلە مێژووی عێراقدا لە بەرزترین ئاستیدایە

هەواڵ
26-01-2023

برێت مەکگۆرک و مەسرور بارزانی بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کرد

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ ‌هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا‌ پێگه‌یشت ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەمە 1/26 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە برێت مەکگورک، هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا‌ ‌پێگەیشت.لە پەیوەندییەکەدا، برێت مەکگورک ، تیشکی خستە سەردانی ئەم دواییەی بۆ بەغدا و هەولێر و گفتوگۆکانی سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بودجە و پرسەکانی دیکە. هەروەها جەختی لە گرنگی یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردەوە. لە پەیوەندییەکەدا، هەروەها بڕیاری ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە ڕێگریکردن لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە بڕیار بوو لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستانەوە بنێردرێت تاوتوێ کرا. سەرۆکی حکومەت ، نیگەرانی خۆی لە دەرچوونی بڕیارەکە دەربڕی کە ئامانجی تێکدانی کەشی ئەرێنی و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە و مەبەستێکی سیاسی لە پشتە . هاوئاهەنگکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پێشکەوتنەکانی کەرتی وزە و باشترکردنی ژێرخانی ئابووری و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا دووپات کردەوە.هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی نەهێشتنی هەموو بەربەستەکانی بەردەم گەشەپێدانی کەرتی وزە و وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان.هەروەها هاوڕابوون لە سەر ئەوەی لە پەیوەندی بەردەوامدا بن .

هەواڵ
26-01-2023

سوودانی بۆچی لە فەرەنسایە؟

نووسینگەى رۆژنامەوانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەجێنداى سەردانەکەى محەممەد شیاع سوودانى بۆ فەرەنسا بڵاوکردەوە، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکى ئەو وڵاتە، سوودانی لەگەڵ نوێنەرى کۆمپانیاکانى فەرەنسا کۆدەبێتەوە و چەند رێککەوتن و یاداشتێکى لێکتێگەیشتنیش لە بوارى وەبەرهێنان، وزە و گەڕاندنەوەى پارە براوەکانى عێراق واژۆ دەکەن.  رۆژی پێنجشەممە، 26ـى کانوونى دووەمى 2023، نووسینگەى رۆژنامەوانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە سەردانەکەى محەممەد شیاع سوودانى بۆ فەرەنسا یەک رۆژ دەخایێنێت و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى ئەو وڵاتە و نوێنەرى بەشێک لە کۆمپانیاکان و کەرتى کارى فەرەنسا کۆدەبێتەوە.  بەگوێرەى راگەیەنراوەکە، بەشێکی دیکە لە ئەجێنداى سەردانەکەی سوودانی، پەرەپێدانى هاریکاریى نێوان هەردوو وڵاتە بۆ رەخساندنى دەرفەتى وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕى نێوانیان و پەرەپێدان بە ژێرخانى ئابووریى عێراق. نووسینگەى رۆژنامەوانیى محەممەد شیاع سوودانى ئاماژەى بەوەشداوە، لەو سەردانەیدا؛ سەرۆکوەزیران رێککەوتنى هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ فەرەنسا واژۆ دەکات کە چەندین دۆسیەى هاریکاریى هاوبەشی نێوانیان لەخۆدەگرێت لە بوارەکانى ئابوورى، وەبەرهێنان، ئاسایش، بنبڕکردنى تیرۆر، ئاڵوگۆڕى کولتوورى و بەدیهێنانى ئاشتى لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست، ئەوە جگە لە هاریکارى لە بوارەکانى دیکەى بەڕێوەبردنى قەیرانەکان و بنبڕکردنى تاوانى ئابوورى و رێکخراو و پاراستنى ژینگە و چەسپاندنى مافى مرۆڤ و کەرتى خوێندن. یەکێکى دیکە لە ئەجێنداى سەردانەکە واژۆکردنى یاداشتێکى لێکتێگەیشتنە لە نێوان عێراق و فەرەنسا لە بوارى بنبڕکردنى گەندەڵی و گەڕاندنەوەى پارە براوەکانى عێراق و رادەستکردنەوەى داواکراوان بەگوێرەى یاساى عێراقى، ئەوە جگە لە واژۆکردنى چەند یاداشتێکى دیکەى لێکتێگەیشتن لە بوارەکانى وەبەرهێنان لە کەرتى وزە، نەوت، وزەى خاوێن و وەبەرهێنان لە بوارى گازى هاوەڵ. نووسینگەى رۆژنامەوانیى محەممەد شیاع سوودانى دەشڵێت، لەو سەردانەدا "پرسی پاراستنى ئاسەوارەکان تاوتوێدەکرێن و بەڵگەنامەی عێراقیى فەرەنسی واژۆ دەکرێت لەبوارى شوێنەوار و چاککردنەوەیان". 26ى کانوونى دووەمى 2023؛ محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانەکەى بۆ فەرەنسا دەستپێکرد، لەدواى دەستبەکاربوونى لە 27ى تشرینى یەکەمى 2022، ئەوە پێنجەم سەردانی سوودانییە بۆ دەرەوە لەدواى سەردانکردنى هەریەک لە وڵاتانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران، ئەڵمانیا، ئوردن و سعودییە. رووداو

هەواڵ
26-01-2023

نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزە و نرخەکەی بەرزترین نرخیەتی لە مانگی چواری ساڵی ٢٠٢٢وە و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەبازاڕەکانی هەرێم وای کردووە، کانزاکە نرخەکەی زیاتر بەرزببێتەوە. نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمدا بەم جۆرەیە: یەک مسقاڵ زێڕی عەیار ٢٤ بە ٥٠٧ هەزار دینارە یەک مسقاڵ زێڕی عەیار ٢٢ بە ٤٦٥ هەزار دینارە یەک مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١ بە ٤٤٣ هەزار دینارە یەک مسقاڵ زێڕی عەیار ١٨ بە ٣٨٢ هەزار دینارە

هەواڵ
26-01-2023

ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ی کانوونی دووەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.  کاژێر 16:14 خولەکی ئەمڕۆ، لە هەژماری فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاوکرایەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە فەرمی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.  کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی لە کۆشکی بێشتەپە-ی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە کرا. 

هەواڵ
26-01-2023

<strong>مەسرور بارزانی پێشوازى له‌ كونسولى نوێى به‌ريتانيا دەکات</stro...

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 1/26 مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ڕۆزى كه‌يڤ كونسوڵى گشتيى نوێى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.  سه‌رۆكی حکومەت پيرۆزبايى ده‌ستبه‌كاربوونی لێکرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و هەموو پشتگيرييه‌كى حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کونسوڵی نوێ دەربڕی لە پێناو برەودانی زیاتر بە پەیوەندیی بەهێزی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان.  كونسوڵى گشتيى نوێى به‌ريتانيا،  سوپاسی هاریکاری و هاوئاهەنگیی  دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ کونسولخانەی وڵاتەکەی کرد و خواستی پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندیی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە .  تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە پرۆسەی هەڵبژاردن لە کاتێکی گونجاوی ئەم ساڵەدا ئەنجام بدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئامادەکاریی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات و پێداویستییەکانی دابین دەکات.

هەواڵ
26-01-2023

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە

ده‌قی ڕوونکردنەوەکە: چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکى ناڕەوا کراوەتە سەر دامەزراوەى باج بە تایبەت بەڕێز بەڕێوەبەرى گشتى باجەکان و خانووبەرەى میرى لە زۆر پەیج و ڕاگەیاندنەکان، بۆیە لێرەدا بەپێویستى دەزانین ڕووى ڕاستى ئەو ڕووداوە بۆ خەڵکى بەشەرەفى کوردستان بخەینەڕوو. دامەزراوەى باج بە پێی بنەما یاساییەکان مافى ئەوەى هەیە لەهەر کاتێک و شوێنێک بەدواى سەرچاوەى داهاتى ڕاستەقینەى باجدەردا بگەرێت بۆیە لێژنەکانى بە شەو و ڕۆژ ماندوونەناسانە کار بۆ هاتنەدى ئەو ئامانجە دەکەن ، ڕاستى ڕووداوەکە لە ڕێکەوتى 2022/12/7 ئەو فەرمانبەرانە کە یەکێکیان ئافرەتە لە کاتى سەردانى کردنى سەنتەرى جوانکارى (د.ناز) لە لایەن پارێزەر (شیراز شهاب) ڕێگریان لێکراوە و پاش لێدان و ئەشکەنجەدانیان دەستبەسەریان کردوون. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو پارێزەرە هیچ پەیوەندى بەم سەنتەرەوە نەبووە ، بۆیە سەرلەبەرى ئەو تۆمەت و بوختانانە ڕەت دەکەینەوە کە لەلایەن ئەو کەسەوە بۆ وەزارتمان هەڵبەستراوە، وە ئەگەر ئەو کەسەى خۆى ناساندووە پارێزەر بێت پێویست بوو چاوەرێی دەرئەنجامى بڕیارى دادگا بکات نەوەک پەنا بباتەبەر سۆشیال میدیا و لەو ڕێگەیەوە بە ئامانج دامەزراوەکانى دەوڵەت و کاراکتەرە ئەکتیڤەکانى ئەو دامەزراوانە بکاتە ئامانج و تۆمەت و تەشهیر و ناوزڕاندنیان بۆ بهۆنێتەوە کە ئەمە دوورە لە پیشە و نەریتى پارێزەرایەتى، بۆیە ئێمە لە وەزارەتى دارایى و ئابوورى هەموو ڕێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ گەڕاندنەوەی مافى ئەو فەرمانبەرانە و دەرخستنى ڕاستیەکان بۆ ڕاى گشتى.

هەواڵ
26-01-2023

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی تازەی بریتانیا لە ھەولێر دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2023، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە خاتوو رۆزی کایف، کونسوڵی تازەی بریتانیا لە ھەولێر و شاندێکی یاوەری کرد. لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی کونسوڵی تازەی بریتانیا کرد و ھیوای سەرکەوتنی لە کارەکانی بۆ خواست و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و بریتانیا ئەو پەیوەندییانەی بە گرنگ وەسف کرد. هەروەها سەرۆک بارزانی سوپاسی بریتانیای کرد کە لە شەڕی داعشدا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ھاوکار و پشتیوانی ھێزی پێشمەرگە بووە. ھەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و پەیوەست بە ھەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە بەرژەوەندیی کوردستان و بابەتی شەرعییەت لەسەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکی حزبییە و پێویستە ئەمساڵ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم بەڕێوەبچن. ھەنگاوەکانی چاکسازی لەناو ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێویستی بەردەوامیی ھەماھەنگیی نێوان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەی تیرۆر تەوەری تری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

هەواڵ
26-01-2023

مەسرور بارزانی پێشوازی لە تۆبیاس لیندنەر دەکات

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، پێشوازیمان له‌ بەڕێز تۆبياس ليندنه‌ر وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا و شاندێكى ياوه‌رى كرد. وه‌زيرى ده‌وڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانيا، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو، ئاماژەی بە پەیوەندیی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرد و خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بارزگانی. هەروەها باسی لەوەش کرد کە بڕیارە شاندێکی باڵای وەبەرهێنەر و خاوەنکار و بازرگانانی ئەڵمانی لە ماوەی داهاتوودا، سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بە مەبەستی برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە. سوپاسی ئەڵمانیامان کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆر و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش ، پێزانینی هەرێمی کوردستانيشمان بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا دەربڕی بۆ بەجێنۆساید ناساندنى كۆمه‌ڵكوژيى ئێزدييان.هەروەها سوپاسی ئەڵمانیامان کرد بۆ پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بەتایبەتی لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەمان، تایبەت بوو بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال. لەمبارەیەوە، خواستی هەرێمی کوردستانمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور دووپات کردەوە و ئاماژەمان بەوە دا ، کە دوا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ بۆ ڕێگەگرتن لە ناردنی بەشێک لە شایستە داراییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، هەوڵێکی دیکەی ناڕەوای ئەم دادگایەیە، بۆ تێکدانی ئەو دەرفەتە نوێیەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەو کەشە ئەرێنیەیە کە لە دوا سەردانی شاندی باڵای حکومەت بۆ بەغدا دروست بوو . بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و کارنامەی کابینەی نوێی عێراقيش ، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا لە دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی عێراق، هەردوو پڕۆژە دادگای باڵای فیدراڵ و ئەنجومەنی ئیتیحادی دەربچن . چونکە هەنگاو و ڕەفتارەکانی ئێستای دادگای فیدراڵ، بە داخەوە کێشە دروستکردنە لە بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن و چارەسەركردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان ، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق بەڕێز مارتن ییگەر ئامادەی بوو.

هەواڵ
26-01-2023

“بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى کاریگەرى لەسەر مووچە نابێت”

وتەبێژى حکومەت: بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى کاریگەرى لەسەر پێدانى مووچەى مووچەخۆران نابێت دوێنێ چوارشەممە، دادگەی فیدڕاڵی عێراق، بڕیارى ناردنى شایستە داراییەکانى خەڵکى هەرێمى کوردستانی هەڵوەشاندەوە، کە پێشتر لە لایەن حکومەتى فیدراڵییەوە بڕیاری ناردنی درابوو.لە دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتى هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڕیارەكەی بە نادەستوورى و نایاسایی هەژمار کرد و لەگەڵ ڕەتکردنەوەى بڕیارەکە، ڕەخنەى جددی لەو دادگایە گرت کە "دادگایەکی نادەستوورییە و ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدراڵی بڕیار بدات و ئەم بڕیارەشى نەک تەنیا دژی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دژی حکومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتیشە".دکتۆر جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لەوە کرد:"ئەم بڕیارە نایاساییە لە کاتێکدایە کە هەردوو حكومەتى ناوەندى و هەرێم، لە كەشێكی ئەرێنیدا كۆمەڵێك لێكتێگەیشتنیان بۆ درووست ببوو بۆ چارەسەرى چەندین پرسى هەڵپەسێردراوى نێوانیان"، کەچى بڕیارێکى نادەستوورى لە داگایەکى نادەستوورییەوە کاریگەرى لەسەر ئەم پرس و لێکتێگەیشتنانە دەبێت.وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لەوە کرد، ئەوان سەرەڕای وەڵامدانەوەى ئەو بڕیارە"وەک چۆن لە ڕێککەوتنەکانیشماندا هاتووە، داوامان كردووە یاسایەكی نوێ بۆ ئەم دادگەیە دابڕێژرێت، چونكە بەبێ یاسا كاری خۆی دەكات" و ئەوەشى نەشاردەوە ئەوان وەك حكومەتی هەرێم بەردەوام دەبن لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق و دەشبێت هەردوولایان پابەند بن لە ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانیان.لەسەر کاریگەریى ئەم بڕیارەى دادگاى فیدراڵى بەرامبەر بە بودجە و مووچەى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان، دکتۆر جوتیارعادل، دڵنیایی دایە خەڵکى کوردستان ،کە ئەوان لەگەڵ ئەوەى زیاتر لە ١٤ مانگ تەنیا دوو جار ٢٠٠ ملیار دینارەكەی ناوەندیان بە دەست گەیشتووە، کەچى بەردەوام مووچەیان دابەش كردووە، هەروەها دڵنیایی دا کە "ئێستاش حکومەت هەموو توانای خۆى دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەى لە ڕووی داراییەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بکات". فەرمانگەی میدیا و زانیاری٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣

هەواڵ
26-01-2023

سێ ئەمیری داعش لە چەمچەماڵ و بازیان دەستگیرکران

ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی رایگەیاند، حەوت تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە داواکراو بوون، دواتر دەرکەوتووە "سیانیان لەنێو رێکخراوی داعش پلەی ئەمیریان هەبووە." بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-01-2023 رایگەیاند، شەوی 23/24-01-2023 دوای بڕیاری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، بە هاوکاریی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی لە چەند هەڵمەتێکدا "حەوت داواکراوی لە یاسا هەڵهاتوو بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر دەستگیرکران." ئەو حەوت داواکراوە، بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرجەمیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە داواکراو بوون و بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر دەستگیرکراون، کە "سەرجەمیان خەڵکی  پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواری عێراقن و بە مەبەستی خۆحەشاردان بەناوی کارکردنەوە هاتبوونە سنووری چەمچەماڵ و بازیان." ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت سێ لە دەستگیرکراوەکان "پلەی ئەمیریان هەبووە لەناو داعشدا و سەرجەمیشیان راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری کران." دەستگیرکراوان پێکهاتوون لە: (ھ. م. ح)، (أ. م. ح)، (ج. م. ح)، (ق. س. م)، (م. ٳ. ی)، (ب. ٲ. ٲ) و (ع. ع. ٲ)

هەواڵ
25-01-2023

راگەیاندراوێک لە حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە

ڕاگەیاندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی بڕیارەکەی دادگای ئیتیحاددی بە داخەوە ئەمڕۆ دادگای ئیتیحاددی، جارێکی دیکەش، دژایەتی خۆی بۆ مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەم دادگایە، جەختکردنەوەیە لە درێژەدان بە سیاسەتی ناڕەوا و دژایەتیکردنی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە کەشێکی ئەرێنی و لەیەکنزیکبوونەوە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دروست ببوو بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور، کەچی بەداخەوە ئەمڕۆ دادگاکە، لە جیاتی پاڵپشتی ئەو كەشە ئەرێنییەی کە دروست بووە، لە بڕیارێكی ناڕەوا و دژ بە خەڵکی کوردستان، ڕێگری لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە کرد کە بڕیار بوو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار شاندی ناردووەتە بەغدا و لە دوا سەردانیشدا، لە بەغدا گفتوگۆی زۆر بەرهەمدار کرا و هەردوولا نیازپاکی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو کارنامەیەی کە لایەنەکان لەسەری ڕێککەتوون دووپاتکردەوە. هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدرالی دەستوورییە و ئەم بڕیارانە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای دەستووری عێراقە. هەروەها دژی رێککەوتننی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دژی کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشە کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە و تێیدا لە بڕگەیەکدا بە ڕوونی باس لە خۆدوورگرتن لە هەر ڕێکاڕێک دەکات کە کێشەکان ئاڵۆزتر بکات ( تجنب اية اجراءات تصعيدية). بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەی دادگای ئیتیحاددی، بە بڕیارێک نەک تەنیا دژی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دژی حکومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت دەزانین و پێویستە هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرایان بەرامبەر بڕیار و ڕەفتارە ناڕەواکانی دادگای ئیتیحاددی هەبێت. هەروەک لە کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشدا هاتووە کە هەموو لایەنە بەشداربووەکان لە سەری ڕێککەوتوون، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا، پڕۆژە یاسای دادگای ئیتیحاددی دەربچێت، چونکە لە سایەی ئەم دادگایەی ئێستا، کە بە پێی دەستوور دروست نەکراوە ، هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە و نابێت. هەرێمی کوردستان ڕێز لە دەستوور و یاسا و دادگا شەرعییەکان دەگرێت، بەلام ئەم دادگایە بە شێوەیەکی دەستووری پێکنەهاتووە و ڕێک نەخراوە و ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدرالی بڕیار بدات ، بۆیە بڕیارەکانی ڕەت دەکەینەوە و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، نەچێتە ژێرباری ئەم بڕیارە و پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داویەتی. حکومەتی هەرێمی كوردستان2023/1/25

1 2 ... 433 434 435 ... 1147 1148